مردنێك له‌وديو په‌نجه‌ره‌كه‌وه
كۆمه‌ڵه چيرۆك
هێمن محمود
چاپی يه‌كه‌م 2004
هێمن محمود
ناوی كتێب: مردنێك له‌وديو په‌نجه‌ره‌كه‌وه
ناوی نووسه‌ر: هێمن محمود
پێشه‌كی: ئاوات عبدالله
بابه‌ت: كۆمه‌ڵه چيرۆك
تابلۆ‌و نووسينی سه‌ر به‌رگ: هونه‌رمه‌ند ئه‌كره‌م محمد
ته‌سميم‌و به‌رگ: چاپخانه‌ی هه‌ميشه
چاپ: چاپخانه‌ی هه‌ميشه
ژماره‌ی سپاردنی 474 ساڵی 2004 ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبيریی پێدراوه
* ئه‌رکی ئاماده‌کردنی ئه‌م کتێبه بۆ سه‌ر نێت له‌لایه‌ن (صباح حوسه‌ین)ه‌وه بووه، زۆر سوپاسی ده‌که‌م.
-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
چیرۆکه‌کان:
ئه‌وه‌ی ئێمه نه‌وه‌ی به‌د به‌ختیه‌کانین
مه‌رگێک به‌ده‌م کلوه به‌فره‌کانه‌وه
مردنێک له‌ودیو په‌نجه‌ره‌که‌وه
ئه‌و شه‌وه‌ی شا نه‌فره‌تی له شایه‌تی خۆی کرد
نه‌وه‌ی ئێمه نه‌وه‌ی به‌دبه‌خته‌یه‌كان.
هیچ كه‌سێك به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی به‌دبه‌ختیه‌كانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێمه مه‌حاڵه بتوانێت له نێو مه‌ینه‌تی‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌دا تێگه‌یشتنی درووست به ده‌ست بهێنێ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌دبه‌ختیی نه‌وه‌كانی ئێمه شێوه‌یه‌كی سه‌یرو نوێ تری به خۆیه‌وه گرت. مه‌رگ‌و غه‌ریبی‌و ته‌نهایی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن كه سه‌رجه‌م چیرۆكه‌كانی (هێمن)یان ته‌نیوه، من پێم وایه ئه‌م چیرۆكانه‌ی هێمن ئه‌ندازیاری مێژووی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌ن، هێمن ده‌یه‌وێت له پرۆسه‌ی چیرۆك نوسیندا ئه‌ندازیارێكی سه‌ر ڕاست بێت، بۆ هه‌ڵكۆڵینی ژیانی پڕ له حوزن‌و ته‌نیایی هه‌موو ئه‌و كوڕ‌و كیژه نامورادانه‌ی كه له‌م وڵاته‌دا حزب‌و سیاسه‌ت‌و كۆمه‌ڵگا ئارامیان لێسه‌ندۆته‌وه‌و ئیدی كه‌س نه‌بوو بۆ جارێك ئارامی به ژیانیان ببه‌خشێته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له جه‌نگ‌و له بۆسه بێماناكاندا به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك ته‌نیا یاداشت‌و وه‌سێتێكیان لێ بستێنێ ئیتر بۆ هه‌میشه ماڵئاواییان لێكردین‌و كه‌سیشمان نه‌مانزانی چۆن هاتن‌و چۆنیش چوون؟
هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌مان كه له‌سه‌ر سنور‌و له‌نێو حه‌قلی لوغم‌و ئینجا له شه‌ڕی خۆكوژیدا بۆ دواجار نه‌گه‌ڕانه‌وه لامان داخۆ بۆ ئاخر جار ده‌یان ویست چیمان پێ بڵێن؟ هه‌میشه پرسیاره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان ده‌بنه خولیای چیرۆك نووسین، ئه‌م هه‌موو مردن‌و غه‌ریبی‌و ته‌نیایی‌یه له پێناوی چی بۆ كێ ؟
مرۆڤ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو مه‌ینه‌تیانه‌دا هه‌ڵده‌كا، له‌نێو هه‌موو ئه‌م گومان‌و خولیا‌و پرسیارانه‌دا هێمن ده‌یه‌وێت چیرۆك بنوسێ، دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو چیرۆكێك ڕه‌نگه شتێكمان به خه‌یاڵدا بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ستی قسه‌كردن باشترین فێرگه‌ی مرۆڤه هێمن ده‌یه‌وێت هه‌موو په‌ستی‌و قین‌و دڵته‌نگیه‌كانی ژیان بهێنێته قسه، هه‌رچۆنێك بێت بێده‌نگ نه‌بێت، كێ ده‌توانێ هه‌قی هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌مان بۆ بكاته‌وه كه بوونه قوربانیی نه‌هامه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگا، ئێمه جگه له وشه‌و یاداشته تۆماركراوه‌كان به كام زمان‌و هه‌ناسه بتوانین له ئازاره‌كانمان بدوێین، جگه له چیرۆكه‌كانمان له دوای مردن هیچ شتێك گوزارشت له‌م هه‌موو ده‌ردو بیر‌و فه‌نتازیایه‌ی ئێمه ناكات، هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه مێژووی ژیانیان مێژوویه‌كی خامۆش‌و بێ یاداشت‌و بێ ده‌نگه ئه‌وان له‌دوای مردنیشیان ده‌بنه هاوڕازی ئه‌و ڕۆحانه‌ی كه پڕن له غه‌م‌و بێزاریی ئه‌م چیرۆكانه ئاوێنه‌ی نیشاندانی هه‌موو ئێمه‌ن، ئێمه زۆر ساده تر له هه‌موو نیشاندانه‌كانی دیكه، ئێمه ئه‌و وه‌خته‌ی ده‌بینه خۆمان، ئه‌و ساته‌ی كه دوور له غرورو نزیك له ویژدان، ده‌مانه‌وێت ئازاره‌كانی نێو ڕۆح‌و فرمێسكه‌كانی سه‌ر چاومان ببینین، ئه‌م چیرۆكانه به ته‌نگ ئێمه‌وه دێن، دێن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌مناك ترین‌و جوان ترین ڕێ‌و شوێنه‌كانی ته‌نیایی‌و غه‌ریبیمان یاد بخه‌نه‌وه، پێمان ده‌ڵێن ئێمه چه‌وساوه ترین بوونه‌وه‌ری ژیانین، ئێمه هه‌موومان منداڵه سه‌رلێشێواوو بزربوووه‌كانی ئه‌م دونیایه‌ن، ته‌نیاو ته‌نیا به كه‌ساسی‌و وێڵ‌و ئاواره بێ ڕێنیشانده‌رو سه‌رگه‌ردان، ئێمه هه‌ر ته‌نیا خۆمان له‌گه‌ڵ خۆمانین، هه‌ر ته‌نیا خۆمان ته‌نیایی بوووه‌ته هاو ده‌ممان بوووه‌ته یاسا‌و ڕێڕه‌وی ژیانمان، ئیتر به ته‌نیا ژیان، به ته‌نیا نوسین‌و قسه‌كردن‌و به ته‌نیا مردن، مه‌رگ‌و ته‌نیایی بۆ ئێمه بوونه‌ته مانایه‌ك گه‌لێك قوڵ تر له مانای مه‌رگ‌و ته‌نیایی.
ئاوات عه‌بدوڵا
29/7/2004 سلێمانی
ــ 1 ــ
به دیار وێنه‌كانی ئیلیاوه داده‌نیشم.. كلوه به‌فره‌كانیش له ده‌ره‌وه بێ په‌روا داده‌بارێن.. داده‌بارێن‌و زیاتر‌و زیاتریش دنیا سپی ده‌كه‌نه‌وه.. وێنه‌یه‌كی گه‌وره تری ئیلیاش له ژوور سه‌رمه‌وه.. له‌سه‌ری سه‌ری خه‌یاڵه‌كانمه‌وه هه‌ڵواسراوه.. هه‌ڵده‌ستم.. په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه لاده‌ده‌م‌و سه‌یرێكی ئه‌و دنیا سپیه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كه‌م كه ئیلیای له هیچ لایه‌كه‌وه لێ دیار نی‌یه.. ده‌نگی مۆسیقاكه‌ش زیاتر ئه‌و پانتاییه سپییه درێژ تر ده‌كاته‌وه.. حه‌زم له ده‌ره‌وه‌یه.. له حه‌وشه‌كه.. له‌ناو باخچه‌كه كه به‌فره‌كه بێ ڕه‌حمانه گیاكانی پلیشاندۆته‌وه.. ده‌ڕۆمه ده‌ره‌وه.. ده‌ری ده‌ری خه‌یاڵه‌كانم.. یان ناوه‌وه‌ی خه‌یاڵه‌كانم.. ئه‌و شوێنه قوڵ‌و دووره‌ی كه به‌فرێكی ئێجگار زۆری بێ ڕه‌حمی‌و بێ میهری‌و بێ مروه‌تیی ( ئیلیا ) ی لێ باریوه .. به خه‌تێكی گه‌وره له‌سه‌ر به‌فره سپیه‌كه ده‌نووسم ئیلیا.. پارچه‌كانی دڵم ده‌هێنم به‌ژێریداو به ته‌نیشتیه‌وه له‌سه‌ر پشت پاڵ ده‌كه‌وم.. پاڵ ده‌كه‌وم‌و كلوه به‌فره‌كانیش به خێرایی خۆیان ده‌كێشن به ڕوخسارمدا .. داده‌بارێن‌و به هێرشێكی گه‌وه‌ره ڕوخسارم سپی ده‌كه‌نه‌وه به‌ڵام هێشتا دڵم هه‌ر سوور ده‌چێته‌وه له برینی دووریه‌كانی ئیلیا .. به‌ئاگا دێمه‌وه... شه‌وو به‌فرو دووریی ئیلیا هه‌روه‌كو خۆیه‌تی .. شه‌كه‌ت‌و ماندوو ده‌ڕۆمه ژووره‌كه‌م .. ئیلیا له وێنه‌كه‌دا هه‌روه‌ك جاران دانیشتووه .. له ژوور سه‌رمه‌وه.. له سه‌ری خه‌یاڵه‌كانمه‌وه .. پێ ده‌كه‌نێ‌و به نازه‌وه له كامیرای ڕووانیوه .. له وێنه‌یه‌كی تری به‌رده‌ستیشمدا ئیلیا شه‌ڕه به‌فر ده‌كات ... به‌فرێك خۆش به‌خت تر له‌م به‌فره .. تۆپه‌ڵێكی ئاماده كردوه بیگرێته كه‌سێ به‌ڵام هیچ كه‌سێ ده‌رنه‌كه‌وتووه .. كامیراكه له‌لای ڕاسته‌وه لێ‌ی ڕوانیوه‌و وێنه‌گره‌كه به ده‌نگی به‌رز بانگی كردوه‌و وتوویه‌تی ئیلیا .. چرك وێنه‌كه‌ی گرتووه.. ئیلیا كڵاوێكی ڕه‌شی له‌سه‌ردایه‌و ملپێچێكی سوری ئاڵاندوه‌ته ملیه‌وه .. پاڵتۆیه‌كی ڕه‌شیش كه ناهێڵێت هیچ هه‌وایه‌ك به دزیه‌وه جه‌سته‌ی ئیلیا ببینێت .. ئه‌و پاڵتۆیه‌م له هه‌موو شته‌كانی تری ناو وێنه‌كه خۆشتر ده‌وێت .. چرك‌و وێنه‌یه‌كی تری ئیلیا كه له كافتریاكه پێكه‌وه گرتوومانه .. من خه‌یاڵێكی دوور بردومیه‌تیه‌وه‌و ئیلیاش كه هه‌ردوو ده‌ستی به‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌میه‌وه‌یه‌تی زۆر به قووڵی چاوی ئاڕاسته‌ی كامیراكه كردووه .. ئیلیا بیر له چی ده‌كاته‌وه .. به‌فر ده‌بارێت دنیا سپی تر‌و فراوان تر‌و بێڕه‌حم تر ده‌چێته‌وه .. ته‌واو خه‌یاڵه‌كانی دووریی ئیلیا بێتاقه‌تی كردووم .. وێنه‌كان په‌رش‌و بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌و ئیلیا ژووره‌كه داده‌پۆشێ .. ژووره‌كه پڕ ده‌بێت له ئیلیاو له‌سه‌ر كاغه‌زێك ده‌نووسم :
بۆ (ئیلیا ) .. له هه‌ر كوێیه‌ك هه‌یت..
به‌فر ده‌بارێت‌و من بیرت ده‌كه‌م .. ئایا تۆش وه‌هایت ..؟ بیركردنێك كه هیچ كۆتاییه‌كی لێوه دیار نه‌بێت .. یان نه‌گا به هیچ خاڵیك .. ئه‌م شه‌و حه‌زم لێ‌بوو به جه‌سته لێره بوویتایه .. ( بۆ ئاگاداریشت وێنه‌كانت ژووره‌كه‌ی داگیر كردووه ) .. حه‌زم لێ بوو ده‌ستت بگرم‌و تێر تێر له‌ناو ئه‌و به‌فره‌دا شه‌ڕه به‌فر بكه‌ین .. پێبكه‌نین‌و تۆ بده‌م به زه‌ویداو پڕ ده‌مت بكه‌م له به‌فر.. تۆش خۆت ئاسا له‌ژێر ده‌ستم ڕابكه‌یت‌و تۆپه‌ڵ تۆپه‌ڵی گه‌وره بكێشی به ده‌م‌و چاوم‌دا .. ته‌نانه‌ت به دڵیشم‌دا .. وه‌ك دوو منداڵ شێره به‌فرینه درووست بكه‌ین‌و له ته‌نیشتی‌دا بووه‌ستین .. من پێت بڵیم ئیلیا كه‌م سه‌یری ئه‌و كلوه گه‌ورانه بكه كه له ئاسمانه‌وه ده‌بارێن‌و تۆش هه‌ردوو ده‌ستت بكه‌یته‌وه‌و پێم بڵێیت بزانه كاممان پڕ ده‌ستمان ده‌بێت له به‌فر .. ئیلیاكه‌م من نه‌ك هه‌ردوو ده‌ستم پڕیه‌تی له به‌فر.. به‌ڵكو پڕیه‌تی له كلوه به‌فری گه‌وره گه‌وره كه له‌وه‌ته‌ی به‌فره‌كه‌ی ده‌ره‌وه ده‌بارێت به‌فره‌كه‌ی دووری تۆش ده‌ستی كردووه به بارین .. به‌فر ده‌بارێت‌و من بیری تۆ ده‌كه‌م .. بیر كردنێكی مناڵانه .. به‌ڵام ساف‌و به به‌ها .. بیر كردنێكی به‌ریئانه .. بیر كردنێك كه نه‌ك به ته‌نها به‌فره‌كه‌ی حه‌وشه‌ی ئێمه .. به‌ڵكو به‌فری هه‌موو دنیاش ناتوانێت دڵی گه‌رم داهاتووی من به‌ده‌م گۆرانییه‌كه‌وه سارد كاته‌وه ..
ئه‌رێ به‌ڕاست ئیلیا تۆ له كوێیت ...
ــــــــ 2 ــــــــ
كه‌سێك له‌مسه‌ری خه‌یاڵه‌كانمه‌وه بانگ ده‌كات ئیلیا .. هیچ كه‌سێكیش دیار نی‌یه .. به‌ڵام من خۆم ده‌بینم .. به هه‌ناسه بڕكێوه بۆ یه‌كێك ده‌گه‌ڕێم.... ده‌رگای ژووره‌كه ده‌كه‌مه‌وه .... هه‌روه‌ها په‌نجه‌ره‌كانیش ... ته‌نانه‌ت ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌ش... بۆ هاتنی كه‌سێك خۆم ئاماده كردووه كه له‌گه‌ڵ هاتنیدا بۆنی هه‌ناری لێ دێت .. به‌ڵام هیچ كه‌سێك دیار نی‌یه.. به كۆڵانه‌كه‌دا بۆی ده‌گه‌ڕێم .. ئیراده‌م نیه .. له ده‌رگاكانی هه‌موو ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌ك ده‌ده‌م ... ئاره‌ق له نێوچاوانم ده‌چۆڕێ‌و هیچ وه‌ڵامێكی هاتنی ئیلیام ده‌ست ناكه‌وێ .. له‌به‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌كه داده‌نیشم‌و له چاوه‌ڕوانی‌و خۆشی‌دا وه‌خته ڕۆحم ده‌ر بچێ .. به‌ڵام ئیلیا له هیچ لایه‌كه‌وه ده‌رناكه‌وێت نه له‌مسه‌ری كۆڵان‌و نه له‌وسه‌ری كۆڵان... خه‌ڵكان ده‌ڕۆنه ماڵه‌وه‌و من هێشتا وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیی نوقڵه‌كانی ده‌ستی دایكم بم كه ئێواران له بازاڕ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌و بۆی ده‌هێنام چاوه‌ڕوانی هاتنی ئه‌وم .. شه‌و به قورسی دادێت‌و به‌ناچاری له‌ناو چیمه‌نی حه‌وشه‌كه له‌سه‌ر كورسییه‌ك داده‌نیشم .. كزه‌یه‌كی فێنك له‌وسه‌ری دنیاوه هه‌ڵ ده‌كات‌و ڕێك به دڵی مندا ده‌كێشێت .. كزه‌یه‌كی وه‌ها هه‌موو ئه‌و برینانه هه‌ڵ ده‌داته‌وه كه له‌حزه‌یه‌ك به ناسینی ئیلیا له‌سه‌ر ڕۆحم درووست بوون .. ئیلیا ته‌واو بێتاقه‌تم ده‌كات... به‌یانیان له خه‌و هه‌ڵده‌ستم كه‌چی ئیلیا له‌ناو جێگاكه‌دا ده‌ستی ناوه‌ته بیناقاقام ... شه‌و ده‌مه‌وێت بخه‌وم كه‌چی پێكه‌نینه حه‌زینه‌كانی ئیلیا له‌سه‌ر كتێبه‌كه ده‌ستم به‌ر نادات .. له بازاڕ ده‌گه‌ڕێم كه‌چی ئیلیا به ته‌نیشتمه‌وه پیاسه ده‌كات .... كه هاوڕێیه‌كیشم قسه‌م بۆ ده‌كات ئیلیا بردوومی‌و بردوومی له شوێنێكی لاته‌ریك له‌و دنیای ڕۆحی خۆی گیرسان دومیه‌تیه‌وه .. شه‌و به قورسییه‌وه ڕۆ نیشتوه‌ته سه‌ر دڵم‌و كزه فێنكه‌كه‌شی جه‌سته‌ی گه‌ڵای گوڵه‌كانی حه‌وشه ده‌له‌رێنێته‌وه .. بێده‌نگ له دڵی خۆمدا بیر ده‌كه‌مه‌وه ..
بۆ ئیلیا ... ئه‌مشه‌ویش وه‌ك هه‌موو شه‌وه‌كانی تر كه نه‌ده‌هاتی چاوه‌ڕوانت ده‌كه‌م .. زۆرجار ده‌گه‌م به‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌گه‌ر لێره‌بای هێنده‌ی ئه‌وه تامی نیه كه چاوه‌ڕوانیت بكه‌م .. ئه‌م چاوه‌ڕوانیی كردنه چه‌ند درێژیش بێت به‌ڵام نامگه‌یه‌نێت به هیچ كۆتاییه‌ك .. ئایا له‌وه ئاگاداری كه هیچ شتێك له كۆتایی ناخۆش تر نی‌یه .. كۆتایی .. كۆتایی ..
چ وشه‌یه‌كی ڕه‌زا گران‌و چ واقعێكی تاڵ‌و بێهوده‌یه .. له‌بیرته كه منداڵ بووین له‌و سه‌ری دنیاوه ده‌هاتنه ماڵمان‌و پاش چه‌ند شه‌وێك مانه‌وه باوكت ده‌یووت ئیلیا ئه‌م جاره‌ش سه‌فه‌ره‌كه‌مان كۆتایی هات .. منیش بێده‌نگییه‌كی كوشنده دای ده‌گرتم‌و تێر تێر سه‌یری تۆم دهكردو له دڵی خۆمدا ده‌مووت خودایه كه‌ی جارێكی دی بگه‌ڕێنه‌وه .. به‌ڵام ئیلیا ئێوه هه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه .. كه گه‌وره‌ش بووین من هه‌ر بیرم لای ئه‌و له‌حزه‌یه بوو كه تۆ له ته‌نیشت باوكته‌وه له ئۆتۆمبیله‌كه‌دا سه‌رت ده‌رهێنا بوو به ده‌ستێكیش سڵاوت لێ ده‌كردم‌و منیش هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگاكه‌دا ده‌گریام .. بۆنی ئیلیا له‌گه‌ڵ بۆنی گوڵه‌كانی حه‌وشه‌كه‌دا تێكه‌ڵ ده‌بێت، ده‌گریام‌و ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی نه نووستم .. به‌یانیش كه دایكم چاوانمی به‌و ئاوساوی‌و سوور بوونه‌وه‌یه‌وه بینی دایه گریان‌و وتی كوڕه‌كه‌م چ شه‌یتانێك چووه‌ته ڕۆحته‌وه .. دایكه گیان ئه‌وه شه‌یتان نه‌بوو ئه‌وه ئیلیا بوو .. ئیلیا... دایكم سه‌ری خستمه سه‌ر سینگیه‌وه‌و وتی ڕۆڵه‌كه‌م ئیلیا كێیه .؟ دایكم ڕاستی ده‌كرد ئیلیا كێ بوو ..؟ فریشته‌ی چ باخێكی عه‌ده‌ن بوو ..؟ په‌روانه‌ی چ فیرده‌وسێكی نه‌بینراو بوو ..؟ هه‌ناری چ دارێكی مه‌مله‌كه‌تی عاشقان بوو ..؟
شه‌و تا دێت قورس تر ده‌بێت‌و چاوه‌ڕوانیی هاتنی ئه‌و شه‌كه‌تی كردووم .. من حه‌زێكی زۆرم هه‌یه بۆ بینینی تۆ ئه‌گه‌ر چه‌نده‌ش دوا بكه‌ویت .. له‌زه‌تێكی زۆرم هه‌یه ئه‌گه‌ر بۆ دره‌نگانێكی زۆر دره‌نگیش بێت په‌یدا بیت .. به‌ڵام دڵم پێم ده‌ڵێ تۆ په‌یدا نابیت .. ئیلیا .. بیرت ده‌كه‌م .. له‌نێو خۆشه‌ویستی تۆ‌و خۆشنه‌ویستنی تۆدا .. له‌نێو بیركردنی تۆ‌و بیرنه‌كردنی تۆدا من مرۆڤێكم لێ ده‌رچووه تا سه‌ر ئێسقان ڕاڕا .. له‌نێو چاوه‌ڕوانی هاتنی تۆ‌و چاوه‌ڕوان نه‌كردنی سه‌فه‌ره‌كه‌ی تۆدا .. له‌نێو قسه‌كردنی تۆ‌و قسه‌نه‌كردنی تۆدا .. من مرۆڤێكم لێ ده‌رچووه تا سه‌ر ئێسقان بێ ئیراده .. من ماندووم .. دایكم ڕاستی ده‌كرد ئیلیا كێ بوو .. فریشته‌ی چ باخێكی عه‌ده‌ن بوو .. په‌روانه‌ی چ فیرده‌وسێكی نه‌بینراو بوو ... هه‌ناری چ باخێكی مه‌مله‌كه‌تی عاشقان بوو .. وا له هیچ لایه‌كه‌وه ده‌ر نه‌ده‌كه‌وت ...
ـــــــ3ــــــ
ڕۆژێك له ڕۆژان ئیلیا هات ..
من ئه‌و كات گه‌وره بوو بووم .. باوكم جامانه‌یه‌كی كردبووه سه‌رم‌و به دوای خۆیدا بۆ شوێنه‌كان ڕای ده‌كێشام .. له‌دوایه‌وه ده‌ڕۆشتم‌و هه‌ستم به گه‌وره بوونی خۆم ده‌كرد .. دایكم هه‌موو جارێك پێ‌ی ده‌ووتم كوڕم خه‌ریكه ده‌بیت به پیاو .. من بوو بووم به پیاو .. به‌شداری پرسه‌كانم دهكردو له ئاهه‌نگه‌كانیشدا هه‌ڵده‌په‌ڕیم .. له ماڵه‌وه به شه‌ق به خوشكه‌كانم دا ده‌هاتم‌و دایكم تێر جنێ‌و ده‌كرد .. باوكم ئێواره‌یه‌ك پاش ئه‌وه‌ی هه‌ستی كرد خه‌ریكه ده‌بم به پیاو هه‌موومانی كۆكرده‌وه‌و پێ‌ی وتین گه‌ر من له‌ماڵ نه‌بووم ئه‌م پیاوی ماڵه .. پیاوی ماڵ .. چ نازناوێكی قه‌به‌و ترسێنه‌رو گشت گیرانه‌یه .. من خۆم باوك‌و خۆم كوڕه گه‌وره‌ی ماڵ بووم ... ئیلیاش له هیچ شوێنێكی خه‌یاڵی مندا جێگای بۆ نه‌مابوویه‌وه .. عه‌شقم به گه‌مه‌یه‌كی مناڵانه ده‌هاته به‌رچاو .. گه‌مه‌یه‌ك كه ته‌نها له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك ئێمه‌دا ده‌كرا .. كه گه‌وره ده‌بوویت له جیاتی ئه‌وه‌ی عه‌شق بكه‌یت ده‌بوو ببیت به پیاو .. چۆن پیاوێك .. پیاوێك كه عه‌شقی پێ گوناهێكی گه‌وره بێت .. ئه‌و ڕۆژه‌ش كه ئیلیا ده‌ركه‌وت من پیاوێكی كامڵ بووم .. به‌لاَم كه نیگاكانی ئه‌وم بینییه‌وه مناڵه‌كه‌ی ناو ناخم زیندوو بوویه‌وه .. خودایه .. چه‌ند له‌خۆشیدا منداڵ بوومه‌وه .. ئه‌و كات من له بازاڕ له به‌رده‌م دووكانی تۆمارگایه‌كدا دانیشتبووم. كه ئیلیام له‌و سه‌ری بازاڕه‌كه‌وه بینی حه‌په‌سام .. ئێواره‌یه‌كی فێنكی هاوین بوو .. دنیا ساده ساده ده‌چوویه‌وه.. له‌به‌ر زۆری پیاوه‌كان كه‌س ئاگای له عه‌شق نه‌ما بوو .. ئیلیا بێ په‌روا چاوی به دووكانه تازه‌كاندا ده‌گێڕا .. بۆ چ شتێكی دیكه‌ش چاوی گێڕابێت .. پێده‌كه‌نی.. ئه‌ویش گه‌وره بوو بوو .. ئیلیای نێو خه‌ونه دووره‌كانم .. ساده‌ییه‌كی مناڵانه هێشتا به ڕوومه‌تیه‌وه بوو .. من له جێگای خۆم هه‌ستام‌و دوور دوور لێم ده‌ڕوانی .. ئیلیا ده‌هات‌و دڵی منیش هێنده‌ی تر بچوك ده‌بوویه‌وه .. جێگام به خۆم نه ده‌گرت‌و هه‌موو سیماكانی گه‌وره‌ییم فڕێ‌دا .. چاوه‌ڕێی بووم كه بێت‌و هات .. له به‌رده‌میدا وه‌ستام‌و تێر له چاوه‌كانیم ڕووانی .. ئه‌وه ئیلیا بوو .. ئه‌ویش منی ده‌ناسی .. كه‌سێكی ده‌كه‌وته خه‌یاڵ كه ڕه‌نگه ڕۆژێك له ڕۆژان له شوێنێك دیبێتی.. به‌ڵام چۆن‌و كه‌ی ئه‌وه‌یانی نه‌ده‌زانی .. خودای گه‌وره .. ئه‌وه چ له‌حزه‌یه‌ك بوو كه منی تێكه‌وت بوو .. به چاوانم هه‌موو شتێكم پێ وت .. ئه‌و هیچم لێ تێ نه‌ده‌گه‌یشت ... من ڕێك له به‌رده‌میدا قیت بوومه‌وه‌و ئه‌ویش حه‌په‌سا بوو .. گۆڕانێكی وه‌های به‌سه‌ردا نه‌هات بوو .. هه‌مان ئیلیای مناڵی خه‌ونه‌كانی من بوو .. چاوانێكی كراوه كه له‌وه ده‌چوو زه‌مه‌نێكی زۆر بێت له چاوه‌ڕوانیدا كراوه تر بوو بوون .. لێوێك كه هه‌ر ده‌تووت گه‌ڵا هه‌ناره .. ئیلیا با مناڵ بینه‌وه‌و وه‌ك جاران گه‌مه‌كانمان بكه‌ینه‌وه .. به‌ڵام ئیلیا وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كی دوور دووری خۆی سه‌یری كردم‌و به سه‌یر كردنه سیحراویه‌كانی خۆی جێی هێشتم‌و له‌ناو زۆریی پیاوه‌كانی بازاڕدا ون بوو. ئیلیا كێ بوو .. كچی كام نه‌ته‌وه‌ی دڵ له به‌رد بوو .. درۆی چ خه‌ونێكی مناڵیی بوو .. ئیلیا یاقووتی چ ده‌ریایه‌كی نه‌زانراو بوو .. خه‌یاڵی چ نووسه‌رێكی خۆش باوه‌ڕو ساده بوو .. گوڵی ژاكاوی ده‌ستی چ پیاوێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه پڕ له پیاوه بوو .. كه‌وا گه‌مه‌كانی مناڵیی له‌یاد كرد‌و وه‌ك بایه‌كی تێپه‌ڕ بێ هیچ ئاسه‌وارێك تێپه‌ڕ بوو بوو ...
