له‌شکری ئاڕ ئاڕ ، له کوردوستانه‌وه بۆ نیوئۆرلینز.
سه‌رنجێک له کرده‌ی ڕاوڕووت وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی
نووسینی به‌کر ئه‌حمه‌د
سێپتێمبه‌ری 2005
ده‌سته‌واژه‌ی "ئاڕئاڕ" ، ڕاو وڕووت، بۆ یه‌که‌مین جار له دوای ڕاپه‌ڕینی
جه‌ماوه‌ریی شاره‌کانی کوردوستانه‌وه که‌وته سه‌ر زار. به‌ڵام بۆ جارێکی دی و
له‌گه‌ڵ که‌وتنی به‌غدادا، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک دێته‌وه سه‌ر زار و سه‌رنجی
مێدیای جیهانی به‌لای خۆیدا کێشده‌کا و دنیا به خۆیه‌وه ده‌هه‌ژێنێ. دنیایه‌ک که
له چاوه‌ڕوانییه‌کانی که‌وتنی په‌یکه‌ره‌کانی سه‌دامدا، جه‌ماوه‌رێکی به‌رین له
خه‌ڵکی عێراق وه‌ک له‌شکرێکی تاڵانکه‌ر ده‌بینێ و هه‌ر شتێک که به‌هایه‌کی هه‌بێت
، به‌به‌رچاوه‌کانی کامێراوه تاڵانده‌کرێت. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌دا،
به‌شێکی گه‌وره له که‌سایه‌تییه عێراقییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، خه‌جاڵه‌تی
خۆیان له عێراقیبوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن و به پیلانێکی "سووککردنی"ی که‌سایه‌تی
عێراقی له قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن .
ئه‌گه‌ر له دۆخی وڵاتێکی له‌شه‌ڕدا گه‌وزاویی وه‌کو عێراقدا، کۆمه‌ڵێک
ده‌سته‌واژه‌ی ئاماده‌به‌ده‌ست بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی "ئاڕئاڕچێتی" ئاماده‌یی
هه‌یه و هه‌موو خه‌ڵکێکی عێراق و کوردوستان بۆ ساته وه‌ختێک ده‌توانێ قه‌ناعه‌تی
پێبهێنێ، ئه‌وا له‌به‌رانبه‌ر له‌شکری ڕاو وڕووتی شاری "نیو ئۆرلینز"ی ئه‌مریکادا،
کرده‌وه‌که ئاسان نییه. هه‌واڵی ئه‌و هێزه ڕوخێنه‌ره‌ی که له ناخی ئینساندا
شاراوه‌یه و له ڕێگه‌ی کاره‌ساتی سروشتی که دووچاری ئه‌و شاره بووه و به‌ره‌ڵا
بووه، سه‌رسوڕهێنه‌رتر دێته پێش چاو له‌و هێزه مه‌زنه شاراوه‌یه‌ی که سروشت به
سه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کیدا هێناوه.
ئه‌وه‌یشی که‌سانێکی زۆر تووشی شۆک ده‌کات ، به‌ربڵاوی په‌لاماری له‌شکری ئاڕئاڕه
له نیوئۆرلینزدا که ده‌سه‌ڵاتی بۆش و ئیداره‌که‌ی ناچار ده‌کات به ڕاشکاوی بڵێت:"
ئه‌م سه‌ربازانه‌ی ئێمه ده‌ینێرین بۆ ناوچه‌که، که‌سانێکن که له عێراقه‌وه
هاتوونه‌ته‌وه، ئه‌وان ده‌زانن ته‌قه بکه‌ن و فرمانی ته‌قه‌کردنیشیان پێدراوه. "
ئه‌گه‌ر له دۆخی ڕاپه‌ڕینی یه‌که‌می کوردستان و که‌وتنی شاری به‌غدادا، کۆمه‌ڵێک
ڕوونکردنه‌وه ئاماده‌یی هه‌یه و هێشتا له یاده‌وه‌ریماندایه ، ئه‌ی دیارده‌ی
ڕاو وڕووتی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی و مه‌ده‌نی وه‌ک ئه‌مریکا له خانه‌ی کامه
هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ڕیزده‌کرێت.
کۆششی من له‌م نووسینه‌دا، به‌راوردکردنی دوو دیارده‌ی له‌یه‌کچووی ڕاووڕووته که
له دوو پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا ده‌گوزه‌رێت و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌یه
که به بۆچوونی من، له‌گه‌ڵ جیاوازییه گه‌وره سیاسی و کولتورییه‌کانیدا، له‌یه‌ک
سه‌رچاوه‌وه ده‌کرێ ته‌ماشا بکرێن. ئه‌گه‌ر "داخراوی کۆمه‌ڵگا" و "گه‌مارۆی
ئابووری" و "نامه‌ده‌نیبوون"ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای عێراق وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بڵاوی
له‌شکری ڕاوڕووتی عێراق ئاماده‌ییان هه‌یه، "کراوه‌یی کۆمه‌ڵگای ئه‌مریکا " و
"ڕیفاهی کۆمه‌ڵایه‌تی " و "مه‌ده‌نیبوون"ی کۆمه‌ڵگای ئه‌مریکی ئه‌و ئاماژانه‌ن که
ڕێک له پێچه‌وانه‌ی به‌ربڵاوی ئاماده‌یی دیارده‌ی ئاڕئاڕی ئه‌مریکادا له
به‌رانبه‌ر عێراقدا، ده‌کرێ ناویان بێنین.
سه‌رنجدانێک له ئاڕ ئاڕ.
