پایزی ئه‌دیلاید
جه‌مال غه‌مبار / ئوسترالیا
- کێیه به‌م شه‌وه مۆره به ته‌نیا ده‌بارێت ؟
بارینی وام به درێژایی ته‌مه‌نی پایز نه‌بینیوه
بارینی وا له هیچ گه‌ڵایه‌کی ته‌ڕدا،
له مێژووی هیچ باخچه‌یه‌کدا ڕووی نه‌داوه !
که‌سێک لێره‌یه ، تارمایی بارینی هه‌ست پێده‌که‌م
ئه‌وه‌تانێ سێبه‌ره‌که‌ی عه‌تری لێده‌تکێ
ئه‌وه‌تانێ ده‌ستی خستۆته ژێر چه‌نه‌ی ،
له گۆرانییه نه‌وتراوه‌کان ورد ئه‌بێته‌وه
له‌و ڕۆژانه ده‌ڕوانێت که هێشتاکه تێپه‌ڕنه‌بوون ..
ئه‌و، به ڕه‌نگێکی ئه‌نگۆره‌یی له دنیا ده‌ڕوانێت
تاقه‌تی نه‌ماوه شه‌ڕه‌کانی مرۆڤ بژمێرێت
بێزار بوو هێنده دوکه‌ڵی تیرۆری هه‌ڵمژی
هێنده به‌ڵێن و واده‌ی ڕووخاوی دی
هێنده‌یان نارده شه‌ڕ و ته‌رمه‌که‌شیان جێهێشت !
ئیدی بێزار بوو ، حه‌وسه‌ڵه‌ی نه‌ما ..
ئێستا ئه‌م مه‌خلوقه ، ئه‌م غه‌ریبه شه‌که‌ته ،
له‌و هه‌موو ئاسمانه ؛ ته‌نها فه‌نه‌رێکی هه‌یه ..
له‌و هه‌موو ده‌ریایه ؛ ته‌نها کانییه‌ک ده‌ناسێت ..
له‌و هه‌موو زه‌مینه ؛ به ته‌نێ خاوه‌نی گۆڕێکه ..
له‌و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاته ؛ تاقه گوندێک شاره‌زایه ..
- کێیه له‌م ئێواره ڕۆ‌حکوژه‌دا ، ته‌نیایی له‌گه‌ڵ به‌شده‌کات
کێیه ڕوفاتی زاکیره‌ی ئه‌باته‌وه بۆ ژێر چه‌تری بارینی خۆی !
- کێیه به‌م شه‌وه مۆره به ته‌نیا ده‌بارێت ؟
تارماییه‌ک دێت و ده‌چێت ،
له خۆی ده‌کات ؛ ده‌ڵێیت له‌ته بڕاوه‌که‌ی دڵی ئه‌وه ،
ڕێک خۆیه‌تی و به‌سه‌ر پشتی زه‌مه‌نه‌وه نیشتۆته‌وه
ئه‌یبینم، له نێوان شاره‌کانی شه‌ونم و
گۆڕی ژنه سووتاوه‌کانی " کانیی فریشته " دا
ئه‌و گۆڕانه‌ی بێباکییان تێدا ڕاکشاوه ،
به ده‌فته‌رێکی کۆنه‌وه گڵکۆ به گڵکۆ ده‌گه‌ڕێت ..
ئه‌یبینم ، سووره‌گوڵێکی خه‌مڵیوه و
خۆی له یه‌خه‌ی کۆڵانه‌کانی ' شام ' ئه‌دات
له‌وێ ( مه‌ولانا ) ئه‌بینێت چۆن سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی
گریانی عومرێکه ؛ شه‌ڵاڵ به پایز و پڕ له خۆکوشتن ..
عومرێک ؛ هه‌موو شتێکی تێدا شین بوو؛ هه‌موو شتێک:
- ته‌ریقه‌تی نه‌وره‌سان له ده‌می یاخیبووندا
- سه‌مای باران به دیار ئاگری – زۆربا – وه
- دڵته‌نگیی گه‌ڕه‌ک له ڕۆژانی هه‌ینییدا
- سه‌وزبوونی گوناهێک له ئینجانه‌ی ئیماندارێکدا
- ڕووتبوونه‌وه‌ی ژنێکی به هه‌یبه‌ت به پێی شه‌رع ..