زستانی 2004/ده‌ربه‌ندیخان
* به سێ به‌ش له ژماره‌كانی ( 21 , 22, 23 ) ڕۆژنامه‌ی ( خوێندنی لیبراڵ ) دا بڵاوبوه‌ته‌وه
دراوسێكانم ژیان به‌شیان ناكات.
ئه‌وه‌تا گوێم له هه‌ناسه‌یانه .... گوێم له شڵپه‌ی ماچ‌و شه‌ڕه ده‌ستێكی بێ هوده‌ییانه‌یه ... پێده‌كه‌نن... زۆر جاریش ئاخ‌و ئۆفێكی زاڵمانه هه‌موو گیانم ده‌هێنێته جۆش... من به گوێی خۆم گوێم له به‌ریه‌ك كه‌وتنی دوو جه‌سته‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو ڕووبار به خێرایی به یه‌كدا ده‌ن‌و تێكه‌ڵ به یه‌كتری بن .... گوێم له له‌رینه‌وه‌ی ئه‌و ژووره گه‌رم‌و گوڕه‌یه كه ڕێك به ته‌نیشت ژووره‌كه‌ی منه‌وه‌یه ... منێك كه نه‌ك هه‌ر جه‌سته‌م به‌ر هیچ جه‌سته‌یه‌ك نه‌كه‌وتووه تاوه‌كو ئێستا، به‌ڵكو هیچ جه‌سته‌یه‌كی پیاویشم تاوه‌كو ئێستا به ڕووتی نه‌بینیوه، ئه‌و جاره‌ش كه پیاوه به ته‌مه‌نه‌كه هاته داوام، دایكم‌و باوكم كه به ده‌ست پیرێتییه‌وه ده‌یان ناڵاند به نابه‌دڵییه‌كه‌وه جوابیان كرد‌و وتیان ئه‌ی ئێمه كێ به‌خێومان كات.
ئه‌وان ڕاستیان ده‌كرد.
ئه‌وان جگه له من كه‌سی دیكه‌یان بۆ نه‌مابوویه‌وه تاوه‌كو به‌خێویان كات .
براكانم یه‌كه‌كه ئێره‌یان به جێهێشت‌و منیان به‌و ته‌مه‌نه گه‌وره‌یه‌وه كه بێ ئه‌وه‌ی پیاوێك له ده‌رگای دڵی دابێتم له خانووه ته‌نهاكه‌دا به‌جێهێشت كه دوای مردنی دایكم‌و باوكم بۆ من ... منی قه‌یره‌و سه‌رسپی به‌جێمابوو..
دایكم هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زۆر زووه‌وه فێری چێشت لێنان‌و قاپ‌و قاچاخ شۆردنی كردم‌و هه‌موو جاریش ده‌یووت كچم زوو فێربه چونكه هیچ بوكێك ئێمه به‌خێو ناكات .
هه‌ر واش ده‌رچوو نه ئێستا‌و نه ئه‌وساش هیچ یه‌كێك له بوك‌و دوو كوڕه‌كه‌ی پیاڵه‌یه‌ك چایان بۆ لێ نه‌نان .
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو ئه‌وكاته‌ش كه برا گه‌وره‌كه‌م ژنه چاو سه‌وزه‌كه‌ی هێنا به بێزێكه‌وه ژنه‌كه‌ی سه‌یرێكی من‌و دایكمی كردوو وتی وش .... بۆ ناته‌وێت من ئه‌م دوو پیره‌ژنه به‌خێو كه‌م.؟!
دوو پیره ژن.! من ئه‌وكات تێگه‌شتم ته‌مه‌نی جوانیم به‌سه‌ر چووه‌و ژیانم دۆڕاندووه بۆیه یه‌كسه‌ر دوای ئه‌و قسانه چوومه به‌ر ئاوێنه‌كه‌و تێر تێر به دیار دیمه‌نی خۆمه‌وه گریام، دیمه‌نێك كه لۆچی ده‌موو چاوو سپێتی سه‌رم مرۆڤی بێهوده ده‌كرد.
برا گه‌وره‌كه‌م‌و ژنه‌كه‌ی سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت‌و برا بچووكه‌كه‌شم هه‌موو جار به شه‌ق ده‌هات به باوكمدا كه زۆر له مێژ بوو چاوه‌كانی به‌هۆی پیرێتییه‌وه له ده‌ست دابوو، ده‌یووت ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌بن من ئه‌م خانووه له‌عنه‌تیه ده‌فرۆشم‌و ده‌ڕۆم .
ئه‌و ڕۆیشت .. ئه‌و ساڵانه ساڵانی ڕۆیشتن بوو .. هه‌ر له گه‌وره‌وه تاوه‌كو بچووك ترین منداڵ ده‌یانووت ده‌ڕۆین ... كچانێكی زۆر بێ پیاو كه‌وتبوون .. ژنانێكی زۆر مێرده‌كانیان به جێیان هێشتبوون‌و له وڵاتێكی دوور له خه‌یاڵ گیرسابوونه‌وه ....
ژیان جگه له ڕاكردن‌و ڕۆ یشتن هیچی دیكه نه‌بوو ....
براكانم هه‌رگیز نه‌یان خوێندبوو، جگه له چه‌كداری‌و دزی‌و زۆر جاریش كرێكاری هیچی دیكه‌یان نه‌ده‌زانی ..
كه كه‌ڵ كه‌ڵه‌ی ئه‌م ڕۆشتنه‌ش په‌یدا بوو برا گه‌وره‌كه‌م له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی ڕۆشتن ئیدی برا بچووكه‌كه‌شم ده‌یووت ده‌ڕۆم .
ئه‌و ئێواره‌ش كه برا گه‌وره‌كه‌م به برا بچووكه‌كه‌می وت له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌كدا وه‌ره، هاته‌وه ماڵه‌وه‌و یه‌كی یه‌ك تفی باشی كرده ناوچاوانی هه‌موومان‌و وتی نه‌فره‌تتان لێ بێت .. نه‌فره‌ت له دۆزه‌خه‌كانتان .. له ته‌نهاییه‌كانتان .. له خه‌م‌و خه‌فه‌ته‌كانتان ... ئیدی بۆ به‌یانییه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت هیچ ماڵئاواییه‌ك بكات ڕۆیی ..
دایكم به دیار جێگاكه‌یه‌وه هه‌ندێك گریاو سه‌یرێكی خه‌مناكانه‌ی باوكمی كرد كه له‌سه‌ر جێگاكه‌ی هێشتا خه‌وت بوو..
من كه برا بچوكه‌كه‌م ڕۆیی ته‌مه‌نم زۆر زوو به‌ره‌و سه‌ر هه‌ڵده‌كشا، ئیدی ژیانم له نێو جل شۆردن‌و چێشت لێنان‌دا بۆ دایكم‌و باوكم كه به‌یه‌كه‌وه ئه‌م دنیا ناخۆشه‌یان به‌جێهێشت ته‌واو بوو بوو.
ئه‌وه‌تا ئه‌م جاره‌ش گوێم له هه‌ناسه بڕكێ‌و قیژه‌ی كورت‌و پێكه‌نینیانه ..
ئه‌و قیژه كورت كورت‌و حه‌ز ئامێزانه هه‌موو گیانم ده‌هێنێته جۆش .... من ده‌زانم ئه‌وه له خۆشییه‌وه‌یه نه‌ك ئازار .... ده‌زانم .. نازانم .. ئاده‌زانم ..... چه‌نده‌ها جار قیژه‌ی له‌و جۆره‌م كردووه .
هه‌موو جار پیاوێك ده‌هاته خه‌یاڵمه‌وه‌و هێدی هێدی ماكسیه زه‌رده‌كه‌می هه‌ڵ ده‌دایه‌وه .. ئا.... به‌ته‌واوه‌تی له به‌ری داده‌كه‌ندم‌و .. به‌بێده‌نگیی له‌سه‌ر پشت ده‌یخستم‌و ده‌می ده‌هێناو سه‌ری ماچ ده‌كردم ..... دواتر به‌ره‌و خوار تاوه‌كو ناو ده‌مم ده هات.
خودایه بۆنی عه‌تری لێ ده‌هات .. ده‌ستی ده‌خسته قژمه‌وه‌و به تووندیی لێوی ده‌گوشیم چ زۆرزان بوو خودایه ده‌ستی ده‌برد... ده‌یبردو ده‌یبرد تاوه‌كو ئه‌و شوێنه‌ی كه نه‌ده‌بوو بیبات.. من پێم خۆش بوو، له قیژه‌ی خۆم به ئاگا ده‌بوومه‌وه...
گوێم له شه‌ڕه ده‌سته .. ئه‌وه چی‌یه هه‌ر ئه‌ڵێی شه‌ڕده‌كه‌ن ئه‌م دراوسێ تازانه‌م ..
له‌وه‌ته‌ی ژووره گه‌وره‌كه‌م داوه به كرێ‌و خۆم له ژووره بچووكه‌كه‌دا نیشته‌جێ بووم شه‌ڕی له‌و جۆره‌م لێیان نه‌بینیوه. ئه‌وان كوڕ‌و كچێكی به‌خته‌وه‌رن ... هه‌ردووكیان خۆێندكاری زانكۆن ... به یه‌كه‌وه ده‌خوێنن‌و به یه‌كیشه‌وه ژن‌و مێردن ...
ڕوویان خۆشه هه‌موو جار هه‌رچیی بۆ خۆیان بهێننه‌وه به‌شی منیش ده‌ده‌ن‌و ده‌ڵێن (پورێ)، ئا پورێ له نوێژه‌كانتا دوعامان بۆ بكه با له تاقیكردنه‌وه‌دا ده‌رچین ..... تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان زۆر زه‌حمه‌ت‌و قورس بوو ... من ده‌ڵێم به‌سه‌ر چاوان ڕۆڵه‌كانم له دنیادا شت نی‌یه لێ‌ی ده‌ر نه‌چیت ....
من ئه‌وانم خۆش ده‌وێت .. ئه‌وانیش من، هه‌موو جار گۆرانییه‌كه‌ی ( عه‌دنان كه‌ریم ) ده‌خه‌نه سه‌ر ته‌سجیله‌كه‌و به‌ده‌م سه‌عی كردنه‌وه ده‌یڵێنه‌وه..... له ژووره‌وه چه‌پڵه لێ ده‌ده‌ن‌و پێده‌كه‌نن .. كه بێتاقه‌تیش ده‌بن دره‌نگانێك وه‌ك ئێستا به‌ر ده‌بنه یه‌كتری‌و من له‌م دیوه‌وه ده‌كوژن...
ئه‌وه چی‌یه خۆ پێده‌كه‌نن، شوكر خودایه .. من چاكیان ده‌ناسم ئه‌وان چه‌ند دڵیان خۆشه .. زۆر جاریش باسی هاوڕێكانیان ده‌كه‌ن‌و گوێم لێیه به گاڵته پێكردنه‌وه ژیانیان ده‌گێڕنه‌وه...
ئه‌و جاره‌یان من له‌سه‌ر دۆشه‌كه چڵكنه‌كه پاڵ كه‌وتبووم كوڕه‌كه به كچه‌كه‌ی ده‌ووت براده‌ره‌كه‌ت حه‌زی لێكردووم‌و ئه‌مڕۆ له كافتریاكه پێ‌ی وتم .....
كچه‌كه به پێكه‌نینه‌وه ده‌یووت چه‌ند بێ ئه‌قڵه! ئه‌ی نازانێت چه‌ندێك من تۆم خۆش ده‌وێ....
خۆشه‌ویستی ...
ئه‌و وشه‌یه چه‌ند غه‌ریبه به من .. منێك كه تاوه‌كو ئه‌م ساته‌ش له پیرێتیدا نووقم بووم یه‌كێ وشه‌یه‌كی له‌و€جۆره‌ی پێ نه‌وتووم ...... دڵم ته‌نگ ده‌بوو .. به‌ڵام دووباره به پێكه‌نینی ئه‌وان ده‌هاتمه‌وه سه‌ر خۆم‌و خۆزگه‌ی ژیانێكی به‌خته‌وه‌رم بۆ ده‌خواستن.
ئه‌وه‌تا گوێم له هه‌ناسه‌یانه خێراتر ده‌بێ .. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی دووریان به ڕاكردن بڕیبێ....
دووباره زرم‌و كوته‌كه ده‌ستی پێ كرده‌وه ... من له‌م ژووره‌دا هه‌ست به له‌رینه‌وه‌ی زه‌وی ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه دووا هه‌مین له‌رینه‌وه‌ی زه‌وی بێت‌و ئیدی ژیان بۆ هه‌تا هه‌تایه ڕابوه‌ستێت .. پێده‌كه‌نن‌و زۆر به سووكیی قسه بۆ یه‌كتری ده‌كه‌ن.....
ئه‌وه‌تا جه‌سته‌كانیان خاو ده‌بێته‌وه‌و ده‌نگی هه‌ناسه‌یان نامێنێت ..
هیچ ده‌نگێكیان نامێنێت ... هیچ بۆنێكی خۆشیشیان نامێنێت ...
نه‌ك هه‌ر ده‌نگ‌و ره‌ِِنگ‌و بۆنیان له خه‌یاڵی مندا نامێنێت .....
به‌ڵكو چیدی منیش نه له‌م ژووره‌و نه له هیچ ژوورێكی ساردی تاریكی ئه‌م دنیایه‌دا هیچ بۆن‌و ڕه‌نگ‌و ده‌نگ‌و هه‌ناسه‌یه‌كم نابیسترێت......
سه‌ره‌تای پایزی 2003/دربندیخان
* له ژماره ( 386) پاشكۆی ئه‌ده‌ب وهونه‌ری ڕۆژنامه‌ی( كوردستانی نوێ ) دا بڵاوبوه‌ته‌وه
خوشكه گه‌وره‌كه‌م به ته‌له‌فون ده‌ڵێت باوكمان مرد.
ساڵه‌های ساڵ ئه‌و برینه‌ی باوكم له ڕۆحمدا دروستی كردبوو گه‌وره‌تر ده‌بوو شه‌وه‌های شه‌و ده‌چمه حه‌وشه‌كه، به‌سه‌ر كورسییه‌كه‌وه له‌ناو چیمه‌نه‌كه‌دا له گوڵه‌كان ده‌ڕوانم، كه هه‌موویان له قه‌راغ چیمه‌نه‌كه‌وه له چاوه‌ڕوانیی به‌یانییه‌كی تردا ڕاوه‌ستاون، دایكم له ژوره‌وه له ناو جێگاكه‌یدا كه‌وتووه‌و به‌ده‌م ئازارێكی زۆره‌وه بانگی من ده‌كات من كوڕه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی جارانی‌و تارماییه تاریكاییه‌كه‌ی ئێستای، ده‌ڕۆم‌و گڵاسێك ئاو‌و حه‌پێكی نووستنی ده‌ده‌مێ، بێ‌ده‌نگ‌و ئارام وه‌ك دنیای ده‌ره‌وه لێ‌ی ده‌نوێ، دووباره ده‌گه‌ڕێمه‌وه ناو چیمه‌نه‌كه‌و بۆنی گوڵه ڕه‌یحانه‌كان هه‌ندێك ئارامیم پێ ده‌به‌خشن باوكم قاتێكی شاڵی ڕه‌سه‌نی له به‌ردایه‌و چه‌پكێك گوڵه ڕه‌یحانه‌ی خستۆته به‌ر پشتوێنه‌كه‌یه‌وه، هه‌موو به‌یانییه‌ك جوان جوانێك خۆی ده‌شۆرێت‌و له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌كه‌دا قژی شانه ده‌كات، به مۆنییه‌كه‌وه داوای ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌كات‌و له ژێر چاكه‌ته‌كه‌یدا ده‌یشارێته‌وه، ئه‌و ده‌ترسێت، ته‌نانه‌ت له ئێمه‌ش ده‌ترسێت، ترسێك كه كه‌س نازانێت بۆ ؟
ته‌نانه‌ت منیش كه به حیساب كوڕه گه‌وره‌ی ئه‌وم، خوشكه‌كانم هیچ كه‌سێكیان نا‌وێرن پرسیاری لێ بكه‌ن، دایكم له پشته‌وه قاته‌كه‌ی بۆ ڕێك ده‌خات‌و گومانێكی زۆری لێ‌ی هه‌یه، گومانه‌كانی دایكم ناتوانێت تا سه‌ر به شاراوه‌یی بمێنێته‌وه‌و له پڕێكدا پێ‌ی ده‌ڵێت: ئه‌مڕۆ بۆ كوێ ده‌ڕۆیت پیاوه‌كه؟ باوكم وه‌ك هه‌موو جارێكی ده‌نگه ده‌نگه‌كانیان كه‌مێك له ئاوێنه‌كه‌دا سه‌یری خۆی ده‌كات‌و به خۆنازینێكه‌وه ده‌ڵێت ئه‌ی له‌لای پیره‌ژنێكی وه‌ك تۆدا چی بكه‌م. ئیدی شه‌ڕه‌كه ده‌ست پێ‌ده‌كات‌و وه‌ك هه‌موو به‌یانیه‌كان باوكم بێ خواردنی نان‌و چایی ده‌ڕوات، دایكم به‌ده‌م جنێ‌و دان‌و خوشكه‌كانیشم به‌و هیوایه‌ی كه جارێكی دیكه نه‌گه‌ڕێته‌وه‌و منیش وه‌ك هه‌موو جار به بێ ده‌نگیی، خواحافیزی له باوكم ده‌كه‌ین ئێستاش كه بیر له‌و ڕۆژانه ده‌كه‌مه‌وه بێده‌نگییه‌كی قووڵ دام ده‌گرێ، وێنه‌ی هه‌موو دیمه‌نه‌كان له خه‌یاڵمدایه‌و هه‌موو ساته‌كانم له بیره، ته‌نانه‌ت شێوه‌ی خانووه‌كه‌و شێوه‌ی كۆڵانه‌كه‌شمان خانوویه‌كی ساده له كۆڵانێكی ساده‌دا، كه پڕی بوو له ماڵی ساده، له كه‌سی ساده هه‌موو دوای عه‌سرانێك به تۆپێكه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی تری كۆڵاندا یاریمان ده‌كرد، جار نا جاره‌ش تۆپه‌كانمان ده‌خسته ماڵانه‌وه‌و ده‌ڕۆیشتین ده‌مان هێنایه‌وه به‌یانیانی هاوینیش ئه‌وكاتانه‌ی كه قوتابخانه‌كان دا ده‌خران به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێ‌ی تردا له ماڵی ئیمه سه‌یری ئه‌و فلیم كارتۆنه‌مان ده‌كرد كه پاڵه‌وانه‌كانی هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه‌ده‌مردن، دایكیشم له‌گه‌ڵ ژنانی تری گه‌ڕه‌كدا به یه‌كه‌وه داده‌نیشتن‌و ده‌كه‌وتنه باس كردنی خراپه‌كانی پیاوه‌كانیان، ئێمه گوێمان به‌و باس‌و خواسانه نه‌ده‌داو خه‌ریكی سه‌یركردنی ته‌له‌فزیونی خۆمان بووین. ساڵه‌های ساڵ، من له‌و ووڵاته دووره‌ده‌ست‌و سارد‌و سڕه‌دا ئه‌م خه‌یاڵاتانه ده‌یكوشتم، ده‌یكوشتم‌و جگه له ڕۆحێكی كڵۆڵ‌و جه‌سته‌یه‌كی ماندوو، ڕۆحێكی تاریك‌و جه‌سته‌یه‌كی بێ هه‌ست هیچی دیكه‌ی بۆ نه‌هێشت بوومه‌وه كه خوشكه گه‌وره‌كه‌شم به ته‌له‌فونێك پێ‌ی وتم باوكمان مردووه، نه‌مده‌زانی دڵم خۆشه یان نا، بگریم یان نا، ئازادم یان نا، بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستام‌و له پڕ له گریانم دا، گریانێك كه چه‌ندێك له كاره‌ساته‌وه بوو هێنده‌ی ئه‌وه‌ش له خۆشییه‌وه، چه‌ندێك له دڵ ته‌نگیه‌وه بوو به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ش له دڵ خۆشییه‌وه، شه‌وه‌های شه‌و من گریام‌و ئه‌و سه‌رمایه‌ی ئه‌و وڵاته سارده‌ش دڵی سارد نه‌كردمه‌وه. دره‌نگانێكی شه‌و باوكم‌و دایكم به شه‌ڕ هاتن‌و باوكم تێر‌و پڕی له دایكم دا، ئێمه له ژووره‌كه‌ی تر خه‌وتبووین، هه‌ردوو خوشكه‌كه‌م نه‌یان ده‌وێرا قسه بكه‌ن، منیش كه تازه ڕۆیشتبوومه ئاماده‌ییه‌وه گریانه‌كانی دایكم جوڵاندمیان‌و ده‌رگاكه‌م كرده‌وه، باوكم به سۆنده‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه له دایكمی ده‌دا، په‌لاماریم دا‌و سۆنده‌كه‌م له ده‌ست كرده‌وه، باوكم كه منی به‌و شێوه‌یه بینی له داخانا خه‌ریك بوو شێت ده‌بوو، په‌لاماری ده‌مانچه‌كه‌ی‌دا كه له ژێر پشتیه‌كه‌ی سه‌رییه‌وه شاردبوویه‌وه‌و ویستی بمكوژێت، به‌ڵام دایكم كه‌وته نێوانمانه‌وه‌و نه‌یهێشت، باوكم ته‌ڵاقی خوارد كه جارێكی دیكه پێ نه‌خه‌مه ئه‌و ماڵه‌وه‌و هه‌ر به‌و شه‌وه له‌و ماڵه وه‌ده‌ری نام. شه‌وه‌های شه‌و من له ماڵه خزمه‌كاندا نوستووم، له‌م ماڵه‌وه بۆ ئه‌و ماڵ، له‌م سه‌ربانه‌وه بۆ ئه‌و سه‌ربان، له بۆڵه‌و شه‌ڕه چاوه‌كانی ماڵێكه‌وه بۆ بۆڵه‌و شه‌ڕه چاوه‌كانی ماڵێكی تر، ئه‌و جاره‌ش كه فرسه‌تی هاتنه ده‌ره‌وه‌م بۆ ڕه‌خساو به زۆری دایكم‌و خوشكه‌كانم باوكم پاره‌ی قاچاخچیه‌كه‌ی‌د،ا له وڵاتێكی بێ میهردا گیرسامه‌وه. من به شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆیشتم‌و به‌ده‌م ئازارێكی ڕۆحیی قوڵه‌وه ده‌مناڵاند، له به‌رده‌م دووكانه خۆشه‌كاندا ده‌وه‌ستام‌و به سه‌عات زیاتر له بابه‌تی پشت جامخانه‌كانیم ده‌ڕوانیی. كه كچه خوێن شیرینه بیانیه‌كه‌ش بوو به هاوڕێم نه‌یتوانی هه‌موو ئازاره‌كانم كه‌م بكاته‌وه، ئه‌و هه‌موو جارێك كاتێك به‌سه‌ر كورسیه درێژه‌كه‌وه كه له‌ژێر داره گه‌وره‌كه‌دا بوو داده‌نیشتین، پێ‌ی ده‌ووتم به ڕاست ژیانی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وهایه، منیش كه له چاوه‌كانیم ده‌ڕوانیی ته‌عبیری له دنیایه‌ك پاكێتی‌و به‌رائه‌ت‌و جوانی ده‌كرد، ده‌ستم ده‌خسته قژییه‌وه‌و پێم ده‌ووت به‌و شێوه‌ش نیه كه تۆ باسی ده‌كه‌ی چه‌ند ساڵ دوواتر من گه‌وره ده‌بم‌و دڵم هه‌ر له لای ئه‌وانه. دوای من خوشكه بچوكه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی له كوڕێك ده‌بێت‌و باوكم ڕازی نابێت بیداتێ، له گه‌رماوه‌كه‌دا ته‌نه‌كه‌یه‌ك نه‌وت ده‌كات به خۆیداو خۆی ده‌سوتێنێ. ته‌له‌فونم بۆ ده‌كرێت‌و ئه‌و ڕووداوه چه‌نده‌ها شه‌و به ته‌نها له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌مخه‌وێنێ، هه‌موو ئه‌و كاغه‌زانه‌ش ده‌دڕێنم كه نووسیومن‌و به ڕۆژیش ده‌رگای ژوره‌كه‌م له سه‌ر خۆم داده‌خه‌م، كچه‌كه‌ی هاوڕێم سه‌دان جار ته‌له‌فونم بۆ ده‌كات‌و وه‌ڵامی ناده‌مه‌وه، باوكم له پرسه‌كه‌یدا زۆر به ئاسایی ده‌وه‌ستێت‌و ڕۆژانی دواتریش هه‌روه‌ك خۆی لێ ده‌خوڕێت, له حه‌سره‌تا دایكم تووشی ئیفلیجی ده‌بێت‌و به‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌كه‌وه دایده‌نێن. باوكم پاش ماوه‌یه‌ك خوشكه گه‌وره‌كه‌م ده‌دات به‌شوو دایكم ده‌نێرێت بۆ شوێنێك كه ڕێخراوێكی خێرخواز به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بۆ ئه‌وانه‌ی كه پیرو په‌ككه‌وته‌ن‌و تووشی ئیفلیج بوون هاتوون. خوشكه گه‌وره‌كه‌م چه‌ندان جار ده‌یه‌وێت خۆی له‌ناو به‌رێت، دواتر له به‌ر من په‌شیمان ده‌بێته‌وه. شه‌وێك ته‌له‌فون ده‌كات‌و ده‌ست ده‌كات به گریان ئه‌و بیرم ده‌كات‌و منیش زیاتر. هاوڕێ كچه‌كه‌م به زۆری زۆرداری ده‌مبات بۆ ماڵی خۆیان، باوكی به ڕێزێكه‌وه له‌گه‌ڵ دایكی‌دا دوو چه‌پك گوڵی زه‌ردم ده‌دنێ، ئه‌وان هه‌موو ژیانیان كچه‌كه‌یانه، له‌سه‌ر مێزی نان خواردنه‌كه باس هه‌ر باسی مناڵیی ئه‌وه، ژووره‌كه‌شیان پڕكردووه له وێنه‌ی ئه‌و، من خه‌فه‌ت دام ده‌گرێت‌و له‌به‌ر ئه‌وان نه‌بێت ده‌ست هه‌ڵده‌گرم له نان خواردنه‌كه. له ژێر مانگه شه‌وه‌كه‌دا دوو به دوو دانیشتوین، سه‌ر ده‌خه‌مه سه‌ر سنگی‌و تێر تێر ده‌گریم، ئه‌ویش دڵی پڕ ده‌بێت‌و ده‌گری، باوك و دایكی زۆر له مێژه خه‌وتوون من هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و تاكه كه‌سه كه من هێنده خۆشم ده‌وێ، هێند به ئازادی دڵی خۆمی بۆ ده‌كه‌مه‌وه، هێند به ئازادی ته‌سلیمی ده‌بم. به‌یانییه‌كی زوو باوكم سه‌فه‌رێكی هه‌یه، ئۆتۆمبیله‌كه‌یان وه‌رده‌گه‌ڕێت‌و دوو ڕۆژ دواتر ده‌مرێت خوشكه گه‌وره‌كه‌م حه‌سره‌تێكی قوڵی له دڵدایه‌و له ته‌له‌فونه‌كه‌دا ده‌گری، بیری مناڵیمان ده‌كات، بیری پێكه‌نینه خۆشه‌كانی دایكمان كه‌به‌یانیان زۆر زوو خه‌به‌ری ده‌كردینه‌وه‌و نان‌و چای ده‌دا پێمان بۆ ئه‌وه‌ی فریای قوتابخانه بكه‌وین. ئه‌و ده‌ڵێت وه‌ره‌وه دایكم هه‌ر باسی تۆ ده‌كات، دایكم ناوی تۆی به‌سه‌ر زمانه‌وه‌یه‌و ده‌ڵێت به‌ر له‌وه‌ی بمرم با بیبینم. من بیری دایكم ده‌كه‌م، هه‌ر یه‌كسه‌ر به‌یانی بلیتی فڕۆكه‌خانه ده‌بڕم‌و به ته‌له‌فون به كچه‌كه‌ی هاوڕێم ده‌ڵێم. ئه‌و ده‌ڵێت منیش حه‌زده‌كه‌م له‌گه‌ڵتا بم، به‌ڵام من زۆر گرنگی پێ ناده‌م‌و به بیانووی جۆراو جۆره‌وه په‌شیمانی ده‌كه‌مه‌وه خوشكه گه‌وره‌كه‌م به پیاوه‌كه‌ی ڕازییه‌و ده‌ڵێت پیاوێكی دڵ سافه. دایكمی بردووه بۆلای خۆی‌و به‌خێوی ده‌كات. ده‌گه‌مه كۆڵانه‌كه‌و یه‌كه‌یه‌كه ساته‌كانی مناڵیم وه‌بیر دێته‌وه. ژنه‌كه‌ی باوكم دوای ماوه‌یه‌ك شوو ده‌كاته‌وه‌و له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌مدا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك ده‌كه‌ون، كه خانوه كۆنه‌كه بۆ ئێمه جێ بهێڵێت‌و هه‌موو سه‌روه‌ته‌كانی تری باوكم ببات. ماڵه‌كانی گه‌ڕه‌ك وه‌ك خۆیان ماون‌و مناڵه‌كانیان وه‌ك ئێمه یاری ده‌كه‌ن، ده‌رگاكه ده‌كه‌مه‌وه‌و مناڵێكی بچكۆلانه ده‌ڵێ فه‌رموو، ده‌یگرمه باوه‌ش‌و ده‌ڵێم دایكت له ماڵه، دایكی له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌وه سه‌یر ده‌كات‌و له خۆشیاندا وه‌خته شێت ببێت، ده‌ست ده‌كات به گریان‌و ده‌یگرمه باوه‌ش، چاك‌و چۆنی له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌یدا ده‌كه‌م، دایكم له ژووره‌كه‌ی تره‌وه با‌نگم ده‌كات‌و ده‌ڕۆم بۆ لای ده‌گریم‌و تێر ماچی ده‌كه‌م، ده‌ست ده‌كاته ملم‌و ده‌ڵێت ئۆخه‌ی. خوشكه گه‌وره‌كه‌م ده‌ڕواته خانوویه‌كی تره‌وه كه من تازه بۆم كڕیون. حه‌زده‌كه‌م من‌و دایكم به ته‌نها له خانوه‌كه‌ی خۆماندا بمێنینه‌وه. ساڵه‌های ساڵ له خه‌یاڵی خۆمدا له‌ناو ئه‌م چیمه‌نه‌دا به ته‌نها دانیشتووم سه‌یركردنی گوڵه‌كانی چوارده‌وری چیمه‌نه‌كه ئارامیم پێ ده‌به‌خشێت‌و بایه‌كی خه‌مگینیش هه‌ڵده‌كات ساڵه‌های ساڵ برینه‌كانی باوكم گه‌وره تر بوون‌و ڕۆحی هه‌موومانی پارچه پارچه كرد. شه‌وه‌های شه‌و من بیرم ده‌كرده‌وه‌و ده‌مپرسی نه‌ده‌كرا چاره‌نووسمان به شێوه‌یه‌كی تر بێت جیاواز له‌و چاره‌نووسه‌ی پێشوو تر، شه‌وه‌های شه‌و هاوڕێ كچه‌كه‌م پێم ده‌ڵێت وه‌ره‌وه من بیرت ده‌كه‌م، وه‌ره سه‌ر له نوێ ژیانێكی تر بژی ژیانێك له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بكاته‌وه. منیش كه بڕیارم داوه تاوه‌كو دایكم له‌ژیاندا بێت نه‌ڕۆمه‌وه، له خۆشه‌ویستیاندا پێ‌ی ده‌ڵێم هیچ ژیانێك نیه له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بكاته‌وه هیچ ژیانێك.
