له نوێژه‌کانتا دوعام بۆ بکه ...!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
ئه‌مجاره‌شیان به‌فر دێت و ده‌ڵێ
ده‌تانبه‌م بۆ پیاسه
ده‌تانبه‌م بۆ ته‌ماشای شێر
ده‌تانبه‌م بۆ سواری جۆلانه
ئه‌مجاره‌شیان به‌فر دێت و
به فێڵێکی تر فریومان ده‌دا
به وه‌همێکی تر ده‌مانخاته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی عیشق
به سپییه‌کی تر ده‌مانفرۆشێت به مردن
پیر بووین و تۆ هه‌ر باریت و
نه‌هاتیت
تۆ هه‌ر نه‌هاتیت و
به‌ده‌م کردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌کانته‌وه
پیر بووین
به‌دیار نه‌هاتنی تۆوه
له وڵاته‌کانتا وون بووین
له مه‌رقه‌ده‌کانتا بووینه مورید
له ئاوێنه‌کانتا بستێک سه‌ر و ڕیشمان هات
له‌پاڵ شووراکانتا بووینه سێبه‌رێکی کوژاوه
له کتێبه‌کانتا بووینه ڕسته‌یه‌کی سڕدراوه
هه‌رچی پۆسته‌چی ئه‌م ووڵاتانه‌یه بوونه هاوڕێمان و
له خه‌فه‌تی نه‌گه‌یشتنی نامه‌یه‌کی تۆدا پیربووین
به‌فرێکی تر باری و
بێهووده به سه‌ربانه‌کانتا هاتین و چووین
به‌فرێکی تر باری و
نائومێدانه له بیابانه‌کانتا ته‌زین
به‌فرێکی تر باری و
له خه‌فه‌تی نه‌هاتنی تۆدا
له باخچه‌کانتا هۆن هۆن مردین
له نوێژه‌کانتا یادم بکه‌ره‌وه
له نوێژه‌کانتا شتێک بڵێ
شتێک بڵێ له زوبانی ئه‌و پیاوه‌وه
که به درێژایی عومری نوح
نه‌یتوانیوه بدوێ
له نوێژه‌کانتا ڕسته‌یه‌ک بڵێ درێژ
درێژ وه‌ک ئه‌و ڕێگایه‌ی که ده‌چۆوه
به‌ر ماڵی یار
درێژ وه‌ک په‌یژه‌که‌ی منداڵییمان
که له شه‌وه تاریکه‌کاندا
سرک و بزێو
بۆ ماڵی ڕووناکی مانگ
پیایدا هه‌ڵده‌گژاین
حه‌کایه‌تێک بگێڕه‌وه
پڕ بێ له حیله‌ی ئه‌و ئه‌سپه باڵدارانه‌ی
که حه‌زمان ده‌کرد بمانبه‌ن
سه‌رگوزشته‌یه‌ک بێژه
ته‌ژی له‌و دارستانانه‌ی
که هه‌میشه له‌کاتی هاتنی دێوه‌که‌دا
شه‌ومان به سه‌ردا ده‌هات
دوعایه‌ک بکه پڕ بێت له تامی مزره سێ‌و
له ترپه‌ی دڵی ترێ
هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵکێشه
شه‌ڵاڵ بێت له هاڵاوی بۆنی به‌هێ
فوویه‌ک بکه ... ڕه‌یحان باوه‌شێن بکات
نیلۆفه‌ر بخاته له‌نجه
لاملی ڕێواس فێنک بکاته‌وه
له نوێژه‌کانتا بدوێ و ژیر مه‌به‌ره‌وه
له نوێژه‌کانتا بگری و خۆش مه‌که‌ره‌وه
تا ئیدی تۆ و خودا ده‌بنه دوو ده‌مه‌شێری سوور
ده‌بنه دوو گوڵه پاتۆنیای ته‌ڕ
ده‌بنه دوو دڵۆپ شه‌ونمی زیز
ده‌بنه ئاسمانێک ته‌نراو به نوور!
له نوێژه‌کانتا دوعام بۆ بکه
له نوێژه‌کانتا به درێژیی باسمکه
له نووکه‌وه بمگێڕه‌وه
له کرمێکی له قۆزاخه پێچراوه‌وه بمگێڕه‌وه
که ده‌یه‌وێت ببێته په‌پووله
له په‌پووله‌یه‌که‌وه که ده‌یه‌وێت بفڕێ
له ترسه‌وه بمگێڕه‌وه
که ده‌یه‌وێت ببێته به‌شێک له تاریکیی
له تاریکییه‌وه باسمکه
که له ماڵی شه‌مشه‌مه‌کوێره‌دا
داده‌گیرسێ
له به‌رده‌وه بمگێڕه‌وه
که ده‌یه‌وێت قولانجێک بجووڵێت
له ڕووخانه‌وه بمگێڕه‌وه
تا ڕۆچوون
له سووتانه‌وه ته‌عریفمکه
تا به قه‌قنه‌س بوون!
