چڵه سێبه‌رێک شکاو ...
شکاو!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئانتۆلۆژیانه‌ی سێبه‌ر به راناوی که‌سی یه‌که‌می نادیار
ره‌نگ هه‌ڵیکرد
به‌ره‌و پۆل کچه‌که‌م
ره‌نگ هه‌ڵیکرد
بمبووره گه‌ر ئێواره‌یه‌ک
کوتوپڕ دیارنه‌مام
ده‌تبوورم
گه‌ر ئێواره‌یه‌ک له‌خۆڕا
دیارنه‌مایت
پۆرترێته‌که‌ی باوکت
بخه‌وه جانتاکه‌ت
روخسه‌ت بخوازه
له حه‌رفی مه‌ییوی نێو گه‌رووی
غه‌ریبان
له‌خواری خواره‌وه
ره‌سمی گۆرانییه‌ک بکێشه
ره‌ش و سپیی
که‌وانه‌یه‌ک بۆ گومان بکه‌وه
فاریزه‌یه‌ک له‌به‌رده‌م غه‌ریبییدا دانێ
خه‌تێکی مۆر
به‌ژێر ته‌نیاییدا بێنه
که‌روێشکێکی په‌مه‌یی
له بۆسه‌ی گێزه‌رێکا بخه رسته‌وه
ئاوێک له‌کاتی ئاوڕدانه‌وه‌دا
ئیعرابکه
نیشانه‌یه‌کی سه‌رسوڕمان
له‌سه‌ر ئانیشکی دارتووه‌که‌ی
حه‌وشی مه‌کته‌ب هه‌ڵکۆڵه
ده‌فته‌ری ئیملای زیکزیکه
پڕبکه
له زۆر باشه ... ئافه‌رین
رۆژباش کچه‌که‌م
پشووبه ... ره‌نگ هه‌ڵیکرد
وریابه ... پیریی هه‌ڵیکرد!
پۆرترێته‌که‌ی باوکت بخه‌وه جانتاکه‌ت
ئاوی گۆرانییه‌که‌ی حه‌وشه مه‌گره‌وه
راڕایی په‌نجه‌ره‌که‌ی ژووری میوان
له‌سه‌ر حوزنی ئێوارانی کۆڵان
دامه‌خه
په‌ڕه‌کانی ده‌فته‌ری بیرکاریی
بکه‌ره کۆلاره و
په‌ڕه‌کانی کتێبی جوگرافیاش
به به‌له‌م
گره‌و مه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانم
ره‌نگی قردێله‌که‌ت
سووره ... یان مۆر
نازانم ئه‌و بۆیه‌ی نینۆکه
له‌گه‌ڵ پێڵاوه‌کانتا ده‌گونجێ
یان له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی خۆرنشین
پشووبه کچه‌که‌م
ئێواره هوروژمی هێنا
وریابه
پیریی هه‌ڵیکرد!
بمبووره گه‌ر ناوه‌خت
دیارنه‌مام
تازه نه من
تۆ په‌مه‌یی ده‌بینم و
نه تۆیش من به سپیی
ئاخر ئیتر ره‌نگ هه‌ڵیکرد
ئه‌و ره‌نگه پیرۆزه‌ییه ... نا
که دایکم
له ئێوارانی هه‌ڵفڕینی ئه‌سپه‌کانا
چاوانی ئێشاوی به‌رسیله‌ی
پێ ده‌ڕشت
ئه‌و ڕه‌نگه وه‌نه‌وشه‌ییه
کاڵ ... کاڵه‌ش نا
که هاوین له غیره‌دا
ده‌یدا به عه‌وره‌تی هه‌نجیرا
ئه‌و ڕه‌نگه شه‌رابییه‌ش ... نا
که باپیره‌ت به‌یانیان به گالیسکه‌یه‌که‌وه
ده‌هات و
چاوانی گوڵه یاسه‌مین و
گیرفانی دارسنۆبه‌ره‌کانی لێ پڕ ده‌کرد!
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌یه
خوا ده‌زانێ چه‌ند په‌پووله
له کتێبی په‌روه‌رده‌ی نیشتیمانیی
کچه‌که‌ما ڕه‌ق هه‌ڵدێن!
دوێنێ یه‌ک شه‌ممه بوو
خوا ده‌زانێ چه‌ند چڵه سێبه‌ری ته‌ڕ
له‌کتێبی جوگرافیای کچه‌که‌ما
به‌لاهاتوون!