*له ژماره 29ی ڕۆژنامه‌ی خوێندنی لیبراڵ دا بڵاوبوه‌ته‌ووه هاوینی‌ی 2004 ده‌ربه‌ندیخان
باوكم له حه‌وشه‌كه‌دا له‌سه‌ر ده‌م خۆی داوه به ئه‌رزه‌كه‌داو ئاخ‌و ئۆفیه‌تی هه‌موومان ماندووین ده‌مه‌و مه‌غریب باوكم به سه‌رخۆشی گه‌ڕایه‌وه‌و تێر‌و پڕی له دایكم د،ا كه‌سمان نه‌مانده‌وێرا سه‌یری نێوچاوانی بكه‌ین، که له سوریدا مه‌رگی لێده‌باری. خوشكه گه‌وره‌كه‌م له‌ژێر جێگایه‌كه‌یه‌وه پێم ده‌ڵێت خۆزیا مردبام‌و له‌م جه‌هه‌نمه ڕزگارم بایه. ئه‌وه ئیشی هه‌موو جاری باوكمه كه‌سه‌رخۆش ده‌بێت به‌كلكه ماسیحه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه دایكم داركاری ده‌كات‌و هیچ دراوسێیه‌كیش فریامان ناكه‌وێت دواتریش ئێمه ده‌كاته سه‌ربان‌و به شه‌هوه‌تێكی دوای سه‌رخۆش بوونه‌وه له دایكمدا خۆی خاڵی ده‌كاته‌وه. خوشكه گه‌وره‌كه‌م كه بیست‌و پێنج ساڵه له‌و ماڵه‌دایه، به حه‌سره‌تێكی قووڵه‌وه ده‌ڵێت من به بیرم بێت ئا‌وه‌هایه. منیش له‌ژێر جێگاكه‌وه كه به‌تانیه‌كه‌م تاسه‌ر سنگم ڕاكێشاوه بێده‌نگ سه‌یری ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان ده‌كه‌م كه وه‌ك هه‌زاره‌ها گڵۆپی ڕووناك له‌و ئاسمانه پان‌و به‌رینه‌دا ڕووناك ده‌چنه‌وه. من له‌خوشكه گه‌وره‌كه‌م سێ ساڵێك بچوك ترم، ڕۆژ ت ائێواره له‌گه‌ڵ دایكمدا خه‌ریكی ئیش‌و كاره‌كانی ناوماڵین، دایكم ڕوویه‌كی گه‌ش‌و ڕۆحێكی میهره‌بانی هه‌یه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێكی باوكم كه‌چی ئه‌م وشه‌یه‌كی له ده‌م نایه‌ته ده‌رو قسه‌یه‌ك چی‌یه پێیناڵێت. من زۆربه‌ی جار ده‌ڵێم " دایكه كه یه‌كه‌مجار ده‌تزانی وه‌هایه بۆ جێت نه‌هێشت‌و ئیدی هه‌رگیز ئه‌م ماڵه دۆزه‌خیه‌ت ئاوه‌دان نه‌كردایه‌ته‌وه"
ئه‌ویش له به‌رده‌م ته‌نكی حه‌وشه‌كه‌دا خه‌ریكی شۆردنی گڵاسه‌كانی باوكمه كه‌بۆنی ئاره‌قی شه‌وی لێدێت سه‌رداده‌خات‌و ده‌ڵێت كچم ئه‌و هه‌رچۆنێك بێت باوكتانه، دایكم خۆی له هه‌موو پرسیارێكی ئه‌وها ده‌دزێته‌وه. باوكم هه‌ر له‌مناڵیه‌وه ڕقێكی تایبه‌تی له منه من ئاگاداری ئه‌وه‌م هێنده‌ی ئه‌وه‌ی دڵی له من به گومانه بۆ خوشكه گه‌وره‌كه‌م ئه‌وها نییه‌و چه‌ند جار له‌سه‌ر شتی زۆر پوچ لێیداوم، قژی به حه‌وشه‌كه‌دا ڕاكێشاوم‌و به پێ پانه‌كانی هاتۆته پشتما، چه‌ندجار من‌و دایكمی به‌ته‌نها له‌ماڵه‌وه جێ هێشتووه‌و له‌گه‌ڵ خوشكه گه‌وره‌كه‌مدا ڕۆشتوون بۆ بازاڕ به‌م گوێیانه‌ی خۆم گوێم لێ بووه به‌دایكمی وتووه ئه‌م كچه‌ی تۆ ڕۆژێك گه‌وره بێت شه‌ره‌فمان ده‌بات، ئه‌ونده مه‌هێڵه به دیار ته‌له‌فزیونه‌وه دابنیشێت‌و سه‌یری فلیمی قۆڕ بكات. ڕۆحی من به‌رده‌وام ڕۆحێكی یاخی بووه، گوێم به قسه‌كانی باوكم نه‌داوه، ئه‌و كاتانه‌ی ئه‌و له‌ماڵ نه‌بووه به‌دیار ته‌له‌فزیونه‌كه‌وه سه‌یری فلیمم كردووه‌و ماچه‌كانی ناوی وروژاندوومیان، قسه‌م له‌قسه‌ی باوكمدا كردوه‌و ئه‌نجامه‌كه‌یشیم زانیوه كه به‌لێدان ته‌واو ده‌بێت، هه‌ر به‌زۆری زۆرداری خوێندومه‌و گه‌شتوومه‌ته په‌یمانگا باوكم ساڵه‌های ساڵ خۆی گرژ‌و مۆن كردوه‌و به نابه‌دڵیه‌كه‌وه‌و به‌هۆی قسه‌ی هاوڕێكانیه‌وه پاره‌ی پێداوم خوشكه گه‌وره‌كه‌م بۆڵه بۆڵیه‌تی‌و ده‌ڵێت هه‌ر كه‌سێك بێت شوی پێده‌كه‌م، گرنگ نیه هه‌ر چۆنێك بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌یمونێكیش بێت یان گه‌وادێكیش بێت، به‌س له‌م شه‌وه هه‌زار باره‌بوانه ڕزگارم كات. باوكم له حه‌وشه‌كه‌دا ئاخ‌و ئۆفیه‌تی‌و دایكیشم له ژوره‌كه‌ی تردا له‌لایه‌كه‌وه هه‌ڵتروشكاوه، دایكم ده‌زانێت ئه‌و بۆی نیه بخه‌وێت تاوه‌كو باوكم شه‌هوه‌تی خۆی خاڵی ده‌كاته‌وه باوكم گوێی له چپه چپی ئێمه‌یه له‌سه‌ربان‌و به‌زه‌ویه‌كه‌دا ده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی پێ بهێنین. جه‌سته‌م بۆنی پیاوی لێدێت باوكم پێ بزانێت سه‌رم ده‌بڕێت، خوشكه گه‌وره‌كه‌م له‌حه‌سره‌ت‌و خه‌یاڵ‌و چاوه‌ڕووانی كه‌سێكدا خه‌وی لێ ده‌كه‌وێت‌و به تاق‌و ته‌نها من له‌وسه‌ربانه پان‌و به‌رینه‌و له‌ژێر ئه‌و ئاسمانه گه‌وره‌یه‌دا جێ ده‌هێلێت. له خه‌یاڵی كوڕه چاو كاڵه قژ ڕه‌شه‌كه‌دام، كه ڕوخساری هێنده‌ی په‌ڕه‌ی گوڵێك ناسكه‌و به‌رده‌وام بۆنی ئه‌و عه‌تره‌ی لێدێت كه‌من خۆشم ده‌وێت. دڵنیام به‌یانیش وه‌ك ڕۆژانی دی چاوه‌ڕوانمه‌و له‌فه‌رمانگه‌كه‌داو له‌ژوره‌كه‌ی خۆیدا ده‌مگرێته باوه‌ش. ماوه‌یه‌كی زۆر نی‌یه ئه‌و كوڕه‌م خۆش ده‌وێت ئه‌و ڕۆژه‌ی كه بۆ یه‌كه‌مجار پێم نایه ناو فه‌رمانگه‌كه‌و ده‌مویست تیایدا دابمه‌زرێم، ئه‌و له‌به‌رده‌م ژوره‌كه‌ی خوێدا پیاڵه‌یه‌ك چای به‌ده‌سته‌وه گرتبوو له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رێكی كچی تردا سه‌یری كاغه‌زێكیان ده‌كرد، ئه‌و ڕۆژه شه‌رمم دهكردو كه نوسراوه‌كه‌ی منیش به‌ژووری ئه‌و كوڕه جوانه‌دا تێپه‌ڕی له پشتی مێزه‌كه‌وه سه‌ری داخستبوو، نووسراوه‌كه‌م خسته به‌رده‌ستی‌و بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێ كه‌وته خوێندنه‌وه‌ی، دواتر قه‌ڵه‌مێكی ده‌رهێناو ئیمزایه‌كی كرد، كه وتیشم سوپاس بۆ یه‌كه‌م جار چاوی تێ بڕیم‌و تووشی حه‌په‌سان هات، نووسراوه‌كه‌ی دا به ده‌ستمه‌وه‌و وتی پیرۆزه لێره ده‌وام ده‌كه‌ی، من سوور هه‌ڵگه‌ڕابووم، ئه‌وه یه‌كه‌مین جار بوو نیگایه‌كی ئاگراوی له‌و جۆره ڕۆحم بسوتێنێ ئیدی هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌یانی باشم لێده‌كردو نیگامان ده‌گۆڕیه‌وه من له‌ژورێكی تربوم، كوڕێكی لێ بوو هێند خه‌ریكی نوسراوه‌كان بووبوو دڵی وه‌ك به‌ردی لێ هاتبوو. چ ژوورێكی ته‌نگ‌و ته‌نهابوو خودایه، ئه‌و ڕۆژه‌شیان كه نوسراوه‌كه‌م برد بۆ ژووری كوڕه چاوكاڵه‌كه كه كچانی تری فه‌رمانگه‌كه له ئێره‌ییدا كه‌سیان قسه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سیان دا نه‌ده‌كرد، بێ هیچ قسه‌یه‌ك نوسراوه‌كه‌م خسته به‌رده‌ستی، سه‌ری هه‌ڵبڕی‌و بێ هیچ قسه‌یه‌ك هه‌ستاو ده‌رگاكه‌ی له‌دوای منه‌وه پێوه‌دا، تووند هه‌ردوو ده‌ستی گرتم‌و به ده‌رگاكه‌یه‌وه نوساندم‌و ده‌می تا قوڵایی ڕۆحم خسته ناوده‌مم، خودایه ئه‌وه‌چ جۆره ماچێك بوو، ماچێك چه‌ندان سه‌ده‌و زه‌مه‌ن درێژه‌ی كێشا‌و كه‌سیش نه‌یده‌توانی بیسڕێته‌وه، ته‌نانه‌ت كچانی فه‌رمانگه‌كه‌ش نه‌یانده‌توانی لێكمان جیابكه‌نه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت دڵنیابه له‌و دۆزه‌خه ڕزگارت ده‌كه‌م من ده‌ڵێم كه‌ی سه‌یرێكی ساڵنامه‌ی سه‌ردیواره‌كه ده‌كات‌و ده‌ڵێت به‌م زوانه.
دڵم له خۆشیاندا خه‌ریكه له‌ت ده‌بێ ده‌ست ده‌خاته قژمه‌وه‌و تێر تێر سه‌یری ناوچه‌وانم ده‌كات، به پێچه‌وانه‌ی باوكمه‌وه كه كه‌س زات ناكات لێ‌ی بڕوانێت. هه‌موو فه‌رمانگه‌كه ده‌زانن من و ئه‌و پێكه‌وه‌یه‌ن، به‌ته‌نها باوكم نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌لای دایكیشم باسم كردووه‌و هیچی نه‌وتووه. پێم ده‌ڵێت باوكت چی بڵێت من ئه‌وه ده‌كه‌م، به‌ڵام من ترسی قه‌ناعه‌ته پوچه‌كانی باوكم كوشتوومی كه پێ‌ی وایه ژن بۆ خزم بێت باشتره تا وه‌كو بێگانه. هیچِ من ناكوژێت خوشكه گه‌وره‌كه‌م نه‌بێت، ئه‌و چه‌ندێك جوانیشه ( هه‌رچه‌ند به‌قه‌ده‌ر من نا ئه‌مه غرورێكی كچانه‌ش نیه ) به‌ڵام چونكه دنیای ئه‌و له چوار دیواره‌كه‌ی ماڵدا كۆتایی پێ دێت كه‌س نه‌چوه‌ته دڵیه‌وه، خوشكه گه‌وره‌كه‌م چاوه‌ڕوانه پیاوێك له‌وسه‌ری دنیاوه بێت‌و ئه‌م ڕزگار كات
من پێ‌ی ده‌ڵێم ده‌بێت خۆت بگه‌ڕێیت بۆ ئه‌وه‌ی پیاوی خۆت بدۆزیته‌وه، به شه‌رمێكه‌وه ده‌ڵێت شانسی من وشكی كردووه.
خوشكه گه‌وره‌كه‌م گۆرانی نه‌ماوه گوێی لێ نه‌گرێت، به‌تایبه‌تیش گۆرانیه خه‌مگینه‌كان، زۆرجاریش قسان ناكات‌و من دڵی ڕاده‌گرم، من له‌نێوان خۆشی خۆم و ناخۆشی ئه‌ودا قه‌تیس ماوم، له‌ڕۆحمدا ململانێیه‌كی سه‌خت‌و دولایه‌نه هه‌یه، ئه‌و له‌لایه‌ك ده‌یه‌وێت بمكاته موڵكی خۆی‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه قه‌هری ته‌نهایی خوشكه گه‌وره‌كه‌م هه‌موو خه‌یاڵه‌كانم ده‌شێوێنێت. به ته‌نیشتمه‌وه خه‌وتووه‌و هه‌ر خودا خۆی ده‌زانێت خه‌ون به چ كوڕێكه‌وه ده‌بینێت، باوكم له‌سه‌ر جێگاكه نه‌ماوه‌و من شه‌رم ده‌مگرێ، شه‌و وه‌ك هه‌موو شه‌وه‌كانی دڵی من تێده‌په‌ڕێت‌و ئه‌ستێره‌كانیش تا دێت كز تر ده‌چنه‌وه، به‌یانی كوڕه چاوكاڵه‌كه ده‌مگرێته باوه‌ش‌و ده‌ڵێت ئه‌مشه‌و زۆر بیرم كردووی، ئێواره‌ش باوكم به سه‌رخۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به كلكه ماسیحه‌كه‌ی حه‌وشه‌كه دایكم تێر‌و پڕ لێدان ده‌كات‌و دواتر شه‌هوه‌تی خۆی بۆ ئه‌به‌د تیادا خاڵی ده‌كاته‌وه، من ئێستا ده‌ڵێم شه‌وه‌كانی دڵی من بێ كوڕه چاوكاڵه‌كه شه‌وگه‌لێكی درێژ‌و تا ئه‌به‌د ڕه‌شه.
ده‌ربه‌ندیخان /هاوینی 2004
*له ژماره ( 396 ) پاشكۆی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی ( كوردستانی نوێ ) دا بڵاوبوه‌ته‌وه
مه‌رگێك به‌ده‌م كلوه به‌فره‌كانه‌وه.
به بێده‌نگی فڕێیاندامه ناو گۆڕه‌كه‌وه ئه‌و كاته به‌فر له‌سه‌رخۆ ده‌باری‌و كزه‌یه‌كی ساردیش دنیای گرتبوو ئه‌و به‌یانیه‌ی به‌ر له گوله باران كردنم كاتێك له‌زیندانه تاریك‌و ته‌نگـــه‌كه‌دا ده‌ریان هێنام‌و سواری پشتی جێبه سه‌ربازییه‌كه‌یان كردم، هێشتا خه‌ونه‌كانی مناڵیم به‌دوای خۆمدا ڕاده‌كێشت، له‌وه‌ته‌یش لـــــه‌و زیندانه دووره ده‌ست‌و سامناكه‌دا فڕێدرام دنیام زۆر به بچووكی ده‌هاته پێش چاو، كه جه‌للاده ته‌نگه‌قه‌ویه مۆنه‌كه‌ش پارچه‌یه‌ك سه‌موون‌و قاپێك شۆربای له‌به‌رده‌م شیشه‌كانی ده‌رگاكه‌دا داده‌نا بۆم له‌وه دڵنیا ده‌بووم كه ئه‌مڕۆشم بۆ ده‌برێته سه‌ر، ژیان لــــه ناو ئه‌و چواردیواره سارده‌دا هێنده‌ی تر سارد ده‌چوویه‌وه. من ته‌نها به‌هاتنی قاپه خواردنه‌كانی ئه‌و جه‌للاده ته‌نهایه‌دا ده‌مزانی شه‌وو ڕۆژه‌كان له ڕۆیشتنی خۆیان به‌رده‌وامن، ئه‌و به‌یانیه سارده‌ش كه له حه‌وشه‌ی زیندانه‌كه‌دا به چاو به‌ستراوی تا وه‌كو ناوجێبه‌كه‌یان بردم كڵوه به‌فره بچووكه‌كان‌و كزه با سارده‌كه ده‌یان دا له ڕوومه‌تم‌و به بیرم هاته‌وه كه ژیانی ده‌ره‌وه چه‌ند جیاوازه له ژیان له نێو ئه‌و ژووره مه‌رگهێن‌و ترسناكه‌دا. كاتێكیش به چاو به‌ستراوی به داره‌كه‌یانه‌وه به‌ستمه‌وه‌و میلی تفه‌نگه‌كانیان لێ هێنامه‌وه به‌فر زۆر‌و به‌رده‌وام‌و له‌سه‌ر خۆ ده‌بــــاری، من نه‌مده‌زانی له‌سه‌ر چی زیندانییان كردووم، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو كه گولله بارانیشیان كـــــــردم نه‌مزانی مردنی من چ ڕووداوێكی گه‌وره‌و گرنگ دروست ده‌كات. لێكۆڵه‌ره‌وه‌كه له شه‌وه سارده‌كه‌دا دوای لێدانێكی زۆر له جه‌سته ناسكه‌كه‌م پرسیاری لێكردم سه‌ر به كام گروپی تێكده‌رم، پێكه‌نینم هات، به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی زۆر كورته‌وه وتم جا گروپه بنیاتنه‌ره‌كان كامانه‌ن تا من له‌گه‌ڵ تێكده‌ركان بم، به بۆكسێك ده‌می پڕكردم له خوێن‌و وه‌لاَمی دامه‌وه‌و گووتی كه‌ر باب ئێستاش هێرش ده‌كه‌یته سه‌ر گروپی سه‌رۆك نه‌متوانی ئه‌م جاره‌ش پێنه‌كه‌نم به بێزارییه‌كه‌وه وتم كام سه‌رۆك. ؟!
