چون بۆ شار له‌گه‌ڵ بیکێتدا
سه‌ردار عه‌زیز
که له پرده به‌ردینه‌که‌ی سان پاتریک ئه‌په‌ریته‌وه، له‌ژێر ئاسمانێکی وه‌ک قژی من خۆڵه‌مێشیا، ماڵێ ره‌نگ شین به‌لوتا ئه‌ته‌قێ، له‌و ماڵه‌دا له نهۆمی دووه‌م من و بێکێت، هه‌ر یه‌که‌و ژورێکمان هه‌یه. ژورێ بۆ من له رۆژهه‌ڵات، ژورێ بۆ ئه‌وه له خۆرنشین.
بێکێت دێیت برۆین بۆ شار؟
نازانم!
نازانم یانی ئا.. یان نا؟
هیچ کامیان، هه‌ردووکیان!!
من ئه‌مه‌وێ بزانم دێیت یان نه‌ء؟
ره‌نگه!
ره‌نگه بێیت یان نه‌ء؟
نازانم!
بێکێت، پیاوێکه هێنده درێژ، هه‌رگیز له وێنه‌دا پێڵاوه‌کانی ده‌رناچێ. رومه‌تێکی هه‌یه پڕ له هێڵ، وه‌ک قوری قه‌راخ سیروان له هاویندا، وه‌ک ده‌فته‌ری قاچاخچی له سه‌فه‌را. بێکێت له توخمی شه‌مشه‌مه‌کوێره‌یه، له تاریکیدا هه‌ست به ئازادی ئه‌کات و له شه‌قه‌ی باڵ ئه‌دات، له گه‌ڵ هه‌ڵاتنی خۆرا ئه‌نوێ. پار که هات، باران بوو، وه‌ک هه‌موو رۆژه‌کانی تری ئه‌م به‌نده‌ره. به پیره‌ژنه ده‌رگاوانه‌که‌ی وت، من خه‌ڵی دۆبلنم، له پاریسه‌وه هاتووم، ئه‌مه‌وێ ساڵێ لێره بمێنمه‌وه، پاشان ده‌رۆم بۆ ڤێنس، چه‌ند مانگێ له نزیک پارکه‌که‌ی سانت مارکه‌وه ژورێ ئه‌گرم، ژورێ له په‌نجه‌ره‌که‌یه‌وه، سه‌عاته پیره‌که دیاربێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو رۆژێ بیبینم، چه‌ند بێمانایه کات، چه‌ند بێهوده‌یه به‌رده‌وامی. له‌وێ خۆم فێری زمانی ئیتالی ئه‌که‌م. "من و تۆ له نیوه‌ی ئه‌م دووریانه‌دا چی دی چاره‌نوسمان پێکه‌وه‌یه، وه‌ئاگا هاتم و خۆم له دارستانێکی تاریکا بینیه‌وه، جێگایه‌ک که رێگای راست تیایا بۆ هه‌تا هه‌تایه ون ببوو. ئای من". ئه‌وه دێره سه‌ره‌تاکانی ئینفێرنۆیه*، من ئه‌رۆم له‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی دانتی بخوێنمه‌وه.
ئینفیرنۆ: داستانه‌که به‌ناوبانگه‌که‌ی دانتی ئه‌لاگیریه، دۆزه‌خ.
کۆتجێ له که‌نه‌مارا*
لێره‌وه‌را زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیه، ئه‌م کۆتجه له بێده‌نگیا نوقمه؛ دراوسێی به‌رده‌و هاورێی با. من دوێنێ گه‌شتمه ئێره، ده‌نگی ئافره‌تێ له پاریسه‌وه پێم ده‌ڵێ، "شه‌وان له‌وێ مه‌مێنێره‌وه و ره‌نگه‌کانیش تێکه‌ڵ مه‌که". له‌به‌رده‌م ئه‌م کۆتجه‌دا به‌رده‌ڵانێک هه‌یه، له‌ناویا گیا هه‌موو شوێنێکی گرتووه، ئه‌م گیایانه گه‌ڵاکانیان باریکن و شه‌وانه ئاونگێکی زۆر له خۆ ئه‌گرن. گیا و گه‌ڵاکانی، قه‌سیده‌که‌ی ویتمانم بیرئه‌خاته‌وه. واڵت ویتمان پیاوێک بوو ردێن سپی، له پشت ئه‌م زه‌ریایه‌وه، له سه‌رزه‌مینێ ئه‌ژیا که پێی ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریکا.
دوو سه‌ده له‌مه‌وپێش که په‌تاته نه‌خۆش که‌وت، (تابلۆکه‌ی ڤان کوخ بێنه‌ره‌وه یادی خۆت، په‌تاته خۆره‌کان)، خه‌ڵکێکی زۆر له برساندا مردن، ئه‌وانه‌ی وه‌نه‌وزێکیان تیا مابوو، سواری پشتی گه‌مێیه‌ک بوون، رۆشتن هه‌ر رۆشتن، خۆیان و سکێکی برسی و خه‌ونێکی کۆڵۆمبسیانه، له پشتیشتانه‌وه وڵاتێ که له ژێر پۆستاڵی سه‌ربازه ئینگلیزه‌کاندا خوێنی لێ ئه‌چۆرا، هه‌ر رۆشتن تا گه‌شتنه شارێکی گه‌وره که پێی ده‌ڵێن بۆستن.
من لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ماڵه بۆیاخکه‌م، ده‌نگه دووره‌که پێم ئه‌ڵێ، "ئه‌وه نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌که که‌س له‌وێدا نه‌ژیاوه، ئاگات له ته‌ونی جاجۆڵکه‌کان بێت". ئه‌م کۆتجه کتێبێکه، له لاپه‌ره‌کانیا گۆرانیه‌کانی شه‌ر نووسراوه؛ شه‌ر دژی براکان، شه‌ر دژی دوژمنه‌کان. ژنه‌که که ده‌نگی له دووره‌وه دێ له باڵوێزخانه‌ی وڵاتی ئایرله‌ندا ئیش ئه‌کات، رۆژانێکی زۆری له به‌غا به سه‌ر بردوه‌و زه‌مه‌نێکیش له به‌یروت. که باسی مێژووم بۆ ئه‌کات جار جارێ نینۆکه هێشتا تیژه‌کانی شاره‌زایانه ئه‌خاته برینه سارێژ نه‌بوه‌کانی جه‌سته‌مه‌وه. من ئه‌بێ ئه‌م کۆتجه بخوێنمه‌وه، پاشان ره‌نگی بگۆرم، ئینجا برۆم له سه‌ر تاشه به‌ردێ له به‌ر زه‌ریادا دانیشم گۆرانیه بۆ خۆم و یه‌کێکی تر بۆ ناخودا ویسکی خۆره‌کان بڵێم.
* کۆتج: ماڵێکی شێوه تایبه‌ته به زۆری له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کانه‌دایه.
* که‌نه‌مارا: ناوچه‌یه‌که له رۆژئاوای ووڵاتی ئایرله‌ندا.