ده‌قی
( له چاوه‌ڕوانی پیاوێكدا)
ژوان ئاواره
فه‌رِه‌نسا
ئه‌م ده‌قه
- به‌لێوی ئێواره‌یه‌كه‌وه له‌دایك بوو كه مانایه‌ك نه‌مابوویه‌وه بۆ عه‌شق، نیگایه‌ك نه‌مابوویه‌وه بۆ ڕاوكردنی جوانی، بانگه‌شه غه‌ریبه بۆ تیلاوه‌تی بێده‌نگیه‌كانمان و ڕاكشانه له‌بالیفی ڕوئیه‌ته‌كانی یه‌كترا ،ته‌سویرێكی نهێنی ئه‌و ئه‌دگارانه‌یه كه له چاوه‌ڕوانی ده‌نگێكدان بۆ ساتێك ئۆخژن بوونه‌وه.
ماڵێكی شووشه‌ییه بۆ ئه‌وچۆله‌كانه‌ی ده‌یانه‌وێ دوور له‌پێكه‌نینی
تفه‌نگه‌كان به‌ڕووتی سه‌مابكه‌ن ،
كتێبێكی بێده‌نگه لێوان له‌حیكایه‌تی ئاڵتونی
گردكردنه‌وه‌ی گازه‌نده‌ی ئه‌و ئاسكه غه‌مگینانه‌یه كه به عه‌شقه‌وه
له نهۆمه‌كانی نائومێدیدا چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوێكه كه‌هاته‌وه به‌قامچیه‌كه‌ی بڵێ:
(بمبووره له‌گه‌ڵم ناتبه‌مه‌وه ماڵێ)
من ده‌مێكه ماتڵی تۆم
له‌ودیوو وه‌رزه‌ئاڵه‌كانی بێده‌نگیمه‌وه
له‌ودیوو پێگرتنی نائومێدیه‌كانمه‌وه
له‌ژێر گوێسه‌بانه‌ی ئێواره‌پیره‌كانی ته‌نهایمداو
له‌كه‌نار تووتڕكی زه‌مه‌نه ساخته‌چیه‌كاندا
به‌ته‌نیشت سپێده له‌زوڵمه‌ت خوڵقاوه‌كانی كه‌ونداو
له‌پشت هه‌ناسه‌بڕكێی كتێبه‌داخراوه‌كانی ویژدانه‌وه
به‌م هه‌مووه تاریكیه‌وه له‌دایك بووم
به‌م هه‌مووه تاریكیه‌وه هاتم و
به‌م هه‌مووه تاریكیه‌وه ئه‌ڕۆم!!
به‌كۆژانی ئومێده شینهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی نه‌ستمه‌وه
به‌م ده‌قه بێ ده‌مامكه‌ی نیگامه‌وه
به‌م چه‌تره له‌ته‌م چنراوه‌ی ئاینده‌مه‌وه
له‌ژێر لێزمه‌ی ئه‌م بارانه له‌غوربه‌ت باریوه‌ی ئیحساسما
ماتڵی تۆم،
ماتڵی تۆم ئه‌ی ئه‌وپیاوه‌ی هه‌ر شه‌وه شه‌معێكم پێ ئه‌سوتێنی و
هه‌رنایه‌یی!
هه‌روه‌رزه نیگایه‌كم ده‌دزیت ودیار نیت!
ئه‌توانی به‌هێما په‌نجه‌ره داخراوه‌كانی (نه‌وتن) بكه‌یته‌وه‌و
وازی له‌گه‌ڵ كوختیه‌كانی (ووتن ) دا بكه‌ی!
ئه‌توانی له‌سێلاَوه‌كانی مروه‌تدا دووڕه‌كانی حه‌قیقه‌ت
ڕاو بكه‌یت و له له‌پی گومانه‌كاندا بیشاریته‌وه!
ئه‌توانی ده‌رگاكانی بیستن
له‌سه‌ر ئه‌م ئاوازه غه‌ریبانه‌ی شعورم بخه‌یته سه‌رپشت و
له‌سه‌ر ئه‌م كورسیه قه‌له‌قه‌ی ئیراده‌م
ڕۆژنامه‌كانی بێ باكی بخوێنیته‌وه‌و
جگه‌ره‌ی بێهوده‌یی بكێشی،
قاقای ئه‌م مناڵه چارشێو پۆشه‌ی ناخم نه‌تخاته پێكه‌نین!
بڕوانه پرته‌قاڵی ئه‌و عومره هه‌ڕاج كراوانه‌م
من دڵم پێم ئه‌ڵێ
تۆ هه‌ر شه‌وه له‌چاوه‌ی عیشقێكی سه‌ره‌ڕۆدا ئه‌خه‌ویت و
هه‌ر ڕۆژه هه‌ڵه‌یه له‌هه‌ڵه‌كانی موحیبه‌ت ئه‌نوسیته‌وه.
ببووره ئه‌رێ مووحیبه‌ت له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی جوان بوو
یاخوود حه‌قیقه‌تێك لێوان له‌خواستی ئیلاهی!!