من هه‌ر پێده‌كه‌نیم‌و ئه‌و هه‌ر لێ‌ی ده‌دام پێده‌كه‌نیم‌و ئه‌وان هه‌ر لێیان ده‌دام خودایه چ پێكه‌نینێك گرتبومی ئه‌و هۆڵ‌و زیندانه دووره ده‌سته‌م هێنابووه له‌رزه خوێن له هه‌موو لایه‌كمه‌وه ده‌هات‌و من گـــــــاڵته‌م لێ ده‌هات پێده‌كه‌نیم‌و ده‌مووت كام سه‌ركرده؟! بژی كام سه‌ركرده؟! بمرێ كام سه‌ركرده؟! گه‌نج تر بێ كـــــام سه‌ركــرده؟! ئه‌وان ئه‌شكه‌نجه نه‌ما تاقی نه‌كه‌نه‌وه لـــه من دا‌و من زیاتر پێده‌كه‌نیم هاوارم ده‌كــــــرد بژی كــــــام گرووپ؟! بمرێ كام نه‌ته‌وه؟!
ده‌مكرد به یه‌خه‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه‌كه‌داو ده‌مووت: گه‌مژه تێكده‌ره‌كان كامانه‌ن تۆ پێم بڵێ ئه‌ی گرووپه بێ گوناهه‌كان كـــامانه‌ن؟! گه‌مژه پێم بڵێ ئه‌گینا من هه‌ر پێده‌كه‌نم. كاتێكیش که به هۆش هاتمه‌وه دوو ڕۆژی ڕێك بوو له ژووره تاریك‌و خه‌مناكه‌که‌یان نابووم، چاوم كرده‌وه‌و جه‌للاده‌كه‌م له‌به‌رده‌م شیشه‌كانی ده‌رگاكه‌دا بینی‌و به‌زه‌حمه‌ت ڕووداوه‌كانم بیر ده‌كه‌وته‌وه، له‌ودیوه‌وه به ده‌نگێكی جه‌للادانه وتی: ئاخریه‌كه‌ی چاوت كرده‌وه، دووڕۆژه تۆ خوێنت لێ ده‌ڕواو كه‌سیش تیماری نه‌كردوویت ها ئه‌وه‌ش خواردنی ئه‌مڕۆت چاوێكم به ژووره‌كه‌دا گێڕا‌و جۆگه‌له خوێنی خۆمم بینی‌و باوه‌ڕم به‌م كابرایه كرد كه له قولاَیی چاوه‌كانی دا تیشكێكی كزی مرۆڤانه ده‌بینرا. من بیرم نه‌بوو كه‌یبوو گیرام ساڵی چه‌ند بوو یان مانگی چه‌ند بوو چه‌ند شه‌ممه بوو به‌لاَم زۆر به كزی به خه‌یاڵمدا ده‌هات، ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ی منیان له‌سه‌ر خواردنه گه‌رمه‌كه هه‌ڵساندوو ڕووه‌و ده‌زگای ئاسایشی شارۆچكه‌كه‌یان بردم دایكم هێشتاخه‌ریكی تێكـــــردنی قاپه چێشته‌كان بوو، میوانمان هه‌بوو ماڵمان جممه‌ی ده‌هات‌و مناڵه‌كانی ماڵه پورم كه له شارۆچكه‌یه‌كی دوورتره‌وه هاتبوون به دیــــار ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌وه خه‌ریكی ئه‌تاری كردن بوون پێده‌كه‌نین‌و سفره ڕازێندرابوویه‌وه، من ئه‌و كاته لـــــه ئاماده‌یی بووم، ( به‌ره‌ی ڕۆژئاوا ئارامه) و (ده‌مێ مه‌رگ ده‌مێ خۆشه‌ویستی ) (ماریا ریمارك) م خوێندبوویه‌وه، هه‌ر بۆیه نه‌فره‌تم له هه‌موو جه‌نگێك ده‌كرد له ناخه‌وه دژی هه‌موو جۆره شه‌ڕێك بووم، له قوتابخانه‌ش كه له وانه‌ی مامۆستا ده‌سته‌لاَت داره‌كه‌دا دژی شه‌ڕ وه‌ستامه‌وه به هه‌ره‌شه لێكـــــردنێكه‌وه وتی به هیوام ئه‌م بیرانه له‌و دنیا یارمه‌تیت بدات، ڕاستییه‌كه‌ی من نه‌ترسام چوونكــــه هه‌ڕشه‌كـــــه‌یم زۆر به جیدیه‌وه وه‌رنه‌گرت نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو له دووكانی كۆلاَنه‌كه‌ی خۆماندا درۆكانی شه‌ڕم بۆ كۆمه‌ڵی گه‌نج ڕوون ده‌كرده‌وه‌و باسم لـــه بێهوده‌یی ئه‌م مه‌رگه ده‌كرد كه له پێناوی سه‌رخستنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌و سه‌رخستنی ئه‌م حیزب به‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌داو سه‌ر خستنی ئه‌م سه‌رۆك به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رۆك دا ئه‌نجام ده‌درێت. له ماڵدا كاتێك گاڵته‌م به به‌یانه سه‌ربازییه‌كان ده‌كرد كه له شاشه‌ی ته‌لفزیۆنه‌كه‌وه ده‌خوێندرایه‌وه دایكم ترس دای ده‌گرت‌و ده‌یووت كوڕم ئه‌م قسانه له ده‌ره‌وه مه‌كه، منیش له‌به‌ر دڵی ئه‌و ده‌مگووت نا. ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ش كه چه‌كداره‌كان خۆیان كرد به ماڵدا دایكم نه‌یده‌زانی چی بووه‌و دایه پڕمه‌ی گریان، كه منیشی به قۆڵ به‌ستراوی بینی كاتێك سواری جێبه‌كه‌ی ده‌زگای ئاسایشیان كردم دواین ئاوڕم لێ دایه‌وه. وه ئیدی بۆ ئه‌به‌د له‌نــــاو ته‌نهایی‌و حوزن‌و خه‌فه‌تدا به جێم هێشت، كه دوای مه‌رگی من ژیانی ئه‌ویشی ده‌كوشت. به‌فر ده‌بــــاری‌و كزه‌بایه‌كی ساردیش ده‌یدا به ڕوومه‌تمدا من له‌وه دڵنیا بووم كه بۆ مه‌رگ ده‌مبه‌ن هه‌روه‌ها له‌وه‌ش دڵنیا بووم كــــــه هه‌زارانی وه‌كو منیان به‌و شێوه‌یه كوشتووه. ئه‌و كاته‌ش كه میلی تفه‌نگه‌كانیان ڕ‌اكێشا من به ته‌نها بیری دایكم ده‌كرد، كه فیشه‌كه‌كانیش وه‌كو كاری ئاسایی‌یان تفه‌نگــــه‌كانیان به‌جێهێشت‌و یه‌كه یه‌كه به كه‌له‌و ڕوومه‌ت‌و سنگمیاندا ده‌كێشامه‌رگی خۆمم ده‌بینی، من له‌وه دڵنیا بووم كه مردووم به‌لاَم تاوه‌كو ئێستاش كه سالاَنێكی زۆره له‌م گۆڕه ته‌نگه‌دام ئه‌وه‌م بۆ ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه كه ئایـا به‌ڕاست چ نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان حزبێك یان سه‌ركرده‌یه‌ك به مه‌رگی من سه‌ركه‌وت!!
له گۆڤاری (ئاینده)ی ژماره (56)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه زستانی/2004 دربندیخان
مردنێك له‌ودیو په‌نجه‌ره‌كه‌وه.
باوكم له‌په‌نجه‌ره‌كه‌وه پارچه پارچه‌ی كردم‌و فڕێیدامه خواره‌وه.
ئه‌و شه‌وه زستانێكی سارد بوو، له‌به‌ر سه‌رما ته‌نانه‌ت گه‌لاَی دره‌خته‌كانیش به ده‌ره‌وه نه‌بوون، شه‌قامه‌كه‌ش له چۆڵیدا بۆنی یاده‌وه‌ری زه‌مه‌نێكی دوور تری لێده‌هات. من نه‌مده‌زانی باوكم له‌به‌رچی به‌وشێوه ترسناكه پارچه پارچه‌ی كردم، نه‌ك هه‌ر ئه‌و كاته به‌ڵكو ئێستاش له‌و نهێنییه تێنه‌گه‌یشتم كه باوكم بۆچی كاتێك منی له په‌نجه‌ره‌كه‌وه فڕێ دایه خواره‌وه به‌خته‌وه‌ر بوو. ڕاسته ئه‌و كات من بارێكی قورس بووم به سه‌رشانی ئه‌وه‌وه، به‌لاَم ئه‌وه‌ش نه‌ده‌بوو به‌و بیانوه‌ی ئه‌و كه به‌و شێوه غه‌مگینه من بكوژێت. كوشتنی من هاوڕێكانیشمی بێتاقه‌ت كرد، له‌بیرمه به‌یانیه‌كه‌ی هه‌رچه‌نده دنیاش به‌ستبووی به‌لاَم هاوڕێكانم هاتنه سه‌ر لاشه‌كه‌م كه هه‌ر به‌شێكی له‌لایه‌ك كه‌وتبوو، هه‌ندێك فرمێسكیان بۆ باراندم‌و به چاویشیان دا زانیم كه ئه‌و شه‌وه پاش ئه‌وه‌ی که گوێیان له هاوار هاواری من بووه تابه‌یانی نه‌خه‌وتوون، به‌لاَم له‌به‌ر سه‌رما كوشنده‌كه نه‌یان توانی بوو بێنه سه‌رم‌و به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌و له مۆزه‌خانه‌ی خه‌یاڵی خۆیان دا به ناته‌واوی‌و سه‌قه‌تی هه‌ڵم بگرن. من كه هه‌موو جار هاوڕێكانم به كوڕه گێژه‌كه بانگیان ده‌كردم به قسه‌ی خۆیان كوڕێكی گێژو وێژ بووم، له هه‌موو ئه‌مانه‌ش ناخۆشتر لای خۆم شه‌رمنیه قوڵه‌كه‌م بوو.
باوكم كه هه‌موو جار تێر جوێنی به دایكم ده‌داو ده‌یووت كوڕه حۆله‌كه‌ت له تۆ ده‌كات، دایكیشم كه هه‌موو جار له ژێر شه‌قه‌كانی باوكم دا ده‌پلیشایه‌وه هیچی نه‌ده‌ووت‌و ده‌ستێكی به سه‌ری من دا ده‌هێنا.
من له هیچ بێزار نه‌بووم ته‌نها له قسه سووكه‌كانی باوكم نه‌بێت كه هه‌موو جار به دایكمی ده‌ووت، من گێژ بووم، ڕاستر به قسه‌ی ئه‌وان من گێژ بووم ئه‌گیناخۆم بۆ خۆم ئه‌و هه‌سته‌ی ئه‌وانم نه‌بوو.
كه ده‌ڵێم (ئه‌وان) مه‌به‌ستم له دایكم نیه، چونكه دایكم تاقه كه‌سێك بوو كه هه‌موو جار له گریانه‌كانی خۆیدا پێ‌ی ده‌ووتم كوڕم تۆ دڵێكی جیاواز ترت هه‌یه له ئه‌وان. دایكم ڕاستی ده‌كرد، دڵی من جیاواز بوو.
له كۆلاَن هاوڕێكانم هه‌موویان خه‌ریكی یاری ده‌بوون، من به‌ته‌نها له‌م سه‌ری سه‌ره‌وه داده‌نیشتم‌و سه‌یری ئه‌و تۆپه گوناهه‌م ده‌كرد كه چۆن ده‌یه‌ها كه‌س شه‌قی تێهه‌ڵده‌ده‌ن، كه قسه‌ش ده‌كرا من هیچم نه‌ده‌ووت یان ڕاستر نه‌یان ده‌هێلاَ هیچ بڵێم چونكه هه‌ر چیه‌كم بووتایه یه‌كسه‌ر ئه‌یانكێشا به‌ده‌مم دا‌و، ده‌یان وت قسه مه‌كه حۆل. باوكیشم كه له‌م دنیا فراوانه‌دا به ته‌نها منی خستبوویه‌وه كاتێك له‌سه‌ر نان خواردن شتێكم ده‌گێڕایه‌وه به گاڵته پێكردنێكه‌وه ده‌یوت وه‌لاَ بابه ته‌واومان كرد تۆش ده‌زانی باسی شت بكه‌ی، ئیدی كه‌وای ده‌ووت من خواردنه‌كه‌م لێده‌بوو به ژه‌هری مار.
من ئێستا‌و ئه‌وساش به‌ڕاستی نه‌مزانی من گێلم یان ئه‌وان .
به‌لاَم ئه‌وه‌نده‌م ده‌زانی كه دایكم ده‌یگوت دڵ ته‌نگ مه‌به كوڕم ئه‌م قسانه‌ی تۆ ده‌یكه‌یت له قسه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه ده‌زانن دنیا مانای چی.! دایكم ڕاستی ده‌كرد، من به قووڵی له‌وه گه‌یشتبووم دنیا یانی چی.
شه‌وه‌های شه‌و من به ته‌نیا دانیشتوم‌و گریاوم، له ژێر جێگا‌و له ده‌ره‌وه‌ی جێگا، شه‌وه‌های شه‌و من بیرم له حوزنێك ده‌كرده‌وه كه زۆربه‌ی زۆری مرۆڤه ساده‌كان بیریان لێنه‌ده‌كرده‌وه، حوزنی ژیان‌و مردن، حوزنی تێپه‌ڕینی ساته خۆش‌و ناخۆشه‌كان. هاوڕێكانم هه‌رچه‌نده هه‌ندێك ئینسافانه تر بوون له باوكم، به‌لاَم شوێن ده‌سته‌كانی ئه‌وانیش له ڕۆحی من دا كه‌م نه‌بوو. ئه‌وان كه هه‌ر جاره‌ی یه‌كێكیان قسه‌ی سووكی پێ ده‌ووتم ئه‌و شته‌یان له باوكم باشتر بوو كه هه‌رچه‌ند ساتێك دوای ئه‌وه ده‌ستیان ده‌كرده ملم‌و ئاشتیان ده‌كردمه‌وه.
به‌ڵام باوكم ساڵه‌های ساڵ بۆ یه‌ك جاریش چی‌یه ده‌ستی نه‌خسته سه‌ر شانم.
من له ڕۆحه‌وه خه‌ریك بوو ده‌مردم، به ده‌ستی خۆم نه‌بوو، درۆكانی ئه‌وانم پێ قبوڵ نه‌ده‌كرا، خۆشیه ساتیه‌كانی ئه‌وانیشم پێ ڕه‌فز بوو، لێوان لێو بووم له بیركردنه‌وه‌و تێڕامان، من گاڵته‌م به پێكه‌نینه‌كانی ئه‌وان ده‌هات، گاڵته‌شم به‌و دانیشتنانه‌یان ده‌هات كه چه‌ندین كاتژمێر ته‌نها باسی یه‌ك مه‌سه‌له‌یان ده‌كرد.
هه‌ر چیم ده‌كرد نه‌ده‌كرا من وه‌ك باوكم ده‌رچم، نه‌ده‌كرا وه‌ك ئه‌و سڵاو بكه‌م، پێبكه‌نم، هاوڕێ هه‌ڵبژێرم، هه‌مان ئاوازی قسه‌كانی ئه‌و دووباره بكه‌مه‌وه.
له دڵه‌وه حه‌زم ده‌كرد ئه‌وه‌م پێبڵێن كه كه‌سێكی گێژو حۆلم به‌ڵام ڕازیی نه‌ده‌بووم به ئاقڵم دابنێن‌و درۆ به‌رده‌وامه‌كانی ژیانی ئه‌وان بكه‌م .
من كه‌سم خۆش نه‌ده‌ویست ته‌نها دایكم نه‌بێت.
دایكیشم ئه‌و شه‌وه‌ی باوكم هاته ژووره‌كه‌وه پارچه پارچه‌ی كردم زه‌مه‌نێكی زۆر له مێژ بوو ته‌نها له نێو بیره‌وه‌ریه‌كانما ده‌ژیا، ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی كه ته‌نها له‌و ژووره‌دا له‌گه‌ڵیا ده‌ژیام كه هه‌ر یه‌كسه‌ر دوای مردنی دایكم تێی ڕۆشتم‌و ده‌رگای ته‌نهایم له‌سه‌ر خۆم داخست.
هاوڕێكانیشم یه‌كه یه‌كه گه‌وره‌بوون‌و هه‌ندێكیان ئێره‌یان به‌جهێشت‌و هه‌ندێكی تریان ژنیان هێناو ئه‌و كه‌سانه‌شیان که پارچه‌كانی منیان كۆكرده‌وه به ڕوونی نازانم چیده‌كه‌ن. من به درێژی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی ژیام به كچێكم نه‌وت خۆشم ده‌وێیت، له ڕاستیشدا كه‌س منی خۆش نه‌ده‌ویست، هه‌ركه‌سێكم خۆش بویستایه بشمردایه له ڕووم نه‌ده‌هات پێ‌ی بڵێم. ئه‌و جاره‌ش كه لای هاوڕێیه‌كم وتم وا هه‌ست ئه‌كه‌م کچێک خه‌یاڵمی داگیركردوه، هاوڕێكه‌م به سوكایه‌تیه‌كه‌وه وتی تۆ‌و خۆشه‌ویستی كوجا مه‌رحه‌با، ئیدی بۆ ئه‌به‌د له خۆشه‌ویستیش په‌شیمان بوومه‌وه .
باوكم هه‌رگیز منی خۆش نه‌ویست، منیش ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت به گومانم له خۆشه‌ویستی خۆم بۆ ئه‌و، هیچ كاتێكیش نه ئه‌و وا هه‌ستی كردوه من خۆشم ده‌وێ، نه ئه‌ویش بچوكترین سۆزی نواندوه به‌رامبه‌ر به من.
له دڵه‌وه زۆربه‌ی جاره‌كان بێ تاقه‌ت ده‌بوم، له‌و ژووره ته‌نیایه‌ی كه ته‌نها بیره‌وه‌ریه‌كانی دایكمی تیادا ده‌ژیا پڕ به دڵ ده‌گریام كه له چ ته‌نهاییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژیم.
هاوڕێكانیشم كه‌سیان نه‌هاتن بۆ لام‌و هه‌واڵێكم بپرسن، منیش هێنده حه‌زم به چاره‌ی كه‌سیان نه‌ده‌كرد، ناحه‌قیشم نه‌بوو چونكه خۆم به مرۆڤێكی په‌راوێزكراو ده‌هاته به‌رچاو. له‌و دووره‌وه ده‌گریام‌و بیرم له بێهوده‌یی ژیان ده‌كرده‌وه، زۆربه‌ی زۆری جاره‌كان من كۆتایی هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كم ده‌بینی نه‌ك سه‌ره‌تاكه‌ی، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كیم ئه‌وه بوو كه‌س له‌وه تێنه‌ده‌گه‌شت كه من باس له چی ده‌كه‌م.
دایكم كه ئێستا له بیره‌وه‌رییه‌كی دوور دورما ده‌ژی سه‌ری ده‌خستمه كۆشی خۆیه‌وه‌و ده‌یووت ئه‌م باوكه‌ی تۆ ده‌یه‌وێت بۆ هه‌زار ساڵی تر بژی.
ئه‌وكاته من له‌و قسه‌یه نه‌ده‌گه‌یشتم، به‌ڵام كه شه‌وه‌های شه‌و دوای ئه‌وه له ژووره ته‌نیایه‌كه‌دا بیرم لێده‌كرده‌وه مانای قووڵی ئه‌و قسانه‌م بۆ ده‌رده‌كه‌وت كه دایكم له شه‌وێكی زستاناوی سارددا له‌به‌ر سۆپا گه‌رمه‌كه بۆی ده‌كردم.
من نه‌مده‌زانی بۆچی بووبووم به بار به‌سه‌ر پشتی باوكمه‌وه، دڵنیام ئه‌ویش به ته‌واوی نه‌یده‌زانی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده حاڵی بووبوو كه ئیدی بوونی من له‌و ماڵه‌دا زیاده‌یه، نه‌ك هه‌ر له ماڵ به‌ڵكو له خه‌یاڵ‌و بیره‌وه‌رییه‌كانیشیا كه هیچ سۆزێ‌كی تێدانه‌بووه. ئه‌و شه‌وه‌ی باوكم پارچه پارچه‌ی كردم‌و كوشتمی من له ژووره‌وه زۆرم سه‌رما بوو، ته‌مه‌نێكی وه‌هام نه‌كردبوو كه بچوكترین دڵی پێ خۆش بكه‌م، ئه‌و شه‌وه ده‌مویست ئیدی بمرم‌و ئه‌و هه‌موو خه‌فه‌ت‌و بیره‌وه‌ریه تاڵ‌و خۆشانه نه‌مكوژێت. خۆم ڕووت كرده‌وه‌و له‌و ژووره سارده‌دا كه سۆپاكه‌م هه‌ر له ئێواره‌وه كوژاندبوویه‌وه له‌سه‌ر دۆشه‌كێك كه بۆنی مناڵی لێده‌هات دانیشتم. ئاماده بووم بۆ مردن، كه باوكیشم به شه‌ق قاپییه‌كه‌ی شكاند‌و به چه‌قۆ گه‌وره‌كه‌ی بێ ڕه‌حمیه‌وه خۆی كرد به ژووره‌كه‌ی ناو ڕۆحما، من زه‌مه‌نێكی زۆر بوو له خه‌یاڵه‌كانی ئه‌ودا پارچه پارچه كرابوم‌و له په‌نجه‌ره‌كه‌ی دڵییه‌وه فڕێ درابوومه‌وه خـــــواره‌وه.
*له‌ژماره(49)گوڤاری(ئاینده)دا بڵاوبوه‌ته‌وه به‌هاری2003/ دربندیخان*
هه‌ناسه قووڵه‌كانی مارگــرێـتا.
ئاهـ ... باوكه تۆ له كوێ بوویت ... ؟
باوكه گیان له كوێ بویت ئه‌و كاتانه‌ی من پێویستیم به تۆ هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ته‌نیاییه ده‌رت هێنابام... له كوێ بوویت ... ئه‌و كاته‌ی ڕۆحم تا ده‌هات بچوكتر ده‌بوویه‌وه... دڵم تا ده‌هات زیاتر ده‌گوشر... له چاوه میهره‌بانه‌كانی خۆت دا جێم بكه‌وه ...له دڵه پڕ بۆنه‌كه‌ی خۆت دا جێگایه‌كم به به‌رده‌وامی بده‌رێ... ئه‌و دڵه‌ی به‌رده‌وام بۆنی خۆشه‌ویستی لێده‌هات... من كچه‌كه‌ی خۆت باوكه گیان... كچه تاقانه‌كه‌ت... ئه‌و كچه‌ی هه‌موو جار به مناڵی شتت بۆ ده‌هێنامو دواجاریش به ماچێكی گه‌رمی خۆت خۆشه‌ویستییه به‌رده‌وامه‌كانی خۆتت پێ ده‌به‌خشیم... ئه‌و كچه‌ی هه‌موو جار به مناڵی له‌سه‌ر پشتت یاری مناڵ‌و ئه‌سپه‌كه‌مان ده‌كرد ... تۆ خۆت ده‌كرد به ئه‌سپه‌كه‌و منیش له‌سه‌ر پشتت داده‌نیشتم ...
هه‌موو جار ده‌ت خستمه سه‌ر ملت‌و به‌ده‌نگه نزمه‌كه‌ت له ژێره‌وه گۆرانیت بۆ ده‌ووتم ... گوێت له هه‌ناسه‌كانمه باوكه چۆن چۆنی دێت‌و ده‌ڕوات ...گوێت له ده‌نگمه باوكه چۆن چۆن به كزۆڵه‌یی‌و سه‌ر شۆڕی ده‌یبیستیت..." شه‌وان له حه‌وشه‌كه‌دا داده‌نیشت ... هه‌موو جار منی له پاڵ خۆیدا داده‌نا ... ده‌یووت شكور بۆ خوا كچه‌كه‌م گه‌وره بووه ... هه‌روه‌ها له بیرمه ده‌یووت تۆ بڵێی فریای ئه‌وه بكه‌وم له زه‌ماوه‌نده‌كه‌یدا خه‌ڵك پۆل پۆل بێن بۆ لام‌و پیرۆزبایی ئه‌وه‌م لێبكه‌ن كه چ شا كچێكم داوه به شوو ... "
" شه‌وانی هاوین كاتێك كه منداڵ بووم له سه‌ربان ده‌خه‌وتین ... من وازم لێ نه‌ده‌هێناو ده‌ستم به گریان دهكردو ده‌مووت من له باوه‌شی بابه‌دا ده‌خه‌وم‌و ئه‌ویش به میهرێكه‌وه ده‌یخستمه پاڵ جێگاكه‌ی خۆی‌و تا دره‌نگانێك ئه‌و كاتانه‌ی من خه‌و ده‌یبردمه‌وه قسه‌ی خۆشی بۆ ده‌گێڕامه‌وه ... "
باوكه گیان ئه‌و شه‌وانه چه‌ند خۆش بوون ... وه‌ك ئه‌م شه‌وانه‌ی ئێستا نه‌بوون ... ئه‌م شه‌وانه‌ی كه درێژاییان هه‌ر نابڕێته‌وه ... ئه‌م شه‌وانه‌ی كه تاریكاییان هێنده‌ی تر دنیا داگیر ده‌كه‌ن ... ئه‌و شه‌وانه‌ی ڕابردوو هه‌مووان بووین ... ژیانێكی چ دڵسافانه ده‌ژیاین ... ژیانێك پڕ بوو له خۆشه‌ویستی‌و ساده‌یی ... تۆ له كوێیت له‌و دیو زه‌مه‌نه‌وه‌یت یان له خانه‌كانی مێشكی مندا ... چه‌ند فرسه‌خ دووریت ... له دڵی مندایت یان له ماڵه تاریكه‌كانی زه‌ویدا ... گوێت لێمه باوكه ... گوێت له هه‌ناسه قوڵه‌كانمه باوكه ... له گۆڕه‌كه‌ت هه‌ڵسه‌ره‌وه‌و وه‌كو جاران گوێ بۆ قسه‌كانم ڕاگره ... له‌و هه‌موو خه‌ڵكه ته‌نها تۆم هه‌یه گوێم بۆ ڕابگری ... ته‌نهایی چه‌ند سامناكه باوكه ... دڵنیام كه گوێت له‌م قسانه‌م ده‌بێت چاوه‌كانت پڕ ده‌بن له فرمێسك‌و به هه‌ردوو ده‌ست وه‌ك ئه‌و جارانه‌ی توڕه ده‌بوویت قژی خۆت ده‌ڕنییه‌وه ... پڕ به گه‌رووت هاوار ده‌كه‌یت‌و ده‌نگیشت له ڕۆحـی خۆت زیاتر كه‌سی دی نایبیستێت دڵنیام ده‌گریت ... وه‌ك چۆن ئه‌و جارانه‌ی ده‌گریایت‌و منیش له‌گه‌ڵتا ده‌ستم ده‌كرد به‌گریان‌و ئیدی تۆ منیشت ژیر ده‌كرده‌وه‌و خۆشت ژیر ده‌بوویته‌وه ... بگری بگری باوكه ... منیش ده‌گریم‌و با تا ئه‌به‌د بگرین ... باوكه ته‌نها گریانه ئه‌م ئازاره قووڵه‌ی ناو ڕۆحمان ده‌كوژێت ... ئه‌و ئازاره‌ی كه به‌رده‌وام‌و بۆ ئه‌به‌د به ناومانه‌وه لكاوه ...
