چیرۆک
نهێنییه‌ک ئه‌م شاره نه‌خۆش ده‌خات
باوکی ئیمپراتۆر
ته‌نها شتێک وای کرد کتێبم خۆشبوێت ئه‌و گۆشه‌گیری و که‌مدوییه‌م بوو له‌گه‌ڵ
چوارده‌ور و دیواره‌دا.
نامۆبوون به‌سه‌ر سفره‌ی باوک و حه‌ره‌می کۆبوونه‌وه‌ی خوشک و براکانم زیاتر
ڕووخسارێکی که‌م خوێن و سا‌ردوسڕی لای برا و خوشکه‌کانم دروست ده‌کرد به جۆرێک
هه‌ندێک جار که له ته‌کیان داده‌نیشتم هه‌ریه‌ک له جێی خۆی خۆی گرمۆڵه ده‌کرد و
ئه‌یان وت چی دزه‌ی کردۆته ئه‌م ماڵه.
دایکم ئه‌و کاته‌ی بێزووی به منه‌وه کردووه ئه‌ڵێت:
له‌و ڕۆژه‌وه هه‌ستم به‌ستوونێکی ساردی کردووه له ڕۆحما که به‌رده‌وام خانه
خانه‌ی جه‌سته‌م ده‌کاته زووقم.
ئه‌و کاته‌ی وه‌ک قاڵبه سه‌هۆڵیک ده‌رئه‌که‌وتم براکه‌م ئه‌ینه‌ڕاند
ئه‌وده‌رگا و مه‌نهۆڵانه داخه‌ن، په‌رده‌کان دایه‌نه‌وه کون بڕیکه‌ن ئه‌م ژووره،
ئه‌م ده‌رده تاعون ده‌هێنێت په‌تایه‌کی کوشنده له تاریکیدا ئه‌یه‌وێت باز بداته
خوێنمان.
نامۆبوون وا ده‌کات له ڕێگای تێکست و کتێبه‌کانه‌وه تێکه‌ڵی دونیا بیت
له ماڵی ئێمه ئاوێنه جوانترین دیکۆری ماڵمان بوو، ئه‌و بۆفی و که‌وانته‌ر و
مه‌عره‌ز و ئارمواره گه‌وره و بچوکانه‌ی باوکم ئه‌یکرین یه‌ک پارچه شوشه‌به‌ند و
ئاوێنه بوون.
پسکه پسک خۆم له ئاوێنه‌کان ئه‌شارده‌وه و به پێدزکێ ئه‌گه‌ڕامه‌وه گۆشه‌یه‌کی
فه‌رامۆشکراو. که خانه‌ی پیرێتی باپیرم بوو. ئه‌و کاته‌ی باپیرم پیر و که‌نه‌فت و
قێزه‌ون ژیاوه لێره له‌م گۆشه تاریک و فه‌رامۆشکراوه‌ی ماڵدا له‌گه‌ڵ کتێب‌دا
ژیاوه.
من ڕوخساری خۆم ناناسم له‌به‌ر ئه‌وه نییه چاره‌ی خۆمم ناوێت و ڕقم له هه‌یکه‌لی
خۆمه... نا! ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ده‌زانم نزیک بوونه‌وه‌م له‌م ئاوێنه و
شوشانه زیلزال ده‌خاته‌وه. ئه‌وه‌ش ده‌زانم هه‌رکه‌س له‌براو خوشک دراوسێ و
هاوڕێکانم هه‌ریه‌کی و به جۆرێک ئاوێنه ده‌ناسن.
