هارۆڵد پینته‌ر...بۆ؟
سه‌ردار عه‌زیز
ده‌ربازبوون نییه
سه‌گه‌له‌که به‌ره‌ڵابوون.
هه‌رچی ببینن ئه‌یگێن
ئاگات له دوای خۆت بێت. (هارۆڵد پینته‌ر، له شیعری دیموکراتیدا)
هارۆڵد پینته‌ر، شانۆنامه‌نووس و سینارۆنووس و شاعیری ئینگلیزی ئه‌مساڵ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئادابی پێبه‌خشرا. پینته‌ر له باوانێکی جوله‌که له ناوچه‌ی له‌نده‌ن له ساڵی1930 له دایک بووه. له‌م نووسینه‌دا من ده‌مه‌وێ پرسیارێ بوروژێنم بۆچی هارۆڵد پینته‌ر؟ پینته‌ر له وڵاتی خۆی به‌ریتانیا پیاوێکه خۆشنه‌ویستراو به‌ڵام له دونیادا ناسراوه، هه‌رچه‌نده ناسینێک نییه له ئاستی خه‌ڵاتی نۆبڵدا بێت. پینته‌ر هه‌فته‌ی رابوردوو له شاری دۆبلن بوو، بۆ هه‌فته‌ی شانۆ. هه‌فته‌ی پێش ئه‌وه جه‌ژنی له‌دایکبوونی 75ساڵه‌ی بوو. له کاتی گه‌رانه‌وه‌یا بۆ فرۆکه‌خانه رۆژێکی باران بوو، له به‌ر لاوازی و بێهێزی له سه‌ر شۆسته‌که خلیسکاو سه‌ری بریندار بوو. له خه‌سته‌خانه نۆ ته‌قه‌ڵیان له سه‌ریدا. خه‌ڵاتکردنی پینته‌ر چه‌ند پرسیارێک ده‌وروژێنێ، پرسیار ده‌رباره‌ی دژه-ئه‌مریکایه‌کان، ده‌رباره‌ی شه‌ری عێراق، ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی ئێمه‌ی کورد. پینته‌ر به‌وه ناسراوه که جگه له نووسه‌ر پیاوێکه له بواری سیاسه‌تدا چالاکه. وه‌ک چه‌پێک هه‌ڵوێستی دژ به ئه‌مریکایه به جۆرێک وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا و لێپرسراوانی به تاوانباری جه‌نگ له قه‌ڵه‌م ئه‌دات. پینته‌ر دۆستی نزیکی ئارثه‌ر میلله‌ر بوو. له ساڵی 1988 هه‌ردوو نووسه‌ر به سه‌فه‌رێک چوونه وڵاتی تورکیا بۆ زانینی کاروباری به‌ندیخانه‌کان له‌وێ. له پاش سه‌فه‌ره‌که‌یان پینته‌ر له گه‌ڵ میلله‌ردا له له‌لایه‌ن سه‌فاره‌تی ئه‌مریکا له ئه‌نقه‌ره داوه‌تکران. به‌ڵام پینته‌ر له داوه‌ته‌که‌دا دژ به ئه‌مریکا قسه‌ی کرد و حکومه‌تی ئه‌مریکای تاوانبار له قه‌ڵه‌م دا به پاڵپشتکردنی تورکیا له کوشتنی کورددا. لێپرسراوانی باڵیوزخانه‌که پینته‌ریان کرده ده‌ره‌وه و بۆ ناره‌زایی ده‌ربرین ئارثه‌ر میلله‌ر له گه‌ڵیا چووه ده‌ره‌وه. له پاش گه‌رانه‌وه‌ی پینته‌ر شانۆگه‌ریه‌کی نووسی ده‌رباره‌ی بارودۆخی کورد له تورکیا له ژێر ناوی زمانی شاخان. که باس له چه‌وساندنه‌وه‌ی حکومه‌تی تورکیا ئه‌کات بۆ کورد و به تایبه‌ت قه‌ده‌خه‌کردنی زمانی کوردی. یه‌که‌م دیمه‌نی شانۆکه باس له چه‌ند خێزانێ کورد ئه‌کات که له گونده‌که‌ی خۆیان ده‌رکراون و بۆ ماوه‌ی هه‌شت سه‌عات له سه‌ر به‌فر سه‌ربازه تورکه‌کان پێیانه‌وه رائه‌بوێرن.
چۆن له نووسه‌رێ وه‌ها تێبگه‌ین، ئایا ئه‌وه‌نده به‌سه که دژ به شه‌ر بوو ئیتر به‌رهه‌مه‌کانی نه‌خوێنینه‌وه. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌رانی تر که خاوه‌نی نوبلن نه‌کراوه‌ته کوردی یان هیچیان له باره‌وه نه‌نووسراوه، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه هه‌موویان شایانی خوێندنه‌وه‌ن. به‌لای منه‌وه له نێو ئه‌وانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا خه‌ڵاته‌که‌یان پێبه‌خشراوه کویتزی، نوسه‌ری ئه‌فریقا باشور، باشترین نووسه‌ره، هه‌رچه‌نده من ته‌نها چوار رۆمانیم خوێندوه‌ته‌وه.
