پاصی ژماره حه‌وت
سه‌ردار عه‌زیز
ژنێ ناو لیزایه، هه‌رگیز له ژوان دواناکه‌وێ. له ئێواره سارده‌کانی زستانا له ویستگه چۆڵه‌که‌دا، پێکه‌وه قاوه‌ی گه‌رم ئه‌خۆینه‌وه و چاوه‌روانی پاصی ژماره حه‌وت ئه‌که‌ین. هه‌رده‌م ئێواران شه‌قامه‌که وه‌ک دڵم چۆڵه. له چاوه‌روانیا قسه‌ئه‌که‌ین؛ قسه‌ئه‌که‌ین و وشه‌کان له ده‌ممانا ئه‌بێ به هه‌ڵم. لیزا هه‌رده‌م باسی رۆمانه‌کانی مارگرێت ئه‌نتوودم بۆئه‌کات، من هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌زانم ئه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌و خانمانه ئه‌نوسێ که به‌فه‌ره‌نسی پێیان ئه‌ڵێن له فامێ فه‌تال، یان ژنی سه‌ربه‌گۆبه‌ن.
لیزا، قژێکی هه‌یه وه‌ک رۆژانی غوربه‌ت، ره‌ش و ئاڵسکاو درێژ. رومه‌تیشی له‌و په‌یکه‌ره ده‌گمه‌نانه ئه‌چێ جارجارێ پیکاسۆ، بۆ به‌سه‌ربردنی بێزاری دروستیه‌کردن. ئه‌و حه‌زئه‌کات؛ به رووتی گوێ له مۆتزارت بگرێ، به تایبه‌تی سیمفۆنیای ته‌نیا شه‌وێکی بچکۆله (ئاینه کلاینه ناخت)، له باوه‌شما کتێب بخوێنێته‌وه، تا دره‌نگێ به دیار فلیمه ئیتالیه‌کانی فلینیه‌وه دانیشێ.
که شه‌قامه‌که بێده‌نگ ئه‌بێ، به هێمنی به گوێما ئه‌چرپێنێ؛ ده‌رباره‌ی ماڵه‌وه‌تان شتم پێبڵێ؟ ماڵمان له قه‌راخی رووبارێکه له به‌رد، له مه‌مله‌که‌تێ له هیچ کتێبێکا ده‌رباره‌ی نه‌نووسراوه. ئه‌ی دایکت؛ ژنێکه ره‌شپۆش، له خه‌ونی ئایه‌توڵاکان ئه‌ترسێ و به ته‌نیا رۆژگاره‌کانی دووری من ئه‌ژمێرێ. براکانت؛ دایکم جارجارێ منیان ئه‌خاته‌وه یاد، من لای ئه‌وان گورگی بیرچوونه‌وه خواردوومی و یوسفێکم باوکیشم خۆشی ناوێم. ئه‌ی باوکت، من هیچ ناڵێم، که چاوه‌کانی داوای وه‌ڵامم لێئه‌که‌ن، ده‌ڵێم پیاوێکه هیچی ده‌رباره نازانم.
که پاصه‌که دێت، لیزا داوام لێئه‌کات له‌گه‌ڵیا بڕۆم، من ئه‌ڵێم نا. حه‌زئه‌که‌م بگه‌رێمه‌وه کونجه بچکۆلانه‌که‌ی خۆم، به ته‌نیا خه‌ونێ ببینم. که پاصه‌که ئه‌روات؛ من و ته‌نیای و سه‌رما به‌ره‌وماڵ دێینه‌وه.