تاراوگه: شوێنێ له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ!
سه‌ردار عه‌زیز-ئایرله‌ند
ئایا شوێنێکی تر هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ؟ دیدالۆسی جۆیس ده‌ڵێ: "رۆح له‌دایکبوونێکی له‌سه‌رخۆی هه‌یه له دایکبوونێکی تاریک، به به‌راورد به جه‌سته له‌دایکبوونی رۆح پڕ نهێنی تره. کاتێ که‌سێ رۆحی له وڵاته‌که‌یا له‌دایک ده‌بێت، ده‌که‌وێته تۆرێکه‌وه که رێی فرینی لێئه‌گرێ." ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆره‌ی که دیدالۆس باسی ئه‌کات چنرابێت له ئاین، زمان، که‌سوکار، مێژوو، شوێن، ئاشنایه‌تی، مناڵی، هاورێ، ئایا که‌سێ ئه‌توانێ لێی هه‌ڵبێ یان هه‌ر وه‌ک جه‌سته به‌جێی دێڵێ. نوسه‌ر و فیمینستی ئوستورالی جیرمانی گێر، بروای وایه شوێنێکی تر نیه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ. ئایا ماڵ چیه، که‌وا ناتوانین شوێنێکی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی بدۆزینه‌وه؟ به بروای ئیمانوئێل لیڤیناس ماڵ ئه‌و شوێنه‌یه که مرۆڤ چالاکیه‌کانی لێوه ده‌ست پێ ئه‌کات. ماڵ چه‌ند مه‌رجێک به‌رقه‌رار ئه‌کات که یارمه‌تی که‌سێ ئه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له دونیادا چالاک بێت. که‌سێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌دونیادا چالاک بێت پێویستی به‌شوێنێکی وه‌ک ماڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بیکاته خاڵی ده‌ست پێکردن. جگه له‌وه ماڵ ئه‌و شوێنه‌یه که ئاشتی و دڵنیایی تیا به‌رقه‌راره، هه‌ر ئه‌م ئاشتی و دڵنیاییه‌یه که وه‌ها له که‌سی خاوه‌ن ماڵ ئه‌کات تونای ئه‌وه‌ی هه‌بێ کاتێک له ماڵدایه له دونیا داببڕێ، ئه‌م دابرانه پێویسته بۆ تێگه‌یشتن له دونیا؛ چونکه ئێمه ناتوانین له دونیا تێبگه‌ین کاتێ که تیایا چالاکین. به‌م پێیه ئه‌گه‌ر تاراوگه شوێنێک بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، ئه‌وا که‌سی تاراوگه ئه‌و که‌سه‌یه که توانای تێگه‌یشتن له دونیا له ده‌ست ئه‌دات.
بۆیه له ماڵ بوون بریتی نیه له بوون له جوگرافیای ماڵدا به‌ڵکو له ماڵ بوونه له رووی هه‌ست و زانینه‌وه. هایدگه‌ر له قسه‌کردنی له سه‌ر شیعرێکی هۆڵده‌رلین ده‌ڵێ ده‌بێ فێربین له‌ماڵدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماڵدا بین. که‌واته ماڵ به‌ها و هه‌ست و مه‌عریفه‌یه له‌میانه‌ی به‌دواداگه‌راندا پێی ئاشنا ده‌بین. به‌لام ئه‌گه‌ر بگه‌رینه‌وه بۆ گوته‌زاکه‌ی لیڤیناس و پێچه‌وانه‌ی که‌ینه‌وه، ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماڵ تێبگه‌ین ده‌بێ له‌ماڵ برۆینه ده‌ره‌وه. چونکه ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی که له‌مالداین تیایدا چالاکین، چالاک‌بوونیشمان رێمان نادا بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌ین. ره‌نگه ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه له‌و هه‌سته تێبگات کاتێ که‌سێ ده‌یه‌وێ ماڵ به‌جێ بهێڵێ له کاتێکا که به‌جێی دێڵێ لێی تێده‌گات بۆیه ده‌یه‌وێ بۆی بگه‌رێته‌وه.
