ته‌نها بیستویه‌ک گرامه! کێشی ژیان
به‌ختیار که‌ریم
به‌رله‌وه‌ی لافاو ئه‌و چوڵ و بیابانه به‌رفراوانه پڕبكاته‌وه و ئه‌و ده‌ریا زه‌به‌لاحه سامناكه دروست بكات، جوتێك عاشق به‌خۆیان و ده‌ستاڕه‌كه‌یانه‌وه سه‌رقاڵی هاڕینی خوێی زبر بوون... عه‌شق و نیگا سه‌رمه‌ست و نغرۆی جیهانی خه‌ونی یاساغ و پڕ سه‌ركه‌شی كردبوون، بێ‌ئاگا له ڕه‌هێڵه و لێزمه‌ی باران ئاوێزانی یه‌كدی ده‌بوون، باران ته‌ڕی ده‌كردن و به ماچ یه‌كدیان وشكده‌كرده‌وه.. ده‌ستاڕیش هه‌ر ده‌گه‌ڕا. غه‌زه‌بی خوا له شێوه‌ی لافاودا به‌سه‌ریاندا هاژه‌ی كرد و نوقمی نێو هه‌ناوی ته‌ڕ و قوڕاوی خۆی كردن، له‌و سایه‌وه و تا ئێستاش بێ‌باك له غه‌زه‌بی خوا و ده‌ریا هه‌ر خه‌ریكی هاڕینی (خوێ(ن و ده‌ریا سوێر و سوێرتر ده‌كه‌ن.
هه‌ر كه دۆلكه ئاوه سوێره‌كه‌ی ده‌نا به‌سه‌ریه‌وه ئه‌و چیرۆكه سوێره‌ی ده‌گێڕایه‌وه، نه ڕۆژێك و نه ده له‌گه‌ڵ شكاندنی هه‌ر تونێتیه‌كیدا ئه‌و چیرۆكه‌ی دووباره ده‌كرده‌وه، سه‌رنجی یه‌ك به یه‌كی ئێمه‌ی ده‌دا و پێکه‌نینێکی گاڵته‌جاڕانه‌ی به‌و مێشکه بچوکه‌ی ئێمه ده‌هات که جێگه‌ی ئه‌و چیرۆکه ئه‌فسوناویانه‌ی تێدا نابێته‌وه. پاش تاوێک فرمێسک ده‌ڕژایه نێو پانتایی سپێنه زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی چاوانی، که جگه‌ره ڕه‌نگیانی له سپییه‌کی شیرییه‌وه گۆڕی بوو بۆ زه‌ردێکی ئێجگار کاڵ، جگه‌ره‌یه‌کی ئه‌ستوری پێده‌کرد که ته‌نها ئه‌و کاتانه‌ی دڵی خۆش بوو به پێچانه‌وه‌یانه‌وه خه‌ریک ده‌بوو و به‌شی چه‌ند تاوێکی نیگه‌رانیان ده‌کرد. فرمێسکه‌کان ده‌تکانه سه‌ر ڕوومه‌تی چرچی و له‌وێوه بۆ زه‌ویه‌که‌ی به‌رده‌می ده‌کشان، هه‌ندێك دڵۆپی بزێو دزه‌یان ده‌کرده ده‌مییه‌وه، به تووڕه‌ییه‌کی بێ ئامانه‌وه تفی ده‌کرنه‌وه، پێده‌چوو ئه‌و دڵۆپه فرمێسکانه ئێجگار سوێر بن چونکه سه‌د ساڵی ته‌واو بوو چاوانی به ئاوی ئه‌و ده‌ریایه ده‌شوشت و ئاوی هه‌مان ده‌ریای ده‌خوارده‌وه. چه‌ند مژێکی خێرا‌و قووڵی له جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا تا دووکه‌ڵ ئاوێزانی ڕیشه سپیه‌که‌ی ده‌بوو، چیتر نه‌مانده‌توانی ڕووخساری فرمێسکاوی له پشت دووکه‌ڵی ئه‌ستوری جگه‌ره‌که‌یه‌وه به‌دی بکه‌ین. پیاوه‌تییه ده‌ستکرده‌که‌ی ناچاری ده‌کرد ڕووی له ئێمه وه‌رگێڕێت چونکه ئێمه وه‌ک یه‌ک گاڵته‌مان به پێکه‌نین و گریانی ده‌هات و ڕێزمان له دڵه پیره ناسکه‌که‌ی نه‌ده‌گرت. به‌ره‌و حه‌وشه سه‌رواڵاکه‌ی ناوه‌ڕاستی گه‌راجه‌که ده‌چوو، نیگه‌رانی جه‌سته‌ی ده‌هێنایه له‌رزین و هێزێکی نه‌بڕاوه‌ی لێده‌خواست بۆ ڕاگرتنی جه‌سته‌ی که‌نه‌فتی له‌سه‌ر قاچه له‌رزۆکه‌کانی. سه‌ری به‌ره‌و ئه‌و تۆزه ئاسمانه بڵند ده‌کرد که لێوه‌ی دیار بوو، چه‌ند تفێکی خه‌ستی ڕووه‌و ئاسمان فڕی ده‌دا و چه‌ند جنێوێکی سوێری به‌دوادا ده‌نارد.. که ئێمه لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتین ئه‌گه‌ر یه‌کێک له هاوسه‌فه‌ره‌کانمان که زمانی ئه‌وی ده‌زانی پێی نه‌وتینایه چی ده‌ڵێت. پاش ئه‌وه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئاسماندا شه‌که‌تی ده‌کرد ناچار به‌ره‌و قوژبنه دێرینه‌که‌ی ده‌چوو، ئه‌و قوژبنه‌ی که نیشتیمانێکی بچکۆله‌ی ئه‌به‌دی بوو بۆ ئه‌و. ''بابۆ'' هه‌میشه بروسکه پڕ له جنێوه‌کانی به‌ره‌و ئاسمان ڕه‌وانه ده‌کرد، ده‌یگووت گوایه داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی پاییز ده‌کات. بابۆ پێی وابوو مرۆڤ ده‌بێت داوای گه‌وره و گرانی له خودا هه‌بێت، نه‌ک وه‌ک ئێمه نه‌زان و نه‌فام بێت و به هه‌موو شتێکی که‌م ڕازی بێت یان له هه‌مبه‌ر هه‌موو گۆڕانێکی سروشتدا بێده‌نگی بنوێنێت. بابۆ خودای له ته‌نهایی ده‌ریادا دۆرزیبوه‌وه، ئاخر ته‌نهایی ده‌ریا له هیچ کام له ته‌نهاییه‌کانی تری سه‌ر زه‌وی ناچێت، ته‌نهایی ده‌ریا بێئومێدترین جۆری ته‌نهاییه.. له ده‌ریادا مرۆڤ کۆتایی شوێن و کات به‌ریده‌که‌وێت.. له ده‌ریادا ونبوونیش تام و ڕه‌نگی جیاوازه.. له ده‌ریادا ده‌روازه‌یه‌ک نییه پێیدا گوزه‌رکه‌یت.. ئاسۆیه‌ک نییه به جێگه‌یه‌کی ترت بگه‌یه‌نێت.. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه ده‌ریا و ده‌ریایه. له ده‌ریادا ته‌نها خه‌ونی گه‌وره ده‌توانێت له ته‌نهایی و ونبوونت قوتاربکات. بابۆ به‌و خه‌ونه ئیلاهیانه مانه‌وه‌ی خۆی بۆ سه‌ده‌یه‌ک له‌سه‌ر ده‌ریا مسۆگه‌ر کردبوو.
