مرۆڤێکی شادومان
خودایه ... مه‌هێڵه شادومانییم له‌ده‌سبده‌م!
یۆهان سێباستییان باخ
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
من به‌م شادومانییه ده‌ژیم
من له شادومانییدا ده‌نووسم
ئه‌وه شادومانییه که به‌یانیان
له ژووره‌که‌مدا ده‌یکات به غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و
خه‌به‌رمده‌کاته‌وه
که ده‌موچاوم پێده‌شوات
که په‌نجه‌ره‌که‌م پێده‌کاته‌وه
که ئینجانه‌کانم پێ ئاو ده‌دا
هه‌ستده‌که‌م تا دێ
شادومانییم گه‌وره ده‌بێ
پێده‌گرێ
قسه فێر ده‌بێ
ئاقڵ ده‌بێ
گوێم لێده‌گرێ
هه‌ستده‌که‌م تا دێ
شادومانییم باڵ ده‌گرێ
ڕووبه‌ری نوێم بۆ یاریی
پێده‌ناسێنێ
فڕینی ترم فێرده‌کا
گه‌ر ئه‌و شادومانییه نه‌بێ
ده‌ره‌قه‌تی هیچ نایه‌م
به که‌ڵکی هیچ نایه‌م
گه‌ر ئه‌و شادومانییه نه‌بێ
منداڵێک پێمده‌وێرێ
گه‌ر ئه‌و شادومانییه نه‌بێ
کێشکه‌یه‌کم پێ ناخرێته ڕسته‌وه
خاڵێکم پێناخرێته سه‌ر حه‌رفێک
ته‌ڵێک گیام پێ پاکنووس ناکرێ
گه‌ر ئه‌و شادومانییه نه‌بێ
شیعرێکم ده‌ست و پێ سپیی
هه‌ر جاره‌و ده‌که‌ومه چاڵێکه‌وه
هه‌رجاره‌و دۆعایه‌کی خه‌راپم لێ‌گیرا ده‌بێ
هه‌ر جاره‌و به چاوێکی پیسه‌وه ده‌بم
هه‌ر جاره‌و به بۆنێکی تاریک ده‌که‌وم
گه‌ر ئه‌و شادومانییه نه‌بێ
ته‌نیایی ده‌مخوا و
به هه‌ڵامه‌تێک ده‌مرم
که ده‌نووسم
ئه‌وه شادومانییه به به‌ربه‌رۆکه‌یه‌کی سپیی و
جووتێک سۆڵی ئیسفه‌نجه‌وه
سرک و بزێو
ده‌که‌وێته گسکدانی ژووره‌کانی خه‌یاڵ
ده‌که‌وێته لادانی په‌رده‌کانی بینین
ده‌که‌وێته سڕینه‌وه‌ی ته‌خته‌ڕه‌شه‌کانی مسۆده
ده‌که‌وێته گۆڕینی ئاوی گوڵدانه‌کانی زوبان
چه‌ند خۆشه له شادومانییدا یاریی
چه‌ند خۆشه له‌گه‌ڵ شادومانییدا شه‌ڕ
چه‌ند خۆشه له‌گه‌ڵ شادومانییدا ته‌نیایی
چه‌ند خۆشه له شادومانییدا هه‌ناسه‌دان
من به‌م شادومانییه ئاڵووده‌م
هه‌میشه وه‌ک گۆزه‌ی عاریفێکی پیر
شادومانیی به به‌تاڵیی ده‌مبا و
له‌وسه‌ره‌وه به پڕیی ده‌مهێنێته‌وه
هه‌میشه وه‌ک زارۆکێکی تازه له‌دایکبووی
نێو باوه‌شی خودا
شادومانیی به کڕوزانه‌وه‌وه ده‌مبا و
له خواره‌وه به گڕوگاڵه‌وه ده‌مهێنێته‌وه
هه‌میشه وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی بێ‌گیانی
نێو گۆڕه‌پانی له‌خاچدان
شادومانیی به کوژراویی ده‌مبا و
دوای سێ ڕۆژ
له سه‌ره‌وه به زیندوویی ده‌مهێنێته‌وه
من شادومانییم هه‌یه
شادومانیی پشتوپه‌نامه
به پشتی ئه‌و ده‌ره‌قه‌ت دێم له وڵاتێکی بێگانه بژیم
به پشتی ئه‌و یارییه‌کانم ده‌که‌م
پیاسه‌کانم ده‌که‌م
له شه‌ڕه‌کانم دێمه‌وه
به پشتی ئه‌و خه‌ون ده‌بینم
هه‌ناسه ده‌ده‌م
بێده‌نگ ده‌بم
به پشتی ئه‌و له‌سه‌ر لێواری خه‌ره‌ند ڕاده‌وه‌ستم
چاو ده‌بڕمه چاوانی و
ه
ی
چ
ن
ا
ش
ت
ر
س
م
!
ئۆکتۆبه‌ری 2005
*