ئه‌رێ موحییبه‌ت هه‌ر كرماندنی سێوێك بوو له‌بازاڕه‌كانی له‌زه‌تا
یاخود بێ ئه‌مه‌ل بوونمان بوو
له‌گه‌یاندن به‌یه‌كی ڕاسته هێڵه‌كان
هاوڕێ شاعیره‌كه‌م،
دوای ته‌كاندی ده‌سته‌كانی له‌كایه‌كانی دۆڕاندنی موحیبه‌تا
به‌مه‌غریبه‌كانی ته‌نهایی ئاشنا بوو
وه‌لێ ئه‌وان بۆ هه‌لاَتن له‌ته‌نهایی موحیبه‌تیان دۆزییه‌وه
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین له‌م فارگۆنه تاریكه‌داین
هه‌ر به‌یه‌كه‌وه گوناه ئه‌كه‌ین وپێكه‌وه‌ش په‌شیمان ئه‌بینه‌وه!
تۆ له‌حه‌ساره‌كه‌ی (كه‌یكاوس)و
من له‌حه‌ره‌مه‌كه‌ی(زوڵێخا)
تۆ له‌سه‌حرا برنگه‌كانی شێت بوونداو
من له‌مێرگه‌كانی(عامر شا)
تۆله‌سه‌ر دواڕه‌خشی میرایه‌تی و
منیش له‌كه‌ژاوه ئاوریشمیه‌كانی (زین)دا
بیر له‌گه‌یشتنی تۆ ئه‌كه‌مه‌وه
بیر ئه‌كه‌مه‌وه‌و پایپه‌كه‌م پێ ئه‌كه‌م
بیر ئه‌كه‌مه‌وه‌و عه‌شق ئه‌كێشم!
بیر ئه‌كه‌مه‌وه‌و كچه قۆشمه‌چیه‌كانی هاوڕێم پێم ئه‌ڵێن:
(یاریكه ئه‌ی جوانترین ده‌به‌نگ له‌كایه‌كانی ئه‌م دنیایه‌دا
به‌دۆڕاوی ئه‌مێنیته‌وه)
بیر ئه‌كه‌مه‌وه‌و مژۆڵه‌كانی جه‌حێڵیم سپی ئه‌بێ!!
بیر ئه‌كه‌مه‌وه‌و په‌نجه‌ره‌ی بینایه‌كانم ته‌م ئه‌یگرێ!1
(مه‌م)ی ئه‌م بێهوده‌ییه بۆ نه‌هات؟
(فه‌رهاد)ی ئه‌م فه‌رته‌نه‌یه بۆنه‌گه‌یشت
من خه‌یلێكه ماتڵی تۆم
ئه‌ی پیاوێك ئه‌توانی
له‌ئه‌دگاری ئاوێنه ته‌ماوییه‌كانی بیرچوونه‌وه‌دا
هه‌ناسه‌ی شپرزه‌یی ئه‌م ئێوارانه بنووسیته‌وه‌و
ئاسكی ئه‌م نیگه‌رانیه ڕاو بكه‌یت،
تۆ كه‌ئه‌زانی من دڵم وه‌ك خیابانێكی ته‌نیا
سینه‌ی بۆ پاژنه قوڕاویه‌كانی ئاره‌زووت ڕائه‌خات
ئه‌م پیاسه‌یه بۆناكه‌یت؟!
ئه‌م پیا سه‌یه بۆناكه‌یت وپێكی ئه‌م حه‌سره‌ته بۆ ناخۆیته‌وه؟
كه‌روێشكه‌كانی ڕۆحم
له‌ده‌می ئه‌م ڕێوییه سیاسیانه‌ی میحنه‌ت بۆ ناهێنیته ده‌رێ؟
خه‌ونی تولانی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ی جه‌سته‌م بۆ نازڕێنی؟
ئه‌زانی من هه‌ندێ جار به‌ده‌م تای نیگه‌رانیه‌كانمه‌وه
پێكه‌نینم به‌م وڕێنه‌بێ سه‌وداییانه‌ی خۆم دێ!
نیگه‌رانم و(مه‌سیح)یئه‌م موحیبه‌ته دانابه‌زێ
(مه‌هدی) ئه‌م چاوه‌ڕوانییه ناگا..
من سه‌ربوورده‌ی ئه‌فسانه‌كانی تۆ‌و
خه‌یاڵه‌بێ خه‌وشه‌كانی زاكیره‌م له‌یاده
ئه‌وكاتانه‌ی تۆ وازیت به‌ته‌سبیحه‌كانی به‌خته‌وه‌ری ئه‌كرد
من ملوانكه‌ی فرمێسكی ئه‌و قه‌یره كچانه‌م ئه‌هۆنییه‌وه‌و
به‌گومانه‌وه پێم ده‌گووتن:
وه‌رنه ژێر شه‌به‌نگی چاوه‌ڕوانیه‌كانمه‌وه
من ده‌ڵێم :
(مه‌م)ی ئه‌م بێهوده‌ییه ئه‌گا
(فه‌رهاد)ی ئه‌م بێستونه دێته خوار
(مه‌سیح) ی ئه‌م موحیبه‌ته داده‌به‌زێ و
(مه‌هدی ) ئه‌م خه‌رابستانه‌یه هه‌ڵدێ!