- گوێگرتن له موناجات به ده‌م له‌رزینی ڕۆحه‌وه
- یه‌که‌مین ڕیشتاشینی دوای باڵقبوون ..
- ..................
عومرێک ؛ هه‌موو شتێکی تێدا شین بوو؛ هه‌موو شتێک:
ئه‌وه‌ی ڕووی نه‌دا، ئه‌م عومره ڕۆژێک گوڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی
بۆ باخچه‌کانی نیشتمان تیا نه‌پشکوت
ئه‌وه‌ی نه‌یبینی، ئه‌م عومره عه‌سرێک سه‌رخه‌وێکی تری
له‌سه‌ر قۆڵی نیشتمان نه‌شکاند
ئه‌وه‌ی نه‌یشکاند ، ئه‌م عومره به‌ر‌دی ڕێگه‌کانی دنیای
نه‌گرته که‌س ..
ئه‌وه‌ی ئه‌م عومره‌ی نه‌دیبێت ، نازانێت سه‌راب له کوێیه !
نازانێت خوا بۆ ئه‌وه‌نده هه‌راسانه به‌ده‌ست گڕی وجوده‌وه!
ئه‌وه‌ی له پێکی ئه‌م عومره‌ی نه نۆشیبێت
نازانێت چۆن به‌سه‌ر باڵی خه‌زانه‌وه که‌مێک مه‌ست بێت ..
وێنه‌ی ئه‌م عومره گه‌مارۆی داوم ، شاخێک وا به‌سه‌ر شانمه‌وه
له‌کوێن ئه‌و گوڵه حه‌سره‌تانه‌ی له کێڵگه‌ی قسه‌دا ئه‌ڕوێن
ئه‌م شاخه‌م له کۆڵ داگرن ، فێری شیعرم بکه‌نه‌وه
ته‌نیاییم تاڵان بکه‌ن و
له‌سه‌ر عه‌رشی مه‌نفام بهێننه خوارێ و
بمده‌نه‌وه ده‌ست نه‌غمه‌که‌ی جارانی خۆم ،
جارانی قسه و ڕوناکیی ، جارانی شنه و سۆزگرتن ...
جارانی پیاسه‌کردن به‌سه‌ر ئاودا له‌گه‌ڵ نه‌وره‌س ،
جارانی گه‌ڕانه‌وه ماڵێ له ڕێگا سه‌رخۆشه‌کانه‌وه
ئه‌و ڕێگایانه‌ی گه‌لێ جار له جیاتی ماڵ
ئه‌یانبردینه‌وه لای ده‌مه‌وعه‌سری منداڵیی گوڵ !
جاران وا نه‌بوو ، چوونه‌وه بۆ لای دایک ، بۆ لای ژن !
بۆ لای کولانه‌ی مریشک و
نهێنییه‌کانی حه‌وشه‌ی پڕ له کچی عازه‌ب و
بۆڵه‌ی نه‌نکێکی بێوه‌ژن و ڕاکه ڕاکه‌ی منداڵێک
به شوێن له‌نجه و لاری قازێکدا ...
نازانم ،شعوری منه شێواوه یان جوگرافیای شته‌کان ،
نازانم ڕوانینی منه شکاوه یان ئاوێنه‌ی دنیای نغرۆبوون !
- بڕوخێ ؛ ئه‌ی یادگاره نه‌فره‌تییه‌که‌ی دوێنێی من بڕوخێ !
- بڕوخێ ؛ ئه‌ی کابوسه ڕیشداره‌که‌ی داڵانی ژیان ،
ئه‌ی داهۆڵی چۆله‌که‌ترسێن بڕوخێ ..
ببارێ ، ئه‌ی حیره‌تی دوای سۆزگرتنی ته‌نیایی ،
ئه‌ی خه‌یاڵی له سه‌رابه‌وه هه‌ڵکردووی من ،
ئه‌ی شه‌رابی به‌زه‌یی خوا
ئه‌ی فرمێسکی پاسارییه به‌خشنده‌کان
وه‌ک هێمنیی ببارێ
وه‌ک ئارامبوون خۆت بکه‌ره میوانی باخ ..
