پێنج پیاوی وه‌حشیی بووین
براوه‌ی خه‌ڵاتی یه‌که‌می شیعر له فیستیڤاڵی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵدا.
شیعری: ماردین ئیبراهیم
وه‌ک ئه‌سپی به‌ر باران کاڵده‌بنه‌وه
وه‌ک شه‌مامه‌ی پایز سیمایان ده‌ژاکێت
له‌گه‌ڵ جه‌فادا په‌یمان ده‌به‌ستن
له‌گه‌ڵ بێ مروه‌تییدا ده‌چنه سه‌نگه‌رێکه‌وه
دڵڕه‌قیی به یه‌خه‌ی چاکه‌ته‌کانیانه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
حیکمه‌تیان به سه‌ر ئێواره‌دا ده‌به‌شییه‌وه
مه‌وعیزه‌ی وه‌فایان داده‌دا
ده‌عوه‌تیان ده‌کردین بۆ سه‌ر خوانی فه‌زیله‌ت
که‌چی ئێواره‌یه‌ک له‌و کاته‌ی
مراوییه‌کان بۆ دارستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه
وه‌ک ڕیشۆڵه‌ی به‌ر هه‌تاو کاڵبوونه‌وه ..
وه‌ک مردووی نیوه‌شه‌و سیمایان په‌شۆکا
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
وه‌ک گورگێکی هار باوه‌شم پێداکردن
وه‌ک نێچیرێکی ماندوو سیمایان بزڕکا
ماڵی ئه‌وان تا دوێنێ
بۆنی سپێده‌ی دووکه‌ڵاویی گوندی لێده‌هات
باوه‌شی ئه‌وان تا دوێنێ
بۆنی میسکی ئاسکه ته‌ریوه‌کانی بیابانی لێده‌هات
به ئه‌سپایی به‌سه‌ر پشکۆکاندا ده‌ڕۆیشتم
ده‌مگوت نه‌با ئه‌وان خه‌به‌ریان بێته‌وه
که‌چی ئێواره‌یه‌ک، ئه‌وکاته‌ی خۆر بۆ ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه،
وه‌ک بورکانیک باوه‌شم پێداکردن ..
وه‌ک خه‌ونێکی دوور سیمایان کاڵبۆوه
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
له بابل هاتینه‌ده‌ر ..
تۆزی ئه‌و شاره‌مان له پێڵاوه‌کانمان ته‌کاند
زه‌رده‌په‌ڕ وه‌ک ژنێکی نه‌خۆش له سه‌ر ده‌ریا ڕاکشابوو؛
به‌زه‌لیلیی له ده‌رگای قه‌ڵاکانمان ده‌دا.
سپێده به قورسیی به‌سه‌ر دره‌خته‌کاندا به‌رده‌بۆ‌وه؛
ئێمه‌ش له کووچه‌ی شاره دڵڕه‌قه‌کان ده‌رۆزه‌مان ده‌کرد ..
ده‌مانگوت کێ سۆراغی براده‌ره‌کانمان ده‌زانێت!
براده‌ره وه‌حشیه‌کانمان!
پێنج پیاو بووین ده‌گریاین
پێنج ئه‌سپی ماندوو بووین
زه‌مین گوناهه‌کانی خۆی لێ بار‌کردین.
وه‌ک پێنج ده‌روێشی کفت
سه‌رمان به ئاگردانی گونده قوڕاوییه‌کان ده‌کرد و
ده‌مانگوت: درێغا ... درێغا ... یا مه‌ولا، یا مه‌ولا
ڕۆ‌ژه دووره‌کان چیان لێهات؟ ڕۆ‌ژه دووره‌کان ..
ڕۆ‌ژه دووره‌کان
پێنج قه‌له‌نده‌ر بووین له‌م خاکه ڕووابوین ..
شار مزگه‌وته‌کانی خۆی به‌ڕوودا داخستین
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
پێنج ڕاوچیی ده‌ستبه‌تاڵ
سه‌رمان به تیروکه‌وانه‌کانمان کرد و خه‌و بردینییه‌وه
خه‌ومان به‌و ڕاهیبانه‌وه ده‌بینی ..
له دێرێکی دووری ئه‌وسه‌ری دنیا ..
گوڵه زه‌نبه‌قه‌کانیان ئاو ده‌دا
هاوارمان ده‌کرد ... هێ ی ی ی ی
ئێوه که له‌وسه‌ری دنیان، له‌و شوێنه‌ی زه‌مین کۆتایی دێت ..
چۆنه زه‌نبه‌قه‌کانتان بیرناچێت؟!