باوكه گیان .. تۆ له كوێیت ...
بریا هه‌ردووكمان به‌یه‌كه‌وه بمردینایه‌و منت بۆ ئه‌م دۆزه‌خه جێ نه‌هێشتبایه ... گه‌ر له‌و ساته‌ی تۆدا منیش بمردبایه‌م و ئه‌م هه‌موو ئازاره‌و ناخۆشی‌و مه‌رگه‌م نه‌دیبایه ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌و به ئاسوده‌یی له گۆڕه‌كانی خۆماندا ڕاده‌كشاین‌و هیچ خه‌به‌رێكمان له‌م مردنی ژیانه نه‌بوو ... ئه‌زانی بۆ ؟ چونكه یه‌كێك نه‌ده‌هاته ناو ڕۆحته‌وه وه‌كو چۆن ئێستا من له‌گه‌ڵتا ئه‌دوێم ئاوه‌ها به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵتا بدوایه ... دڵنیام باوكه دوای بیستنی ئه‌م قسانه‌م هه‌ست به‌گوناه ده‌كه‌یت ... په‌شیمانی ڕۆحتی داگیركردووه نه‌فره‌ت له‌و ئافره‌ته ده‌كه‌یت كه بۆ ڕۆژێك له ڕۆژان خۆشت ویستووه‌و له‌و له‌زه‌ته‌ش هه‌رگیز نابوری كه له شه‌وێكدا له‌گه‌ڵیدا خه‌وتویت‌و ئه‌و كوڕه‌ت لێ بوو كه بۆ دواین جار هه‌رچیت بینا كردبوو ڕوخاندی ...
دایكه گیان ... من كچه تاقانه‌كه‌ی خۆت ... كچه بێ كه‌سه‌كه‌ی خۆت ... ئه‌و كچه‌ی له ڕه‌حمی تۆ هاتمه ده‌رێ‌و به ڕه‌حمی تۆشه‌وه گه‌وره بووم، من خۆشه‌ویسته‌كه‌ت‌و منداڵه نازداره‌كه‌ت....... ئه‌و خۆشه‌ویست‌و منداڵه‌ی به‌رده‌وام له باوه‌شت ده‌كردم‌و به‌رده‌وام نه‌تده‌هێشت بۆ جارێكیش برسی بم‌و به مه‌مكه‌كانت ده‌مت پڕ ده‌كردم له شیر ... ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی جلی تازه‌ت بۆ ده‌كڕیم‌و هه‌موو جار قژت بۆ شانه ده‌كردم " به‌یانیانی ساردی زستان له خه‌و هه‌لی ده‌ساندم‌و نان‌و چای ده‌داپێم‌و به ماچێكی گه‌رمه‌وه كه له‌و به‌یانیه سارده دا ده‌روونی ئارام ده‌كردمه‌وه ڕه‌وانه‌ی قوتابخانه‌ی ده‌كردم ... "
" له‌شه‌وه درێژه‌كانی زستانیش دا دره‌نگانێك به‌تانیه‌كه‌ی ده‌دا به‌سه‌رمداو من خه‌وتبووم كه ئه‌و به ماچی لێوه ناسكه‌كانی خۆشه‌ویستی بۆ هه‌زاره‌مین جار بۆم ده‌رده‌بڕی ... "
ئاه ... دایكه گوناهباره‌كه‌م ... چ زوو ئاوا دڵت گۆڕاو ... چ زوو ئاوا خۆشه‌ویستیت وشكی كرد ...
چۆن چۆنی دڵت هات ئه‌وه‌م به‌سه‌ر بێنی‌و ئیدی ئه‌و تاڵی خۆشه‌ویستی‌و ڕه‌حمه بۆ ئه‌به‌د بپچڕێنـی كه له نێوانی منی كچ‌و تۆی دایكدا هه‌بوو ... دایكه دڵڕه‌قه‌كه‌م ... چۆن ئه‌و دڵه‌ت گۆڕا پێم بڵێ ... جاران ئه‌گه‌ر چه‌ند چركه‌یه‌ك له‌به‌ر چاوتا ونبوومایه شێت‌و هار ده‌بوویت‌و ده‌كه‌وتیته پرسیار كردنم ... پێت ده‌ووتم كچه‌كه‌م هه‌رگیز له‌گه‌ڵ كوڕاندا یاری نه‌كه‌یت‌و به ته‌نیا نه‌مێنیته‌وه ... بگری ... دایكه .. بگری .. بۆ هه‌موومان بگری .. بۆ خۆت بگری ... بۆ تاڵه سپیه‌كانی سه‌رت بگری كه نه‌فره‌تت لێده‌كه‌ن ... بۆ ته‌مه‌نی به با چووی خۆت بگری .. بۆ ته‌مه‌نی به با چووی من.. دایكه دڵڕه‌قه‌كه‌م .. ده پێم بڵێ چۆن چۆنی دڵت هات ... "شه‌وێكی باراناوی بوو .. خه‌ڵكی هه‌موو خزا بوونه‌وه ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه ... هه‌وایه‌كی سارد له‌گه‌ڵ بارانه‌كه‌دا ده‌هات ... هه‌وایه‌ك خۆی ده‌كرد به هه‌موو ماڵه‌كاندا ... له ژێر ده‌رگاكه‌وه ... له درزه بچوكه‌كانی په‌نجه‌ره‌كه‌وه .. ته‌نانه‌ت له ناو دیواره‌كه‌شه‌وه ... من‌و دایكم له ماڵه‌وه بووین .. كاكم له بازاڕ بوو ... دایكم له به‌رده‌می سۆپاكه‌دا هێنده‌ی تر ته‌نیا ده‌ینواند ... منیش له به‌رده‌می ته‌له‌فزوێنه‌كه‌دا دانیشتبووم ... هه‌ستم به سه‌رما ده‌كرد ...
سه‌رمایه‌كی كوشنده ... نه‌مده‌زانی چیه ... خودایه دڵم هێند به خێرای لێیده‌دا ... بێده‌نگییه‌كی سه‌یر ژوره‌كه‌ی داگیر كردبوو، ته‌نها ئه‌وه‌ی به كزی ده‌نگی ده‌هات كچی ناو ته‌له‌فزوێنه‌كه بوو ...دایكم ده‌ستی كرد به سیگار پێچانه‌وه یه‌كێكی داگیر ساندو هێنده‌ی تر له‌به‌ر سۆپاكه‌دا ته‌نیا تر ده‌ینواند ... مژه قوڵه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی چ حه‌سره‌تێكیان له دڵ ده‌باراند ... دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كه به ژووره‌كه‌دا په‌خش ده‌بوویه‌وه‌و ته‌نهایی‌و بێكه‌سیی منی ده‌نووسی ...له ژێر سه‌رپۆشه سپییه‌كه‌ی سه‌رییه‌وه به‌دزییه‌وه نیگای سه‌یر سه‌یری تێده‌گرتم ...خودایه ئه‌وه چ جۆره سه‌یركردنێك بوو .. من هه‌رگیز ڕووخساری دایكم به‌و شێوه سامناكه نه‌دیبوو...هه‌رگیزاو هه‌رگیزیش به‌و ته‌نیاییه نه‌مدیبوو ...چ بكه‌م نه‌مده‌زانی.. بیره‌كان هێنده‌ی تر ئازاریان به مێشكم ده‌به‌خشی .. ڕۆژانی پێشتر هه‌ستم به چپه چپی نێوان كاكم‌و دایكم كردبوو .. هه‌ستم كردبوو پاش ئه‌وه‌ی كه ته‌ڵاق درام شێوه‌و قسه‌و ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵما گۆڕاوه‌و زۆربه‌ی جار كه ده‌ڕۆم به‌سه‌ریان دا قسه‌كانیان كۆتایی پێ دێنن‌و ده‌یبڕنه‌وه.
سه‌رم پتر قورس‌تر ده‌بوو ...دڵم زیاتر ده‌گوشرا ...بێده‌نگی هێنده‌ی تر ئازاری ده‌دام ... له ده‌ره‌وه هه‌وایه‌كی سارد ده‌هات...
له‌ده‌ره‌وه بارانێكی به خوڕ ده‌باری‌و ده‌نگی تێكه‌ڵ به بێده‌نگیی دنیا ده‌بوو ...خودایه چ حه‌زم ده‌كرد له‌به‌ر ئه‌و بارانه‌دا بوومایه له ده‌ره‌وه‌و بۆ ئه‌به‌د ئه‌م ژووره نه‌فره‌تیه‌م نه‌دیبایه ...ئه‌و ژووره‌ی مه‌وداكانی دڵته‌نگی درێژتر ده‌كه‌نه‌وه ... له پڕ له ده‌رگا درا .. ڕۆشتم كردمه‌وه كاكم‌و سێ كه‌سی تر بوون من پێشتر هیچ یه‌كێكم له‌وان نه‌دیبوو، فه‌رمووی لێ‌كردن‌و ئه‌وانیش به چاوێكی فێڵاویه‌وه سه‌یرێكیان كردم‌و ئیدی لێدانه خێراكانی دڵی من تا ده‌هات زیاتری ده‌كرد. ئه‌وان له ژووری ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌دا دانیشتن‌و منیش له مه‌تبه‌خه‌كه‌دا له‌سه‌ر زه‌وییه سارده‌كه دانیشتم. له دڵی خۆم دا ده‌مپرسی ئه‌م میوانانه كێن؟ ئه‌و سه‌یركردنه حه‌ز ئامێزه‌یان له چی بوو؟ ژووره‌كه ساردتر ده‌بوو ... دنیا تا ده‌هات ساردتر ...ڕۆحی منیش بۆ هه‌میشه ساردتر. كاكم خۆی كرد به مه‌تبه‌خه‌كه‌داو دایكمی لای ئه‌وان به‌جێهێشت.
دایكم به بێده‌نگی له به‌رده‌می سۆپاكه‌دا دانیشتبوو... دایكم چه‌ند ته‌نهاتر ده‌ینواند.. دڵم چه‌ند به خێرای لێ‌ی ده‌دا.. هاته‌پاڵم و دانیشت .. هه‌ناسه‌كانم تا ده‌هات ته‌نگتر ده‌بوو ... كه‌وته قسه‌ی خۆش بۆم .. وتی خۆت ده‌زانی ژیانمان چۆنه‌و له چ ته‌نگانه‌یه‌ك دا ده‌ژین منیش چ بێ ئیشیه‌ك ڕووی تێ‌كردووم .. ئه‌وه چ ده‌ڵێ خودایه ... داوای چیم لێ‌ده‌كات .. جا بۆیه ئه‌م میوانانه‌م هاتوون‌و ده‌یانه‌وێت هه‌ر ئه‌م شه‌و لایان بمێنیته‌وه من خۆم ده‌تنێرم‌و خه‌می دایكیشمت نه‌بێت ڕازییه ... چ نیه شه‌وێكه‌و به‌س ... زۆر لایان نامێنیته‌وه‌و به سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕێیته‌وه ... گریام ... خودایه چه‌ند گریام .. دنیا تا ده‌هات ساردتر ده‌بوو .. دنیا تا ده‌هات تاریك تر ده‌بوو .. هێنده‌ی تر تاریك تر .. چه‌ند قسه‌ی كرد .. چه‌ند دڵی دامه‌وه .. هه‌ر گریام ... ڕازیی نه‌بووم .. چه‌قۆیه‌كی له ملم ئاڵاندو توند قژی گرتم .. چه‌ند گریام سوودی نه‌بوو ... دایكیشم له‌و دیو، له به‌رده‌می سۆپاكه‌دا هێنده‌ی تر ته‌نها تر ده‌ینواندو ... له ده‌ره‌وه تارماییت ده‌بینم .. له ده‌ره‌وه ڕۆحت ده‌بینم .. تووڕه‌یت .. وه‌كو جاران تووڕه‌یت .. دڵت زۆر ته‌نگه .. باوكه، سه‌ری خۆت ئه‌كێشی به خۆڵه‌كه‌ی سه‌ر سه‌رتا .. چه‌ند ته‌نهام باوكه .. ده‌گریم .. ده‌گریم‌و ته‌نها تۆش له گریانم ئاگاداریت .. بگری .. ده‌گریم .. باوكه .. با هه‌ردووكمان بگرین .. وه‌ك چۆن جاران به‌یه‌كه‌وه ده‌گریاین ...
تۆ له‌كوێیت.؟ برا نازداره‌كه‌م .. برا شیرینه‌كه‌م .. كاكه به‌ڕێزه‌كه‌م .. من‌و تۆ چ دووانه‌یه‌كی خۆشه‌ویست بووین .. چ دووانه‌یه‌كی نازدار بووین .. من خوشكه بچووكه چاو سه‌وزه جوانه‌كه‌ی خۆت .. ئه‌و خوشكه‌ی زۆربه‌ی زۆری ته‌مه‌نی مناڵیت له‌گه‌ڵیدا به‌سه‌ر برد .. چه‌نده‌ها جار به‌یه‌كه‌وه یاری خۆشمان دهكردو به‌یه‌كه‌وه حیكایه‌تی خۆشمان بۆ یه‌كتر ده‌گێڕایه‌وه، له‌و حیكایه‌تانه‌ی پڕ بوو له كچ‌و كوڕێك، خوشك‌و برایه‌ك هه‌بوو "به یه‌كه‌وه شه‌ڕه ئاومان ده‌كرد ... هه‌ردووكمان گیانمان ده‌بوو به ئاو .. پێده‌كه‌نین... دایكیشم له دووره‌وه بانگی ده‌كرد مناڵینه وامه‌كه‌ن .. بۆ ئه‌وه‌نده هارن ئه‌و ئاوه به خه‌سار ئه‌ده‌ن .. نیوه‌ڕوانی گه‌رمی هاوین نه‌ده‌خه‌وتین .. له حه‌وشه‌كه‌دا به‌یه‌كه‌وه یاری خه‌ت خه‌تێنمان دهكردو هه‌موو جار من لێم ده‌برده‌وه‌و ئه‌ویش خۆی توڕه ده‌كرد .."
ئاه ... برا خائینه‌كه‌م .. برا زۆڵه‌كه‌م ..
چ تاوانێكت پێكردم‌و چ تاوانێكیشت كرد ... ئه‌ی بیرت چوو من خوشكه نازداره‌كه‌ی خۆت بووم .. چۆن زاتی ئه‌وه‌ت كرد په‌نجه‌ی زبری پیاوانێك به‌ر سینه‌م بكه‌ون كه نه‌ده‌بوو من بیانناسم ... چۆن دڵت هات خوشكه جوان‌و ناسكه‌كه‌ت له ژێر سمێڵی ئه‌و پیاوانه‌دا ببینیت كه به‌رده‌وام سمێڵیان فش ده‌كه‌ن‌و ورگیان پڕده‌كه‌ن ... باوكه ده‌تبینم خه‌ریكه شێت‌و هار ده‌بیت ...
سه‌یركه .. چۆن كوڕه شیرینه‌كه‌ی خۆت به‌و ده‌ستانه‌ی منی به‌خشی‌و تۆشی له گۆڕه‌كه‌دا بۆ ئه‌به‌د نائارام كرد ..
( خۆی به‌و ده‌ستانه‌ی خۆی پیاوم بۆ ده‌خاته ژووره‌وه‌و له ده‌ره‌وه‌یش دواتر گیرفانه‌كانی خۆی پڕده‌كات .. ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی گیرفانه‌كانی پڕبن .. پڕ ..)
باوكه ده‌تبینم خه‌ریكه شێت‌و هار ده‌بیت ..
چ تاریكه‌یه‌كه خودایه ..
ده‌تبینم جنێ‌و ده‌ده‌ی .. سه‌ر ده‌كێشی به خۆڵه‌كه‌ی سه‌ر سه‌رتا ..
تۆ له كوێی ..؟
تاقانه براكه‌م بیرت چوو ئێمه كوڕ‌و كچی یه‌ك پیاوین ..!
"سواری ئۆتومبیلێكیان كردم‌و دایك‌و كاكم له به‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌دا وه‌ستا بوون‌و منیش له جامی دواوه سه‌یرم ده‌كردن، یه‌كێك له میوانه‌كان له ژێر ڕووناكی گڵۆپه كزه‌كه‌ی به‌ر ده‌رگادا كه بارانه‌كه هێنده‌ی تر كز تری ده‌كرد بینیم چۆن چۆنی هه‌ندێك پاره‌ی كرده گیرفانی براكه‌مه‌وه‌و ئیدی له ژێر ئه‌و بارانه‌دا به ته‌نهایی به‌جێمان هێشتن... یه‌كێكیان له ته‌نیشتمه‌وه دانیشت‌و ئه‌وانی تریش له پێشه‌وه .. بارانه‌كه تا ده‌هات زیاتر ده‌باری ...
به‌کۆڵانه باریكه‌كانی شاردا بردمیان‌و ئه‌وان هه‌ر پێده‌كه‌نین ... نه‌مده‌زانی بۆ كوێم ده‌به‌ن ... دڵم تا ده‌هات ته‌نگ تر ده‌بوو .. له دووره‌وه شار له ژێر ئه‌و بارانه به‌خوڕه‌دا له ڕووناكییه‌كی كه‌م ده‌چوو له ژێر ده‌ریایه‌كی گه‌وره دا ...
دنیا تاریك تر ده‌بوو ... ئه‌وان هه‌رپێده‌كه‌نین ... به ماڵه‌وه‌یان وت به‌یانی زوو بۆتان ده‌هێنینه‌وه دایكم له به‌رده‌می سۆپاكه‌دا چ دیمه‌نێكی سامناكی هه‌بوو ... ئۆتۆمبیله‌كه هه‌ر ده‌ڕۆیشت، ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم ده‌ستێكی خسته سه‌ر ملم و وتی چیه دڵت زۆر بێتاقه‌ت دیاره، هیچم نه‌ووت . هیچم پێ نه‌ووترا .
ئه‌وه‌ی پێشه‌وه وتی ئه‌م سێوه ببینن ڕێگا به هه‌موو شتێك ده‌ده‌ن بڕوات ... گوێم لێ‌بوو ئه‌وه‌ی پاڵیشی كه لێ‌ی ده‌خوڕی وتی كوڕینه سه‌یركه‌ن ئه‌مه چ به‌رخێكه ئه‌و برا خوێڕییه‌ی چۆن دڵی هات ... ئه‌وان پێده‌كه‌نین .. ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم كه‌وته ماچ كردنم .. من چ بكه‌م .. جا چیم له‌ده‌ست ده‌هات ... دڵم تا ده‌هات خێراتر لێ‌ی ده‌دا ... به لێوه زبره‌كانی كه‌وته لێساندنه‌وه‌ی لا ملم .. ئه‌وانی تر پێده‌كه‌نین‌و قسه‌یان ده‌كرد ... نه‌مزانی چ ده‌ڵێن ... به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌م گوێ لێ‌بوو كه شۆفێره‌كه ده‌یووت شه‌وێكی تر هی خۆمانی ... با ئه‌م شه‌و بۆ ئه‌وان بیت .. ئه‌وی پاڵیشم ده‌یووت بخۆن گه‌وادینه بخۆن، ئه‌مه چۆن به‌رخێكه ... ئه‌وه‌ی تریش به ده‌ستێكی خه‌ریك بوو خۆی ده‌كرده‌وه‌و به مڵچه‌ی ماچه‌كانیشی گوێی كه‌ڕ كردبووم ده‌یووت تۆ سه‌یریكه ئه‌مه چ سێوێكه ... ئیدی ئیشی خۆی كرد ... خودایه، چ بۆنێكی پیسی لێده‌هات .. چ له‌زه‌تێكی بۆگه‌نی ده‌رخوارد ده‌دام .. گه‌یشتینه شوێنێك پێده‌چوو سنوری وڵاتێكی تر بێت، له ئۆتۆمبیله‌كه دایانگرتم‌و ته‌سلیمی چوار سه‌ربازیان كردم كه مه‌حاڵ بوو له زمانیان بگه‌م ...
چه‌ند ئۆتۆمبیلێكی بار هه‌ڵگر وه‌ستابوون چاوه‌ڕێی ئاودیو بوونیان ده‌كرد .
چاوم لێ بوو پاش ئه‌وه‌ی كه من ته‌سلیم كرام چۆن ئۆتۆمبیله بار هه‌ڵگره‌كان ئاودیو بوون‌و سه‌ربازه‌كان له ناو خویان دا پێده‌كه‌نین .. شه‌وێكی زۆر دره‌نگ بوو .. شه‌وێكی باراناوی سارد بوو ... ژوورێكی زۆر بچووك .. مێزێكی خڕ دانرابوو كه به‌سه‌ریه‌وه ده‌یه‌ها جۆری خواردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بوو ... سۆپایه‌كی دار ژووره‌كه‌ی گه‌رم كردبوو .. چوار ئه‌فسه‌ر خه‌ریكی خواردنه‌وه بوون .. پێده‌كه‌نین .. گۆرانیان ده‌ووت ... چه‌پڵه‌یان لێده‌دا ... یه‌كێكیان جله‌كانی له‌به‌رم داكه‌ندو ئه‌وانیش به مه‌ستی یه‌كه یه‌كه قایشی پانتۆڵه‌كانیان كرده‌وه‌و خۆیانیان به‌سه‌ر دا دام ...”
دڵم چه‌ند ته‌نگه خودایه ...ڕۆحم چه‌ند بچووكه خودایه ... له دووره‌وه ده‌نگت ده‌بیستم ... له دووره‌وه هه‌ستت پێده‌كه‌م ...
وه‌كو جاران له باوه‌شی خۆتا ده‌م خه‌وێنی‌و له ژێر لێوه‌وه گۆرانی خۆشم بۆ ده‌ڵێیت ... له دووره‌وه چه‌ند ته‌نهایت ... له دووره‌وه چه‌ند ته‌نهام ... بیرت ده‌كه‌م .. تۆ له كوێی .. چه‌ند فرسه‌خ دووریت .. له دڵی من دایت یان له ماڵه تاریكه‌كانی خۆڵدا ...ئه‌م شه‌وانه چه‌ند درێژن .. ئه‌م تاریكیه چه‌ند به‌رینه ... ئه‌م ته‌نهایه چ گه‌وره‌یه ... بیرت ده‌كه‌م باوكه .. چه‌ن پێویستیم به قسه‌ی خۆش هه‌یه .. بیری قسه خۆشه‌كانت ده‌كه‌م .. چ پێویستیم به پێكه‌نین هه‌یه ... بیری پێكه‌نینه‌كانت ده‌كه‌م ... چه‌ند پێویستیم به گریان هه‌یه باوكه ... بیری گریانه‌كانت ده‌كه‌م ...
بگری .... ده‌گریم....با ببارێ فرمێسك ... با لافاوی فرمێسك بمان بات ... چ زوو ئاوابوویت ... چ زوو سه‌فه‌رت كرد باوكه ... گوێت له هه‌ناسه‌كانمه باوكه چ به خێرای دێن‌و ده‌ڕۆن ...
گوێت له هه‌ناسه قوڵه‌كانمه باوكه ......
گوێت له دڵمه باوكه چ مۆسیقایه‌كی غه‌مگین به‌رهه‌م ده‌هێنێت ...
تۆ له كوێیت ...باوكه ...؟؟
*له‌ژماره (1) گۆڤاری (چیرۆكنما) له هه‌ولێر بڵاوبوه‌ته‌وه هاوین‌و زستانی دربندیخان/هه‌ولێر/2001/2002
یه‌كه یه‌كه‌ی ته‌رمه‌كانم هه‌ڵدایه‌وه...
خۆیان بوون .. هه‌موو ئه‌وانه‌ی به بێده‌نگی مردن ...
كاتێك گه‌ڵابه سووره‌كه هه‌موویانی له‌سه‌ر ئه‌و پارچه زه‌وییه بچووكه به‌جێهێشت ... به شێوه‌یه‌كی ئێجگار سه‌ر سوڕهێنه‌ر زۆر بوون... عه‌سرێكی دره‌نگ بوو كه شار هه‌واڵی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانی پێگه‌یشت ... شار به‌جۆرێك هه‌واڵه‌كه‌ی به ئاسایی وه‌رگرت جگه له من هیچ كه‌سێكی دی ئاماده‌ی ئه‌و مه‌راسیمه خه‌مناكه نه‌بوو... نه‌ده‌بوو منیش نه‌چم.
به‌دیار گه‌ڵابه سووره‌كه‌وه وه‌ستام تاوه‌كو ته‌رمه‌كان هه‌ڵـڕێژێـت . سایه‌قه پیره‌كه كه ده‌م‌و چاوی بۆنی مردووی لێ ده‌هات به توڕه‌ییه‌كه‌وه كه بێزاری لێ ده‌باری له جامی گه‌ڵابه‌كه‌وه سه‌رێكی ده‌رهێناو پرســی: كوان، خه‌ڵكی شار لـه كوێن .. ده‌ڵێی ئه‌مانه هه‌مووی زۆڵن وا كه‌س لێیان ناپرسێته‌وه ... وتم خه‌ڵكه‌كه.. هه‌موویان مردوون، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش مابێت ئیدی تاقه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو ته‌رمه‌ی نیه ... له باكوری شاردا زه‌وییه‌كی ته‌ختانی هه‌بوو، ڕێگایه‌كی خۆڵ كه له ڕێگایه‌كی سه‌ره‌كی قیر جیا ده‌بوویه‌وه ده‌یگه‌یاندی به ئه‌وێ .. هه‌مویان .. ته‌رمه‌كان .. له‌وێدا بوون ...
" كه یه‌كه‌م فیشه‌ك ته‌قێنرا، دایكمیان بۆ باوكم هێنا، دایكم هه‌موو جار به من ده‌ڵێت ئه‌و ساڵه‌ی تۆ له دایك بوویت ژیان سه‌رله‌به‌ری گۆڕابوو، به‌جۆرێكی وا وڵات پڕ بوو له مرۆڤـی كوژراو .. مرۆڤی بێ سه‌رو بێ باڵ‌و بێ قاچ ... تا زیاتریش گه‌وره ده‌بوویت فیشه‌كه ته‌قێنراوه‌كان زیاتر دنیایان داگیر ده‌كرد... ئێمه هه‌ردووكمان مناڵی یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین .. هاوڕێ‌ی گیانی به‌گیانی یه‌كتری بووین .. یه‌ك جۆر جل‌و به‌رگمان هه‌بوو .. یه‌ك جۆر یاریشمان ده‌كرد .. به یه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕاین‌و زۆر جاریش به یه‌كه‌وه له ماڵی یه‌كتری نانمان ده‌خوارد .. كاتێكیش گه‌وره بوین .. ئاه، گه‌وره‌یی چ زوو به‌ره‌و مردنت بردین..."