پینته‌ر خۆی بروای وایه که بۆیه خه‌ڵاته‌که‌ی پێبه‌خشراوه چونکه له رووی سیاسیه‌وه چالاکه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا دان به‌وه‌دا ئه‌نێت که نازانێ بۆچی خه‌ڵاته‌ی پێبه‌خشراوه. له چاوپێکه‌وتنێکا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی گاردیاندا پینته‌ر وتی ئه‌و چاوه‌روانی ئه‌وه‌ی ئه‌کرد که نووسه‌ری تورک ئورهان بایمۆک خه‌ڵاته‌که‌ی پێببه‌خشرێ، نه‌ک خۆی، چونکه ئه‌و نووسه‌رێکی لێهاتووه. بۆیه ئه‌ڵی کاتێک که پێیان گووت ئه‌کادیمیای سویدی ده‌یه‌وێ ته‌له‌فونت بۆبکات، پینته‌ر وتی بۆ؟
مانگی داهاتوو، پینته‌ر ده‌چێت بۆ ستۆکهۆڵم بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 45 ده‌قه قسه‌بکات، ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌وه درێژترین قسه‌کردن ئه‌بێ له ژیانیا. هه‌ر له ئێستاوه هه‌موو چاوه‌رێی ئه‌وه ئه‌که‌ن که پینته‌ر له میانه‌ی قسه‌کردنه‌که‌یا هێرش بکاته سه‌ر ئه‌مریکا و به‌ریتانیا. ئه‌گه‌ر بێتوو رێی پێنه‌درێ ئه‌وا ره‌نگه خه‌ڵاته‌که وه‌رنه‌گرێ، وه‌ک جان پۆل سارته‌ر. پینته‌ر وه‌ک نووسه‌رانی تری ئه‌نگلۆساکسۆن نییه، ئه‌م له رۆشنبیرانی کیشوه‌ری ئه‌وروپاوه نزیکه، رۆمانه ناسراوه‌که‌ی مارسێل پرۆست، یادککردنه‌وه‌ی ساته به‌سه‌رچوه‌کانی کردوه‌ته سیناریوی فلیمێک هه‌روه‌ها دادگای کافکاش.
پینته‌ر رووبه‌رووی پرسیاری سه‌ختمان ئه‌کاته‌وه؛ چۆن له ئه‌مریکا تێبگه‌ین، چۆن مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵا بکه‌ین. ئه‌مریکا لای پینته‌ر ووڵاتێکه که کوشتن و ئازاردان و لاقه‌کردن کاری رۆژانه‌ن له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه، له‌شوێنێکی وه‌ک فۆرت بینینگ له جورجیا، که به قوتابخانه‌ی ئه‌مریکا ناسراوه و لای پینته‌ر به قوتابخانه‌ی سزادان ناسراوه.
هه‌رئه‌م هه‌ڵوێسته وایکرد که هه‌واڵی به‌خشینی خه‌ڵاتی نوبلی له ئه‌مریکا ببێته جێی ره‌خنه، چونکه پینته‌ر پیاوێکه هه‌رچه‌نده زۆر له شانۆنامه‌کانی له شاره‌کانی نیوروک و بۆستون پێشاندراوه به‌ڵام له لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داران و به تایبه‌ت ئه‌م ئیداره‌یه‌وه، پیاوێکی نه‌ویستراوه، بۆیه جێی سه‌رسورمان نییه خه‌ڵک دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو به‌شدا: به‌شێک بروایان وایه که پینته‌ر شایسته‌ی خه‌ڵاته‌که‌یه و به‌شێکی تر بروایان وایه که ئه‌کادیمیانی سویدی هه‌ڵه‌ی کردوه.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته جێی بیرکردنه‌وه بۆ ئێمه، وه‌ک خه‌ڵك و رۆشنبیرانی کورد، بۆچی پینته‌ر به‌رزترین خه‌ڵات ده‌کرێ؟ ئه‌مه پرسیارێکه ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی سیاسیمان، چۆنێتی نووسینمان، ئه‌رکی رۆشنبیربوون. پینته‌ر به زمانێ ئه‌نووسێ که له زمانی ساده‌ی خه‌ڵک ئه‌چێ؛ کارکردن به زمانێکی وا به تایبه‌ت له شانۆدا گۆرانێکه که‌لتوری ئێمه پێویستیه‌تی. زمانی نووسینی شانۆ و چیرۆک و رۆمان لای ئێمه زمانێکه ره‌ق، مردوو، دوور له ژیان. بۆ نموونه باشترین رۆماننوسی ئێمه که به‌ختیار عه‌لی یه، ئه‌گه‌ر بێتوو رسته دووباره و په‌ره‌گرافه زیاد‌ه‌کان له رۆمانه‌که‌ی وه‌ده‌رنێی ئه‌وا ده‌بنه کورته چیرۆک. دیاره زمانی گشتی و زمانی ئایدیال هه‌ریه‌که‌ی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، قسه‌کردنی زۆر هه‌ڵئه‌گرێ، وه‌ک زۆربه‌ی زۆری لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریه‌کانی ئێمه، قسه‌له‌سه‌ر نه‌کراوه بیرلێنه‌کراوه‌یه.