ئێوه له چ مه‌عده‌نێکن ئه‌ی به‌چکه ژیژکه میهره‌بانه‌کان؟!
به گریانی خۆمان خه‌به‌رمان ده‌بۆ‌وه
خه‌ونه‌کانمان بۆیه‌ک ده‌گیڕایه‌وه
ده‌مانگوت چه‌ند خۆش‌بوو جیرانی ئێمه بان ئه‌و ژنا‌نه! ..
چه‌ند خۆش بوو میوانی ئێمه بان!
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
پێنج سه‌گی پیر بووین، حه‌زمان ده‌کرد له‌سێبه‌ری
حه‌وشه‌ی ماڵی" کراس ڕه‌ش" دا بخه‌وین
منداڵترینمان، فه‌هیمترینمان بوو ..
ئه‌وه‌ی له هه‌موومان پیرتر بوو،
عاشقترینمان بوو ..
له هه‌موومان حه‌کیمتر، دێوانه‌ترینمان بوو.
ئێواره به‌و هه‌موو پیرییه‌ی خۆیه‌وه شه‌رمی له ئێمه ده‌کرد
ده‌مانگوت باخه‌وان ئێمه غه‌ریبین، ماڵی" کراس ڕه‌ش" له کوێیه؟!
له هه‌موومان به‌ریئتر، خوێنرێژترینمان بوو ..
له هه‌موومان کێوی تر، نیانترینمان بوو.
تا گه‌یشتینه کراس ڕه‌ش، وه‌ک فانۆسی ڕاوچییه‌کان شکاین ..
وه‌ک ئاگرۆچکه‌ی قه‌ره‌جه‌کان بووینه خاشاک ..
وه‌ک تروسکه‌ی دووری سه‌ر به‌له‌مه‌کان کوژاینه‌وه.
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
خوا دێوانه‌کانی خۆی بۆ وا لێده‌کات؟!
کوڕه‌کانی خۆی به دووریی سزا ده‌دات
به غوربه‌ت ته‌قه له که‌روێشکه‌کانی خۆی ده‌کات
کۆتره‌کانی خۆی به فێڵ بۆ ئاسمانه دووره‌کان ده‌نێرێت
خوا نێچیره‌کانی خۆی بۆ وا لێده‌کات؟!
وه‌ک سه‌گی کوێر له ده‌ریادا وونیان ده‌کات
وه‌ک مارمێلکه‌ی گێژ له لمدا هه‌ڵوه‌دا
وه‌ک به‌چکه به‌رازی زامدار، له بێشه‌ڵاندا ده‌یاننێژێت.
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
پێنج یه‌کانه‌ی بریندار بووین، له به‌فرا ده‌گه‌وزاین
دنیا ئه‌شکه‌وته‌کانی خۆی به‌ڕوودا کڵۆم داین.
به دارستاندا ڕامانده‌کرد ..
گه‌نجێتییمان له لقی ساڵه‌کان ده‌ئاڵا ..
پرزۆڵی ته‌مه‌نمان
به‌سه‌ر نووکی ڕۆ‌ژه ڕه‌شه‌کانه‌وه به‌جێده‌ما ..
له نیشتیمان ڕامانده‌کرد؛ ده‌تگوت له "وه‌ناق" ڕاده‌که‌ین
ده‌تگوت خۆمان له تاعوونی وه‌رزه غه‌دداره‌کان ده‌شارینه‌وه
ئاگرمان به‌ردایه خه‌رمانی دراوسێ و ڕامان کرد
کراس ڕه‌ش ده‌یگوت له‌گه‌ڵتان به‌ڕێدا نایه‌م
نایه‌مه هه‌رێمتانه‌وه
سێبه‌رم ناکه‌وێته حه‌وشه‌تان
سه‌ر به ماڵتاندا ناکه‌م
بمرن نایه‌مه تازیه‌تان
به‌ڵام ئێمه، منداڵه غه‌مگینه‌کانی خوا،
ده‌ریا که‌شتییه‌کانی خۆی به‌ڕوودا داخستین. .
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
پێنج پیاو بووین، خه‌نجه‌ر له‌ژێر سه‌رینه‌کانماندا بوو و ده‌گریاین.
شه‌وێکی ناخۆش بوو!
مانگ ده‌یگوت: ئه‌و سه‌رمایه چییه به‌ربۆته گیانمان؟!
ئه‌و تاریکییه چییه به‌ربۆته ئه‌و چه‌مه‌نزارانه؟!
شه‌وێکی ناخۆش بوو!
