مارکیز.. ئه‌و که‌سه‌ی
ژیا
ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بگێڕێته‌وه..
ن: نه‌ی الایباری
و: هێمن محمود
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یت به‌ناوبانگێکی جیهانیی، ده‌بێت له
سه‌ره‌تاوه له ناوه‌وه‌دا رۆبچیت
و ده‌رکه‌ویت، ره‌نگه ئه‌مه
ڕێک به‌سه‌ر ئه‌و لاوه‌دا هاتبێت که خه‌ڵکی
ئه‌مریکای خواروه و ناوی (جابو)یه.
ئه‌وێک که له ڕۆژنامه‌دا ئیشی ده‌کرد
و هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا که له ئه‌ده‌بدا
رێگای خۆی بکاته‌وه، وه‌ک هه‌موو جارێکیش به ده‌ست
چه‌ندین گرفتی مادیی و هونه‌رییه‌وه ده‌یناڵاند.
دواتر‌و له ساتێکی زۆر ئاسایی‌دا ئه‌وه‌ی
به‌دوایدا ده‌گه‌ڕا دۆزییه‌وه! ئه‌و ده‌نگه‌ی که حیکایه‌ته‌کانی خۆی پێ
ده‌گێڕایه‌وه.
دوای ئه‌و ساته ئیدی نه‌یده‌توانی بوه‌ستی، به
جۆرێکی وه‌ها که ده‌یگێڕایه‌وه و ده‌یگێڕایه‌وه
و ده‌یگێڕایه‌وه، تاوه‌کو کۆتایی
حیکایه‌ته‌که، به‌هه‌مان ده‌نگی جاران، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا جیهانه‌که‌ی خۆی
له تێکشکانه‌وه گۆڕی بۆ سه‌رکه‌وتن
و روه‌و ناوبانگێتی جیهانی هه‌نگاوی نا.
(جابۆ) ئه‌و
ناوه‌یه که که‌سه نزیکه‌کانی گه‌وره ئه‌دیبی
جیهانیی(گابریل کارسیا مارکیز)ی له‌دایکبووی
شاره بچوکه‌که‌ی (ارکاتیکا)ی باکوری کۆلۆمبیای پێ
بانگ ده‌که‌ن. له‌ماڵێکدا که پڕیبووه
له مێروله و حیکایه‌ته
زۆره‌کانی تارماییه‌کان، که هه‌موو جار داپیره‌ی بۆ مارکیزی ده‌گێڕاوه.
له‌ماڵی مێرووله و
تارماییه‌کاندا
گه‌وره‌ترین ئه‌دیب له‌دایک ده‌بێت..
له‌گوندی (ارکاتیکا)ی کۆلۆمبی، زیاتر له‌هه‌زار جوتیار که له‌چاندنی مۆزدا
کاریان ده‌کرد، کۆبوونه‌وه
و بڕیاریان دا ده‌ست له کاره‌کانیان
هه‌ڵبگرن له‌به‌ر خراپبوونی بارودۆخیان، چونکه ئه‌و
کۆمپانیایه‌ی که له‌بازرگانیکردنی مۆزدا کاری ده‌کرد کرێیه‌کی باش
و بارودۆخێکی باشتری بۆ کرێکاره‌کان و
خێزانه‌کانیان ده‌سته‌به‌ر نه‌ده‌کرد.
کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌که‌ی بازرگانی مۆزیش به‌هۆی ده‌ستڕۆیشتن زۆرییه‌وه په‌نای
برده به‌ر پۆلیس بۆ کۆتایهێنان به‌مانگرتنه‌که و
له‌ئه‌نجامیشدا نزیکه‌ی هه‌زار که‌س کوژرا که له‌نێویاندا چه‌ند مناڵێک هه‌بوو.
ئه‌مه رێک له‌ساڵی 1928دا روویدا، ئه‌و ساڵه‌ی که
مناڵێکی بچکۆله به‌ناوی (جابۆ) له‌نێو ئه‌و مێرووله
زۆرانه‌ی که ماڵه‌که‌یان پڕکردبوو هه‌روه‌ها له
نێو ئه‌و حیکایه‌ته زۆرانه‌ی که داپیره‌ی ده‌رباره‌ی تارماییه‌کان
ده‌یگێڕایه‌وه.. له‌دایک بوو. داپیره خاوه‌نی
که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێزبوو، کاروباره‌کانی ناوماڵی به‌شێوه‌یه‌کی لێزانانه‌ی
وه‌ها به‌ڕێوه‌ده‌برد که وێنه‌ی نه‌بوو، حیکایه‌تی ئه‌و مردوانه‌ی
ده‌گێڕایه‌وه. که بۆ ژیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌هه‌موو وشه‌یه‌ک بڕوای ده‌کرد
هه‌رچه‌ندێکیش مایه‌ی سه‌رسامێتی بووایه.
