ونبوون به ده‌م بـــا ی قه‌ده‌رێکه‌وه
ئه‌حمه‌د
عه‌لی
Ahmadali525@hotmail.com
کانونی یه‌که‌می1997
ڕۆژانی ڕه‌فاقه‌تمان به‌سه‌رچوو
ئه‌ی دۆستێک پڕ له ته‌مه‌نم،
سه‌رده‌می عاشق بوونمان تێپه‌ڕی
ئه‌ی ده‌نگێک پڕ له ماڵه‌که‌م،
زه‌مه‌نی پێکه‌وه‌بوونمان ڕۆیی
ئه‌ی گوڵێک له باخچه‌ی زاکیره‌م،
چه‌ن دڵۆپێ خه‌می دایکت و
مشتێ ته‌مه‌ننای دڵمت به کۆڵا دا و
به دڵێکی لێواولێو و،
جانتایه‌کی خاڵییه‌وه ڕۆیشتی ڕۆۆۆۆ و
سه‌فه‌رت کرد
سه‌فه‌ر به‌ره‌و ستاره‌یه‌کی نادیار
به‌ره‌و خامۆشترین سه‌حرا
به‌ره‌و پایزیترین ته‌نهایی
که بۆنی هه‌ڵوه‌رین و
ڕه‌نگی عاشقێکی شکاوی لێ نیشتبوو،
ئه‌ی سه‌رابیترین ئاوه‌دانی
سۆراخی ئێره مه‌که ئیتر
لێره کۆڵانه‌کان تۆیان به فه‌رامۆشی سپارد
دره‌خته‌کان ڕه‌نگی تۆیان بیرچوه‌ته‌وه
ئه‌ستێره‌کان له یادیان چوو
که‌سێک هه‌بوو تاکو سه‌حه‌ر
له به‌ر ڕۆشنایی خۆیاندا
ئاوێزانی ته‌نهایی بوو ،،،
ئۆۆۆۆۆۆۆی موسافیر
چنگێ ئاسه‌وارت له منا ماوه‌ته‌وه و
تۆزی زه‌مه‌ن هه‌موو شتێکی داپۆشی
ڕه‌شه‌بایه‌ک هه‌ڵی کرد و
دیواره‌کان له ڕه‌سمی تۆ و
لێوه‌کانی له ناوی تۆ و
ماچه‌کانی له تامی تۆ و
نوێنه‌کانی له بۆنی تۆ سڕییه‌وه.....
موسافیر گیان
ئه‌ی قه‌ره‌جێک بێ سنوور و بێ مه‌نزڵ
ئه‌ی په‌ڵه‌یه‌ک هه‌وری ته‌نها و خۆڵه‌مێشی
له ئاسمانی ته‌ڵخی ئه‌وێ
من نازانم ڕه‌سمێکی ته‌ڵخی ڕابردوو
به دیواری خه‌یاڵته‌وه ماوه یان نا
من نازانم ماڵت هه‌یه و له باخچه‌یه‌ک، وێرانه‌یه‌ک
له چی ئه‌چێ
ماڵێک پڕ بێ له بۆنی تۆ، له داهاتووت
یان لافاوێک ئه‌مڕۆت به‌ره‌و چه‌می نسیان ڕائه‌ماڵێ؟
مه‌گه‌رێوه، ئه‌گه‌ر تیشکێ له چاوانتا مابێته‌وه
ئه‌گه‌ر نیگات له سۆراخی مانگه شه‌وی ئێره‌دایه
ڕه‌نگه‌کانی ئه‌م وڵاته تێکه‌ڵه‌یه‌کن له غوبار
هیچ ناچیته‌وه سه‌ر دوێنێ
هیچ ناچێته‌وه سه‌ر سبه‌ی
ئه‌مڕۆش له هیچ شتێ ناچێ ........
وای موسافیره قه‌ره‌جه‌که‌م
چی موسیبه‌تێک ئه‌بینم
سورایی خوێنی شه‌وانی دڵی ئێره
کاڵبوه‌ته‌وه
هه‌ناسه‌یه‌ک قودره‌تی ئه‌به‌دی بوونی نه‌ماوه
ڕه‌گێک فه‌خری ئه‌زه‌لی بوونی پێ نابڕێ ،
لێره گولله قه‌ت ناپرسێ
ئه‌وه‌ی له دڵی ئه‌چه‌قێ ناوی چییه
ناپرسێ قه‌ت ئازاره‌کانی پێش مردن چ جۆرێکه
ئه‌سه‌ف بۆ ڕاچه‌ڵه‌کینی مناڵێک ناخوا له ناڵه‌ی خۆی
لێره مه‌رگ
خه‌می سووتانی جه‌رگی دایکێک ناخوا
ئاه، بۆ سه‌وزترین ته‌مه‌ن هه‌ڵناکێشێ ،
قه‌ره‌جه‌که‌م که هاتیه‌وه
بــــــــــــا ..
خاڵی بووبیته‌وه له قه‌ساوه‌تی بیابان
له بیره‌وه‌ریه‌کانی ئێره
له دۆستایه‌تی له گه‌ڵ مه‌رگ
له سه‌رخۆشبوون به بۆنی ته‌نهایی
له هۆگریی ئێوارانی
دڵته‌نگتر له دڵی سه‌فه‌ر
ترساوتر له ترسی سه‌فه‌ر.