{ژنێك له نامه‌یه‌كیدا بۆ ڕه‌قیب وا ئه‌نوسێ } {نامه‌ی یه‌كه‌م}
شه‌وێكی خۆم
له‌نێوان به‌هه‌شت و جه‌هه‌نده‌می تۆ دا هه‌ڵه‌خه‌م
ئه‌ی ڕه‌قیب،
چركه‌یه‌كی خۆم ئه‌به‌خشم به‌منه‌تی تۆ به‌سه‌ر ژنێتیمدا.
ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌رماوه قه‌ومی ئه‌م ڕاڕاییه،
هه‌رماوه و سه‌ره‌تایه‌تی ئه‌م نیگه‌رانییه ،
ئه‌ی ڕه‌قیب
ئیدی نه به بیره‌وه‌ری تۆ و
نه به بیره‌وه‌ری منا
گوێزی ئه‌م نائومێدییه
له دانی هیچ پیره خوایه‌كدا ناشكێ ..
وتم،
بوه‌سته تاعومرێك له‌گه‌لَ ته‌نهایی تۆ و،
تا عومرێك له‌گه‌لَ ته‌نهایی خۆمدا دێمه‌وه.
ئه‌ی ڕه‌قیب،
ئه‌وه كاسه‌ی تۆ و ئه‌وه خوێنی من.
ئه‌وه گه‌ردنی من و ئه‌وه سێداره‌ی تۆ,
ئه‌وه ژه‌هری تۆ و ئه‌وه گه‌رووی من،
ئه‌وه مه‌مكی من و ئه‌وه په‌نجه‌ی تۆ ..
ئه‌ی ڕه‌قیب ،
په‌له‌تر دامهێڵه
ئاخر حه‌وسه‌ڵه‌ی من له ئۆی هه‌موو مردنه‌كانی تۆ دێت ،
په‌له‌تر دابه‌شم كه له نێوان
خۆم و، خۆت و، جه‌هه‌نده‌مدا،
چه‌نده عاجزم شه‌وێك خه‌به‌رم ئه‌بێته‌وه و
قامچیه‌كه‌ی تۆ خه‌وتووه ؟
سپێده‌یه‌ك نازنازێكی چاو ئاوساو له‌ژێر لێوه‌وه پێم ئه‌ڵێ
{به‌یانیت باش }
ئه‌ی ڕه‌قیب بازیبه‌نده‌كه‌م فڕێ ئه‌ده‌مه ده‌ریاوه و
وه‌ك كزۆڵه‌ترین نێچیر چه‌كم كه..
ئه‌ی ڕه‌قیب وه‌ك پیرترین سۆزانی له‌به‌رده‌م باكاندا
ڕووت ئه‌بمه‌وه و ته‌عه‌دام لێ كه.
مه‌یه‌ڵه ڕووناكی له تاریكیمدا پێبگرێ ،
ڕێگه‌مه‌ده پرچم ئه‌ستێره‌ی لێ بچۆڕێ و ،
نه‌عنا له په‌نجه‌كانما بڕوێ ،
خه‌نجه‌ره‌كه‌ت له ئاو ڕاست كه‌ره‌وه و
مه‌یه‌ڵه بمگرێته خۆی ،
هه‌ڕه‌شه له‌باخچه‌یه‌كی تاكتیك باز بكه
كه به‌نیازه شه‌وێك داڵده‌م بات ..
ته‌قه له نه‌وڕه‌س بكه و
مه‌یه‌ڵه له حه‌سوودیم بفڕێ ..
له‌جیاتی گولَ نێووله‌پم پڕكه له بارووت ،
له‌بری ده‌م كردنه‌وه بۆ باران
ڕامبێنه ده‌م بۆ برینێكت بكه‌مه‌وه ،
ئه‌ی ڕه‌قیب ...ئه‌ی ڕه‌قیب ،
وه‌ك خه‌واڵوه ئاواییه‌ك له‌شكره‌كه‌ت
به‌سه‌رما به‌و داگیرم كه ،
بێستا نه‌كانم به‌ره‌بۆخۆت ،
كانیله‌كانم به‌ره بۆخۆت ،
دۆژه‌نگه‌كانم به‌ره بۆ خۆت ،
ئه‌رخووده‌كانم بشكێنه‌و مه‌لۆتكه‌كانم ئه‌نفال كه .
زرێ فه‌ره‌نگیه‌كه‌ت له‌به‌ركه‌و كلاَوخووده‌كت له‌سه‌رت دانێ
ئه‌ی ڕه‌قیب نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگی له‌و پیاوه ئه‌سمه‌ره لێبه
كه‌به‌دزییه‌وه له‌نامه‌یه‌كا بۆی نوسیووم
{خۆشم ئه‌وێێی } .
