کاتێ که منداڵ بووم
سيڤ ویدێربێری Siv Widerberg
وه‌رگێڕانی له سوێدييه‌وه: دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
کاتێ که من منداڵ بووم
زستانان دار لاله‌کان گوڵیان ده‌کرد
سه‌ر دیواره‌که پڕ ده‌بوو له تووتیی ئاخێوه‌ر
قژیشم سه‌وزو تۆپه‌ڵ، به‌رز به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌پژا
به‌یانییه‌کیان که نه‌متوانی
شیره‌که‌م بخۆمه‌وه
ئه‌وسا کوتوپڕ بینم ئه‌وه‌تام،
ده‌سکێشه چنراوه‌که‌م له‌ده‌ستدایه و له‌سه‌ر پێپلیکانه‌ی حه‌وشه ڕاوه‌ستاوم
ده‌نکه گێلاسی سووری ئاودار
به‌ده‌زووی باریکه‌وه له خۆره‌وه هاتوونه‌ته خواره‌وه و
هه‌ورێکیش به‌ژوور سه‌رمه‌وه‌یه
هاوینه
هاوینێکی وا
که هه‌موو منداڵان ده‌چن بۆ ده‌شت
یان بۆ پشوو، بۆ هاوینه‌هه‌وار ده‌چن
یاخود به پاسکیل بۆ شوێنێک ده‌چن
که من نازانم ئه‌و شوێنه کوێیه!
کوتوپڕ گۆڕه‌پانی گه‌مه کردنه‌که
ده‌بێته زه‌ریاچه‌یه‌کی شینی پڕ له ماسیی
که هه‌م ده‌توانن مه‌له‌بکه‌ن و له‌ئاودا خۆیان نوقومکه‌ن
هه‌م ده‌شتوانن بفڕن و قسه‌ی بێ واتا بکه‌ن
ئه‌و خانووه‌ی منی لێ ده‌ژیم
خانوویه‌کی کۆن و داڕووخاوه
گه‌چه‌که‌ی له‌دیواره‌کانی بۆته‌وه
کونێکی گه‌وره که‌وتۆته ساپیته‌که‌یه‌وه
پێپلیکانه‌کانی تاریک و بۆ ساردیان لێ دێت
له‌هه‌موو لایه‌که‌وه بۆنی سڵق، بۆنی شێ و بۆنی پشیله دێت
به‌ڵام که‌چی من هه‌ر پێموایه ئه‌وێ خانوویه‌کی چاکه
خانوویه‌کی نایابی وه‌هایه که مرۆڤ کاتێ هه‌ر به‌ڕاستیی شه‌که‌ت ده‌بێ له‌وه‌ی
له‌وێدا بژیی
ئیدی ئه‌و خانووه ده‌بێته کۆشکێک
که له‌وێدا پیرێژنان له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌کاندا داده‌نیشن و تاجی ئاڵتوونیی ده‌چنن
پیره‌مێردان به که‌فاو، بڵقی گڵۆپ ده‌که‌ن
منداڵانی گچکه شیرینیی ده‌جوون
حه‌سحه‌سه‌که‌ش، که پیاوێکی تووڕه‌و هاره و نوقورچی توند ده‌گرێ،
کوتوپڕ خۆی هه‌ڵده‌داته سه‌ر ئه‌سپێکی سپیی و
چوکلێت به ئێمه‌ی منداڵان ده‌دا، چوکلێته‌کانی هێنده گه‌وره‌ن که به زه‌حمه‌ت
هه‌ڵده‌گیرێن
سه‌گه‌کان له‌بری ئه‌وه‌ی بووه‌ڕن، گۆرانیی ده‌بێژن
پشیله‌کان له‌بری ئه‌وه‌ی بیکه‌نه ده‌نگه ده‌نگ و هه‌راهه‌را،
که‌مانچه ده‌ژه‌نن
جنێوه‌کان وه‌ک فانیله‌ی تازه شۆراوی یاری فتبۆڵێن
به‌ته‌نافه‌که‌دا هه‌ڵده‌واسرێن
زه‌ڕڕافه سه‌ربه‌رزه‌کان به چاوانی میهره‌بانانه‌وه