دوای سه‌ده‌یه‌ک له چاوه‌ڕوانیی گه‌یشتنی ڕه‌سه‌نترین نه‌وره‌س، ئه‌و نه‌وره‌سه‌ی له نه‌وه‌ی قه‌قنه‌سه جادوگه‌ره‌کانه، بابۆ هێشتا به ئومێدی لاوێکی کاڵفامه‌وه سه‌مایه‌کی شێتانه‌ی له نێوه‌ندی ئه‌و گه‌راجه و له‌سه‌ر ڕیتمی قیڕه‌ی ناسازی نه‌وره‌سه‌کان ده‌کرد. بابۆ که به درێژایی سه‌ده‌یه‌ک عه‌شقی له‌گه‌ڵ ده‌ریا و نه‌وره‌سه‌کاندا ده‌کرد، ڕۆژێک سه‌وڵی به پێجه‌وانه‌ی شه‌پۆله‌کانه‌وه لێنه‌دابوو تا سه‌فه‌رێکی ئاوی بکات، هه‌رگیز به خه‌یاڵیدا نه‌هاتبوو نه‌وره‌س ئاسا بفڕێت. ته‌نها خولیا و ئاره‌زووی گه‌یشتنی ئه‌و نامه‌یه بوو که سه‌د ساڵه چاوه‌ڕوانیه‌تی، جا ئیتر له سه‌ر باڵی نه‌وره‌س یان له‌سه‌ر ڕومای شه‌پۆل ده‌گات گرنگ ئه‌وه‌یه بگات. که هه‌ورێکی ته‌ڵخ به‌ری ئاسمانی ده‌گرت و نه‌وره‌سه‌کانی له‌و که‌نار ده‌ریایه ته‌ره‌ده‌کرد، بابۆ بروسکه پڕ له جنێوه‌کانی ئاراسته‌ی ئاسمان ده‌کرد، هه‌ناسه‌کانی تووند ده‌بوون و چرچ و لۆچه هاوشێوه‌کانی ده‌موچاوی له چیرۆکی فڕین و نغرۆبوون زیاتر ئاماژه‌یان بۆ هیچی تر نه‌ده‌کرد. ده‌ستی توڕه‌یی به ڕدێنه سپییه‌که‌یدا ده‌هێنا و له قوژبنێکی گه‌راجه‌که ده‌خزا، ئاره‌زومه‌ند بوو هه‌رچی زووتره تاریک دابێت تا زیاتر چاوی له ئاسمانێکی بێ نه‌وره‌س نه‌بێت.
بابۆ پیره پاسه‌وانی ئه‌و گه‌راجه بوو که ئێمه‌ی کۆچه‌ری بۆ درێژه‌دان به سه‌فه‌ر و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵماندبژاردبوو، سه‌فه‌ر به‌ره‌و که‌ناری ئاوه شیرینه‌کان و چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی به‌له‌می ئه‌فسوناوی. گه‌راجه‌که ڕاست له‌سه‌ر که‌ناری ده‌ریا بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار شه‌پۆله زبره‌کان خۆیان ده‌گه‌یانده بن ده‌روازه فراوانه‌که، وه‌لێ له‌وێدا بڕشتیان لێده‌بڕا و بۆ ساتێك پاشه‌کشه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوانه‌یان ده‌کرد، هه‌ر ساتێک و به‌س تا دیسان خۆیان بۆ هێرشێكی به‌تینتر تاوده‌دا. ته‌واوی ئه‌و شارۆچکه ده‌ریاییه بابۆیان ده‌ناسی، وه‌ک پیرترین مێژوونووسی شار ئاماژه‌یان بۆ ده‌کرد، ئه‌گه‌رچی بابۆ تا زۆریان بۆ نه‌هێنایه باسی مێژووی شاری نه‌ده‌کرد. هه‌ندێک له هه‌رزه‌کاره چوختیه‌کانی شار نامه‌یان له شووشه‌ی به‌تاڵ ده‌نا و له نزیک گه‌راجه‌که ده‌یانهاویشته ده‌ریا، کاتێک بابۆ ده‌یبینی بۆ ساتێک وه‌ک گوڵئه‌ستێره ده‌گه‌شایه‌وه، به‌ڵام که نامه‌که‌ی ده‌رده‌هێنا له کاغه‌زێکی به‌تاڵ به‌ولاوه چیتری نه‌ده‌دی.. ئیتر تا ئاستی شه‌که‌ت بوون جنێوی ده‌دا. ئه‌و شارۆچکه‌یه به‌نده‌رێکی ئێجگار بچوک بوو، دوو ده‌ریای به‌شه‌ڕهاتووی له‌یه‌ک جیاده‌کرده‌وه، خانووه‌کانی که به سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێز ده‌چوون، له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌خت و به‌رده‌وامدا بوون له‌گه‌ڵ شاڵاوی نه‌بڕاوه‌ی شه‌پۆله سه‌رکه‌شه‌کان، به‌تایبه‌تی له ڕۆژانی ڕه‌شه‌بادا ده‌ریا ده‌بووه کۆمه‌ڵێک شه‌پۆلی ڕاکردوو.. له ماراسۆنێکی دڵڕه‌قدا ئاوڕشێنی ماڵه نزمه‌کانی ڕۆخی ده‌ریایان ده‌کرد. له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ریا و شاردا که که‌س تێیدا براوه نه‌بوو هه‌موو شتێک تامی ئاوی ده‌ریای ده‌دا، تامی هه‌موو شتێک به ماچی کچه کورته‌باڵا قه‌ڵه‌وه‌کانیشه‌وه سوێر بوو.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵکردنی با ڕۆژئاواییه‌کاندا پۆله نه‌وره‌سه‌کان پیاسه‌ی ده‌ریایی خۆیان ده‌هێنا بۆ ئه‌و قه‌راغ ده‌ریایه و میلۆدی خۆیان له‌گه‌ڵ گڤه‌ی با سارده‌کاندا ڕێکده‌خست. عه‌شقێکی ئه‌فسوناوی با و نه‌وره‌س و شه‌پۆله‌کانی پێکه‌وه گرێدابوو، چونکه هه‌ڵکردنی باکان ئاماژه‌بوون بۆ هاتنی نه‌وره‌سه‌کان و به سه‌ما که‌وتنی ده‌ریا، نه باکان بێ قیڕه‌ی نه‌وره‌سه‌کان هه‌ڵیانده‌کرد و نه شه‌پۆلی ده‌ریاش به‌بێ لوره و گڤه‌ی ڕه‌شه‌با ده‌بزوا. بابۆ به درێژایی ته‌مه‌نی هه‌وڵی ده‌دا ببێته پنتی چواره‌م له‌و هاو‌کێشه سروشتیه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ی ئێمه‌ی که‌ڕوکاس کردبوو، تا ده‌هات واده‌ی سه‌فه‌ره‌که‌مانی دواده‌خست، به‌هه‌ڵکردنی باکان دڵه پیره‌که‌ی بابۆ پر ده‌بوو له خورپه‌ی شیرین، قیڕه‌ی نه‌وره‌سه‌کان له‌بارترین گۆرانی و ئاواز بوون و بابۆیان ده‌هێنایه سه‌ما و به سه‌مفۆنیای نه‌ده‌گۆڕینه‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌ڵکردنی ئه‌و تۆفانه‌دا نه‌وره‌سه‌کان به‌ری ئه‌و ئاسمانه بچکۆله‌ی سه‌ر گه‌راجه شورا پته‌وه‌که‌یان ده‌ته‌نی، له هاتوچۆیه‌کی شێتانه‌دا و به‌ده‌م گۆرانییه‌وه تا ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ له‌و بسته ئاسمانه‌دا نمایشی نیگه‌رانی خۆیان درێژه پێده‌دا. ئه‌و ڕۆژانه ڕۆژانی به‌ختی بابۆ بوون، به هه‌وه‌سێکی هه‌رزه‌کارانه‌وه، به گوڕوتینێکی گه‌نجانه‌وه ده‌چوه نێوه‌ندی حه‌وشه‌ی گه‌راجه‌که و له‌سه‌ڕ ڕیتمی ناسازی قیڕه‌ی نه‌وره‌سه‌کان سه‌مایه‌کی شێتانه‌ی خواروخێچی ده‌کرد. ئه‌و ئێواره‌ی نه‌وره‌س و با و شه‌پۆلانه نه‌ک ته‌نها بابۆیان به‌سه‌ما ده‌هێنا به‌ڵکو ژیانی ئه‌ویان چه‌ندین ده‌یه ده‌گێڕایه‌وه دواوه.