ئه‌ی ڕه‌قیب ،
بڕوا بكه ناتوانم له‌بیری خۆمی به‌رمه‌وه ئه‌م نیگه‌رانییه،
له فه‌سڵێكدا شه‌و وه‌ك پیرترین چه‌ته تێم ئه‌خوڕێ و
تۆ دیار نیت ،
له‌به‌یانیه‌كدا ژیان له‌سه‌ر په‌نجه‌كانم
ئاگر ئه‌كاته‌وه و تۆ ونیت ،،
پێم بڵێ ئه‌ی ڕه‌قیب پێم بڵێ كه دێمه‌وه،
تا جورئه‌تی مردنێكی قووڵتر له‌خۆمدا نه‌كوژم ،
تا له‌بیری نه‌به‌مه‌وه ئێواره‌یه‌كی تر چاوه‌ڕێت بم .
ئه‌ی ڕه‌قیب ،
تۆ ته‌نها ئه‌غیاری من ،
من ته‌نیا ڕه‌قیبی تۆ ......
{ نامه‌ی دووهه‌م }
{ژنێكی بوغرا به‌ڕۆحی په‌تی ئاو }
{ له‌نامه‌یه‌كی تردا بۆ ڕه‌قیب وا ئه‌نوسێ }
تاجه‌كه‌و دانێ ئه‌ی ڕه‌قیب ،
بزانه كاممانین له ته‌نهایدا سوڵتان ،
من ژنێكم له ڕۆحی په‌تی ئاو
ئه‌ستێره‌یه‌كم له چاوی دوورترین دره‌وشانه‌وه‌دا .
ئه‌ی ڕه‌قیب، ژنێك
ململانێی له ئاودا هه‌یه نه‌ك له زه‌مه‌ن ،
ژنێك ململانێی له تاپۆكردنی دڵی خوادا هه‌یه
نه‌ك دڵی تۆ ،
من ژنێكم بێ مه‌قسه‌د له ڕه‌نگی با ،
بێ مه‌قسه‌د له توڕه‌یی ئاو ،
ده‌هشه‌تم له گولاَ په‌ل ئه‌كووتێ و
ڕوانینم له گروگاڵی باخچه‌دا پیاسه ئه‌كا و،
دره‌نگتر له دانیشتنم به دیار كرانه‌وه‌ی
نازنازێكه‌وه ئه‌گه‌ڕێمه‌وه .
به دزی تۆوه ژیان ئه‌هێنمه نێو ژانتاكه‌مه‌وه ،
ئه‌وه‌لیتی مانگ له قوڵایمدا هه‌ڵدێ ،
ئاو به به‌رائه‌تم له‌ش پیسی ده‌ر ئه‌كات.
بێ مه‌قسه‌د له مردنێك له‌خه‌نجه‌ره‌كه‌ی تۆوه بتكێ ،
ئاخر من غوسڵ دراوم
به‌خوێن و تابووت و مردن ،
ئه‌ی ڕه‌قیب
من ژنێكم جێگه پێم به‌سه‌ر ڕۆحی
ئه‌م تاریكیه‌وه به‌جێ ماوه نه‌ك جاده ،
مفه‌ڕكم دواهه‌مین ده‌سنووسی مینایه‌كه
له په‌نجه‌ی ڕه‌شه‌بایه‌كی شه‌هوانی دا ،
ئه‌و وه‌خته‌ی نایپه‌رژێ به باخچه بڵێ
خوا حافیز ،
به‌دزییه‌وه بۆم ئه‌نووسێت ،
ژنه‌كه ئه‌زانیت سبه‌ی فه‌سڵ كه گه‌ڕامه‌وه
وه‌ك خۆم نابم ..
من بوغرام كه‌ناری تا پیربوونی خۆی
له وتنه‌وه‌ی ئیحایه‌كما خۆی ئه‌كوژێت ،
په‌پووله به چپه‌وه پێم ئه‌ڵێ:
كوێربم ئه‌گه‌ر جیاوازی بكه‌م له نێوان
تۆ و شه‌ستپه‌ڕێكا ،
من بووغرام به گومانێك حه‌قیقه‌تمی تیا ماندووه ؟
من بوغرام به فڕینێك له حه‌سوودی نه‌وڕه‌س دا
پاڵ كه‌وتووه ،
من بوغرام مردن ته‌پ به سه‌ر ته‌نهایم دا
ئه‌كه‌وێ و داناچڵه‌كێ ،
من بوغرام ئه‌ی ڕه‌قیب من بوغرا ،
مه‌له‌ی من له فه‌زادایه نه‌ك ده‌ریا ،
ده‌ریای من قولاَیی خۆمه
نه‌ك ڕۆحی ئاو ......
