عیشق و کچی کورد
سه‌ردار عه‌زیز
عیشق: پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌یه. کرانه‌وه هه‌رده‌م دوفاقه‌یه؛ له کاتێکا رێگه‌دانه به
خود بۆ ئه‌وه‌ی برواته ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له هه‌مانکاتدا رێگه‌دانه به‌ئه‌وی تر بۆ
هاتنه ژوره‌وه. ئاماده‌بوون بۆ چونه ده‌ره‌وه له دۆخێک‌دا رام ئه‌بێ که خود تیایا له
ناسنامه‌ی خۆی به‌ئاگاو، دڵنیابێت. لێره‌وه ئه‌و خوده‌ی که ئاماده‌یه برواته
ده‌ره‌وه، ئه‌و خوده‌یه که خۆی ناسیوه و له گه‌ڵ خۆیدا له ئاشتیدایه.
رێگه‌دان به‌ئه‌وی تر بۆ ئه‌وه‌ی بێته ژوره‌وه، له ساته‌وه‌ختێکا ده‌بێ که خود
بزانێ له گه‌ڵ چ جۆره بونێکا ده‌توانێ بکه‌وێته گفتوگۆ و گۆرینه‌وه‌ی نهێنیه‌کان.
ناسینی ئه‌ویتر له پاش ناسینی خود دێت. بۆیه ئه‌وکه‌سه‌ی که خۆی ناناسێ رۆژێک
کراوه‌یه و رۆژێک داخراو، له ئه‌نجامدا نا دڵنیای و رارایی ته‌نها ده‌رئه‌نجامه.
ئه‌م پرۆسه‌ی کرانه‌وه‌و ناسینه؛ له دونیادا رووئه‌دات. دونیایه‌ک که کات و شوێن
دوو جه‌مسه‌ری بنه‌ره‌تی پێک ئه‌هێنن. که‌سێک له چ سه‌رد‌ه‌مێکا (مه‌به‌ست له
سه‌رده‌م لێره سه‌رده‌می کۆمه‌ڵایه‌تیه) ئه‌ژی و له چ جێگایه‌کدا ئه‌ژی
کاریگه‌ریه‌کی زۆریان هه‌یه له سه‌ر ئاستی ناسین و کرانه‌وه.
عیشق له ئه‌ده‌بیاتی کوردیا هه‌رده‌م بابه‌تێکی نۆرماتیڤ بووه. بابه‌تێکه زۆری
ده‌رباره گوتراوه؛ به‌ڵام بیری لێنه‌کراوه‌ته‌وه، پرسیاری ده‌رباره نه‌کراوه. عیشق
له کۆمه‌ڵگادا له رووی پراکتیکه‌وه نابێت رووبدات. ئه‌وه‌ی لێره‌دا من زیاتر له
سه‌ری ئه‌وه‌ستم، ئه‌و عیشقه کلاسیکه نیه، که له ئه‌نجامی بینینێک یان تیله‌ی
چاوێک، دروست ده‌بێ، به‌ڵکو عیشقی ئه‌و نه‌وه‌یه که چه‌ند هه‌نگاوێک سنوره‌کانی
کلاسیکیه‌تی جێهێشتووه به‌ڵام له هه‌مانکاتدا وا هه‌ست ئه‌کات رووبه‌رووی بیابانێک
بووه‌ته‌وه که نازانێ به‌ره‌و کوێ هه‌نگاو هه‌ڵهێنێ.
ئه‌م بوونه‌وه‌ره که نه‌وه‌ی خوێنده‌وارن له قه‌یرانێکی بێبروایدا ئه‌ژین. ئه‌م
بێبرواییه هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی له پشته‌وه‌یه، که ره‌گی له په‌یوه‌ندیه
ته‌قلیدیه‌که‌ی نێوان نێرومێینه‌دا هه‌یه له کۆمه‌ڵگایی ئێمه‌دا. پیاو جێی بروا نیه
چونکه پیاو ستاتۆی راوکه‌ری هه‌یه و ئافره‌تیش نێچیر. ئافره‌ت هه‌رده‌م له‌و
روانگه‌یه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته مایه‌ی سه‌رنج و پاشان راوبکرێ.
