ماڵه‌کان
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
ماڵه‌کان نوستوون
ماڵه‌کان دێنه خه‌ونی یه‌کتر
ماڵه‌کان خزمی یه‌کدین
ماڵه‌کان هاوسێی یه‌کدین
ماڵه‌کان به خیلیی به‌یه‌ک ده‌به‌ن
ماڵه‌کان جه‌ژناوجه‌ژن
بۆ لای یه‌کدی ده‌ڕۆن
ماڵه‌کان قه‌ره‌باڵغن به ته‌نیایی
ماڵه‌کان ته‌نیان به عیشق
ماڵه‌کان هه‌ریه‌که و ژماره‌ی خۆی هه‌یه
هه‌ریه‌که و سه‌عاتی خۆی له مه‌چه‌کدا و
هه‌ریه‌که و ناسنامه‌ی خۆی له گیرفاندا و
هه‌ریه‌که و نوشته‌ی نهێنیی خۆی به یه‌خه‌وه و
هه‌ریه‌که و موبه‌ق و ژووری میوان و
هه‌ریه‌که و په‌نجه‌ره و
هه‌ریه‌که و زه‌نگ و
هه‌ریه‌که و بۆنی خۆی
ماڵه‌کان سیخناخن به حه‌کایه‌ت
تێیاندایه تا شه‌وێکی دره‌نگ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی
ئه‌م دیوودیو ده‌کا
ماڵ هه‌یه تاسه‌ی ماڵێکی دی
له‌وپه‌ڕی دونیا، ده‌کا
ماڵ هه‌یه ئاسووده‌یه وه‌ک گیا
ماڵ هه‌یه نامه‌یه‌کی هه‌یه و
سه‌د ساڵه گه‌ره‌کییه‌تی بینێرێ
ماڵ هه‌یه خه‌مگینه وه‌ک ڕێحان
ماڵ هه‌یه خۆی پێچاوه‌ته‌وه و به نیازه
به بانیژه و په‌رده‌کانییه‌وه
بگوێزێته‌وه بۆ جێگایه‌کی دوور
ماڵ هه‌یه ئیماندار
ڕاکشاو له ئێشکی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای به‌خششی خودادا
ماڵ هه‌یه تاریک وه‌ک کوفر
ماڵ هه‌یه ڕووناک وه‌ک باخ
ماڵه‌کان هه‌ریه‌که و دڵێک له لای چه‌پی چیمه‌نه‌کانیاندا
لێده‌دا
هه‌ریه‌که و بۆ خۆی شتێکی هه‌یه له بیره‌وه‌ریی
هه‌ریه‌که و بۆ خۆی شتێکی هه‌یه له نهێنیی
هه‌ریه‌که و بۆ خۆی شتێکی هه‌یه له پێکه‌نین
هه‌ریه‌که‌و بۆخۆی بستێک عه‌ردی هه‌یه
هه‌ریه‌که و بۆ خۆی شتێک ئاسمانی لێدیاره
هه‌ریه‌که و له ڕۆژی حیساب* دا
چنگێک ئه‌ستێره‌ی
به‌رده‌که‌وێ
ماڵه‌کان باڵیان هه‌ن
باڵی نهێنیی
گه‌ر ئاره‌زوو بکه‌ن
گه‌ر زۆریان بۆ بێ
گه‌ر ناچار بکرێن
له‌ناکاوێکڕا شته‌کانیان له‌نێو بانیژه‌کانیان ده‌نێن و
ده‌ڕۆن
ماڵه‌کان زستانان دێنه‌وه یه‌ک
هێنده‌ی ڕیزێک گوڵدانی سپییان لێده‌مێنێته‌وه
له حه‌ژمه‌ت سه‌رما
به‌سه‌ر یه‌کدیدا ده‌نووشتێنه‌وه
قژی یه‌کدی وشک ده‌که‌نه‌وه
پشتی یه‌کدی ده‌شێلن
ئاگر به‌شی یه‌کتر ده‌ده‌ن
حه‌مام بۆ یه‌کتری داده‌خه‌ن
حه‌کایه‌ت بۆ یه‌کدی ده‌گێڕنه‌وه
هاڵاو به ده‌ستی یه‌کتریدا ده‌که‌ن
ملپێچی خوریی
ده‌که‌نه ملی یه‌کتر
پاڵتۆکانیان ده‌ده‌نه یه‌کتر
لێفه‌ی گه‌رم به یه‌کدیدا ده‌ده‌ن
دڵنه‌وایی یه‌کدی ده‌که‌ن
ماڵه‌کان هه‌ریه‌که و خاوه‌ن سه‌جه‌ره‌ی خۆیه‌تی
هه‌ریه‌که و خاوه‌ن به‌یانیی خۆی و
هه‌ریه‌که و خاوه‌ن خودای خۆی
ماڵه‌کان له‌وه بوونه‌ته‌وه له‌سه‌ر شتی گه‌وره
