چرای ئه‌فسوناویی
یاده‌وه‌رییه‌کانی ده‌رهێنه‌ری سوێدیی
ئینگمار بێریمان
وه‌رگێڕانی: دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌شی چواره‌م
له ته‌مه‌نی دوانزه ساڵییدا ڕوخسه‌تیاندام له‌ودیوی شانۆوه له‌گه‌ڵ موزیکژه‌نێکدا بم که ئامێری (سێلێستا1) ی له شانۆنامه‌ی (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون2) ی سترێندبێری دا ده‌ژه‌ند. ئه‌وه ئه‌زموونێکی هه‌ڵپڕوکێنه‌ربوو. شه‌و دوای شه‌و، خۆحه‌شاردراو له‌بورجی شانۆکه‌دا، شاهێدی دیمه‌نی هاوسه‌رێتیی پارێزه‌ر و کیژ ه‌که ده‌بووم. ئه‌وه یه‌که‌مجاربوو سیحری نواندنم ئه‌زموونده‌کرد. پارێزه‌ره‌که ته‌وقه‌یه‌کی قژی له‌نێوان که‌ڵه په‌نجه و په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌یدا پێ‌بوو. ته‌وقه‌که‌ی ده‌نووشتانه‌وه، ڕاستی ده‌کرده‌وه و ده‌یکرده دوو که‌رته‌وه. چ ته‌وقه‌یه‌ک له‌ئارادا نه‌بوو، به‌ڵام من ده‌مبینیی! ئه‌فسه‌ره‌که له‌ودیو ده‌رگای دوواوه‌ی شانۆوه راوه‌ستاو و چاوه‌ڕێی چوونه ژووره‌وه بوو. دانه‌ویبۆوه و ته‌ماشای پێڵاوه‌کانی ده‌کرد، ده‌ستی نابووه پشتی، به بێده‌نگیی قوڕگی پاکده‌کرده‌وه، وی ته‌واوێک بونیاده‌مێکی ئاسایی بوو. ئه‌وجا نۆره‌ی چوونه ژووره‌وه‌ی ده‌هات، ده‌رگاکه‌ی ده‌کرده‌وه و ده‌چووه به‌ر رووناکیی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆکه. ئیدی له‌وێدا ده‌گۆڕا و ده‌بووه ئه‌فسه‌ر.
له‌به‌رئه‌وه‌ی من ئاژاوه‌یه‌کی هه‌میشه‌ییم له‌ناوه‌مڕا هه‌ڵگرتووه که پێویسته له‌سه‌رم بیخه‌مه ژێر چاودێرییه‌وه، بۆیه له‌به‌رده‌م شته حیساب بۆکراوه‌کان و حیساب بۆنه‌کراوه‌کاندا زراوم ده‌چێ. پراکتیزه‌ی کاره‌که‌م به‌و ته‌رزه ده‌بێته به‌ڕێوه‌بردنێکی دڕدۆنگانه بۆ شتگه‌لێک که به‌گوتن ناگوترێن. من وه‌ک ناوبژیوانێک هه‌ڵسوکه‌وتده‌که‌م، ڕێکده‌خه‌م، سرووت ده‌خوڵقێنم. ده‌رهێنه‌رگه‌لێک هه‌ن ئاژاوه‌ی ناو خۆیان ده‌که‌نه ماتریاڵ، له‌باشترین حاڵه‌تدا ئه‌وان نومایش له‌و ئاژاوه‌یه ده‌خوڵقێنن. من ئه‌و جۆره ئه‌ماتۆرانه ئه‌فه‌رۆز ده‌که‌م. من هه‌رگیز له‌دراماکه‌دا به‌شدارنابم، به‌ڵکو ته‌رجه‌مه و کۆنکرێتیزه‌ی ده‌که‌م. له‌هه‌مووی گرینگتر: من چ جێگه‌یه‌کم له‌وێدا بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی گرێوگۆڵه ده‌روونییه‌کانی خۆم نییه، به‌ڵکو کلیلی نهێنییه‌کانی ده‌ق و کۆنترۆڵکردنی ترپه‌ی لێدانی دڵی داهێنانی ئه‌کته‌ره‌کانم هه‌ن. من ڕقم له ئاژاوه، دوژمنکاریی و هه‌سته ڕاگوزه‌ره‌کانه. پرۆڤه‌ی من کرده‌یه‌که که مه‌به‌ست لێی گه‌یشتنه به مۆبیله‌کردنێکی لۆکاڵیی که له‌وێدا دیسپلینی خۆیی، پاقژیی، روناکیی و ئارامیی باڵده‌کێشن. پرۆڤه، کرده‌یه‌کی رێکخراوه، نه‌ک ئه‌وه‌ی که ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ر به‌هۆیه‌وه چاره‌سه‌ری گرێوگۆڵه که‌سییه‌کانی خۆیان بکه‌ن.
من ڕقم له (والتێر3) بوو که سه‌عات نۆی به‌یانیان نه‌ختێک مه‌ست ده‌هات و ده‌که‌وته ڕشاندنه‌وه‌ی شته تایبه‌تییه‌کانی خۆی. قێزم له (تێرێسا4) ده‌هاته‌وه که به هه‌ورێک له ئاره‌قه و بۆنی عه‌تره‌وه هوروژمی ده‌هێنا و باوه‌شی پێداده‌کردم. ده‌مخواست له (پاول5)، له‌و دووده‌گییه داماوه بده‌م که به پێڵاوی پاژنه‌به‌رزه‌وه ئاماده‌ده‌بوو، که‌چی باشیش ده‌یزانی ده‌بێ به‌درێژایی ڕۆژ به‌سه‌ر پێپلیکانه‌کانی ته‌خته‌ی شانۆدا ڕابکات. ڕقم له (ڤانیا6) بوو که ڕێک دوای یه‌ک ده‌قیقه دره‌نگ هاتنی به هه‌ڵه‌نگاوتن و قژ بژ، شڕپێو و به‌هه‌ناسه‌بڕکێ، جانتاو کیسه به‌ده‌ست خۆی به‌ژووردا ده‌کرد. به (سارا7) تووڕه ده‌بووم که ده‌قه‌که‌ی بیرده‌چوو و هه‌میشه‌ش دوو ته‌له‌فۆنی گرینگیی به‌یه‌کجار هه‌بوون. من ئارامیم گه‌ره‌که، رێکوپێکیی و میهره‌بانیی. ئاخر ئێمه به‌و ته‌رزه ده‌توانین خۆمان له بێ سنوورێتیی نێزیک بخه‌ینه‌وه. ته‌نێ به‌و ته‌رزه‌یه ده‌توانین مه‌ته‌ڵه‌کان هه‌ڵبێنین و خۆمان فێری میکانیزمی پرۆڤه بکه‌ین. پرۆڤه‌یه‌کی زیندوو و خودان ترپه‌ی دڵ. هه‌مان نمایش و هه‌موو ئێواره‌یه‌ک، هه‌مان نمایش به‌ڵام نمایشێکی سه‌رله‌نوێ له‌دایکبوو. له‌سه‌روو ئه‌مه‌یشه‌وه ئه‌دی ئێمه چۆناوچۆنیی ده‌توانین خۆمان فێری ئه‌و نهێنییه هه‌نووکه‌یی و مۆڵه‌تپێدراوه بکه‌ین که هێند پێویسته تا نومایشێک نه‌بێته رۆتینێکی مردوو، نه‌بێته پێ چه‌قێنییه‌کی به‌رگه‌نه‌گیراو؟ هه‌موو ئه‌کته‌ره باشه‌کان نهێنییه‌که ده‌زانن، مامناوه‌نجییه‌کان پێویسته فێری بن و خه‌راپه‌کانیش قه‌ت فێری نابن.
به‌و ته‌رزه من ده‌ق و سه‌عاته‌کانی کار به‌ڕێوه‌ده‌به‌م. به‌رپرسیارم له‌وه‌ی ڕۆژه‌کان به‌هه‌ده‌ر نه‌چن. هه‌رگیز شتی تایبه‌تیم نین. من چاودێریی ده‌که‌م، سه‌رنج ده‌نووسم، ڕۆده‌نێم و کۆنترۆڵده‌که‌م. من چاوو گوێچکه‌ی ئاڵته‌رناتیڤی ئه‌کته‌ره‌کانم. پێشنیار ده‌که‌م، نه‌وازشده‌که‌م، هانده‌ده‌م و ڕه‌تده‌که‌مه‌وه. من ڕاگوزاریی و مه‌زاجی و هاوگه‌مه‌نیم. ته‌نها وا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وه به‌و شێوه‌یه بێت. ئاخر گه‌ر توانرابا بۆ چاوتروکانێک ده‌مامکه‌که‌م لادابا و ئه‌و شته‌م هێنابایه سه‌ر زوبان که له‌واقیعدا هه‌ستی پێده‌که‌م، ئه‌وا هاوڕێکانم دژم ده‌وه‌ستانه‌وه، تێکوپێکیان ده‌شکاندم و له په‌نجه‌ره‌که‌وه تووڕیان هه‌ڵده‌دامه ده‌ره‌وه.
له‌گه‌ڵ بوونی ده‌مامکیشدا، به‌ڵام هه‌رگیز خۆم حه‌شار نه‌داوه. وتووێر7 ی من خێرا‌و ئاشکرا ده‌ئاخڤێت، من هه‌میشه ئاماده‌م، ئاخر ده‌مامکه‌که ته‌نها فیلته‌رێکه که ڕێگه‌نادات چ شتێکی تایبه‌تیی لێوه دزه بکرێت. ئاژاوه له شوێنی خۆیدا راده‌گیرێت.
ماوه‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ ژنه ئه‌کته‌رێکی به‌ته‌مه‌نی گه‌لێک به‌هره‌مه‌نددا ده‌ژیام. وی گاڵته‌ی به تیۆری پاقژییه‌که‌ی من ده‌هات و پێیوابوو شانۆ شتێکی توڕه‌هات، شه‌به‌قیی، توڕه‌یی و نه‌فره‌ته. ئه‌و گوتی: ئینگمار باریمان، خه‌راپترین شت له‌تۆدا سوێ بوونه‌وه‌ته بۆ شته ته‌ندروسته‌کان، تۆ ده‌بێت واز له‌و سوێبوونه‌وه‌یه بێنیت، ئاخر ئه‌وه گومڕاکه‌ر و گومانکارانه‌یه، سنوورگه‌لێک له‌به‌رده‌متا داده‌نێ که ئیدی تۆ غیره‌ت ناکه‌یت بیانبڕیت، تۆ پێویسته وه‌ک دکتۆر فاوست ی ( تۆماس مان8) به‌دوای قه‌حپه گیرۆده به‌نه‌خۆشی سیفیلیس 9 ه‌که‌تا بگه‌ڕێیت.
ره‌نگبة ئه‌و راستیکردبێ، ده‌شێ ئه‌وه توڕه‌هاتێکی رۆمانسییانه‌ی هونه‌ری پۆپ و شوێنپێهه‌ڵگرتنی خه‌یاڵی به به‌نگ سڕ بووبێ . نازانم، ته‌نها شتێک بیزانم ئه‌وه‌یه که ئه‌و ژنه ئه‌کته‌ره شۆخ و بلیمه‌ته، زه‌ین و ددانه‌کانی له‌ده‌ستدان و له ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵییدا له‌خه‌سته‌خانه‌ی ده‌روونیی مرد. به‌و ته‌رزه له‌وێ پاداشتی ئه‌و ژیانه سه‌خته‌ی که گوزه‌راندبووی، وه‌رگرت.