ئه‌وان له‌و ڕوخساره ئاشکرا و ڕوونه‌ی خۆیان ڕازین، که‌یفیان به ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه
دێت له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌دا ئه‌وه‌ی پتر ده‌یترساندم ئه‌و تێکه‌ڵه ڕۆحی و عاتیفییه بوو
له نێوان ئه‌هلی
شار، که به دريژایی ته‌مه‌نم گوێم لێی ده‌بوو له نيوان
هاوڕێکانمدا له مه‌سافه کورت کورت و پان و به‌رینی فیلمه‌کاندا له ناو ئه‌و ده‌ق
و تێکسته نه‌خۆشانه‌دا که ده‌ڵێت: وه‌ره ببینه ئاوێنه‌ی یه‌کتر، له مندا
ده‌توانی خۆت بدۆزیته‌وه، ده‌توانیت ڕووبه‌ڕووم ڕابوه‌ستی و شکۆمه‌ندی ڕوخسارت
چاوکه‌یت. وه‌ره ببینه له‌شولار و ڕوخساری یه‌ک، ڕوت وقوت، با کاتێک یه‌کمان دیت
ئه‌و نمه‌بارانانه ببینین ورد ورد به‌رده‌بنه‌وه سه‌ر شانمان.
له مندا ببینه ماکیاژه‌که‌ت چه‌ند تۆخ و که‌سکونه. ڕاده‌چڵه‌کێم و له‌رزێکی سارد
ده‌یهێنامه‌وه گۆشه تاره‌که‌م.
باڵایه‌کی وه‌ک ته‌ناف باریک و دوورمه‌ودا، سه‌روقژێکی وه‌ک گژوگیای جه‌نگه‌ڵ نامه‌ئلوف و شێواو. دوو چاوی تێکه‌ڵ له ڕه‌ش و سوور و ترسناک، ده‌ست و په‌نجه‌ی وه‌ک
ده‌ست و په‌نجه‌ی دره‌خته‌کان پاش وه‌رزی خه‌زان که‌م جوڵه و ته‌ریب. هه‌یکه‌لی
ئه‌و پیاوه مووسافیره بوو که وه‌ک ته‌لیسم به‌سه‌ر شه‌قام و جاده خۆڵه‌کاندا
ده‌هات و ده‌چوو.
پیاوێک ناوی خۆی نازانێت. نامۆ به ڕووخسار و ئالوده به تاریکی، که به کۆڵاندا
وه‌ک شه‌به‌ح تێده‌په‌ڕێت منداڵان به لوشکه‌لوشک ڕایان ده‌کرده ماڵه‌وه و خۆیان
فڕێده‌دایه باوه‌شی داکیان. ئه‌و ژنه مه‌کربازانه‌ی هاوینان به‌رده‌رگایان ئاوڕشێن ده‌کرد. له‌نجه‌و لاریان له‌گه‌ڵ غه‌ریزه‌ی پیاواندا ئه‌دا
به‌شه‌ڕ، به ده‌رکه‌وتنی ئه‌م خۆیان داده‌پۆشی و خۆیان ده‌خزانده نوێنه‌کانه‌وه.
ئه‌و بێزار نه‌بوو له‌و هه‌نگاوه شه‌که‌ت و له‌و نه‌فره‌ته‌ی له دڵیدا وه‌ک پشکۆ
گه‌ش بۆته‌وه، له‌و ده‌رده‌ی ئه‌شێ ڕۆژێک وه‌ک تاعون شار ئالوده‌ی خرۆشان و
لێکترازانێکی ئه‌به‌دی کات. هه‌رگیز دڵی به خۆی ناسووتێت، ئه‌و ناکامییه لای ئه‌م
یاسا و ڕێسای هه‌یه، بێهۆ نییه نه‌فره‌ت له چاویدا گه‌وره ده‌کات. جگه‌ره‌یه‌ک
ده‌خاته به‌ینی په‌نجه کۆڵه‌وژییه‌کانی و سه‌روکه‌لله‌ی له دوکه‌ڵی
جگه‌ره‌که‌یدا ده‌شارێته‌وه. ئه‌م له مێژه‌وه ده‌زانێت ئاوێنه‌ی خۆشناوێت...!