''ماریا'' به‌پێچه‌وانه‌ی بابۆوه قێزی له نه‌وره‌سه‌کان ده‌هاته‌وه و به قیڕه‌یان ده‌هری ده‌بوو، ماریا پێی وابوو ئه‌و نه‌وره‌سانه شوومن قیڕه‌یان داد و فیغانه، نزا و پاڕانه‌وه‌یه له‌ده‌ست ئێمه که نیشتمانه‌که‌یانمان داگیرکردوه. هه‌ندێک جار نه‌وره‌سه‌کان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک ماریایان توڕه‌ده‌کرد، بێهوده به‌ردی ده‌هاویشتنێ به‌و هیوایه‌ی له ئاسمانی ئه‌و گه‌راجه‌یان ته‌ره بکات، پاشان له‌گه‌ڵ بابۆدا ده‌بووه شه‌ڕیان، هه‌ریه‌که‌و به زمانێکی جیاواز جنێوی به‌وی دی ده‌دا، ئه‌گه‌رچی له‌یه‌کتر تێنه‌ده‌گه‌یشتن به‌ڵام وه‌ک دوو جنێوفرۆشی کارامه ده‌رفه‌تیان به‌یه‌ک ده‌داو گوێقوڵاخی یه‌کدی ده‌بوون.
دوا به‌یانی ئه‌و به‌یانییه‌ی ڕۆژگاری به‌ختی بابۆ هاتبوه کۆتایی، ئه‌و پیره پیاوه‌ی که لێوان‌لێو بوو له نهێنی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و له ده‌نگی دێرین، گیرۆده‌ی بێده‌نگیه‌کی خه‌مناک بوو. نه‌وره‌سه‌کان ئێواره‌ی ڕۆژی پێشوو به‌شی کۆتایی و حه‌سره‌تباری نمایش و میلۆدیه‌که‌یان له نائاماده‌گی باکان و له هێمنی ده‌ریادا پێشکه‌ش کردین، بابۆش هه‌رچی وزه‌ی سه‌ده‌یه‌کی ته‌مه‌نی هه‌بوو له سه‌مای ئه‌و ئێواره‌یه‌دا به‌فیڕۆیدا و که‌نه‌فتی نێو جێگا بوو. بابۆ ئه‌و به‌یانییه جیاواز له گشت به‌یانییه ده‌ریاییه‌کانی ژیانی دووچاری بێده‌نگیه‌کی ئیلاهی بوو، بێده‌نگیه‌ک که له بێده‌نگی خواکان ده‌چوو پاش ئه‌وه‌ی له نووسینه‌وه‌ی کتێبه پیرۆزه‌کانیان ده‌بنه‌وه. له قوژبی لای چه‌پی گه‌راجه‌که بێ نوزه ڕاکشابوو ته‌نها قڵخه‌ی سییه دوکه‌ڵاویه‌کانی جار ناجارێک دڕیان به بێده‌نگیه‌که ده‌دا. ئه‌و به‌یانییه هه‌موومان بابۆمان خۆش‌ویست، ڕاسته دره‌نگ بوو بۆ خۆشویستن زۆر دره‌نگ، به‌ڵام له‌سه‌ر گۆنای هه‌موومان ته‌نانه‌ت دڵڕه‌قترین پیاوی نێو موسافیره‌کان فرمێسک قه‌تیس مابوو، ئه‌و پیاوه‌ی به سه‌رسامییه‌وه وتی یه‌که‌م جاره فرمێسک به چاوه‌کانیدا گوزه‌رکه‌ن به‌ره‌و خوار. ئاسمانی بێ نه‌وره‌سی ئه‌و به‌یانییه هێمنه تا ده‌هات ڕوون و ڕوونتر ده‌بوو، بابۆش زیاتر خۆی ده‌ترنجانده قوژبنه مێژووییه‌که‌ی. ئه‌و به‌یانییه به‌یانی سه‌فه‌ری ئێمه بوو به‌ره‌و ده‌ریا شیرینه‌کان له‌سه‌ر پشتی به‌له‌می ئه‌فسوناوی و قوتار بوونمان بوو له ده‌ریا سوێره‌کان. سه‌فه‌ری ده‌ریایی له ڕۆژانی ڕه‌شه‌با و له ناو هه‌له‌که‌سه‌مای شه‌پۆلی ده‌ریادا کارێکی ترسناکه، ده‌ریاوانه شاره‌زاکان پێیان ده‌وتین به‌یانیه‌کی ئاوا هێمن باشترین ساته بۆ سه‌فه‌رێکی ئاویی. ئه‌و به‌یانییه ڕه‌شه‌با تووڕه‌کان گه‌ڕابوونه‌وه بۆ نیشتیمانی خۆیان، نه‌وره‌سه‌کان ڕێچکه‌ی سه‌فه‌رێکی ئاراسته نادیاریان هه‌ڵگرتبوو، ده‌ریا له بزاوتن که‌وتبوو کاتی ئه‌وه هاتبوو به‌له‌مه ئه‌فسوناویه‌که‌مان بهاوینه نێو ده‌ریا و سه‌وڵی به‌ختمان بخه‌ینه کار. ئه‌و به‌یانییه بۆ بابۆش به‌یانی سه‌فه‌ر بوو، سپێده‌ی سه‌فه‌ری ده‌نگی بوو له بێده‌نگبووندا، کازیوه‌ی سه‌فه‌ری ڕه‌نگی بوو له ڕه‌نگ په‌ڕیندا، به‌یانی سه‌فه‌ری زینده‌گی بوو له سواربوونی به‌له‌می مه‌رگدا، مه‌رگی پیاوێک که ده‌ریا ژیا و ڕازی نه‌بوو مه‌له‌یه‌ک بکات، نه‌وره‌س ژیا و ڕێگه‌ی به‌خۆی نه‌دا له شه‌قه‌ی باڵ بدات.
