کورته چیرۆک
ڕاکه
هاوڕێم، ڕاکه - مه‌رگ هات!
سیروان
عه‌بدول
ئه‌و شه‌وه حه‌زه‌کانی، تاسه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه دوورودرێژه خیانه‌تیان لێ کرد،
نه‌یانتوانی ووزه و جووڵه‌ی پێویستی بۆ تێ بخه‌ن.
تووڕه بوو؛ چاک تووڕه بوو.
* * * * * * * * *
ئه‌و له شاخیش زۆر جاران تووڕه ده‌بوو. گه‌ر که‌سێک چه‌کی داده‌نا، ئه‌م گڕی
ده‌گرت. که سه‌عه‌ی ئایشه له لێبووردنه گشتییه‌که‌دا سواری پیکابه‌که بوو و
به‌ره‌و شار ملی ڕێگه‌ی گرته به‌ر، ئه‌م له جیاتی ته‌وقه ده‌ستێکی به‌سه‌ر
شانی‌دا دا و به ته‌وسێکه‌وه پێی ووت:
- ''بڕۆ پاڵه‌وان بڕۆ! به‌خوا هه‌ر یه‌که‌مجار که به‌و له‌قه‌به جوانه‌ته‌وه
هاتی بۆ شاخ زانیم چی ماڵێکیت.'' . . ''بچۆره‌وه بۆ لای هاورێکانت، کوڕی ئایشه و
مایشه‌کانی تر که به هه‌مووتانه‌وه هاجه‌رتان پێ چار نه‌کرا.'' . . ''پشتمان به
ئێوه و مانان قایم بێت شۆڕش قه‌ت هیچ به هیچ ناکا.''
ئه‌م به‌رپرسیارییه‌تێکی گه‌وره‌ی نه‌بوو له‌ناو هاوڕێکانیدا، به‌ڵام به قسه‌ی
سه‌ی خه‌لیلی فه‌رمانده‌ی هه‌موویان:
- ''پیاوێکی به‌مه‌بده‌ئه، به‌مه‌بده‌ء.''
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش که ئه‌م به‌شی گه‌وره‌ی ته‌مه‌نی له‌ڕێگای
خه‌باتدا دانابوو، سه‌ی خه‌لیل ڕێزی گه‌وره‌ی لێ ده‌گرت و هه‌موو ئه‌وانی تری به
''کوره'' بانگ ده‌کرد، ئه‌م نه‌بێ که پێی ده‌گووت ''هاوڕێ''.
زۆرترین تووڕه‌بوونی ئه‌و ڕۆژه بوو که سه‌ی خه‌لیلی تیا شه‌هید بوو. ئه‌و سه‌ری
له‌سه‌ر ڕانی ئه‌م بوو که گیانی سپارد. تووڕه‌بوونی ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ره‌تا له داخی
ئه‌وه بوو که فه‌رمانی ده‌ستلێهه‌ڵگرتنی ئه‌و هێرشه درا که بڕیار بوو ئه‌و ڕۆژه
بیکه‌نه سه‌ر مۆڵگه‌کانی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌م وا به ئاسانیی ئارام
نه‌ده‌بووه‌وه. سه‌ی خه‌لیل بۆ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی پێیده‌گووت:
- ''ئاخر هاوڕێ هه‌ر نزیکبوونه‌وه‌یه‌ک له‌و هێزه گه‌وره‌یه یه‌عنی مه‌رگ، مه‌رگ!
تێ ئه‌گه‌ی مه‌رگ یه‌عنی چی؟!''
لێره‌دا ئه‌م تۆزیک ئارام ده‌بووه‌وه. پاشان به بزه‌یه‌کی شه‌رمنانه و به
ئاماژه‌یه‌کی ناوه‌کییه‌وه ده‌یگووت:
- ''مه‌رگ له‌وێیه. که‌واته ئاراسته‌ی ئێمه ئه‌بێ به‌ره‌و ئه‌وێ بێ. ئه‌ی بڕیار
نییه ئێمه (مه‌رگ) له (پێش)مان بێت؟''
سه‌ی خه‌لیل به بزه‌یه‌کی به‌رین و به ده‌نگێکی تێکه‌ڵ به پێکه‌نینه‌وه
ده‌یگووت:
- ''با له پێشیشمان بێت، شه‌رت نییه خۆت بچی به پیرییه‌وه. په‌له‌ت نه‌بێ خۆی
دێ. خۆ قابیله بۆ کوێ ئه‌چێ، ڕۆژێ هه‌ر دێ.''