پشووبه کچه‌که‌م ... ڕه‌نگ هه‌ڵیکرد
وریابه ... پیریی هه‌ڵیکرد!
پۆرتره‌یته‌که‌ی باوکت
بخه‌وه جانتاکه‌ت
ڕوخسه‌ت بخوازه ... کچه‌که‌م
له‌و مناڵانه‌ی
که قاچیان به جادده دۆڕان و
نیوه‌شه‌وانێک چاویان
له‌نێو په‌لکی دره‌خته‌کانا لێ جێ‌ما
ڕوخسه‌ت بخوازه کچه‌که‌م
له دونیایه‌کی وا بچووک
که نه ده‌رگایه‌کی هه‌یه بۆ هه‌ڵاتن و
نه په‌نجه‌ره‌یه‌ک بۆ خۆکوشتن!
ڕوخسه‌ت بخوازه
کچه‌که‌م
له بته مل درێژه‌کانی
کتێبی مێژوو
له‌و بتانه‌ی خه‌راپ له نه‌زاهه‌تی
زه‌ڕافه گه‌یشتن
ئه‌و بتانه‌ی که سه‌رهه‌ڵگرتنی پێغه‌مبه‌ره‌کانیان
قۆسته‌وه
تا کتێبه گوماناوییه‌کانی ره‌وانبێژیی
بنووسنه‌وه!
روخسه‌ت بخوازه
کچه‌که‌م
له شمشێره‌که‌ی شا ئیسماعیلی سه‌فه‌ویی
له گۆچانه‌که‌ی ئه‌تاتورک
له دارحه‌یزه‌رانه‌که‌ی مامۆستای سروود
له گۆی زه‌وی خۆڵاوی
سه‌ر مێزه‌که‌ی ژووری مودیر
ڕوخسه‌ت بخوازه
له ڕه‌وه ئاسکی هه‌ڵاتووی
ناو کتێبه‌کانی زانیاریی
له کۆتره خه‌مباره‌کانی
به‌ر په‌نجه‌ره‌ی تیوبه‌که‌ی ( نامیق عه‌لی)!
ڕۆژباش کچه‌که‌م
پشووبه ... ڕه‌نگ هه‌ڵیکرد
وریابه ... پیریی هه‌ڵیکرد
پۆرترێته‌که‌ی باوکت بخه‌وه جانتاکه‌ت
بمبووره گه‌ر ئێواره‌یه‌ک
کوت و پڕ دیارنه‌مام
گره‌و مه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانیت
به‌کوێوه هه‌ڵنیشتووم
یان له‌ژێر گوێسوانه‌ی
ماڵه دوور دووره‌که‌ی ( ئازاد شه‌وقی ) دام
یاخود وه‌ک قه‌تره شه‌ونمێکی ته‌ڕ
وام له‌نێو له‌پی ره‌ه‌نگێکی سرکی
( سامان که‌ریم )!
چه‌ند وێنه‌یه‌ک له ده‌فته‌ری ره‌سمی کچه‌که‌م به‌دزیی مامۆستای
وێنه‌وه.
ره‌سمی یه‌که‌م:
سپییه‌ک نیوه رووت
نیوه‌که‌ی تریشی پرژاوه‌ته
گۆشه‌یه‌کی ماتی جێهێڵراوه‌وه
له ناوه‌راست و گۆشه‌ی چه‌پدا
چه‌ند په‌ڵه‌یه‌کی ره‌ش
له سێبه‌ر ده‌چن و
له جێپێی ئاژه‌ڵێکی تازه ماڵیکراو
چڵێک رێحانه خۆی راستکردۆته‌وه
خاڵێکی ره‌ش له پانتاییه‌کی سپییدا
خۆی راده‌پسکێنێ
مناڵێک له مه‌کته‌ب دێته‌وه
گۆرانییه‌ک له‌دووره‌وه دێته گوێ!
ره‌سمی دووه‌م:
سپییه‌کی تۆختر
به‌هێڵێک
له‌گۆشه‌ی ئه‌وسه‌ره‌وه
به‌ره‌و قوڵایی بۆ گۆشه‌ی ئه‌مسه‌ر
شکاوه‌ته‌وه
پۆله باڵنده‌یه‌ک له ریشۆڵه ده‌چن و
له قژقڕه‌ش
سێبه‌ره‌کانیان دوو سێ هێنده‌ی
قه‌واره‌ی خۆیانه
ناکاو به‌ره‌و گۆشه‌ی چه‌پ
هه‌ڵده‌فڕن
سێبه‌ره‌کانیان جێده‌مێنێ
جگه له پیانۆیه‌ک
که‌س به‌ده‌ره‌وه نییه
مانگ ده‌نوێ!