له‌به‌رئه‌وه هونه‌رمه‌نده زوبان ڕه‌وانه چاپووکه‌کان دووچاری خه‌ته‌ر ده‌بنه‌وه. کوتوپڕ مه‌زه‌نده‌کانیان، دێنه‌دی و ده‌بنه مۆد. ئه‌مه‌ش بۆی هه‌یه کاره‌ساتی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتبێت. (ئیگۆر ستراڤنسکیی10) حه‌زیی بوو گوزارشت له‌خۆیبکات. وی ژماره‌یه‌کی زۆر کاری مۆسیقایی نووسین. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گڕکانێکی له‌ناوه‌وه‌یڕا هه‌ڵگرتبوو، بۆیه جڵه‌وپێگرتنی قورس بوو. هونه‌رمه‌نده مامناوه‌نجییه‌کان وییان موتاڵاکرد و سه‌ری لێکحاڵیبوونیان بادا. ئه‌وانه‌ی که چ ئاسه‌وارێکی گڕکان له‌ناوه‌وه‌یانڕا نه‌بوو، داری مایسترۆکانیان هه‌ڵبڕی و به له‌به‌رچاوگرتنی خۆجڵه‌وکردن، سه‌رۆکایه‌تیی ژه‌نینی کاره‌کانی ئه‌ویان کرد. ئه‌مه له‌کاتێکدا که (ستراڤنسکیی) هه‌رگیز وا نه‌ژیا که فێری ببوو، سه‌رۆکایه‌تیی کاره‌که‌ی خۆی، (ئه‌پۆللۆن موساگیتیێ11) کرد هه‌روه‌کی ئه‌وه‌ی (چایکۆڤیسکیی) بێت. ئێمه که کاره‌که‌مان خوێندبۆوه، گوێمان ڕادێرا و سه‌رسام بووین.
ساڵ ساڵی 1986 و سات ساتی نومایشکردنی چواره‌مین جاری (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) بوو. پێده‌چوو بڕیاره‌که ماقووڵ بێت: بڕیاری نومایشکردنی (خاتوو یولیی) و (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) له‌یه‌ک وه‌رزی نومایشدا. ژووره‌که‌م له دراماتن ( شانۆی پادشایه‌تی – و.ک ) نۆژه‌نکرابۆوه. چوومه ناوی. ئیدی من له‌ماڵی خۆمدا بووم.
ئاماده‌گییه‌کان به ئاڵۆزییه‌کان ده‌ستیانپێکرد. مشوره‌تم به سینۆگرافێک کرد که له شاری (یۆتۆبۆری) ده‌ژیا. هاوسه‌ره‌که‌ی دوای ده ساڵ پێکه‌وه ژیان، وازی لێهێناو و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌رێکی جاحێڵدا رێک که‌وتبوو. ئیدی سینۆگرافه‌که نه‌خۆشی گه‌ده‌ی گرت و رێک له‌دوای ناوه‌ڕاستی هاوینه‌وه به وه‌زعێکی زۆر خه‌راپ بۆ دورگه‌ی ( فۆرئیۆ )، بۆ لام هات.
به‌و ئومێده‌ی کارکردنمان ببێته هه‌توانێک بۆ خه‌مۆکییه‌که‌ی، کۆبوونه‌وه رۆژانه‌ییه‌کانمان ده‌ستیپێکرد. هونه‌رمه‌نده‌که به لێوه‌له‌ره و به‌چاوانێکی مات و زه‌قه‌وه ته‌ماشایده‌کردم و چپه‌دوو ده‌یگوت: ده‌مه‌وێ ئه‌و بگه‌ڕێته‌وه. من له ته‌کیدا نه‌که‌وتمه وتووێژکردن له‌باره‌ی هه‌توانکردنی رۆح، به‌ڵکو گوڕی به‌رده‌وامیمدایه به‌ر. دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک تێکوپێکشکاوانه بۆی ڕوونکردمه‌وه که له وزه‌یدا نه‌ماوه. پاشان خرتکه‌وپرتکه‌کانی کۆکردنه‌وه و بۆ یۆتۆبۆری گه‌ڕایه‌وه. له‌وێ خۆی له‌نێو به‌له‌مێک ناو له‌گه‌ڵ دوڵبه‌رێکی نوێیدا به‌زه‌ریادا سه‌فه‌ری کرد.
له‌ناچارییدا په‌نام بۆ ژنه هاوڕێ و هاوکارم (ماریک ڤوس12) برد. ئه‌و خاوه‌ن رۆحێکی هاوڕێیانه و په‌رۆش بوو، له میوانخانه‌که‌ی ئێمه‌دا نیشته‌جێ بوو. ئێمه گه‌رچی له‌کاره‌که دواکه‌وتبووین به‌ڵام به خوڵقێکی خۆشه‌وه که‌وتینه ئیش. (ماریک) ساڵانێکی زۆر له‌وه‌وبه‌ر له‌گه‌مه‌یه‌کی خه‌وندا کاری له‌گه‌ڵ (ئولوف مولاندێر13) ی بناغه‌داڕێژه‌ری (ترادیشۆنی ستریندبێریی14) دا کردبوو.
تا ڕاده‌یه‌ک له ده‌رهێنانه‌کانی پێشووترم بۆ گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون ناڕازیی بووم: وێنه‌گرتنه‌که‌ی بۆ ته‌له‌فیزۆن دووچاری ڕووداوی کاره‌ساتباری ته‌کنیکیی ببۆوه ( ئاخر ئه‌وکات نه‌ده‌توانرا له شریته‌که ببڕدرێ ). نومایشه‌که‌ی (لیلا سکێن15) یش هاکه‌زایی بوو گه‌رچیی ئه‌کته‌ری داهێنه‌رییش ده‌وریان تێدابینی. نومایشه ئه‌ڵمانییه‌که‌ش له‌ژێر باری سینۆگرافیایه‌کی زه‌به‌لاحدا تێکوپێکشکابوو.
ئه‌مجاره‌یان ده‌مویست ده‌قه‌که به‌بێ چ گۆڕانکارییه‌ک یان لابردنێک، رێک وه‌کی ئه‌وه‌ی که شاعیره‌که هۆنیویه‌تییه‌وه نومایش بکرێت. هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌بوو، به ڕێگه‌چاره‌ی ته‌کنیکیی ئه‌و دیمه‌نه ئاماژه‌ییانه ته‌رجو‌مه‌بکرێن که پراکتیزه‌کردنیان زۆر زه‌حمه‌ت بوو. ده‌مویست بینه‌ر ئه‌و بۆگه‌نه ئه‌زموون بکات که له‌که‌له‌گیی نووسینگه‌ی پارێزه‌ره‌که‌وه دێت، ده‌مویست بینه‌ر جووانییه سارده‌که‌ی هاوینه‌هه‌واری به‌فرینی (فاگێرڤیکس16)، ته‌می ته‌نکی گۆگردیی و پرشنگی دۆزه‌خییانه‌ی (سکامسوند17)، باخچه‌ی شکۆفه‌کردووی ده‌وروبه‌ری کۆشکه گه‌شه‌کردووه‌که18، شانۆ کۆنه‌که له‌ودیو راڕه‌وه‌کانییه‌وه، ئه‌زمونکات.
(لیلا سکێن) شانۆیه‌کی ئه‌وتۆ نه‌بوو، ته‌نگ و داڕوخاو بوو. له‌ڕاستیدا ئه‌وێ هۆڵێکی سینه‌مایی سه‌رله‌نوێ رۆنراو بوو که له‌ساته‌وه‌ختیی کردنه‌وه‌یه‌وه، واته له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی چله‌وه چ چاکسازییه‌کی گه‌وره‌ی به‌خۆوه نه‌بینیبوو. بۆ ئه‌وه‌ی فه‌زاو ئاشنایه‌تیی وه‌دیبهێنین، بڕیارماندا چوار ریز کورسیی لابه‌رین و به‌وه پێنج مه‌تر بده‌ینه ده‌م ته‌خته‌ی شانۆکه.
به‌و ته‌زره ژوورێکی ده‌ره‌کی و یه‌کێکی ناوه‌کیمان ده‌سکه‌وت. ژووره ده‌ره‌کییه‌که نزیکبوو له بینه‌رانه‌وه، ئه‌وه قه‌ڵه‌مڕۆی شاعیر بوو. له‌وێدا مێزی نووسین له‌نزیک په‌نجه‌ره‌یه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگی دروستکراو به سه‌بکی (یوگنیت19)، له‌وێدا دارخورما هه‌بوو به له‌مپا دره‌وشاوه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانییه‌وه، تاقی کتێبه‌کان به ده‌رگای نهێنییه‌وه. له‌لای ڕاستی دیمه‌نه‌که‌وه خرتکه‌وپرتکه و که‌لوپه‌لی بێعه‌مه‌ل و خاچێکی گه‌وره به‌ڵام شکاو و ده‌رگای ئه‌فسوناویی گه‌نجینه‌که باڵیان به‌سه‌ر شوێنه‌که‌دا کێشاوه. له قوژبنه‌که‌دا و وه‌کی واقوڕماوێک (ئیدییتی دزێو20) له‌نێو خرتکه‌وپرتکه تۆز‌و خۆڵاوییه‌کاندا لای پیانۆکه‌یه‌وه دانیشتووه. ئه‌کته‌ره‌که پیانۆژه‌نێکی به‌توانایه که به هه‌ردوو جووڵه و موزیک، هاوڕێیی ڕوداوه‌که ده‌کات.
له‌و بینا ڕۆنراوه‌دا، ژووره‌که‌ی پێشه‌وه ده‌چێته‌وه سه‌ر ژوورێکی دواوه‌ی ئه‌فسوناویی. که منداڵبووم، زۆرجاران له‌ماڵه‌وه، له ژووره تاریکه‌که‌ی نانخواردن ڕاده‌وه‌ستام و به سه‌ره‌تاتکێوه له‌ده‌رگا که‌لاکراوه‌کانه‌وه له هۆڵه‌که‌م ده‌نۆڕیی. خۆر قه‌نه‌فه و کورسیی و که‌لوپه‌له‌کانی رووناکده‌کردنه‌وه، چلچراکه‌ی پرشنگپێده‌دا، سێبه‌ری جوڵاوی له‌سه‌ر فه‌رشه‌که دروستده‌کرد. هه‌موو شتێک سه‌وز بوو وه‌ک حه‌وزێکی شووشه‌یی21. له‌وێدا خه‌ڵکیی ده‌جووڵان، دیارنه‌ده‌مان، هه‌مدیس وه‌دیارده‌که‌وتنه‌وه، بێجووڵه ڕاده‌وه‌ستان، به‌ده‌نگی نزم ده‌دوان، گوڵه‌کان له‌سه‌ر تاقی په‌نجه‌ره‌که‌دا ده‌گه‌شانه‌وه، کاتژمێره‌کان ده‌یانچرکاند و ده‌که‌وتنه زرینگه: ژوورێکی ئه‌فسوناویی بوو. ئه‌لعان ده‌بوو ژوورێکی ئاوها له‌ناوه‌وه، له‌سه‌ر شانۆکه رۆنێینه‌وه. ده پرۆژێکتێری به‌هێز ته‌گبیرکرا. ده‌بوو له‌سه‌ر پێنج شاشه‌ی تایبه‌ت دروستکراو، بده‌ن. نه‌مانده‌زانی ده‌بێ چ وێنه‌یه‌ک له‌و شاشانه‌دا پیشان بدرێت، به‌ڵام پێمانوابوو کاتی باشمان به‌ده‌سته‌وه‌یه تا تیایدا بیر له‌و مه‌سه‌له‌یه بکه‌ینه‌وه. عه‌ردی شانۆکه‌مان به کومبارێکی نه‌رمی شینی مه‌یله‌و بۆر داپۆشیی. به‌سه‌ر ئه‌و ژووره ده‌ره‌کییه‌دا ساپیته‌یه‌ک له‌هه‌مان تۆنی ڕه‌نگ قایمکرا. سیستمی ده‌نگ که له شانۆی (لیللا سکێنین) دا مایه‌ی پێشبینی نه‌بوو، ئیدی جێگیر‌و زۆر هه‌ستیار که‌وته‌ڕوو. ئه‌کته‌ره‌کان ده‌یانتوانی سووک و خێرا بئاخڤن، پرینسێپی موزیکی ژوور22 ڕۆنرا.