من ئاڕئاڕ به‌و دۆخه ناوده‌به‌م که له غیابی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری
ناوچه‌یه‌ک یان وڵاتێک‌دا، نه‌ک هه‌ر ئیمکاناته مادییه‌کانی کۆمه‌ڵکا و دامه‌زراوه
مه‌ده‌نییه‌کانی دیکه ده‌که‌ونه به‌ر په‌ڵاماری له‌شکری ڕاوڕووت، به‌ڵکو خودی
سه‌روه‌ت و ئیمکاناتی مادی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاش ده‌گرێته‌وه. دۆخێک که تیایدا
ئیتر به ته‌نها تاڵان و ڕاوڕووت کرده‌وه‌ی شه‌خسی کۆمه‌ڵێک که‌سانی پیشه‌یی نین
که به دز یان تاڵانچی ناو ده‌برێن، به‌ڵکو دۆخێکه که تاکه ئاساییه‌کانی دیکه‌ی
کۆمه‌ڵگا ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن و کۆمه‌ڵگاش له ئاستێکی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، وه‌ک
کارێکی تاڕاده‌یه‌ک ڕۆتین، چاوی لێده‌کات.
ئه‌وه‌ی که تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م دیارده‌یه ده‌رده‌خات، گۆڕینی کرده‌ی دزی و
به‌تاڵانبردنی ئیمکاناته‌کانی کۆمه‌ڵگایه له کارێکی ناشایسته و قێزه‌ونه‌وه بۆ
کرده‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ ئه‌گه‌ر بۆ ساته وه‌ختێکی که‌میش بووه. ئه‌وه‌یشی که ئه‌م
کرده‌وه‌ی تاڵانکارییه ده‌کاته کرده‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ، ئه‌و ئاڵوگۆڕه گرنگه‌یه
که که له زه‌مه‌نی به‌ربڵاوی ڕاوڕووتدا، به‌سه‌ر سیسته‌می ئه‌خلاقی کۆمه‌ڵگادا
دێت. واتا ئه‌و سیسته‌مه ئه‌خلاقییه‌ی که ڕۆژکارێک ئه‌م کرده‌وانه‌ی نێگه‌تیڤ
ده‌نه‌خشاند، ئه‌وا له زه‌مه‌نی ڕاوڕووتدا، ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقییانه ناتوانێت به
هه‌مان پێوه‌ره‌کانی دوێنێیه‌وه کار بکات. له پاش ئه‌م ڕوونکردنه‌وه کورته، که
بێگومان له شوێنیکی دیکه‌ی ئه‌م نووسنه‌دا ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ری، به‌راوردێک له
نێوان ئه‌م کردوه‌یه‌دا ده‌که‌م له عێراق و نیوئۆرلینزدا. به‌ڵام وه‌ک
سنوورجیاکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌رنجدانی من له کرده‌وه‌ی ڕاوڕووت به‌و پێناسه‌یه‌ی
که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، ده‌بێ ئاماژه به دیارده‌یه‌کی دیکه‌ی ڕاوڕووت
بکه‌م که ڕه‌نگه لای خوێنه‌ر ئه‌و هه‌سته پێک‌بێنێت که ناکرێت باس له مێژووی
ڕاوڕووت له عێراقدا بکرێت و ئه‌م ئاماژه‌یه دیار نه‌بێت. ئه‌ویش کرده‌ی
ڕاوڕووتێکی سیستیماتیک و به نه‌خشه‌یه که له ئه‌نفال و پرۆسه‌ی داگیرکردنی
کوێتدا خۆینیشانده‌دات. ته‌نانه‌ت له قۆناغه جۆراوجۆره‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی
کوردستانیشدا له هه‌ولێردا، چه‌نده‌ها نموونه‌ی زیندوو له‌به‌رده‌ستدان.
ده‌ڵێن عه‌له‌شیشێک "جاشێک"ی کوشت
سه‌رگوزشته‌ی ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه، ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی ڕاو وڕووته
سیستیماتیک و به‌نه‌خشه‌یه‌یه که به‌عس له کوردستاندا ده‌ستی بۆ ده‌بات. له ژێر
په‌رچه‌می:" سه‌ری بۆ من و ماڵی بۆ تۆ"، به‌عس له عێراقدا، ڕاوڕووت و
به‌تاڵانبردنی شتومه‌ک و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی هاوڵاتییان ده‌کاته ئه‌و
غه‌نیمه‌یه‌ی که هێزه جێبه‌جێکه‌ره‌کانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال پێیهه‌ڵده‌ستن. له
گه‌رمه‌ی هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا، نوکته‌یه‌کی له چه‌شنی ئه‌و ناو نیشانه‌ی
سه‌ره‌وه، ده‌بێته وێردی سه‌ر زار. ده‌ڵێن یه‌کێک له‌و چه‌کداره کوردانه‌ی ڕژێم،
له یه‌کێک له دێهاتی ئه‌نفالکراودا له‌لایه‌ن عه‌له‌شیشێکه‌وه ده‌کوژرێت. بابه
عه‌له‌شیش چۆن زه‌لام ده‌کوژێت، پرسیاره‌که و زۆر که‌س به مێشکیدا دێت. به‌ڵام
به‌پێی نوکته‌که، ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی له‌م جۆره قه‌ناعه‌ت به گوێگر ده‌کات. له
پاش ئه‌نفالکردنی ئینسانه‌کانی ئاوایی، یه‌کێک له چه‌کداره‌کانی ڕژێم عه‌له‌شیشێک
ده‌گرێت و ده‌یخاته بن باڵی. بێ ئاگا له‌وه‌ی که چه‌که‌ی زامن نییه، عه‌له‌شیشی
به‌سته‌زمان له باڵه‌فڕته‌ی خۆیدا، چنگی ده‌خاته سه‌ر په‌له پیتکه‌ی تفه‌نگ و
زرمه‌ی لێهه‌ڵده‌ستێنێ و که‌سی چه‌کدار به‌لادا دێت.
