ماڵێ گه‌وره
سه‌ردار عه‌زیز
له دیمه‌نی فلیمێکی پاش شه‌ر ئه‌چێ. پاسه‌که رۆشت و پیاوه‌که‌ش که‌وته رێ. باران به لێزمه ئه‌باری. پیاوه‌که ئه‌وه‌نده باڵا به‌رز نه‌بوو، ئه‌و جانتا گه‌وره‌یه‌ی که دابووی به‌شانیا له‌وه‌ئه‌چو زۆر قورس بێت. ئه‌و شه‌قامه‌ی که پێیان ووتبو پیابروات رێک و ره‌وان گوونده‌که‌ی ئه‌کرده دووله‌ته‌وه. له ماڵی سێهه‌م پیره‌ژنێ له‌و دیوو په‌نجه‌ره‌که‌وه له به‌رخۆیه‌وه ووتی، گوێم لێیه باران ته‌ری ئه‌کات. پیاوه‌که سه‌ری داخست بوو ئه‌رۆیی، له هیچ کوێی نه‌ئه‌روانی. جگه له ده‌نگی باران هیچ تر نه ئه‌بیسترا. ئه‌و دیوو گونده‌که ده‌شتاییه‌کی ته‌خت بوو وه‌ک زۆربه‌ی زۆری ووڵات، له دووره‌وه له ته‌مێکی ته‌نکا وون ئه‌بوو. له ماڵی پێنجه‌م پیره‌مێردێ که له‌سه‌ر کورسیه‌ک له نزیک ئاگردانه‌که‌وه دانیشت بوو، به بینینی پیاوه‌که ساتێ راما، ئه‌م غه‌ریبه‌یه له په‌ناهینده ئه‌چێ. پیره‌مێرده‌که به‌باشی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له یادبوو. پیاوه‌که ده‌یزانی بۆ کوێ ده‌روات. ماڵێ گه‌وره له کۆتایی ئه‌م شه‌قامه‌دا پێش هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که. ده‌بێ ماڵێ چۆن بێت، چه‌ندکه‌سی تیابژی، چه‌ندێ گه‌وره بێت، ئایا ئه‌و گه‌وره‌ییه باشه یان خراپ، ئایا گه‌وره‌یی له هه‌مانکاتدا یانی قه‌ره‌باڵغی، ئه‌گه‌ر گه‌وره‌یه چۆڵ بێت دڵگرانه. پیاوه‌که تا نزیک ده‌بوه‌وه زیاتر بیری ده‌کرده‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شوێنێ گه‌وره‌بێت که‌واته جێگایی منی به ئاسانی تیا ئه‌بێته‌وه، به‌ڵام له گه‌ڵ ووشه‌ی گه‌وره‌دا غه‌مێ هه‌بوو، غه‌مێک که هه‌رده‌م شوێنێک هه‌یه بۆ ئه‌ویتر که له‌وێ نیه، ده‌بێ ئه‌وه‌ی که له‌وێ نیه کێ بێت، بۆ له‌وێ نیه، بۆ ناتوانێ له‌وێ بێت. له گه‌وره‌یدا پانتاییه‌ک هه‌یه بۆ پڕکردنه‌وه به‌ڵام ئه‌م جگه له‌خۆی که‌سی تری نه‌بوو. ئه‌م رووتبوونه‌وه له ئه‌وانی تر ئه‌می کردبوه پیاوێ نائاسایی، پیاوێ شته‌کان جیاببینێ له‌وانی تر.
که هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که ده‌رکه‌وت پیاوه‌که وه‌ستا، له لای چه‌په‌وه پردێ هه‌بوو، به سه‌ریا په‌ریه‌وه، له به‌رده‌م ده‌رگایه ره‌نگی سه‌وزی گه‌وره‌دا خۆی بینیه‌وه که له ته‌خته دروستکرابوو. جانتاکه‌ی له سه‌ر زه‌ویه‌که دانا‌و به‌دوای زه‌نگه‌که‌دا ئه‌گه‌را. له گه‌ڵ ده‌ست پیانانا، سه‌گوه‌ر ده‌ست پێ‌کرد. ئای خوایه سه‌گ هه‌یه لێره. سه‌گ له گه‌ڵ غه‌ریباندا دۆست نیه. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد ده‌رگاکه که‌وته له‌رزین و له ناوه‌ندا به‌شێکی بچوکی کرایه‌وه. له گه‌ڵ کرانه‌وه‌دا سه‌گه‌که که ره‌نگێکی سه‌رتاپا ره‌شی هه‌بوو به خێرایی فیشه‌ک هاته ده‌ره‌وه. پیاوه‌که راچڵه‌کی، به‌ڵام هه‌ر خێرا ده‌نگێک له دواوه هات و سه‌گه‌که هێمن بوه‌وه. پیاوه‌که له ترساندا نه‌یزانی ده‌نگه‌که چی بوو. ئینجا پیره‌مێردێ ره‌قه‌ڵه‌ی درێژ به نوشتاوه‌یی هاته‌ده‌ره‌وه. هێی ......... به‌خێربێیت! ئه‌ویش سه‌رێکی راوه‌شاندو ده‌ستی درێژکرد بۆ ته‌وقه‌کردن و سوپاسی کرد. کاتێ که‌سێ فێری زمانێکی نوێ ده‌بێ ووشه‌ی سوپاس له هه‌موو شتێ زیاتر به‌کاردێنێ. پیره‌مێرده‌که خۆی ناساند، هاوسمان، پیته‌ر، حه‌زئه‌که‌م هه‌ر به پیته‌ر بانگمکه‌یت. ئه‌ویش له به‌رامبه‌ردا ووتی، حه‌قیقه‌ت، ئازاد، به‌ڵام هه‌ر به ئازاد با‌نگم که. پیته‌ر زۆر هه‌وڵی دا به‌ڵام هه‌رچیه‌کی کرد نه‌یتوانی بڵێ حه‌قیقه‌ت. ئه‌وه بۆ یه‌که‌م جار نه‌بوو ئازاد ناوی خێزانه‌که‌ی ببێته مایه‌ی سه‌رئێشه‌بۆی. که رۆشتنه ژوره‌وه پیته‌ر له‌دوای خۆی ده‌رگاکه‌ی داخست و ووتی، ئه‌م ده‌رگایه ئه‌وه‌نده به‌کار ناهێنین، پاشان ده‌رگاکه‌ی ترت پێشان ئه‌ده‌م. ئینجا پیته‌ر سه‌گه‌که‌شی به ئازاد ناسان، ئه‌مه تروکه، تروک ناوی ئه‌م سه‌گه‌یه. به‌ناو هێنانی سه‌گه‌که کلکه‌له‌قێی ئه‌کرد.
ژوره‌وه تابڵێی فه‌ریح بوو، به په‌نای دیواره‌کانا هه‌موو جۆره‌شتێ ریزکرابوو. مه‌کینه‌ی دروێنه‌کردنی گیا. داس، خاکه‌ناز، قازمه، مه‌قه‌ستی دارهه‌ڵپاچین. له ناوه‌راستا قه‌مه‌ره‌یه‌کی کۆنی ره‌نگ سور وه‌ستا بوو. تروک له پێشه‌وه رۆشت و به دوایا پیته‌رو ئینجا ئازاد. که له ده‌رگایی یه‌که‌م چونه ژوره‌وه ژورێکی تری له ژوری یه‌که‌م بچوکتر کرایه‌وه. له ناوه‌راستیا کۆڵه‌که دارێک هه‌بوو. له سوچی لای چه‌په‌وه پیانۆیه‌کی کۆن، پیته‌ر ووتی، له بۆنه خێزانیه‌کانا لێره کۆئه‌بینه‌وه، بۆ ئاهه‌نگ گێران. ئازاد چاوێکی به ژوره‌که‌دا گێرا سه‌رێکی راوه‌شاندو ووتی، یا. ماڵه‌که بۆنی شێی لێئه‌هات. بۆنێک یاده‌وه‌ری ئازادی ئازارئه‌دا. رۆژانێکی زۆر له‌مه‌وپێش، ئازاد له ژێرخانی قه‌ره‌قولێکی سه‌ربازه تورکه‌کان له شاری بۆدرومی قه‌راخ ده‌ریای ئیجه بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌ندبوو. بۆنی شێ هه‌مووجارێ ئه‌وێێ ئه‌خاته‌وه یاد. بۆدروم شارێکی بچکۆله‌ی جوان بوو، جوانتر ئه‌بوو ئه‌گه‌ر تورکی لێنه‌ژیایه.