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بوو له‌و دۆڵه‌دا دوژمن به جێگه‌ی زانین.
- ''فریاکه‌وین زوو چۆڵی که‌ین''، سه‌ی خه‌لیل فه‌رمانی دا.
له‌و هه‌ڵپه‌ی پاشه‌کشێیه‌دا بیری نه‌چوو ڕووبکاته ئه‌م و به بزه‌یه‌که‌وه پێی
بڵێ:
- ''ئه‌ی چی هاوڕێ! فریای خۆت نه‌که‌وی مه‌رگ ئاوا زوو دێ و خۆشت نازانی چۆن
ڕاتئه‌ماڵێ و ته‌ختت ئه‌کا.''
زۆری نه‌برد سه‌ی خه‌لیل به پێکراویی سه‌ری به‌سه‌ر ڕانی ئه‌مدا شۆڕببووه‌وه و
پاش ماوه‌یه‌کیش گیانی سپارد.
ئه‌م تووڕه بوو، چاک تووڕه بوو و ئارام نه‌ده‌بووه‌وه. حه‌زی ئه‌کرد هه‌ر ئه‌و
له‌حزه‌یه بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بچێته‌وه سه‌ر دوژمن. هه‌ر له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه
له دوژمن؛ له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌بێ کێ خه‌به‌ری لێ دابن، بیری
هاجه‌ری که‌وته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی تر گڕی گرت.
* * * * * * * * *
ئه‌م هیچ دڵنیا نه‌بوو که ئه‌و ئیخباریی کردوون، ''به‌ڵام کێ وه‌ک ئه‌و قه‌حپه‌یه
ڕقی له ئێمه‌یه؟!'' له دڵی خۆیدا ده‌یگوت. ''ئه‌ی ئه‌وه نییه شه‌و و ڕۆژ له
باخه‌ڵی دوژمنایه؟''
له توڕه‌بوونی ئه‌و له‌حزه‌یه‌وه که سه‌ی خه‌لیل سه‌ری له‌سه‌ر ڕانی ئه‌م
دانابوو کاتێک سارد بووه‌وه و گیانی سپارد، تا ئه‌و کاته‌ی له ڕیکخستنه‌کانی ناو
شاره‌وه هه‌واڵی پێ گه‌یشت، ئه‌م هه‌ر بیری لای ئه‌وه بوو ''که ئه‌بێ
قه‌حپه‌یه‌کی وا چی بڵێت بۆمه‌رگی فه‌رمانده‌یه‌کی وا!''
''سه‌ری ماره‌که تۆپی''، به ده‌رودراوسێکانی وتبوو.
''ئاخ چۆن ده‌سم لێت گیر بێ و له‌ت و په‌تت که‌م''، ئه‌م به‌تووڕه‌ییه‌کی زۆره‌وه
و به‌هاوارێک که له شاخه‌کانی ئه‌وبه‌ردا ده‌نگی ده‌دایه‌وه ئه‌مه‌ی ووت. ''هه‌ر
له منداڵییه‌وه دیار بوو چی قه‌حپه‌یه‌کی. هه‌ر چه‌ن قه‌حپه‌یه‌کی وه‌ک تۆشه
یارمه‌تی پیاوه‌کانی حکومه‌ت ئه‌ده‌ن شوێنی ئێمه بدۆزنه‌وه. به‌رامبه‌ر به چیش.
هیچ، ئه‌وه نه‌بێ له‌گه‌ڵت ڕائه‌بوێرن.'' . .
هاجه‌ر، کۆنه دراوسێیان، هه‌ر له هه‌رزه‌کارییه‌وه به جوانییه‌که‌ی، به ناز و
جوختییه‌تێکه‌ی مێشکی ئه‌می داگیر کردبوو. ئا، هه‌ر له‌و کاتانه‌شه‌وه نیشانه‌ی
ئه‌وه دیار بوو که ئاوا که‌سێکی چاوبه‌ل ده‌رده‌چێ و هه‌م ده‌بێته له‌شفرۆش و
هه‌میش پیاوی حکومه‌ت.