{پۆستكه‌ی ڕه‌قیب دوونامه‌ی تێدایه
ڕه‌قیب له‌وه‌لاَمی هه‌ردوونامه‌كه‌دا وا ئه‌نوسێ]
ئه‌ی ئه‌وه‌ی لێوه‌كانت تاقانه‌ترین ئارشیفی
ماچه گه‌رمه‌كانی منه كه ڕه‌قیبتم .
بۆنی من تاقانه‌ترین نووری تونێله تاریكه‌كانی
بیره‌وه‌ریته كه ئه‌غیارمیت ،
تۆ ژنه‌كه
ئه‌ی ئه‌وه‌ی باوه‌شت پڕه له‌من و،
پڕه له هیتله‌ر و،
پڕه له ئاراگۆن و،
پڕه له ئه‌تاتورك و،
پڕه له مه‌ولانا و،
پڕ له له ڤان كوخ،
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی
له ژووری سیاسیه‌كاندا ڕووت ئه‌بیته‌وه ،
له ژووری شاعیره‌كاندا ڕووت ئه‌بیته‌وه،
له‌ژووری ئیمپراتۆره‌كاندا ڕووت ئه‌بیته‌وه ،
له‌تیاترۆخانه‌كاندا ڕووت ئه‌بیته‌وه،
له‌ژووری جه‌لاده‌كاندا ڕووت ئه‌بیته‌وه ،
تۆ بوغرای به‌درێژترین پیاسه‌ی من
له سه‌وزایه‌كانی سه‌ر سنگتدا و،
به‌قووڵترین مه‌له‌ی خۆت له
شه‌وه جه‌هه‌نده‌میه‌كانی مندا ،
تۆ بوغرای به كردنه‌وه‌ی نهێنیترین ده‌رگا
له ڕاوی خۆت ؟
تۆ بوغرای به‌یانی به‌ر له‌وه‌ی خه‌به‌ری بێته‌وه ده‌گه‌مه لات ،،
وه‌ك مه‌لۆتكێك چۆن ده‌م ئه‌نێ به‌نووری مه‌مكێكه‌وه
ده‌م له‌گۆی ئه‌م خوێنه به‌رناده‌م وده‌گه‌مه لات..
به‌ر له‌وه‌ی شه‌و له سێبه‌رتا ڕاكشێ
ته‌نهایی له ئێواره‌تدا خۆی بته‌كێنێ
ده‌گه‌مه لات ..
من ده‌گه‌م و ماتڵم به شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه شه‌رمه‌زار،
شه‌رمه‌زارم له هه‌زار ئاوێنه‌وه دێمه‌وه و
له‌هه‌زار به‌رگه‌وه ئه‌ڕۆم و
له‌هه‌زار ته‌لیسما خۆم ئه‌شارمه‌وه
ئه‌مناسیته‌وه ؟
وااااای ژنه‌كه شه‌رمه‌زارتم،
شانت داوه‌ته به‌ر عه‌رشی خوایه‌تیم نایه‌ڵیت
شكۆم بله‌رزێت ،
له ڕۆحی قووڵترین بێده‌نگیتدا تاجی شاهانه‌مت
وه‌ك چه‌پكه نێرگزێك گرتووه و نایه‌ڵیت بكه‌وێت ...
شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه له‌شكری شه‌هوه‌تت نایه‌ڵێت
ئالاَی پیاوه‌تیم بنه‌وێت
قه‌رزاری بێباكیته عه‌زه‌متم .
وااای ژنه‌كه میوه‌ی نه‌گه‌ییو و حیكمه‌تی كاڵت
نایه‌ڵێت پیربوونم بنووسمه‌وه ..
ژنه‌كه بێداڵده‌یی خۆت نایه‌ڵێت مردن
وه‌ك قامچیه‌كه‌ی نێو ده‌ستم داڵده‌م بات ..
شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه
له دره‌نگ هاتنم شه‌رمه‌زار ،
ئه‌و وه‌خته‌ی گوڵه‌باخ به‌مه‌مكی خۆی
سه‌نگه‌رم لێ ئه‌گرێ و پێم ئه‌ڵێت:
ئه‌ی ڕه‌قیب
گه‌ر نه‌مكوژیت ڕه‌ونه‌قی شكۆفه‌م له
ڕه‌ونه‌قی دڕكه‌زێیه‌ك زیاتر نابێت ،
بمكوژه ئه‌ی ڕه‌قیب ،
من ئه‌مرم ئه‌و وه‌خته‌ی عاشقێ له‌نێو قه‌دی ده‌فته‌ره‌كه‌یدا هه‌ڵم ئه‌گرێ ،
من ئه‌مرم ئه‌وه‌خته‌ی قوتابیه‌كی سه‌لار
له‌به‌یانیكا كه ژیان به‌ده‌م خۆیه‌وه پێ ئه‌كه‌نێ
به دیاری بۆ مامۆستاكه‌یم ئه‌بات ،
من ئه‌مرم له‌ژێر زرمه‌ی پۆستاڵێكدا من ئه‌مرم ،
من ئه‌مرم له نامه‌ی عاشقێكا من ئه‌مرم ،
من ئه‌مرم له كه‌پووی ژنه فاڵچییه‌كا من ئه‌مرم ،
من ئه‌مرم له‌په‌نجه‌ی مناڵێكا من ئه‌مرم ،
من ئه‌مرم له‌ژوورسه‌ری ده‌رده‌دارێكا كه‌ئه‌وه‌نده‌ی
ده‌نكه گه‌ردیله‌یه‌ك ژیان به دڵیه‌وه نه‌ماوه من ئه‌مرم .
