سه‌رزه‌مینێك كتێبی نه‌خوێنراوه
شه‌هید كه‌وڵۆسی
نازانم به دوای چییا ئه‌گه‌ڕێم ،
به‌ڵام ئه‌زانم به دوای چییا ناگه‌ڕێم !
لێره‌یا دوودڵ نیم له‌وه‌ی ماندووترم له ئاو و با ،
ڕۆژێك بڕیارم دا چیتر له باره‌ی به‌دبه‌ختییه‌وه قسه نه‌كه‌م،
چونكه ئه‌مزانی به‌دبه‌ختیی ده‌رنجامی هۆشیاریی ئینسانه‌كانه !!
له دڵه‌وه ئه‌زانم كه‌ڵكی ئه‌وه‌م نه‌ماوه
خۆم به جوانكردنی ڕه‌سمی ئاینده‌وه خه‌ریك بكه‌م،
ئاینده‌ی ڕاكه‌ڕاكه‌ی چه‌قۆ به یاده‌وه‌ریما ..
ئێوه‌ش هه‌وڵ به‌ن خۆتان به منه‌وه خه‌ریك مه‌كه‌ن،
هه‌وڵ به‌ن خۆتان جیاكه‌نه‌وه له من ،
وه‌ك جیابوونه‌وه‌ی پرته‌قاڵ و باینجانه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ی به‌قاڵێك،
من ئێستاش دوودڵ نیم له‌وه‌ی خوێندنه‌وه ئاماده‌كردنی تۆیه وه‌ك دوژمنی ژیانی
عاده‌تی !
به‌ڵام هه‌میشه دوودڵ نه‌بووم له‌وه‌ی ئایا من كتێبێكی گه‌وره‌م
به‌كه‌ڵكی ئه‌وه‌دێم بخوێنرێمه‌وه ؟
ئه‌مه دوو پرسیاری لێك جودا و هاوشانه ..
من سه‌رزه‌مینێك كتێب ڕژاوه‌ته ده‌رگام ،
كتێب هه‌یه په‌رده‌پۆشه وه هه‌یه ڕووتپۆش ،
كتێبی قاتڵ و كتێبی تا ڕاده‌ی شه‌رم عاشق ،
كتێبی شه‌ڕه‌نگێزو ئاشتیخواز،
مناڵانی ڕێگه‌ی مه‌كته‌ب و ناو كۆلإن
كتێب و نووسراون .
پیر و په‌ككه‌وته و ئاندیكاپێكانی خه‌سته‌خانه ڕۆمانه هه‌میشه داخراوه‌كانن !
كه ڕووبه‌ڕووت ده‌بمه‌وه، له‌حزه‌ی خوێندنه‌وه و وه‌ستانمه له‌سه‌ر ئه‌و
تێكستانه‌ی له چاوتان، له ڕووخسارتان
بێ فاریزه و بێ نوكته و درێژن ...
گه‌وره‌ترین كتێب له ڕوخساری بێده‌نگترینمانایه!!!
ڕات ناچڵه‌كێنم به نووسراو،
به‌ڵام كه بێده‌نگم ڕووخسارم پڕه له هاوار ..
كه هێنده دووره‌په‌رێزم لێتان
ئه‌زانم زامێك له یاده‌وه‌ریدا ده‌مانكاته‌وه به یه‌ك .
سوێندت بۆ ده‌خۆم ،
به په‌ڕه‌په‌ڕه‌ی ڕووخساری ڕه‌نگه زه‌رده‌كه‌ی (كه‌ریم كابان)و
به دێڕ به دێڕی ده‌سته له‌رزۆكه‌كانی (ئیبراهیم خه‌یات).
قبوڵم نه‌بوو هێنده ئاشنای ئه‌م گۆشه‌گیرییه بم ،
به‌ڵام به كتێبه داخراوه‌كانی دیده ڕووناكه‌كانی (عه‌ینه‌دین)،
گۆشه‌گیری فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ ئێوه،
(بۆدلێر) وتی :
وه‌رن مه‌ستی بكه‌ین ئه‌مڕۆ، به شه‌راب نا به شیعر!