له مانگی ئایاری 1901 دا ستریندبێری کیژێکی جاحێڵ و خودان جوانییه‌کی بیانییانه‌ی له دراماتسکا تیاترن23، هێنا. وی سی ساڵ له ستریندبَریی گچکه‌تر و تا ئه‌وکات سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاوی له‌کاره‌که‌یدا وه‌ده‌ستهێنابوو. شاعیر باڵه‌خانه‌یه‌کی پێنج ژووریی له ئاپارتمانه تازه رۆنراوه‌که‌دا له (کارلاپلان24) به‌کرێ گرت، مۆبیله‌و قاقزی دیوار و تابلۆ و که‌لوپه‌ل. ئه‌و بووکه جاحێڵه چووه نێو دیکۆرێکه‌وه که ته‌واوێک له‌لایه‌ن مێردی پیره‌وه خوڵقێنرابوو. هه‌ردوولا به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستیی، دڵسۆزیی و به‌هره‌وه تێکۆشان تا ڕۆڵه له‌سه‌ره‌تاوه دیاریکراوه‌کانی خۆیان ببینن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر زوو ده‌مامکه‌کان درزیان تێبوو، له‌نێو ئه‌و ژیانه دێهاتییه ورد نه‌خشه بۆ کێشراوه‌دا تراژیدیایه‌کی به‌سۆ وه‌دیارکه‌وت. ژنه به‌تووڕه‌یی ماڵی جێهێشت و بۆ لای خزمه‌کانی له‌کۆدورگه25 گواستییه‌وه. شاعیر به‌ته‌نێ له دیکۆره شاهانه‌که‌یدا جێهێڵرا. وه‌رز ئه‌و‌جی هاوین و شار چۆڵ وهۆڵ. وی عه‌زابێکی ده‌چه‌شت که تا ئه‌لعان هه‌رگیز مه‌زه‌نده‌ی نه‌کردووه.
له (به‌ره‌و دیمه‌شق26) دا، پیاوی نامۆ له وه‌ڵامی سه‌رزه‌نشته‌که‌ی خانمدا به‌وه‌ی که هاتووه له‌گه‌ڵ مه‌رگدا گه‌مه بکات، ده‌ڵێ: هه‌رئاوها من گه‌مه له‌گه‌ڵ ژیانیشدا ده‌که‌م، ئاخر من شاعیربووم. وێڕای ئه‌و خه‌مۆکییه‌ی که به شیره‌وه خواردوومه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌متوانیوه شته‌کان به جیددی وه‌رگرم، ته‌نانه‌ت حوزنه گه‌وره‌کانی خۆیشم، ساته‌وه‌ختگه‌لێک هه‌ن، گومان ده‌که‌م له‌وه‌ی که ژیان له شیعره‌کانی من واقیعییتر بێت.
هه‌نووکه برینه‌که قووڵ و به‌خوڕ خوێنی لێده‌چۆڕا، نه‌ده‌توانرا ببه‌سترێ یان بکرێته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی که له به‌ڵا گه‌وره‌کانی تری ژیاندا ده‌کرێت. عه‌زاب ڕۆچووه ژووره نه‌ناسراوه‌که‌وه و ڕێگه‌ی به‌ره‌و سه‌رچاوه‌ی تۆفان کرده‌وه. وی له یاداشته‌کانی ڕۆژانه‌یدا نووسیویه‌تی، ئه‌و گریاوه، به‌ڵام فرمێسکه‌کان روانینیان پاقژکردۆته‌وه و به قایلبوونێکی له‌خۆبوردووانه‌وه له‌خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ڕووانیوه. هه‌ر به‌ڕاست وی به‌زوبانێکی نوێ ده‌دووا.
به خۆشحاڵییه‌وه وتووێژی ئه‌وه‌مانکرد که چۆناوچۆنیی به‌ری به‌شێکی گه‌وره‌ی دراماکه ده‌چنرێته‌وه به‌رله‌وه‌ی (هاریێت بۆسسآ27) به زگپڕییه‌کی قه‌بوڵکراو و قه‌ناعه‌تێکی ئاشتیخوازانه‌وه بۆ ماڵه‌وه بگه‌ڕێته‌وه. نیوه‌ی یه‌که‌می شانۆنامه‌که تۆفانێکی بێ وێنه‌یه: چ شتێک نییه ڕاڤه‌کردنی قورس بێت، هه‌موو شتێک خواست و ئازار، ژیان و ڕه‌سه‌نێتیی و شتگه‌لی چاوه‌رواننه‌کراوه. دراماکه، خۆی خۆی نومایش ده‌کات. بیرۆکه‌که له‌ماڵی پارێزه‌ره‌که‌دا ده‌گاته ترۆپک. ڕێک له‌ماوه‌ی دوازده ده‌قیقه‌دا، ڕۆنانی هاوسه‌رێتییه‌ک، نائومێدیی و تێکشکان باڵده‌کێشن.
پاشان مه‌سه‌له‌که ئاڵۆزتر ده‌بێ: (فاگێرڤیک) به‌دوای (سکامسوند) دا دێت، بیرۆکه‌کان ( ئیلهام )، هه‌روه‌کو له‌سۆناتا قورسه‌که‌ی (هاممه‌ر کلاڤێری بیتهۆڤن28) دا، ده‌که‌ون و هه‌ڵده‌نگوێن، ورده‌کارییه‌کان به‌نۆته‌ی زۆر قه‌ره‌بووده‌کرێنه‌وه. لێکردنه‌وه‌ی زۆر دیمه‌نه‌کان ده‌کوژێ، نومایشکردنی هه‌موویشی پێکه‌وه بینه‌ر ماندوو ده‌کات.
ده‌بوو ددان به‌خۆدا بگیرێ و ئه‌و ریتمیکه بخرێته‌وه گه‌ڕ که بزر ببوو. ئه‌مه‌ش شتێک بوو ده‌کرا بکرێ و بوومیشی هه‌بوو، ئاخر هێشتا ده‌قه‌که به‌هێز، تۆکمه، به‌چێژ و شاعیریی بوو. بۆ نموونه ئه‌و به‌زۆر خۆپێداکردنه چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌ی دیمه‌نی قوتابخانه‌که، شتێکی پرشنگداربوو. که‌چی خه‌ڵوزهه‌ڵگره نابه‌خته‌وه‌ره‌کان میواندارییه‌کی زۆره‌ملێیی بوو: ئیدی گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون، له‌وه ده‌رچووبوو گه‌مه‌ی خه‌ون بێت، به‌ڵکو نومایشێک بوو به چۆنایه‌تییه‌کی گوماناوییه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاڵۆزترینی کێشه‌کان مابوو. یه‌که‌مینیان ئه‌شکه‌وته‌که‌ی (فینگال29) بوو. ئێمه ده‌زانین ئاشتیی باڵی به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا کێشاوه، کابانی جحێڵی دووگیان خۆی بۆ په‌یکه‌ر تاشین و موتاڵاکردنی کتێبی به‌نرخ ته‌رخانکردووه، شاعیر وازی له سیگارکێشان هێناوه تا نییه‌تباشیی خۆی بخاته‌ڕوو. پێکڤه بۆ شانۆ و ئۆپێرا ده‌چن، داوه‌ت بۆ ژه‌می شێو ڕێکده‌خه‌ن، ئێواره‌ئاهه‌نگی موزیک سازده‌ده‌ن. گه‌مه‌ی خه‌ون گه‌شه‌ده‌کات، هه‌نووکه ستریندبێریی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگۆزا که دراماکه شێوازی ئه‌وه‌ی وه‌رگرتووه ببێته پانۆرامایه‌کی ژیانی ئینسانه‌کان له‌ژێر چاودێرییه‌کی گوماناویی خودایه‌کی سه‌رگه‌رمدا. له‌ناکاوێکڕا هه‌ستده‌کات بانگێشتکراوه تا به وشه فۆڕمۆڵه‌ی ئه‌و مه‌ودا درزبردووه بکا که پێشتر خۆویستانه له ده‌قه‌که‌دا، له هه‌ڵوێست و دیمه‌نه‌کاندا خستبوویه روو. (کیژه‌که‌ی ئیندرا30) ده‌ستی شاعیر ده‌گرێ و نابه‌خته‌وه‌رانه بۆ ئه‌شکه‌وتی (فینگال) ی له قوڵایی زه‌ریادا ده‌بات. له‌وێ شیعری جوان و خه‌راپ به‌سه‌ر یه‌کتردا ده‌خوێننه‌وه، ئه‌وسا ترسناکترین و جوانترین له‌پاڵ یه‌کدیدا باڵده‌کێشن.
ده‌رهێنه‌رێک که کۆڵ نادا و لێده‌گه‌ڕێ شاعیر31 له‌بۆته‌ی بۆن و به‌رامه‌ی شۆربا یۆگێند32ییه‌که‌ی خۆیدا بکوڵێت، هێشتا تا ڕاده‌یه‌ک خۆی له‌به‌رده‌م کێشه‌ی گرێکوێره‌دا ده‌بینێته‌وه. ئاخر چۆناوچۆنی ده‌توانرێ ئه‌شکه‌وتی (فینگال) به‌رجه‌سته‌بکرێت به‌بێئه‌وه‌ی خودی خۆی وێران نه‌کات؟ چۆناوچۆنی مانۆڕم به گله‌یینامه گه‌وره‌که‌ی شاعیر کردبا که ئاراسته‌ی (ئیندرای خواوه‌ند) کرابوو؟ زیاتر بریتییبوو له ناڵه ناڵ. ئه‌دی چۆن زریانم خوڵقاندبا، چۆن تێکوپێکشکانی که‌شتی و قورستترین شتێکی‌تر: چۆن ڕێڕۆیشتنی مه‌سیحم به‌سه‌ر شه‌پۆله‌کاندا خوڵقاندبا؟ (ساته‌وه‌ختێکی ئارام و کاریگه‌ر له شانۆیه‌کی ئارایشتکراوی گاڵته‌ئامێزدا.
نومایشێکی گچکه‌م له‌میانه‌ی نومایشنامه سه‌ره‌کییه‌که‌دا تاقیکرده‌وه. شاعیر فه‌زای نواندن به شاشه‌یه‌ک، کورسییه‌ک و گرامافۆنێکی لووله‌یی ڕۆده‌نێت. (کیژی ئیندرا) له شاڵێکی خۆرهه‌ڵاتییانه‌وه ده‌پێچێ، له‌به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌دا تاجی دڕک له‌سه‌ری خۆده‌نێ، چه‌ند په‌ڕه‌یه‌ک له ده‌قه شانۆییه‌که ده‌داته کیژه ئه‌کته‌ره‌که. له گه‌مه‌وه بۆ جیددییه‌ت ده‌خزێن، له پارۆدییه‌وه بۆ ئیرۆنی، هه‌مدیس جیددیه‌ت، شادومانییه‌کی ئاماتۆریی، شانۆیه‌کی گه‌وره و ساکار، هارمۆنییه‌کی پاقژ. ده‌بوو ئه‌و مه‌زنه هه‌ر مه‌زن بێت، ده‌بوو ئه‌وه‌ی که باڵی به‌سه‌ر زه‌مه‌ندا کێشابوو به‌خششی دڵۆپێک له‌ئیرۆنییه‌کی میهره‌بانیی به‌رکه‌وێت.
دڵمان به‌و رێگه‌چاره‌یه‌مان خۆش‌بوو، ئاخر دواجار رێگه‌چاره‌یه‌کمان دۆزیبۆوه.