ڕووناکیی وه‌ک گورگێکی ژه‌هرخواردوو له گیانه‌ڵادا بوو
له بابل هاتینه ده‌ر
دڵمان وه‌ک چۆله‌که‌یه‌کی ته‌ڕ له په‌نا دیوارێک دانا
پێمان گوت تا دێینه‌وه
کراس ڕه‌ش فریوت نه‌دات
کێ ده‌زانێ تۆ به چ ئه‌ڤینێک ده‌مریت، ئه‌ی دڵ، ئه‌ی دڵ؟!
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
دنیا .. ئه‌ی دنیا!
میحنه‌تی خۆتمان لێبارکه،
وه‌ک ئه‌سپێکی شه‌ل په‌تی نائومێدییمان له ملکه
هه‌ی دنیا دنیا
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
مێو به لاره‌لار؛
که هێشتا سه‌رخۆشیی ئێواره به‌ری نه‌دابوو
ده‌یگوت کراس ڕه‌ش تۆ له کوێی؟! خه‌ونێکم دیوه ئه‌مشه‌و ..
''ئاگرێک به‌رببۆ دارستان
کراس ڕه‌ش تۆ که پێت ده‌ڵێن "تاڵانکه‌ری ئیمان"
له هه‌یوانی خۆتانه‌وه سه‌یری ئه‌و ئاگره گه‌وره‌یه‌ت ده‌کرد
منداڵێک ڕایده‌کرد به‌سه‌ر ڕێگایه‌کدا
من پرسیم ئه‌و ڕێگا تۆزاوییه کوێیه؟
تۆ ده‌تگوت ئه‌وه ڕێگای بابله.
ئاگرێک به‌رببۆ دارستان،
منداڵێک به‌ناو دووکه‌ڵدا ڕایده‌کرد
من ده‌مگوت: ئه‌و منداڵه کێیه؟!
ده‌تگوت ئه‌وه یۆحه‌ننایه ..
ئه‌و کوڕیژگه‌یه‌ی ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ
دوای نوێژی شێوان
گونده‌که‌ی خۆی وون کرد!''
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
ئێواره بوو، دارستان
به شه‌له شه‌ل بۆ ماڵی تاریکیی ده‌چۆوه
ڕه‌شه‌با به گورگه‌کانی شه‌وی ده‌گوت
لێگه‌ڕێن با ئه‌و منداڵه وازییه‌کانی خۆی بکات
جۆگاکان ده‌یانگوت
کارژۆڵه وریابه! به‌ر لێزمه‌ی تاریکیی نه‌که‌ویت.
قه‌وزه په‌نجه‌کانی له ده‌میا بوو ..
له باوه‌شی ڕوباردا نووستبوو
ئێواره‌یه‌ک وه‌ک هه‌ر ئێواره‌یه‌کی تر
که شه‌و به‌سه‌ر دارستاندا هاڕه ده‌کات
سێبه‌ری قورسی شه‌و به گیای ده‌گوت
کچم بۆ ناخه‌ویت؟ سبه‌ینێ زوو ده‌بێت هه‌ستیت!
کراس ڕه‌ش ده‌یگوت: کوڕم ێۆحه‌ننا کۆتره‌کان له کوێن؟!
به‌چکه تووک زه‌رده‌کان ده‌ڵێم.
یۆحه‌ننا جێ‌مان مه‌هێڵه
ته‌مێک دایگرتووین یۆحه‌ننا .. ته‌مێکی سه‌رشێت!
ئه‌گه‌ر تۆ بڕۆی، ژیان قه‌وزه دایده‌پۆشێت!
"ئه‌م به‌له‌مه بۆنی یۆحه‌ننای لێدێ"
به‌توندیی ده‌رگای سه‌ده‌فه‌کانمان ڕاوه‌شاند
وتمان: یاقووت .. به سه‌ری سپییه‌وه درۆمان له‌گه‌ڵدا مه‌که
به‌سه‌ر ده‌ست و پێی مه‌رجاندا که‌وتین
وتمان مه‌رجان .. بێ مروه‌تیی له خانه‌دانه‌کان نایه
به‌له‌مه‌وانه‌کان دایانه پێکه‌نین:
"ئێمه یۆحه‌ننا ناناسین"
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
ئێواره‌یه‌کی تاڵ بوو
تاریکیی وه‌ک سه‌گێکی پیر هانکه هانکی بوو.