له‌و کونه‌واجه بچکۆله‌یه‌ی که هه‌بوو ئه‌م ئاوی شینی ده‌ریای ئیجه‌ی ئه‌بینی که به‌رده‌وام به‌ره‌و که‌ناره‌که شه‌پۆلی ئه‌دا. قه‌راخه‌که لماوی بوو، ئافره‌تی نیمچه‌رووتی ئه‌وروپایی خۆیان له به‌رخۆرا هه‌ڵخستبوو. ده‌ریاو خۆر‌و ئافره‌ت، سێینه‌ی پیرۆز، تا سه‌ر ئێسقان ئازاربه‌خشن. پاشان به قادرمه‌یه‌کی چه‌ند پله‌ییدا سه‌رکه‌وتن. که ده‌رگایی سێهه‌م کرایه‌وه، هۆڵێکی فه‌رش رێژکراو ده‌رکه‌وت. فه‌رشه‌که کۆن بوو به‌ڵام هێشتا برێکی زۆر له جوانیه‌که‌ی رۆژانی سه‌ره‌تایی پێوه‌مابوو. دیواره‌که ره‌نگی شینێکی ئاسمانی بوو، له کۆتاییدا تابلۆی به‌له‌مێک هه‌بوو له قه‌راخێکی به‌ردینا. پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه کۆتایی هۆڵه‌که وه‌ستان، پیته‌ر کۆمه‌ڵێ کلیلی له گیرفانی پانتۆڵه ره‌نگ نیلیه‌که‌ی ده‌رهێناو ده‌رگایه‌کی کرده‌وه، هۆڵێکی تر ده‌ستی پێ‌کرد. هۆڵه‌که درێژبوو له کۆتاییدا په‌نچه‌ره‌یه‌ک هه‌بوو هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی لێوه دیاربوو. هۆڵه‌که سێ ده‌رگایی تیا‌بوو؛ ده‌رگایی یه‌که‌م بۆ ژوری دانیشتنه‌که ئه‌رۆشت، ده‌رگایی دووه‌م بۆ ژورێکی گه‌وره که پێیان ئه‌وت ژوره‌که‌ی باکور. ره‌نگی فه‌رشه راخراوه‌که سوربوو، ئازاد هه‌ستی به‌وه‌کرد که به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت به خێرهاتنی لێئه‌کرێ. پێش ده‌رگاکه‌ی کۆتایی قادرمه‌یه‌کی له دار دروستکراو هه‌بوو که لێیه‌وه ده‌رۆشتی بۆ نهۆمی سه‌ره‌وه. له ژێرقادرمه‌که‌دا گۆڵه‌به‌رۆژه‌یه‌کی وشک کراوه‌ی گه‌وره هه‌بوو له سه‌تڵێکا دانرابوو. که به‌لایا تێپه‌رین پیته‌ر ووتی، دڵگیره، ها؟ ئازاد به ده‌رفه‌تێکی باشی زانی بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی زانیارییه‌کانی پێشان دات ووتی، ڤان کوخم ئه‌خاته‌وه یاد. پیته‌ر هه‌ڵوێستێکی بۆ کردوو ووتی، به‌ڵێ. کوخ، خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته‌یه، حه‌زت له هونه‌ر هه‌یه. ئازاد ده‌ست و برد به‌ڵێیه‌کی بۆ کرد.