له‌به‌رمیلی خۆڵه‌کاندا ده‌ڕوێن
شه‌وانیش کاتێ هه‌وڵ ده‌ده‌م بنووم،
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که دایک و باوکم له موبه‌ق ده‌مه‌قاڵێیانه
که‌چیی هه‌زاران باڵی ته‌نک له سیسه‌مه‌که‌م ده‌ڕوێن
سیسه‌مه‌که‌م به‌و باڵانه ده‌فڕێ و له په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌مباته ده‌ره‌وه
به ئاسمانه‌وه پڕوشه‌ی هه‌وری نه‌رم و نیان ده‌گرم و
گوێچکه‌می پێ ده‌ئاخنم
کوتوپڕ ئه‌و ده‌نگی ناخۆشی ده‌مه‌قاڵێیه
ده‌بێته لایه‌لایه‌یه‌کی خۆش
هه‌موو شتێک له‌خواره‌وه له‌سه‌ر ئه‌رز
ده‌بێته شتی چکۆڵه و مێرووله ئاسا
ده‌بنه شت گه‌لێک که ئیدی مرۆڤ له‌خه‌میانا نابێ
به‌ڵکو له‌راستیدا ده‌بنه شتگه‌لێک که مرۆڤ ده‌خه‌نه پێکه‌نین
له‌هه‌مان چرکه‌دا
دایک و باوکیشم ده‌بنه دوو بووکه‌شووشه‌ی گچکه
ده‌بنه دوو سه‌ربازیی قوڕقوشمین
که له موبه‌قه‌که‌دا شه‌ڕه شمشێر ده‌که‌ن
ده‌نگی شمشێره‌کانیان دێت
ده‌نگی قه‌ڵغان و کڵاوه ئاسنینه‌کانیان که په‌ڕی سووری پێوه‌یه و
به‌رزو نزم ده‌بێته‌وه و له هه‌وادا ده‌له‌رێته‌وه
به‌ڵام من به وردیی ئاگام لێیان نییه
که ئه‌وان سوپاکانی خۆیان بانگ ده‌که‌ن
سوپاکانیان به‌یه‌کدا هه‌ڵده‌پژێن، ده‌بێته شه‌ڕو ته‌قوتۆق
تا ئیدی خوێن به خوڕ ده‌ڕژێ
هه‌مووان له پا ده‌که‌ون و ده‌که‌ونه سه‌ر ئه‌و فه‌رشه ته‌په‌تۆرییه‌ی
که وێنه‌ی گوڵی به شه‌ونم ته‌ڕبووی له‌سه‌ر وێنه کێشراوه
که مانگ ته‌نک و شین، به‌کاوه‌خۆ هه‌ڵدێت
ئیدی هه‌موو شتێک ده‌بێته سێبه‌ر و خه‌ون
سه‌یره‌که له ئاوێنه‌یه‌کیشدایه
که ئێمه له منداڵیی مندا هه‌مان بوو
ئاوێنه گه‌وره‌که‌ی هۆڵه‌که، به چوارچێوه ئاڵتوونییه‌که‌یه‌وه
که دایکم که‌ڕه‌تێکیان کڕی بووی
گه‌رچی پاره‌یه‌کی زۆریشی پێ نه‌ببوو
به‌ڵام هه‌ر کڕی بووی و پێی دڵ خۆش ببوو
کاتێ له‌به‌ر ئه‌و ئاوێنه‌یه‌دا راده‌وه‌ستم
که‌س که‌س له ماڵه‌وه نییه
جگه له من که ته‌واوێک به‌تاقی ته‌نیام
دوای چه‌ند ساتێکی ناخۆش
ده‌بینم قژم ژاکاوه
ده‌م و چاوم وه‌ک سێوێکی ڕزیو، هی ساڵی پار
چرچ و لۆچ بووه
یان ته‌نها وه‌ک هه‌ڵمێکی خۆڵه‌مێشیی
له دووره‌وه له شووشه‌ی بریقه‌داری ئاوێنه‌که‌دا
پرشنگ ده‌دات
ئه‌وسا ئاوێنه‌که بریسکه‌یه‌ک ده‌دا و خۆی راده‌پسکێنێ
رێک پێکه‌نینێکی سووتێنه‌ر ده‌گرێته بنمیچه‌که
