((( ئیلهام، سه‌مفۆنیای یه‌که‌م )))
ئیلهام ناوی شیعرێکه ..
شیعرێک ناوی ئیلهامه.
ئیلهام وه‌ک هه‌ناسه‌کانی پایز وابوو
جه‌نگه‌ڵ جه‌نگه‌ڵ سه‌وزاییه‌کانی زه‌رد ده‌کرد و
باوه‌ش باوه‌ش گه‌ڵاکانمی هه‌ڵئه‌وه‌ران،
له‌تووڕه‌یی زریان ئه‌چوو
شووشه.. شووشه‌کانمی ئه‌شکاند و
بۆ ژیان هیچی بۆم نه‌ئه‌هێشته‌وه،
ئیلهام له تۆفانی زستان ئه‌چوو..سپی..سپی کردم !
ئه‌وهه‌میشه هه‌ر وا بوو..
من هه‌میشه هه‌ر وا بووم..
من هه‌ناسه‌کانی پایزو من توڕه‌یه‌کانی زریان و
من تۆفانه‌کانی زستانم خۆش ئه‌ویست،
ئیلهام ده‌ست و په‌نجه‌کانی ئازار بوو
من ده‌ست و په‌نجه‌کانی ئازارم
له‌نێو هه‌ردوو ده‌سته‌کانما ئه‌گوشین و ماچم ئه‌کرد.
ئیلهام.. هه‌میشه قوربانی بوو..
خودا وه‌حی به پیاوه پێغه‌مبه‌ره چه‌قۆکێشه‌کانی ئه‌دا له خاچی ده‌ن،
من چه‌قۆ و جه‌لاده‌کانیم خۆش ئه‌ویست
تا به به‌خشینی گه‌ردنی خۆم بی به‌خشن !
من ئه‌م گوت نا..
تا چه‌قۆ و فتوا شه‌یتانیه‌کانی خودا و
چه‌قۆی ده‌ستی پێغه‌مبه‌ره گه‌وجه ملکه‌چه‌کان
قوربانیێکان سه‌ر نه‌بڕن !
من له‌حزوری خودا دا ئه‌وه‌ستام و
با‌نگم له باوکه ئیبراهیمه‌کان ئه‌کرد :
ئێوه مه‌گه‌ر چ مرۆڤێکن ئلهامه کچه‌کانتان سه‌ر ئه‌بڕن ؟
ئێوه مه‌گه‌ر چ مه‌ستێکن به مه‌ستیه‌کانی خوداوه تێئه‌گلێن ؟!
ئاه..
ئێمه له‌مێژه ئاواهین که‌س نازانێ که‌س..
که‌س په‌ی به‌و ئه‌زه‌له نابات ئێمه یه‌کمان تێدا ناسی،
که‌س نهێنی وێرانه‌کانمان نازانێ به جێ‌مان هێشت،
ئێمه..په‌یمانێکی نهێنی قه‌ده‌رمانی به یه‌که‌وه گرێ دا بوو
وه‌ک په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوانه‌یه‌ک له یه‌کدا بووین
خودایه..ئه‌وه‌چ حکمه‌تێکی تاڵ بوو !
ئه‌و هه‌ر وا بوو، ئه‌و له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌ر وا بوو..
من هه‌ر وا بووم،من له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌ر وا بووم..
ئیلهام ده‌ڕۆیشت و هه‌مووشتێکی وێران ئه‌کرد
ئه‌هاته‌وه و له‌سه‌ر خۆڵی ڕه‌شی وێرانه‌یه‌ک دائه‌نیشت و
به‌خه‌مێکی گه‌وره‌وه.. خه‌مێک که پشتی مرۆڤی ئه‌شکاند،
باسی له چاره‌نووسی خۆی ئه‌کرد و پێی ئه‌وتم:
با خۆشه‌ویستیت به‌رده‌وام بێ
با دڵت گه‌وره‌ترین دڵی مرۆڤێ بێ
بکرێت به‌شی ژانه‌کانی ژنێک بکا..
ژنێ که‌س نایناسێ تۆ ئه‌یناسی
ژنێ دوای هه‌ر سه‌فه‌رو فڕین و هه‌ره‌سێک
ئێوارانێک کاتێ فڕین باڵه‌کانی ته‌زاندووه
دێت و له‌خۆرنه‌وه‌زانی دڵی تۆ مه‌نزڵ ئه‌گرێ.