له ترسی پاسه‌وانه‌کانی ده‌ریا شیرینه‌که که ڕێگه‌یان به گه‌ڕۆک و په‌نابه‌ری وه‌ک ئێمه نه‌ده‌دا به ئاشکرا ئاوه‌کانیان لێڵ بکه‌ین، ده‌بوایه چاوه‌ڕانی تاریک داهاتن بین بۆ بزواندنی به‌له‌مه‌که‌مان. هه‌موومان بێده‌نگ له نمایشی پاڵه‌وانانه‌ی مه‌رگی بابۆمان ده‌ڕوانی، به‌درێژایی کات بابۆ نیگای ئاسمانی بێ نه‌وره‌سی ده‌کرد و ئێمه‌ش له ڕژانی ژیانی ئه‌ومان ده‌ڕوانی. ئێواره ئه‌و ساته‌ی ڕۆژانێک بوو به تاسه‌وه چاواڕوانیمان بۆ ده‌کێشا کزه‌بایه‌کی فێنک بۆ تاوێك نه‌وره‌سه‌کانی گێڕایه‌وه بۆ ئاسمانی ڕۆخی ده‌ریا، وه‌لێ شه‌پۆله‌کان نه‌بزوان.. ده‌ریا لوتبه‌رزانه هێمنی ئه‌و ئێواره‌یه‌ی خۆی پاراست، با سامناکه‌کان له هیچ کوێوه دیار نه‌بوون شمشاڵ بۆ نه‌وره‌سه‌کان بژه‌نن. نه‌وره‌سه‌کانی ئه‌و ئێواره‌یه ڕه‌نگیان جیاواز بوو له نه‌وره‌سه‌کانی ڕۆژانی پێشوو، وه‌ک بابۆ بێده‌نگ.. وه‌ک کۆمه‌ڵه نه‌وره‌سێكی لاڵ بێ قیڕه، پیاسه‌یه‌کی سستی خه‌مناکیان ده‌کرد، پێده‌چوو ئه‌و مه‌لانه ڕۆحی بابۆ بن له چاوانییه‌وه فڕیبنه ئه‌و ئاسمانه به‌رته‌سکه‌ی نیگانی ئێمه و داد و فیغانیان بوو بێت له درێژی هه‌ناسه‌کانی چاوه‌ڕوانی و بارگرانی ئومێده ناکامه‌کانی ئه‌و پیره پیاوه.
بڕوانن ژیان به‌و درێژییه‌ی خۆیه‌وه کێشی ته‌نها بیستویه‌ک گرامه، بیستویه‌ک گرام و هیچی تر، ئه‌وه‌نده‌ی ڕیقنه‌ی نه‌وره‌سێکه قورسایی زینده‌گی، هه‌ر به‌قه‌د مشتێک ڕه‌شه‌بای بزێوه یان ده‌مێک ئاوی بێئۆقره، به‌ڵێ ژیان ته‌نها بیستویه‌ک گرامه. بابۆ یان هه‌ر یه‌ک له ئێمه که ده‌مرین ته‌نها بیستویه‌ک گرام که‌م ده‌که‌ین، ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکی زانستییه، به‌ڵام مه‌رگی بابۆ بیستویه‌ک گرامی له قورسایی خه‌می که‌سمان زیاد نه‌کرد، ئه‌و ته‌نها بیستویه‌ک گرامی که‌مکرد و هیچی تر.
زستانی 2000
ئیتالیا
وشكه‌ساڵی خه‌ون
به‌ختیار كه‌ریم
هه‌موو سپێده‌یه‌ك له زرنگه‌ی كاتژمێره ده‌نگ گڕه‌كه‌ی نێوه‌ندی شار وه‌ئاگا ده‌هات، ئه‌و كاترژمێره‌ی له خاڵی سفری جه‌نگه‌كاندا له ناوه‌ڕاستی شاردا وه‌ك كارگ هه‌ڵتۆقی...له‌گه‌ڵ گلۆربوونه‌وه‌ی هه‌ر كاتژمێرێك به‌ره‌و چۆڵگه خوێناوییه‌كانی عه‌ده‌م وه‌ك سه‌گ ده‌وه‌ڕێت و هه‌واڵی تێپه‌ڕبوونی كاته به‌فێڕۆچووه‌كان و ده‌ستپێكردن و كۆتایی هاتنی پشووی نێوان خوله نه‌بڕاوه‌كانی شه‌ڕ به خه‌ڵكی خوێنساردی ئه‌م شاره ڕاده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ندێك له كوڕه گه‌نمڕه‌نگه‌كانی شار ئه‌و كوڕانه‌ی هه‌ر یه‌كه‌و شیرینێك دڵی بردبوون و شه‌ڕ ڕه‌نگی له ڕوو بڕیبوون، له كاتی جێهێشتنی شاردا باسی ئه‌و كاتژمێره زه‌به‌لاحه‌ی دڵی شاریان بۆ ئه‌و هاوڕی و ڕێبوارانه ده‌كرد كه ته‌نها بڕینی ڕێگه‌كان و سه‌فه‌ر پێكی ناساندبوون، ده‌یانووت ئه‌و كاتژمێره به خوێن ئیش ده‌كات بۆیه له كاتی وه‌ستانی جه‌نگه‌كاندا ئه‌ویش له حه‌په ده‌كه‌وێت. به‌ڵام به ناخۆشحاڵییه‌وه ده‌یانووت كه به یاده‌وه‌ری ئه‌وان له كار نه‌كه‌وتوه، بگره سات له دوای سات چالاكتر و ده‌نگ گڕتر ده‌بێت و تاریكی و مه‌رگ و قات و قڕی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتی جه‌نگه‌دا ده‌به‌شێته‌وه.
ده‌نگی سیسرك ئاسای كاتژمێری سه‌ر مێزه‌كه‌ی ڕایچڵه‌كاند، ناچاری كرد ملی به‌لای چه‌پدا لار بكاته‌وه، دیتی ئه‌و كاتژمێره گرگنه ته‌مه‌ن درێژه كه هه‌ر له سه‌ر و سیمای جه‌لادانی شار ده‌چوو وه‌ك تاوانبار لێی ده‌ڕوانێت، كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستیشی وه‌ك مار له مه‌چه‌كی ئاڵاوه و ده‌یگه‌زێت. ئه‌وه سه‌دان به‌یانییه كاتژمێره‌كان بۆ جوڵه‌یه‌ك بزاوتێك بانگهێشتی ده‌كه‌ن، وه‌لێ ئه‌و بێئومێدییه بكوژه‌ی سوار كۆڵی بووبوو زیاتر ده‌یخزانده‌وه نێو جێگه خه‌واڵوه‌كه‌ی. ته‌مه‌ڵی و خه‌ونه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی به ئه‌ندازه‌یه‌ك تێكه‌ڵ ده‌بوون هه‌موو جوڵه و كرده‌یه‌كی ژیانی وه‌ك خه‌ون ده‌هاته به‌ر چاو، به گران ساته‌كانی ئاگایی و بێئاگایی بۆ لێك جودا ده‌كرایه‌وه. ئه‌گه‌رچی زیاد له پێویست ده‌نوست به‌ڵام هه‌ستی به تونێتیه‌كی وشك و ئه‌به‌دی ده‌كرد بۆ خه‌و...پێی وابوو له وڵاتێكدا كه خه‌ون قه‌ده‌غه‌یه خه‌وتن باشترین كرده‌یه بۆ تێركردنی ئاره‌زوویه‌ك یان شكاندنی تاسه‌یه‌ك له بێئاگاییدا و به‌دزی ئه‌و یاساوڵانه‌ی سانسۆر له‌سه‌ر خه‌ون داده‌نێنن و باج له بیركردنه‌وه و لێكدانه‌وه ده‌گرن. به چه‌شنێك عاشقی پێخه‌فه‌كه‌ی بوو كه شه‌وانه سه‌ر جێی له‌گه‌ڵ دۆشه‌كه‌كه‌یدا ده‌كرد، ده‌ست له ملانێی بالیفه‌كه‌ی ده‌بوو، هه‌ر شه‌وه دۆشه‌كه‌ی لێ ده‌بووه یه‌كێك له كچه خه‌مسارده‌كانی شار...ئه‌و كچانه‌ی ته‌نها به تیله‌ی چاو نیگای كوڕه كۆڵ به كۆڵه‌كانیان ده‌كرد، وه‌لێ نه‌یانده‌وێرا له ژێر لێویشه‌وه سڵاوی كوڕه باڵا ناوه‌نجییه‌كانی كوچه و كۆڵانه‌كان بسه‌ننه‌وه، یان به خه‌یاڵ گوتاری عه‌شقێكی ئه‌فسانه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕانه‌دا بینابكه‌ن كه چی دی له جه‌نگ نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه.