ئه‌وان به‌ده‌م شیكردنه‌وه‌ی ئه‌گریجه‌كانیانه‌وه
ئه‌برۆكانی مه‌ینه‌تیان هه‌ڵده‌ته‌كان و
به‌پێكه‌نینێكی بێماناوه ئه‌یانگووت:
(به‌لاَم ئه‌وه‌لیه‌تی جه‌نگه‌كانمان جه‌نگی خوڵقاندنی ئه‌و ئاوێنانه‌بوو كه‌نه‌مان ده‌توانی بیگرینه‌وه عه‌وره‌تی بێده‌نگیه‌كانی یه‌كتر)
ئه‌وكاتانه‌ی تۆ واعیزی حه‌قیقه‌ته درۆینه‌كانی خۆت بووی
من شه‌رمم ده‌كرد پێت بڵێم :
میرۆ گیان ئه‌م گومانه زاكیره‌م ڕووت ئه‌كاته‌وه
سه‌رم ئه‌خوات ئه‌و قه‌ده‌ره‌ی كه‌پێم ئه‌ڵێ :
(تۆ ئه‌ڵماسێكیت له‌بێده‌نگی و بێده‌نگیه‌كیت له‌بێمانایی )
ببوره من پاش هه‌موو جه‌نگه‌كان به‌به‌تاڵی ئه‌گه‌ڕێمه‌وه!
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌و ئه‌گریجه‌م ته‌ژییه له‌گازنده‌ی وه‌ریوو
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌و ڕه‌زه‌كانم به‌رسیله‌ی بێ ئومێدی ئه‌گرن
ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌و ته‌ڕحێكم پێ نییه بۆژیان
ئه‌رێ به‌ڕاست چكاره‌ین له‌سینه‌ی دوكه‌ڵكێشی ئه‌م زۆرانه‌دا
كه هه‌رگیز نایبه‌ینه‌وه‌و ئازمایش له‌دۆڕانه‌كانی ناكه‌ین؟!!
میرۆ گیان
ئه‌زانیت ئه‌وه‌ڵین جه‌نگی ئێواره‌كانم له‌په‌نجه‌ره‌كانی تۆدا
ئه‌بینمه‌وه،
ئه‌و به‌خه‌یاڵی حه‌قیقه‌تێكی سه‌رخۆشه‌وه پێمی ده‌گووت:
تۆ له‌بیره‌وه‌ری تاریكیه‌كاندا
بیر له‌دۆزینه‌وه‌ی مه‌رجانه‌كانی مه‌عریفه ئه‌كه‌یه‌وه‌و
ڕازه‌گرینۆكه‌كانی وجود ئه‌خوێنیته‌وه
تۆ له‌تونێله كونینه‌كانی ئیراده‌تدا
شه‌ونامه‌ی گه‌شتنی پیاوێك ئه‌نوسیته‌وه كه‌نایه‌ت!
نایه‌ت و له‌و ده‌رگایانه‌وه ناتباته ژوورێ
كه‌ئه‌چێته‌وه سه‌رئاینده‌ی كۆشكه یاقووتیه‌كانی سه‌بووری!!
وه‌ره گه‌روی حووته‌كانی خه‌یاڵمه‌وه‌و
له‌سه‌ر بالیفی ئه‌ستێره‌كانم خه‌ونی نوێ ببینه‌و
له‌گه‌ڵ سه‌ده‌فه‌كانمدا بیر بكه‌ره‌وه
سه‌ر بنێ به‌سنگی ناخوداكانمه‌وه‌و
له‌پرچی به‌یانیه‌كانمدا ڕاكشێ
وه‌ك ژنێكی عه‌یار نیگای پاسه‌وانه بێ مروه‌ته‌كانی ئێواره بگره
له حوزور به‌گزاده‌كانی سبه‌ینێ دا ڕووت ڕووت به‌ره‌وه،
ئه‌وه‌ی له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی ده‌نگێكدا
به‌دیار ئاوێنه تاریكه‌كانی به‌ختیه‌وه باوێشك ئه‌دا
گره‌وه‌كانی زینده‌گی ناباته‌وه‌و له‌و ئه‌ستێركه بۆگه‌نه‌دا
یاقووته‌كانی ئاسوده‌گی بۆ ڕاو ناكرێت
نێچیری ئه‌م سره‌وتنه ناباته‌وه ماڵێ
له‌ژێر شۆڕه‌بیه‌كانی عومردا ئه‌م خه‌ونه گه‌ڕۆكه ناگه‌یه‌نێته‌كۆتا
تۆ كه‌ئه‌زانی پاش جه‌نگه‌كان به‌دۆڕاوی ئه‌گه‌ڕێیته‌وه
خه‌وتنت له‌په‌نا ئه‌م لوغمی ئومێدانه‌دا یانی چی؟
ئاوزه‌نگی دانت به‌م مانا وه‌ریوانه چ ده‌كات؟