ئه‌م شێوازی په‌یوه‌ندیه سیسته‌مێکی هێناوه‌ته گۆرێ که یه‌کترناسین تیایدا مه‌حاڵه.
به‌تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگایه‌کا که ئافره‌ت ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌توانێ چاوه‌روانی
راوکه‌ری گونجاوبکات، پاشان ده‌بێ چۆک دادات نه‌بادا قه‌یره‌بێت، گه‌وره‌بێت، یان
ته‌نها بێت!
کاتێک کچ له‌م سیسته‌مه دێته ده‌رێ له دونیایه‌کا خۆی ئه‌بینێته‌وه که پێی نامۆیه،
هیچ شتێ تیایه به زمانی ئه‌و نادوێ. کێشه‌ی زمان، که ته‌نها ئامرازی په‌یوه‌ندیه بۆ
یه‌کترناسین، کێشه‌یه‌کی هاکه‌زایی نیه. رۆڵی زمان، وه‌ک لاکان ئه‌ڵی، ته‌نها ئه‌وه
نیه زانیاری بگوێزێته‌وه. ئه‌وه‌ی من له قسه‌کردنا به‌دوایا ئه‌گه‌رێم وه‌ڵامی
ئه‌ویتره. ئه‌وه‌ی من بونیادئه‌نێ وه‌ک بابه‌تێ پرسیاره‌کانمه. هه‌بوونی توانا بۆ
به‌کارهێنانی زمان به ئاراسته‌یه‌ک که ده‌ربری خود بێت، چ له رووی هه‌ست و چ له
رووی راشناڵه‌وه پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزه. ئه‌گه‌ر عه‌شق کرانه‌وه بێت به‌رامبه‌ر
ئه‌ویتر ئه‌وا زمانی عه‌شق هه‌رده‌م زمانی دان پیانانه. دانپیانان هه‌رده‌م چه‌ند
روویه‌کی هه‌یه. قه‌شه ئۆگه‌ستین دانپیانانه‌کانی ره‌نگه کۆنترین ده‌قی نوسراوی
له‌م شێوازه بێت به‌ده‌ستمان گه‌شتبێ. ئۆگه‌ستین له رێی دانپیانانه‌کانیه‌وه له
یه‌ک کاتدا دوو ئه‌نجام ئه‌پێکێ، یه‌ک ناسینی خوا، له‌رێی چیرۆکی خۆیه‌وه، دوو
ناسینی خۆی له رێی ناسینی خوداوه. به‌ڵام سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌مانه ئه‌و
بابه‌ته‌که‌ی بۆ ئه‌وه ئه‌نوسێته‌وه ئه‌ویتر بیخوێنێته‌وه، چونکه له رێگه‌ی
گوێگرتن یان خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تره‌وه ئه‌و له هه‌موو خراپه‌کانی پاک
ئه‌بێته‌وه. که‌واته دانپیانان پاکبوونه‌وه‌یه، له هه‌مانکاتدا ئاشتبوونه‌وه‌یه
له‌گه‌ڵ خود‌و ئه‌ویترا.