ئه‌مشه‌و دوا شه‌وی بارینی تۆیه و
ئه‌مشه‌و دوا شه‌وی وه‌رینی منه به ده‌م له‌رزی
شیعرێکه‌وه ،
به ده‌م مروه‌تی پایزی ئه‌م وڵاته بێکه‌سه‌وه ..
ده‌ستی مردنتم بده‌رێ ، ده‌ستی ڕوخانتم بده‌رێ .
شکانی ده‌رگاکانت به قفڵی نائومێدیی من بسپێره !
ئه‌ی سه‌رابی له خۆت نه‌چوو !
ئه‌ی تاقه درۆ سپییه‌که‌ی " سه‌حرای ژینم "
ئه‌ی شه‌وه مۆره‌که‌ی پڕ چاوه‌ڕوانیی ، خۆت پێم بڵێ ؛
چه‌ند ناخۆشه چاوه‌ڕوانیی !
ناخۆشه به قه‌د کوشتنی ئاسکێک به ده‌م هاتنی ژیانه‌وه!
به قه‌د برسییکردنی دیلێک له جه‌نگی براکاندا ،
ناخۆشه به‌قه‌د شکاندنی سۆزێک له هه‌ناوی شمشاڵێکدا..
به قه‌د درۆکردن له‌گه‌ڵ منداڵێک‌دا : ئه‌و ده‌مه‌ی به‌ڵێنی پێئه‌ده‌ی
بۆ شوێنێکی وه‌ک سینه‌مای ده‌به‌یت و ، که‌چی نایبه‌یت!
ناخۆشه به قه‌د ئه‌وه‌ی به‌ڵێن بده‌یته کچێک که ده‌یخوازیت
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دوگمه‌ی کراسه‌که‌ی بترازێنێ و .. هه‌تا دوایی !
چه‌نێ سه‌خته چاوه‌ڕوانیی
به ده‌م وردکردنه‌وه‌ی پایز و سه‌فه‌ر و
ئه‌و ده‌ریایه‌ی هه‌ندێک جار پێی ده‌وترێت ؛ ته‌نیایی و
هه‌ندێک شه‌ویش ده‌بێته که‌ونی تاریک و
ڕوناکیی نه‌ک مۆمێک ،
هه‌موو ماڵه‌کانی ڕۆح خامۆش ده‌کات ..
ڕۆژێک چاوه‌ڕوانیی ده‌مانکوژێت
هه‌موومان ئه‌نفال ده‌کات
له فه‌جرێکدا ده‌مانکوژێت
فریای نوسینه‌وه‌ی چ هه‌ناسه‌یه‌ک ناکه‌وین ..
فریا ناکه‌وین دوا سه‌رنج بگرینه ڕه‌سمه‌که‌ی
ژوور سه‌رمان ؛ که هیی باوکمانه و
له ناو دوکه‌ڵی تیرۆردا دڵخۆشیمان ئه‌داته‌وه و
به‌ڵێنمان ئه‌داتێ تۆڵه له‌و پیاوکوژانه بکاته‌وه
که هه‌ر خودی خۆی گه‌وره‌ی کردن
ئێمه چاوه‌ڕوانیی ده‌مانکوژێت
له به‌ر ده‌رگای گۆرانییه‌کدا جێمانده‌هێڵێت ...
ئێمه به چاوه‌ڕوانییه‌وه جوانین ،
له ته‌نیاییدا شۆخ ده‌چینه‌وه ،
ئاسووده‌یی له ئێمه نایه‌ت ،
وه‌رن ، با کراسه‌کانی ژیان فڕێ بده‌ین
وه‌رن ، با تاریکیی بکه‌ینه ماڵ ..
کێ ده‌ڵێ ئێمه ڕقمان له تیرۆره
کێ ده‌ڵێ ئێمه حه‌زمان به ڕێکخستنه‌وه‌ی
ماڵی خۆمانه ..
ئێمه هه‌موو که‌سێکمان
خۆش ده‌وێت ، خۆمان نه‌بێت ..
خودایا !
ئێمه چ پاره‌یه‌کی قه‌ڵبین ،
چ وێنه‌یه‌کی ناشیرینین ..
خودایا !
تۆ هه‌ر به منداڵیی ئێمه‌ت به دۆزه‌خ مه‌حکوم کرد!
خودایا ؛
بمانده‌ره‌وه ده‌ست خۆمان .....
پایزی 2005
باشووری ئوسترالیا