ژنه فاڵچیه‌كه‌ی هاوڕێم
ده‌ستی بۆكۆتره‌كان ئه‌گرته‌وه‌و
نیگاكانی منی ئه‌خوێنده‌وه‌و
به‌چپه بۆ نه‌وڕه‌سه‌كان ئه‌دواو
پێشبیبی پیربوونی ئێواره‌كانمی ئه‌كرد به‌هه‌ڵخلیسكانه‌كانم پێده‌كه‌نی له‌سه‌هۆڵ به‌ندانه‌كانی مه‌عریفه‌دا
ئه‌وده‌یگووت :
هۆ ژنه نه‌عله‌تیه‌كه
ئه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌خوازی له‌ودیوو تاریكیه‌كانه‌وه
پێكه‌نینی كه‌ناریه‌كان بژمێری و
به‌دیار گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوێكه‌وه فلووتی به‌رده‌كان بژه‌نی
(ژیان جه‌نگێكی بێ مانایه له‌وپه‌ڕی گێلیداو
به‌خته‌وه‌ری خه‌وتنه له ئه‌گریجه‌كانی ده‌به‌نگیدا)
ژنه فاڵچیه‌كه‌ی هاوڕێم
یاری به‌ئه‌نگوستیله‌ی ڕوانینه‌كانی ئه‌كردو ئه‌یگووت:
به‌رله‌تۆ منیش هه‌مان گه‌مه‌م ئه‌كرد
سه‌عیم له‌هه‌مان ته‌ریقه‌تی میوانداری پیاوێكدا ئه‌كرد
كه‌پێم وابوو ئه‌توانێ حیكمه‌تی ته‌نهایی ئه‌وژنانه بنوسێته‌وه
كه‌له‌سه‌قه‌ره پیره‌كانی فیراقی ئه‌ودا
په‌نجه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ل یان ئه‌سڕیه‌وه‌و
كۆتره‌غه‌مگینه‌كانی ئاینده‌یان به‌رده‌دایه ئه‌م حه‌وشی مردنه‌وه
به‌رله‌تۆ منیش
له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوێكدا
ئه‌دگاری عیشاكانی نائومێدیم چاوكردو
له‌خوانی ئه‌فسانه درۆینه‌كاندا
كۆتالیمۆی ئه‌م نائومێدیه‌م له‌په‌نجه‌كانمدا بینیه‌وه
له‌بالیفه‌كانی گریاندا
یه‌كه‌مین سه‌رخه‌وی ئه‌م سه‌فاو مه‌ڕوایه‌م شكاند
ببووره هاوڕێ
(ژیان جه‌نگێكی بێ مانایه له‌وپه‌ڕی گێلیداو
به‌خته‌وه‌ری خه‌وتنه له‌ئه‌گریجه‌كانی ده‌به‌نگیدا)
ژنه‌فاڵچیه‌كه‌ی هاوڕێم ده‌یگووت:
به‌رله‌تۆ ژنێكی ترله‌به‌رده‌م وه‌رزه‌سارده‌كانی عه‌شقداو
له‌سه‌ر دواهه‌مین پلیكانه‌كانی غوربه‌تدا
له‌چاوه‌ڕوانی پیاوێكدا ببووره له‌چاوه‌ڕوانی كه‌سێكدا
به‌رله‌وه‌ی گوڵه سپیكانی ئه‌كاكیا وردبكاو
به‌رله‌وه‌ی عه‌وره‌تی ئه‌ستێره‌كان له‌نیگاكانی دا زه‌خره‌فه‌بكات
به‌رله‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌كانی گوڵه پاتۆنیای شیعر بگرێ
ئه‌گریجه‌ی له‌بیره‌وه‌ری ته‌نهایه‌كانی هه‌ڵبكێشێ
به‌رله‌تۆخانمێكی تر لێوی ڕۆیاكانی كاڵ كاڵ ئه‌كرده‌وه‌و
به‌رله‌تۆ ئه‌وده‌یگووت:(1 )
(من خه‌ونم دیوه كه‌سێ دێ
كه‌سێ دێ
كه‌سێكی تر
كه‌سێكی باشتر)
ئه‌وده‌یگووت:
(كه‌سێ دێ
به‌دڵ به‌هه‌ناسه
به‌ده‌نگی له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه)
به‌ر له تۆ بێوه‌ژنێكی شه‌وپۆش
له دووڕیانی ته‌نهاییه‌كانی دا
به‌ده‌م وه‌رینی خه‌ونه‌كانیه‌وه