دیمه‌نه‌کانی دواتر له راڕه‌وه‌کانی شانۆکه‌دا، دیمه‌نگه‌لی وشکن و چ شتێکیان بۆ گوتن له‌خۆ نه‌گرتووه به‌ڵام نه‌ده‌کرا ئه‌فه‌رۆز بکرێن. گه‌مه له‌گه‌ڵ پیاوچاکان، نهێنیی ئه‌ودیو ده‌رگاکه و رۆح کوژیی کیژه‌که له‌لایه‌ن پارێزه‌ره‌که‌وه شتێکی یه‌ک ریتیکمه، به خێرایی هێڵکاریکراو و هه‌رگیز رۆنه‌چۆته قوڵایی. تاقه میتۆدێکی گونجاو بریتییه له هاسانیی، خێرایی و تۆقاندن: پیاوچاکان ده‌بوو به بێ چ مه‌رجدارییه‌ک خه‌ته‌رناک ببن، ئه‌وسا له‌ودیو ده‌رگا کراوه‌که‌وه و له‌به‌رده‌م بێمانایی و بێناوه‌ڕۆکیدا ده‌تۆقین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، دوا دیمه‌نی لای قوربانیگاکه‌وه دیمه‌نێکی مه‌زن و په‌یامی کیژه‌که‌ش په‌یامێکی ساکار و کاریگه‌ر بوو. به‌ر له فۆرمۆڵه‌بوونی ئه‌و په‌یامه شتێکی سه‌یر نه‌شونومای کردبوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که (کیژه‌که‌ی ئیندرا) مه‌ته‌ڵی ژیانی ئاشکراکرد. به گوێره‌ی یاده‌وه‌رینامه‌که، سترێندبێری ئه‌وکات، هاوکات له‌گه‌ڵ قاڵبوونی له درامادا توێژینه‌وه‌یه‌کی سه‌باره‌ت به میتۆلۆگیا و فه‌لسه‌فه‌ی هیندیی خوێندبۆوه. وی به‌ری هه‌موو خوێندنه‌وه‌کانی کردبووه قازانه‌که‌وه و تێکیهه‌ڵدابوو. به‌ڵام ئه‌و خۆراکه نه‌ده‌چووه بنی قازانه‌که و چ تامێکیشی به ژه‌مه‌که نه‌ده‌به‌خشی. ئیدی بووه حه‌کایه‌تێکی هیندوستانی به‌بێ ئه‌وه‌ی چ شوێنگه‌یه‌کی له ئه‌ودوای تێکسته‌که‌دا هه‌بێ.
له دوا دیمه‌ن و هه‌روا له‌دیمه‌نه‌که‌ی سه‌ره‌تادا کێشه‌یه‌کی بنبه‌ست به‌ڵکو کێشه‌یه‌کی شاراوه هه‌بوو. هه‌ر له ئه‌ووه‌ڵه‌وه به ئاشکرا منداڵێک به باوکی ده‌ڵێ: " قه‌ڵاکه رۆژ به‌رۆژ گه‌وره ده‌بێ، سه‌رنجت داوه که له ساڵی رابردووه‌وه چه‌ندێک باڵایکردووه؟" له دواین له‌حزه‌دا شاعیرێکی پیر ده‌بێژێ:" ئۆف، هه‌نووکه هه‌ست به عه‌زابی هه‌موو بوون ده‌که‌م، ئاخر ئاوهاییه ئینسان بوون." له سه‌ره‌تاوه منداڵێک، له‌کۆتاییدا پیرێک، له‌نێوانیشیاندا ژیانی مرۆڤایه‌تی. من ڕۆڵی کیژه‌که‌ی (ئیندرا) م به‌سه‌ر سێ کیژه ئه‌کته‌ردا دابه‌شکرد. ئه‌وه قازانجی هه‌بوو. سه‌ره‌تا پرشنگدار و کۆتاییش هاوگونجاو. ته‌نانه‌ت مه‌ته‌ڵی ژیان بووه چیرۆکێکی زیندوو که به ئه‌زموون و ڕاستگۆیی خانمه ئه‌کته‌رێکی گه‌وره به‌رجه‌سته‌بوو. کیژه پێگه‌ییوه‌که به‌هێز، په‌یجۆر، چالاک، دڵخۆش، خودان خوڵق و تراژیدیی له‌میانه‌ی ژیاندا.
هه‌رگیز دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره له شانۆنامه‌یه‌کدا به وێنه‌ی ئه‌وه زۆر ماندووی نه‌کردووم و کاره‌که به ئاوها خاوییه‌کی بێزه‌وه‌ر نه‌چووه‌ته پێش. ئاخر ده‌بوو یاده‌وه‌ریی له بڕیاره‌کانی پێشوو پاقژبکرێته‌وه. هاوکات پێویستبوو ساواکه به ئاوی خۆشتنه‌که‌وه تووڕنه‌درێت. ده‌بوو ڕێگه‌چاره باشه‌کان که هاتبوونه ناو به‌رهه‌مه نوێیه‌که‌وه ڕزگاربکرێن. به‌ڵام ده‌بوو بژاربکرێن و شوێنپێی ڕاوێژه توندوتیژه‌که‌ی (فاولکنێر33) هه‌ڵگیرێ که ده‌بێژێ: خۆشه‌ویستانی خۆت بکوژه. ئه‌مه له‌کاتێکدا که کارکردن له (خاتوو یولیی) دا یارییه‌ک بوو تا ئه‌وپه‌ڕی خۆش، که‌چی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) له شه‌ڕێکی خاچپه‌رستانه‌ی بێزه‌وه‌ر ده‌چوو.
بۆ یه‌که‌مجار هه‌ستمکرد، پیریی وه‌ک وێرانکه‌رێک خۆی ده‌نوێنێت. وێنه‌کان خۆیان به‌ده‌سته‌وه نه‌ده‌دا، پرۆسه‌ی بڕیاردان درێژی ده‌خایاند، به ته‌رزێکی نائاسایی بێزاربووم. مه‌حاڵ بووه مه‌حاڵ و ئیدی له‌وه‌دابوو ده‌یخنکاندم. چه‌ند جارێک ویستم کۆڵبده‌م، ئاره‌زوویه‌ک که به‌ده‌گمه‌ن له‌خۆوه‌ی پێچاوم.
پرۆڤه‌کان ڕۆژی سێشه‌ممه، چواری فێبریوه‌ری به دانیشتنێک ده‌ستیپێکرد، هه‌لومه‌رجه‌کانی پرۆڤه‌ی پراکتیکی، نه‌خشه و لایه‌نه هونه‌رییه‌کانمان تاووتوێ کرد. پێشتر ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه رێککه‌وتبووین ده‌قه‌که چه‌ندێک بکرێ به‌زوویی هه‌رسبکرێت، ئیدی ئه‌و قۆناغه به‌سه‌رچووه که کتێبه‌که بنرێته ژێر که‌پووه‌وه و باسکێکیش ڕه‌پ ڕاگیرێت، ئه‌وه قۆناغێکی به‌سه‌رچووه که له بناغه‌دا (لاش هانسۆن34) هێنایه گۆڕێ که ڕقی له ده‌رسخوێندن بوو. ئه‌کته‌ره ته‌مبه‌ڵه‌کان ئینجیله‌که‌ی ئه‌ویان له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و ئه‌نجامگیرییه ته‌مومژاوییه‌دا قه‌بوڵکرد به‌وه‌ی گوایه ده‌قه‌که به شێوه‌یه‌کی ئۆرگانیی له‌میانه‌ی پرۆڤه‌کاندا له‌لایان کامڵ ده‌بێت. ئه‌نجامگیرییه‌کی ئاوها هه‌میشه هه‌لومه‌رجی ئاژاوه‌ئامێزی لێده‌که‌وێته‌وه، هه‌ندێک ده‌توانن، ئه‌وانیتر ناتوانن، به‌ڵکو ده‌نۆڕن و قڵافه‌ت ده‌نوێنن، ئیدی هه‌موو پرۆڤه هاوبه‌شه‌که ده‌بێته قوماشێکی پینه پینه.
گرینگ‌ترین ئه‌رکی ئه‌کته‌ر بریتییه له‌وه‌ی وه‌ک هاوڕێیه‌ک خۆی بۆ ئه‌کته‌ره‌که‌ی به‌رامبه‌ری ته‌رخانکات. به بێ ئه‌وه‌ی بگوترێ تۆ و به‌بێ ئه‌وه‌ی بگوترێ من نا، ئه‌مه شتێکه که که‌سێکی ژیر فۆرمۆڵه‌ی کردووه.
یاده‌وه‌رییه‌کانی ڕۆژانه‌م بۆ کارکردن له شانۆنامه‌ی (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) دا ده‌خوێنمه‌وه، چ شتێک نییه هانی خوێندنه‌وه‌یم بدات. ئاخر من ئه‌وکات له هه‌لومه‌رجێکی خه‌راپدابووم. نیگه‌ران، ناڕازیی، شه‌که‌ت، سمتی راستم بێ وچان ده‌ئێشا و به‌یانیانییش به‌یانیانێکی بێزه‌وه‌ر. گه‌ده له‌میانه‌ی گرژبوون و هوروژمی نۆره زگچووندا هه‌راسانی کردبووم. بێزاریی ده‌ستی نابووه ڕۆحم.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچم وه‌دیارنه‌ده‌خست. ئاخر هه‌ڵه‌یه کێشه شه‌خسییه‌کان له‌میانه‌ی کارکردن‌دا بهێنرێنه پێش. ده‌بێ خوڵق ئارام و به‌هێز بێ و له به‌رامبه‌ردا نابێ بۆ وه‌دیهێنانی ئاره‌زووگه‌له داهێنه‌ره پێناسنه‌کراوه زیاده‌کان، زۆر له‌خۆ بکرێت. ده‌بێ پشت به ئاماده‌گیی وردبینانه ببه‌سترێ و ئومێد به ساته‌وه‌ختگه‌لی باشتر ببه‌سترێ.
مانگێک به‌ر له ده‌سپێکردنی پرۆڤه، (لێنا ئولین35) داوایلێکردم که گه‌ره‌کییه‌تی له‌ته‌کمدا بدوێ، ده‌بوو وی رۆڵی (کیژه‌که‌ی ئێندرا) ببینێ، به‌ڵام دووچاری په‌تای باوی حه‌ز له دووگیانبوون له شانۆدا، ببوو. ده‌شێ له یه‌که‌مین ئێواره‌ی نمایشدا زگه‌که‌ی له سه‌ره‌تای پێنج مانگییدا بێ و له ئۆگۆستیشدا مناڵه‌که‌ی ببێت، به‌وجۆره به‌رنامه‌ی وه‌رزی پاییز لابرا، (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) یش له به‌هاری داهاتوودا، سه‌ره‌ڕای پێداگرتنی شه‌خسیی خۆم، نه‌ده‌خرایه سه‌ر شانۆ. ئه‌وپه‌ڕی بۆمان هه‌بوو چل جار نمایش بکه‌ین.
هه‌لومه‌رجه‌که نه‌ختێک کۆمیدیی بوو. ئاخر ده‌قه ته‌له‌فیزۆنییه‌که‌م به ناوی (دوای پرۆڤه36)، له‌باره‌ی ئه‌کته‌رێکی جحێڵ ( که لێنا ئولین ده‌وره‌که‌ی ده‌بینی ) و هه‌نووکه‌ش ده‌وری (کیژه‌که‌ی ئێندرا) ی ده‌بینی و ده‌رهێنه‌رێکی پیره‌وه بوو که بۆ چواره‌مین جار کاری له گه‌مه‌ی خه‌وندا ده‌کرد. کیژه‌که بۆی ده‌گێڕێته‌وه که دووگیانه و به مناڵه‌وه‌یه، ئیدی ده‌رهێنه‌ره‌که، که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌موو شتێکی بۆ ئه‌وه کردووه تا له‌گه‌ڵ ئه‌و کیژه ئه‌کته‌ره‌دا کاربکات، به بیستنی ئه‌و قسه‌یه تێکوپێکده‌شکێت. کیژه ئه‌کته‌ره‌که ورده ورده ئه‌وه‌ی بۆ ئاشکراده‌کا که پێشتر منداڵه‌که‌ی له‌باربردووه.
به‌ڵام (لێنا ئۆلین) گه‌ره‌کی نه‌بوو منداڵه‌که‌ی له‌بار ببات، وی ئینسانێکی به‌هێزو جوان و پڕ له ژیان و تا ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستیار و هه‌ندێک جاریش ئاژاوه‌گێڕ. به‌ڵام هه‌میشه هاوسه‌نگ و خاوه‌ن ژیرییه‌کی کرده‌یی. چێژی له دووگیانییه‌که‌ی ده‌برد، هه‌موو کێشه‌کانیشی ده‌بینی که‌چی ده‌یگوت ئه‌گه‌ر بڕیار بێت منداڵێکی ببێ ئه‌وا پێویسته هه‌ر ئه‌لعان بیبێت، گه‌رچی تازه‌کییش ئه‌ستێره‌ی به‌هره‌ی که‌وتبووه دره‌وشه.