کچی کورد ناتوانێ بگاته ئاستی دانپیانان، چونکه نه ئه‌و توانایه هه‌یه و نه
به‌رامبه‌ر‌ه‌که‌ش ئاماده‌یه. (دانپیانان یانی باوه‌ربوون به ته‌نیایی خود له
به‌رامبه‌ر دونیادا، له هه‌مانکاتدا توانای کردنی خود به‌بابه‌ت، ئه‌ویش ته‌نها له
رێی جیابوونه‌وه‌وه ده‌بێ له خود. لێره‌وه زمانێک دێته ئاراوه، به پێچه‌وانه‌ی
تێروانینه‌که‌ی لاکان، زمانێکه له هه‌ناوی خۆ‌یا پرسیار‌و وه‌ڵامی هه‌ڵگرتوه، به‌ڵام
هه‌رده‌م عه‌وداڵی ئه‌وه‌یه له‌کوێدا، له کێدا هه‌مان وه‌ڵام بدۆزێته‌وه). بۆیه
ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌نرێ عیشق له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا؛ نه ئه‌بێته هۆی خودناسین، نه
ئه‌بێته هۆی ناسینی ئه‌ویتر. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی پێی ئه‌وترێ په‌یوه‌ندی پێویستیه‌کی
غه‌ریزه‌ییه، که له سه‌ر بنه‌مای خه‌یاڵ بونیادنراوه. خه‌یاڵێک که ده‌رئه‌نجامی
بێبه‌ری بوونه نه‌ک تێگه‌یشتن، بۆیه په‌یوه‌ندی پاش عه‌شق زۆرجار په‌یوه‌ندیه‌کی
سه‌رنه‌که‌وتوه.
ئه‌گه‌ر عیشق هاتنه‌ده‌ره‌وه بێت، ئه‌وا هاتنه ده‌ره‌وه‌یه له تایبه‌ته‌وه (پرایڤت)
بۆ گشت (پۆبلیک). ئه‌وه‌ی ئاشکرایه عیشق به ته‌نها نابێت. هاتنه ده‌ره‌وه بۆ پۆبلیک
پرۆسه‌یه‌کی سیاسیه، بۆیه عه‌شق بۆخۆی سیاسه‌ته، یه‌کێک له دروشمه ناسراوه‌کانی
بزوتنه‌وه‌ی فیمینزم ئه‌وه‌یه که تایبه‌تیش هه‌روه‌ها سیاسه‌ته. ئه‌گه‌ر ساتێک
بگه‌رێنه‌وه بۆ هێگڵ، ئه‌وا ره‌نگه چه‌مکی ئاره‌زووی ئاره‌زووکردن یارمه‌تیمان
بدات. لای هێگڵ مێژووی مرۆڤ بریتیه له هه‌وڵدانی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌وانی
تره‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ئه‌یه‌وێ ئارهزووبکرێ. به‌ڵام که‌سێک بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ
بگاته ئه‌و ئاسته‌ی که‌وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی پێیخۆشه له‌لایه‌ن ئه‌ویتره‌وه
ئارهزووبکرێ، دانی پیابنرێ، ئه‌وا ده‌بێ له ناسنامه‌ی خۆی دڵنیابێت و توانای
ئه‌وه‌ی هه‌بێ که کارگێری ئار‌ه‌زوو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی بکات.
که‌واته عیشق و بوون ئاوێزانی یه‌کترین، ته‌نها ئه‌وانه‌ش عاشق ده‌بن که له‌بوونی
خۆیان به ئاگان، به چه‌مکه هایدگه‌ریه‌که‌ی له ساته‌وه‌ختی دازاین-دان. به‌ڵام
به‌لای نێگرێوه عیشق، بوون، بونیاد ئه‌نێت. یان به‌مانایه‌کی تر له رێگای عه‌شقه‌وه
ئه‌توانین بوونی خۆمان بونیادنێین، بۆیه عیشق و بوون دوو هێڵی هاوته‌ریبن. تیایا
که‌سی عاشق ئه‌توانێ له نێو ئه‌وانی ترا بێت و خۆی بێت، هه‌موو رێگا‌و ئاراسته‌کانی
له‌لا روون بێت.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی کرانه‌وه رووبدات، دانپیانان رووبدات، بوون ببێته جێی مه‌به‌ست؛
ده‌بێ مرۆڤ له تاکێتی خۆی دڵنیابێت. تاکێک که سه‌ربه‌خۆیه له نێو ئه‌وانی تردا.
کۆمه‌ڵگایی ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌خۆش له هه‌موو روویه‌که‌وه رێگه به هیچ له
مانه نادات.