من ئه‌مرم له به‌رچنه‌ی دارینی ژنه گولَ فرۆشێكا
كه به ڕه‌نگی من شه‌ڕ له‌گه‌لَ جوانی به‌یاندا ئه‌كات
من ئه‌مرم .
ئه‌ی ڕه‌قیب بمكوژه و مه‌یه‌ڵه له‌وه زیاتر په‌پووله
به‌ناوی عه‌شقه‌وه ته‌عه‌دام لێكات ،
شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه
ئه‌و وه‌خته‌ی گوڵه‌باخ به‌مه‌مكی خۆی
سه‌نگه‌رم لێ ئه‌گرێێ پێم ئه‌ڵێ:
چه‌ند به یه‌كتر ئه‌چێت ئه‌ی ڕه‌قیب
دواشه‌وی من و ئه‌و ژنه ،
ته‌ماشا به‌چه‌پك واین له‌ژووری سیاسیه‌كاندا ،
به‌چه‌پك واین له‌باخه‌ڵی شاهه‌نشاكاندا ،
به‌چه‌پك واین له‌سه‌ر ته‌ختی سوڵتانه‌كاندا ،
به‌چه‌پك واین له‌سه‌رمێزی موعتاده‌كاندا و،
به‌چه‌پك واین له‌نێو مه‌حفه‌زه‌ی ڕۆشنبیره‌كاندا و،
به‌چه‌پك واین له‌نۆته‌ی مۆسیقاره‌كاندا و،
به‌چه‌پك واین له‌فڵچه‌ی شێوه‌كاره‌كاندا..
شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه
به‌هێنده‌ی بێده‌نگترین منه‌تت
به‌سه‌ر شكاوترین شه‌ره‌فمدا .
شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه ئه‌وده‌مه‌ی كه‌ناری به‌غه‌مگینترین
ئیحا با‌نگم ئه‌كات:
ئه‌ی ڕه‌قیب ،
من ڕقم له‌م ئازادییه بۆگه‌نه‌یه؟
بمكوژه و با ژیان له‌نه‌خشی خوێنی من
ئه‌و خوێنه له‌یاد نه‌كات كه له‌سه‌ر ته‌وێڵی وه‌ك دووڕی
قه‌راڵه‌كان ئه‌دره‌وشێته‌وه ،
من ماندووم ئه‌ی ڕه‌قیب به‌پیرترین خه‌یاڵی
ئه‌م وه‌حشه‌ته و،
به‌درێژترین داڵغه‌ی ئه‌م بێداڵده‌ییه،
ئه‌ی ره‌قیب من ماندووم مه‌یه‌ڵه ئه‌م ئازادییه له‌ئازارما پێبگرێت مه‌یه‌له ئه‌م رووناكیه له‌گروگاڵما بپشكوێت
ئه‌ی ره‌قیب حه‌سره‌تی من مردنه له‌چاوه‌رِوانی
دوا ئێواره‌یه‌كی تۆدا
وه‌ختێك به‌خه‌نجه‌ره‌وه له ماڵی ئه‌و ژنه‌وه دێیته‌وه،
وه‌ختێك به‌خه‌نجه‌ره‌وه له‌ماڵی ئه‌و گوڵه‌وه دێیته‌وه،
وه‌ختێك به خه‌نجه‌ره‌وه له‌ته‌نهایی خۆته‌وه دێیته‌وه،
شه‌رمه‌زارتم ژنه‌كه له ماتلَ بوونت شه‌رمه‌زار
قه‌رزاری بێده‌نگیته عه‌زه‌مه‌تم و
تاكۆتا قه‌رزاری بێ خۆیته گه‌وره‌یم .....
{به‌شێكی تره له دوائایه‌ته‌كانی ژنه پێغه‌مبه‌رێك له‌تاریكی}
ژوان ئاواره
فه‌رِه‌نسا