هه‌ر وه‌ک گوترا هه‌لومه‌رجه‌که نه‌ختێک کۆمیدیی بوو، ده‌مه‌وێ بڵێم پێکه‌نیناوییه بۆ ده‌رهێنه‌ر. ئاخر هه‌رگیز ئه‌و هه‌لومه‌رجه بۆ ژنێک پێکه‌نیناویی نییه که بڕیاره ببێته دایک، (لێنا) ی جوان و نازدار وازی له ئه‌ستێره‌ی به‌هره‌ی خۆی هێنا و بڕیاری منداڵ خستنه‌وه‌یدا.
هه‌سته‌کان کۆنترۆڵ نه‌ده‌بوون. پێموابوو لێنا خیانه‌تی کردووه. ئاخر ئه‌وه‌ی که پێیده‌گوترێ واقیع، هه‌رتک خه‌ون و پلانه‌کانی گۆڕی. به‌ڵام ده‌سبه‌جێ هه‌ستی نائومێدیم تێداڕه‌وییه‌وه. ئه‌دی ئه‌م ناڵه‌ناڵه‌ی بۆ چییه؟ ئاخر له‌گۆشه‌نیگایه‌کی به‌رینتره‌وه سه‌یرکه‌ین، ده‌بینین هه‌وڵه شانۆییه‌کانمان تا ڕاده‌یه‌ک گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی نییه. له‌دایکبوونی منداڵێک شنه‌یه‌کی وه‌همامێز له مانا له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ. (لێنا ئۆلین) دڵشاد و منیش به دڵشادییه‌که‌ی ئه‌و دڵشاد بووم.
پرۆڤه بێزه‌وه‌ره‌کانمان هیچ یاخۆ تا ڕاده‌یه‌ک هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی سه‌ره‌وه نه‌بوو. هه‌فته‌کان تێپه‌ڕین. ئاکامی کاره‌کانیش خاوه‌ن ئه‌ستوورایی یه‌کسان بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش (ماریک ڤۆن) ی سینۆگراف دووچاری بوورانه‌وه‌ی کوتوپڕ37 یان ده‌شێ شه‌که‌تبوونی بێ ئه‌ندازه بووبوو. به‌شی جلکی پیاوانه دوورینی شانۆی دراماتن، له ساڵانێکی زۆر له‌وه‌وبه‌ره‌وه به خه‌ڵکانی بێتوانای که‌لله‌پووت پڕکرابۆوه. (ماریک) به بێده‌نگیی و سه‌رسه‌ختییه‌وه دژی گێلێتیی، ته‌مبه‌ڵیی و خۆ به‌شتزانیی که‌وتبووه شه‌ڕ. چ شتێک به‌و شێوه‌یه نه‌بوو که ده‌بوو وابێت، چ شتێک ته‌واو نه‌ببوو. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که (ماریک) نمایشی وێنه‌کانم38ان له‌بیرکات. گه‌ڕان به‌دوای وێنه‌کان به خانمێکی جحێڵ که به‌هۆی ناچاریی و نه‌بوونی خه‌ڵکی لێوه‌شاوه‌وه، سپێردرابوو. وی ئه‌وپه‌ڕی به هه‌وڵ و به بڕی ده‌یان هه‌زار کرۆن وێنه‌ی فۆتۆگرافیی ڕاسپارد، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک چ کاردانه‌وه‌یه‌ک بنوێنێ. کاتێ هه‌ستمکرد بێده‌نگییه‌کی گوماناویی له‌باره‌ی پرۆژێکشۆنه‌کانمانه‌وه له‌ئارادایه، ئیدی بۆ چوونه نێو بنج و بناوانی مه‌سه‌له‌که، که‌وتمه جووڵه. ده‌رکه‌وت ئێمه خاوه‌ن پرۆژیکتۆری ده‌گمه‌نین ( بایی نزیکه‌ی نیو ملیۆن کرۆن ) به‌ڵام به‌بێ چ پرۆژێکشونێک. له‌وه‌دا بوو که ئیدی کاره‌سات ڕووبدات، به‌ڵام به‌ختمان هه‌بوو: وێنه‌گرێکی جاحێڵمان بۆ په‌یدابوو، که هه‌م حه‌زیشیده‌کرد و هه‌م ده‌شیتوانی، شه‌و و ڕۆژی بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه له یه‌کدا. ئه‌وسا له ژه‌نه‌راڵ پرۆڤه‌دا دووایین وێنه‌کان ئاماده‌بوون.
له ڕۆژی هه‌ینی، چوارده‌ی مارسدا بۆ یه‌که‌مین جار کاره‌که‌مان ڕاکێشا. لێگه‌ڕاین پرۆڤه‌که به‌بێ پچڕان یاخۆ دووباره‌کردنه‌وه بڕوات. له ده‌فته‌ری یاده‌وه‌رییه‌که‌مدا نووسیم: نمایشێکی نائومێدکه‌ره، دانیشتم و زه‌ق زه‌ق ته‌ماشایم کرد. ته‌واوێک خه‌یاڵ بردوو. ته‌واوێک بێ جووڵه. نا. هێشتا کات هه‌یه. ( پلان وابوو شانۆنامه‌که له حه‌ڤده‌ی ئاپرێلدا نمایش بکرێت، له‌و رۆژه‌دا حه‌فتا و نۆ ساڵ به‌سه‌ر یه‌که‌مین جاری نمایشی شانۆنامه‌که‌دا تێده‌په‌ڕی.)
رۆژی یه‌کشه‌ممه، (ئێرلاند39) و من له ژووره‌که‌م دانیشتبووین و له‌باره‌ی (سباستیان باخ40) ه‌وه ده‌دواین، ئه‌وکاته‌ی له یه‌کێ له سه‌فه‌ره‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌بینێ له نه‌بوونی وی‌دا ژنه‌که‌ی و دوو منداڵی مردوون. ئیدی له ده‌فته‌ری یاده‌وه‌رییه‌که‌یدا ده‌نووسێت: خودایه لێمه‌گه‌ڕێ شادومانیم بدۆڕێنم!
من هه‌موو ژیانم له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌دا ژیاوم که باخ ناوی نابوو شادومانیی. ئه‌و شادومانییه له قه‌یران و غه‌م قوتاری کردووم و هه‌روه‌کی دڵم به وه‌فاداری هه‌ڵسوڕاوه. هه‌ندێ جار سه‌رسه‌خت بووه و به زه‌حمه‌ت هاتۆته ژێر بار، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ک گوڕێکی دوژمنانه یاخۆ روخێنه‌ر خۆی نه‌نواندووه. باخ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی به شادومانیی خۆی ناوناوه، شادومانییه‌ک له‌خودێ وه. خودایه نابێ شادومانیی خۆم بدۆڕێنم.
له‌ناکاوێکڕا گوێم له‌خۆم بوو به (ئێرلاند) دبێژم: ئیدی من له‌وه‌دام شادومانیی خۆم بدۆڕێنم، له جه‌سته‌مدا هه‌ست به‌وه ده‌که‌م، خه‌ریکه شادومانییم تێدا چۆڕبڕ ده‌بێ، مه‌ودا ناسک و توێژاڵه ته‌ڕه‌کان وشک هه‌ڵگه‌ڕاون و خه‌ریکه وێران ده‌بن.
کوڵی گریانم به‌ربوو، ترسم لێ‌نیشت، له‌به‌رئه‌وه‌ی من هه‌رگیز ناگریم، به منداڵیی بۆ گریان به په‌رۆشبووم، دایکم درۆی له‌میانه‌ی فرمێسکه‌کانمدا ده‌بینی و سزایده‌دام. ئیدی دوای ئه‌وه من له گریان که‌وتم. به‌ڵام جاروبار هه‌ست به هاوارێکی شێتانه، له‌خواره‌وه، له‌قوڵایی کانه‌که‌دا ده‌که‌م به‌ڵام ته‌نێ ده‌نگدانه‌وه‌که‌ی ده‌گاته گوێم و به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو شاڵاوم بۆ دێنێ. ئاخر منداڵێکی هاوار له‌ناخدا کپبوو، تا ئه‌به‌د هه‌ر زیندانیی ده‌بێت.
له‌و پاشنیوه‌ڕۆ تاریکه‌دا له ژووره‌که‌م له شانۆ، به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو نۆره گریان شاڵاوی بۆ هێنام. خه‌مم قووڵ و به هوروژمبوو.
چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی هاوڕێیه‌کم کرد که له‌وه‌دا بوو شێرپه‌نجه ده‌یکوشت. ورده ورده داده‌وه‌شاو ده‌بووه قه‌زه‌مێک به دوو چاوانی گه‌وره و ددانی زه‌رده‌وه. له‌سه‌ر لا ڕاکشاو و چه‌ند ئامێرێکی پزیشکی به جه‌سته‌یه‌وه کرابوون. ده‌ستی چه‌پی خسته سه‌ر ڕوخساری و په‌نجه‌کانی جووڵاندن. زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ترسناکانه‌ی هاتێ و گوتی: بنۆڕه هێشتا ده‌توانم په‌نجه‌کانم بجووڵێنم. ئه‌مه هه‌میشه خۆخه‌ڵه‌فاندنێکی خۆشه.
به‌خۆم گوت: مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه که بونیاده‌م هه‌ستێته‌وه سه‌ر پا، هێڵه‌کانی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه کورتکاته‌وه، هه‌رچۆنێبێ جه‌نگه‌که به دۆڕاندن کۆتایی هاتووه و ئیدی ناکرێ چاوه‌ڕێی چ شتێکی دی بکرێت. گه‌رچی من به‌و وه‌همه خۆشه ده‌ژیام که باریمان تا ئه‌به‌د به پارێزراویی ده‌مێنێته‌وه: (سکات41) ی ئه‌کته‌ر له فیلمی (حه‌وته‌مین مۆر42) دا، له‌کاتێکدا که خۆی توند به چڵه‌پۆپه‌ی دره‌ختی ژیانه‌وه گرتووه، ده‌پرسێ: ئه‌دی چ یاساگه‌لێکی تایبه‌تیی بۆ لێبوکه‌کان نییه؟ مه‌رگ وه‌ڵامیده‌داته‌وه: چ یاساگه‌لێکی تایبه‌تیی بۆ ئه‌کته‌ره‌کان نییه. وا ده‌ڵێ و ئیدی مشاره‌که ده‌نێته سه‌ر قه‌دی دره‌خته‌که.
شه‌وی دووشه‌ممه، تا یه‌کی به‌رزم لێهات و که‌وتمه ئاره‌قه‌کردنه‌وه و هه‌ڵله‌رزین. هه‌موو ده‌مارێک له ده‌ماره‌کانم ئاڵای یاخییبوونی به‌رزکردبۆوه. ئه‌وه بۆ من ئه‌زموونێکی نائاسایی بوو، هه‌رگیز له‌وه‌وبه‌ر ئاوها نه‌خۆش نه‌که‌وتبووم، من گا نه‌خۆش ده‌که‌وتم به‌ڵام له‌میانه‌ی نه‌خۆشکه‌وتنمدا له پرۆڤه و وێنه‌گرتن نه‌ده‌که‌وتم.