باپیره‌ش ژه‌نه‌ڕاڵێک بوو له‌کاتی لاوێتیدا پیاوێکی کوشتبوو، که هه‌ستی
به‌گوناحێکی گه‌وره ده‌کرد له به‌رامبه‌ر
کردنیدا. به‌ڵام مێروله‌کان ماڵه‌که‌یان ده‌خوارد، ته‌نانه‌ت وه‌هاش
پێده‌چوو که هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه هه‌ڵڵوشن،
باوک و دایکیش پاش چیرۆکێکی خۆشه‌ویستی جوان
یه‌کتریان هه‌ڵبژاردبوو، شۆڕشه‌که‌ی (مۆز)یش هیچ که‌سێک به‌ئاشکرا نه‌یده‌وێرا
له‌باره‌یه‌وه قسه بکات.
ئه‌مانه هه‌مووی موفره‌ده‌کانی ژیانی (مارکیز) بوون، که دواتر ده‌یگوازێته‌وه
بۆ کاره‌کانی، له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه (سه‌د ساڵ ته‌نیایی):
بانگه‌وازی دڵ.. سه‌فه‌ری نه‌گبه‌تی و خۆشه‌ویستی
ده‌ڵێن (ئه‌گه‌ر نه‌تتوانی ئه‌وه‌ی خۆشت ده‌وێ
جیبه‌جێی بکه‌یت، ئه‌وا ئه‌وه‌ت خۆشبووێ که
ده‌یکه‌یت).
به‌ڵام ره‌نگه مارکیز بڕوای به‌م وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه نه‌بێت، چونکه ئه‌و
کاتانه‌ی که وانه‌کانی قانونی جیده‌هێشت و وازی
له‌خوێندکارێتی (ماف) ده‌هێنا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌شه‌قامه‌کانی (بوجوتا)ی
پایته‌ختدا بگرسێته‌وه‌و چه‌ند کاتژمێری درێژ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب ته‌رخان
بکات له‌بری وانه‌کانی زانکۆ و هه‌روه‌ها کاتێکیش
یه‌که‌مین چیرۆکی درێژی خۆی نووسی.. مارکیز وازی
له‌وه هێنا که پێویسته بیکات،
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه بکات که خۆشی ده‌وێت..
له‌ساڵی (1946)و له‌کاتێکدا ته‌مه‌نی ته‌نها (18) ساڵ ده‌بێت، له‌ڕۆژنامه‌ی (اسبیکتادور)
یه‌که‌مین چیرۆکی خۆی به‌ناونیشانی (استقاله) بڵاوده‌کاته‌وه،
موحه‌رری رۆژنامه‌که وه‌ها وه‌سفی ده‌کات که چیرۆکێکی (عه‌بقه‌ریانه‌یه).
ئه‌وه سه‌ره‌تای قۆناغی داهێنان بوو له‌ژیانی مارکیزدا، به‌درێژایی
ساڵانی داهاتوو هه‌مان رۆژنامه ده‌یه‌ها چیرۆکی بۆ (مارکیز) بڵاوکرده‌وه.
دوای ئه‌وه‌ش له‌ڕۆژنامه‌ی (یونیفیرسال) رۆژانه وتارێکی بڵاوده‌کرده‌وه،
به‌رله‌وه‌ی له‌ساڵی (1950) بڕیاری کۆتایی دا
واز له‌خوێندنی (ماف) بهێنێت و خۆی یه‌کلایی
بکاته‌وه بۆ نووسین که دواتر ده‌بێته پیشه ئه‌زه‌لیه‌که‌ی.
ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ش که رۆژنامه‌که له‌به‌ر هۆکاری سیاسی داده‌خرێت
و مارکیز نیشتمانه‌که‌ی خۆی جیده‌هێڵێت و
رووه‌و ئه‌وروپا ده‌ڕوات، له‌نووسین به‌رده‌وام ده‌بێت
و تاوه‌کو له‌ساڵی (1982) خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب وه‌ده‌ست ده‌هێنێت.
له‌پیرێتیشدا و پاش ئه‌وه‌ی بۆی
ده‌رده‌که‌وێت که توشی (شێرپه‌نجه) بووه ته‌نهایی هه‌ڵده‌بژێرێت
و واز له‌وه ناهێنێت که له‌پێناویدا ژیاوه: که ئه‌ویش نووسینه.