من نهینییه‌ک گه‌وره ده‌که‌م ڕۆژانه به‌یت به‌یتی ئه‌م نهێنییه لێک جودا
ده‌که‌مه‌وه. تاڵ تاڵی ئه‌م تاریکییه ده‌خه‌مه‌وه جێگای خۆی، هه‌میشه به‌دوای
شتێکدا گه‌ڕاوم له وجودمدا بریقه‌دار و له‌ناو شاردا بێ مانا و بێ ته‌فسیر.
ئه‌زانم ئه‌وان له مندا بۆ شتێک ده‌گه‌ڕێن، وردودرووشت به ناسینم موبته‌لان، ئاخر
ناسین به سوڕێک نهێنی و به‌به‌شێک له نادیاردا تێده‌په‌ڕێت. ناسین کاتێک که
سه‌یری ئاوێنه‌ت کرد و ڕوخسارت درز نه‌بات بتوانیت که له نێوان هاوڕێکانتدا
دانیشتی تۆپه‌ڵێک نه‌فره‌ت و ڕه‌شاییه‌کی بێته‌فسیر نه‌بیت..!
یه‌کترناسین ....!
ترسێکه له ئاشکراکردنی ئه‌و یاسایه‌ی له‌م شاره‌دا تۆفانه.
له نزیکیم ئه‌ترسم له‌و باڵندانه‌ی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌مدا هه‌ڵده‌کوڕمێن، له
نیگاکردنی ئه‌و په‌له‌وه‌ره ڕه‌شانه‌ی به ڕێسایه‌کی نهێنی ده‌فڕن.
ئه‌وان به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن ئه‌گه‌رچی من به‌دوای تاریکییه‌وه‌م.
سه‌یره وه‌ک ئه‌وه‌ی بروسکه به‌ر زاکیره‌م بکه‌وێت ئه‌که‌ومه یادی یه‌که‌مین
دیدارم له‌گه‌ڵ کوڕێکی خوێنگه‌رم و دۆستی نزیکیه‌کی ئه‌به‌دی. یه‌که‌مین وشه
له‌یه‌که‌مین دیداردا لێی پرسیم : ناوت چییه؟
خه‌ڵکی کوێیت ؟
کا‌رت چییه و له‌کوێ ده‌ژیت؟
حه‌زت له‌چییه‌و.........!
له پڕ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ست بکات به‌هه‌ڵه‌داچووبێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی جنۆکه ده‌ستی لێ
به‌رز کردبێته‌وه له‌تاریکیدا وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڕشێته‌وه هه‌ستا و ده‌ستی
چه‌پی خسته سه‌ر ڕوخساری و به‌ده‌ستی ڕاست جانتاکه‌ی هه‌ڵگرت وبه‌سه‌ر ڕاوه‌شاندن
وای تێگه‌یاندم که ڕه‌نگه بگه‌ڕێته‌وه‌و ڕه‌نگیشه نا....!
هه‌ست کردن به‌وه‌ی نهێنییه‌ک به‌خێو ده‌که‌یت ده‌ستکاری ئه‌ونیگایانه ده‌کات
کت‌وپڕ به‌رتۆ ده‌که‌ون دواجار نه‌فره‌ت نه‌بێت هیچ ئاسه‌وارێک جێناهێڵن .
ئه‌و کاتانه‌ی له ده‌ستی ئه‌و ته‌بایی و ڕێککه‌وتن و په‌یمانه ساختانه‌ی
شارهه‌ڵدێم وه‌ک سه‌گێکی گڵاوی ڕه‌ش ده‌گه‌ڕێمه‌وه گۆشه تا‌ریکه‌که‌م که باپیرم
به نامۆیی ساڵانێکی درێژ نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ چوارده‌ور و دیواردا بژی، لێره
له‌گه‌ڵ کتێب‌دا ژیاوه.