بۆ ماوه‌ی ده ڕۆژ پله‌ی گه‌رمای له‌شم هه‌ر به به‌رزیی مایه‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌یشمده‌توانی بخوێنمه‌وه، به‌ڵکو به‌زۆریی له‌جێگه‌دا ڕاده‌کشام و وه‌نه‌وزمده‌دا. کاتێ له جێگه هه‌ڵده‌سام یه‌کسه‌ر هاوسه‌نگیم تێکده‌چوو، ئاخر هێند نه‌خۆشبووم که ئیدی ئه‌و نه‌خۆشییه تا ڕاده‌یه‌ک ببووه شتێکی خۆش. وه‌نه‌وز، نووستن، وه‌ئاگابوونه‌وه، کۆکین، ئاو به که‌پوودا هاتنه‌خواره‌وه. ئه‌نفلۆنزاکه به توندیی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و تا که‌م به‌رزتربۆوه. ئه‌مه‌ش بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌دامێ: گه‌ر بڕیاربێ ده‌سبه‌رداری (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) بم، ئه‌وا ده‌بێ هه‌ر ئه‌لعان ده‌سبه‌رداری ببم.
ئه‌و ڕاکێشانه شکستخواردووه‌مان به ڤیدیۆ تۆمارکرد. چه‌ند جارێک ته‌ماشایمکرد، سه‌رنجی خاڵه لاوازه‌کانیمدا و هه‌ڵه‌کانیم شیکردنه‌وه. ئه‌گه‌ری چاککردنی ئه‌و هه‌ڵانه ئازایه‌تیی دامه‌به‌ر به‌رده‌وامبم. بێمانایی هێشتا هه‌ر هه‌مان بێمانایی و بێ ئاره‌زوویییش هه‌ر هه‌مان بێ ئاره‌زوویی، به‌ڵام توڕه‌ییه‌کی پۆشراو به‌جۆره وره‌یه‌کی هاتوو به هۆرمۆنی ئادرێنالین43 دا له‌خۆوه‌ی پێچابووم. ئاخر هێشتا نه‌مردبووم.
بڕیارمدا به چاوپۆشین له باری ته‌ندروستیم، یه‌کی ئا‌پریل ده‌ست به پرۆڤه بکه‌مه‌وه. شه‌وی پێشوو هه‌مدیس تا و گرژبوونی گه‌ده هاتبوونه‌وه وێزه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی که‌وتینه‌وه کار، زۆرینه‌ی کاره‌که‌ی پێشووم قرتاند و سه‌رله‌نوێ ده‌ستمپێکرده‌وه. ئه‌کته‌ره‌کان به په‌رۆشییه‌کی هاوڕێیانه‌وه به‌ده‌نگمه‌وه هاتن. شه‌وانه بێخه‌ویی و پڕ له دردۆنگی و ناڕه‌حه‌تیی جه‌سته‌یی، ئه‌نفلۆنزاکه له‌دوای خۆی به خه‌مۆکییه‌کی ناساندم که چ پێی ئاشنا نه‌بووم، خه‌مۆکییه‌ک که ژیانی ژه‌هراوییانه‌ی خۆی له‌جه‌سته‌مدا درێژه پێده‌دا.
رۆژی چوارشه‌ممه نۆی ئا‌پریل له هۆڵه‌که‌دا دوایین رۆژی پرۆڤه‌مان بوو. له‌ده‌فته‌ری یاده‌وه‌رییه‌که‌مدا نووسیم: نیگه‌رانیی هه‌یه و به‌هێز ده‌بێ. ده‌بێ قورس‌تر بچمه پێش. ڕاسته غه‌مبارم، به‌ڵام هه‌رگیز تێکناشکێم.
ئه‌وسا بۆ خواره‌وه، بۆ قه‌ره‌باڵخیی و ناڕه‌حه‌تییه‌کانی (لیلا سکێنین) گواستمانه‌وه. مه‌ودا و ئاشکرای کاری ڕووناکیی، بێ ڕوحمانه توندوتیژیی له‌ئاسته جیاوازه‌کانی نمایشه‌که‌دا وه‌دیارده‌خست. که‌وتینه ئاڵوگۆڕکاریی و ڕێکخستنه‌وه. ڕووناکیی، جلوبه‌رگ، ده‌مامک. ئه‌و ماڵه مقه‌باییه‌ی که به‌هه‌زار زه‌حمه‌ت ڕۆمنابوو، تێکوپێکچوو. هه‌موو شتێک ده‌یگرت، جیڕه‌ی ده‌هات و نه‌ده‌چووه شوێنی خۆی.
دونیا به‌سه‌ریه‌کدا ده‌ڕووخێ. ئه‌دی هه‌ر به‌ڕاست من ئه‌م ڕیشه‌م هه‌بێ! چۆنه ئه‌م پانتۆڵه به‌سه‌ر ئه‌ویتردا له‌به‌رکه‌م، ئاخر فریا ناکه‌وم بیگۆڕم. لێره‌دا به‌کره‌یه‌کمان پێویسته، میکیاژه‌که‌ی تۆ زۆر سپییه. هێشتا بکوژه‌که‌ی پاڵمێ نه‌گیراوه، مه‌کینه‌ی به‌فره‌که تێکچووه، به‌فره‌که کڵۆ کڵۆ دێته ده‌ره‌وه، هه‌ڵه‌یه‌ک که‌وتۆته سپرینگه‌که‌یه‌وه، ئه‌دی بۆچی ئه‌و پرۆژیکتۆره‌ی لای چه‌پ رووناکیی گه‌رمتر ده‌دا وه‌ک له‌وانیتر، هه‌ڵه‌یه‌ک له ئاوێنه‌که‌دا هه‌یه، هه‌ڵه‌که له کۆمپانیاکه‌وه‌یه، چ ئاوێنه‌یه‌ک له سوێد نییه، ده‌بێ راسپێرین له نه‌مساوه بۆمان بێت، پشێویی که‌وتۆته ئه‌فریقای باشوور، چوارده که‌س کوژراون، زۆریش بریندار بوون، بۆچیی پانکه‌کان وڕه‌وڕ ده‌که‌ن، ئامێری فێنککه‌ره‌وه‌که په‌کی که‌وتووه، له ناوه‌ڕاستی هۆڵه‌که شوێنێکی فێنکتر هه‌یه، بۆچی پێڵاوه‌کانت وه‌رنه‌گرتووه، پێڵاودرووه‌که نه‌خۆشه، ڕاسپارده‌که له شاره، ڕه‌نگه پێڵاوه‌کان بکه‌ونه هه‌ینی. ده‌توانم ئه‌مڕۆ که‌مێک به پارێزه‌وه پرۆڤه بکه‌م، ئاخر قوڕگم ئازاری هه‌یه، نا تام نییه، له (ریڤیسۆرن44) دا نیم به‌ڵام گوتارێکم له ئیزگه هه‌یه. ئا له‌وێدا ڕاوه‌سته، دوو هه‌نگاو به‌ره‌و لای ڕاست بنێ، وا باشه، هه‌ست به ڕوناکیی له‌مپاکه ده‌که‌یت؟
ئارامیی و خوڵقخۆشیی، پێکه‌نین له‌بری شه‌ڕوشۆڕ. به‌وجۆره شته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی خێراتر ده‌چنه‌پێش، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ وه‌زعه‌که هه‌ر بریندارکه‌ربوو. ئێستا ئێمه گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و جێگایه، نا، هیچ گۆڕانکارییه‌ک، هێشتا لاڵ، هه‌ڵبه‌ت ده‌توانم ئه‌و ببینم که چۆن هه‌ڵده‌له‌رزێت، چ هه‌ڵه‌یه‌کم کردووه؟ دیکۆرێکی دی ده‌توانێ کۆمه‌کمان بکات؟ نا، هیچ شتێک کۆمه‌کمان ناکات. ئه‌و ئاوها حه‌ز ده‌کات، به دیواره‌کانی زینداندا ده‌ماڵێت، ده‌بێ ڕێگایه‌ک بۆ ڕزگاربوون هه‌بێت.
دونیا به‌سه‌ر یه‌کدا ده‌ڕووخا. ئێمه‌یش به په‌یجۆریی و که‌مێک به وروژاوییه‌وه له‌نێوان چوارچێوه‌ی دیواری ئه‌ستووری ئه‌و بینایه‌دا ویزه‌ویزمان بوو. دونیایه‌کی گچکه له بێ سه‌روبه‌رییه‌کی جاڕسکه‌ر، هه‌وڵ، ئه‌ڤین و ئازایه‌تیی. ئه‌مه هه‌موو ئه‌و شته بوو که به‌ڵه‌دی بووین.
له به‌یانی دواتری تیرۆرکردنی ئۆلۆف پاڵمێ45 دا له‌ژووری چاوه‌ڕوانیی هۆڵی پرۆڤه کۆبووینه‌وه. مه‌حاڵبوو بتوانین بکه‌وینه ئیش. دردۆنگ و نادڵنیا که‌وتینه قسان تا ڕایه‌ڵێک له‌نێوان یه‌کدیدا دروستکه‌ین. یه‌کێک گریا. پیشه‌که‌مان زۆر سه‌یر خۆده‌نوێنێ کاتێ واقیع رێگه‌ی خۆی بۆ ناوی ده‌کاته‌وه و گه‌مه وه‌همییه‌کانی قه‌تڵوعام ده‌کات. کاتێک ئه‌ڵمانیا نه‌روێژ و دانیمارکی داگیرکرد، شانۆ ئه‌ماتۆره‌که‌م له هۆڵی قوتابخانه‌ی (سڤیاپلان46 )، شانۆنامه‌ی (ماکبێس) ی نمایشده‌کرد. ته‌خته‌یه‌کی شانۆی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌مان ڕۆنا و یه‌ک ساڵ تیایدا خه‌ریکی کاربووین. قوتابخانه‌که بووه بنکه‌یه‌کی سه‌ربازیی، زوربه‌ی زۆرمان بۆ خزمه‌تی سه‌ربازیی بانگکراین، له‌به‌رهۆیه‌ک که ڕاڤه‌کردنی زه‌حمه‌ته، ڕێگه‌مان پێدرا له‌سه‌ر نمایشه‌که‌مان به‌رده‌وامبین. موشه‌کی دژه‌فڕۆکه له گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌که جێگیرکرابوو، ئه‌رزی پۆل و راڕه‌وه‌کان به کا پۆشراو و که‌م و زۆر عه‌سکه‌ر به‌و ناوه‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون. هه‌لومه‌رجێکی تاریک بوو.
من خۆم ده‌وری (دیونکان پادشا47)م ده‌بینی. باروکه‌یه‌کی گچکه‌م بۆ ده‌وره‌که پێدرا. قژم به ماکیاژی چه‌ور، به ڕه‌نگی سپیی بۆیاخکرد و ڕیشێکم به چه‌ناگه‌مه‌وه نووساند. هیچ (دیونکان) ێک هه‌رگیز ئه‌وه‌نده له بزن نه‌چووه. به‌ڵام (لایدی) قه‌ت به‌بێ چاویلکه پرۆڤه‌ی نه‌کردبوو، پای له جلکه درێژه‌که‌ی گیرده‌بوو. (ماکبێس) یش قه‌ت ئاوها گورجوگۆڵ شمشێری نه‌وه‌شاندبوو (له دووایین ساته‌کاندا شمشێریان پێداین)، به‌جۆرێک که سه‌ری (ماکدیوف48) ی به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر بریندارکرد، خوێن فیچقه‌یکرد و دوای نمایش گه‌یاندمانه خه‌سته‌خانه.
به‌ڵام هه‌نووکه مه‌سه‌له‌که تیرۆرکردنی (ئۆڵۆف پاڵمێ) بوو. ئه‌دی له‌نێوه‌ندی ئه‌و هاتوباته‌دا چیمان کردبا؟ ئایا ده‌بوو پرۆڤه‌مان ڕاگرتبا؟ ده‌با نومایشی ئێواره‌مان ڕاگرتبا؟ ئایا بۆ هه‌تا هه‌تا وازمان له گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون هێنابا؟ ئایا ناکرێ شانۆنامه‌یه‌ک پێشکه‌ش بکرێت که که‌سێک بڕوا و وه‌عز بدا و بڵێ: چه‌ند گوناهه ئینسان. به‌رهه‌مێکی هونه‌ریی که به شێوه‌یه‌کی به‌ده‌ر له حه‌وسه‌ڵه پیربووه، جوان به‌ڵام دوور، ڕه‌نگبێ مردوو.