كه پێ‌ی ده‌ووتم خۆشم ئه‌وێیت ... بارانه‌كه به خوڕ ده‌باری‌و ئێمه‌ش له‌ژێر چه‌تره‌كه‌داو له ناو گۆڕه‌پانی كۆلێژه‌كه‌دا پیاسه‌مان دهكردو به خه‌تێكی گه‌وره له‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ی بۆم ده‌نوسی .. ئه‌ی یار ... خۆشم ئه‌وێیت ..."
شه‌ڕی ناو خۆ ده‌ستی پێكرد ... له كۆڵانه هه‌ژاره‌كه‌مانداو له‌گه‌ڵ كوڕانی تردا چه‌كمان وه‌رگرت‌و ڕووه‌و به‌ره‌كانی شه‌ڕ هاتین ... ئه‌و به‌یانیه‌ی كه ڕێكخراین له بنكه‌ی پێشمه‌رگه‌كان سه‌رو جووت پێڵاو‌و قاتێكی تازه‌و (300) دیــناریان داپێمان .. ئاه .. ئه‌وه یه‌كه‌مین جار بوو پاره‌ی زۆر به خۆمه‌وه ببینم .. ئێواره تا ده‌هات توند تر ده‌بوو .. به ناو ته‌رمه‌كانا ده‌گه‌ڕام ... وامده‌زانی بۆنێكی ناخۆش له جه‌سته‌یانه‌وه دێت ... پێده‌چوو زه‌مه‌نێكی زۆر درێژ بێت مردبن .. ڕه‌نگیشه هه‌رگیز بۆنێكی ناخۆشیان لێوه نه‌هاتبێ‌و ئه‌وه ترس‌و خه‌یاڵاتـی خۆم بوو بێ درووستم كردبن ... له‌سه‌ر به‌ردێك داده‌نیشتم‌و سه‌یری یه‌ك به یه‌كه‌یانم ده‌كرد ... ده‌ستم ده‌كرد به گریان ... به جۆرێك بڕواناكه‌م پێشتر ئا به‌و شێوه‌یه له هیـچ شوێنێكی تر دا گریابم ... ئێستاش من دوودڵ بووم له‌وه‌ی بۆ ئه‌وان ده‌گریم یان بۆ خۆم ... " دایكم كه ئێستا پیری په‌لاماری ده‌دات .. هه‌موو فیشه‌كه ته‌قێنراوه‌كانی له‌بیره ..
له‌ژێر دار هه‌ناری حه‌وشه‌كه به‌یه‌كه‌وه دووای عیشایان له ژێر تیشكی گڵۆپه سپیه‌كه‌دا داده‌نیشین‌و پێم ده‌ڵێت: كه سه‌یرێكـی ڕابردوو ده‌كه‌م‌و ئه‌و هه‌موو پاشماوه‌ی نائومێدییه ده‌بینم دڵم بـۆ تۆ ده‌سوتــێ .. هه‌رگیزاو هه‌رگیز ئه‌و شه‌وه‌م له بیر ناچێت باوكت لــه سه‌ر خواردنــی نانێكــــــی زیاده تۆی به‌و مناڵییه‌وه كرده ده‌ره‌وه‌و تا به‌یانی له ده‌ره‌وه خه‌وت لـــــێ كه‌وت .." شه‌وه‌های شه‌و پێكه‌وه به كۆڵانه‌كاندا پیاسه‌مان ده‌كـــــرد .. ده‌فته‌ره‌كانـــی یادگاریمان شایه‌ته كه چه‌نده‌ها بیره‌وه‌ری خۆشمان هه‌بــوه .. ئه‌ی ئه‌و هه‌مــوو قسه خۆشانه چـی به‌سه‌ر هات كه سه‌رده‌مانێكی درێژمان پێ برده سه‌ر .. ئه‌و هه‌موو خه‌یاڵه خۆش خۆشانه‌ی هه‌مان بوو .. به‌ڵام ئاخ گه‌وره‌یــی .. چـۆن یه‌كه یه‌كه هه‌موومانت له یه‌كتری دابڕی .. "
''هه‌موو جار به منی ده‌ووت كه‌ی ماره‌م ده‌كه‌یت .. كه ده‌مووت دوای كۆلـێژ .. ماوه‌یه‌كی درێژ بـوو ... سه‌ده‌یه‌كــی نه‌هاتوو بـوو .. ئێستاش ئه‌وه پێكه‌نینه‌كانێتـــی به‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌كانمه‌وه ... ئه‌وه‌ش شوێنه‌كه‌یه‌تــی به خاڵێتـــی له یانه‌ی كۆلێژ ... ئه‌و شوێنه‌ی هه‌زاره‌ها جار به‌رامبه‌ری یه‌كتری دانیشتوین‌و ملوێنه‌ها به‌ڵێنــی پووچمان به یه‌كتری داوه ... "
ئه‌و ته‌نهایی‌و بێده‌نگییه هێنده‌ی تر ده‌یگریاندم .. به ته‌نها نه‌مده‌زانــی چــی بكه‌م .. ئاخر شاردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌رمه به یه‌ك كه‌س توانایه‌كــی زۆری ده‌وێ .. منیش نه‌ك هه‌ر ئه‌و توانایه‌م نه‌بــوو .. به‌ڵكو خه‌یاڵه‌كانیشم هێدی هێدی خه‌ریك بـوو ده‌یكووشتم .. به‌ناو هه‌موویاندا ده‌گه‌ڕام‌و دنیاش هێدی هێدی تاریك تر دا ده‌هات ... بایه فێنكه‌كه خۆی ده‌كێشا به ده‌م‌و چاومداو ترسێكـــی زیاتری پێ ده‌به‌خشیم ... دنیا ده‌گۆڕاو خه‌یاڵه‌كانیشم پارچه پارچه‌ی ده‌كردم ..
" نیوه‌ڕۆیه‌كــی زستان تازه له خه‌و هه‌ستابووم ... دایكم لێ‌ی پرسیم كــــوڕم ده‌ڕۆیت بــــۆ بازاڕ ... به بێتاقه‌تیه‌كه‌وه له‌ودیو ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌وه وتم نا دایكه ... ده‌ڕۆم بمرم‌و ئیدی ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌م له دوای خۆمه‌وه داخست ..."
" شه‌ڕه‌كانمان زۆر كه‌می ده‌خایاندو ئاشتیه‌كانمان ماوه‌یه‌كی زۆر درێژ ... به یه‌كه‌وه سه‌یری كچانمان دهكردو گوێمان له گۆرانـی ده‌گرت .. له‌سه‌ر یه‌ك ڕه‌حله‌ی قوتابخانه داده‌نیشتین‌و سه‌عیی كردنیشمان هه‌ر به‌یه‌كه‌وه بــوو .. ئه‌و شه‌وه‌ی ده‌یویست ئێره جێ بهێڵێت‌و بڕوات به بێتاقه‌تیه‌كه‌وه كـه من بۆ ماڵئاواییه‌كی یه‌كجاره‌كی چوو بووم بۆ لای .. له به‌رده‌م ده‌رگای حه‌وشه‌كه پێ‌ی وتم دڵته‌نگ مه‌به ده‌ڕۆم به‌ڵام هه‌رده‌م له‌یادمای.!
ساڵه‌های ساڵ نه‌ك هه‌ر یادی نه‌كردم، به‌ڵكو له نامه‌یه‌كدا نووسـی: ئیدی من‌و تۆ ته‌واو ... تۆ بۆ خه‌ونی خۆت بژی‌و منیش بۆ خۆم .. من ئه‌ورپــی‌و تۆش كورد ...
" ئاه، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌شه‌بایه له‌و وڵاته سارد‌و سڕه‌وه هه‌ڵبكات ... ئه‌و جه‌للاده ئه‌و هه‌موو كه‌پری خۆشیه تێك بدات كه من چه‌نده‌ها ساڵ بوو بنیاتم نابوو ... چه‌نده‌ها وه‌رزی دوور‌و درێژ به خه‌ونه‌كانییه‌وه ده‌ژیام ... به‌ڵێنمان به یه‌ك دابوو تا ئه‌به‌د یه‌كترمان خۆش بوێ ... به‌ڵام كابرا هه‌نده‌رانیه گه‌وره‌كه كاتێك بــه جانتایه‌ك پاره‌وه خۆی كرد به خه‌ونه‌كانیدا ... ئیدی ژیانی من تێكچوو ... ئه‌و به‌یانییه زووه لـه كۆلێژ بێ هیچ قسه‌یه‌ك ده‌ستی گرتم‌و لـه ڕاڕه‌وه‌كه‌دا پێ‌ی وتم .. خۆشه‌ویستی من‌و تۆ ته‌واو ... به هیچ بیره‌وه‌ریه‌كیشم مه‌ژی ... من ده‌ڕۆم ... تێده‌گه‌یت ڕۆیشتن مانای چی... ئیدی من له ناو ئه‌و بیره‌وه‌رییه درۆزنانه‌دا مردم كه ڕۆژانێك گۆرانیم بۆ ده‌ووت "
" دووباره شه‌ڕ ده‌ستی پێكرده‌وه ... من ته‌ماحه‌كانم گه‌وره‌تر بوو .. به په‌له خۆم كۆكرده‌وه‌و ئه‌مجاره به هیوای سه‌روه‌تێكی زیاتر ڕووه‌و سه‌نگه‌ره‌كان هاتم ...
به‌ڵام ئاه ... پاره ... كه له یه‌كه‌م هێرشدا به‌شداریم كرد ... له شوێنێكی پارێزراودا خۆم حه‌شاردا .. به‌ڵام له بیرم نی‌یه چ گولله‌یه‌كی نه‌گریس پێكامی‌و نه‌مزانی چه‌ند زه‌مه‌نێكه من مردووم ... من یه‌كه یه‌كه‌ی ته‌رمه‌كانم هه‌ڵدایه‌وه ...
عه‌سرێكی زۆر دره‌نگ بوو ... له زه‌وییه‌كی ته‌ختانیدا كه ده‌یڕوانی به‌سه‌ر شاردا ... ئا له‌وێدا گه‌ڵابه سووره‌كه هه‌موویانی هه‌ڵڕێژا ... سایه‌قه پیره‌كه پێش ئه‌وه‌ی بڕوات له منی پرسی تۆ چـی ئه‌وانــــــی ... كاتێك قاچـی له به‌نزینه‌كه گیر كرد‌و منی به‌ته‌نها له ناو ئه‌و هه‌موو ته‌رمه‌دا به‌جێهێشت ویستم پێ‌ی بڵێم ... ئه‌و ده‌م‌و چاوه‌یان زۆر غه‌ریب نیه به من ...ئه‌وه‌ی تریشیان هه‌روه‌ها ... ئه‌وه‌ی تریش ... دڵنییام ڕۆژێك ئه‌مانه‌م هه‌موو بینیوه ... شه‌وێك له خه‌ونمدا هاوڕێ‌ی هه‌موویان بووم .. ڕه‌نگیشه نا ... هه‌ر هاوڕێكانی خۆم بن ... ئه‌وه‌یان كه له‌و سه‌ری سه‌ره‌وه ڕاكشاوه‌و چاوه‌كانی نه‌نوقاندوه .. ڕه‌نگیشـه شه‌وێكی به‌هاری هێمن به‌ده‌م پیاسه‌كردنه‌وه به لای مندا ڕه‌ت بووبێت‌و سڵاویشمان بۆ یه‌كتری نه‌كردبێ .. مناڵه‌كه‌یان...كه هێشتا به ته‌واوه‌تی ڕه‌نگی مناڵێكی ساده ده‌دات دڵنیام زۆریش دڵنیام نیوه‌ڕۆیه‌كی هاوین به ته‌به‌دۆرێك چلوره‌وه پێ‌ی وتبێتم .. چلوره ناكڕی ... ئه‌ی ئه‌وه‌یان هێشتا هیچ خه‌ونێكی نه‌هاتۆته دی .. بێگومانم به‌یانیه‌كی ساردی زستان له ڕێگای قوتابخانه‌دا ئه‌وم بینیبێ‌و سه‌رما ده‌سته‌كانی پێ خستبێته پاڵتۆكه‌یه‌وه ...
هه‌موو ئه‌وانه‌م بینیوه .. له خه‌ونه‌كانمدا .. له زستاندا .. له هاویندا له پایزێكی بێتاقه‌تیدا ....
لــه به‌هارێكی هه‌میشه سه‌وزدا ... من یه‌كه یه‌كه‌ی ته‌رمه‌كانی ئه‌وانم هه‌ڵدایه‌وه ..
وه‌ك چۆن ئێستا ئێوه‌ش یه‌كه یه‌كه ته‌رمه‌كانی ناو ڕۆحـــی مــــن هه‌ڵئه‌ده‌نه‌وه ...
*له‌ژماره(46) گۆڤاری( ئا ینده)دا بڵاوبوه‌ته‌وه...پایزی /2002/ هه‌ولێر
مردنێــــــك سارد سارد وه‌ك زستـان.
من هاتنی هه‌موو پایزێك بێتاقه‌تی ده‌كردم .
ویستم ئه‌و كاته خۆم بكوژم كه خۆر خه‌ریك بوو ئاوا ده‌بوو، به‌ڵام كه هاورێكه‌م به گه‌رمیه‌كه‌وه به‌به‌رده‌مم دا تێپه‌ڕی‌و سڵاوی بۆ كردم په‌شیمان بوومه‌وه .
هه‌موو جارێك که له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ده‌یڕوانی به‌سه‌ر ڕووباره‌كه‌دا سه‌یرێكی دونیای ده‌ره‌وه‌م دهكردو له دڵی خۆم دا بێهوده‌ییه‌ك دایده‌گرتم. دونیا زۆر به خێرایی تێده‌په‌ڕی‌و من له هه‌موو شتێك بێزار بووم ته‌نانه‌ت له جه‌سته‌ی خۆشم.
من ده‌مویست به‌یانیه‌ك زوو له خه‌و هه‌ستم بڵێم ئیدی خۆشبه‌ختیم ده‌ست كه‌وت. من گێل بووم یان ڕوون تر خۆم گێل ده‌كرد. چونكه نه ئێستا‌و نه هیچ كاتێكی تریش هیچ مرۆڤێك ئه‌و له‌حزه‌یه ناباته‌وه‌و ئیدی ته‌واو پاڵی لێبداته‌وه‌و بڵێت ته‌واو. من دڵم پێ‌ی ده‌ووتم ڕاسته هه‌ندێك جار خۆشبه‌ختین، پێده‌كه‌نین، گۆرانی ده‌ڵێین، سه‌فه‌ر ده‌كه‌ین‌و یار له‌گه‌ڵمانه، به‌ڵام ئه‌وانه خۆشبه‌ختی ته‌واوه‌تی نین ئه‌وانه سه‌رابه‌كانی خۆشبه‌ختین‌و به هه‌ندێك جوانییه‌وه فێڵمان لێده‌كه‌ن.
من ترسنۆك بووم ئه‌وكاته‌ی وتم خۆم ده‌كوژم. ڕه‌نگیشه ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ئازایه‌تی بێت تۆ به‌رامبه‌ر ژیان بوه‌ستێت‌و پێ‌ی بڵێی نا بۆ وه‌همه‌كانت، نا بۆ جه‌نگه بێ كۆتاكانت نا بۆ ...... به‌ڵام ئه‌و پێش نیوه‌ڕۆیه‌ی مناڵه‌كه‌م بینی به ده‌ست دایكیه‌وه چلوره‌ی ده‌خوارد په‌شیمان بوومه‌وه. ڕاست تر بڵێم پێكه‌نینه ناسكه‌كانی مناڵه‌كه هه‌موو خه‌یاڵێكی تێكدام كاتێك به ده‌م دایكییه‌وه پێده‌كه‌نی.... من چیم هه‌بوو بیدۆڕێنم. هیچ ... ئه‌ی چیم ده‌برده‌وه. هیچ ... به‌ڵام ئه‌ی نیگا سه‌وزه‌كانی ئه‌و كه له‌وپه‌ڕی بێتاقه‌تی‌و وه‌ڕسیه‌وه تروسكاییه‌ك ئومێدی پێ ده‌به‌خشیم. كه قسه‌ی بۆ ده‌كردم‌و ده‌ستی ده‌جوڵانده‌وه‌و پێ‌ی ده‌ووتم گه‌ر تۆ بێتاقه‌ت بیت منیش بێتاقه‌تم، من لێوان لێو ده‌بووم له ئومێد. به‌ڵام كه ده‌ڕۆیی‌و له دووره‌وه ده‌ستێكی ماڵئاوایی بۆ ده‌جوڵاندمه‌وه له داخاندا گه‌ڵاكانی ژێر پێم ده‌پلیشانده‌وه كه به‌هۆی پایزه‌وه هه‌موویان وه‌ریبوون. پێده‌چێت یه‌كێك له‌و له‌حزانه‌ی بڕیارم دا خۆم بكوژم له‌حزه‌ی بینینی ئه‌و بێت. من هیچم نه‌بوو بیڵێم یان ڕاست تر له سه‌رسامی دا نه‌مده‌زانی چی بڵێم. ئه‌و نه‌بێت ... ئه‌و به‌زۆری زۆرداری قسه‌ی لێ ده‌رده‌هینام‌و پێكه‌نینی بۆ ده‌كردم‌و جار‌و باریش له ژێر لێوه‌وه گۆرانی بۆ ده‌ووتم ... ده‌ستم ده‌خسته ژێر چه‌ناكه‌مه‌وه‌و تێر سه‌یری لێوه ناسكه‌كانیم ده‌كرد كه وه‌ك ده‌نكی هه‌نار سور سور ده‌چوونه‌وه. پێم ده‌ووت نازانم بۆشاییه‌ك له ڕۆحمدایه به هیچ كه‌سێك پڕ ناكرێته‌وه ئه‌و به بێزارییه‌كه‌وه ده‌یووت منیش.؟ له خۆشه‌ویستیدا پێم نه ده‌ووت ئا تۆیش ... به ناچارییه‌وه ده‌بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا وه‌كو كۆتایی من ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بكه‌مه‌وه كه هه‌ندێ حاڵه‌تی ده‌روونی هه‌یه به هیچ كه‌سێك چاره‌سه‌ر ناكرێت جگه له ته‌نهاییه‌كانی خۆت نه‌بیت. پێم ده‌ووت ئه‌و بۆشاییه قوڵ قوڵه‌ی ناو ناخمان ده‌توانرێت هه‌ندێكی پڕ بكرێته‌وه به‌ڵام شوێنه دووره‌كانی ڕۆح ده‌ستی هیچ كه‌سێكی پێ ناگات‌و به هیچ كه‌سیش پڕ نابێته‌وه. ئه‌و هه‌ندێك له من تێده‌گه‌شت‌و ئیدی له په‌ڕه‌كه‌ی ده‌ستم هه‌ندێك شیعری بۆ ده‌نوسیم‌و خۆریش هێدی هێدی ئێمه‌ی له‌ناو ئاوابوونی خۆیدا له بیر ده‌كرد. به‌ڵام من ئێستاش‌و ئه‌وساش كه‌سێك نه‌بوو به ته‌واوه‌تی لێم تێبگات... به‌یانییه‌كی تریش له ژێر دره‌خته‌كه‌دا پێم ده‌ووت خۆشم ده‌وێیت، به‌ڵام تێم بگه خۆشه‌ویستی زۆر جار هه‌موو گرفته‌كانی من چاره‌سه‌ر ناكات ... تێم بگه ... پڕ به دڵ خۆشم ده‌وێیت ... به‌ڵام خۆشه‌ویستی هه‌موو جار مرۆڤه‌كان قایل ناكات ... من ئێستا په‌شیمانم بۆچی ئه‌و به‌یانیه زووه‌ی زستان له‌ژێر بارانه زۆره‌كه‌دا خۆم كوشت. په‌شیمانم له‌وه‌ی بۆچی به‌و ڕۆژه سارده ئه‌و هه‌ڵلا گه‌وره‌یه‌م له گه‌ڕه‌كه‌دا درووست كرد‌و هه‌موو ئه‌و دراوسێیانه بوون به سه‌یرچی لاشه‌كه‌م كه بارانه‌كه جوان جوانێك شۆردبوویه‌وه.
بارانه‌كه ده‌یكوشتم‌و كه‌چی دایكم به سه‌ر لاشه‌كه‌م دا كه گولله‌یه‌ك به كه‌له‌ی سه‌ریه‌وه بوو تێر تێر ده‌گریا. له حه‌وشه‌كه‌داو به‌و سه‌رمایه من له ناو جۆگه‌له بچوكه‌كانی بارانه‌كه‌دا كه‌وتبووم كه چاڵ‌و چۆڵیی حه‌وشه كۆنه‌كه درووستی كردبوو. مناڵێك له پشتی سه‌رمه‌وه به چاوه تۆقیوه‌كانی سه‌رسامانه لێ‌ی ده‌ڕوانیم. ده‌مویست بڵێم كوڕه جوانه‌كه من په‌شیمانم به‌م به‌یانیه زووه تۆ هاتوویته سه‌ر لاشه ترسناكه‌كه‌م‌و لێم ده‌ڕوانی. كه‌چی بارانه به خوڕه‌كه نه‌ی ده‌هێشت هیچ قسه‌یه‌ك بكه‌م‌و به خێرایی خۆی ده‌كێشا به سه‌رو چاومداو ده‌نگی گریانه‌كانی دایكیشم هێنده‌ی تر بێتاقه‌تی ده‌كردم. هه‌ندێك جار قسه‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌م به جددی وه‌ر ده‌گرت كه ده‌یووت ژیان یه‌ك فورسه‌ته‌و ته‌واو جا توخوا با له‌ده‌ستی نه‌ده‌ین .
چه‌ندان جار به ته‌نیا دانیشتوم‌و له دڵی خۆمدا وتوومه به‌ڕاست ئایا ژیان خۆشه؟
به‌ڵام ئایا ئه‌وه ئێمه‌ین ژیان خۆش‌و ناخۆش ده‌كه‌ین یان ژیان خۆی له بنه‌چه‌وه وه‌هایه. من نه‌م ده‌توانی وه‌ڵامێكی گونجاوو پڕاو پڕ بۆ ئه‌و پرسیاره بدۆزمه‌وه.، ئه‌وه‌نده‌شی له كتێبه‌كاندا بۆی گه‌ڕابم وه‌ڵامێكی دڵنیاو قایل كه‌رم چنگ نه‌كه‌وتووه. ئه‌گه‌ر جارێكیش یه‌كێكیش له‌و دووانه بڕوای منی بۆ خۆی ڕ‌اكێشا بێت ڕه‌نگه چه‌ند ساتێكی كه‌م بوو بێت‌و دواتر په‌شیمان بوبێتمه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و له‌حزه‌یه‌ی كه له حه‌وشه‌كه‌دا هه‌ڵیان گرتم‌و به په‌له بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان بردم زانیم كه من شتێكی گه‌وره‌م دۆڕاندووه كاتێك حه‌وشه‌كه‌م به‌و شێوه ته‌نیایه به‌جهێشت.
بارێك كه من پێم وابوو قورس ترین باره به‌سه‌ر شانمه‌وه كه‌چـی به ئاسان ترین شێوه نه‌ما.
دكتۆره‌كان یه‌كه یه‌كه سه‌یریان كردم‌و وتیان ته‌واو.
دایكم له حه‌وشه‌كه‌دا به گریان سنگ‌و به‌رۆكی خۆی دادڕی‌و پیاوێكیش كه هه‌ر له باوكم ده‌چوو هاته سه‌رم‌و وتی به‌د به‌خت چه‌ند كه‌م ژیایت.
من هه‌ردوو چاوم كردبوویه‌وه‌و له‌و سه‌رو چاوه غه‌ریبانه‌م ده‌ڕوانی كه به غه‌ڵبه غه‌ڵب‌و بۆڵه بۆڵه‌وه ده‌هاتن‌و ده‌چوون.
به ڕاست من چه‌ندێك ژیام.؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت خۆشم نازانم زۆر ژیام یان كه‌م.
به‌ڵام كه مادام مردن هه‌بێت ئیدی زۆر ژیان‌و كه‌م ژیان چ جیاوازییه‌كی هه‌یه. پیاوێك سه‌د ساڵێك ژیا. یه‌كێكی تر چه‌ند ساڵێكی كه‌م.
من ویستم بزانم كامیان خۆش به‌ختن. كه‌چی هیچ وه‌ڵامێكی وه‌هام ده‌ست نه‌كه‌وت.
هاوڕێكه‌م ده‌یووت گرنگ ئه‌وه‌یه بژیت.
گه‌ر ئێستا به‌م شێوه‌یه پرسیارێكی وه‌هام لێبكه‌ن ده‌ڵێم ڕاست ده‌كات. گرنگ ئه‌وه‌یه ژیان ببه‌ییته‌وه نه‌ك مردن.
من هه‌موو جار سه‌یری جۆره‌كانی مردنم ده‌كرد.
مر‌ۆڤم ده‌بینی به ئاسان ترین شێوه له كه‌م ترین ته‌مه‌ندا ده‌مرد، كه‌چی كه‌سی وه‌هاشم ده‌ناسی له ده‌یه‌ها جه‌نگ‌و ڕووداودا به زیندوویی گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هاوڕێكه‌م له ئۆتۆمبێلێکدا به ته‌نها ئه‌و مرد، یه‌كێكی تریش له‌ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا جه‌ڵته كوشتی .... یه‌كێكی تریش‌و یه‌كێكی تریش .... من هه‌موو جار ده‌ترسام له مردن. چ جای ئه‌وه‌ی كه خۆم بكوژم.
كه ده‌مووت خۆم ده‌كوژم. خه‌ریك بوو ده‌گریاو ده‌یگووت تۆ شێتیت .. ده‌مووت ئا .... شێتم .. بۆ شێتی جوانی نیه؟ ... ئه‌و پێكه‌نینی به‌م قسانه ده‌هات، ئه‌و ته‌نها ده‌ی ویست پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین‌و به یه‌كه‌وه توند ده‌ستی بخه‌مه نێو ده‌ستمه‌وه‌و پێ‌ی بڵێم من خۆشم ده‌وێی ... ئه‌ی من چیم ده‌ویست .. ڕاستیه‌كه‌ی خۆشم ئه‌وه‌م نه‌ده‌زانی.!
ئه‌و كاته‌ش كه خرامه ناو گۆڕه‌كه‌وه خه‌ریك بوو خۆڵیان ده‌كرد به سه‌رمدا نه‌م ده‌زانی من چیم ویستوه.
