سه‌ربورده‌ی پیاوێ ته‌نیا
سه‌ردارعه‌زیز
یه‌کشه‌ممان ماڵه‌که‌مان پڕ ئه‌بێ له بێده‌نگی. که به‌ئاگادێم گوێم له ده‌نگی زه‌نگی کلێساکانه. کلێساکان له هه‌موو شوێنێکن! من هه‌رده‌م رقم له ده‌نگی زه‌نگی کلێسایه. ده‌بێ ئه‌و زه‌نگانه بۆ کێ لێبده‌ن، من له خۆم ئه‌پرسم. پاشان گۆره‌ویه خوریه‌کانم له پێئه‌که‌م. من ته‌نها سێ جووت گۆره‌وی خوریم هه‌یه، یه‌کیان له ره‌نگی خۆڵ، یه‌کێ تریان له ره‌نگی بێوه‌ژن، ئه‌ویتریان له ره‌نگی ته‌نیایی.
ئینجا به ئاوی شله‌تێن خۆم ئه‌شۆم. له گه‌ڵ ئاودا یادگاریه‌کی زۆرم هه‌یه. له سه‌ر پشتی که‌شتی گه‌وره، گه‌وره‌تر له خه‌یاڵ، به ئیجه و ئه‌دریاتیک و ده‌ریایی سپی و به‌لتیک و ده‌ریایی باکور و زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیا سه‌فه‌رم کردوه.
پاش قاوه‌تی، وه‌ک هه‌میشه ئه‌چم شیرێک و رۆژنامه‌یه ئه‌کرم. یه‌کشه‌ممان شه‌قامه‌کانیش پڕن له بێده‌نگی. ماڵ ئێمه له گه‌ره‌کی جوله‌که‌کانه. له پردی له‌رزانه ئه‌په‌رمه‌وه و له به‌رخۆمه‌وه گۆرانی ئه‌ڵێم. شه‌قامه‌کان بۆنی حه‌شیشه‌و شه‌هوه‌تیان لێدێ. هه‌موو شوێنێک پره له ئاخزه جگه‌ره‌و کۆندۆم. له پایزدا گه‌ڵاکانیش دائه‌بارێن، من زۆر حه‌زم له گه‌ڵاکانه که ئه‌وه‌رێن، داری رووت تابلۆیه‌کی ئه‌بستراکته، رێم ئه‌دا ئازادانه خه‌یاڵی پێوه‌بکه‌م. پاش پرده‌که خوێندنگای مۆسیقاکه دێت. هه‌موو جارێ که به‌وێدا تێئه‌په‌رم ده‌نگی پیانۆیه‌ک به کزی دێت. بۆگارد و فلیمه‌که‌ی کازابلانکام بیرئه‌که‌وێته‌وه. ئای خوایه عه‌شق چه‌ند سه‌خته. رۆژانێ نه‌فامانه دڵم دایه ده‌ست گه‌وره‌کچێکی بچکۆله. ساڵێک به دیاریه‌وه دانیشت، ته‌نها جارێکیش له ده‌رگایی نه‌دا.
که رۆژنامه ئه‌کرم ژنێ پۆڵۆنی به‌ده‌ممه‌وه پێئه‌که‌نێ، پێکه‌نینێ ساخته. ئێمه له رۆژگارێکا ئه‌ژین هه‌موو شتێ تیا ساخته‌یه. ته‌نانه‌ت ساخته له حه‌قیقه‌ت به‌رێزتره. له کتێبی ناوه‌رۆکی مه‌سیحیه‌تدا فیورباخ هاوکێشه‌یه‌کی سه‌یرمان پێشکه‌ش ئه‌کات. پیرۆزی پیرۆزتر ئه‌بێ تا له حه‌قیقه‌ته‌وه دوورتربێت. به‌ڵام من له بری فیورباخ بیر له کریستینا یونگمان ئه‌که‌مه‌وه، ئه‌و مه‌کربازه‌ی له‌گه‌ڵ ماچا باسی کراکۆفی بۆ ئه‌کردم، سه‌رکێشیه‌کانی رۆژانی هه‌رزه‌یی. که ئه‌گه‌رێمه‌وه ماڵه‌که‌مان بۆنی شێی لێدێ. نامه‌ی به‌ر په‌نجه‌ره‌که ئه‌بینم، وشه به وشه‌یم بیرئه‌که‌وێته‌وه: (ووردیله‌که‌م، حه‌زئه‌که‌م زۆر بێبه‌زه‌ییانه وه‌ک جه‌لادێ دڵم بشکێنی! وه‌هام لێبکه‌ی برۆم له پشت کلێسا هێمنه‌که‌وه له سه‌ر گیاکورته‌که بۆخۆم به ته‌نیا دانیشم و له ئاسمان بنوارم. حه‌زئه‌که‌م هه‌ستبکه‌م که دوای تۆ ژیان بێمانایه، بریاربده‌م نه‌رۆم بۆ وانه‌کانی فه‌لسه‌فه.
که دڵم بشکێ ئه‌گه‌رێمه‌وه ماڵه‌وه، له به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌دا به ته‌نیا گۆرانی ئه‌ڵێم، جار له دوای جار شیعره پڕ له خه‌مه‌کانی فێرناندۆ بێسه‌وا ئه‌خوێنمه‌وه؛ ئه‌و پیاوه‌ی که جگه له سێبه‌رو وشه و خه‌یاڵ هیچ هاورێیه‌کی تری نه‌بوو.
دڵم بشکێنه ئه‌ی ژنه بچکۆله‌که. به‌یانیانێ زوو وه‌ک سه‌رباز له شه‌رێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌دا خه‌نجه‌ره‌که‌ت بێنه و دڵم بێبه‌زه‌ییانه له‌تکه. که دڵم ئه‌شکێ ئه‌گه‌رێمه‌وه بۆ مه‌عریفه، بۆ ته‌نیاییه‌که‌ی کانت و غه‌ریبیه‌که‌ی سپینۆزا و په‌راوێزه پڕ له ئازاره‌کانی فۆکۆ و کۆچناسیه‌کی دۆلۆز).
ئیتر له بێده‌نگیدا رۆژنامه ئه‌خوێنمه‌وه.