جارێكی دی ده‌كشایه‌وه ژێر لێفه بۆنگرتووه‌كه‌ی، سه‌رما و هه‌وه‌س ده‌سته قرچۆكه‌كانی پێ ده‌نایه نێو ڕانه‌كانی. هه‌ناسه سارده ته‌ماوییه‌كانی به‌خێرایی ده‌ڕژانه نێو پانتایی بێده‌نگیه‌كی تۆقێنه‌ره‌وه و زیاتر پله‌ی گه‌رمای ژووره زیندان ئاساكه‌یان داده‌به‌زاند، له ناخیدا هه‌ستی به هه‌ڵكردنی بایه‌كی به‌فرین و سه‌ره‌تای زستانێكی ته‌ڕوتوش ده‌كرد. چاوانی به ئومێدی دیتنی خه‌ون به ناسكه‌كچێكی ڕووت و كه‌ویه‌وه لێكده‌نا، وه‌لێ ئه‌فسوس كچه‌كانی شاری تاریكی هێند سركن له خه‌ونیشدا ده‌سته‌مۆ نابن، چونكه ئه‌و كیژانه له دایكیانه‌وه فێر بوون كه خۆدان به ده‌ست كوڕه ڕاوچیه‌كانه‌وه مانای دۆڕاندنی ژیان و له ده‌ستدانی ڕۆحه. هه‌موو ڕۆژێك تا نیوه‌ڕۆ و تا شاڵاوی برسێتی زۆری بۆ ده‌هێنا له نێو جێگه ته‌مگرتوه‌كه‌یدا گینگڵی ده‌دا، ده‌یویست خۆی له هه‌موو ئه‌و به‌ررسیارێتیه پڕوپووچانه په‌نا بگرێت كه هه‌ر له‌خۆڕا له ئه‌ستۆیدا بوون. هه‌وڵیده‌دا خه‌ونێكی سه‌رمه‌دی بخه‌وێت نه زه‌نگی كاتژمێره توڕه‌كان ڕایچڵه‌كێنێت و نه چه‌كوشی باوكی كچی خه‌ونه‌كانی ڕاوه‌دوی بنێت و لێوی هه‌ڵتۆقێنێت.
له به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ی نێوقه‌دی دیواره‌كه‌دا باڵا تێكشكاوه‌كه‌ی به‌زه‌حمه‌ت بۆ ڕاگیرده‌كرا، ده‌موچاوی خۆی لێ ده‌بووه كاتژمێرێكی قه‌ڵب و ئه‌ویش به‌ره‌و چالاكی بانگی ده‌كرد، به پڕتاو ڕووی له ئاوێنه‌كه وه‌ڕده‌گێڕا و به‌ره‌و حه‌وشه‌ی ماڵه وێرانه‌كه‌ی ده‌چوو. ئه‌و خانووه‌ی تێیدا ده‌ژیا به چه‌شنێك كۆن بوو كه گومانی ڕووخانی لێده‌كرا، شه‌وانه ده‌كه‌وته چرك و هوڕ و گێڕانه‌وه‌ی مێژویه‌كی پۆرتكاو. له ڕاستیشدا ئه‌و خانووه و خانووه‌كانی تری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ماڵه دێرینترین دیوی یاده‌وه‌ری شارێك بوون كه جگه له میژویه‌كی ڕزیو و بۆگه‌ن هیچیتر له كه‌لێنه‌كانیدا به‌دی نه‌ده‌كرا، یاده‌وه‌ری شارێك سیخناخ به گوناه و تاوانی ڕه‌ش و ته‌ڵخ، شارێك كه هه‌ڵم و دوكه‌ڵی جه‌نگه‌كان په‌نجه‌ره‌كانی ڕه‌ش داگهڕاندبوو تا مرۆی نێو ژووره داخراوه‌كان چیدی چاویان له ئاسمانی به‌رته‌سكی ئه‌ودیو ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كان نه‌بێت، شارێك كه ڕێچكه‌كانی بۆ زیندوێتی له بۆسه‌دان و ژماره‌ی گۆڕستانه‌كانی له ژماره‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی باڵاتره.
پرشنگی خۆره‌تاوی ئه‌و نیوه‌ڕۆ زستانییه تووشی بێ ئومێدیی زیاتری ده‌كرد له ڕۆژان، چونكه له كێڵگه‌یه‌كی تینوو و وشكهه‌ڵاتوو زیاتر تامه‌زرۆی بارانێك بوو تا گه‌رووی عه‌شقی ته‌ڕ بكات. له‌مێژ بوو ئه‌و خانمه سه‌لاره‌ی عاشقی بوو بڕیاری دابوو سه‌ردانی ماڵه خامۆشه‌كه‌ی بكات له ڕۆژێكی باراندا، ئه‌ویش به‌سه‌ر كێڵگه‌ی ته‌نهاییدا ببارێت و بۆ چه‌ند ساتێكی كه‌م ئاوه‌دانی بخاته نێو ده‌روونی بێرونی، سه‌راب ئاسا له‌و بیابانی ته‌نهاییه‌دا تینووێتی ڕۆح و جه‌سته‌ی پێكه‌وه بشكێنێت، به ماچی ته‌مه‌ن درێژ و پڕ نه‌شئه لێوه وشكهه‌ڵاتوه‌كانی پاراو بكات. هه‌ر كه كاكڵه هه‌ورێكی هه‌رزه‌ی به ئاسمانه‌وه ده‌دی خه‌نی و نووقمی زینده‌خه‌ون ده‌بوو، ده‌كه‌وته ده‌ستنیشانكردنی جێگه‌ی له‌بار و شیاو له ژووره سارد و سڕه‌كه‌یدا بۆ ده‌ست له ملانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ی كه ساڵانێك بوو یه‌كتریان خۆشده‌ویست و هیچ گفتوگۆیه‌ك له نێوان جه‌سته‌یاندا نه‌بوو، بگره لێوه‌كانیشیان ڕه‌نگی ماچ و نه‌شئه‌یان نه‌گرتبوو. مه‌خابن كاكڵه هه‌ورێكی خاو و خلیچك و ته‌نها له ئاسمانێكی به‌رین و ساماڵدا چی پێ نه‌ده‌كرا. ڕوونتربوونی زیاتری ئاسمان تووڕه‌ی ده‌كرد و ده‌كه‌وته جنێودان به‌و فریشتانه‌ی كه به‌رپرسن له باران، چونكه كه مناڵ بوو دایكی پێی وتبوو: (باران گریه‌ی هه‌وره‌كانه له تاو ئازاری قامچی فریشته‌كان فرمێسكی ته‌ڕ پێشكه‌ش به كێڵگه و باخچه‌كان ده‌كه‌ن). پێیوابوو فریشته‌كان قامچیه‌كانیان بزركردوه، بۆیه هه‌وره‌كان له لوتكه‌ی بێباكیی خۆیاندا به‌ده‌م گه‌شانه‌وه‌ی خۆره‌وه پێده‌كه‌نن و وشكه سه‌ما بۆ كزه سارده‌كانی ئه‌و چله‌ی زستانه ده‌كه‌ن. تا زیاتر له ئاسمانی ده‌ڕوانی زیاتر بێ ئومێدیی دایده‌گرت، نیگه‌ران ده‌بوو، به وێنه‌ی ئه‌و جووتیارانه‌ی له پایزێكی دره‌نگ و له‌پاش دواكه‌وتنی واده‌ی په‌ڵه‌و باران ده‌ستبه‌رداری كێڵگه و زه‌ویه‌كانیان ده‌بن، ئه‌ویش ده‌ستبه‌رداری خه‌ونه باراناویه‌كانی ده‌بوو.