ده‌زانم ... خودا میهره‌بانترینه بۆ گوێڕادێران
ئه‌ی یار
ئاخر ... خودا خۆی یه‌ک گه‌ردوونه له ڕامان
ده‌زانم خودا نزیکترینه بۆ ئاشنایی
ئه‌ی یار
ئاخر ... خودا خۆی یه‌ک گه‌ردوونه له ژیان
خودا ڕۆژێک له حه‌ژمه‌ت دووریی
به پێی خۆی دێ و
ده‌بێژێ: ئه‌رێ ئه‌وه منداڵینه
خه‌ون نه‌ما له دووتان نه‌گه‌ڕێم
ئه‌نگۆ کوان؟
خودا خۆی ڕۆژێک به مه‌رکانه‌کانییه‌وه دێت
سه‌روو جامێک ئاوی ساردمان به‌ش ده‌دات
خودا ڕۆژێک به‌پێی خۆی دێت
نوورانیی
قژ ماش و برنجیی
نه‌ختێک مه‌لوول
سه‌درییه‌یه‌کی خه‌تخه‌تی له‌به‌ردا و
جووتێک سۆڵی سپیی له‌پێدا
قاقا پێده‌که‌نێ و
به پێی په‌تیی
به‌سه‌ر دیواره کاڵه‌کانی منداڵیی ئێمه‌دا
باز ده‌دات
ئای خودایه ... له‌و هه‌موو میزه‌ڵانه ڕه‌نگاوڕه‌نگانه
ئای خودایه ... له‌و مێوژه شیرینه
ئای خودایه ... له‌و ئاوه سارده
ئای خودای ئێمه ... له‌و هه‌موو خۆشییه
ئای خودا
تۆ چه‌نده پڕیت له ته‌ماشا!
خودا ڕۆژێک به‌پێی خۆی
به عاجزییه‌کانییه‌وه دێت
له‌به‌ر هه‌تاوی ئێواره‌ی پاییزێکی دره‌نگدا
کروشکه ده‌کا
خودا ڕۆژێک به‌پێی خۆی
به خایله‌کانییه‌وه دێت
نهێنییه‌کانی ده‌کاته لووله‌ی گچکه گچکه‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌وه و
له‌سه‌ر سینییه‌کیان داده‌نێ
ئێمه ... ئێمه‌ی منداڵانی بێباک له نهێنیی گه‌وره
له ڕۆژی گه‌وره‌ی سزا
له شه‌وی تینوێتیی مه‌زن
نائاگا ... له میعراجی به‌سوێ
خه‌مسارد
له یه‌کتر نه‌بینینه‌وه‌ی ئه‌به‌دیی
له بێده‌نگیی ڕه‌ها
چاوشارکێ ده‌که‌ین و
له‌و هه‌موو تاریکییه‌دا
نائومێدانه
به‌دوای یه‌کتریدا ده‌گه‌ڕێین!
له نوێژه‌کانتا یادمکه‌ره‌وه
له نوێژه‌کانتا تێهه‌ڵکێشی ئه‌و دوعایه‌مکه
که بۆ زیکزیکه و مێرووله و کرم و خاڵخاڵۆکه‌ی ده‌که‌یت
بمخه‌ره په‌راوێزی ئه‌و وێرده‌وه
که به گوێی ته‌نیاییدا ده‌یده‌یت
له‌و که‌وانانه‌دا دامنێ
که جار جار له‌نێوان دێڕه‌کانتا
بۆ بۆشاییان ده‌که‌یته‌وه
جێگایه‌کم له‌و سوێنده‌دا بۆ داخه
که به چاوی ژیژک
به سه‌ری نه‌عنا ده‌یخۆیت
که ناوی هه‌ڵدێرت برد
ئاماژه‌یه‌کیش بده به ناوی من
که وشه‌ی خه‌نجه‌رت به زاردا هات
پێڵوو لێکنێ و
به ئه‌سپایی
ده‌ستێکیش بخه‌ره سه‌ر دڵی من!
له نوێژه‌کانتا یادمکه‌ره‌وه
له نوێژه‌کانتا ئاشتم بکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ خۆم
له نوێژه‌کانتا دڵم بده‌ره‌وه
له نوێژه‌کانتا ئاشنام بکه‌ره‌وه به‌خۆم
له نوێژه‌کانتا جلکێکی ترم له‌به‌رکه
له نوێژه‌کانتا سیمایه‌کی نوێم پێ ببه‌خشه
له نوێژه‌کانتا ڕووانینێکی ترم بده‌رێ
له نوێژه‌کانتا
ئه‌لف و بێی زوبانێکی ڕووناکم فێرکه
له نوێژه‌کانتا
دوعام
بۆ
بکه!
زستانی 2005
گۆتینبێرگ