مارکیز له‌ئه‌وروپا ماوه‌یه‌کی زۆری به برسێتی
و ده‌ربه‌ده‌ریی به‌سه‌ربرد، له
پێناوی ده‌ستکه‌وتنی پارویه‌ک ناندا بتڵه شوشه‌ی خاڵی کۆده‌کرده‌وه بۆ
ئه‌وه‌ی دووباره بیانفرۆشێته‌وه.
جارێکی دیکه گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌مریکای لاتینی، ئه‌مجاره‌یان بۆ (کۆلۆمبیا)نا،
به‌ڵکو بۆ (فه‌نزویلا)، وڵاته دراوسێکه‌ی (کۆلۆمبیا).
جارێکی دیکه‌ش توانی له ڕۆژنامه‌دا ئیش
بکاته‌وه، له‌ساڵی (1958) به‌نهێنی گه‌ڕایه‌وه (کۆلۆمبیا) بۆ ئه‌وه‌ی (مرسیدس)ی
خۆشه‌ویستی که چوارساڵ بوو چاوه‌ڕێی ده‌کرد بخوازێت
و له‌گه‌ڵ خۆیدا جارێکی دیکه بیهێنێته‌وه بۆ (فه‌نزویلا).
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که خاوه‌ن ژن و مناڵه
گه‌وره‌که‌ی بوو، به‌ڵام بڕیاریدا ده‌ست له‌ئیشه‌که‌ی له‌ڕۆژنامه‌که‌دا
بکێشێته‌وه، وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک له‌دژی هه‌ڵوێسته‌کانی رۆژنامه‌که
له‌به‌رامبه‌ر پشتگیریکردنی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
دواتر له‌ئاژانسی هه‌واڵه‌کانی (کوبا)دا ده‌ست ده‌کات به
ئیش، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی کوبا (فیدل
کاسترۆ) دروست ده‌کات وتا ئه‌م ساته‌ش به‌رده‌وامه..
به‌ڵام لێره‌ش وازده‌هێنێت له‌به‌ر ناڕه‌زابوونی له
زۆرێک بیروبۆچوونه‌کانی حیزبی شیوعی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات که ئاژانسه‌که
زمانحاڵی ره‌سمی بوو.
دۆزیمه‌وه.. ماکۆندۆ
دڵی (جابو) هێدی هێدی خه‌ریک بوو توشی نائومێدی
ده‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی که له(مه‌کسیک)دا گیرسایه‌وه، راست بوو که شتێکی
کردبوو یه‌کێکی دیکه‌ی رازی ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌وه به‌س نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی دڵی
خۆی رازی بکات. مارکیز له‌و ماوه‌یه‌دا فیلمی
سینه‌مایی وه‌رده‌گێڕا، به‌مه هه‌ندێک قازانجی کرد
و بایی ئه‌وه‌نده بوو که خۆی و خێزانه‌که‌ی
ژیانێکی به‌ڕێزانه‌ی پێبه‌رنه سه‌ر، هه‌روه‌ها کاتێکی چاکیشی هه‌بوو بۆ
ئه‌وه‌ی بنووسێت، هه‌روه‌ها توانیشی کتێبه
ئه‌ده‌بیه‌کانی خۆی بڵاوبکاته‌وه، هه‌روه‌ک چۆن سیناریۆشی بۆ یه‌کێک
له‌فیلمه‌کان نووسی.
له‌و کارانه‌ی مارکیز له‌و ماوه‌یه‌دا بڵاوی کردنه‌وه (الکولونیل لایجد من
یکاتبه) و (جنازه الام الکبیره)و (ساعه الشر)
بوو، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان بوو له‌م رۆمانه‌ی دواهه‌مینیاندا ئه‌وه‌بوو که
بڵاوکه‌ره‌وه‌که ده‌ستکاری رۆمانه‌که‌ی کردبوو به‌شێوه‌یه‌کی وه‌ها
پاڵه‌وانه‌کانی وه‌ها لێکردبوو که به‌زمانێکی جوان قسه بکه‌ن به‌پێچه‌وانه‌ی
ئه‌و زمانه‌ی که مارکیز رۆمانه‌که‌ی پی نوسیبوو که پڕی
بوو له‌جنێو، هه‌ر ئه‌مه‌ش مارکیزی زۆر
توڕه‌کرد.
ئه‌وه‌ی که ئه‌نجامی دابوو له‌و ماوه‌یه‌دا مارکیزی
رازی نه‌ده‌کرد، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی بیروڕای چوارده‌وره‌که‌یه‌وه، رۆمانه‌کانی
هیچ یه‌کێکی له(700) دانه زیاتری لێ
بڵاونه‌کرایه‌وه، زیاتر له‌وه هێشتا نه‌یتوانیبوو
ئه‌وه بنوسێت که به‌ڕاستی ده‌یویست بینووسێت،
هێشتا ئه‌و (نبره)یه‌ی نه‌دۆزیبوویه‌وه که پێویست
بوو پێی بنووسێت.. ته‌نانه‌ت هێشتا ده‌نگی خۆشی
نه‌دۆزیبوویه‌وه.