عه‌ینه‌كه لێڵه‌كانی ئاینده‌ی ئه‌سڕییه‌وه
ئه‌و ده‌یگووت:
گووشیه‌كه وائه‌ڵێ
تیڤیه‌كه وائه‌ڵێ
خودا‌و په‌یامبه‌رو ئه‌ولیاكان وا ئه‌ڵێن
پیاوێك دێ سه‌رده‌نێ به‌سنگی شوو شه‌ییتان و
گمه‌گمه له‌بێده‌نگیتان ئه‌خواته‌وه
فوو فوو بوغوردی مه‌لوولیتان خامۆش ئه‌كا
ئه‌و كتێبه داخراوانه ئه‌كاته‌وه
كه‌له یه‌كه‌مین په‌ڕه‌گرافیدا نووسراوه
(ته‌نهایمان له‌ئه‌ستۆی تۆدایه
ئه‌ی پیاوێك ناخوازی بگه‌یه كه‌نار
ئه‌ی پیاوێك ناته‌وێ له‌قولاَكاندا بیر بكه‌یته‌وه‌و
له‌ودیوو میرنشینه‌كانی شه‌هامه‌تته‌وه
ئه‌م گه‌مه بگه‌یه‌نیته كۆتا)
ئه‌ی پیاوێك ناته‌وێ له‌ودیوو ئێره‌ییه‌كانته‌وه
گوڵه‌باخی ئه‌م ئیحساسانه بۆن كه‌یت و
جڵه‌وی ئه‌م ڕه‌خشی تووڕه‌ییه بگری و
به‌قامچیه‌كه‌و بڵێی :
بمبووره له‌گه‌ڵم ناتبه‌مه‌وه ماڵێ
(ژن كتێبێكی نیگه‌رانه ئه‌وه‌ی نه‌یخوێنێته‌وه له‌حیكایه‌ته
ئاڵتونیه‌كانی ناگا)
ژن كه‌نارییه‌كی بێده‌نگه ئه‌بێ به‌جریوه له‌گه‌ڵیدا بكرێیته‌وه
ئه‌وه‌ی له‌ئه‌تڵه‌سه قوڵه‌كانی عیشقی ژنا مه‌له نه‌كاو
سه‌ر نه‌نێ به‌سنگی ڕۆیه‌ته‌كانیه‌وه
له‌كلاسه‌كانی دا دواهه‌مین وانه‌كانی ئه‌وین نه‌نووسێته‌وه
(ئه‌م گه‌مه‌یه ناگه‌یه‌نێته كۆتا)
ئه‌وه‌ی له‌په‌نجه‌ره‌كانی ژنه‌وه نه‌ڕوانێ و
له‌حه‌ره‌مه‌كانی عه‌شقیا
بێریته‌ی ئه‌م ته‌مه‌نه ساز نه‌كات
(ئه‌م گه‌مه‌یه ناگه‌یه‌نێته كۆتا)
به‌قامچیه‌كه‌و بڵێ بمبووره له‌گه‌ڵم ناتبه‌مه‌وه ماڵێ
دڵی تۆ ته‌نگه به په‌نجه‌كانی من
ده‌نگی تۆ كورته به‌ڕۆیاكانی من،
ئه‌وان هه‌ڵه‌یان كرد
ببووره ئه‌و شێتانه جگه‌ره‌كانی ته‌نهایی پێ ئه‌كرد و
حول حولیانه بیری ئه‌كرده‌وه
ئه‌وێك كه‌نه‌یتوانی ته‌نها جارێك چاویلكه ته‌ڵخه‌كانی مه‌عریفه‌ی
دابگرێ و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م كتێبه نیگه‌رانه بخوێنێته‌وه
ئه‌وێك كه‌نه‌یتوانی
له‌زنجه خۆلاَیه‌كانی موحیبه‌تدا
په‌نجه‌ره شكاوه‌كانی حه‌قیقه‌ت بكاته‌وه‌و
به‌و ئاسكه غه‌مگیینه بڵێ :
بمبووره من و تۆ له هوتافی به‌یانیه‌كدا له‌دایك بووین
لێوان له چقڵه‌كانی بیر چوونه‌وه
من و تۆ له‌ڕه‌حمی به‌یانیه‌كی تووڕه‌وه هاتینه ده‌رێ و
له‌هه‌مان ڕه‌وڕه‌وی شپرزه‌ییدا پێمان گرت
ببوره ئاسكه برینداره‌كه‌م،
ئه‌و ده‌مانه‌ی بیرمان له‌گووشینی په‌نجه‌كانی یه‌كتری ئه‌كرده‌وه
وه‌رزی قاتی پێكه‌نین و
وه‌رزی قاتی مه‌ڕحه‌مه‌ت و
وه‌رزی قاتی حاڵی بوون بوو!
به‌و ئاسكه غه‌مگینه بڵێ:
بمبووره كه نه‌متوانی ته‌نها جارێك له‌گلێنه ماته‌كانی عه‌شقما
بتشارمه‌وه‌و له‌سنگی لیخنی ئه‌م جه‌لاده پیره‌ی قه‌ده‌ر
بتهێنمه ده‌رێ!