ئێواران له‌گه‌ڵ ڕه‌شتر داگه‌ڕانی بینایی خه‌ڵكدا له‌و وڵاتی تاریكییه‌دا، ڕه‌شه‌بایه‌كی شووم یه‌خه‌ی به ده‌رگا و په‌نجه‌ره ته‌ماویه‌كان ده‌گرت و به جیڕه‌ی ده‌هێنان، بێ ئه‌نجام هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی ده‌رگا ژه‌نگرتووه كۆنه‌ساڵه‌كانی ده‌دا، دڵڕه‌قانه ده‌كه‌وته ڕاژه‌نینی دره‌خته بێ لانكه‌كانی باخچه خامۆشه‌كانی شار. گشت ئێواره‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی ئه‌و تۆفانه وشكه‌دا خه‌ڵكی شار له‌و په‌ڕی بێهوده‌ییدا پفیان له چراكانیان ده‌كرد، پاش ئه‌وه‌ی بێ ئومێد ده‌بوون له توانای خۆیان بۆ پاراستنی ڕووناكییه له‌رزۆكه‌كانیان له ده‌ست خامۆشبوون له‌و ئێواره‌ی گڤه و لووره سامناكه‌دا و له‌و وڵاتی عاشق به تاریكی و دوكه‌ڵدا. ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر یه‌كێك له خه‌ڵكی شاری ڕه‌ژوو پێیوابوو، بوونی ئه‌و كاتژمێره دڵی شار زیاتر سست ده‌كات بگره ڕۆژێك له لێدانی ده‌خات و هه‌رچی بۆنی زیندووێتی لێ بێت له‌م شاری ته‌م و دوكه‌ڵه‌دا وێران و بێ ڕۆحی ده‌كات. وه‌لێ ئه‌و پرسیاره‌ی كه خه‌ریك بوو كه‌لله‌ی ده‌ته‌قاند ئه‌وه‌بوو، كه بۆچی خه‌ڵكی شاری عه‌شقكوژ هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ی سه‌ر ڕۆحی شار ناده‌ن و ده‌سته خوێناویه‌كانی له ئه‌ستۆی خۆیان داناماڵن؟
هه‌نگاوه تووڕه و له‌رزۆكه‌كان به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی (با)وه به‌ره‌و لای كاتژمێره قێزه‌ونه‌كه‌ی نێوه‌ندی شاریان برد، كه گه‌یشته ئه‌وێ جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی ئاره‌قێكی سارد بوو، باڵای شۆڕه‌بی ئاسا ده‌له‌رزی، هه‌ناسه‌كانی دوودڵ بوون له‌نێوان هاتن و نه‌هاتندا. پرچی له گه‌مه‌یه‌كی بێ یاسادا به‌ده‌ست (با)وه گیری خواردبوو خه‌ریك بوو له بێخ ده‌هات. هه‌وره چڕ و چڵكنه‌كان به‌ری ئاسمانیان گرتبوو نیگا شینه‌كانی ئاسۆیان ڕه‌شتر داگهڕاندبوو، شریخه‌ی برووسكه‌كان مژده‌ی بارانێكی دره‌نگ وه‌ختیان به كێڵگه و باخچه تینووه‌كان ده‌دا، ئه‌ویش به چه‌كوشێكی بجكۆله‌ی سه‌رپانه‌وه به‌رامبه‌ر كاتژمێره تۆقێنه‌ره‌كه وه‌ستابوو. چاوانی له جووڵه‌ی سه‌نگینی میله‌كانی چه‌قاندبوو. دڵنیابوو له‌وه‌ی گشت چركه‌یه‌كی خوێنی چه‌ندین لاو ده‌خوازێت. تكه خۆڵاوییه‌كانی سه‌ره‌تای باران ده‌موچاویان ته‌ڕكرد له‌و خه‌یاڵه خوێناوییه‌ی هێنایانه‌وه بۆ ئه‌و مه‌یدانی جه‌نگه دووقۆڵییه‌ی له‌گه‌ڵ مۆدێرنترین دێوی سه‌رده‌م.
باران هه‌ر زوو له كوچه و شه‌قامه‌كاندا بێچوه‌لافاوی دروستكرد، ئه‌میش له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پنته‌دا بوو كه كاریگه‌رترین چه‌كوشی خۆی تێسره‌وێنێت و له چركه‌ی بخات، شارێك یان وڵاتێك له‌ده‌ست نغرۆبوون ڕزگار بكات. هێند گه‌وج بوو نه‌یده‌زانی سه‌ری ده‌بێته كاتژمێرێكی خواروخێچ و چه‌قه‌باز و خه‌ڵكی ئه‌و بیابانه تاریك و بێ سه‌رابه له خه‌ونی ڕۆشنكردنه‌وه‌ی تاریكی تاریكستان و شكاندنی تینووێتی بێدارده‌كاته‌وه و له سپێده‌یه‌كی ئێجگار زوودا پێیان ده‌ڵێت (هه‌ستن وه‌ختی جه‌نگه).