داستانی کوشتنی چه‌کدارێکی ڕژێم له‌لایه‌ن عه‌له‌شیشێکه‌وه، گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕوخساری
ئه‌و دیوی ئه‌نفاله که تیایدا نه‌ک هه‌ر ئینسانه‌کانی ئه‌م هێرشه دڕندانه‌یه بێ
سه‌ر و شوێنکران، به‌ڵکو موڵک و ماڵ و ئیمکاناته مادییه‌کانیشییان به غه‌نیمه‌ت
بران.
له زه‌مه‌نی گرتنی کوێتیشدا، هه‌مان پرۆسه‌ی به‌تاڵانبردنی ته‌واوی ئیمکاناته
مادییه‌کانی کوێت، به‌شێک له نه‌خشه‌ی داگیرکردنی کوه‌یته، ئه‌م جۆره له
کرده‌وه‌ی ڕاوڕووت، به‌شێک له سیاسه‌تی هێزه ده‌رگیره‌کانی شه‌ره و له
چوارچێوه‌ی نه‌خشه جه‌نگییه‌کاندا ئامانجدارانه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه
ده‌ستی بۆ ده‌برێت. واتا ئه‌م جۆره له کرده‌ی ڕاوڕووت، ده‌چێته خانه‌ی
کرده‌وه‌یه‌کی ڕێکخراوی تاوانکارییانه‌وه که که‌متر له لێکدانه‌وه‌ی مندا بۆ
دیارده‌ی ڕاوڕووت وه‌ک کرده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، جێگای ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام وه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێ‌کرد، له‌شکری ئاڕ ئاڕ، وه‌ک ده‌سته‌واژه
له ڕاپه‌ڕینی شاره‌کانی کوردستانی به‌هاری نه‌وه‌د و یه‌کدا، ده‌بێته
ده‌سته‌واژه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ یه‌که‌مین جار له مێژووی شارێکی وه‌کو
سلێمانیدا، چرپای نه‌خۆشی خه‌سته‌خانه‌کان به‌سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌وه‌یه و
ته‌له‌فزیۆن و ئینجانه و کارتۆنه جگه‌ره‌ی له‌سه‌ره. گه‌وره‌ترین عه‌مباری شیش و
ئاسنی شار له ماوه‌ی که‌متر له دوو ڕۆژدا، گسکی لێده‌درێت. وێنه‌ی ئه‌و ژنه‌ی که
فه‌رده ئاردی به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه و قه‌د ڕه‌نگه ڕۆژێک به‌بێ عه‌با و له‌چک
نه‌چووبێته ده‌ر، ده‌م به بۆڵه و گله‌ی له‌وه‌ی که که‌سانی ناپیاوی بێشه‌ره‌ف
نه‌یانهێشتووه وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت، فه‌رده‌یه‌کی زیاتر بێنێت، دیمه‌نێکی
ئاساییه.
دراوسێته و پشتی پیکاب ده‌نێ به ده‌رگای ماڵه‌که‌یه‌وه و له ئێواره‌ی هه‌مان
ڕۆژدا دێته‌وه ناو کۆڕی پیاوان و ژنانی گه‌ره‌ک. هه‌یانه پیاوه‌تی به‌سه‌ر ئاوی
حه‌مامه‌وه ده‌کات و نه‌ک هه‌ر پاکه‌ته جگه‌ره‌یه‌ک، به‌ڵکو پارچه‌یه‌ک جگه‌ره‌ت
بۆ ده‌خاته حه‌وشه‌ی ماله‌وه:" بیگره! پیاوی بێده‌سه‌ڵاتی وه‌ک تۆ چی پێده‌کرێت.
"
ئه‌گه‌ر دزی کرده‌یه‌کی دزێوه و له ڕێگای سیسته‌مه ئه‌خلاقیی و قه‌زائییه‌کانی
کۆمه‌ڵگاوه به‌ر نه‌فره‌تکه‌وتووه و له ناوشیاری ده‌سته‌جه‌معی تاکه‌کاندا
هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌یه وه‌ک کرده‌وه‌یه‌کی ناشیرین، ئه‌وا له زه‌مه‌نی
به‌ربڵاوی کولتوری ڕاوڕووتدا، ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه باڵاده‌ست ده‌بێت.
به‌کارهێنانی چه‌مکی کولتوری ڕاوڕووت به‌و مه‌به‌سته به‌کارده‌هێنم که خودی
کرده‌ی ڕاوڕووت وه‌ک دیارده‌یه‌کی دزێو ، زرنگانه‌وه‌یه‌کی ناشیرین له گوێدا
پێکناهێنێت و له‌شکری ڕاوڕووتچییان به ڕوخساری خۆیانه‌وه به‌به‌رچاوماندا
ده‌گه‌ڕێن. به واتایه‌کی تر، گۆڕانی کرده‌یه‌کی وه‌ک ڕاوڕووت و به‌تاڵانبردنی
ئیمکاناته‌کانی کۆمه‌ڵگا، هێنده ساده ده‌بێته‌وه که ئیدی توانای
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی جۆرێک له فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و تاکو
گروپانه‌ی دی که پره‌نسیپه ئینسانی و ئه‌خلاقییه‌کانیان ڕێیانپێنادات به‌شداری
پرۆسه‌ی ڕاوڕووت بن.