مارکیز به‌رده‌وام بوو له‌نوسین و گه‌ڕان به‌دوای
ئه‌و شته‌دا که لێی ون بووبوو،
تا ئه‌و ساته‌ی که به‌کتوپڕی دێت، وه‌ک هه‌موو ساته‌کانی رۆشنکه‌ره‌وه،
له‌یه‌نایه‌ری ساڵی 1965، مارکیز هاواری کرد (دۆزیمه‌وه.. ماکۆندۆ)و ژیانی
سه‌رله‌به‌ر گۆڕا، ماکۆندۆ چیه؟
چه‌ند ساڵێکی درێژ بوو (ماکۆندو) له‌خه‌یاڵیدا بوو،
به‌ڵام هه‌ستی به‌وه نه‌کردبوو که هێشتا ئاماده‌یه بۆ نووسین، تا ئه‌و
ساته‌ی که دێت و ده‌رباره‌ی ده‌ڵێت (به
کتوپڕیی.. ساتی رۆشنکه‌ره‌وه هات، ته‌نانه‌ت
نازانم بۆچی به تایبه‌تی له‌و ساته‌دا، به‌وردی
و ته‌واوه‌تی زانیم که چۆن رۆمانی داهاتووم ده‌نوسم، ئه‌وه‌نده به‌ڕوونی
ده‌مزانی ته‌نانه‌ت وه‌ها بڕوام ده‌کرد که له‌توانامدایه به‌شی یه‌که‌می
رۆمانه‌که وشه به‌وشه بنووسمه‌وه).
(ماکۆندو) ئه‌و شاره‌یه که روداوه‌کانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) تیادا رووده‌دات،
شوێنی جوگرافی راسته‌قینه‌ی (ماکۆندو)ش له‌خه‌یاڵی مارکیزدا ده‌که‌وێته سه‌ر
زه‌وی ئه‌مریکای لاتین.
هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای ئه‌و ساته‌ی که رۆشنکه‌ره‌وه بوو بۆ (مارکیز)، ده‌ستیکرد
به‌نووسینی رۆمانه‌که‌ی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی).
هه‌موو رۆژێک ده‌ینووسی، به‌درێژایی (18) مانگی به‌رده‌وام ده‌ستی له‌نووسین
هه‌ڵنه‌گرت، هه‌موو ژیانی خۆی له‌و ماوه‌یه‌دا
ته‌رخان کرد بۆ نوسین و ده‌ستی له‌کاره‌که‌ی هه‌ڵگرت
و په‌نای برده به‌ر فرۆشتنی هه‌موو که‌لوپه‌له‌کانی ماڵه‌که‌ی
و قه‌رزێکی زۆری له‌سه‌ر که‌ڵه‌که بوو.
(ماکۆندۆ) شاری ئه‌و جیهانه بوو که مارکیز دووباره
به‌وه‌ی که له‌دڵیدا بوو له‌بیره‌وه‌ری مناڵی و
ماڵی مێروله و حیکایه‌ته‌کانی داپیره
و مردووه زیندوه‌کان بنیاتی نایه‌وه،
به‌هه‌مان ئه‌و نه‌بره‌یه‌ی که داپیره‌ی
حیکایه‌ته‌کانی بۆ مارکیز ده‌گێڕایه‌وه له‌سه‌ر شه‌ڕ
و توندوتیژی و ونبوونی بیروباوه‌ڕه‌کان
له‌نێو شۆڕشه خوێناوییه‌کان و جیاوازییه
ئایدۆلۆژییه‌کان که وڵاتی گرتبوویه‌وه.
(سه‌د ساڵ ته‌نیایی) له‌ساڵی (1967)دا بڵاوکرایه‌وه، به‌تیراژی (8000)دانه.
دوای تێپه‌ڕبوونی (3) ساڵ به‌سه‌ر چاپکردنیدا، نیو ملیۆن دانه‌ی لیفرۆشرا، بۆ
(12) زمانی جیهانی وه‌رگێڕدرا
و(4) خه‌ڵاتیشی برده‌وه
و مارکیزی کرد به یه‌کێک له‌نووسه‌ره
هه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌مریکای لاتین، له‌هه‌ره
به‌ناوبانگترین نوسه‌ره‌کانی جیهان.
رێگا به‌ره‌و نۆبڵ له‌حیکایه‌ته‌کانی داپیره‌مه‌وه ده‌ست پێده‌کات..