پێنج پیاو بووین
سواری قافڵه‌یه‌ک بووین
چراکه‌ی ده‌ستمان وه‌ک په‌رداخێک ژه‌هر ده‌له‌رزی
کاروانچییه‌کان پرسییان
ئێوه که که‌ڵبه‌کانتان به خوێنه؛ بۆ ده‌گرین؟!
هاوارمان کرد، ئه‌م خاکه ئێمه‌ی ناوێت ..
زینده‌گیی ئێمه‌ی ناوێت
پێنچ به‌چکه پشیله‌ی هه‌تیوین
به‌سه‌ر زه‌ویدا بڵاوبووینه‌وه
بۆنی بارانی خاکه دووره‌کانمان لێدێت.
پێنج به‌چکه پشیله‌ی ده‌رکراوین
دنیا کولانه‌کانی خۆی به‌ڕوودا داخستوین
سواری قافڵه‌یه‌ک بووین ..
تفه‌نگه‌کانی ده‌ستمان
وه‌ک په‌رداخێک مه‌ی ده‌له‌رزین.
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
توو ئاسمان له‌په‌نا ئه‌و دارانه وه‌ره ده‌رێ
یۆحه‌ننا به‌رخۆله‌ی دایه‌ی!
ده‌زانم هه‌ر ئێستا وه‌ک کرمێکی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ
له ژێر گه‌ڵایه‌کدا دێیته ده‌رێ و ده‌ڵێیت .. هێ ی ی دایه!
ده‌زانم هه‌ر ئێستا به گیانی قه‌وزاوییه‌وه
وه‌ک فه‌رخه بۆقێک له دواوه چاوه‌کانم ده‌گریت ..
ده‌زانم تۆیت، سوور ده‌زانم
به‌ڵام هه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست ده‌ڵێم "ئۆفیلیا"یت؟
تۆش سه‌رت باده‌ده‌یت .. ده‌ڵێیت همءء همءء
هه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست ده‌ڵێم: په‌ترۆسیت، ده‌زانم په‌ترۆسیت
تۆش وه‌ک ماسییه‌کی سور هه‌ڵده‌به‌زیته‌وه و دێیته به‌رده‌مم
پێده‌که‌نیت: هێ ی نه‌تزانی .. نه‌تزانی، یۆحه‌ننام
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
وه‌ک خه‌نجه‌رێک له دڵی ئه‌ودا وون بووین
وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌ک سپێده‌ی ئه‌و له‌خشته‌ی بردین
وه‌ک شازاده‌یه‌ک به ئه‌ڤینی ئه‌و مردین
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
له بابل هاتینه‌ده‌ر
خۆمان له ژه‌هر و گومڕایی هه‌ڵکێشا
پارشێوان ده‌چووینه گۆڕستان
ڕۆژی شه‌ممان به لای ماسییه‌کاندا ده‌ڕۆیشتین
شمشێرمان به ڕووی دارستاندا هه‌ڵکێشا.
پێنچ پیاو بووین
یه‌کێکمان له مزگه‌وتی کووفه له نوێژدا کوژرا
یه‌کێکمان له نه‌یشاپوور مردنی خۆی به خه‌ون بینی
یه‌کێکمان له دارستاندا وون بوو .. ماڵی خۆیانی هه‌رگیز نه‌دۆزییه‌وه ..
زمانی دایکی بیرچووه‌وه
یه‌کێکی ترمان که‌وته داوی ژنانی "کۆرنسۆس"
ئه‌وی تریشمان چه‌ته‌کانی ده‌ریا له "غه‌رناته" کردیان به کۆیله
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
نیوه‌ڕۆ به‌و ته‌وه‌زه‌لییه‌ی خۆیه‌وه ..
ئێواره به‌و ساویلکه‌ییه‌ی خۆیه‌وه ..
شه‌و به‌و هه‌موو پیریه‌ی خۆیه‌وه ده‌یانزانی
ئه‌و خاکه ئێمه‌ی ناوێت
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
وه‌ک خه‌نجه‌رێک پشتمان کرده برینه‌کان و گریاین
وه‌ک گولله‌یه‌کی په‌شیمان به دڵدا ڕابوردین
به ئه‌سرینی هاوڕێ خنکاوه‌کانمان خۆمان گه‌رم ده‌که‌ینه‌وه
"جا وه‌حشییه‌کان به ئه‌سرین گه‌رم ده‌بنه‌وه؟!"
به بیره‌وه‌ریی براده‌ره کوژراوه‌کانمان
ئه‌م غه‌ریبییه ژیر ده‌که‌ینه‌وه
"جا غه‌ریبیی ژیر ده‌بێته‌وه؟!"
☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼ ☼☼☼
ئابی 2005