نه‌متوانی ته‌نها جارێك
گوڵه وه‌ریوه‌كانی ئاره‌زووت بده‌مه‌وه‌و
له‌نیشتمانه وه‌نه‌وشه‌ییه‌كانی فڕینا
ئیراده ڕژێنراوه‌كانت كۆكه‌مه‌وه
دوور له شه‌هوه‌تی ئه‌م حه‌ساده‌ته پێكه‌نینه‌كانت بنوسمه‌وه
دوور له‌م خه‌رابی غیره‌یه
په‌نجه له‌جێ چووه‌كانی موحیبه‌تت بگرمه‌وه!
به‌و ئاسكه غه‌مگینه بڵێ:
بمبووره .... بمبووره ... بمبووره
نه‌متوانی ته‌نها جارێ
چارشێوی پێڵوه‌كانت هه‌ڵبده‌مه‌وه‌و
كه‌ناری ئه‌شكه‌كانت بدوێنم
نه‌متوانی ته‌نها یه‌ك جار پێت بڵێم:
مه‌رحه‌با ... ئه‌ی جوانتر له‌پێكه‌نینی هه‌نار
مه‌رحه‌با ... ئه‌ی نازكتر له‌خه‌ونه كریستاڵیه‌كانی ئاورنگ
ئه‌ی له‌بێده‌نگی ته‌نهاترو
وه‌ی له‌ته‌نیای جوانتر
به‌و ئاسكه غه‌مگینه بڵێ:
بمبووره من سه‌رم له‌چاخه تاریكه‌كانی عه‌قڵمداو
چاوم له تابلۆ قوڕاویه‌كانی گه‌وره‌یمداو
ده‌ستم له‌تۆخكردنه‌وه‌ی جه‌نگه‌كاندا بوو
نه‌م په‌رژا به‌ته‌نها ئاوڕێك پێت بڵێم:
بمبووره ئاسكه غه‌مگینه‌كه
بمبووره .... بمبووره...بمبووره
گوشیه‌كه وا ئه‌ڵێ
تیڤیه‌كه وا ئه‌ڵێ
مناڵه نه‌به‌كامه‌كانی شار وا ئه‌ڵێن
خودا‌و ،په‌یامبه‌رو ، ئه‌ولیاكان ،
وائه‌ڵێن:
پیاوێك دێ په‌نجه‌ره له‌سه‌ر گۆرانیه حه‌رامه‌كان ئه‌كاته‌وه
په‌نجه‌ره له‌سه‌ر ئیراده حه‌رامه‌كان ئه‌كاته‌وه
دواهه‌مین نووسخه‌ی ته‌نیایی ئه‌و كچانه چاپ ئه‌كاته‌وه
كه‌پێیان وابوو
ژیان ماكه‌وێكی ڕه‌نگین بوو
به‌سه‌رمناره‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه
دانه‌وێڵه‌كانی چاوه‌ڕوانیان بۆ ڕۆكرد
به‌دیار گه‌ڕانه‌وه‌ی نێره‌كه‌یه‌وه نیگاكانی داگیرسان
له‌سنگی سپێده‌یه‌كا به‌گولله‌ی ئه‌م حه‌ساده‌ته پێكراو
كه‌س نه‌یبرده‌وه ماڵێ!
ئه‌وان ده‌یانگووت:
(ژیان نێچیری به‌یانیه‌كه نه‌فه‌سێكی تیانیه بۆحاڵی بوون)
هه‌ناسه‌یه‌كی تیا نیه بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی دوو پێكه‌نین
له‌مه‌ودای نیشتمانێكی مه‌لولدا
(ژیان نێچیری ئێواره‌یه‌كه كه‌ناخوازێ به‌و بوونه‌وه‌ره غه‌ریبه بڵێ:
ئه‌زانی هه‌ربه‌ڕاست كتێبێكی بێده‌نگ بوویت
كه‌س نه‌یتوانی بتخوێبێته‌وه)
كه‌س نه‌یتوانی له‌كانی ڕوانینه‌كانت گۆزه‌كانی مه‌عریفه پڕ بكا‌و
ڕووت ببێته‌وه وه‌ك دڵۆپێ ئاو له‌وپه‌ڕی ته‌هاره‌تدا!
ژیان نێچیری وه‌رزێكه مینایه‌ك له‌گۆلاوه‌كانیدا ناڕوێ
بۆ ئه‌نگوسته‌كانی (عوزرا)
گوڵێكی بۆ كه‌زییه‌ی (زین) پێناكه‌نێ و
خۆی نادا له‌سینه‌ی(له‌یلا)!
بێوه‌ژنه سیاپۆشه‌كه درۆی كرد
ئه‌و له‌گه‌ڵ وڕێنه‌كانی دابیری ئه‌كرده‌وه
نا گووسیه‌كه وه‌یگووت
نه‌تیڤیه‌كه وایگووت
نه‌خودا، نه‌په‌یامبه‌ر، نه‌ئه‌ولیاكان!