ئه‌مه ئه‌و رێگایه‌یه که داپیره‌م حیکایه‌ته‌کانی پێ ده‌گێڕایه‌وه، به
نه‌بره‌یه‌کی زۆر له‌سه‌رخۆ
و وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاسایی‌ترین رووداو بگێڕێته‌وه
باسی سه‌رسوڕهێنه‌رترین و عه‌جیبترین شتی ده‌کرد..).
ره‌نگه ئه‌م رسته‌یه‌ی مارکیز پێناسه‌یه‌ک بێت بۆ وه‌سفکردنی ئه‌وه‌ی که
ناوده‌برێت به‌واقعیه‌تی سیحری، چونکه واقیع زۆر به‌ئاسانی
و له‌سه‌رخۆیی تێکه‌ڵی خه‌یاڵ ده‌کرێت، هه‌ر بۆیه ده‌بینین مردوه‌کان
ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ژیان وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مه به‌درێژایی کاته‌کان روبدات،
هه‌روه‌ها به‌به‌رچاوی هه‌موانه‌وه ئافره‌تێک به‌زرده‌کرێته‌وه بۆ ئاسمان
و مناڵێکی کلکدارێکی ده‌بێت.
واقیعیه‌تی سیحری ره‌وتێکه بنه‌ڕه‌ته‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی
ئه‌ده‌ب، مارکیزیش له(سه‌د ساڵ ته‌نیایی)دا شێوه‌یه‌کی زۆر پێگه‌یشتووی
تایبه‌تی لی دروستکرد و
بوو به یه‌کێک له‌ڕه‌مزه گه‌وره‌کانی ئه‌م ره‌وته،
ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی وه‌ها هه‌ر که باس له‌ڕه‌وتێکی وه‌ها ده‌کرێت ده‌بێت
ناوی (مارکیز) بهێنرێت.
مارکیز شێوازه‌که‌ی خۆی پله به‌پله دۆزییه‌وه، به‌ڵام به(سه‌د ساڵ ته‌نیایی)
گه‌شته لوتکه و کامڵ بوون، ئه‌و ئه‌وه
ده‌گێڕێته‌وه که هه‌موو جار له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا به‌دوای ئه‌و ده‌نگه‌دا
گه‌ڕاوه که هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌بێت که ئه‌و
ئه‌یه‌وێت حیکایه‌ته‌کانی پێ
بگێڕێته‌وه.
(له‌هه‌وڵه‌کانی یه‌که‌مجارمدا بۆ نووسین کاتێک ده‌منووسی باوه‌ڕم به‌و
حیکایه‌تانه نه‌ده‌کرد که ده‌منووسین، به‌ڵام
دواتر بۆم ده‌رکه‌وت که ده‌بێت باوه‌ڕ به‌وه بکه‌م که بۆ خه‌ڵکی ده‌گێڕمه‌وه،
به‌هه‌مان ئه‌و واقیعیه‌ته‌ی که داپیره‌م هه‌موو جارێک حیکایه‌ته‌کانی بۆ
ده‌گێڕاینه‌وه)
هیچ که‌سێک له‌مه‌ریخه‌وه نایه‌ت..
ئه‌و واقیعه‌ی که مارکیز له‌کاره‌کانیدا باسی ده‌کات بوو به
جێگای سه‌رنجدانی لیژنه‌ی دادوه‌ری خه‌ڵاتی نۆبڵ، هه‌ر ئه‌مه‌ش
خه‌ڵاته‌که‌ی بۆ ده‌سته‌به‌رکرد، نه‌ک ئه‌و وشه ئه‌ده‌بیانه‌ی که ته‌عبیری
له‌و واقیعه ده‌کرد. مارکیز ئا به‌م جۆره له‌وتاره درێژه‌که‌یدا که له‌کاتی
وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌که‌دا باسی له‌وه‌کرد که نهێنی کاره‌که‌ی
و بلیمه‌تیه راسته‌قینه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌گی ماڵه‌که‌ی
له(ارکاتیکا)و له‌نێوان مێروله و حیکایه‌ته‌کانی
داپیره و باپیره‌دا، له
زه‌وییه‌کانی کۆلۆمبیا له‌ئه‌مریکای لاتین. ئه‌و جیهانه سه‌رنج
راکێشه‌ی که مارکیز له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسێت خاوه‌نی چێژێکی زۆر تایبه‌تیه،
له‌هه‌مانکاتیشدا به‌هۆی ئه‌و موفره‌دانه‌وه که له‌واقیعی ژیانی ئاسایی
هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌یدایه به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ئاساییانه دێته به‌رچاو.