که به‌قادرمه‌که‌دا سه‌رکه‌وتن، پیته‌ر ووتی، ئه‌چین بۆ ژوره‌که‌ی تۆ، یان ئه‌و ژوره‌ی له مه‌ودوا ئه‌بێته ژوری تۆ. قادرمه‌كه زۆرخواربوو، ئازاد سه‌ری له‌وه سورده‌ما چۆن تروک ئاوا به‌ئاسانی سه‌ر ئه‌که‌وێت. که گه‌شتنه ژوره‌که هه‌رهه‌مووی سه‌رتاپا ته‌خته‌بوو. ئازاد له‌دڵی خۆ‌یا ووتی، خوایه هه‌ر تۆزێ له تابوتێ گه‌وره‌تره. ماڵێ گه‌وره، ژورێ بچکۆله. که شته‌کانت رێک خست وه‌ره‌خواره‌وه با به ئه‌وانی ترت بناسێنم. ئازاد ئه‌رێیه‌کی کرد‌و گوێی له ترپه‌ی پێی پیته‌ربوو به قادرمه‌که‌دا ئه‌چوه خوارێ. له ئاسمانی ژوره‌که‌دا په‌نجه‌ره‌یه‌ک هه‌بوو که رێک په‌لوپۆی دارکه‌سته‌ناکه به سه‌ریا شۆربوبوه‌وه. دار که‌ستاناکه وه‌ک زۆر شتی تری ئه‌م مه‌مله‌که‌ته سارده لای ئازاد جوانیه‌کانی خۆی له ده‌ست دابوو. هه‌ستکردن به جوانی له توانای په‌یوه‌ندیکردندایه. جوانیه‌ک ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی په‌یوه‌ندیه‌کی مرۆڤانه‌ی له گه‌ڵا ببه‌ستین ئه‌وا ئه‌و جوانیه بۆ ئێمه نابێته جوانی. له نێو په‌لوپۆی که‌سته‌ناکه‌وه ئاسمان ئه‌بینرا، ئازاد بیری بۆ ئه‌وه‌چوو له رۆژانی خۆردا ئه‌توانێ له ژوره‌که‌یا بمێنێته‌وه و ته‌ماشای خۆربکات. به‌ڵام ئه‌وه ئه‌وه‌نده زوو زوو رونادات. له ژوره‌که‌دا شوێنێک هه‌بوو بۆ هه‌ڵگرتنی کتێب. ئازاد له‌به‌رده‌میا وه‌ستاو وورد وودرێ لێی ئه‌روانی. ره‌نگه رۆژێ بتوانێ هه‌ندێ کتێب له‌وێدا هه‌ڵگرێ. کتێب له ووڵاتی خۆیانه‌وه به دیاری بۆ ره‌وانه بکه‌ن. ئه‌و ده‌قه شیعریانه‌ی که باسی شه‌ری خۆشه‌ویستی و ده‌رده‌سه‌ریه‌کانی عه‌شق ئه‌کات. ئازاد حه‌زی ئه‌کرد ده‌قێکی پیرۆزی ئاڤێستای لابێ بۆ ئه‌وه‌ی به برگه‌کانیا بچێته‌وه. "رووبکه‌مه کام سنور، کام ووڵات؟ بۆ چ لایه‌ک بۆ کامه سه‌رزه‌وی برۆم؟ ئه‌وه‌تا پێشه‌واکان و سه‌رکرده‌کان دووره‌په‌رێزیم لێئه‌که‌ن. وه‌رزێره‌کانیش خاوه‌ن ئاکارێکی وا نین ببنه هۆی شادومانی من! ده‌سه‌ڵات دارانی درۆپه‌رستی ووڵات، دژ به منن رقیان لێمه. ئه‌ی مه‌زدا ئاهورا پێم بڵێ چۆن ده‌توانم تۆ شاد‌و رازیکه‌م". ئه‌و برگه‌یه‌ی ئاڤێساتا مایه‌ی دڵ ته‌نگی بوو. چه‌ندێک دونیا نه‌گۆراوه. عاشقانی حیکمه‌ت هه‌رده‌م له خۆیان ئه‌پرسن ، رووبکه‌مه کوێ. به‌ڵام هه‌رکه زیاتر بیری له برگه‌که ئه‌کرده‌وه، زیاتر‌و زیاتر لاشه‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئافره‌تێ سۆزانی له به‌رده‌میا رووت ئه‌بوه‌وه. زه‌رده‌شت ئاکاری هه‌ژارانی به‌دڵ نیه و له‌وه نیگه‌رانه که ده‌سه‌ڵاتداران له خۆی ناگرن.