ئه‌وپیاوه تاقه‌تێکی باشی له‌گه‌ڵ دواندنی شه‌ودا په‌یدا کردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و
شته زۆر ورد و سادانه‌یا ته‌بایه که ژیان له‌گه‌ڵیان تاقه‌ت پڕووکێنه، ڕۆژێک
موسافیر بڕیار ده‌دات پیاسه‌ی ئێوارانی له‌سه‌ر شه‌قام و جاده و کۆڵانه‌کان چیتر
کۆکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی ئه‌وانی تر نه‌شێوێت تا ئه‌و ته‌بایی و په‌یمانه
ساده و بچووکانه به‌رده‌وام بێت که‌وه‌ک منداڵ دڵی شاریان ژیر کردووه.
هه‌موو جارێک که لێی نزیک بوونه‌ته‌وه بیناسن ترسێکی وه‌ک سه‌هۆڵ سارد له‌رزێکی
تاقه‌تپڕوکێن له یه‌که‌مین نیگاکردنیاندا ڕۆده‌چێته گیانیانه‌وه و وه‌ک مریشکی
نه‌خۆش بێهێز وبێجوڵه ده‌که‌ون .
ئه‌وپیاوه ده‌یه‌وێت بچێته ده‌رێ، جانتاکه‌ی که پڕه له‌نهێنی له‌گه‌ڵ خۆیدا
هه‌ڵده‌گرێت و ئه‌و تا‌ریکییه‌ش کۆ ده‌کاته‌وه که ئه‌م شاره‌ی به‌دگومان کردووه .
ئه‌م شه‌و به‌وردی ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه، هێواش چاوه‌کانم که له میوه‌ی گه‌یو
ده‌چن هه‌ڵگڵۆفت، په‌نجه‌کانم وه‌ک چڵ و چێو پشتی یه‌ک ده‌ته‌قێنن .
بڕیارم دا هه‌ڵبێم، ساڵانێکی درێژه به دوای تاریکییه‌وه‌م، له‌سه‌ر هێڵێکی سا‌ردوسڕی
نهێنییه‌کی گه‌وره‌دا ده‌ژیم، به‌یانی زوو ده‌رگای ماڵه‌وه ده‌ترازێنم، وه‌ک قاڵبێک
سه‌هۆڵ به‌لای هه‌ناسه‌ی خوشک و براکانما تێده‌په‌ڕم، ده‌چمه ده‌رێ که‌س به‌دوای
منه‌وه نییه، سێبه‌ری نهێنییه‌ک نه‌بێت له‌منداڵییه‌وه گه‌وره‌ی ده‌که‌م، له‌ناو
هه‌وایه‌کی پاکدا، له تاریکیدا ئه‌و پیاوه ده‌بینم سڵم لێناکاته‌وه هه‌ست
به‌گه‌رمی خوێنی یه‌ک ده‌که‌ین ئه‌و ورد ورد به‌ره‌و ڕوم دێت له‌دڵه‌وه هه‌ست
ده‌که‌ین ئێستا ئه‌م شاره ده‌شێوێت وه‌ک نه‌خشه‌ی ئه‌ندازیاره بچکۆله‌که،
ئه‌م شه‌قام و جاده و کۆڵان و ماڵه به‌رزانه وه‌ک ته‌زبیحه‌که‌ی باپیرم
ده‌چڕێنه‌وه.
ئه‌م شاره له‌وه ناسکتره ژن و پیاوێکی تاریک ببینێت و نه‌خۆش نه‌که‌وێت له‌گه‌ڵ
هه‌موو هه‌نگاوێکیدا به‌ره‌وڕوی من ده‌ڵێت: ئه‌م شاره له‌م دیداره‌وه تێک ده‌چێت
له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ست بردنێکمدا ده‌ڵێم : ئاشکرابوونی من وتۆ له‌م گۆشه ڕووناکه‌ی
یه‌کتردا ئه‌م شاره یه‌کپارچه ده‌کاته زوڵمه‌ت .......!!!