نه ئێستاش زانیم چیم ئه‌وێ‌و نه ئه‌وساش زانیم چیم نیه. من په‌شیمان بووم له‌وه‌ی به‌و به‌یانییه زووه سارده باراناویه خۆم كوشت. خۆم كوشت‌و ئه‌و هه‌موو دنیا جوان‌و پان‌و به‌رینه‌م له دوای خۆم به‌جێهێــــشت . كه به دڵنیاییه‌وه بێ بوونی منیش هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی وه‌ك چۆن به بوونی منیش نه‌ده‌گۆڕا ... په‌شیمانی پێكه‌نینی مناڵه‌كانم، په‌شیمانی سه‌یر نه‌كردنی چاوه سیحراوییه‌كانی ئه‌وو قسه خۆشه‌كانی ... په‌شیمانی غیره‌كانی ... په‌شیمانی جوانیه‌كانی ... من له هه‌موو شتێك په‌شیمان بووم .. له‌و به‌یانیه زووه‌دا كه له بێتاقه‌تیدا چوومه حه‌وشه‌كه‌و سه‌ماوه‌ره‌كه‌ی دایكم به‌جێهێڵا كه هێشتا چاكه‌ی به‌سه‌ره‌وه ده‌كوڵا . باران ده‌باری‌و منیش به فیشه‌كیك كه‌لله‌ی سه‌ری خۆمم ته‌قاند.
من مردم.
ڕه‌نگیشه من پێش ئه‌وه‌ی بمرم زه‌مه‌نێكی زۆر له مێژ بێت له نیوان زینده‌گی‌و مردن‌دا هاتوو چۆم كردبێ ...
*له ژماره ( 6 ) ی ڕۆژنامه‌ی گه‌نجانی ڕۆژی 16/4/2004 دا بڵاوبووه‌ته‌وه دربندیخان 2003
كاتێك به ته‌نها له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌جێ مام ... ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی كه بۆنی مه‌رگ سه‌رتاپای گرتبوو .. ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی كه بۆنی لاشه‌ی ڕزیوی لێ ده‌هات ... ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی كه پڕ بوو له سه‌ری قرتێنراو .... پڕ بوو له چاوی به‌جێماو ... پڕ بوو له هه‌زاره‌ها خه‌یاڵی سووتاو ... ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بێته دی، ڕۆژانێك لێره‌دا له بار برابوون ... پڕ پڕ بوو له لاشه‌ی هه‌نجن هه‌نجن كرا‌و ...نه‌مزانی ڕێگای هه‌ڵاتن له كوێوه‌یه ئه‌و كاته‌ی كه له ناو سه‌نگه‌ره‌كه‌دا دانرام بێ‌ئاگا بووم له‌وه‌ی چیم به‌سه‌ر دێت ناهه‌قیشم نه‌بوو، چونكه یه‌كه‌م جارم بوو ڕووداوی ئا له‌و جۆره ببینم ... نه‌م ئه‌زانی ژیان‌و مردن ته‌نها تاڵه موویه‌ك نێوانیانه... نه‌م ئه‌زانی ڕۆژگار له سه‌نگه‌ره‌كان دا چه‌ند درێژه ... ڕق چه‌ند گه‌وره‌یه... خۆشه‌ویستی چه‌ند بچووكه ... مه‌وداكانی ئارامی چه‌ند كورته ...ڕێگاكانی بێزاری چه‌ند درێژه. هێشتا ته‌مه‌نم هه‌ژده ساڵانی پڕ نه‌كردبوویه‌وه كاتێك ڕاپێچی ئه‌م ئاگره كرام، یان ڕوون تر بڵێم ده‌عوه‌تی سه‌ر سفره‌ی ئه‌و خوێنه كرام كه سه‌ركرده‌كان ڕازاندبوویانه‌وه ... له یادمه كاتێك پیاوه لچ زله‌كه به هێمنی خۆی كرد به پۆله‌كه‌مان‌دا، ئێمه ئه‌و كات هه‌رگیز خه‌یاڵمان بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو كه وا ڕۆژێك له ڕۆژان یان به‌یانیه‌ك له به‌یانیه سارده‌كانی زستان، ئه‌و به‌یانیانه‌ی كه له سه‌رمادا هه‌موو شتێك به‌ستبووی ... ئه‌و به‌یانیانه‌ی به دڵێكی خۆشه‌وه ده‌هاتین بۆ قوتابخانه ... ئۆتومبێله خاكیی‌یه سه‌ر داپۆشراوه‌كان بهێنن بۆ به‌ر ده‌رگای قوتابخانه‌كه‌مان‌و به زۆر‌و ته‌نانه‌ت بێ ماڵئاوایی كردنیش له دایك‌و باوكمان‌و به قسه‌ی فریو ده‌رانه بمان ئاخننه ناوییه‌وه‌و ڕووه‌و ئه‌م چاره‌نووسه‌ی كه ئێستا تیایداین بمان به‌ن ... ئه‌و پیاوه‌ی كه قسه بریقه‌داره‌كانی بۆ كردین، زمانێكی لووس‌و سه‌رو سیمایه‌كی گوماناوی هه‌بوو ... ئێستاش به ڕوونی وێنه‌كه‌ی له پێش چاومه، سمێڵه ڕه‌شه زله‌كه‌ی به سه‌ر لێوه‌كانی‌دا به‌ر دابوویه‌وه، پاڵتۆیه‌كی مغاویری له‌به‌ردا بوو، چاوه‌كانی ئه‌وه‌نده سامناك بوو به ئاسانی نه‌مان ده‌توانی سه‌یری بكه‌ین ... كاتێك خۆی كرد به پۆله‌كه‌مان‌دا بۆنێكی ناخوشی سامناك ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی داگیر كرد ... خودایه ... ئه‌و ڕۆژه چه‌ند سامناك بوو كه ئه‌و پیاوه‌مان بینی ... ئه‌و پیاوه‌ی هه‌موو خه‌ونه‌كانی تێكداین ...ئه‌و پیاوه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر قسه‌یه‌كی فریوده‌رانه‌دا، بزه‌یه‌كی شه‌یتانیی به‌سه‌ر ڕوومه‌تیه‌وه ده‌رده‌كه‌وت ... ئه‌و پیاوه‌ی له بیره‌وه‌ریه خۆشه‌كانی كردین ...له پیاسه‌ی ئێواران‌و شه‌وانی ناو بازاڕی كردین ... له یاری تۆپی پێ‌ی كۆڵانه‌كانی كردین ...ئه‌و پیاوه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار‌و دوواهه‌مین جار بینیمان ... هه‌ر ئێمه ترسمان لێ نه‌نیشتبوو، به‌ڵكو مامۆستاكه‌شمان ترس به چاوه‌كانیدا دیار بوو، ئه‌و مامۆستایه‌ی به ده‌نگه به‌رزه ناخۆشه‌كه‌ی هه‌موومانی یه‌كه به یه‌كه هه‌ڵده‌ساند، كه‌چی له‌و ساته‌دا ئه‌وه‌نده په‌شۆكا بوو، به گرانی گوێمان له ده‌نگی بوو كاتێك وتی " هه‌ستن " .
ئێمه ئه‌و كات نزیكه‌ی سی خوێندكار بووین ...زۆربه‌مان كوڕی یه‌ك گه‌ڕه‌ك بووین ... ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه ئه‌كه‌ونه په‌راوێزی شاره‌كانه‌وه ...زۆربه‌مان منداڵی‌و ژیانی قوتابخانه‌مان به‌یه‌كه‌وه به‌سه‌ر بردبوو ... زۆربه‌مان منداڵی شه‌ڕه به‌ردی كۆڵانان‌و منداڵی تایه سووتاندنی نه‌ورۆزان بووین ... ئه‌و منداڵانه‌ی كه له ڕۆژێك‌دا زیاد له چه‌ند جارێك له یه‌كتری زویر ده‌بووین‌و ئاشت ده‌بووینه‌وه ... منداڵی هه‌ژاره‌كانی شار بووین. ئێمه نازو نیعمه‌تی كوڕه ده‌وڵه‌مه‌نه‌كانی شارمان نه‌بوو ...ئه‌و كوڕانه‌ی به‌شداری هیچ شه‌ڕه به‌ردێكی كۆڵانانیان نه‌ده‌كرد ... به ئاسانی ئه‌یانتوانی جلی جوان‌و تۆپی جوان بكڕن... ئه‌یانتوانی پۆله‌كانی قوتابحانه ببڕن‌و هه‌رگیز نه‌كه‌ون... به ئاسانی ئه‌یانتوانی زستانان باران لێیان نه‌دات‌و هاوینان گه‌رمایان نه‌بێت.... ئه‌و كوڕانه‌ی مامۆستاكان‌و به‌ڕێوبه‌ره‌كان‌و ته‌نانه‌ت خزمه‌تكاری قوتابخانه‌كه‌ش خۆشیان ده‌ویستن... ئه‌و كوڕانه‌ی هه‌رگیز داری مامۆستایان نه‌ده‌خوارد .... ئێمه‌ش كوڕی چاوشاركێی شه‌وان‌و كوڕی نه‌هامه‌تییه گه‌وره‌كان.. كوڕی گرانی‌و كوڕی به‌ر ڕه‌شه‌باو باران‌و تۆفان‌و لافاوه‌كان ... كوڕی یارییه ترسناك‌و سامناكه‌كان... ئێمه چی بووین جگه له كوڕی شه‌وه سارده‌كانی زستان ... كوڕی ته‌ماته فرۆش‌و پاقله فرۆش‌و كوڕی خاوه‌ن عه‌ره‌بانه شڕه‌كان ... هه‌موو به حه‌په‌ساویه‌وه هه‌ستاین. به ده‌سته پانه‌كانی ئیشاره‌تی كرد دانیشین، بێده‌نگــیی سه‌رتاپای ئه‌و ناوه‌ی داپۆشی بوو، بێده‌نگی هێدی هێدی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژوره‌كه‌دا په‌خش ده‌بوویه‌وه .
ئه‌و ژووره‌ی ده‌یه‌ها ساڵه هه‌موو ڕۆژو مانگ‌و ساڵه‌كانی خوێندن هه‌ر وشه كۆن‌و سواوه‌كانی ساڵه‌كانی ڕابردووی تیادا دووباره ده‌كرێته‌وه ... بێده‌نگییه‌كه ئه‌وه‌نده قوڵ بوو، به ئاسانی گوێمان له ترپه‌ی دڵی یه‌كتری بوو ... به ئاسانی گوێمان له ته‌قه‌ی پێڵاوه‌كانی كابرا لچ زله‌كه بوو كاتێك له‌سه‌ر خۆ هه‌نگاوی ده‌نا ... به چه‌ند هه‌نگاوێك خۆی گه‌یانده ناوه‌ڕاستی پۆله‌كه، وه‌ستا، به سه‌یركردنێكی فێڵاویه‌وه سه‌یرێكــی نێوچه‌وانی مامۆستاكه‌مانی كرد. مامۆستاكه‌مان جگه له زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی درۆزنانه هیچ وه‌ڵامێكی پێ نــــه‌بوو ... دوو كه‌سی تری له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌وان ڕێك له‌به‌رده‌مــی ده‌رگای ژووره‌كه‌دا ڕاوه‌ستا بوون، ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه به‌رگی سه‌ربازییان پۆشی بوو، تفه‌نگه‌كانیان به ده‌ستیانه‌وه گرتبوو، ئه‌و تفه‌نگانه‌ی كه هه‌رگیز مه‌یدانێكی ڕووبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی وه‌ك ئێستای نه‌بینی بوو، ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه جگه له ده‌ستێكی خۆێناوی بۆ ناوخۆ هیچی تر نه‌بوون ... یه‌ك دوو جار چاوێكــی به هه‌مووماندا گێڕا ... ده‌ستی كرد به هه‌ردوو گیرفانی پاڵتۆكه‌یدا ... سه‌ری داخست ... دیسانه‌وه سه‌ری به‌رزكرده‌وه ... ده‌ستی ڕاستی ده‌رهێنا .. نێوچه‌وانی له دیواره‌كه‌ی به‌رامبه‌ری گیر كرد ... ڕێك له‌و شوێنه‌ی كه وێنه‌كه‌ی سه‌رۆكی تیاهه‌ڵواسرا بوو ... ئه‌و سه‌رۆكه‌ی كه له هه‌موو جێیه‌كی ئه‌م ووڵاته‌دا وێنه‌ی ئه‌وی لێ‌بوو ... به ده‌نگێكی گڕه‌وه كه‌وته قسه كردن ... دووباره كه‌وته‌وه جوڵه ... كه‌وته‌وه قسه كردن... له‌گه‌ڵ هه‌ر قسه‌یه‌كدا ده‌ستی ڕاده‌وه‌شاند ... ده‌نگی تا ده‌هات گڕ تر ده‌بوو ... لـه‌و جۆره ده‌نگانه‌ی كه پێشتر به‌ر گوێی هیچ یه‌كێك له ئێمه نه‌كه‌وتبوو ... كه‌وته باس كردنی ئێمه. هه‌موومانی به پاڵه‌وان دایه قه‌ڵه‌م هه‌موومانی كرد به كوڕی نیشتمان ... هه‌موومان كوڕانی پاشه‌ڕۆژ بووین ...ئه‌و پاشه‌ڕۆژه‌ی هه‌رگیز نه‌مانبینی ... ئه‌و پاشه‌ڕۆژه‌ی نه بۆ ئێمه‌و نه بۆ گه‌وره‌كانیش هه‌رگیز به خۆشی نه‌مان گوزه‌راند ... هه‌مووانی به نیشانه‌ی شارستانیه‌ت‌و پێشكه‌وتن‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستنیشان كرد ... هه‌مووانی به ئازا‌و به غبره‌ت ناوزه‌د كرد ... نه‌مده‌وێرا به ئاسانی چاو ببڕمه نێوچه‌وانی، هاوڕێكه‌ی ته‌نیشتیشم به هه‌مان شێوه نه‌یده‌وێرا سه‌یری بكات، هه‌مووانیش به هه‌مان شێوه سه‌یریان نه ده‌كرد ... كۆكه‌یه‌كی بۆ كرد... دوباره سه‌ری كه‌وته‌وه جوڵه ... زمانی كه‌وته‌وه قسه ... كه‌وته باس كردنی فه‌رموده‌كانی جه‌نابی سه‌ركرده ... كه‌وته باسكردنی به‌ره‌كانی جه‌نگ ... كه‌وته باسكردنی به دیل گرتنی هه‌زاره‌ها كه‌سی دوژمن ... باسی كوشتنی هه‌زاره‌های تریشی كرد ... هه‌روه‌ها بریندار بوونی هه‌زارانی دیكه ... باسی تێكدانی شاره‌كان ... تێكدانی پاڵاوگه‌كانی نه‌وت ... باسی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كان ... باســـی تێكشكاندنی زرێپـــۆش‌و تۆپه دوور هاوێژه‌كان من خه‌یاڵم لای ئه‌و وێنانه بوو كه هه‌موو شه‌وێك له ته‌له‌فزێونه‌كه‌وه له به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه پیشان ده‌دران ... ئه‌و وێنانه‌ی پڕ بوو له مرۆڤـی سووتاو ... پڕ بوو له باڵــی قرتاو ... له قاچـی په‌ڕیو ... ئه‌و وێنانه‌ی كه ته‌نانه‌ت كۆرپه‌ی به‌ر بێشكه‌كانیش به‌سه‌یر كردنی ڕاهاتبوون ... من خه‌یاڵم لای ئه‌و پیاوه ده‌نگ زله بوو كه هه‌موو جارێك شاشه‌ی ته‌له‌فزوێنه‌كه‌ی داگیر دهكردو باسی سه‌ركه‌وتنه وه‌همیه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ده‌كرد ... باسی خۆ ئاماده‌كردنی ده‌كرد بۆ جه‌نگێكی دیكه ... باسی مه‌شق كردنی به كۆمه‌ڵی میلله‌تی ده‌كرد له‌سه‌ر چه‌ك بۆ ڕووبه‌ڕو بوونه‌وه‌یه‌كی دیكه ... بۆ ڕووبه‌رو بوونه‌وه‌ی دوژمنێكی دیكه له دوژمنه كۆتا نه‌هاتوه‌كانی نیشتمان ... ئه‌و دوژمنانه‌ی له هه‌موو سات‌و ڕۆژگارو مانگ‌و ساڵ‌و سه‌ده‌یه‌كی ئه‌م وڵاته‌دا بوونیان هه‌بوو ... ئه‌گه‌ر نه‌ش بووایه خۆمان دروستمان ده‌كرد ... خۆمان ده‌بووین به دوژمنی یه‌كتر ... گرنگ هیچ نه‌بوو... ته‌نها ئه‌وه نه‌بێ كه دو‌ژمنێك هه‌بێ‌و به به‌رده‌وامی جه‌نگێكیش هه‌بێت ... ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بوو، له نێوان ڕه‌حله‌كاندا له‌سه‌ر خۆ كه‌وته هه‌نگاونان، من ڕه‌حله‌یه‌ك پێش كۆتایی ریزی ناوه‌ڕاست بووم، گه‌شته لای من، سه‌رم داخستبوو، دڵم زۆر به خێرای لێیده‌دا، بۆنێكی پیس له جه‌سته‌یه‌وه ده‌ر ده‌هات ... بۆنێك كه ئێستا ئه‌زانم بۆنی چی بوو ... ئه‌وه بۆنی كرمی جه‌سته‌ی ئه‌م كوژراوانه‌یه كه ئێستا یه‌كه به یه‌كه له پاڵ مندا ڕاكشاون ... ئه‌و كرمانه‌ی زۆر له‌سه‌رخۆ خه‌ریكی شیكردنه‌وه‌ی خانه‌كانی له‌شمن ... ئه‌وه بۆنی مردن بوو له جه‌سته‌ی ئه‌و پیاوه لچ زله‌وه ده‌هات ... ئه‌وه بۆنی سوتان بوو... بۆنی له‌ت بوونی جه‌سته‌كان بوو ... گه‌یشته كۆتایی پۆله‌كه، گه‌ڕایه‌وه، هه‌مووان پێشبینی شتێكمان ده‌كرد كه نه‌مان ده‌زانی چی‌یه، هه‌مووان دڵمان بۆ شتێكی نادیار لێ‌ی ده‌دا، شتێك له تارماییه‌كی ترسناكی ده‌كرد ... له خه‌می خۆماندا بووین ... له خه‌می ماڵه‌وه‌و له خه‌می یه‌كتری‌دا بووین ... ئیدی له یادم نیه چی ڕووی‌دا ... به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌م له یاده كه وتی :
بیست كه‌سم ئه‌وێ بۆ نیشتمان ... بیست كه‌س بۆ به‌رده‌وامی شه‌كاوه‌یی ئاڵاكه‌مان ... بیست كه‌س له‌وانه‌ی كه ئاماده‌ن مه‌رگ هه‌ڵبژێرن له جیاتی داگیركردنی خاكه‌كه‌یان ... بیست كه‌س له‌وانه‌ی خۆیان ئه‌كه‌ن به قوربانی خه‌ونه‌كانی سه‌رۆك... ئه‌و سه‌رۆكه‌ی له هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ك خاڵیه ئه‌و سه‌رۆكه‌ی نیشتمان ئه‌وه‌و ئه‌ویش نیشتمان ... ئه‌و خه‌ونانه‌ی كه به ملوێنه‌ها مرۆڤ نایه‌نه دی ... له یادم نیه چۆن منی ده‌ست نیشان كرد ... یان ڕوون تر بڵێم چۆن ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ بڕا كه یه‌كێك بم له پارێزه‌رانی (نیشتمان) ... یه‌كێك بم له به دیهێنه‌ره‌كانی خه‌ونه‌كانی سه‌رۆك ... نازانم چۆن له هاوڕێكانم دابڕام ... ئه‌ی ئه‌وان چیان به‌سه‌ر هات ... ئه‌ی ئه‌وان چون بۆ كوێ ... ته‌نها ئه‌وه‌نده‌م له یاده له سه‌نگه‌رێكی شه‌ش كه‌سیدا خۆم بینیه‌وه، شه‌ش كه‌س بووین كه‌سمان یه‌كتریمان نه‌ده‌ناسی ... دوور بووم له هاوڕێكانم ... ئه‌و هاوڕێیانه‌ی خۆشی‌و ناخۆشیمان یه‌ك بوو ... پێكه‌نین‌و گریانمان یه‌ك بوو ... شه‌ڕو ئاشتیمان یه‌ك ... ئه‌وانه‌ی یه‌ك گیان بووین ... ئه‌وانه‌ی به یه‌كه‌وه ژیاین‌و كه‌چی دوور له یه‌كتری‌و بێ ئه‌وه‌ی كه‌س به‌وی ترمان بزانێ مردین ... پێنج جه‌نگاوه‌ری ترم له گه‌ڵدا بوو ... چواریان ته‌مه‌نی منیان هه‌بوو ... ته‌نها سه‌رده‌سته‌كه‌مان نه‌بێت له هه‌موومان گه‌وره‌تر بوو، هیچ یه‌كێكمان ئه‌وی تری نه‌ده‌ناسی، به‌سه‌رو سیمامانه‌وه وا دیار بوو كه هه‌ریه‌كه‌و به زۆر له شوێنێكی ووڵاته‌وه ڕاپێچ كرابن، به‌ڵام سه‌رده‌سته‌كه‌مان وا دیار بوو ته‌مه‌نێكی زۆری له‌و شه‌ڕانه‌دا به‌سه‌ر بردبوو، بۆیه به بێده‌نگیی پاڵــی دابوو به گڵی سه‌نگه‌ره‌كه‌وه ... سه‌نگه‌ره‌كه‌ی ئێمه له ڕیزی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان بوو ... چه‌نده‌ها سه‌نگه‌ری تر به دووری چه‌ند مه‌ترێك لێمانه‌وه دووربوو ... هه‌موو سه‌نگه‌ره‌كان له‌سه‌ر یه‌ك خه‌تی درێژ لێدرا بوو ... له به‌رده‌ممانه‌وه هه‌ندێ نشێو‌و چاڵ‌و چۆڵیی تیادا بوو ... ئێمه چه‌ند مه‌ترێكی كه‌م له خه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان سه‌نگه‌ره‌كانی خۆمان‌و دوژمنه‌وه دوور بووین ... بۆیه ئه‌و چوارده‌وره بۆنی ترسێكی قووڵی لێ ده‌هات ... یه‌كه‌م شه‌و كه له‌و سه‌نگه‌ره‌دا دانراین ... به‌رپرسه سه‌ربازیه گه‌وره‌كان ئه‌یانزانی دوژمن هێرشێكـی گه‌وره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه بیكات، بۆیه هه‌ر به‌و شه‌وه تاریكه كه تاریكیی هه‌موو شتێكی داپۆشی بوو، ئه‌م هه‌موو جه‌نگاوه‌رانه‌یان كۆكرده‌وه‌و به خێرایی سه‌نگه‌ره‌كانیان پێ پڕ كردنه‌وه ... هه‌ر له پشتمانه‌وه هه‌زاره‌ها جه‌نگاوه‌ری تر هه‌بوون ... ئه‌وانیش به نیازی تێكشكاندنی هێرشه‌كه‌ی دوژمن دانرا بوون ... ئێمه چه‌نده‌ها زرێپۆش‌و تۆپی دوور هاویژ پاڵپشتی ده‌كردین ...خودایه ... ئه‌و ناوه چ تاریكاییه‌ك بوو ... " با " یه‌كی سارد به تووندی خۆی ده‌ئاڵانده جه‌سته‌مان ... ترسێكی قوڵ ... قوڵ تر له ڕۆحی هه‌مووان ... خۆی ده‌كرد به ڕۆحمانداو ته‌نیاییه‌كی كوشنده‌ی به‌جێ ده‌هێشت ... سه‌نگه‌ره‌كه‌مان نزیكه‌ی سێ مه‌تر درێژ‌و دوو مه‌تر پان بوو، هه‌مووان به‌ڕیزو له‌سه‌ر ده‌م له‌سه‌ر خۆڵه‌كه ڕاكشا بووین، تفه‌نگه‌كانمان كه‌وتوبوونه مابه‌ینی سنگمان‌و خۆڵه‌كه‌وه، خوده‌كانمان قورساییه‌كی گه‌وره بوو به سه‌ر سه‌رمانه‌وه، زۆر به تووندی خۆمان له ناو پاڵتۆ‌كانماندا گرمۆڵه كردبوو، ته‌نها سه‌ر ده‌سته‌كه‌مان نه‌بێت له پشتمانه‌وه به ئاسانی پاڵی دابوویه‌وه‌و تفه‌نگه‌كه‌ی له نێوان هه‌ردوو ده‌ستیدا گرتبوو، خه‌یاڵێكــــی قوڵ قوڵ ڕای ئه‌كێشا ... هه‌موومان بێده‌نگ بووین ... بێده‌نگیه‌ك كه بۆنی ترسی لێ ده‌هات ... سه‌رده‌سته‌كه‌ی ئێمه كاتێك هاتینه ناو سه‌نگه‌ره‌كه‌وه پێ‌ی وتین:
" نابێت كه‌س قسه بكات ... له‌وانه‌یه ئه‌مشه‌و هێرشه‌كه‌ی دوژمن ده‌ست پێ بكات ... چاوه‌كانتان هه‌رده‌م به خه‌به‌ر بێت ... " ئیتر بێده‌نگیی ئه‌و چوار چێوه ته‌سكه‌ی گرت.!