ئه‌م تا ده‌رچووه ده‌ره‌وه ببووه حه‌سره‌تی دڵی فرسه‌ت بێنێ له‌گه‌ڵی تاک
بێته‌وه و ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ جارێکیش بێت له‌گه‌ڵی ڕابوێرێت. به‌ڵام که ئه‌مه‌ی
بۆ نه‌ئه‌لوا، ئیتر ته‌واوێک تووڕه ده‌بوو.
ئه‌و ئه‌م حه‌ز و حه‌سره‌ته‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برده شاخ و پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه دوور
و درێژه و دوای سه‌رگرتنی شۆڕش، وه‌ک خۆی هێنایه‌وه شار.
سه‌رده‌می شاخ هیوای به‌وه نه‌ما تازه بتوانێت ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌ستی لێی گیر
بێت؛ ئه‌مه توڕه‌ی ده‌کرد و زۆر دره‌نگ ئارام ده‌بووه‌وه. که هه‌واڵی ڕابواردنی
ئه‌ویشی پێئه‌گه‌یشت له‌گه‌ڵ پیاوانی ترا ئیتر به‌جارێک گڕی ده‌گرت:
- ''شۆڕشێک نه‌توانێت دوژمنێکی قه‌حپه چار بکا قه‌ت هیچ به هیچ ناکا.''
ئه‌م خۆی نه‌یه‌ویست ته‌سلیم بێته‌وه. که مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ ئه‌م
مه‌سه‌له‌یه تیا ئه‌جووڵا، له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یووت: ''ئه‌م شۆڕشه‌ش یه‌کجاریی
زۆری خایاند''
* * * * * * * * *
ئه‌م پێشنیاری کوشتنی بۆ سه‌ی خه‌لیل کرد و ئه‌ویش سه‌عه‌ی ئایشه‌ی ڕاسپارد به
هاوڕێکانی ناو شاری بکات. نه‌کرا، ''کوڕه‌کانی ئایشه و مایشه نه‌یانتوانی چاری
که‌ن.''
* * * * * * * * *
که
شۆڕش سه‌ری گرت و به‌و ته‌مه‌نه گه‌وره‌یه‌وه گه‌ڕایه‌وه شار، ئه‌م هه‌ر ئه‌و
حه‌ز و حه‌سره‌ته‌ی جاران و، هاجه‌ریش، سه‌رباری ته‌مه‌نی، هه‌ر ئه‌و ته‌ڕ و
بڕییه‌ی جارانی تیا مابوو.
مودده‌تێکی زۆری نه‌برد ئه‌م ببووه پیاوی حکومه‌تی تازه و، هاجه‌ریش به‌سه‌ر
نه‌یارانی حکومه‌تی تازه‌وه جاسووسیی بۆ حکومه‌ت ده‌کرد و له‌پاڵیشه‌وه له‌گه‌ڵ
پیاوانی حکومه‌تدا ڕایئه‌بوارد.
* * * * * * * * *
زۆری کرد تا توانی ئه‌و شه‌وه هاجه‌ر بکێشێته ژووره‌وه و قه‌ناعه‌تی پێ بێنێ
له‌گه‌ڵی بێت. قه‌ناعه‌تی به‌و هێنا، به‌ڵام ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کیش دایگرتبوو.