ئه‌م تێکه‌ڵاوبوونه هاوکێشه‌یه‌کی هه‌ستپێکراوی ئینسانیانه‌ی به‌رزی وه‌های لێ
دروست بووه که
زۆر به سانایانه ده‌توانێت ببێت به‌بابه‌تێکی
جیهانی، چونکه له‌توانایدایه که زۆر به‌ئاسانی بڕواته دڵی خه‌ڵکه‌وه.
وه‌ک چۆن پیاوێک له‌وڵاتێکی دوره‌وه دێت و هێشتا
نیشانه‌کانی سه‌ر روخساری هی ئه‌و وڵاته‌یه که لێوه‌ی هاتوه
و ئینسانییبوونی بوه‌ته پردێک بۆ درووست‌کردنی
په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ی که تیایدا نیشته‌جی بووه.
خۆپه‌رێزکردنی داهێنه‌ر له‌نیشتمانه‌که‌ی و ژیانه
ساده‌که‌ی هاوڵاتیه‌کانی وڵاته‌که‌ی دوره‌په‌رێزیه‌کیشه، له‌هه‌موو مرۆڤایه‌تی،
هه‌رچه‌ندێکیش به‌هره‌ی ده‌نگ بداته‌وه وه‌ک ئه‌و که‌سه وه‌هایه که
له‌مه‌ریخه‌وه هاتبێت و به‌زمانێک قسه بکات که
که‌سێک نه‌بێت له‌م جیهانه‌دا لێی تێبگات. ئه‌مه‌ش رێک ئه‌و کاره‌یه که
مارکیز هه‌رگیز ئه‌نجامی نادات.
به‌ره‌و لوتکه
دوو رێگا هه‌یه بۆ به لوتکه گه‌شتن: یه‌که‌میان
ئه‌و رێگایه‌یه‌که هه‌ر له‌مناڵیه‌وه له‌کتێبه‌کانی قوتابخانه‌و دانیشتنه
خێزانیه‌کان و رێنمایی گه‌وره‌کان که ئێمه هێشتا
خه‌ریکه فێری رۆشتن و قسه‌کردن ده‌بین،
فێرده‌کرێین. به‌ڵام رێگای دووهه‌م دوای ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌پاکێتی خۆمان
له‌ده‌ست ده‌ده‌ین فێرده‌بین، ئه‌مه رێگای وازهێنان
و ده‌ستهه‌ڵگرتنه له‌باوه‌ڕه‌کانمان، هه‌رچه‌ندێک ئه‌م رێگایه ره‌تبکه‌ینه‌وه
یاخود قبوڵی بکه‌ین، هه‌رچه‌ندێک باس له‌کۆتاییه خۆشه‌که‌ی یان ناخۆشه‌که‌ی
بکه‌ین، ئه‌وا بێگومان ئه‌م رێگایه ئاماده‌یه و
ئێمه له‌جیهانێکدا ده‌ژین که سه‌فاحه‌کانیش به‌ته‌نیشت به‌هره‌داره‌کانه‌وه
ده‌گه‌ن به لوتکه.
مارکیز ئه‌و کاته‌ی له‌نێو چه‌پڵه‌ڕێزانی ئاماده‌بوواندا
وه‌ستا بۆ وه‌رگرتنی یه‌کێک له‌گرنگترین خه‌ڵاته‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانی که
ئه‌ویش نۆبڵه، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی دا به‌ده‌سته‌وه
که ئه‌و یه‌کێکه له‌به‌هره‌داره‌کان، به‌ڵام نۆبڵ سه‌ره‌ڕای به‌هاکه‌ی به‌ڵگه
نه‌بوو بۆ به‌هره‌داریی ئه‌وانه‌ی که به‌ده‌ستی
ده‌هێنن. مارکیز دڵنیا بوو له‌وه‌ی که هه‌مان
خه‌ڵاتیش ره‌نگه بدرێت به‌هه‌ندێک که‌س که شایانیان نییه، زیاتر له‌وه‌ش
ره‌نگه وه‌ک په‌رده‌یه‌ک وه‌هابێت بۆ داپۆشینی رووخساری
ئه‌وانه‌ی که تاوانبارن به‌رامبه‌ر به‌شه‌ریه‌ت، هه‌ر بۆیه له‌به‌یانێکدا
هێرشی کرده سه‌ر به‌خشینی خه‌ڵاته‌که به‌تاوانباری جه‌نگ (مناحم بیجن)و
به‌توندیش ئیدانه‌ی قه‌سابخانه‌کانی ئیسرائیلیه‌کانی کرد دژ
به‌فه‌له‌ستینیه‌کان، له‌وه زیاتریش ئیدانه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌شی کرد که ده‌درێن
به‌و سه‌فاحانه.