ره‌سمی سێیه‌م:
ره‌نگێکی مه‌یله‌و ڕه‌ش
ده‌بێته هه‌ڵم و
ئاسه‌وارێکی په‌مه‌یی
لێ جێ ده‌مێنێ
فیگۆری ته‌رمێک له ناوه‌راستا
که دوو به‌شی پانتایی تابلۆکه‌ی
داگیرکردووه
مناڵێک لای گۆڕستانێکه‌وه ڕه‌ت ده‌بێ
ده‌نگه ده‌نگێکی میسۆلۆژیی
کۆترێکی چاویلکه له‌چاو
ده‌گمێنێ
که‌روێشکێک له‌وبه‌ره‌وه ده‌زێ
سه‌ره‌مێکوته‌یه‌ک ره‌خنه ده‌نووسێ
شه‌و دادێ!
ره‌سمی چواره‌م:
کات ده‌مه‌و ئێواره‌یه
گه‌ڵایه‌ک رێچکه‌ی جۆگه‌یه‌کی
به‌ره‌و چه‌پ گۆڕیوه
کیسه‌ڵێک واقوڕماو
له ئاسمان ده‌نۆڕێ
هه‌وره بروسکه
سێبه‌ر ... سێبه‌ر ... سێبه‌ر
تاریکیی!
ره‌سمی پێنجه‌م:
خاڵی ڕه‌شی له‌ژماره نه‌هاتوو
به‌سه‌ر په‌لک ولقی دره‌خته‌کانه‌وه
له‌نێو جۆلانه‌کاندا
له که‌ناری جۆگه‌کانا
له‌نێو په‌ڕه‌ی ده‌فته‌رو کتێب و
خه‌ونامه‌کاندا
له مناڵی که‌ڕولاڵ ده‌چن
که له‌ژێر سێبه‌ردا خه‌ون ببینن
نه‌ک له چۆله‌که
که به‌ره‌و سه‌ری ئه‌مسه‌ر بفڕن
کۆلاره‌یه‌کی نیگه‌ران به‌حه‌واوه
گۆرانییه‌کی به‌کۆمه‌ڵ!
ره‌سمی شه‌شه‌م:
به خه‌تێکی سوور هێڵێکی راست وچه‌پ به‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌دا هێنراوه،
مامۆستای ره‌سم به‌خه‌تێکی ناشیرین رسته‌یه‌کی له‌گۆشه‌ی سپیی
ره‌سمه‌که‌دا نووسیوه. له‌به‌ر هه‌ندێ ئیعتیباراتی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌خلاقیی و
سیاسیی نه له‌وێنه‌که ده‌دوێم و نه ڕسته‌که‌ش ده‌خوێنمه‌وه !
ڕه‌نگ هه‌ڵیکرد
کچه‌که‌م
پیریی هه‌ڵیکرد
ئه‌و ده‌مه‌و عه‌سره‌ی دێمه‌وه
په‌نجه‌ره‌کانی هه‌ڵوژه
به ڕووی روانیندا ده‌که‌ونه سه‌ر پشت
ڕێواس ده‌ستی ده‌چێته خۆی و
هه‌وره‌کان له‌ئه‌و‌جی مه‌غریبی ره‌نگدا
به‌ده‌م بارینه‌وه خۆیان ده‌کوژن
ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌گه‌ڕێمه‌وه
ده‌نگی خۆم به ئه‌مانه‌ت
لای ڕه‌نگی چاوانی ماسیی
جێ دێڵم
که ده‌گه‌ڕێمه‌وه
ناوه‌خت
ئه‌و هۆزه به‌فرانه ده‌چنه‌وه
ناوه‌خت
ئه‌و ئه‌سپانه ده‌فڕن
ناوه‌خت له‌گه‌ڵ تۆدا
ده‌گه‌ڕێمه‌وه ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی
که جمه‌یان دآ له‌چاوه‌ڕوانیی شووشه‌یی
ناوه‌خت
له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه و
گیرفانه‌کانم پڕن
له مه‌مکه وه‌ریوه‌کانی گێلاس
زه‌ینم پڕه
له‌یاده‌وه‌رییه سه‌وزه‌کانی چنار
رۆژباش کچه‌که‌م
پشووبه ... ڕه‌نگ هه‌ڵیکرد
وریابه ... پیریی هه‌ڵیکرد
بمبووره گه‌ر به‌یانییه‌ک کوتوپڕ
دیار نه‌مام
هه‌نگاوێک دوور له ئێوارانی
ڕاکشاوی تاو تابووته‌کان
تۆزێک له‌ولا ڕه‌ق بوونه‌وه‌ی شۆڕش و
لاره لاره‌ی مێژوو
به‌ده‌م پیاسه‌ی ئێواره نارنجییه‌کانی شمشێر و
هێڵنجدانی شه‌ڕه‌وه
له‌ته‌نیشت ڕه‌نگه‌وه تۆم بیست
ئیدی زانیم:
نه ئه‌و په‌نجه مۆسیقاییانه
هی منن و
نه ئه‌و چاوه ماتماتیکییانه
هینی تۆن
ئیدی دڵم نه‌هات
گیرفانه‌کانی بیابان
بۆ په‌نجه‌کانم بگه‌ڕێم
شه‌رمم کرد
ده‌نگم له ماسییه‌کان بسه‌نمه‌وه
چاوم به‌رایی نه‌هات
له‌ولا شه‌ڕگه‌کانه‌وه
ده‌وارێک بۆ خۆمان هه‌ڵده‌ین
له یاریی!