یه‌کێک له جاحێڵترین کیژه ئه‌کته‌ره‌کان گوتی: ڕه‌نگه هه‌ڵه‌بم، به‌ڵام پێموایه ده‌بێ پرۆڤه‌بکه‌ین. ده‌بێ به‌رده‌وامبین. ئه‌وه‌ی پاڵمێی تیرۆرکردووه گه‌ره‌کییه‌تی ئاژاوه باڵبکێشێت، گه‌ر واز له شانۆنامه‌که بێنین ئه‌وا ئێمه یارمه‌تی ئه‌و ئاژاوه نانه‌وه‌یه‌مانداوه و لێده‌گه‌ڕه‌ێین بکه‌وینه ژێر کۆنترۆڵی وروژانه‌کانمانه‌وه. مه‌سه‌له‌که سنووری هه‌ستی تایبه‌تیی و کوتوپڕ ده‌بڕێت. نابێ لێگه‌ڕێین ئاژاوه بڕیاربدات.
ورده ورده، به شێنه‌یی و به دوودڵیی، (گه‌مه‌یه‌کی خه‌ون) بووه نمایش. به ئاماده‌بوونی بینه‌ر پرۆڤه‌مان ده‌کرد. پرۆڤه‌کانمان گا سه‌رنجڕاکێش و به په‌رۆشانه و گا لاڵ و گۆشه‌گیرانه. گه‌شبینییه‌کی به‌پارێز خوێنی زایانده‌وه گۆنامان. هاوڕێیانمان ستایشیانکردین، نامه‌گه‌لی هانده‌رمان پێگه‌یشت و به هاواره‌وه ئافه‌رینکراین.
دوواین هه‌فته‌ی پرۆڤه بۆ ده‌رهێنه‌ر چرکه‌ساتێکه که به زه‌حمه‌ت به‌رگه‌ده‌گیرێت. چرکه‌ساتێک که فێڵه‌که، کاریگه‌ریی خۆی بزرده‌کا و بێزاریی ده‌بێته شتێکی خنکێنه‌ر، که‌موکوڕییه‌کان له‌چاواندا پرشنگده‌ده‌ن، هه‌ستێکی سارد له بێ باکیی، وه‌ک ته‌مێکی هه‌رگیز نه‌ڕه‌ویو له‌سه‌ر مێشک و زه‌ین ده‌نیشێت.
خه‌وم لێ تێکچوو بوو. به‌ڵاکان، نه‌غمه‌ی ده‌نگ و قڵافه‌ته‌کان به نمایشه‌که‌دا تێده‌په‌ڕین. ڕووناکیی چڕی به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڵه دانراو، وه‌کی وێنه‌گه‌لی (شیۆپتیکۆن49) ی جێگیر له‌به‌ر چاوانمدا ده‌وه‌ستا. فه‌رموو! شه‌وان بوونه شه‌وانێکی درێژ و به‌سۆ. ئه‌وه که‌م خه‌ویی نه‌بوو که نیگه‌رانی کردبووم، به‌ڵکو ئه‌وه هه‌سته‌کان بوون که شه‌که‌تیانده‌کردم: ئه‌دی باشه قووڵترین هه‌ڵه له کوێدایه؟ پێشتر له‌خودی ده‌قه‌که‌دا بووه: له ناکۆکی نێوان بیرۆکه‌ی بلیمه‌تانه و هه‌ڵوێستگه‌له ڕزگارکه‌ره‌کاندا بوو؟ له‌نێوان جوانیی توندوتیژ و چه‌نه‌بازیی شیریندا بوو؟ هه‌ڵبه‌ت نه‌فره‌ت له‌و دژبه‌یه‌کییه‌ی که من هه‌وڵمدا به‌رجه‌سته‌یکه‌م. ئایا ئه‌و پارۆدینه پڕ له گه‌مه‌یه‌ی ئه‌شکه‌وتی فینگال50، بێ حورمه‌تییکردن به خودا بوو؟ بونیاده‌م بۆی نییه به (تیتان51) پێبکه‌نێ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و پێکه‌نینه له خۆشه‌ویستیشه‌وه بێ؟ نابێ بیرم بچێت که ئێمه پێویسته سی و شه‌ش پرۆژیکتۆر به‌سه‌ر ته‌خته‌نوێنه‌که‌ی ژووری پارێزه‌ردا په‌خشکه‌ین، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێ ئه‌گینا ڕووناکی له‌وێدا باشه، چه‌ند له‌مپایه‌کی که‌م و پانتاییه‌کی زۆر. ده‌بێ (سڤێن نیکڤیست52) م لێڕازیبێت. مانگاکان زه‌ق زه‌ق له‌و کێڵگه باریکه‌ی خوار دوکانی ئاسنگه‌رییه‌که‌وه ته‌ماشامده‌که‌ن، هه‌ورێک له مێش ده‌وری لمۆز و چاوانیانیداوه. گوێره‌که گچکه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌که قۆچی کورتی هه‌یه و مه‌زه‌نده ده‌کرێت هار بێت. ئه‌لعانیش (هێلگا53) به کراسه ته‌ڕ و نووساو به سینگ و مه‌مکه هه‌ڵاوساوه‌کایه‌وه دێت، بۆنی تیژی ئاره‌قه و شیری لێدێت. به ددانه شاش و سپییه‌کانییه‌وه پێده‌که‌نێ، له‌ناوه‌ڕاستدا بۆ پێشه‌وه کڵاوڕۆژنه‌یه‌ک هه‌یه که (برینلۆف54) کردوویه‌تییه‌وه. ئه‌وسا (هێلگا) بۆ گوێ ڕووباره‌که ده‌ڕوا و به‌له‌مه‌که‌ی (برینلۆف) نوقومده‌کات، قووتوویه‌کی ماسی ئه‌نشوڤس هه‌ڵده‌پچڕێ و له‌ودیو ده‌رگاکه‌وه خۆی ده‌شارێته‌وه. کاتێ (برینلۆف) بۆ شێوکردن دێت، (هێلگا) قووتوه هه‌ڵپچڕاوه‌که بۆ ڕوخساری مێرده‌که‌ی ده‌با، ڕۆی ده‌با و تیایدا ده‌یسوڕێنێ. برینلۆف له‌هۆش خۆی ده‌چێ و کاتێ وه‌ئاگا دێته‌وه، شه‌پقه خڕه‌که‌ی له‌سه‌ر ده‌نێ و به‌پێ، به‌ره‌و (بورلێنگآ55) ده‌چێ و خوێنیش به‌نێوچه‌وان و گۆنایدا دێته‌خواره‌وه، ماسییه ئه‌نشوڤسه‌که به ڕیشیدا شۆڕبۆته‌وه. سه‌ردانی (هیولتگرێن56) ی وێنه‌گر ده‌کا و داوایلێده‌کات به‌و کڵاوه خڕه‌یه‌وه، به‌و جلکه په‌ڵه‌په‌ڵه‌یه‌یه‌وه، به‌و که‌پووه خوێناوی و ماسییه ئه‌نشوڤسه‌که‌ی سه‌ر چه‌ناگه و گۆنایه‌وه وێنه‌یه‌کی بگرێت، ئه‌مه ئه‌وه‌بوو که ڕوویدا. (هێلگا) وه‌ک دیاری یادی جێژنی له‌دایکبوون وێنه‌که وه‌رده‌گرێت. هه‌نووکه ده‌چم بنووم، هه‌نووکه کاتژمێره زه‌نگداره‌که لێده‌دات.
بێ جووڵه ڕاده‌کشێم، وه‌ئاگا و زه‌نده‌قچوو: ده‌توانم هه‌ر که‌سێک بکوژم قسه‌یه‌کی خه‌راپی له‌باره‌ی ئه‌کته‌ره‌کانمه‌وه له زار بێته‌ده‌رێ. ئه‌لعان ژه‌نه‌راڵ پرۆڤه‌یه، ئه‌لعان له‌یه‌کتر جوێ ده‌بینه‌وه. دوو سبه‌ی ڕۆژنامه‌کان ده‌خوێننه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وایشیده‌رخه‌ن که نایخوێننه‌وه. له‌وێدا له‌توپه‌ت ده‌کرێن، ده‌شێلرێن، نه‌وازشده‌کرێن، پێشوازییده‌کرێن، هانده‌درێن، سوکایه‌تییانپێده‌کرێ یاخۆ به بێده‌نگیی ڕوبه‌ڕووده‌کرێنه‌وه. هه‌مان ئێواره ده‌بێ بچنه سه‌ر شانۆ. ده‌زانن که بینه‌ره‌کان ده‌زانن.
ساڵانێکی زۆر له‌مه‌وبه‌ر هاوڕێیه‌کم بینی له قوژبنێکدا ڕاوه‌ستابوو، خۆ گۆڕی‌و و ئارایشتکراو. هێند لێوی کرۆژتبوو که ئیدی خوێن به چه‌ناگه‌یدا ده‌هاته خواره‌وه و ده‌می که‌فیکردبوو. سه‌ریباده‌دا و ده‌یگووت: ناچمه سه‌ر شانۆ، ناچمه سه‌ر شانۆ. که‌چی پاشان هه‌ر چووه سه‌ر شانۆ.
ئێواره‌ی ڕۆژی بیست و چواری ئاپرێل ژه‌نه‌راڵ پرۆڤه کرا، له ڕۆژه‌که‌دا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌راییمان بۆ پرۆژه‌ی شانۆنامه‌ی هاملێت هه‌بوو. خه‌ڵکێکی زۆر به ده‌وری مێزێکدا دانیشتبوون و نه‌خشه‌یان بۆ به‌رهه‌مێک ده‌کێشا که یه‌که‌مین نمایشی له نۆزده‌ی یانیوه‌ریدا بوو. من له‌باره‌ی بیرۆکه‌ی خۆمه‌وه بۆیاندووام: ته‌خته‌ی شانۆکه به‌تاڵ، ڕه‌نگه دوو کورسیی به‌ڵام ئه‌وه شتێک نییه زۆر دڵنیا. ڕووناکیی بێ جووڵه، به‌بێ فیلته‌ری ڕه‌نگاوڕه‌نگ، به‌بێ چ جۆره که‌شێک. بازنه‌یه‌ک به تیره‌یه‌کی پێنج مه‌ترییه‌وه که به عه‌ردی شانۆکه‌وه له نێزیک بینه‌رانه‌وه ڕایه‌ڵکراوه. نواندن له‌وێدا ده‌کرێت. (فورتینبراس57) و پیاوه‌کانی له دیواری دواوه‌ی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆکه‌ی به‌رامبه‌ر (ئالملۆفسگاتان58) ه‌وه ده‌رگاکه ده‌شکێنن، زریانی به‌فر هوروژم بۆ ناوه‌وه دێنێ، لاشه‌کان بۆ نێو قه‌بره‌که‌ی (ئۆڤیلیا59) فڕێده‌درێن. هاملێت له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی فه‌رمیی سوکایه‌تیئامێزدا ڕێزیلێده‌نرێ. (هۆراشیۆ60) به بێده‌نگیی ده‌کوژرێت.