دواهه‌مین گه‌شبینی سه‌رزه‌وی..
دوای ئه‌وه‌ی مارکیز به‌هه‌موو به‌هاکه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ، رۆژنامه‌ی (کامبیو)ی
کۆلۆمبی کڕی، ژماره‌ی فرۆشراوه‌کانی ئه‌و رۆژنامه‌یه له(14000) دانه‌وه
به‌رز بوویه‌وه بۆ
(50000)دانه، چونکه خه‌ڵکی ده‌یانویست هه‌موو ئه‌وانه بخوێننه‌وه که (جابو)
(ئه‌و ناوه‌ی که هه‌موو ئه‌مریکای لاتین پێی بانگی ده‌که‌ن) ده‌ینووسی.
له‌شه‌قامه‌کانیشدا خه‌ڵکی وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی سینه‌مایی سڵاویان
لیده‌کرد و به‌رده‌وام له‌ته‌ندروستیان ده‌پرسی.
مارکیز بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ نه‌یده‌توانی به‌شێوه‌یه‌کی جێگیر له
کۆلۆمبیادا بمێنێته‌وه، به‌ڵام له‌دوایدا بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ (بوجوتا)،
سه‌ره‌ڕای ناجێگیربوونی بارودۆخی ئه‌منی، سه‌رنووسه‌ریی
رۆژنامه‌که‌ی گرته ئه‌ستۆ و له‌ڕێگه‌یه‌وه
وتاره‌کانی خۆی ده‌نووسی، که به‌شێوه‌یه‌کی
ئازایانه تیایدا بیروباوه‌ڕی خۆی ده‌رده‌بڕی ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه، که
له‌به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌که‌یدان و له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له
جیهانیه‌کانیش. (جابو) هه‌رگیز له‌وه بێهیوا نابێت که ره‌نگبێت سبه‌ینێیه‌کی
باشتر دروست ببێت، ته‌نانه‌ت زۆرێک ده‌رباره‌ی ده‌ڵێن که ئه‌و دوواهه‌مین
که‌سی گه‌شبینه تاوه‌کو ئێستا مابێت، هه‌وڵه‌کانی ئه‌ویش بۆ گۆڕینی واقیع
ته‌نها له‌بواری نووسیندا نه‌بوو، به‌ڵکو درێژده‌بوویه‌وه
بۆ هه‌ندێک چالاکی سیاسیش.
وه‌ک چۆن رۆڵێکی چالاکی بینی له گفتوگۆکانی نێوان
حکومه‌ت و کۆمه‌ڵه چه‌کداره‌کانی کۆلۆمبیا،
هه‌روه‌ها له چاکترکردنی
په‌یوه‌ندییــــــــــــــــه‌کانی نێوان ئه‌مه‌ریکاو کۆلۆمبیا رۆڵی ناوبژیوانی
بینی چونکه په‌یوه‌ندییه‌کی به‌تین ده‌یبه‌ست به‌سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکییه‌وه
(بیل کلنتون).
به‌دڵنیاییه‌وه.. بۆ (مه‌رسیدس)
ئه‌مه ئه‌و پێشکه‌شکردنه‌یه که له‌سه‌ر به‌رگی رۆمانه به‌ناوبانگه‌که‌ی (خۆشه‌ویستی
له‌زه‌مه‌نی کولێردا) بۆ (مه‌رسیدس پاشا)ی ژنی نووسیوه.
ئه‌و هاوڕێی ژیانێتی که خۆشی ویستوه
و نزیکه‌کان له(جابو) گرنگێتی ئه‌وه ده‌زانن به
نیسبه‌ت مارکیزه‌وه: ئه‌وه ئه‌وه که ئیشوکاره‌کانی خێزان رێک ده‌خات
مارکیز به‌رده‌وام باسی ده‌کات و ده‌ڵێت (ژن
و مناڵه‌کانم گرنگترین شتی ژیانی منن، به‌فه‌زڵی ئه‌وانه‌شه‌وه‌یه من
توانیومه نه‌هامه‌تیه‌کان تێپه‌ڕێنم و رووبه‌ڕوویان
ببمه‌وه). ئه‌و دوو کوڕی هه‌یه (رودریجو) که ده‌رهێنه‌رێکی سینه‌ماییه‌و
له‌ئه‌مریکا ده‌ژی و (جونزالو) که له‌مه‌کسیک ده‌ژی
و له‌گرافیکدا ئیش ده‌کات.