هه‌ر زوو به‌سه‌ر جله‌کانه‌وه نیشت به سینگ و به‌رۆکییه‌وه و نه‌یئه‌ویست به‌ری
بدات. ئه‌مه ماوه‌یه‌کی درێژی برد. حه‌ز بوو یان جوختێتیی، هاجه‌ر داوای کرد ڕووت
ببنه‌وه. دوای ئه‌م داوایه‌ی هاجه‌ر، به ئاسانیی ئه‌تتوانی گوێت له ترپه‌ی
لێدانی دڵی ئه‌م بێت. که نه‌چووه ژێربار، هاجه‌ر ده‌ستی برد و به ژێر که‌مه‌ری
ئه‌مدا بردیه ژووره‌وه:
- ''ئه‌وه چییه، ئه‌ڵێی پیرێتیی پێی نه‌هێشتوویت!؟ هاجه‌ر له‌پڕ به‌ده‌نگێکی
به‌رز و به تۆنێک پرسیاری کرد که دیار بوو چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام نییه. ''ئه‌و ماره
تۆپیوه چییه وا سه‌ری به‌سه‌ر ڕانتا شۆڕ کردۆته‌وه؟''
ئه‌میش نه‌یه‌ویست مل بداته به‌ر باری وه‌ڵامدانه‌وه، چونکه ئه‌یزانی تاکه
وه‌ڵامی قایلکه‌ر سه‌لماندنه. سه‌لماندنیش، به‌تایبه‌ت به‌و له‌رزه له‌رزه
زۆره‌وه‌ی که دوای ئه‌و پرسیاره که‌وتبووه جه‌سته‌ی، وه‌ک ئامانجێکی ئاسان و
به‌رده‌ست بۆی نه‌ده‌هاته به‌رچاو. بۆیه وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، به‌ڵام دیار بوو
ته‌واو تووڕه‌یه. ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی کرد ئه‌و ده‌سته‌ی هاجه‌ری گرت که درێژی
کردبوو و به توڕه‌ییه‌که‌وه دووری خسته‌وه.
لێی دوور که‌وته‌وه. ماوه‌یه‌کی برد تا هه‌ندێک خۆی کۆ کرده‌وه و له‌پڕێکا هاجه‌ر
بینی به‌سه‌ریدا ده‌قیژێنێ:
- ''ئه‌وه قه‌حپه‌ی بێ شه‌ره‌ف کێ ووتی وه‌ره ماڵی منه‌وه. ئه‌ته‌وێ شه‌ره‌فی
ئێمه و مانانیش وه‌ک هی خۆت له‌که‌دار بکه‌یت؟ که‌س نه‌ما له که‌سه
نیشتیمانپه‌روه‌ره‌کان بئاڵێیت؟!''
هاجه‌ر به‌ده‌م ڕێکخستنه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌مکه‌کانی له‌ژێر کراسه‌که‌یدا چاوی بڕیبووه
ئه‌م و بزه‌یه‌کی گه‌شی خستبووه سه‌ر لێوی. ئه‌م تووڕه بوو، چاک تووڕه بوو.
هه‌ر به‌و تۆنه تووڕه‌یه‌وه درێژه‌ی پێدا:
- ''بۆ ده‌ره‌وه قه‌حپه‌ی بێ ئابڕوو! بۆ ده‌ره‌وه! من شتی وا ناکه‌م و تۆ
ئه‌ته‌وێ ئابڕووم به‌ری.''
به‌پاڵ وه‌ده‌رینا. له‌به‌ر ده‌رگاکه‌ی ده‌ره‌وه به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌وه پێی ووت:
- ''هه‌موو ژیانت یان بۆ به‌کوشتدان، یان بۆ له‌که‌دارکردنی شه‌ره‌فی ئێمه‌ومان
ته‌رخان کرد. به‌س بۆ کوێ ئه‌چیت، هه‌موو که‌س ئه‌زانێ پیاوی حکومه‌ت بوویت.''
هاجه‌ر به خه‌نده‌یه‌کی عه‌یارانه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه:
- ''پیاوی چی؟ نه‌تزانیوه من ژنم؟'' ئینجا به چه‌ناگه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ناو گه‌ڵی
ئه‌م ده‌کرد و ووتی: ''خه‌ڵکیی پیاون خه‌ڵکیی!''
ئه‌و هێشتا قسه‌که‌ی ته‌واو نه‌کردبوو، ئه‌م به توندیی و به تووڕه‌ییه‌وه
ده‌رگاکه‌ی به‌ڕوویدا داخستبوو.
* * * * * * * * *
له‌دیوی ژووره‌وه ده‌سته‌کانی نایه پشتی و، پشتی نا به‌ده‌رگاکه‌وه و ڕه‌پ
وه‌ستا.
تووڕه بوو، چاک تووڕه بوو. پێشنه‌ده‌چوو تازه ڕۆژێک بێت ئارام بێته‌وه.
* * * * * * * * * * * * * * * * * * *
نه‌رویج
09.2005