پینته‌ر ناچارمان ئه‌کات بیر له ئه‌مریکا بکه‌ینه‌وه، بیر له شه‌ر بکه‌ینه‌وه، بیر له چه‌په‌کان بکه‌ینه‌وه. لێره له ئه‌وروپا زۆر گرانه داکۆکیکردن له هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌مریکا. ئه‌مریکا که دیکتاتۆرێکی وه‌ک سه‌ددامی له ده‌سه‌ڵات لابرد، بۆ ئێمه نه‌بوو. رۆژانێکی زۆر هه‌بوو به ئاگایی ئه‌مریکا ئێمه له‌ناوئه‌براین، ئه‌مریکا نه‌ک هیچی نه‌ئه‌کرد بۆ وه‌ستانی به‌ڵکو پاڵپشتی ئه‌کرد، له رێگای یارمه‌تیدانی سه‌دام و بێده‌نگکردنی هه‌موو هێزێک که دژی بوو. سه‌مه‌نتا پاوه‌ر له کتێبی؛ کێشه‌یه‌ک له دۆزه‌خه‌وه، ئه‌مریکا له سه‌رده‌می جیونۆسایدا؛ به دوور‌و درێژی له‌م کێشه‌یه دواوه. بۆیه هه‌رچه‌نده ئێستا ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌دا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانمان ته‌بایه، به‌ڵام ئه‌م هێزه ئێمه وه‌ک ئه‌په‌راتۆسێ (ده‌سکه‌لایه) ته‌ماشا ئه‌کات، هه‌رکاتێ له کارکه‌وتین به‌بێ دوودڵی پشتگووێمان ئه‌خات، ئه‌گه‌ر پێویستیش بێت له ناومان ئه‌بات. قوتابخانه‌ی ریالیست له په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانا که بروای به‌هاوسه‌نگی هێز هه‌یه، هێشتا یاری زۆری هه‌یه له واشنتۆن. ئه‌و قوتابخانه‌یه که ئێمه له سه‌رده‌می کیسنجه‌ردا بووین به قوربانی، به هۆی بریارێکه‌وه له رێکه‌وتنێکا ئاشمان به‌تاڵکرد.
پینته‌ر ئه‌گه‌ر له لایه‌نه تاریکه‌که‌ی ئه‌مریکا به ئاگامان ئه‌کاته‌وه له هه‌مان کاتا ناچارمان ئه‌کات بیر له چه‌په‌کان بکه‌ینه‌وه. ئایا ئه‌وان بۆچی کاتێک له به‌ر نه‌گونجانی ئایده‌لۆژی که‌وتنه به‌رگریکردن له دیکتاتۆریه‌ت، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی پێویسته بووترێ رژێمی سه‌دام له هه‌موو روویه‌که‌وه له رژێمێکی کۆمۆنیستیه‌وه نزیک بوو تاله هه‌ر رژێمێکه تر، به‌ڵکو که‌سی سه‌دام خۆی که‌سێک بوو حه‌زی له لاساییکردنه‌وه‌ی ستالین بوو. وڵاتێک که ده‌وڵه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کاندا بگرێ و رێگا به هیچ بیر‌و پارتێکی تر نه‌دا، هه‌مان شێوازی توتالیتاریه که کۆمۆنیزم بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌کات. توتالتیاریزم شێوازێکه له یوتوپیا وه‌ک تزیفان تۆدۆرۆف ده‌ڵێ. بواری گشت و بۆاری تایبه‌ت و په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه بابه‌تێکه که لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆری پێویسته، چونکه که‌ڵچه‌ری ئێمه به ئاگا نییه له چیه‌تی و چۆنێتی کارکردنی ئه‌م دوو بواره، چونکه که‌لتوری ئێمه چ له رووی ئاینه‌وه و چ له رووی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌رده‌م تۆتالتاریزم بووه و بواری تایبه‌تی نه‌هێشتوه‌ته‌وه. بۆئه‌وه‌ی له دیموکراسی تێبگه‌ین ده‌بێ له بواره‌کان و چۆنێتی ئیش‌کردنی شاره‌زابین.
له لایه‌کی تره‌وه ئیمه له پینته‌ردا رووبه‌رووی دوالیزمێک ئه‌بینه‌وه، له کاتێکا له گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌کانیا ناگونجێین به‌لام له‌هه‌مان کاتدا هه‌ڵوێسته‌کانیمان به‌دڵه له دۆستایه‌تیکردنی کردنی کورد له تورکیا. پینته‌ر چ له رووی سیاسی و چ له رووی ئه‌ده‌بیه‌وه بۆ ئێمه مایه‌ی تێرامانه، ئایا تا چه‌ندێک ناوه‌ندی رۆشنبیری کوردی ئه‌توانێ سوودی لێببینێ جێی پرسیاره، له کاتێکا پینته‌ر نه‌ک وه‌ک به‌رهه‌م به‌ڵکو وه‌ک ناوێکیش نه‌ناسراوه.