ئه‌وسا من هه‌مدیسان خۆم له ئاوێنه‌که‌دا ده‌بینم:
ده‌مم، لووتم، چاوانم
هه‌موو شتێکی خۆم ده‌بینم
هه‌موو شتێک که هی خۆم بوون
کوتومت هه‌ر وه‌کی خۆم
پاشان
ئاوێنه‌که و من پێکه‌وه ده‌که‌وینه پێکه‌نین
من سه‌رمه‌وقولات ده‌ده‌م و خۆم هه‌لڕ ده‌گێڕمه‌وه
سه‌رم بۆ خواره‌وه و قاچیشم بۆ سه‌ره‌وه
له‌سه‌ر ده‌ست ده‌ڕۆم
به‌ڵێ ... ده‌شتوانم له‌سه‌ر ده‌ست بڕۆم
گه‌رچی من هه‌رگیز له‌وه‌وبه‌ر نه‌متوانیبوو ئه‌وه بکه‌م
ئه‌وسا کاتێ خه‌ڵکیی ده‌مبینن
له سه‌رسوڕماندا چاویان زه‌ق ده‌که‌نه‌وه
کارمه‌ندێکی سێرک به په‌له دێت بۆ لام و پێشنیارم بۆ ده‌کات
که له سێرکه‌که‌یدا ئیش بکه‌م
مووچه‌ی هه‌زار ملیۆن دینار و
سه‌گێکی گچکه‌ی ژیکه‌ڵه‌شم به‌خۆڕایی ده‌داتێ
باشترین شت ئه‌و سه‌گه‌یه
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر زۆر داوای سه‌گێکم کردبوو
هه‌ر داوام کردبوو، هه‌ر داوام کردبوو، هه‌ر داوام کردبوو
که دایک و باوکم مشووری سه‌گێکم بۆ بخۆن
که‌چیی ئه‌وان هه‌ر گوتبوویان: نا!
یان گوتبوویان: ئیتر به‌سه چه‌نه چه‌ن!
به‌ڵام وا ئێستا سه‌گێکم هه‌یه
که له قوڵایی دڵه‌وه خۆشی ده‌وێم
هه‌ردووکمان بووینه‌ته هاوڕێی گیانی به‌گیانیی یه‌کتر
تا منیش خۆم، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم
بوومه‌ته سه‌گێک، سه‌گێکی گچکه‌ی خڕتۆڵی تیسک لوول
که ده‌توانێ بووه‌ڕێ و بقروسکێنێ و به‌بێ زۆر له‌خۆکردن
به عامووده‌کانا هه‌ڵمیزێ
جگه له‌وه‌ش دایکم نه‌وازشم ده‌کات
تا بێ زیاتر و زیاتر خۆشی ده‌وێم
ئیدی له‌وه دڵنیابووه که من، ته‌نها من
ژیکه‌ڵه‌ترین و نایاب ترین شتێکم
که له هه‌موو ژیانیدا هه‌یبووبێ
به‌ڵێ، هه‌موو شته‌کان سه‌یر بوون، له منداڵیی مندا
هه‌موو شتێک مه‌حاڵ بوو
هه‌موو شتێک نامه‌حاڵ
فرمێسکه زۆره‌کانی دایکم
ببوونه ئه‌ڵماسی به دره‌وشه
هه‌ر هه‌موویانم له زه‌رفێک ناو
بۆ باوکم هه‌نارد
بۆ باوکم که رۆژێکیان سه‌فه‌ری کردبوو
هه‌نووکه‌ش له جێگایه‌کی دوور له (کورپیبومولو) ده‌ژی
یان له (مه‌ده‌قه‌شقه‌ر)
ره‌نگه باوکم تیمساحێکیشی هه‌بێت
له ئه‌رزه‌که‌دا، لای سیسه‌مه‌که‌یه‌وه داینابێت
هه‌ندێ جار نیوه‌شه‌وان کاتێ که ده‌یه‌وێ خۆی به‌تاڵ کاته‌وه و
بچێت بۆ سه‌ر ئاو
بچێت په‌رداخێک ئاو بخواته‌وه
بچێت ته‌ماشای ئه‌ستێران بکات و
بیر له من بکاته‌وه،
قاچی به‌ر تیمساحه‌که‌ی ده‌که‌وێ
*