میلان کۆندێرا دوا رۆمانی خۆی که به‌ناوی بێئاگاییه‌وه‌یه، به‌م جۆره بۆ رۆژنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی کورتکرده‌وه. کچێ له قوتابخانه ده‌بێ بچێ بۆ سه‌فه‌ر بۆ یه‌کێک له سه‌یرانگا پڕ به‌فره‌کانی شاخی ئه‌لپ. کچه‌که هاورێکه‌ی خۆش ئه‌وێ له‌وه‌ش به‌ئاگایه به‌رۆشتنی بۆ سه‌فه‌ره‌که هاورێتیه‌که‌یان کۆتایی پێدێ به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌وه سه‌رپێچی بریاره‌که‌ی ده‌کات و ده‌روا بۆ سه‌فه‌ره‌که. له سه‌فه‌ره‌که له ئه‌وانی تر دائه‌برێت و له نێو به‌فرێکی پاکا له بن دارێکا خۆی رووت ئه‌کاته‌وه تا له سه‌رماندا ده‌مرێ. کۆندێرا ده‌یه‌وێ بڵێ ئێمه سه‌ره‌رای ئه‌وه ماڵ و شوێنه‌کانمان خۆش ده‌وێ به‌ڵام سه‌رپێچی لێده‌که‌ین و به‌جێی دێڵین، که به‌جێی دێڵین لێی په‌شیمانین، بۆیه به ئازاریه‌وه ده‌مرین.
به‌ڵام ئێمه له ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆوه فێری ئه‌وه بووین که بنه‌مای فه‌لسفه‌کردن تێرامانه. ئه‌گه‌ر ماڵ ئه‌و شوێنه بێت که هه‌موو شتێ تیا ئاشنا بێت و له دۆخێکی دڵنیایدا تیایدا بژین ئه‌وا هه‌ستی تێرامانمان له‌لا گه‌ڵاڵه نابێ، بۆیه زۆرگران ده‌بێ له ماڵدا ببینه خاوه‌ن بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی. به‌ڵام لای لیڤیناس ماڵ شوێنی بیرکردنه‌وه‌یه، له هه‌مانکاتدا بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی لای ئه‌و له ساده‌خستنی ئه‌و شت و دیاریدانه‌یه که میانه‌ی رودانیان و به‌رده‌وام بینینمان بۆیان ده‌بنه ساده. بۆیه ئه‌گه‌ر له ماڵێکا بین و هه‌موو شته‌کان تیایدا چی دی نه‌بنه مایه‌ی سه‌رنجمان، هیچ شتێ نه‌بێته رامان ، ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه وایه له گۆرێکدا بین. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا تاراوگه گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌مان ناداتێ که بمانکاته که‌سێکی بیرکه‌ره‌وه. به‌ڵام تاراوگه مرۆڤ ناچارئه‌کات به بیرکردنه‌وه، ئیتر تا چه‌ندێک ئه‌و بیرکردنه‌وانه داهێنه‌رانه‌ن ، مه‌سه‌له‌یه‌کی تره.
ئه‌ده‌بی تاراوگه ئه‌ده‌بی له ماڵ دابرانه. ئه‌ده‌بێکه که ماڵ هه‌رده‌م تیا گه‌وره‌ترین ئاماده‌یی هه‌یه. ئه‌ده‌بی به‌راوردکاری نێوان دوو ژیانه، دوو شێواز. به‌ڵام له‌وه ناچێ ئه‌ده‌بی تاراوگه‌ی کوردی هێشتا له‌دایک بوبێت. بۆئه‌وه‌ی که‌سێک واقیعێک بکاته بابه‌تی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی تۆکمه‌و چروپر له‌و واقیعه تێگه‌شتبێ، تێگه‌یشتنێ که بتوانێ له‌و واقیعه دابرێ و بیکاته که‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی.
به‌بروای من ساته‌وه‌ختی له‌دایکبوونی ده‌قی ئه‌ده‌بی ساته‌وه‌ختی نامۆبوونه. نامۆبوون به جۆرێ هه‌ست بکه‌ی له‌تاراوگه‌دای چونکه ده‌بی هه‌موو روودا و شت و که‌سه‌کان به جۆرێکی وه‌ها جیاواز ببینی که لای ئه‌وانی تر بیکه‌ته مایه‌ی تێرامان. وه‌ک ئه‌و وێنه‌گره‌ی که له‌گۆشه‌یه‌کی زۆر جیاوه له شتێکی ساده ده‌روانێ به‌جۆری وه‌هامان لێئه‌کات لێیرامێنێن. ئه‌م تێروانینه ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌و تێروانینه‌ی به‌ختیار عه‌لی-دا ته‌بابێت، چونکه به‌ختیار ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ که تاراوگه ده‌توانرێ پۆزه‌تیف بێت. به‌ڵام ئه‌م پۆزه‌تیف بوونه ته‌نها بۆ که‌سانێکه که ده‌توانن ئازار بگۆرنه سه‌ر شێوازێکی تر. یان ئازار لای ئه‌وان ئه‌و شه‌یتانه‌یه که فاوستی گۆته پێویستی پێێه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له نوسین. به‌ڵام بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ئازاره هه‌ر به ئازار ده‌مێنێته‌وه. بۆیه کاتێ که نووسه‌رێ له روانگه‌ی ئه‌وانی تره‌وه دونیا ده‌بینێ ئه‌ده‌بێکی پڕ له ئازار ده‌نووسێ. کاتێ ده‌قێ ده‌رباره‌ی پیاوێکه که‌ته‌مه‌نی گه‌نجێتی له کامپی په‌نابه‌ریا کوشتووه له چاوه‌روانی پارچه کاغه‌زێکا، بۆ ئه‌وه‌ی مافی په‌نابه‌ری پێببه‌خشرێ، پیاوێکی وه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی له‌رووی ده‌روونیه‌وه نه‌روخێ پێویستی به‌وه‌یه ئه‌و ماڵه‌ی که‌لێی دابراوه وه‌ک به‌هه‌شت وێنای بکات.