نیسانی 2000
ئۆکسفۆرد / ئینگلته‌را
كرمه‌ڕێز
به ختیار كه ریم
یه‌ك به دوای ئه‌وی تردا گه‌یشتنه یه‌كێك له باخه چه‌په‌كه‌كانی قه‌راخ شار، ئه‌و باخانه‌ی به‌یانیان جه‌نجاڵی و دڵڕه‌قی شار تۆزبارانی ده‌كردن و ئێواران سروه‌ی بێده‌نگی ده‌یته‌كاندن. به وریاییه‌وه له چوارلای خۆیان ڕوانی، خه‌نده‌یه‌ك په‌ڕییه سه‌ر لێوانییان.. نیشانه‌ی ئه‌وه بوو پێگه‌یه‌كی چۆڵ و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردوه.. هه‌نگاوه‌كان له یه‌كدی نزیك خستنه‌وه، له‌ژێر شاباڵی ترس و له‌رزدا ده‌ستی یه‌كدیان گرت و له چاوه تاساوه‌كانی یه‌كتریان ڕوانی. به‌دگومانبوون له‌وه‌ی كه هێشتا له دڵڕه‌قی پیاوانی شار به‌دوورن، لێوانیان له نێوان ترس و حه‌زدا ده‌له‌رزی.. ئاره‌زویه‌كی داگیرساو له چاوانیان بێده‌نگ ده‌باری و ناو باخه‌كه‌ی پڕ كردبوو له ته‌مێكی په‌مه‌یی كه به ته‌نها ترس و دڵڕه‌قی ده‌یتوانی ئه‌و ته‌مه ئه‌فسوناوییه بڕه‌وێنێته‌وه. بێ‌ئاگا له ئامێزی یه‌كتردا خۆیان دۆزییه‌وه لێوان لێو له ماچ.. ماچی كورت و ترسنۆكانه كه به ته‌واوی سه‌رمه‌ستی كردبوون، تا ده‌هات ئاره‌زوی ڕاموسان گه‌وره‌تر ده‌بوو له‌و لاشه‌وه ترس ئیفلیجی ده‌كردن. ده‌نگی یاساوڵه ڕووگرژه‌كان بانگی ده‌كردن و ده‌یگوت (هێنده له یه‌ك مه‌ڕوانن نه‌با چاوانتان له سنووری له‌زه‌تدا بدۆڕێنن.. نه‌با ئازاری سزایه‌كی ئیلاهی زه‌لیل و وێرانتان بكات). ناچار به‌ره‌و شار گه‌ڕانه‌وه ئه‌و شاره‌ی كه ده‌رگای نییه و ده‌رگاوانه‌كانی بێ شوومارن، (ئاكار) ده‌ستی (ئازیز)ی گرتبوو ماڵئاوایی لێ‌كرد و به‌و هه‌موو كڵۆڵییه‌وه به‌ره و چه‌قی شار كشا.
به‌ره‌و چایخانه‌كه چوو تا پشوویه‌ك بدات، سه‌یری هه‌واڵه‌كانی ده‌كرد.. بیری پرسیارێكی مناڵی كه‌وته‌وه كه له باوكی پرسی بوو؛ دوا زنجیره‌ی هه‌واڵه‌كان كامه‌یه؟ كاتێك به‌خۆی زانی گسكه‌كه له‌سه‌ر سنگی تووند بوو.
٭ هه‌سته بۆ ده ره وه!
- ئاكار: ئه‌وه چییه بۆ وا ده‌كه‌یت؟
٭ داروبه‌ردی چایخانه‌كه‌ت كرد به كرم، هه‌سته زوو بچۆ ده‌ره‌وه تا سه‌ر و گوێلاكتم نه‌شكاندوه...ئه‌ی بۆگه‌نی كرماوی.
به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌هیچ شتێكی نامۆ بكات به‌ره‌و ده‌ره‌وه كشا، كه ئاوڕی دایه‌وه هه‌رچی له چاییخانه‌كه‌دا بوو پێیان ده‌كوتا به زه‌ویدا و ده‌ستیان به دیواره‌كه‌دا ده‌كێشا، سه‌رسام بوو له‌و سرووته كه تا ئه‌و كاته پێی ئاشنا نه‌بوو. ملی ڕێگای گرت و به ڕاسته شه‌قامه‌كه‌دا هه‌وراز ڕێی كرد.. هاوڕێیه‌كی به‌ره‌و ڕووی هات كه گه‌یشته لای سه‌راسیمه بوو بێ هیچ پێشه‌كییه‌ك وتی: ''ئه‌وه چیه كرمت لێ ده‌بارێ، ئای له‌و كرمه گه‌وره و ڕه‌نگاوڕه‌نگان''. هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ماڵیان كرده‌وه، به بیریدا هات كه دایكی به میهره‌وه پێشوازی لێ ده‌كات و تۆزی ئه‌و قه‌راخ شاره‌ی لێ ده‌ته‌كێنێت.. مه‌سه‌له‌ی ئه‌و كرمانه‌ش په‌یوه‌ندی به دڵڕه‌قی و بیر بۆگه‌نی ئه‌و خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، ئێ ئه‌م تا ئه‌و كاته تاقه كرمێكی به خۆیه‌وه نه‌دی بوو هه‌ستی به هیچ ئاڵۆشێكیش نه‌ده‌كرد.
كه گه‌یشته ماڵه‌وه دایكی نووقمی خه‌یاڵ بوو له جیهانه بچكۆلانه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ده‌م بالۆره‌وه نیسكی ده‌بژارد، خۆیدا به‌سه‌ر شان و ملیدا كه پیری دایته‌پاندبوو. دایكی پاش كه‌مێك به هه‌ڵپه‌وه له ژێر باری سه‌نگینی كوڕه‌كه‌یدا لاچوو ئاوڕێكی پڕ له توڕه‌یی لێ دایه‌وه و وتی: ''ئه‌و هه‌موو كرمه چیه لێت ده‌كه‌وێته خوار، چیت كردوه؟ هه‌ر وتم خوا پێت ده‌نوێنێت و گه‌وره‌یی خۆیت نیشان ده‌دات!'' دایكی كه‌وته پانكردنه‌وه‌ی ئه‌و كرمانه‌ی ئه‌و نه‌یده‌بینین، هه‌ناسه‌ی تووندبوو سه‌ری گێژی ده‌خوارد چاوانی پڕبوون له توڕه‌یی، به‌ره‌و لای كوڕه كرماوییه‌كه‌ی چوو پێی وت: ''چه‌نده‌م پێ وتیت ئه‌و گوناهانه‌ت ئه‌بنه ته‌وق و له ملت ده‌ئاڵێن؟ بڕۆ ده‌ره‌وه تا خوا منیشی نه‌گرتوه، مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بۆ خۆی به فریات كه‌وێت....!''.