شه‌رمم کرد
له‌پاڵ هه‌نده‌سه‌ی مه‌رگ و
له‌ودیو جه‌بری ته‌ماشاوه
گره‌وێک بکه‌م له‌گه‌ڵ عیشق
ڕۆژباش .. کچه‌که‌م
بمبووره
گه‌ر ئێواره‌یه‌ک کوتوپڕ دیارنه‌مام
ده‌تبوورم
گه‌ر ئێواره‌یه‌ک له‌خۆڕا
دیارنه‌مایت
ئیدی مه‌پرسه
نه‌سه‌بی ئه‌و کیمیاگه‌ره گۆشه‌گیرانه
ده‌چێته‌وه سه‌ر کام سیمورغ
مه‌پرسه
تا چه‌ند ئه‌و فیزیکه‌وانه کافرانه
ئینتیمایان هه‌یه
بۆ کێش و قه‌واره زه‌ردباه‌کانی
ته‌نیایی
له شوناسی ئه‌و فه‌له‌کییانه
مه‌پرسه
که شه‌وانێک ده‌رگای بورجه‌کانیان
له‌سه‌ر کڵۆمداین
له عومری ئه‌و مناڵه‌ش مه‌پرسه
که له باخی کتێبه ته‌نیاکاندا
به‌دوای په‌پووله‌کانا رایده‌کرد
مه‌پرسه و
به‌دیار ڕه‌قبوونه‌وه‌ی ته‌وره‌کانه‌وه
میسۆلۆژیای سه‌ربڕینه‌کانم
موتاڵاکه
شه‌ڕی عومر
به ده‌رکه‌وانی سه‌ومه‌عه‌کانم بفرۆشه
مه‌پرسه و
په‌نجه‌کانم له‌ژێر داروپه‌ردووی
گوڵه‌کانا کۆکه‌ره‌وه
چاوم لای هه‌ڵوژه‌و
دڵم له کۆڵان و
ده‌نگم لای ماسیی و
باڵم لای سێبه‌ره‌کان بێنه‌ره‌وه!
یاداشتێک که نیوه‌ناچڵ له ده‌فته‌ر ی یاداشتنامه‌ی کچه‌که‌مدا نووسراوه ،
ئه‌م یاداشته هینی که‌سێکی غه‌ریبه و پێده‌چێ له‌یه‌کێک له ڕه‌وه عیبرییه‌کانا
به ڕێکه‌وت ده‌ست کچه‌که‌م که‌وتبێت!
شه‌وانێ عومری خۆم ده‌ده‌مه
کچه ته‌نیاکانی سه‌ر سنوور
ئامێزیان گه‌رم و
هه‌ناسه‌یان بۆنی په‌ڕه‌سێلکه‌ی
تازه پێکراوی لێدێ
باوکیان قاجارییه‌کی به‌دبین و
له دایکیشه‌وه به ڕه‌چه‌ڵه‌ک
ده‌چنه‌وه سه‌ر ماسی گرێکی
به‌دمه‌ستی
ئه‌وبه‌ر زه‌ریا
تا نزیکتر بمه‌وه
ئه‌وان رووتتر
تا زیاتر بچمه پێشێ
چڕتر ره‌نگه شه‌به‌قییه‌کانی ڕێنوارو
پۆله په‌ڕه‌سێلکه‌ی ماچ و
پووره هه‌نگی جه‌سته‌ی ئه‌وانم
تێ ده‌وروکێ!