تا ئه‌و كاته‌ی یه‌كێكمان وتی : چ بێده‌نگییه‌كی كوشنده‌یه ... "
كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه ... هه‌رگیزیش وه‌ڵام نه‌درایه‌وه ... نازانم كه‌س ئاگای لێ نه‌بوو یان نه‌مان توانی وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌مان به توڕه‌ییه‌كه‌وه سه‌یری كرد ... ماوه‌یه‌كی تر بێده‌نگ بووین ... له ناكاو سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌مان دایه پێكه‌نین ... پێكه‌نینێك كه نیشانه‌ی ئه‌وپه‌ڕی بێهوده‌یی بوو له جه‌نگ ... پێكه‌نینێك بۆ یه‌كه‌م جار‌و دواهه‌مین جار بوو بیبیستین ... پێكه‌نینێك كه نیشانه‌ی ترسان بوو ... ترس له مردن ... مردنێك كه ڕوو به ڕوومان ڕاوه‌ستا بوو ... مردنێك كه ده‌مانزانی ئه‌مشه‌و میوانی ئه‌م هه‌موو دڵه‌یه ... پێكه‌نینێك كه نیشانه‌ی ماڵئاوای‌و كۆتایی شته‌كان بوو ... نیشانه‌ی یه‌كتروناسینێكی كورت‌و ماڵئاواییه‌كی درێژ ... ماڵئاوایی له خه‌ونه خۆشه‌كان ... ماڵئاوایی له هاوڕێیه‌تی‌و منداڵــــیی ... ماڵئاوایی له گه‌وره بوون كه هه‌رگیز نه‌مان بینـــــــی ... " با " یه‌كه تا ده‌هات سارد تر ده‌بوو ... دنیا تاده‌هات سارد تر ده‌بوو ... دڵه‌كانیش تا ده‌هات سارد تر ... ساردییه‌ك به خانه‌كانی جه‌سته‌ماندا هات‌و چۆی ده‌كرد... من نه‌متوانی هیچ بڵێم ... كه‌سی تر هیچی نه‌وت ... دڵم لای چركه‌كان بوو ... ئه‌و چركانه‌ی زۆر له‌سه‌ر خۆ تێده‌په‌ڕین ... ئه‌و چركانه‌ی دواڕۆژی ژیانی ئێمه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كرد ... نه‌متوانی به ئاشكرا هیچ بڵێم ... به‌ڵام له دڵی خۆمدا پرسیم:
ئه‌م جه‌نگه كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات.؟ ئه‌م جه‌نگه كه‌ی كۆتای دێت .؟ بۆ مرۆڤه‌كان بێ جه‌نگ ناژین .؟
له دڵی خۆمدا پرسیم:
ژیان به جه‌نگه‌وه جوانه یان نا.؟ نهێنی سه‌ركه‌وتن چی‌یه.؟ ئه‌ی نهێنی دۆڕان .؟ كێ سه‌ر به‌رزه میلله‌ت یان سه‌ركرده‌كان .؟
پرسیم:
بۆ گوڵه‌كان سه‌وز نابن له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگدا .؟ بۆ باڵنده‌كان ناخوێنن له مه‌یدانه‌كانی مه‌رگدا .؟
چ نهێنییه‌كه ئه‌م هه‌موو " مقه‌بایه "، ببوورن ئه‌م هه‌موو جه‌نگاوه‌ره كه له‌م شه‌قامی خوێنه‌دا كۆ ده‌بنه‌وه .؟ بـه ده‌وری ئه‌م ئاگره‌دا هه‌ڵده‌په‌ڕن ... هه‌ڵده‌په‌ڕن‌و ده‌شزانن به گڕه‌كه‌ی ده‌سوتێن...؟
پرسیم:
بستێ زه‌وی ئه‌م هه‌موو خوێنه دێنێ ...؟ زه‌مه‌نێكی كورتی كورسی ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ی ده‌وێ ...؟ من نه‌متوانی له دڵی خۆمدا نه‌دوێم ... پرسیار نه‌كه‌م ... كێ براوه‌یه ؟ خوێن یان پاره ...؟ كێ دوای ئێمه ده‌ژی ...؟ نه‌وه‌كان ... ئه‌و نه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌مان ڕێبازی ئێمه ده‌یانێرنه‌وه بۆ لامان ... له كۆتایی هه‌مان خاڵدا كه ئێمه ماڵئاواییمان كرد، پێیان ده‌گه‌ینه‌وه ده‌سته‌كانیشیان پڕن له سڵاوی سه‌ركرده‌كان بۆمان ... گوێمان له ده‌نگی " با " بوو ... گوێمان له ئاوازه‌كانی مه‌رگ بوو كاتێك به‌ره‌و ڕوومان ده‌هات ... گوێمان له شه‌و بوو كاتێك پێ‌ی ده‌ووتێن نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره پێتان ده‌گات ... باوه‌شم كرد بوو به تفه‌نگه‌كه‌مدا، ئه‌و تفه‌نگه‌ی هاوڕێ‌ی هه‌میشه‌ییم بوو، ئه‌و تفه‌نگه‌ی تا زیاتر ده‌م نووساند به خۆمه‌وه زیاتر قێزم لێده‌كرده‌وه، هاوڕیكانم ... نا ... ببورن جه‌نگاوه‌ره‌كانی سه‌نگه‌ره‌كه هه‌موویان له خه‌یاڵدا بوون، نازانم ڕه‌نگه له خه‌یاڵی زۆر خۆشیش یا خه‌یاڵی زۆر ناخۆشیشدا بوو بن .. له دڵی خۆمدا وتم " چه‌ند بێ ده‌سه‌ڵاتین ئێمه ... چۆن به ئاسانی ده‌مان كه‌ن به خۆراكی جه‌نگ ... خۆراك بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆی شكستی دوای جه‌نگ ... " ئیدی نازانم چـی ڕووی‌د... به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌م له یاده كه هێرشه‌كه‌ی دوژمن هه‌ر ئه‌و شه‌وه ده‌ستی پێكرد ... هێرشه‌كه زۆر گه‌وره بوو ... به‌ره‌نگاری نه‌كرا ... چڕه دوكه‌ڵێكی ڕه‌ش ئه‌و ناوه‌ی داگیر كرد ... زه‌مه‌ن تا ده‌هات بچوك تر ده‌بوویه‌وه ... ژیانیش تا ده‌هات ته‌سكتر ...
ئه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كان چی‌یان به‌سه‌ر هات ؟ ئه‌وانه‌ی كه له گه‌ڵمان بوون ..؟ نازانم ... ڕه‌نگه هه‌ڵ هاتبن ... ڕه‌نگیشه هه‌ڵ نه‌هاتبن‌و ئێسته‌ش وه‌ك من كرم به سه‌ر جه‌ستیانه‌وه هات‌و چۆ بكات ... ئه‌ی سه‌ر ده‌سته‌كه‌مان ...؟ ئه‌ی هاوڕێكانی قوتابخانه ...؟ نازانم ... كاتێك به ته‌نها له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌جێ مام، پێكرام، له یادم نی‌یه چۆن پێكرام، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌م له یاده كه ڕێگای هه‌ڵهاتن نه‌بوو، هه‌ستم به ئازارێكی كت‌و پڕ كرد له كه‌لله سه‌رمدا نازانم كه‌ی مردم ...؟ چه‌ندێكه مردووم ... به‌ڵام ئه‌وه‌نده ئه‌زانم كرم به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا هات‌و چۆ ده‌كات ... شه‌ڕه‌كه ته‌واو بوو بوو ... به شۆفڵ خه‌ریك بوون ده‌یانكردینه ناو چاڵێكه‌وه ... هه‌ر من نا، به‌ڵكو هه‌زارانی وه‌ك من كه‌وتبوون، كێ بردیه‌وه؟ كێ دۆڕا ؟ ئه‌وه‌یانم نه‌زانی .... به‌ڵام ئه‌وه‌نده ئه‌زانم كه من زه‌مه‌نێكه مردووم ...
كاتێك هاوڕێكه‌م به ئاگای هێنام، ڕۆژ ماڵئاوایی كردبوو ... دنیا خه‌ریك بوو تاریك داده‌هات ...
هاوڕێكه‌م وتی : چیی‌یه ... ئه‌ڵێی خه‌ونه‌كه‌ت زۆر ناخۆش بوو ...؟ ."
*له‌ژماره‌ی(37)ی گوَڤاری (ئاینده)ی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م‌دا بڵاو بوه‌ته‌وه هه‌ولێر/1999
ئه‌و شه‌وه‌ی شا نه‌فره‌تی له شایه‌تی خۆی كــــــرد.
كاتێك " شا " به هێمنی به ژووره گه‌وره‌كه‌دا پیاسه‌ی ده‌كرد، دنیا له ده‌ره‌وه تاریكاییه‌كی قورس دایگرتبوو، خه‌مگینییه‌كی سه‌یر یاری به گه‌ڵای دره‌خته‌كانی كۆشك ده‌كرد، جه‌سته‌ی " شا " له ژووره‌كه‌دا قورساییه‌كی سه‌یری هه‌بوو، به جۆرێك ده‌تگووت ژووره‌كه له ژێر پێیه‌كانیدا ده‌له‌رزێ، " شا " وه‌ك بڵێی ئا له‌م كاته‌دا هه‌ستی به قورسایی‌و شان‌و شه‌وكه‌تی خۆی كردبێت، به هێمنی‌و جۆره نائارامیه‌كی سه‌یر ژووره‌كه‌ی له هه‌نگاوه‌كانیدا پارچه پارچه ده‌كرد ژووره‌كه‌ی " شا " ژوورێك بوو له كۆشكێكی گه‌وره‌و ڕازاوه‌دا، كۆشكێك كه ده‌یڕوانی‌یه سه‌ر باخێكی گه‌وره‌و پڕ له سه‌وزای‌دا، به جۆرێك دیمه‌نی كۆشكه‌كه له‌ناو ئه‌و هه‌موو دره‌خت‌و سه‌وزایی‌و گوڵه‌دا له گوڵیكی بچووكی ده‌كرد له ناو ملێۆنه‌ها گوڵی جۆراو جۆردا، به ته‌نیشت ئه‌م كۆشكه‌وه ڕووبارێك تێده‌په‌ڕی، كه ده‌نگی ئه‌م ڕووباره له شه‌واندا ته‌نهاییه‌كی جوانی ده‌به‌خشیه كۆشكه‌كه‌و ژیانیشی هێنده‌ی تر ده‌كرد بـه چه‌ند بیره‌وه‌ریه‌كی به سه‌ر چوو. " شا " زیاتر هه‌نگاوی ناو خۆی گه‌یانده سه‌ر مێزی نوسینه‌كه كه له‌و سه‌ری ژووره‌كه دانرا بوو، به هه‌ستێكی پڕ دوو دڵی‌و بێزارییه‌وه له سه‌ر كورسیه‌كه دانیشت، جه‌سته‌ی "شا" هێنده قورس بوو خه‌ریك بوو كورسیه‌كه‌ی ژێری پارچه پارچه ده‌بوو، له‌سه‌ر مێزی نوسینه‌كه چه‌نده‌ها په‌ڕه‌ی نووسراوو نه‌نووسراو په‌رش‌و بڵاو بووبوونه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ندین كتێبی گران به‌ها به داخراوی له سه‌ر مێزه‌كه كه‌ڵه‌كه كرابوو، " شا " كه سه‌ری هه‌ڵده‌بڕی له به‌رامبه‌ریدا تابلۆیه‌كی گران به‌های زه‌مه‌نه دێرینه‌كان هه‌ڵواسرابوو، كه نه " شا "و نه باوكی " شا " ی ڕه‌حمه‌تییش نه‌یانده‌زانی له چ تاڵان و بڕۆیه‌ك‌دا باپیره گه‌وره‌یان ده‌ستی كه‌وتووه. له تابلۆیه‌كه‌دا خۆر ئاوابوونێكی مه‌یله‌و سوور هێدی هێدی دنیای داگیر ده‌كرد، له بناری لوتكه‌یه‌ك‌دا چه‌ند ماڵێك په‌رت‌و بڵاو ببوونه‌وه‌و خۆر ئاوابوونه‌كه دیمه‌نێكی خه‌مگین‌و كه‌ساسی به‌خشیبووه ئه‌و ئێواره‌یه، له‌سه‌ر لوتكه‌كه‌دا پیاوێك به‌ته‌نها كه سه‌ری خستبووه سه‌ر ده‌سته ڕاستی ده‌یڕوانیه ماڵه‌كان‌و تیشكه بێهێزه‌كه‌ی خۆریش هێدی هێدی له‌ناو خۆیدا نوقمـــــی ده‌كرد. " شا " كه چاوی كه‌وته سه‌ر تابلۆكه به په‌له سه‌ری خۆی له ناو هه‌ردوو ده‌ستیدا نوقم كرد. له پشت سه‌ری "شا"وه كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره هه‌بوو، كتێبخانه‌یه‌ك كه پڕ بوو له كتێبی گران‌و پڕ به‌ه، ئه‌م كتێبخانه‌یه وه‌ك چۆن پڕ بوو له كتێبی چاك، ئاوه‌هاش خاڵی نه‌بوو له‌و كتێبانه‌ی كه به‌شان‌و شه‌وكه‌تی سه‌روه‌رانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌دا نوسرابوو كه " شا " هه‌رگیز حه‌زی نه‌ده‌كرد ڕۆژیك له ڕۆژان بیان خۆینێته‌وه. هه‌ندێك سه‌روتری كتێبخانه‌كه وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی " شا " هه‌ڵواسرابوو، له‌م وێنه‌دا " شا " ده‌م به خه‌نده‌وه‌و به چاوێكی ساده ئامێزه‌وه‌و به جلێكی شایانه‌وه ڕووه‌و كامێرا وه‌ستا بوو. هه‌ر به ته‌نیشت ئه‌م وێنه‌وه وێنه‌یه‌كی گه‌وره تری باوكی ڕه‌حمه‌تی كه پێیان ده‌وت " پادشای گه‌وره " هه‌ڵواسرابوو، پادشای گه‌وره پێچه‌وانه‌ی كوڕه‌كه‌ی به ڕوویه‌كی مۆن‌و چاوێكی ترس ئامێز‌و هه‌ناسه‌یه‌كی خه‌م بارانه‌وه سه‌یری هه‌مووانی كردبوو، وه‌ك بڵێی خه‌می بۆ ڕۆژانێك خواردبێت كه ئیدی مه‌حاڵه گه‌ڕانه‌وه‌ی . " شا " كاتێك سه‌یری كتێبخانه‌كه‌ی كرد دڵی نه‌چووه سه‌ر هیچ كتێبێك، یان ڕاست تر بڵێین خه‌یاڵی هێنده ئاڵۆز بوو هیچ كتێبێك نه‌یده‌توانی ئاله‌م ساته‌یا ئارامی كات. كه زیاتر سه‌ری به‌رزده‌كرده‌وه‌و وێنه‌كه‌ی خۆی بینی پێكه‌نینی هات به ئه‌و خه‌نده‌یه‌ی كه له‌سه‌ر لێوانێتی، دواتر كه‌مێك ڕووی خۆی سوڕاندو " پادشای گه‌وره "ی بینی هه‌ستی به شه‌رمه‌زاری كرد. شه‌رمه‌زاری ئه‌وه‌ی كه باوكی چۆن به بێده‌نگی‌و خه‌مبارانه دانیشتوه‌و نیگا خه‌م هێنه‌ره‌كانی ئاڕاسته‌ی ئه‌م ده‌كات .
وا دێته خه‌یاڵی ئه‌گه‌ر ڕه‌حمه‌تیی بمایه ئێستا له ئاستی ئه‌م بێده‌سه‌ڵاتی‌و بێ بڕواییه‌ی ئه‌و دا تووڕه ده‌بوو وه به ده‌نگێكی نه‌فره‌ت ئامێزه‌وه به سه‌ری دا ده‌یقیژاندو ده‌یووت:
(( له بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌رگیز شایه‌كی ترسنۆكی وه‌كو تۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتووه )) .
ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كه له كۆشكه‌كه‌ی خۆیداو له‌ناو وه‌زیرو پاسه‌وانه‌كانی خۆیدا دانیشتبو، دڵی به خێراییه‌كی سه‌یر لێ‌ی ده‌دا، له سه‌ری سه‌ره‌وه‌و له‌سه‌ر كورسییه‌كی گه‌وره‌و له ژێر تاجی شاهانه‌دا ده‌یڕوانیه هه‌موو ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانی كه چاوه‌ڕوانی بڕیارێكی گرنگیان لێ ده‌كرد .
ئه‌و به‌یانیه‌ی كه یاخیه‌كان گیران " شا " به‌یانییه‌كی ئازاراوی‌و نائارامی به‌سه‌ر بردبوو، ئه‌و سه‌رو كاری له‌گه‌ڵ كوشتاركاریدا نه‌بوو، كاتێك كه هه‌واڵیان پێدا له یه‌كێك له كۆڵانه‌كانی شاردا خه‌ڵك ڕاپه‌ڕیون‌و په‌لاماری سه‌ربازه‌كانی كۆشكی شاهانه‌یان داوه‌و به سه‌ده‌ها خه‌ڵكیان لێ كوژراوه‌و ده‌یه‌هـا دیلیش هه‌یه .
له ناخی دڵه‌وه خه‌فه‌تی ده‌خواردو به‌یانییه‌كی ناخۆشی به‌سه‌ر بردبوو .
" شا " كه به‌رده‌وام ژیانی خۆی له‌ناو كتێبه‌كاندا به‌سه‌ر بردبوو، به‌رده‌وام كۆڕه شیعریه‌كانی ده‌رباری خۆی گه‌رمتر ده‌كرد، به‌رده‌وام یارمه‌تی ڕۆشنبیران‌و نووسه‌رانی ده‌دا، هێنده حه‌زی له كۆڕه‌كانی كوشتن‌و خوێن نه‌بوو، هێنده ئاره‌زووی چه‌ك‌و سه‌رباز نه‌بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای لێ كردبوو سیفه‌تێكی جیاوازتری له‌وانی پێشووی خۆی هه‌بێت، هه‌ر بۆیه زۆرێك له وه‌زیرو فه‌رمانده‌كانی سوپا به شایه‌كی ترسنۆكیان ده‌دایه قه‌ڵه‌م .
هه‌ر له مناڵیه‌وه وه‌ها بوو، كاتێك باوكی ده‌یخسته سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌كه‌ی خۆی‌و ده‌یبرد بۆ ( ڕاو ) ئه‌م به زه‌حمه‌ت له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕۆشت، كاتێكیش كه ده‌یبینی باوكی ئه‌و نێچیره به‌سته‌زمانانه له‌ناو خوێنی خۆیاندا ده‌گه‌وزێنێ له دڵه‌وه گریانی ده‌هات. باوكی حه‌زی ده‌كرد فێری هونه‌ره‌كانی سه‌ربازی بكات، فێری ئه‌وه‌ی چۆن چۆنی نه‌یاره‌كه‌ی بدات به زه‌ویداو خوێن له ده‌ماره‌كانیدا ده‌رپه‌ڕێنێ. باوكی به‌رده‌وام خه‌ڵكی له سێداره ده‌دا، له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كاندا یاخییه‌كانی هه‌ڵده‌واسـی‌و به پێكه‌نینه‌وه چه‌پڵه‌ی لێ ده‌دا، جه‌ماوه‌ریش به ناچاری چه‌پڵه‌یان لێ ده‌دا. كاتێكیش باوكی ئه‌می له ته‌نیشت خۆیه‌وه دا ده‌نا له‌و كۆبوونه‌وه‌ی خوێنه‌دا، " شا "ی بچوك سه‌ری خۆی داده‌خست‌و هه‌ردوو چاوانی پڕ ده‌بوو له ئاو .
هه‌ر له مناڵیه‌وه وه‌ها بوو كه مه‌رگی یه‌كێكی ده‌بینی چه‌ندان شه‌و دوای ئه‌وه به نائارامی خه‌وی لێده‌كه‌وت .
له شه‌وێكی دره‌نگدا باوكی له یه‌كێك له كۆشكه زۆره‌كانی خۆیدا خه‌ریكی له سێداره‌دانی پاسه‌وانێكی تایبه‌تی خۆی بوو كه گوایه ویستویه‌تی بیكوژێت له كاتێدا كه" پادشا " له‌گه‌ڵ مه‌عشوقه زۆره‌كانی كۆشك‌دا خه‌ریكی ڕابواردن بووه‌و دواتر یه‌كێك له مه‌عشوقه‌كان نه‌خشه‌ی كوشتنه‌كه‌ی تێك داوه‌و ئاشكرای كردووه. شه‌وێكی دره‌نگ بوو، زۆرێك له وه‌زیرو ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كان به جلی نووستنه‌وه هێنرابوون‌و هێشتا گه‌رمیی باوه‌شی ژنه‌كانیان له جه‌سته‌یان نه‌بووبووه‌وه .
" شا " ی بچووك تازه ته‌مه‌نی به‌ره‌و (18) ساڵان هه‌ڵده‌كشا، ئه‌و شه‌وه له كتێبخانه‌كه‌ی خۆیدا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێكی به‌ناوبانگ بوو، كه هه‌واڵیان پێدا باوكی به په‌له‌و ئاله‌م ناوه‌خته‌دا ده‌یه‌وێ، جۆره بێزارییه‌ك دایگرت‌و به ناچاری فه‌رمانه‌كانی باوكی جێ به‌جێ كرد .
ئه‌و شه‌وه كۆشك جمه‌ی ده‌هات. " پادشای گه‌وره " تووڕه‌و نائارام دیار بوو، هێشتا ماچی مه‌عشوقه‌كانی به لێوه‌وه بوو، به چاوێكی ترس ئامێزه‌وه سه‌یری مه‌عشه‌ری ده‌ست‌و پێوه‌ندی خۆی ده‌كرد، پاسه‌وانه‌كانی توڕه‌و چاو كراوه ده‌بینران .
كاتێك به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ هه‌موان باسكرد، تاوانبار له نێوان دوو سه‌ربازدا سه‌ری خۆی داخستبوو، خوێنێكی زۆری له‌به‌ر ڕۆیشتبوو به‌هۆی ئه‌و ئازاره‌ی كه له‌و ماوه كورته‌دا دابوویان. باوك بڕیاری خۆی ده‌ركرد. كه هه‌ر ئێستا له‌به‌رده‌م چاوی هه‌موان " شا "ی بچووك هه‌ردوو چاوی تاوانبار به‌زیندوویه‌تی ده‌رده‌هێنێت . " شا "ی بچووك هێنده‌ی نه‌ما بوو پڕ به‌ده‌م ناڵه‌یه‌كی گریاناوی بكات. هه‌مووان سه‌یرێكیان كرد‌و چاوه‌ڕوان بوون . باوكی به توڕه‌ییه‌وه فه‌رمانه‌كه‌ی دووباره كرده‌وه‌و ئیشاره‌تی پێ كرد جێ به‌جێی بكات، نه‌یده‌زانی چی بكات، هه‌ردوو چاوانی پڕبوون له ئاو. ویستی هاوار بكات به‌ڵام ترسا، توڕه‌ییه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی باوكی خوێنی لێده‌باری. ڕوو به ڕووی چاوی تاوانباره‌که وه‌ستا، چه‌قۆكه‌ی ده‌ستی ده‌له‌رزی، كه چاوی تاوانباری به‌و شێوه خه‌مناكه بینی، هێزی له‌به‌ر بڕا . سه‌یركردنی چاوێك به‌و شێوه‌یه جۆره ترسێكی بۆ ئه‌به‌د پێ به‌خشی، ئه‌وه ترسی مردن بوو كه به به‌رچاوی‌دا هاتوو چۆی ده‌كرد. كه چه‌قۆكه‌ی به‌رز كرده‌وه، دنیا له جووڵه كه‌وت .
" شا "ی بچووك به تووندیی چه‌قۆكه‌ی كێشا به زه‌ویداو به چاوێكی پڕ له گریانه‌وه ڕووه‌و ده‌روازه كراوه‌كه‌ی كۆشك ڕایكردوو به په‌له خۆی گه‌یانده ژووره‌كه‌ی خۆی‌و ده‌رگاكه‌ی له سه‌ر خۆی داخســت. دواتر به هه‌وڵ‌و تكای شاژن‌و به ناوبژیوانی وه‌زیرێكی سه‌نگین لای باوكی، باوكی له‌و تاوانه گه‌وره‌ی كوڕه‌كه‌ی خۆش‌بوو، ئیدی هه‌ر له‌و شه‌وه‌وه نازناوی پادشای ترسنۆكیان لـــــێ نا. ئه‌و ئێواره‌یه‌ی كه له‌ناو كۆشكه‌كه‌ی خۆیداو له‌ناو وه‌زیرو پاسه‌وانه‌كانی خۆیدا دانیشتبوو، دڵی به خێراییه‌كی سه‌یر لێ‌ی ده‌دا . هه‌مووان چوارده‌وریان لێ دابوو. وه‌زیره‌كان له ژێره‌وه به پادشای ترسنۆك ناویان ده‌برد .
ئه‌م به ته‌نها له سه‌ر كورسیه گه‌وره‌و گرانه‌كه‌ی كۆشكداو له ژێر تاجی شاهانه‌دا بێده‌نگانه سه‌یری ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كانی خۆی ده‌كرد كه چاوه‌ڕوانی بڕیارێكی گرنگیان لـێ ده‌كرد. كه یاخییه گیراوه‌كانی ئه‌و به‌یانیه‌یان هێنا كۆشك جمه‌ی ده‌هات، یاخییه‌كان له ناوچه‌وانیاندا كه‌ساسی‌و زوڵـم‌و زۆریی سوپا‌و سه‌ربازانی كۆشكیان پێوه دیار بوو. سه‌رۆكی سوپا كه به مرۆڤێكی دڵڕه‌ق ناسرا بوو هه‌ر ئه‌میش هۆی توڕه بوونی خه‌ڵك بوو، به‌یانێكی له گیرفانی ده‌رهێناو بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی خوێنده‌وه كه به‌یانیی له‌گه‌ڵ خۆر كه‌وتن‌دا هه‌موو دیله‌كان له مه‌یدانی گه‌وره‌ی شاردا هه‌ڵده‌واسرێن . به شێوه‌یه‌ك ببێت به په‌ندێك بۆ خه‌ڵكانی وه‌كو خۆیان . "شا" كه ته‌نها ئیمزای ئه‌وی مابوو جێ به‌جێ بكرێت، ترسێكی سه‌یر دڵی داگرت، ترسی ئه‌و شه‌وه‌ی كۆشكه‌كه‌ی باوكی، ترسی چاوی تاوانبار، "شا" كه به ترسنۆك ناوی ده‌ركردبوو شه‌رمی له خۆی ده‌كرد. "شا" كه دوودڵ بوو له بڕیاردان، یه‌كێك له ناخه‌وه پێ‌ی ده‌گووت ترسنۆك بڕیاری كوشتن بده، ترسنۆك بڕیاری مه‌رگ بده‌و مێژووی خوت بكڕه‌وه، ئه‌وه باوكی بوو كه له قوڵاییه‌كانی ڕۆحی‌دا فه‌رمانی ده‌دا. "شا" كه به ترسنۆك ناوی ده‌ركردبوو، ویستی ئه‌م نازناوه نه‌فره‌تیه بۆ ئه‌به‌د بسڕێته‌وه‌و ڕۆحی باوكی له گۆڕه‌كه‌دا ئارام كات.
بڕیاری خۆی دا.
ئه‌و شه‌وه‌ی كه به‌یانی یاخییه‌كان هه‌ڵده‌واسران .
"شا" له‌سه‌ر مێزی نووسینه‌كه‌ی خۆی له ژووره گه‌وره‌كه‌ی كۆشك‌دا دانیشتبوو .
شه‌و هێنده‌ی تر درێژ تر ده‌بوو، له ده‌ره‌وه دنیا تاریكییه‌كی قورس دایگرتبوو، شنه‌یه‌كی فێنك خۆی ده‌كرد به‌و تاریكیه‌داو یاری به یه‌كه یه‌كه‌ی گه‌ڵای دره‌خته‌كان ده‌كرد .
"شا" بێده‌نگ ده‌ستی برد بۆ ده‌مانچه‌ی ناو مێزه‌كه‌ی‌و سه‌یرێكی وێنه‌كه‌ی باوكی كرد‌و بۆ دواجار نه‌فره‌تی له شایه‌تی خۆی كرد .................
*له ژماره(25) گۆڤاری (ئاینده)دا بڵاو بووه‌ته‌وه 14/5/2002/ هه‌ولێر.