ڕه‌نگه ئاماژه‌دان به ده‌سته‌واژه‌یه‌کی له‌چه‌شنی ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی خواره‌وه
که له زمانی گه‌نجێکه‌وه که به‌شداری له کرده‌ی تاڵان و ڕاوڕووتی ئه‌م
دواییانه‌ی عێراقدا نه‌کردووه و خۆی به مایه پووچ له قه‌ڵه‌مده‌دات، کارێکی
پێویست بێت و که‌مێک له‌و ڕاستییانه‌مان بۆ ڕۆشنبکاته‌وه که کولتورری ڕاوڕووت که
له دۆخی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداریدا په‌یدا ده‌بێت و ده‌کرێ چه‌ند ڕۆژێک
یاخود چه‌ند مانگێکیش بخاێنێت. ئه‌و ده‌ڵێت:" بۆ ئه‌وه‌ی منیش وه‌کو ئه‌و
جه‌ماوه‌ره به‌رینه‌ی که ڕووخاندنی سه‌ددام له پڕێکه‌وه کردی به کوڕێک، ده‌بێت
ده‌سته و دوعا دابنیشم خوازیاری ئه‌وه بم ئه‌مریکا له ئێران بدات و له‌و فڕکان
فڕکانه‌دا شتێکم به‌رکه‌وێت."
ئه‌وه‌ی که دیارده‌ی تاڵان و ڕاوڕووت به جۆرێک هێنده به‌رینبووه‌ته‌وه و
ئه‌وانه‌ی که نایانه‌وێت به‌شداری ئه‌م پرۆسه‌یه بن به‌هه‌ر هۆکارێکی
ئایدیۆلۆژییه‌وه بێت، له ژێر فشارێکی هێنده گه‌وره‌ی باڵاده‌ستی ئه‌م کو‌لتووردا
ده‌ناڵێنن، که ته‌نها جۆره ده‌ربڕینێکی له چه‌شنی سه‌ره‌وه، توانای وه‌سفکردنی
ده‌بێت.
دیارده‌ی نه‌کڕینی سه‌یاره‌ی علوج و هه‌ستکردن به شه‌رمه‌زاری و دواتریش قبوڵکردنی
له ئاستێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، چیرۆکی باڵاده‌ستی کولتورێکه که دۆخی
ڕاوڕووت ده‌یخوڵقێنێت.
ڕاوڕووت وه‌ک کرده‌یه‌کی تاوانکارییانه‌ی ڕێخکراو
له هه‌موو ئاڵوگۆرێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، گروپێک
له که‌سانی تاوانکار هه‌یه که خوازیاری که‌ڵکوه‌رگرتنه له ڕووداوه‌کان. من
قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه که‌مه له له‌شکری ئاڕئاڕ نییه که وه‌ک تۆڕێکی
ڕێکخراو، به‌شداری پرۆسه‌ی ئاڕئاڕن. ئه‌م گروپه له دوای تاقیکردنه‌وه‌کانی
ڕاوڕووتی ساڵی نه‌وه‌د و یه‌کی کوردستانه‌وه، به خۆئاماده‌ییه‌کی گه‌وره‌تر و
سازمانتره وه، له‌به‌رانبه‌ر ڕاوڕووتی که‌وتنی به‌غدا و شاره‌کانی دیکه‌ی
عێراقدا، ئاماده‌ییان هه‌یه.
سه‌فه‌ری ئه‌م هێزه تاڵانچییه ڕێکخراوه‌ی شاره‌کانی کوردوستان بۆ به‌غدا و موسڵ و
گرتنی هوتێل له‌م شارانه‌دا به‌ر له ڕوودانی جه‌نگ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌پاڵی گه‌وره‌تر
بگرێت، دیمه‌نی ئه‌و ئاڕئاڕچییه نییه که له یه‌کێک له دامه‌زراوه‌کانی
به‌غدادا هیچی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه و ئینجانه‌ی ژووری به‌ڕێوه‌به‌ری به
ده‌سته‌وه‌یه و له به‌رانبه‌ر چاوه‌کانی کامێرای که‌ناڵی العربیه‌دا ده‌ڵێت:"
چیبکه‌م هه‌ر ئه‌وه مابوو". به‌ڵکو ئه‌م به‌شه له له‌شکری ئاڕئاڕ، گروپێکی
تاوانکاری سازمانده‌یه و نه‌خشه‌دارانه ده‌یه‌وێ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، کرده‌وه
تاوانکارییه‌کانی خۆی ئه‌نجامبات.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی من له له‌شکری ئاڕئاڕ، ئه‌و عه‌شامه‌ته به‌رینه‌یه که قه‌ت
ڕۆژگارێک له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا نه‌بووه، سه‌تڵی دراوسێکه‌یان به‌رێت و که‌چی
به‌به‌رچاوی هه‌موو ناسیاو و نه‌ناسیاوه‌کانی خۆیه‌وه، شتومه‌که تاڵانکراوه‌کانی
پیشانی ئه‌وانی دی وه‌ک خۆی ده‌دات.
چی واده‌کات حه‌شاماتێکی زۆر له یه‌ک له‌حزه‌دا به جۆرێک ڕه‌فتار بنوێنێ که
جاران وا نه‌بووه؟
ڕاوڕووت له عێراقدا و مۆدیلی ڕوونکردنه‌وه.