له هه‌ندێک شوێندا تووڕه‌بووم و ده‌مویست واز له‌م پرۆژه‌یه بهێنم. چه‌ند مانگێک له‌وه‌وبه‌ر داوام له (ئینگڤار کایلسۆن) کرد که ڕۆڵی گۆڕ هه‌ڵکه‌نه‌که ببینێت. ئه‌ویش قاییل بوو. له پشتی منه‌وه، بۆ ڕۆڵێکی گه‌وره‌تر له به‌رهه‌مێکی گه‌وره‌تردا خۆی گواسته‌وه یاخۆ گوێزرایه‌وه. ئه‌کته‌رێکی منداڵکار که هێشتا مووی لێنه‌هاتبوو، ڕوونیکرده‌وه به نیازه پشووی باوکایه‌تیی وه‌ربگرێت. سێیه‌میان به دووایه‌مین مه‌رج بۆ پێدانی ئیش وه‌ک ده‌رهێنه‌ری میوان له ژێر ده‌ستم ده‌رهێنرا. ئه‌کته‌رێکی جاحێڵی بێ شه‌خسییه‌ت به‌ڵام به‌هره‌مه‌ند نه‌یده‌ویست ڕۆڵی (گیلدێنستێرن61) ببینێت. به هۆکاری جۆراوجۆر نه‌متوانی ئه‌کته‌رێکی جحێڵ بۆ ئه‌و ده‌وره بدۆزمه‌وه. زوربه‌ی ئه‌و ئه‌کته‌ره جحێڵانه‌ی که به‌هره‌مه‌ندن حه‌زناکه‌ن له‌به‌رامبه‌ر (هاملێت) ێکدا ڕۆڵ ببینن که هاوته‌مه‌نی خۆیان و هه‌ندێک جاریتریش له‌خۆیان گچکه‌تربێ. کێشه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونییان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت دژایه‌تی کوڕه تازه له‌دایکبووه‌کانی خۆشیانده‌کرد. جگه له‌وه‌ش ئیدی چ به‌لایانه‌وه زۆر گرینگ نه‌بوو له‌گه‌ڵ (باریمان) دا بمێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئاخر ئه‌و له دروستکردنی فیلم که‌وتبوو.
له‌هه‌مانکاتدا حاڵیبووم، بێگومان حاڵیبووم، ئاسان بوو حاڵیببم: ئه‌کته‌ر زۆر نێزیکتره له خودی خۆیه‌وه، پێچده‌خوا و تاوده‌دا، ڕاده‌مێنێ و شته‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ. تێده‌گه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر تووڕه‌بووم. بیرمه کاتێک (ئالف خیوبێری) ویستی لێم‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی (مارگرێتا بایسترۆم) م له (ئه‌لشیستیس) ه‌که‌ی وی بردبوو. هه‌ڵوێسته‌که هه‌مان شتبوو. له‌میانه‌ی ڕێوڕه‌سمی به‌خاکسپاردنی (خیوبێری) دا، یه‌کێک له ئه‌کته‌رانی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی، لای بۆ ئه‌کته‌رێکی لایه‌وه کرده‌وه و پێیگووت: " پیرۆزه ... ئیتر وا ئێستا کێشه و گرفته‌کانی ده‌رهێنه‌رانی دراماتن، که‌متره." بیرمه چۆن (ئولۆف مولاندێر) م ده‌رکرد. ده‌بێ خودان ئه‌و ژیرییه‌بم که بزانم که‌نگێ کاتی خۆیه‌تی. داخۆ که‌نگێ " کاتی خۆی " دێت. ئایا پێشتر، کاتی " کاتی خۆی " نه‌هاتووه؟
له رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی 24 ی ئه‌پرێل، سه‌عات حه‌وتی ئێواره (له هه‌موو ڕۆژنامه‌کاندا بڵاومانکردبۆوه، که دوای ده‌ستپێکردنی نمایشه‌که، رێگه به که‌س نادرێت بێته ژووره‌وه)، دواجار ژه‌نه‌راڵ پرۆڤه‌مان هه‌یه. ئه‌کته‌ره‌کان هه‌ستیان به بۆنی میسکێک له سه‌رکه‌وتنده‌کرد، شادومان بوون و دڵیانخۆشبوو. به‌شداریکردنی چاوه‌ڕوانییه شادومانانه‌که‌یان ئازاریده‌دام. له جێگایه‌ک له ئاگاییمڕا هه‌ستی شکستهێنانمان دایگرتبووم، نه‌ک له‌به‌ر قاییل نه‌بوونم له نمایشه‌که، به‌پێچه‌وانه‌وه. دوای هه‌موو ئێش و ئازاره‌کانمان نه‌ماشێکی پله یه‌ک، دیراسه‌کراو و له هه‌لومه‌رجێکی باش‌دا نوێنراو، له‌سه‌ر شانۆ نمایشده‌کرا. ئیدی چ بیانوویه‌ک بۆ خۆ سه‌رزه‌نشت کردن نه‌بوو.
له‌گه‌لڕ ئه‌وه‌شدا، من ده‌مزانی گره‌وه‌که‌مان نابه‌ینه‌وه.
نمایشه‌که ده‌ستی پێ‌کرد. C-durton ه‌که لێدرا. له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ردا له (لیلاسکێن) چوومه ده‌رێ. هه‌ر که له ده‌رگای دوواوه چووینه سه‌ر جادده، چه‌ند وێنه‌گرێک به فلاشلێدان و ته‌نگپێهه‌ڵچنینه‌وه شاڵاویان بۆ هێناین. کابرایه‌کی خۆ شین و مۆرکردوو، شانیگرتم و گووتی ده‌بێ رێگه‌یبده‌م بچێته ژووره‌وه، ده ده‌قیقه دواکه‌وتووه و ئه‌مڕۆش نه‌بێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نییه ڕۆژێکی‌تر شانۆنامه‌که ببینێت. هه‌وڵیدابوو ده‌رکه‌وانه‌که قاییلکات بیکاته ژووره‌وه، به‌ڵام ئه‌و نه‌یویستبوو سه‌رپێچی له بڕیاره‌کان بکات. منیش به مۆنییه‌وه به‌و کابرا چاوقایمه‌م گووت: نابێ و له ڕاستیدا ناشمه‌وێت یارمه‌تیبده‌م و ده‌بێ له‌وباره‌یه‌وه سه‌رزه‌نشتی خۆیکات. پاش ئه‌وه ناسیمه‌وه که ئه‌و که‌سه نووسه‌ری لاپه‌ڕه‌ی کو‌لتووریی رۆژنامه‌ی (سڤێنسکا داگ بلادێت62) و ڕه‌خنه‌گرێکی شانۆیی بوو. ئه‌وجا زۆر هاوڕێیانه بۆم ڕاڤه‌کرد که ده‌بێ له یاساکان تێ‌بگا و ڕێزیان بگرێت، له هه‌مان کاتیش‌دا ئاره‌زوویه‌کی جڵه‌ونه‌گیراوم بۆ لێدانی تێداوروژابوو. ئاخر هه‌ڵبه‌ت ویستوویه‌تی پرۆفیشیۆناڵانه خۆی بنوێنێ و چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک خۆی دواخستبوو. جگه له‌وه‌ش ئه‌وه شتێکی بێ نه‌زاکه‌تانه بوو که زۆری بۆ ده‌رهێنه‌ری نمایشه‌که هێنابوو تا بیکاته ژووره‌وه. ڕۆیشت و دوورکه‌وته‌وه. به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆ، که شوێنپێهه‌ڵگرتنێکی درێژخایه‌نی به‌ده‌ست لاپه‌ڕه‌ی کو‌لتووریی (سڤێنسکا داگ بلادێت) ه‌وه چه‌شتبوو، که‌وته شوێن ئه‌و پیاوه تووڕه‌یه و به هۆڵه‌که‌یدا کرد.
دواجار ڕوداوێکی لاوه‌کی نائومێدییه‌که‌می سه‌لماند: نه‌خۆشی گه‌ده‌ی یه‌که‌مین سینۆگراف و جێهێڵانم، دووگیانبوونی (لێنا ئۆلین)، ڕێگه‌چاره نابه‌دڵه‌کان، نواندنی بێزه‌وه‌ر له ناوه‌ڕاستی ساته‌وه‌ختی پرۆڤه‌دا،، ئه‌و ئه‌نفلۆنزایه‌ی به‌رۆکی گرتم و ئه‌و خه‌مۆکییه‌ی که به‌دوای خۆیدا هێنای، که‌شوهه‌وا ته‌کنیکییه‌کانمان، کاستی ده‌وره‌کانی هاملێت، ئه‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی هاملێت، هه‌ست بریندارکردنی لاپه‌ڕه‌ی کو‌لتوور، له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه تیرۆر کردنی پاڵمێ که به‌شێوه‌یه‌کی کاتیی یاخۆ بۆ هه‌میشه رووناکییه‌کانیان له ده‌وری هه‌وڵه‌کانمان گۆڕی. هه‌موو ئه‌مانه پێکه‌وه تێگه‌یشتنێکیان له‌لا خوڵقاندبووین، تێگه‌یشتنێک که ئیدی ده‌مزانی چۆناوچۆنی ئه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
دوای ژه‌نه‌راڵ پرۆڤه، له یه‌کێک له هۆڵه نوێیه‌کانی پرۆڤه‌ی سه‌ر (لیلاسکێن) دا کۆبووینه‌وه. بابۆڵه‌مان خوارد و شه‌مپانیامان خوارده‌وه. که‌شه‌که له‌یه‌ک کاتدا شادومانانه و خه‌مینیش بوو. ئاخر هه‌میشه زه‌حمه‌ته له گروپێک خه‌ڵک جوێ بیته‌وه که بونیاده‌م ماوه‌یه‌کی درێژ و به‌شێوه‌یه‌کی نێزیک پێوه‌یان ڕایه‌ڵ بووبێت. هه‌ستکردن به خۆشه‌ویستییه‌کی بێ ده‌سه‌ڵاتانه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه تێدا ورووژابوو. په‌تی ناوکه‌که پچڕابوو به‌ڵام ئازارم له هه‌موو جه‌سته‌دا هه‌بوو. له‌باره‌ی فیلمه‌که‌ی (ئه‌ندرییه فایدا)، (مایسترۆ63) وه قسانمانکرد که ده‌بێژێ ناتوانرێ به‌بێ خۆشه‌ویستیی مۆسیقا بکرێت. له‌و چرکه‌ساته گرژییه چڕه‌دا رێککه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گه‌رچی ده‌توانرێ شانۆ به‌به‌بێ خۆشه‌ویستیی به‌ڕێوه ببرێت، به‌ڵام شانۆیه‌کی له‌وجۆره ناژی و هه‌ناسه‌نادات. به‌بێ خۆشه‌ویستیی شتی وا نابێت. به بێ یه‌ک "تۆ" یه‌ک چ "من" ێک بوونی نییه. گه‌رچی ئێمه ئه‌زموونێکی شانۆیی دره‌وشاوه‌مان ئه‌زموون کرد، ئه‌زموونێک که له ڕقێکی ئه‌فسوناوییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، به‌ڵام خۆ ڕقیش هه‌ر به‌ریه‌ککه‌وتنه و ئه‌ڤینیش وه‌کی ڕق حه‌کیمانه‌یه. له‌وه‌مان کۆڵییه‌وه و نموونه‌مان هێنایه‌وه.
مۆمه‌کانی سه‌ر مێزه‌که تووانه‌وه و که‌وتنه پرته پرت. ئیتر کاتی رۆیشتن هات. هه‌مووان ئامێزمان به یه‌کدیدا کرد و یه‌کترمان ماچکرد وه‌ک بڵێی ئیدی هه‌رگیز یه‌کتر نه‌بیننه‌وه. توو دۆزه‌خ، هه‌ڵبه‌ت ئێمه سبه‌ینێ به‌یانی یه‌کتر ده‌بینینه‌وه. وامانگووت و پێکه‌نین. به‌یانی یه‌که‌مین ڕۆژی نمایشه‌که بوو.
بۆ یه‌که‌مینجار له ژیانی پیشه‌ییمدا له چل و هه‌شت سه‌عات زیاتر، له ئاکامی شکسته‌وه خه‌فه‌ت ده‌خۆم. هه‌ندێجار ده‌کرێ مرۆڤ دڵی خۆی به هۆڵی پڕ له بینه‌ر بداته‌وه. ئاخر ژماره‌ی بینه‌ران له هۆڵه‌که‌ی (لیلاسکێن) و بۆ چل نمایش خه‌راپ نه‌بوو، به‌ڵام به‌سیش نه‌بوو. بێ مانایی زه‌رده‌خه‌نه‌ی ده‌هاتێ! هه‌موو هه‌وڵه‌کان، عه‌زاب، دڵه‌ڕاوکێ، بێزاریی و هیوا، چ شادومانییه‌کیان نه‌خسته‌وه. چ قازانجێکیان نه‌بوو.
*