بیکه‌نه هه‌را
نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی گوێیان له شته گه‌وره‌کان
خه‌واندبێ
به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوایه،
شته گه‌وره‌کان ئیدی
جێگای بایه‌خپێدانێکی ئه‌وتۆ نین
ماڵه‌کان کێشه‌یان له‌گه‌ڵ شته گچکه‌کاندا هه‌یه
له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌دا که له مایکرۆچرکه‌یه‌کدا
وه‌دیارده‌که‌ون و
دیارنامێنن
ماڵه‌کان هه‌ریه‌که و ڕووبه‌رێکی داگیرکردووه
هه‌ریه‌که و ژوورێکی هه‌یه بۆ دانیشتن
هه‌ریه‌که و جانتایه‌کی گه‌وره‌ی له‌جێگایه‌کدا
داناوه بۆ سه‌فه‌ر
هه‌ریه‌که و قه‌ره‌وێڵه‌یه‌کی له خانه‌ی پیراندا هه‌یه بۆ خه‌ڵوه‌ت
هه‌ریه‌که و ئه‌لبومێکی هه‌یه چۆڵ
هه‌ریه‌که و قسه‌یه‌کی پێیه دێرین
هه‌ریه‌که و ته‌نیاییه‌کی هه‌یه بیکاته خێر
هه‌ریه‌که و قه‌ره‌باڵغییه‌کی هه‌یه یاریی پێ بکا
ماڵه‌کان حه‌ز ده‌که‌ن ته‌نیا بن
حه‌ز ده‌که‌ن به ته‌نیا ترومبێل بئاژوون
به ته‌نیا گوێ له هه‌واڵه‌کان بگرن
حه‌ز ده‌که‌ن له میترۆکاندا به ته‌نیا دانیشن
به ته‌نیا بچنه باخچه‌کانه‌وه و
به ته‌نیا له ئاوێنه‌دا له خۆیان بنۆڕن
ماڵه‌کان هه‌ر له‌وێن
دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵانه
ماڵه‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن گه‌نج بنوێنن
ماڵه‌کان قژیان بۆیه ده‌که‌ن
ماڵه‌کان پڕن له ئاوێنه
ماڵه‌کان زۆر نایه‌نه به‌ر ده‌رگا
ماڵه‌کان به چرپه ده‌دوێن
ماڵه‌کان پڕن له شه‌و
ماڵه‌کان دێنه خه‌ونی یه‌کتر
ماڵه‌کان خه‌ون به یه‌کتره‌وه ده‌بینن
ماڵه‌کان بانیژه‌یان هه‌ن
فه‌زایه‌کیان هه‌ن پڕه به‌به‌ری چاوه‌ڕوانیی
پڕه به به‌ری خه‌یاڵی نیلۆفه‌ر
هه‌ندێ ئێواران
ماڵه‌کان خۆیان ده‌گۆڕن
قاچ ده‌نێنه سه‌ر قاچ و
له بانیژه‌کانیاندا داده‌نیشن
خشته‌کانی ڕۆژنامه حه‌ل ده‌که‌ن
پڕته‌قاڵ ده‌خۆن
قاوه ده‌خۆنه‌وه
ده‌نگی یه‌کتری نابیستن
خه‌یاڵیان وا له شوێنێکی تر
ماڵه‌کان هه‌ریه‌که و ڕازێکی هه‌یه له دڵدا
هه‌ریه‌که و دۆعایه‌کی هه‌یه
هه‌ریه‌که و خاوه‌ن خۆزگه‌یه‌کی مه‌حاڵ و
خاوه‌ن نه‌زرێکی قه‌ده‌غه
به چاونوقاندنه‌وه، به ترسه‌وه، به شه‌رمه‌وه
به چپه .... به خودای خۆیانی
ده‌ڵێن
ماڵه‌کان له تاریکیی ده‌ترسن
هه‌ندێ جار دڵیان وا له مستیاندا
هه‌ندێ جار هێند ناسک ده‌بنه‌وه
به فڕینی چۆله‌که‌یه‌کیش ڕاده‌چڵه‌کن
ماڵه‌کان باڵیان هه‌ن
باڵی نهێنیی
گه‌ر ئاره‌زوو بکه‌ن
گه‌ر زۆریان بۆ بێ
گه‌ر ناچار ببن
له‌ناکاوێکڕا مناڵه‌کانیان له‌نێو بانیژه‌کانیان ده‌نێن و
ده‌فڕن!
پاییزی 2005
* ڕۆژی حیساب: ڕۆژی قیامه‌ت