من ناچارم سه‌رنجێکی ئه‌م دیارده‌یه‌ی عێراق بده‌م و دواتر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر
نیوئۆرلینز. چونکه به بڕوای من، له‌گه‌ڵ دووری مه‌سافه جوگرافی و کولتوری و
ئاستی پێشکه‌وتووی ته‌کنیکی ئه‌م دوو شوێنه‌دا که له‌یه‌که‌مین نیگادا زۆر گه‌وره
دێته پێش چاو، هێشتا ئه‌و خاڵه هاوبه‌شانه‌ی که هۆکار و به‌رپرسیارێتی به‌ربڵاوی
ئه‌م دیارده‌یه له‌وێ و لێره، زیاتر گه‌وره‌تر دێته پێش چاو وه‌ک له
جیاوازییه‌کانیان.
عێراق وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراو
ره‌ِنگه تێزی داخراوی کۆمه‌ڵگای عێراق به‌هێزترین ئه‌و تێزانه بێت که له پشت
ڕوونکردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی تاڵان و بڕینی ڕووداوه‌کانی به‌هاری نه‌وه‌د و یه‌کی
کوردستان و دوای که‌وتنی به‌غداوه ئاماژه‌ی پێدرابێت. کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراو به
هه‌موو مانا سیاسی و کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانییه‌وه. کۆمه‌ڵگایه‌ک که
سیسته‌مێکی تۆتالیتاری به‌ڕیوه‌ی ده‌بات و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسی دیموکراسی
تیادا نه‌بووه. کۆمه‌ڵگایه‌ک که تیایدا جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی خه‌ڵک وه‌ک
"گه‌له‌یه‌ک" له ئاژه‌ڵی دیلکراو تیایدا یه‌خسیرن. کاتێک ده‌رگاکانی ئه‌م زیندانه
ده‌خرێته سه‌ر پشت، ئیتر ئه‌م زیندانییه دیلکراوه، له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئازادکردنی
خۆیدا، وه‌ک ئاژه‌ڵێک ڕه‌فتار ده‌کات . به‌وه‌ی که له کۆمه‌ڵگایه‌کی وادا
گه‌وره‌بووه، هیچ متمانه‌یه‌کی به دامه‌زراوی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ت و سامانی
کۆمه‌ڵگاش نییه. ڕێک له‌گه‌ل ئه‌و ده‌ربڕینه‌دا ڕه‌فتار ده‌نوێنێت که له "تۆپینی
خۆی و زه‌ره‌ری خاوه‌نه‌که‌یدا" شاگه‌شکه ده‌بێت.
به‌ڵام عێراقی کۆمه‌ڵگای داخراو، عێراقی حه‌ساری ئیقتیسادی و عێراقی جه‌نگه‌کانه.
ئه‌م ئاماژه‌یه‌یان زیاتر له‌و هۆکاره ئابوورییانه‌دا ده‌سووڕێته‌وه که کرده‌ی
ڕاوڕووت ده‌کاته په‌رچه‌کردارێکی هه‌ژاره‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی فه‌رده ئاردێکی
زیاتر.
به واتایه‌کی تر، ئه‌م ڕوونکردنه‌وه ئابوورییه، هێنده‌ی پاساوی تاڵان‌کردنی
ئیمکاناته‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌داته‌وه و مۆری ته‌ئیدی لێده‌دات، هێنده به شوێن
هۆکاره واقعییه‌کانی ئه‌م کرداره‌وه نییه که چ سایکولۆژییه‌ک له پشت له شکرێک
له هێزی ئاڕئاڕه‌وه‌یه.
به‌ڵام له هه‌مووی سه‌رنجڕاکێشه‌ر تر ئه‌وه‌یه، به جیا له‌و چوارچێوه سیاسییه
ئابوورییه‌ی که ئاماژه‌ی پێده‌درێت، عێراقی زه‌مه‌نی ئاڕئاڕ، عێراقی زه‌مه‌نی شۆڕش
و ڕووداوه گه‌وره‌کانه. واتا له ڕاپه‌ڕینی یه‌که‌می کوردستاندا، پرۆسه‌ی
ڕاوڕووت، له چوارچێوه‌ی هه‌لومه‌رجێکی" شۆرشگێڕانه"دا چاوده‌کاته‌وه که هێشتا
ڕزگاری و ئازادی و خوێنی شه‌هید و بۆنی قوربانییه‌کان هه‌ر گه‌رمن. له دوای
که‌وتنی په‌یکه‌ره‌کانی سه‌ددامه‌وه‌یه که کۆتایی ڕه‌شترین ڕۆژگاره‌کانی
کۆمه‌ڵگای عێراقه. واتا ئه‌گه‌ر چه‌مکی موساده‌ره‌کردنی شۆڕگێڕانه پرۆسه‌ی
به‌شێکی گه‌وره‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانی دیکه‌ی گۆشه و که‌ناره‌کانی دیکه‌ی
دنیایه و به‌شێک له هێزه شۆڕشگێڕه‌کان ده‌ستیان بۆ بردووه، ئه‌وا له عێراق و
کوردستاندا تاڵان و تاڵانکاری لێده‌که‌وێته‌وه. به‌ڵام ئێمه له به‌رانبه‌ر
هه‌لومه‌رجێکی شۆڕشگێرانه‌دا، خاوه‌نی ئه‌حزابی سیاسی "شۆڕشگێڕانه"ی واین که خۆی
به‌شێک له پرۆسه‌ی سازمانده‌ی کرده‌ی ئاڕئاڕچێتییه. ئه‌م لایه‌نه ده‌کرێ
وردکردنه‌وه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بکرێت که ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه سیاسییه
باڵاده‌سته‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق، پێکهاته‌یه‌کی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م
بزووتنه‌وه باڵاده‌ستانه‌ی ئه‌مڕۆی عێراقییان هه‌بوایه، ده‌کرا قسه له‌سه‌ر دۆخی
ئاڕئاڕ بکرێت؟
به‌ڵام به‌وه‌ی عێراق کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوه و خاوه‌نی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی
دیموکراتی نییه، بۆیه کارێکی ئاساییه که په‌یوه‌ندییه‌کانی هاوڵاتییان به
داموده‌ستگا خه‌ده‌ماتی و حکومییه‌کانه‌وه، له نه‌بوونی متمانه‌ی هاوڵاتییاندا
بناڵێنێت. واتا ئه‌وه‌ی به متمانه‌ی هاوڵاتییان ده‌ناسرێت که ڕێزی بۆ خه‌ده‌ماته
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌بێت، له وڵاتێکی
وه‌کو عێراقدا سفره. هه‌ر بۆیه‌ش له‌گه‌ڵ تێکچوونی شیرازه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی
ده‌سه‌ڵات که له نێوان هاوڵاتییان و ئه‌واندایه، فه‌رهودکردنی ته‌واوی ئه‌و
ئیمکانانه مادییانه، ده‌بێته کرده‌وه‌یه‌کی سروشتی.