لاقه‌كانی تێكه‌ڵ ده‌بوون فرمێسكی چاوانی له ژماره‌ی ئه‌و كرمانه زیاتر بوون كه ئه‌یان وت لێی ده‌بارێت، نه‌یده‌زانی ڕوو له كوێ بكات، تا ده‌هات نه‌فره‌تی خه‌ڵك له‌سه‌ری زیادی ده‌كرد. ده‌مه‌و ئێواره به‌ره‌و جێ ژوان چووه‌وه، به نیازی ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رده سیحرییه‌ی له‌وێ تووشی هاتبوو هه‌ر له‌وێش له كۆڵی بێته‌وه. كه گه‌یشته نێو سنه‌وبه‌ره‌كانی ئه‌و قه‌راغ شاره، ته‌مێكی په‌مه‌یی به‌دیكرد كه ئه‌م و ئازیزه‌كه‌ی له دوی خۆیان جێیان هێشتبوو. له نێو بولێڵی ئێواره و له ژێر سه‌نگینی ئه‌و ته‌مه په‌مه‌ییه‌دا هه‌نگاوی بۆ نه‌ده‌نرا وای ده‌زانی ئێسكه‌په‌یكه‌ری نیشتیمانه خاپوره‌كه‌ی به كۆڵه‌وه‌یه و ئیفلیجی گه‌لێك بۆ دواجار بۆته چاره‌نوسی. كاسه‌ی سه‌ری به ته‌واوی بچوك ببوه‌وه، به زركه كاڵه‌كێكی ته‌پیو ده‌چوو. به خه‌مساردیه‌وه به‌ره‌و ئه‌و جێگایه كشا كه تێیدا پر بوو له نه‌شئه‌ی ماچ، به گران توانی ئه‌و جێگایه بناسێته‌وه، چونكه زوڵمه‌تی ئه‌و شه‌وه كانونییه مژده‌ی وه‌یشومه‌ی مه‌رگی بۆ ده‌هێنا، چیدی له‌ده‌ست ئه‌و قه‌ده‌ره قوتاری نه‌ده‌بوو كه تووشی هاتبوو. سه‌رما تا ده‌هات به‌هێزتر ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌مێكی بێ ده‌ره‌تان به‌و شه‌وی سه‌قه‌مه و به‌و هه‌موو كرمه‌وه كه چاوه كاڵه‌كانی خۆی توانای بینینیانی نه‌بوو ڕووی له كوێ بكردایه!؟چیدی ڕه‌ق هه‌ڵاتنی له‌و شه‌وی سه‌رما دڵڕه‌قه‌دا چاره‌نوسی بوو.
نووزه‌ی ده‌نگێكی تاساو هاته گوێی، كه به ده‌نگی ئه‌و زه‌نگانه ده‌چوو كه له ژێرخانی زیندانه نهێنیه‌كاندا لێده‌درێن. تا ماوه‌یه‌ك هیجی نه‌دی وای زانی نه‌وره‌سێكی سه‌ر لێ شێواوه به‌و نیوه‌شه‌وه هێلانه‌یان پێ جێهێشتوه. هه‌مان ده‌نگ به‌شێوه‌ی هاوار و نزا هاته گوێی، تا ده‌هات نزیكتر ده‌بوه‌وه، وه‌ك نه‌شته‌رێكی كول له‌گه‌ڵ زبری سه‌رماكه‌دا گوێیه‌كانی شه‌قار ده‌كرد. پێی سه‌یر بوو! به‌و شه‌وه سامناكه كێ هه‌یه لا له كرمه‌ڕێزكی وه‌كو ئه‌م بكاته‌وه. سه‌راسیمه بوو له دیمه‌نی ئه‌و لێوانه‌ی هێمن هێمن په‌رده‌ی ته‌مه په‌مه‌ییه‌كه‌ی ده‌بڕی و به‌ره‌و لای ده‌هات. به‌ته‌نها دوو لێو له جووڵه‌یه‌كی سستی ئه‌فسوناویدا لێك ئه‌پچڕان، هه‌ناسه‌یه‌ك و تۆپه‌ڵێك هه‌ڵمی گه‌رم و چه‌ند وشه‌یه‌كی بریقه‌داریان به‌سه‌ر ئه‌و دارستانه‌دا ده‌پرژاند.
باخه‌كه به جه‌نگه‌ڵێكی دووره‌ده‌ست ده‌چوو، ته‌می په‌مه‌ییش تا ده‌هات سوورتر ده‌بوو له باوه‌شی زوڵمه‌تی ئه‌و شه‌وی ده‌یجوره‌دا. له وشه‌كانی ئه‌و دوو لێوه تێنه‌ده‌گه‌یشت، تا دیسان هاواری كرد و به شێوه‌یه‌كی ئاشكراتر ده‌نگدانه‌وه‌ی وشه‌كان ده‌گه‌یشتنه گوێی. ده‌نگێكی ته‌واو ئیلاهییانه بوو نه‌غمه‌یه‌كی پڕ سۆز بوو كاری له هه‌ست و ده‌روونی ده‌كرد. دڵنیابوو له‌وه‌ی كه ده‌نگی (ئازیز)ه هه‌ناسه‌كانی پڕبوون له هه‌نسك و گریانێكی به‌كوڵ، به‌ته‌نها دوو لێو بوون چاوێك نه‌بوو تا ئه‌م فرمێسكه ڕه‌نگاڵه‌ییه‌كانی ببینێت. ئه‌و ده‌نگه پڕ له ئه‌شك و ژانه ده‌پاڕایه‌وه و ده‌یگووت: ''ئاكار بۆ به فریام ناكه‌ویت؟ خۆ ماچه‌كانی تۆ منیان هاویشته نێو ئه‌م زیندانه ئه‌به‌دیه‌وه، تاوانه‌كانی تۆ بوو قامچییه‌كانی له‌سه‌ر من چالاكتر كرد، كه ده‌تزانی ئه‌م تاوانانه‌ت ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن، بۆچی منت ڕاپێچی سزایه‌كی ئیلاهی كرد؟ منت خسته نێو ئه‌م ئاته‌شگا بێ به‌زه‌ییه‌وه؟ سه‌ركێشیه‌كانی تۆ بوو منیان هاویشته نێو ئه‌م زیندانه نسرمه‌ی ڕۆحی خۆمه‌وه!؟''
هه‌وڵیدا وه‌ڵامی بداته‌وه و تێی بگه‌یه‌نێت كه ئه‌م چ تاوانێكی نه‌كردوه، ئه‌یووست خۆی له‌و تۆمه‌تانه به دوور بگرێت كه ئه‌و ده‌یخستنه پاڵی، وه‌لێ بێهوده بوو سه‌قه‌می ئه‌و شه‌وه شێداره وشه‌كانی له نێوه‌ندی زاریدا ده‌به‌ست و به كه‌س نه‌ده‌گه‌یشتن. كڕێوه‌ی ئه‌و شه‌وه بێ به‌زه‌ییه تا ده‌هات زیاتر ده‌خزایه بنده‌ستی و به نێو ڕۆحی‌دا ڕۆده‌چوو، له نێو دڵی سستیدا له‌ره‌یه‌كی به‌فرینی دروست ده‌كرد، تا ده‌هات هه‌ستی به مه‌رگ زیاتر ده‌كرد وه‌ك له ژیان. لێوه ئه‌فسوناویه‌كانیش زیاتر لێی ده‌هاتنه پێشێ و بێده‌نگی چادری به سه‌ر ئه‌و گۆڕستانی عه‌شقه‌دا هه‌ڵدابوو.
چاوانی له ئاسۆیه‌كی نادیار چه‌قاندبوو، گلێنه‌كانی به دوو هه‌ڵماتی خوار ده‌چوون، سه‌یر نییه گه‌ر ڕۆژی پاشێ بووبنه كه‌لای ده‌ستی منداڵێكی چوختی ماڵه ڕوخاوه‌كانی قه‌راغ شار، ئه‌و ماڵانه‌ی كه له دووره‌وه سه‌یری جه‌نجاڵی شارێك ده‌كه‌ن كه له باخچه‌كانیدا عه‌شق گوڵ ناكات.
كاتێك لێوه ئه‌فسوناوییه‌كانی (ئازیز) به‌ر لێوی كه‌وتن ئه‌م گیانێكی سارد بوو، ڕۆحی وه‌ك كرمێكی وه‌نه‌وشه‌یی له عه‌وره‌تییه‌وه به ده‌ره‌لنگلی پانتۆڵه‌كه‌یدا داخزابووه خوارێ.
شوباتی 1999
سلێمانی