من ئه‌ڵێم :
مه‌ست مه‌بن كاتێك له ده‌رگای كتێبێك ئه‌یه‌ن به‌ڵكو ڕووتی كه‌نه‌وه تا ئه‌و
جێگه‌یه‌ی هه‌ست ئه‌كه‌ین تاكه جوانییه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌بێت
شێواندنی ئارامیی ئه‌وانی تره ئه‌گه‌ر مه‌ستن !!
ئێستا من له ئوتێل(میدیم) نزیك له شتی قیمه‌تدار و بچووك،
به درێژایی ئه‌م شه‌و په‌نجه‌ره‌كه‌م به ڕووی شارا كردۆته‌وه و
جگه‌ره ئه‌كێشم،
بیر ئه‌كه‌مه‌وه له‌وه‌ی ئه‌م هه‌مووه ئارامییه له‌م شاره‌یا
سه‌رنجام خراپ ئه‌كه‌وێته‌وه ،
له داڵغه‌دام، ئێره سلێمانییه ،
ئه‌زانم دوو ده‌ردی كوشنده هه‌یه ،
یه‌كیان مه‌ستی و ئارامی دونیا تاریك ئه‌كات و
دووهه‌میان ترس و خوێن و دونیا گه‌رم ئه‌كاته‌وه !!
هه‌ست ئه‌كه‌م ئه‌م دوو شاره منیان زنجیر كردووه ،
ئاااخر من دژی ئه‌و هه‌موو ئارامییه مه‌ستانه‌یه‌م و
ته‌واو وه‌ڕه‌سی ئه‌و هه‌موو ترس و خوێن بارینه‌ی سلێمانیم ..
پێكێك له شه‌رابی خوێنی عیسا به ده‌ستمه‌وه‌یه و
یاده‌وه‌ریشم كه پڕه له بوتڵه خوێنی وڵات له سه‌رما جمه‌ی دێت..
وه‌ك ئه‌ژدیها پیره‌كان لوول ده‌خۆم،
له ناو كتێبه داخراوه‌كاندا به‌رچاوم ڕه‌ش ده‌گه‌ڕێت ،
ده‌رباره‌ی جوانی لێكدانی باڵی په‌پووله‌كان هیچ نازانم،
به‌س ئه‌زانم زمانی ئه‌م چه‌قۆیه چه‌ند درێژه !!
هیچم له باره‌ی باخچه‌وه نه‌خوێندۆته‌وه ،
به‌ڵام ده‌رباره‌ی كوچه ته‌نگه‌به‌ره‌كانی ئازادیی شتی زۆرم له‌به‌ره!!
تكا ده‌كه‌م تۆش له‌مه‌ودوا ده‌رباره‌ی ڕابردوو هیچم لێ مه‌پرسه ،
ئه‌گه‌ر خۆمان گێل نه‌كه‌ین ئێستامان غه‌رقی ڕابردووه ،
ئه‌توانم ده‌رنجامی مه‌رگی ئه‌و كتێبانه‌ت پێ بڵێم
كه هێشتا نه‌نووسراون ؟!
ئه‌گه‌رچی ئه‌وان باسی سبه‌ینێ ئه‌كه‌ن
ئه‌و كاته‌ی دونیا پڕ ئه‌بێت له هه‌ره‌سی خه‌ون، هیوای وێڵ،
تۆ كه نه‌توانی ده‌ستی ئاینده بگریت و له قاوه‌خانه‌كه‌ی ئێستایا
ته‌عاروفی له‌گه‌ڵ دوێنێدا پێ بكه‌بت ،
هیچم لێ مه‌پرسه ..!
ئێستا وه‌رزی چه‌ندهه‌می گۆشه‌گیریی منه..؟
گۆشه‌گیریی من پابه‌ندی كات و وه‌رزه‌كان نییه،
چونكه ئه‌زانم ته‌مه‌نی خوام ئه‌وێت ،
تا هه‌مووتان حه‌رف به حه‌رف و
وشه به وشه و
دێڕ به دێڕ و
كتێب به كتێب ئه‌خوێنمه‌وه !!
ته‌نها له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌م ،
ئێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی من ئه‌توانن له قوڵایی ئه‌م گۆشه‌گیرییه ده‌رمبێنن....!
2005