له به‌غداوه بۆ نیوئۆرلینز
به له به‌رچاوگرتنی ئه‌و هۆکارانه‌ی که بۆ ده‌رکه‌وتنی دۆخی ئاڕئاڕ له عێراقدا
له‌به‌رچاوده‌گیرێن، ئێمه له به‌رانبه‌ر ڕووداوێک و کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو
پێچه‌وانه‌ی وه‌ک عێراق‌داین. کاره‌ساتێکی سروشتی قه‌وماوه و خه‌به‌رێک له شۆڕش و
حه‌ماسه‌ی شۆڕگێڕانه نییه، دراوسێ و پیرو په‌ککه‌وته‌کانی شارت له به‌رانبه‌ر
ڕه‌حمه‌تی هێزێکی سروشتی‌دا، به چۆکدا هاتوون. گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی دنیا که
توانای ناردنی چه‌که کۆکوژه‌کانی هه‌یه به هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رێکی دنیا له
که‌مترین کاتدا، ده‌وڵه‌ته و مێژووی درێژترین ده‌سه‌ڵاته "دیموکراسی "و
گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاته دیموکرات"ه‌کانی دنیایه. هاوکاتیش که هیشتا ته‌رمی
قوربانیه‌کای لافاو به سه‌رشه‌قام و له ناو ماڵه‌کاندا که‌وتوون که‌چی
جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی خه‌ڵک، له پرۆسه‌ی تاڵان‌کردنی ته‌واوی دوکان و داموده‌سگا
حکومییه‌کاندان. وه‌ک چۆن له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، دیسانه‌وه له‌شکری ئاڕئاڕ
له ڕاوڕووتی شاری نیوئۆرلینزدا، سیمای ئه‌و پیاوه ڕه‌شپێسته نییه که دێته
سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌کان و ده‌ڵێ:" به‌وه‌ی که هیچ ئیمکاناتێکی کۆمه‌ک
نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌م شاره، ناچارم شیر بۆ مناڵه‌کانم بدزم"
مه‌به‌ستم، ئاڕئاڕچی له‌م دۆخه‌دا ئه‌و که‌سه نییه که دێته سه‌ر شاشه‌ی
ته‌له‌فزیۆن و ئاوا ده‌دوێت، به‌ڵکو ئه‌و ده‌مووچاوه ناسراوه‌یه که له‌گه‌ڵ تیپی
کامێرای که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا دوکان ده‌شکێنێت و ته‌له‌فزیۆن ده‌دا به شانی‌دا
له شارێکدا که کاره‌بای تیا نییه. دۆخی ئاڕئاڕ له نیو ئۆرلینزدا له
زه‌مه‌نێکدا ڕوونادات که ده‌وڵه‌ت هیچ ئیقدامێکی له خۆی نیشاننه‌داوه و
جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی خه‌ڵک پێیان وایه، ئه‌مریکا هێنده ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌یه،
که توانای چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه‌ی هه‌یه‌له که‌مترین کاتدا. به واتایه‌کی دی،
دۆخی ئاڕئاڕ له نیوئۆرلینزدا کاتێک ده‌گوزه‌رێت، که هێشتا خه‌ڵک نازانێت،
کۆمه‌که ئینسانییه‌کان دوا ده‌که‌ون و هێشتا له ئومێدی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی
ده‌وڵه‌ته‌که‌یاندا، پشت ئه‌ستوورن. به‌ڵام نیوئۆرلینز شاری ڕه‌شپێسته‌کانی
ئه‌مریکایه. ئه‌وانه‌ی له شاردا ده‌مێننه‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ن که ئیمکانی
ده‌رچوونیان نییه. ئه‌مه به‌شێک له چیرۆکه‌کانی ڕوونکردنه‌وه‌ی مێدیای
خۆرئاوایه. به واتایه‌کی دی، دیسانه‌وه هه‌ژاربوونی له‌شکری ئاڕئاڕ ده‌کرێته
موتیڤی ڕاوڕووتی ئه‌م شاره. ئیتر چه‌مکه‌کانی " مه‌ده‌نیبوون" و "کراوه‌یی
کۆمه‌ڵگا" "بوونی متمانه‌ی هاوڵاتییان" به ده‌سه‌لاته سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی
ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، هیچ شتێکی تایبه‌تمان پێناڵێن.