له‌به‌رئه‌وه پرۆسه‌ی پێکه‌وه‌بوون له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، بریتی نیه له
پێکه‌وه‌بونی دوو بوون، که هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی خۆی بێت، به‌ڵکو بریتیه
له پێکه‌وه نوسانی دوو ته‌ن، بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی هه‌ندێک رێتمی کۆمه‌ڵایه‌تی.
لێره‌وه پێکه‌وه‌بوون مه‌رگی عه‌شقه، مه‌رگی له‌یه‌ک گه‌یشتنه؛ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه
که تاکه‌کان ده‌ست له بوونی خۆیان هه‌ڵئه‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به رێتمه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بده‌ن. (له کوردوستان هه‌ندێک لاو پێیان ووتم که پاش ژن هێنانیان
زیاتر به‌دوای عه‌شقا ئه‌گه‌رێن چونکه هیچ عه‌شقێ له ماڵه‌وه‌دا نابینن). هه‌ر
ئه‌مه‌یه له هه‌مانکاتدا کێشه‌یه‌کی ئه‌نتۆلۆژی خولقاندوه ئه‌ویش نه‌فره‌تکردنه له
بوون. ئه‌و دادگا بێبه‌زه‌ییه‌ی که کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌ندامه‌کانی داناوه باشترین
گه‌واهی ئه‌م قه‌یرانه‌ن.
به‌ڵام ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که لێره‌دا جێی مه‌به‌سته ده‌یه‌وێ هه‌بێ، بۆیه له
به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا باجێکی گه‌وره ئه‌دات، به‌وه‌ی نه ئه‌توانێ به ئاگابێته‌وه له
ناسنامه‌و دونیای تایبه‌تی خۆی نه ئه‌توانێ بگه‌رێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیه
کلاسیکیه‌که. بۆیه ئه‌م نه‌وه‌یه له گه‌ڵ ئازار‌و ژیانێکی خه‌مۆکیدا ئاوێزان بوون.
له نێوان جێهێشتن و نه گه‌شتندا دۆزه‌خێک پێک هاتووه. دۆزه‌خێک که له‌گه‌ڵ مه‌نفادا
سیمایان له یه‌ک ئه‌چێ. مه‌نفا بریتیه له جێهێشتنی شوێنێک و نه‌گه‌شتن به شوێنێکی
تر. به‌و مانایه له ده‌ستدانی په‌یوه‌ندیه له‌گه‌ڵ شوێندا. شوێن که وه‌ک له
سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد یه‌کێکه له پێکهێنه‌ره سه‌ر‌ه‌کیه‌کانی دونیا. لێره‌وه
سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تێک ئه‌چن، نه ماڵ شوێنی ئارامیه‌و نه‌ده‌ره‌وه‌ش. ئه‌م
دۆخی غوربه‌ته ده‌کرێ ببێته هه‌وێنێ جوانترین ده‌ق، ناسکترین بابه‌ت، ئه‌گه‌ر بێت‌و
له رۆحێکه‌وه بێت که ئاشنا بێت به مه‌عریفه، توانای هه‌بێ غه‌مه‌کان وه‌ک پشیله
ده‌سته‌مۆکات. شیعره‌کانی شاعیری ئێرانی فه‌روغی فه‌روخ زاد بۆیه هێنده ناسکه له‌م
گۆشه‌نیگاوه دێت؛ ئه‌و له شیعری دڵم بۆ باخچه ئه‌سوتێ، ناته‌بایه له‌گه‌ڵ هه‌موو
ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیا ئه‌ژین؛ بۆیه ئه‌و خۆی وه‌ک قوتابیه‌ک شێتانه عه‌شقی وانه‌ی
ئه‌ندازه بێت، هه‌رده‌م ته‌نیایه‌و بیرئه‌کاته‌وه. مرۆڤی ته‌نیا لای سۆکراتی، یان
شێت بوو یان خودا، نیتشه هات فه‌یله‌سوفانیشی بۆ زیادکرد، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا
کاتاگۆریه‌کی تریشی ئه‌چێته سه‌ر ئه‌ویش نامۆیه.