ئه‌گه‌ر سیمای تاراوگه دابران بێت، ئه‌وا له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کا دابران به هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌می نالی نیه. له سه‌رده‌مێکا که به‌هۆی ته‌له‌فزیونی که‌ناڵه ئاسمانیه‌کانه‌وه، ئامێره‌کانی ته‌له‌فونی مۆبایله‌وه دابران پێویستی به سه‌ر له‌نوێ دارشتنه‌وه‌یه. له کاتێکا ده‌توانی رۆژانه دیمه‌نی وڵات ببینی، ئه‌گه‌ر بته‌وێ ده‌توانێ گوێت له‌ده‌نگی هه‌رکه‌سێک بێت که ده‌ته‌وێ کاتێک له ژوره‌که‌تا دانیشتووی، هه‌ر هه‌واڵێکت مه‌به‌ست بێت له رێی که‌ناڵه جیاجیاکانه‌وه ده‌توانی به ده‌ستت بگات، ده‌توانی رۆژانه و هه‌فتانه رۆژنامه و گۆڤاره‌کانی وڵات بخوێنیته‌وه. لێره‌دا به‌هۆی ته‌کنه‌لۆجیاوه تێکچوونێک هه‌یه له نێوان مادی (ئه‌کچواڵ) و مه‌عنه‌ویدا (ڤێرچواڵ). ئایا بۆ که‌سێکی نامۆ کوێ ئه‌کچواڵه و کوێ ڤێرچواڵه؟؟ ده‌زانین که هه‌ردوو دۆخه‌که چ ئه‌کچوال و چ ڤێرچوال دۆخی بوونن. وه هه‌روه‌ها له دۆلۆزه‌وه فێری ئه‌وه بوین که هه‌موو بوونێک له هه‌مانکاتدا هه‌ردوو شێوازه‌که له خۆی ده‌گرێ. که‌واته بۆ کوردێک له تاراوگه، کوردوستان له هه‌مانکاتدا بونێکی مادی و بونێکی نامادی(مه‌عنه‌وی) هه‌یه، به هه‌مان شێوه‌ش تاراوگه. ئه‌م ئاماده‌بوونه مه‌عنه‌ویه‌ی کوردوستان به‌شێوه‌یه‌کی تۆکمه. له کاتێکا یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی بوونی مه‌عنه‌وی نه‌گۆرانه ئه‌وا کوردوستان له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رزه‌مینێک که به به‌راورد به شوێنه‌کانی تر وه‌به‌رهه‌م بهێنرێته‌وه، ده‌بێته سه‌رزه‌مینێک ڤێرچوال که نابێ بگۆردرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی تاراوگه له دایک بێت پێوسیته نووسه‌ره‌که‌ی له رێگای زمانێکی تره‌وه له کوردوستان بنوارێ. یان به زمانێکی تر بنووسێ. له میانه‌ی شه‌ری ناوخۆی یوگوسلافیای پێشوودا ئه‌ڵسکه‌نده‌ر هێمون وه‌ک په‌نابه‌رێکی سیاسی چووه وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. هێمون ده‌رچووی ئادابی ئینگلیزی زانکۆی سه‌راییفۆ بوو. هه‌ر به گه‌شتنی به ئه‌مریکا بریاری دا زمانی ئینگلیزی بکاته زمانی نووسینی، دوای سێ ساڵ هێمون یه‌که‌م کورته‌چیرۆکی نووسی. ئه‌مرۆ ئه‌و له نێو ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزی زماندا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو ناسراوه. خاوه‌نی کۆمه‌ڵه چیرۆکێکه به‌ناوی پرسیاره‌کانی برۆنۆ و رۆمانێک به ناوی که‌سی خه‌ڵکی هیچ کوێ. هه‌روه‌ها له گۆڤاره ناسراو و به‌ربڵاوه‌کاندا وه‌ک نیورکه‌ر و گرانتادا به‌رهه‌مه‌کانی بڵاو ده‌کاته‌وه.