به‌ڵام من چ له دۆخی عێراق و چ له دۆخی نیوئۆرلینزدا، تێزی ئینتیمای چینایه‌تی،
"هه‌ژار ونه‌داربوون" له‌شکری ئاڕئاڕ ده‌خه‌مه ده‌ره‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌که‌مه‌وه.
نه‌ک به هۆی ئه‌وه‌وه‌ی که هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان کرده‌ی ڕاوڕووت و شوێن
پێی چینایه‌تی ئینسانه‌کاندا نییه، به‌ڵکو به ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که
قبوڵکردنی چیرۆکی هه‌ژاری و نه‌داری ئینسانه‌کان بۆ په‌یوه‌ستبوونی ئه‌وان به
له‌شکری ئاڕئاڕه‌وه، ڕێک گروپێک ده‌کاته تیری نیشانی لێکدانه‌وه. هۆکاره‌که‌یشی
ئه‌وه‌یه، هه‌ر هه‌موو توێژ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌م زه‌مه‌نه تایبه‌تییه‌ی
نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌ک ئاڕئاڕچییه‌ک ڕه‌فتار
بنوێنێ. به واتایه‌کی دی و به‌و هۆکارانه‌ی که سیسته‌می ئه‌خلاقی باوی کۆمه‌ڵگا
به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌کارده‌که‌وێت تاکو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له چوارچێوه‌ی به‌ها
ئه‌خلاقییه‌کاندا ڕابگرێت، دیارده‌که سنووری ئینتیما چینایه‌تییه‌کان ده‌به‌زێنێت
و ئه‌ندامانی سه‌ر به هه‌موو چینه‌کانی کۆمه‌ڵ ئه‌و ئاماده‌ییه له خۆیاندا
نیشانده‌ده‌ن وه‌ک ئاڕئاڕچییه‌ک ڕه‌فتار بنوێنن. هه‌ر بۆیه‌ش من هۆکاری سه‌ره‌کی
دروستبوونی ئه‌م دۆخه و په‌یوه‌ستبوونی له‌شکرێکی به‌رین له ئینسانه‌کانی
کۆمه‌لگا به له‌شکری ئاڕئاڕه‌وه، له کرده‌ی "له‌خۆنامۆبوون"ی ئینسانی ناو
کۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا ده‌بینمه‌وه. کرده‌یه‌ک که به یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته
زاتییه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه و له سه‌رتاپای هه‌موو سیسته‌مه
سه‌رمایه‌دارییه‌کانی ئه‌مڕۆی دنیادا، به ئاسته جۆراوجۆر و جیاوازه‌کانییه‌وه
ئاماده‌یی هه‌یه. له خۆنامۆبوونێک که بنه‌ماکه‌ی له سیسته‌می ئابووری
سه‌رمایه‌داریدایه . پرۆسه‌یه‌ک که هێنده سروشتی بووه‌ته‌وه له به‌رچاومان،
وه‌ک به‌شێک له سایکۆلۆژیه‌تی ئینسانه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی لێهاتووه.
کرده‌یه‌ک له مبه‌ره‌وه ئینسان ڕۆژانه هه‌زاران کاڵای جۆربه‌جۆر به‌رهه‌مدێنێ و
خۆیشی ده‌ستی به‌به‌شێکی زۆر له‌و کاڵایانه‌دا ناگات. ئه‌م دۆخه ئه‌گه‌ر له
نیوئۆرلینزدا بێت، به ته‌واوی پانتایی چه‌مکه‌که‌وه ئاماده‌یی هه‌یه و، له
کوردوستان و عێراقیشدا به هه‌مان شێوه. ئه‌گه‌ر دروستییه‌ک له ده‌ربڕینی چه‌مکی
کۆمه‌ڵگای داخراودا هه‌بێت و عێراق و کوردوستان به‌م کۆمه‌ڵگایانه‌وه
بناسرێنه‌وه، ئه‌وا ئاماده‌یی کۆمه‌ڵگای داخراو له وڵاتیکی وه‌ک ئه‌مریکادا، وه‌ک
دابه‌شبوونی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگا ، به هه‌زاران شێوازی جۆراوجۆر
ده‌رده‌که‌وێته‌وه. ڕه‌شبوون له خۆیدا، به مانای له‌په‌راوێزه‌وه نانی تۆی
ئینسان له زۆرێک له‌و بواره کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه و
ئینسان وه‌ک ڕه‌ش هیچ کات ناتوانێت سنووره داخراوه‌کانی نه‌بینێت. بۆیه‌ش
دیواره‌کانی نێوان ئینسان و ئیمکانتانه مادی و مه‌عنه‌وییه‌کانی کۆمه‌ڵگا هه‌میشه
له‌به‌رزبوونه‌وه‌دان.
ئه‌وه‌ی که چه‌مکی هه‌ژاری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌م تێڕوانینه‌ی مندا ده‌کاته
ده‌ره‌وه‌ی بنه‌مایه‌ک بۆ شیکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی ڕاوڕووت چ له کوردوستان و چ له
ئه‌مریکادا، خودی پرۆسه‌ی له‌خۆنامۆبوونی ئینسانه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه و
ده‌کرێ که‌سێک هه‌ژاریش نه‌بێت و ئه‌م دۆخی نامۆییه به قورسترین
شێوازه‌کانیه‌وه‌ی له‌مس بکات.