کاتێ ئازاد له ده‌رگای ژوری دانیشتنه‌که چوه ژوره‌وه، په‌نجه‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌و سێ ده‌رگای تری بینی، خوایه، ئه‌م ماڵه چه‌ند ئاڵوز‌و پڕ پێچ و په‌نایه. یه‌کێک له ده‌رگاکان به‌بۆیاخێکی ره‌نگ شیری ره‌نگ کرابوو، تانیوه کرابوه‌وه به جوانی چێشتخانه‌که‌ی لێوه ئه‌بینرا. چێشتخانه‌که تا بڵێی ئاڵۆز دیاربوو، له هه‌ر کونج و که‌له‌به‌رێکت ئه‌روانی کاتژمێرێ دانرابوو بیری ئه‌خستیته‌وه که کات چه‌نده‌و چۆن تابێت ته‌مه‌نت ئه‌سوتێ. له چێشتخانه‌که‌دا کچێ قژره‌ش خۆی دابوو به‌سه‌ر دیواره نزمه‌که‌ی ته‌نیشت ته‌باخه‌که‌دا. به‌بینینی ئازاد ئه‌ویش به‌ره‌وه ژوری دانیشتنه‌که هات. له پاشاندا پیره‌ژنێ چاویلکه له چاوی کورته باڵای قه‌ڵه‌و له ده‌رگاکه‌ی تره‌وه ده‌رکه‌وت. پیره‌ژنه‌که خۆی به ئازاد ناسان، من تیا-م، من و پیته‌رو ئه‌م کچه جوانه‌مان، که‌ناوی مێرته‌یه، لێره ئه‌ژین. به‌خێربێیت و هیوادارم ماڵه‌که‌ت به دڵ بێت. ئازاد سوپاسی کرد‌و له‌گه‌ڵیانا ته‌وقه‌ی کرد. له ناوه‌راستی ژوره‌که‌دا مێزێکی درێژی شێوه لاکێشه‌یی هه‌بوو به کورسی له دار دروستکراو ده‌وره‌درابوو. ئازاد له سه‌ر ئه‌و کورسیه دانیشت که ده‌یتوانی ده‌ره‌وه ببینێ له په‌نجه‌ره‌که‌وه. هێشتا باران ئه‌باری. له جۆگه ئاوه‌که‌ی که له شێوه‌ی بازنه‌دا ده‌وری ماڵه‌که‌ی دابوو، دوو قازی ره‌نگ شیری وه‌ک دوو عاشق ملیان له‌یه‌ک پێچابوو، هیچ باکێکیان به باران نه‌بوو. له دوره‌وه‌ش ئه‌سپێ ئه‌بینرا که به کاوه‌خۆیی له ده‌شتاییه‌که‌دا ئه‌له‌وه‌ری. ئه‌وه‌ی بۆ ئازاد بووبوه مایه‌ی تێرامان ئه‌وه‌بوو که بۆچی ئه‌م ژن و مێرده ئه‌وروپیه کچێکی ره‌نگ یابانیان هه‌یه. ئه‌م تێرامانه به جۆرێ بوو، ئازاد بۆ چه‌ندجارێ به ووردی ته‌ماشای تیاو پیته‌ر و مێرته‌ی کرد تا تیا هه‌ستیکرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ست و برد وه‌ڵامی دایه‌وه تیا نه‌بوو به‌ڵکو کچه‌که خۆی بوو. من به ره‌چه‌ڵه‌ک کۆریم، له کاتی شه‌ردا هه‌موو که‌سوکارم له‌ده‌ست دا، کاتێ که له هه‌تیوخانه دانرام، پیته‌رو تیا منیان هێنا بۆ ئێره‌و کردمیانه مناڵی خۆیان. تیا ووتی، ره‌نگه تۆش هه‌ر له‌ده‌ست شه‌ر هه‌ڵهاتبی. ئازاد به‌سه‌رله‌قاندنێکی ره‌زامه‌ندی وه‌ڵامی دایه‌وه. ئه‌توانن باشتر له‌یه‌کتر تێبگه‌ن و گوێ بۆ یه‌کتری رادێرن، تیا ووتی. مێرته تازه له سه‌ره‌تایی بیسته‌کاندابوو، جوتێ چاوی ره‌شی بچکۆله‌ی هه‌بوو له ده‌نکه ترێی ره‌شی کێوی ئه‌چون. پاش ساتێ بێده‌نگی تیا جارێکی تر ووتی، ئێستا هه‌ردوکتان له به‌ره‌کانی شه‌ره‌وه دوورن، ئازادن و ئه‌توانن هاورێتیه‌که حه‌قیقی دروستکه‌ن. کاتێ ئازاد مێزه‌که‌ی جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ژوره‌که‌ی خۆی بروات، بیری له‌وه کرده‌وه بۆ سه‌رده‌مانێ زۆر ئه‌و بروای وابوو که ئه‌و هه‌رچه‌نده ناوی ئازاده به‌ڵام هه‌رگیز هه‌ستی به‌ئازادی نه‌کردوه، سه‌ره‌رای ئه‌وه که ناوی خێزانه‌که‌ی حه‌قیقیه به‌ڵام جگه له ئازار هیچی تر له ژیانیا حه‌قیقی نیه. ژوره‌که‌ی وه‌ک پسکیت ووشک بوو، له سه‌ر کورسیه‌که‌ی به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌که دانیشتوو هه‌ستیکرد سه‌ره‌تایی هه‌ستێکی تر خه‌ریکه چرۆ ئه‌کات، بۆیه حه‌زی کرد گوێ له مۆسیقابگرێ.