ڕه‌نگ هه‌ڵیکرد
کچه‌که‌م
پیریی هه‌ڵیکرد
ئیدی من و تۆ چ کاره‌ین
له فیدراسیۆنی ئه‌م وه‌رزه هه‌مه‌جییانه‌دا
چ دڵێکمان به‌ستووه
به‌و عیشقه وه‌همییانه
پێبکه‌نه
تا ئه‌وپه‌ڕی خنکان پێبکه‌نه
رووتبه‌ره‌وه
تا ئه‌وپه‌ڕی نووستن رووتبه‌ره‌وه
تا ئه‌وپه‌ڕی بێ هوده‌یی
په‌نجه‌ره‌کان به ڕووی ڕه‌نگ و
به ڕووی حوزنی ئێواره‌دا داخه
ئه‌وجا له‌وێوه
حه‌رفێکم بده‌رێ له نه‌گوتن
تا بیری گه‌ڵاو ئاو نه‌چمه‌وه
منیش بانیژه‌یه‌کت ده‌ده‌مێ
له ڕووانین
تا لێیه‌وه .. بۆ نێو باخچه‌کانی سه‌ما
دابه‌زیت!
مه‌ترچوارگۆشه‌یه‌کم بده‌رێ
له مردن
تا ڕووبه‌رێک هه‌بێ
لێیه‌وه بجه‌نگم
منیش قه‌یاغێکت ده‌ده‌مێ
له شه‌رم
تا پێی بپه‌ڕیته‌وه ته‌سلیم بوون!
ڕۆژباش کچه‌که‌م
بمبووره گه‌ر ئێواره‌یه‌ک دیارنه‌مام
ده‌تبوورم گه‌ر به‌یانییه‌ک
له‌یه‌کتر بزر بووین
پۆرترێته‌که‌ی باوکت
بخه‌وه جانتاکه‌ت
بڵێی بستێک سێبه‌ر نه‌بێ
تا له‌ولا بینینه‌وه راکشێم و
وه‌ک عاریفێکی ئه‌نارشیست
چه‌پڵه بۆ ئاشووبی باخچه‌کان
بکوتم؟
به‌ڵام .. به‌ڵام
من نه فێری زوبانی بته‌کان
ده‌بم و
نه ستوونی دوکه‌ڵه‌کانم پێ ده‌ژمێردرێ
دواجار
ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه‌و ده‌زانم
نه ده‌توانم له‌گه‌ڵ خۆمدا ئاشتببمه‌وه و
نه ده‌شتوانم له‌گه‌ڵ دیالێکتیکدا
به‌شه‌ڕ بێم!
ڕه‌نگ هه‌ڵیکرد
کچه‌که‌م
پیریی هه‌ڵیکرد
پۆرترێته‌که‌ی باوکت
بخه‌وه جانتاکه‌ت
ئاوی گۆرانییه‌که‌ی حه‌وشه
مه‌گره‌وه
ڕاڕایی په‌نجه‌ره‌که‌ی ژووری میوان
له‌سه‌ر حوزنی ئێوارانی کۆڵان
دامه‌خه
له‌خواری خواره‌وه
ڕه‌سمی گۆرانییه‌ک بکێشه
له ته‌واوبوونا
خه‌تێکی ره‌ش به‌ژێر ته‌نیاییدا
بێنه
که‌روێشکێکی په‌مه‌یی
له‌بۆسه‌ی گێزه‌رێکا
بخه ڕسته‌وه
ئاوێک له‌کاتی خۆکوشتنا
ئیعرابکه
نیشانه‌یه‌کی سه‌رسوڕمان
له‌سه‌ر له‌پی دارتووه‌که‌ی حه‌وشی مه‌کته‌ب
هه‌ڵکۆڵه
ده‌فته‌ری ئیملای زیکزیکه پڕ بکه
له زۆر باشه ئافه‌رین
بمبووره
گه‌ر ئێواره‌یه‌ک کوت و پڕ
دیارنه‌مام
ده‌تبوورم گه‌ر به‌یانییه‌ک
له خۆڕا
له‌یه‌کتر بزربووین
پشووبه کچه‌که‌م
ئێواره هوروژمی هێنا
وریابه
کچه‌که‌م
پیریی هه‌ڵیکرد!
سلێمانی
مایسی 1997
*