ئه‌م پرۆسه‌ی له‌خۆنامۆبوونه‌ی ئینسان، ئه‌م پرۆسه‌ی دابڕانه‌ی ئینسان له
به‌هره‌مه‌ندبوونی له‌و ئیمکاناتانه‌ی که خۆی خولقێنه‌ریه‌تی، ته‌نها ده‌کرێ به
که‌مکردنه‌وه‌ی قڵشت و به‌رزیی و نزمییه‌کانی سنووره چینایه‌تییه‌کان
که‌مبکرێته‌وه. به واتایه‌کی دی، کۆمه‌ڵگایه‌ک که له ڕێگای تۆڕی خه‌ده‌ماتی و
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سیسته‌می ده‌وڵه‌تی ڕیفاهیه‌وه توانیبێتی ئه‌م پرۆسه‌ی
دابڕانه ئینسانیه‌ی ئینسانه‌کان له ئیمکاناته مادیی و مه‌عنه‌وییه‌کانی کۆمه‌ڵگا
به ئاستێک گه‌یاندبێت، که پرۆسه‌ی له خۆنامۆبوونی ئینسان نه‌ک ڕیشه‌کێش کراوه،
به‌ڵکو به ئاستێک گه‌ێنراوه، که حه‌سره‌ته‌کانی تاک ، له دۆخی ئاخ و
حه‌سره‌تێکدایه که له وڵاتێکی وه‌ک سوییدایه نه‌ک له ئه‌مریکادا.
له دۆخی عێراقدا، ئێمه له‌به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کداین که ته‌واوی ئیمکاناته
مادییه‌کای له‌لایه‌ن حزبێکی ده‌سه‌ڵاتداری وه‌ک به‌عسه‌وه قۆرخکراوه و کۆمه‌ڵگا
به ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژارییه‌وه، ده‌بێ له ڕێگای کۆپۆنه‌کانی بایعییه‌وه له
پێداویستییه زه‌رورییه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌هره‌مه‌ند بێت. له مه‌مله‌که‌تی نه‌وتدا،
ده‌بێ ئینسانه‌کان، به گاڵۆن و ته‌نکه‌وه بچنه وێزه‌ی شه‌ڕی وه‌رگرتنی .
له ئه‌مریکادا، ئێمه له‌به‌رانبه‌ر بێڕه‌حمترین سیسته‌مه چینایه‌تییه‌کانی
سه‌رده‌مداین. بۆ ئه‌وه‌ی له ئاستێکی ڕیفاهی ساده‌ی مامناوه‌ندی وه‌ک هاوڵاتییه‌ک
ژیان بگوزه‌رێنی، ده‌بێ لانی که‌م خاوه‌نی سێ تاچوار کاری جۆراوجۆر بیت. واتا
دیواره‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی هێنده به‌رزن، که له نێوان ئینسان و حه‌ز و
خواسته‌کانیدا، مه‌مله‌که‌تێک هه‌یه که جگه له خۆنامۆیی هیچ شتێکی دی ناکرێ
ناوی لێبنرێت.
به‌رزی و نزمییه‌کانی ئینتیمای چینایه‌تی ئینسانه‌کان له وڵاتێکی وه‌ک سوییددا،
له ڕێگه‌ی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی ڕیفاهه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک که‌مکراوه‌ته‌وه نه‌ک
نه‌هێڵرابێت. به‌ڵام له ئه‌مریکاو له عێراقیشدا، له‌گه‌ڵ جیاوازییه جوگرافی و
کولتورییه‌کانی نێوانیاندا، له‌یه‌ک سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بێ تۆڕی ڕیفاهی گشتی بۆ
ئینسانه‌کاندا هاوبه‌شن .
به بڕوای من، ئاستی پرۆسه‌ی له خۆنامۆبوونی ئینسانه‌کانی کۆمه‌ڵگا له پرۆسه‌ی
ده‌ستنه‌گه‌یشتنیاندا به ئیمکاناته مادیی و مه‌عنه‌وییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا،
په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وانه‌ی هه‌یه به خوڵقاندنی دیارده‌ی ڕاو وڕووت له
کۆمه‌ڵگادا.
واتا تا کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و ئاسه‌واره‌کانی له ژیانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا له
ڕێگه‌ی خه‌ده‌ماته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ده‌وڵه‌ت و داموده‌ستگاکانیه‌وه
که‌مکرابێته‌وه، خۆپارێزی کۆمه‌ڵگا به ڕووی دیارده‌ی ڕاوڕووتدا به‌هێزتر ده‌بێت.
ڕه‌نگه قسه‌ی ئه‌و پیره‌مێرده ئاڕئاڕچییه‌ی که له گه‌رمه‌ی ڕاوڕووتی شاره‌کانی
کوردوستاندا، ڕۆشنتر ئه‌م پرۆسه‌یه‌مان بۆ ڕوونبکاته‌وه. ئه‌و پیره‌مێردێکی به
ساڵاچووه و سۆپایه‌کی نه‌وتی ناوه‌ته سه‌ر سه‌ری و ژنێکی ڕێبوار پێیده‌ڵێ:" وه‌ڵا
مامه گیان هه‌ر بۆ تۆ باشه"، که‌چی مامه پیره به‌و په‌ڕی توڕه‌بوونه‌وه
وه‌ڵامده‌داته‌وه و ده‌ڵێ:" بۆ داده گیان پێمان ڕه‌وا نا‌بینیت؟" ئه‌و هێزه چییه
که وا له تاکێکی کۆمه‌لگا ده‌کات که سۆپای مه‌کته‌بێکی مناڵانی قوتابخانه‌یه‌کی
شاره‌که‌ی به‌هی خۆی بزانێت، جگه له‌و خه‌ون و خولیا چه‌پێنراوانه‌ی که سیسته‌می
چینایه‌تی له‌و دیو سنووره‌کانی حه‌ز و خواسته فه‌ردییه‌کانی ئینسانه‌کانه‌وه
دیلیکردوون.