من و تۆ هه‌ین، یان هه‌ر دوو ده‌نگی خودایین؟
سه‌ردار عه‌زیز
تۆ زۆر دووریت. من دوور تر. تۆ ژوورێکی په‌نجه‌ره شکاوت هه‌یه، منیش دڵێ وه‌ک دیواری به‌ندیخانه. تۆ سڵ ئه‌که‌یته‌وه خه‌ون ببینی، منیش ئه‌گه‌ر خه‌ونه‌کانم لێ داچۆرێ ئه‌بمه بیابانێ وشک. تۆ چه‌ندێ کراوه‌ی هێنده‌ش داخراوی، من هه‌ر خۆمم به دیار قاوه‌یه تاڵه‌وه رۆژگاره‌کانی ته‌مه‌نم ئه‌سوتێنم.
شتی بچکۆله دڵم ئه‌هێنێته خورپه، چه‌ند دێرێ له یاده‌وه‌ریه‌کانی باسکاڵ، بیرکردنه‌وه له ناوی تۆ. من بۆت ئه‌نووسم حه‌زم له ژنێکه بچکۆله، ژیر، قسه‌کانی بۆنی ئه‌و کتێبانه‌ی لێبێت که که‌م که‌س ئه‌یانخوێنێته‌وه، شه‌وگاری به‌ده‌م بیرکردنه‌وه‌وه بکوژێ له وشه‌یه که هێشتا نه‌هاتووه به‌زارا. تۆ هه‌واڵی د‌ه‌ریام لێ ئه‌پرسی، نوستنی سه‌ر شه‌قامه سارده‌کان، ئه‌و دێرانه‌ی که حه‌رامن. تۆ حه‌زت له خه‌یاڵ نیه‌و من پیاوێکم له خه‌یاڵ، تۆ دووره‌په‌رێز ئه‌که‌یت له شه‌راب و منیش خه‌یامانه بۆی ئه‌رۆم. تۆ له عه‌شق رائه‌چڵه‌کێی منیش له فه‌رهه‌نگی زمانا به‌دوای مانایا ئه‌گه‌رێم. من هێنده‌ی ڕۆژگاره‌کانی ته‌مه‌نی نه‌نکم چیرۆکم پێیه، تۆش ڕۆمانی به‌سه‌رهاتی ئه‌و پیاوانه‌ی که به کۆڵانه پیسه‌کانی شارا ڕه‌دووت ئه‌که‌ون. جارجارێ هه‌ردووکمان به دزیه‌وه بیر له پێکه‌وه بوون ئه‌که‌ینه‌وه، به‌ڵام هێشتا دڵنیانین؛ سه‌ربوورده‌ی تراژیدیایه‌کی ئاشکرایه یان سه‌د ساڵ له خۆشی.
نیوه‌ی یه‌که‌می ناوی من، نیوه‌ی یه‌که‌می ناوی تۆ، وه‌کو یه‌کن. ده‌بێ رۆژێ پێکه‌وه ئه‌و هه‌ردوو نیوه‌یه بخه‌ینه سه‌ر سه‌رینێ، له ئوتێلێ هه‌رزان له شاری لشبونه، هه‌تا به چرپه چرپ شیعرێکی ته‌ڕو ناسکی فیرناندۆ پێسه‌وات بۆ بخوێنمه‌وه، له کۆتاییدا پێت بڵێم دێی له گه‌ڵما بۆ سانتیاگۆ دی کۆمپۆستیلا تا شوم پێبکه‌ی، تۆ ئه‌ڵێی نه‌ء!