كۆڤان
شيعرێك بۆ فرِينی (كۆڤان ) له رۆژی جيهانيی منداڵاندا
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
كۆڤان مرد
چۆله‌كه‌يه‌كی تر له به‌هه‌شت زيادی كرد
چۆله‌كه‌يه‌كی تر له‌سه‌ر په‌لكی دارهه‌نجيره‌كه‌ی به‌هه‌شت نيشته‌وه
كۆڤان ئێواره‌يه‌ك به‌لای شاردا فڕی و
له هيچ كوێ لای نه‌دا
كۆڤان ئێواره‌يه‌ك به ئاسمانی نيشتمانێكدا فڕی و
له‌سه‌ر هيچ دره‌ختێكی نه‌نيشته‌وه
كۆڤان به‌و شه‌كه‌تييه‌ی خۆيه‌وه
ئێواره‌يه‌ك به گه‌ڕه‌كدا هات و
بۆ قومێك ئاو له ده‌رگای هيچ ماڵێکی نه‌دا
كۆڤان به‌يانييه‌ك له خه‌و هه‌ستا و
به‌يانی باشی له كه‌س نه‌كرد
كۆڤان ئيتر به هيچ زوبانێك نادوێ
كۆڤان ئيتر هيچ جلكێك ناپۆشێ
كۆڤان ئيتر له‌سه‌ر هيچ كه‌س ناكاته‌وه
كۆڤان ئيتر له‌گه‌ڵ هيچ كه‌س ئاشت نابێته‌وه
كۆڤان ئيتر گه‌وره نابێت تا بۆ ده‌نگدان بچێ
كۆڤان ئيتر له ڕيزدا ( خوايه وه‌ته‌ن ...) نابێژێ
كۆڤان ئيتر هه‌ڵناسێته سه‌ر ته‌خته ڕه‌ش
تا ناوی خۆی بنووسێ
كۆڤان گه‌رچی هه‌نووكه بووه‌ته گچكه‌ترين چۆله‌كه‌ی به‌هه‌شت
كه‌چی ترسێك وه‌ك خۆی ساوا
باڵی فڕينی ده‌كرۆژێ
خه‌فه‌تێك وه‌ك خۆی باريك و بنێس
فێر بووه نيوه‌ڕوانی هاوين ڕێی پێ ده‌گرێ
كۆڤان له نائومێديی خۆي‌دا فڕی
كۆڤان يارييه‌كانی جێهێشتن و فڕی
كۆڤان جه‌ژنه‌كانی جێهێشتن و فڕی
كۆڤان سرووده‌كانی جێهێشتن و فڕی
كۆڤان مژده‌كانی جێهێشتن و فڕی
كۆڤان به‌و مناڵییه‌ی خۆيه‌وه
له نائومێدیيدا پير بوو
له نائومێدييدا
به‌رسيله‌يه‌ك چييه
به مێوی رِووانينييه‌وه نه‌ما
كۆڤان هێند گچكه بوو
كه‌س له‌و قه‌ره‌باڵخييه‌دا نه‌يبينی
كه‌س نه‌يبينی كه چۆن كۆڤان چاوه‌ڕوانيی ده‌يجوێ
له‌به‌ر قاقا و قريوه‌ی ده‌هۆڵ و زوڕنا
له‌به‌ر زرمه‌ی تی ئێن تی
كه‌س نه‌يبيست كه چۆن كۆڤان ده‌گری
خۆ مردنی كۆڤان و ماڵی شۆڕش ديوارێكيان به‌ين بوو
خۆ ماڵی كۆڤان و ماڵی كورد له يه‌ك حه‌وشه‌دا كرێچی بوون
خۆ له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ی كۆڤانه‌وه
ئاپارتمانی پارله‌مان ديار بوو
خۆ له شاره‌كه‌ی كۆڤاندا له‌به‌ر حيزبی كورديی
مناڵيی رێگه نييه به پێی په‌تيی ڕاكات
خۆ وڵاته‌كه‌ی كۆڤان
پرِه له ميوانی مناڵدۆست
پڕه له فريادڕه‌سی نێوده‌وڵه‌تيی
پڕه له‌نوێترين فڕۆكه و موشه‌ك و ئامبۆڵانسی ئاسمانيی
كه‌س له‌و قه‌ره‌باڵخييه‌دا كۆڤانی نه‌ژنه‌فت
كه چۆن ده‌گری
كۆڤان به‌و ساواييه‌ی خۆيه‌وه
له نائومێدييدا پير بوو
كۆڤان له چاوه‌ڕوانييدا
دوو ده‌ست ... وه‌ك ده‌ستی دايكی ميهره‌بان
هه‌ڵيگرت ... له باوه‌شی گرت و به چرپه پێيگوت:
كوڕم بفڕه
با له‌وه‌نده زياتر به‌ديار چاوه‌ڕوانييه‌وه ماتڵ نه‌بيت
كوڕم هه‌تا ساوايت بفڕه
دواجار كوڕم ... هيچ شتێك به‌شی تؤی تێدا نه‌بوو
وه‌ته‌ن به‌شی تۆپێكی تۆی تێدا نه‌بوو
عيلم به‌شی شرينقه‌يه‌كی تۆی تێدا نه‌بوو
باخچه‌كان به‌شی يارييه‌كی تۆيان تێدا نه‌بوو
باوه‌گوڕگوڕه‌كان به‌شی گه‌رم بوونه‌وه‌يه‌كی تۆيان تێدا نه‌بوو
ژێر دره‌خته‌كان به‌شی فێنك بوونه‌وه‌يه‌كی تۆيان تێدا نه‌بوو
شۆسته‌كان به‌شی پياسه‌يه‌كی تۆيان تێدا نه‌بوو
وه‌رزه‌كان بارانێكی تۆيان تێدا نه‌بوو
جه‌ژنه‌كان چكلێتێكی تۆيان تێدا نه‌بوو
مناڵييه‌كان به‌شی قوماته‌يه‌ك گڕوگاڵی تۆيان تێدا نه‌بوو
هه‌تا ساوايت بفڕه كوڕم
بنۆڕه كوڕم
شه‌ڕه‌كان پڕ باری لۆرييه‌ك به‌شی تۆيان تێدايه
فڕۆكه و موشه‌ك و گولله تۆپه‌كان پڕ باوه‌شێك مردن به‌شی تۆيان تێدايه
ترس هێنده‌ی تاريكايی شه‌وێك به‌شی تۆی تێدايه
نائومێديي به درێژايی جادده‌يه‌ك به‌شی تۆی تێدايه
رق به ئه‌ستوورايی شه‌ڕێك به‌شی تۆی تێدايه
هه‌تا ساوايت ... بفڕه كوڕم
هه‌تا سوكه‌ڵه‌يت
بفڕه ... كوڕم
بفڕه
هه‌تا ئاسمان جێگه‌ی فرِينێكی تری تێدايه!
*