ئێوارانێ له پیاسه‌و گه‌ڕانێکی بێئۆقره‌دا بووم
پیاسه‌ی دوای ئه‌و کاره‌ساته گه‌ورانه‌ی مرۆڤ وێران ئه‌کا،
بێئۆقره‌یی دوای ئه‌و فیراقانه‌ی هیچ شک نابه‌ین
گه‌ڕانی دوای ئه‌و شکستانه‌ی بۆژیان هیچ مانایه‌کی تیا نییه،
غه‌مگین غه‌مگین ئه‌ڕۆشتم و چاوم بڕیبووه ڕه‌نگه‌کانی مه‌غریب
وه‌ک شیعرێکی تاڵ ئاوا بوون،
ئیلهام به‌سه‌ر باڵی هه‌ورێکی په‌رێشاندا هاتا خوارێ و
به نرکه‌یه‌کی پڕ ژانه‌وه پێێ وتم
به هه‌موو زام و کۆست و کاره‌ساته‌کانمه‌وه هاتووم
تا هاوڕێیه‌تیم قه‌بوڵ بکه‌یت !
وه‌ک به دۆزه‌خدا هاتبێت له په‌یکه‌ری ئاگر ئه‌چوو
ئێوارانێک من په‌یکه‌رێکی ئاگرم له باوه‌ش گرت،
ئێوارانێک ده‌ستی ئاگرم ئه‌گوشی و ماچی ئاگرم ئه‌کرد و
دڵنه‌وایی دڵی ساردی ئاگرم ئه‌دایه‌وه !
ئێواره‌نێک ئه‌بوایه دڵی ساردی بڵێسه‌ی ئاگرێ داپۆشم و سه‌رمای نه‌بێ..
پارچه پارچه جه‌سته‌ی خۆمم پێدا ئه‌دا،
ئاگرێک بوو له به‌سته‌ڵۆکی باکوری ژیانه‌وه ئه‌هات و پێی ئه‌وتم
خۆشمت بوێ با خؤشت بوێـم..خۆشم ئه‌وێی با خۆشت بوێم !
مه‌غریبانێ ئیتر هیچ شتێ وه‌ک خۆی نه ئه‌چوو..
ته‌نانه‌ت خۆشه‌ویستی ئه‌یتوانی دڵۆپێك ئاو
به‌باڵای ئه‌وئاگره‌دا بکا و هیچ..
یان پریشکی ئاگرێ بێ کاتێ ده‌ست و په‌نجه‌ی زوقوم به‌ندێک گه‌رم داناکا
خۆشه‌ویستی ئه‌بوا مانای گه‌وره‌ی بایه و
هاوڕێیه‌تیش حه‌قیقه‌تی سووتان،
مه‌غریبانێ من به‌و یه‌قینه گه‌یشتم و
ئاگرم له باڵای خۆم به‌ردا.
ئیلهام دوا جار هه‌ر ئه‌ڕۆیشت..
ئه‌یوت هه‌موو خاکوخۆڵی سووتاوی جه‌سته‌مان با بۆ تۆ بێ
من ئه‌ڕۆم و خۆشه‌ویستیش وه‌ک هه‌ر شتێ کۆتاییه‌کی هه‌یه،
ئه‌یووت تۆ له پیره مرۆڤێکی سووتاو ئه‌چیت
چیتر به‌شی هاوڕێیه‌تیمه‌ن ناکه‌ی!
ئێوارانێک باڕه‌ش له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌مانه‌وه
وه‌ک شمشاڵێکی پڕ ئازار ئه‌یلووراند و
وێنه‌ی کاره‌ساتێکی تاڵی به گوێی کۆڵانه‌کاندا ئه‌دا،
کۆڵان کۆڵان بۆنی پرسه‌ی لێئه‌هات و
مه‌غریب مه‌غریب قرتێله‌ی ڕه‌شی له‌پرچی هه‌وره‌کانی ئه‌دا،
هه‌روه‌کوو چۆن مه‌غریبانێک من باوه‌شم به باڵای ئاگرێکدا کرد و سووتام
ئه‌وئێواره‌یه‌ش گریام..هێنده گریام .. تا ئاستانه‌ی کوێر بوون !
من نه‌م ئه‌توانی بڕوا بکه‌م.. نا..
من که مێژووی خۆمم به ئاگره‌وه له باوه‌ش گرتبوو خۆشمئه‌ویست،
نه‌م ئه‌توانی بڕوا به‌و قه‌ده‌ره بکه‌م مێژووم بڕوا.
دوا جار مێژووم هه‌ر ئه‌ڕۆیی و دوا جار مێژووم ڕۆیشت،
وه‌ک جه‌نگه‌ڵێکی شێواو..
کزه‌ی پایز دوا زه‌رده گه‌ڵاکانمی به‌ره‌و عه‌ده‌م ڕائه‌ماڵی و
وێڵ و ڕووت بووم !
له توڕه‌یی زریان ئه چوو مێژووم
باوه‌ش باوه‌ش گه‌ڵاکانمی هه‌ڵئه‌وه‌ران
جه‌نگه‌ڵ جه‌نگه‌ڵ سه‌وزاییه‌کانمی زه‌رد ئه‌کرد و
وه‌ک هه‌ناسه‌کانی پایز وابوو..ئیلهام.
کاظم قادر
10/10/2004
سویسرا