نه‌كه‌سێك كتێبه داخراوه‌كه‌ی كرده‌وه
نه‌كه‌سیش به‌قامچیه‌كه‌ی گووت بمبووره!
ژنه شه‌وپۆشه‌كه درۆی كرد
كه‌س نه‌یووت بمبووره ئاسكه غه‌مگینه‌كه
بمبووره....بمبووره
ژنه فاڵچیه‌كه‌ی هاوڕێم دانی خه‌ونه‌كانی پاك ئه‌كرده‌وه‌و
قه‌شمه‌رانه ئه‌یڕوانیه سه‌ربوورده‌كانی من
ژنه فاڵچیكه‌ی هاوڕێم
مافوری ده‌هشه‌ته‌كانی ئه‌ته‌كان و
پێشبینی پیربوونی ئێواره‌كانی منی ئه‌كرد
چاوی له‌ئه‌ستێره‌كان دائه‌گرت و
به‌هه‌ڵخلیسكانه‌كانی من پێده‌كه‌نی له‌سه‌هۆڵبه‌ندانه‌كانی مه‌عریفه‌دا!!
ئه‌وده‌یگووت هۆ ژنه نه‌عله‌تیه‌كه
ئه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌خوازی له‌ودیوو زوڵمه‌ته‌كانته‌وه
پێكه‌نینی كه‌ناریه‌كان بژمێری و
به‌دیار گه‌رَانه‌وه‌ی پیاوێكه‌وه سكێچی مردنت بكێشی
(ژیان جه‌نگێكی بێمانایه له‌وپه‌ڕی گێلیداو
به‌خته‌وه‌ری خه‌وتنه له‌ئه‌گریجه‌كانی ده‌به‌نگیدا)
ئه‌و بێمانایانه ئه‌یڕوانی منیش بێمانایانه بیرم ئه‌كرده‌وه!
من ده‌مگووت:
(گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ردووكمان ده‌ڕژێینه ڕه‌حمی ئێواره‌یه‌كه وه
كه‌پێی ده‌وترێ ئێواره‌ی فه‌تاره‌تی ئینسان )
گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ردووكمان
به‌یانیان ساكه‌كانی ته‌نهایمان ئه‌پێچینه‌وه‌و
له‌جه‌نگه‌ڵه تاریكه‌كانی عه‌شقدا
ئه‌م گه‌مه‌یه ده‌نووسینه‌وه
گه‌مه‌یه‌ك كه‌س نه‌یتوانی بیگه‌یه‌نێته كۆتا ..!
ئه‌و بێمانایانه ئه‌یڕوانی منیش بێمانایانه بیرم ئه‌كرده‌وه
من ده‌مگووت: دڵم ئه‌ڵێ
(مه‌سیح)ی ئه‌م موحیبه‌ته ده‌گاو
(مه‌هدی) ی ئه‌م فه‌رته‌نه‌یه دێته خوار
من تاكۆتا له‌چاوه‌ڕوانی پیاوێكدا
كلاَوی ئه‌م ته‌مه‌نه ئه‌چنم و
ئینجانه‌ی ئه‌م بێده‌نگیه ئاوده‌ده‌م..
هاوڕێ بێژه‌ره‌كه‌م به‌یانیان
به‌رله‌وه‌ی په‌رده له‌خوێن ئوتوكراوه‌كان لا بدا‌و
جگه‌ره‌كانی ڕۆحی له‌م خه‌ڵوه‌تی تاریكیه‌دا پێ بكا
به‌رله‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌ی مه‌عریفه‌كانی بكاته‌وه‌و
كۆتره باڵق بووه‌كانی ڕوانینی له‌م باخچه‌ی وجووده‌دا به‌ربدات
به‌ر له‌وه‌ی لیستی ئه‌وگولاَنه بنووسێته‌وه
كه‌له‌بیره‌وه‌ری باخچه كاڵ‌فامه‌كانه‌وه هه‌ڵگیرابوونه‌وه
به‌ر له‌وه‌ی خه‌یاڵی ئه‌و كه‌روێشكه چكۆله‌یه لێك باته‌وه
كه‌له‌خه‌ونی ڕاوچیه‌كی پیردا پێكرا،
هاوڕێ بێژه‌ره‌كه‌م
به‌یانیان به‌رله‌وه‌ی ده‌فته‌ری یاداشتی ئه‌و قه‌یره‌كچانه بكاته‌وه
كه به ئه‌سه‌فه‌وه ئه‌یانگووت:
تكایه هاوڕێ به‌رله‌وه‌ی عه‌وره‌تی ئه‌م به‌یانیه ده‌ربكه‌وێ و
شیری ئه‌م سپێده‌یه بخورێته‌وه
چاپی دووهه‌می ته‌نهایمان بخوێنه‌ره‌وه
ئه‌ی ئاسكه غه‌مگینه‌كه
دواهه‌مین سكێچی مه‌راقمان له‌ستۆدیۆ شووشه‌یه‌كه‌تدا هه‌ڵواسه
ئاخر تۆ هه‌میشه عه‌شق ئه‌فرۆشی
وه‌لێ به‌برینه‌وه ئه‌گه‌ڕێیته‌وه!!
ئاخر تۆ هه‌میشه پێكه‌نین ئه‌به‌خشیته‌وه و
كه‌چی نیگات ئه‌سرینی په‌مه‌یی ئه‌گرێ!
هاوڕێ بێژه‌ره‌كه‌م
له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی ده‌نگێكدا به‌منی ده‌گووت:
به‌داخه‌وه به‌رچنه‌ی سواله وه‌ریوه‌كانم ئه‌چنمه‌وه
ببووره میوانه‌كانم چ وه‌رامێكیان
بۆ عه‌شق
بۆجه‌نگه‌ڵ
بۆ مه‌رگ
بۆ ئه‌وگه‌ڕه‌لاوژه‌یه كه‌پێی ده‌وترا (ژیان)
پێ نه‌بوو!!
منیش له‌چاوه‌ڕوانی پیاوێكدام
بمبه‌خشه له‌چاوڕوانی ده‌نگێكدا
كه‌زییه‌ی سه‌حه‌ره‌كانم داده‌هێنم و
چاوی مه‌ستی ئه‌م گومانانه ئه‌ڕێژم ،
منیش له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوێكدا
سه‌رم ئه‌سپێرمه ده‌ست ڕه‌شه‌بای وه‌رزه تاڵه‌كانی ئینتیزاری و
دڵیشم به‌ئه‌ئه‌مانه‌ت له‌ئاپارتمانی پشكۆكاندا ئه‌شارمه‌وه
ببوره هاوڕێ،
خۆزیا ئه‌وه‌نده به‌یه‌ك نه‌چووباین
له‌م فارگۆنه تاریكه‌دا كه‌پێی ده‌وترێ (نیشتمان)
له‌دیرۆكی ئه‌م وه‌رزه ئیفلیجانه‌دا كه‌پێی ده‌ووترێ (حه‌قیقه‌ت)
به‌ڕوخسه‌تت با هه‌ردووكمان
له‌م ماڵه شووشه‌ییه‌دا بیر بكه‌ینه‌وه‌و
هه‌ر كه‌سه‌مان په‌نجه‌ره‌ی خۆی بكاته‌وه
ئه‌گه‌ر حه‌وسه‌ڵه‌ی نه‌زه‌رت له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كاندا پێماوه؟
ئه‌زانیت هاوڕێ
من به‌دیار گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوێكه‌وه
به‌په‌نجه قوڕاوییه‌كانی یه‌ئسمه‌وه
ده‌فته‌ری ڕۆژه‌كانم ڕه‌ش ئه‌كه‌مه‌وه كه‌نایه!!
ئه‌زانم تۆش وه‌ختێ پایپه‌كه‌ت پێ ئه‌كه‌ی
وه‌ختێ فلووتی به‌رده‌كان ئه‌ژه‌نی
ئای كه شه‌ونامه‌ی گه‌شتنی پیاوێك ئه‌نووسیته‌وه كه‌ناییه!
تكایه ئه‌م ده‌قه به‌كراوه‌ی جێبهێڵه
من ته‌نهایی چاوه‌ڕێمه
په‌ڕه‌گرافه‌كانی پاشتری ئه‌م تێكسته به‌به‌تاڵی بهێڵه‌ره‌وه
من دڵنیام ڕه‌وه‌یه ئاسكی تر په‌ناهه‌نده‌ی ڕۆیه‌ته‌كانت ده‌بێ و
له‌به‌رفواره‌ی چاوه‌ڕوانیه‌كانتا
ڕووت ڕووت ده‌بێته‌وه،
ئه‌مێستا بیرت نه‌چێ
ئاسكێكی غه‌مگین له‌ژێر لێزمه‌ی بارانێكی ته‌نیاترا چاوه‌ڕێته
پێم وایه ده‌یه‌وێ بدوێ!!
(1) مه‌به‌ست له‌خانمی گه‌وره‌ی ئێرانی فروغی فروغ زاده وه‌هه‌ردوو كۆپله شعریه‌كه‌ش له‌ده‌قی (كه‌سێكه له‌هیچ كه‌س ناچێ)وه وه‌رگیراوه..
(2) مه‌به‌ست له‌قامچی بۆ ئه‌و ووته‌یه‌ی نیتشه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌له‌زمانی پیره‌ژنێكه‌وه به زه‌رده‌شت ئه‌ڵێ كه‌چوویه لای ژنه‌كه‌ت قامچیه‌كه‌ت له‌بیر نه‌چێ!!!
ً
تێبینی
(ئه‌م ده‌قه له‌حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی 2003 گه‌لاوێژدا خه‌لاَتی یه‌كه‌می پێ به‌خشراوه‌و وه‌رزی دووهه‌می ئه‌م ده‌قه له‌ساڵنامه‌ی 8 مارسی ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌دا بلاَوكراوه‌ته‌وه)