به‌های خۆشه‌ویستی لای مارکیز له ژیانیدا گرنگیه‌کی
تایبه‌تی هه‌یه، ره‌نگبێت سه‌ره‌تای ئیمانی قوڵی به
خۆشه‌ویستی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کاته‌ی که هێشتا بچوک بووه، گوێی
له‌و بیرۆکه ئه‌فسانه‌ییه گرتبێت که دایک و باوکی
پێکه‌وه کۆکردۆته‌وه و دواتریش ده‌بێت
به‌ئیلـــــــــهامی رۆمانه به‌ناوبانگه‌که‌ی (خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی
کۆلێرادا).
(خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی کولێرادا) چیرۆکی ئه‌و پیاوه‌یه که چاوه‌ڕوانی
خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات و دوای حه‌فتاکانی
ته‌مه‌نیان به‌یه‌ک ده‌گه‌ن!.
ئه‌و کتێبه پڕیه‌تی له‌کۆی ئه‌و هه‌ستانه‌ی کاتێک ژن
و پیاوێک له‌په‌یــــــوه‌ندییه‌کی (خۆشـــــــــبه‌خت) یان (له‌خۆشبه‌ختی
بچێت، بـــــــــه‌ڵام خۆشبه‌ختی ته‌واوه‌تی نه‌بێت) پێک ده‌گه‌ن.
ئه‌ژی و ئه‌گێڕێته‌وه
دوای ئه‌وه‌ی که له‌ساڵی (1999)دا بۆی ده‌رکه‌وت توشی (شێرپه‌نجه) بووه
مارکیز بڕیاری دا له‌ژیانی گشتی خۆی دووره‌په‌رێز
بگرێت له‌باڵه‌خانه‌یه‌کدا له(بوجوتا)ی پایته‌خت، به‌ڵام بێگومان بڕیاری
ئه‌وه‌ی نه‌دا خۆی دوره‌په‌رێز بگرێت له ژیان،
به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه، وتی که ئه‌مه باشترین
فرسه‌ته بۆ نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کان، که
هه‌ر به‌فیعلیش به‌شی یه‌که‌می به‌ناونیشانی (ان
اعیش لاحکی) لێ
بڵاوکرایه‌وه که باس له‌مناڵی و هه‌رزه‌کارێتی خۆی
ده‌کات.
وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌شی دووهه‌می که باس له
ڕۆمانه‌که‌ی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)و سه‌ره‌تاکانی سه‌رکه‌وتن
و بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ ده‌کات بڵاوبکاته‌وه. دوای ئه‌وه‌ش به‌شی
سێهه‌م دێت که باس له دوای نۆبڵ
و ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای ده‌کات.
سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی، (جابو) پارێزگاری له چالاکییه
رۆژانه‌ییه‌کانی خۆی به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام
ده‌کات، له‌کاتژمێر (5)ی به‌یانی هه‌ڵده‌ستێت، سه‌ره‌تای رۆژه‌که‌ی
به‌خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌وه تاوه‌کو کاتژمێر (7)ی سه‌رله‌به‌یانی به‌سه‌رده‌بات،
دواتر رۆژنامه ده‌خوێنێته‌وه و وه‌ڵامی نامه
ئه‌لکترۆنیه‌کانی ده‌داته‌وه.
له‌کاتژمێر (10) ده‌ڕواته کتێبخانه‌که‌ی خۆی تاوه‌کو کاتژمێر (2.5) ده‌ست
ده‌کات به نووسین و
دواتر له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا ده‌ست ده‌کات به
نانخواردن، به‌ڵام ئێواره ته‌رخان ده‌کات بۆ چاوپێکه‌وتن
و دانیشتن له‌گه‌ڵ خێزان و هاوڕێکانیدا.
مارکیز له‌ساڵی (2000)دا ئه‌و مانگرتنه‌ی شکاند که له‌به‌رامبه‌ر خۆ
ده‌رنه‌خستنیدا له که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه
بڕیاریدابوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه به‌درۆبخاته‌وه که گوایه وه‌سیتنامه‌ی کۆتایی
ژیانی خۆی نووسیوه و به
سایته ئه‌لکترۆنیه‌کاندا بڵاوی کردۆته‌وه، وتی که ئه‌وه جۆرێک له
هه‌ستکردن به‌لاواندنه‌وه‌ی خودی تیادایه که به‌هه‌موو جۆرێک دووره
له‌هه‌ستی راسته‌قینه‌ی ئه‌وه‌وه.
سه‌ره‌ڕای به‌درۆخستنه‌وه‌ی مارکیز بۆ ئه‌و وه‌سێتنامه به‌ڵام وشه‌کانی
له‌وه‌ده‌چن نزیک بن له‌ڕۆحیه‌وه.
له‌ژماره( (60،
گۆڤارى (ئاینده) ى ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م بڵاوبوه‌ته‌وه
سه‌رچاوه: