خۆشه‌ویستى ئه‌وكاته دێت كه‌خۆى ده‌یه‌وێ
ژن و.. ژیانى بلیمه‌تان
ن: هاشم ساڵح
و: ره‌وشت ره‌شید
به‌م دواییانه له‌پاریس كتێبێك ده‌رچوو باسی رۆڵى ئافره‌ت ده‌كات له‌جوڵاندنى پرۆسه‌ى ئه‌فراندن له‌لاى پیاوى داهێنه‌ر، به‌تایبه‌تیش له‌لاى پیاوه بلیمه‌ته‌كان.
ده‌کرێ بگوترێت بلیمه‌ته‌كان دوو جۆر هه‌ڵوێستیان هه‌یه له‌ئاست ژناندا، یان هه‌ڵویستى گرنگى پێدانى زیاد له پێویست، یانیش هه‌ڵوێستى پشتگوێخستنى زیاد له پێویست، واته هه‌میشه به‌پێچه‌وانه‌ى خه‌ڵكى ئاسایی زیاده‌رۆیی ده‌كه‌ن له هه‌ڵوێست نواندنیاندا. ئه‌گه‌ر سه‌یرى ژیانى گه‌وره فه‌یله‌سوفانى وه‌ك دێكارت یان كانت بكه‌ین، ده‌بینین ئافره‌ت رۆڵێكى وا نابینێت كه جێگه‌ى باسكردن بێت. دێكارت ژنێكى ساویلكه‌ى هێنابوو كه له كاره‌كه‌ر ده‌چوو، هیچ رۆڵێكیشی له‌ژیانى گشتى دێكارت " واته‌ژیانه فیكرییه‌كه"ى نه‌بینى.
هه‌رچی جان جاك رۆسۆشه ئه‌وا به‌درێژایی ژیانى له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك ژیا كه خۆشی نه‌ده‌ویست، ئافره‌تێكى خۆش‌ویست كه تاكه رۆژێكیش له‌گه‌ڵیا نه‌ژیا، بگره ده‌ستیشى پێنه‌كه‌وت. به‌ڵام ئه‌مانوئێل كانت، له‌باره‌یه‌وه نه‌زانراوه كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى له‌گه‌ڵ هیچ ئافره‌تێكدا هه‌بووبێت، به‌جۆرێك ژیانى دوور و درێژی خۆى خسته خزمه‌ت به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ى كه به‌درێژایی دووسه‌د ساڵ و تا ئێستاش زاڵ بوو به‌سه‌ر عه‌قڵى رۆژئاوایی‌دا. ده‌گێرنه‌وه كانت خوازبێنى ئافره‌تێكى كرد، به‌ڵام دوایى به‌هۆى سه‌رقاڵ بوونى به نووسینی یه‌كێك له كتێبه گرنگه‌كانى ئافره‌ته‌كه‌ى بیرچووبووه‌وه، كاتێكیش بیرى هاته‌وه و ویستى بۆى بگه‌رێته‌وه، ژنه چه‌ند له‌مێژ بوو شووى كردبوو، یه‌ك دوو منداڵیشى هه‌بوون، كاتێكیش به‌ساڵاچوو، له‌چل و په‌نجا ره‌تى كرد و ناوبانگى ده‌ركرد، یه‌كێك له‌و شتانه‌ى كه زۆر ته‌ریقى ده‌كرده‌وه و تووشی ئیحراج بوونى ده‌كرد ئه‌و پرسیاره بوو "مامۆستا كانت بۆچی ژنت نه‌هێناوه؟" ئه‌ویش هه‌میشه به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامى ده‌دایه‌وه، : كاتێك كه لاو بووم هه‌ژار بووم و نه‌مده‌توانى ئه‌رك وپێداویستییه‌كانى خێزان له‌ئه‌ستۆبگرم. كاتێكیش به‌ناوبانگ بووم و تواناى ئه‌وه‌م په‌یداكرد كه ژن بهێنم، ئه‌وا چیدى هه‌وه‌سی ئافره‌تانم نه‌مابوو، چونكه پیر ببووم و شه‌مه‌نده‌فه‌ر جێی هێشتبووم.
هه‌رچی شاعیر و هونه‌رمه‌دان و په‌یوه‌ندییه‌كانیشیانه به‌ئافره‌تانه‌وه ئه‌وا بارێكى دیكه‌یه، چونكه له راستیدا ده‌گمه‌ن ژیانى شاعیرێك ده‌بینیت كه خاڵى بێت له خۆشه‌ویستیه‌كى توند و عه‌شقێكى شێتانه،. زۆر جاریش ئه‌و خۆشه‌ویستییه رۆڵێكى گه‌وره ده‌بینێت له ئیلهامى شاعیر و كرانه‌وه و ته‌قینه‌وه‌ى بلیمه‌تى و كپی شاعیر. لێره‌دا چیرۆكى ریلكه و ئه‌و كچه شۆخه رووسییه "لوانده‌ریا سالومى" به‌نموونه ده‌هێنینه‌وه، كه پێشتر هه‌مان كچ ئه‌ندێشه‌ى (نیچه)ى داگیر كردبوو. ریلكه كاتێك ته‌مه‌نى 20 ساڵن بوو سالۆمى ناسی و ئه‌میشیان كامڵه ژنێكى چل ساڵن بوو، كه دواتر بووه هۆى ئه‌وه‌ى گرێ ده‌روونیه‌كانى ریلكه بكاته‌وه و وه‌كو ئاگر بلیمه‌تى ئه‌و پیاوه دابگیرسێنێ.
هه‌وه‌رها چیرۆكى (ئه‌لفرێد دومۆسێ)مان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه نووسه‌ره به‌ناوبانگ و سه‌ربه‌سته‌ى كه ناوێكى پیاوانه‌ى بۆخۆى دانابوو -جۆرج ساند- ، دومۆسێ ئه‌و كچه‌ى زۆر خۆشده‌ویست، كچه له‌سه‌ره‌تا ئه‌مى خۆش‌ویست، به‌ڵام زۆرى نه‌برد دومۆسێى جێهێشت و رووى كرده پیاوێكى دى، به‌مه‌ش ئاگرى به‌ردایه ناخى دۆمۆسێى شاعیر، دومۆسێ به‌درێژایی ئه‌و شه‌وانه چاوه‌ڕێى ئه‌و كچه‌ی ده‌كرد تا ئه‌و ده‌مه‌ى كچه له‌شه‌وه سووره‌كانى ته‌واو ده‌بوو و نزیك به‌ره‌به‌یان ده‌گه‌ڕایه‌وه، دومۆسێش شه‌ونخونى بۆده‌كرد و جوانترین قه‌سیده‌ى له شیعرى رۆمانسی سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م بۆ نووسی له‌ژێر ناونیشانى (شه‌وانى مۆسێ)،. به‌م جۆره ئازارى خۆشه‌ویستى به‌سووده بۆ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تییه‌كان ده‌ته‌قێنێته‌وه. بگره زۆرجار سه‌ركه‌وتن له خۆشه‌ویستى له‌وانه‌یه مه‌ترسی بێت بۆ سه‌ر ئه‌فراندن، ده‌کرێ درێژه به‌م بابه‌ته دڵگیره بده‌ین و زیاتر قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام با تۆزێك له‌به‌رده‌م ئه‌م كتێبه نوێیه بوه‌ستین كه نووسه‌ره‌كانى دوو كه‌سن، یه‌كه‌میان مێژوونووس و رۆماننوسێكى فه‌ره‌نسییه‌و دوومیشیان نووسه‌ر و دیبلۆماتێكى رووسییه و به‌یه‌كه‌وه كتێبێكى گرنگیان ده‌رباره‌ى ئه‌و كچه رووسییه شۆخ و نه‌شمیلانه كۆكردۆته‌وه كه دواى شۆرشی به‌لشه‌فیك و پێش ئه‌و شۆرشه‌ش بۆ گه‌ڕان به‌دواى ئارامى و ئاسایش ودواتریش بۆ گه‌ڕان به‌دواى خۆشه‌ویستى و ناوبانگ و بلیمه‌تان رووه‌و فه‌ره‌نسا كۆچیان كردبوو.
دواى روخانى شیوعیه‌ت، ئه‌رشیفی رووسیه‌كان له‌به‌رده‌م ئه‌م دوو نووسه‌ره‌دا واڵاكرا و، بگره توانیان بگه‌نه ئه‌رشیفه‌كانى(ك.خ.ب) له‌و ماوه‌یه‌دا، كه پڕ بوو له زانیارى ده‌رباره‌ى زۆر له كه‌سایه‌تیه‌كان له هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعیر و فه‌یله‌سوفان له‌گه‌ڵ كچه نه‌شمیل و دڵرفێن و سه‌رنجراكێشه‌كانى رووس، به‌جۆرێك هه‌ندێك له‌و كچه قه‌شه‌نگانه رۆڵێكى سیاسی و بگره "سیخوریشیان" بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌زگا رووسیه‌كان ده‌بینى.
بۆ كه‌س نێهنى نییه كه (ئیلیزا) عه‌قڵ و دڵى (ئه‌راگۆن)ى داگیركردبوو، (سیبیت)یش له لایه‌ن نێوه‌نده فه‌ره‌نسییه‌كانه‌وه به‌وه تاوانبار كرابوو كه به‌كرێگیراوێكى روسیاییه، له‌راستیشدا ئه‌و بوو مێرده‌كه‌ى خسته نێو حیزبی شیوعى و هه‌ر خۆیشى وایلێكرد په‌یوه‌ندیكردنى به سه‌ربازگه‌ى رووسی له‌سایه‌ى جۆزێف ستالین‌دا ئاشكرا بكات .
به‌ڵێ خۆشه‌ویستى چاوه‌كان نابینا و گوێیه‌كان كه‌ڕ ده‌كات؟!! ئه‌وه‌ى سه‌رنجى هه‌ردوو نووسه‌رى ئه‌م كتێبه‌ى راكێشا ئه‌وه‌بوو زۆربه‌ى بلیمه‌ته فه‌ره‌نسییه‌كان له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا له‌رووى سۆزداریییه‌وه په‌یوه‌ندیدار بوون به ئافره‌ته رووسیاییه‌كانه‌وه. بۆنموونه ئۆلفا كه شووى به پیكاسۆ كرد و، (گالا) كه (ئیلیوار)ى خۆش‌ویست پێش ئه‌وه‌ى بكه‌وێته تۆڕى سلفادۆر دالییه‌وه.
هه‌روه‌ها (ئێلیزا) ، كه (ئاراگۆن) دیوانه به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌ناوى (شێتى ئێلیزا) له‌سه‌ر نووسی و چیرۆكى خۆشه‌ویستیان له نێوه‌نده ئه‌ده‌بیه‌كان به‌راده‌یه‌ك ناوبانگى ده‌ركرد كه ده‌کرێ به‌راورد بكرێ به‌چیرۆكى(مه‌جنون له‌یلا) له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا. هه‌روه‌ها "لیدا" ش، كه هونه‌رمه‌ندى ناودار "ماتێسیس"ى په‌رێشانكرد.
له‌مه بترازێ (مایا) هه‌یه كه‌دڵى(رۆمان رۆڵان)ى به‌رێدا بردبوو، به‌جۆرێك رۆڵان نه‌چووه ژێر بارى پێشكه‌شكردنى گوێڕایه‌ڵى و ستایشكردن بۆ ستالین. هه‌روه‌ها پێویسته رێبه‌رى ئێگسیستانیالیزمى (فه‌ره‌نسى "جان پۆل سارته‌ر" له‌بیر نه‌كه‌ین، چونكه نه‌به‌ردیى زۆرى هه‌بوو، له‌وانه چیرۆكێكى خۆشه‌ویستى كپكراو یان نیمچه نهێنى له‌گه‌ڵ جوانێكى روسیدا به‌ناوى (لینا زوینان)، هه‌ر بۆ ئه‌ویش كتێبى به‌ناوبانگى "وشه‌كان"ى نووسیوه ،كه گێرانه‌وه‌ى ژیانى خۆیه‌تى، به‌ڵام له‌پێشكه‌شكردنه‌كه‌دا ته‌نها ئاماژه‌ى به پیتى یه‌كه‌مى ناوى كچه‌كه كردووه، له‌ترسی ئه‌وه‌ى نه‌كا تووڕه‌یی (سیمۆن دىبۆفۆار)ى به‌سه‌ردا ببارێ. هه‌ربۆیه له پێشكه‌شكردنه كورت و ته‌ماوییه‌كه‌ى نوسیویه‌تى "بۆ خاتوو ..ز.." ، ره‌خنه‌گر و كۆمێنتسازه‌كان زۆر به‌دواى راڤه‌كردنى ئه‌م پیته بوون بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ئه‌م(ز)ێیه، چیی ده‌گه‌یه‌نێت به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه هیچ ئه‌نجامێك، به‌جۆرێك سارته‌ر سه‌ركه‌وتوو بوو له پاراستنى نهێنى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ى ته‌نها له‌كه‌ناره‌كانى رووبار‌ى به‌لتیك نه‌بێ به‌یه‌ك نه‌ده‌گه‌یشتن، یانیش له‌گۆشه و سووچه‌كانى پایته‌ختى سۆڤییه‌ت كاتێك جارجاره ده‌چووه سه‌ردانى مۆسكۆ و یاوه‌رى یه‌كتریان ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى هیچ رووینه‌دابێ..
بالێره‌دا به‌درێژى له‌سه‌ر دوو په‌یوه‌ندى بوه‌ستین:یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى (گالا) به(پۆل ئیلیوار) و دواتریش به‌سیلڤادۆر دالى و، دوومیشیان په‌یوه‌ندى (ئێلیزا) به( ئاراگۆن).
كاتێك گالا له‌ساڵى 1918 گه‌یشته پاریس بۆ ئه‌وه‌ى شو به پۆل ئیلیوار بكات و تاهه‌تایه له فه‌ره‌نسادا بگیرسێته‌وه، وڵات تازه له‌شه‌رێكى وێرانكار هاتبووه ده‌رێ، ئیلیوار خۆیشی له شه‌ڕه‌كه‌دا به‌شدار بوو، هه‌ر به‌جلی سه‌ربازییشه‌وه هاته كڵێسا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كچه رووسیاییه ماره بكات كه خۆشیده‌ویست. به‌ڵام وه‌كو سه‌رجه‌م نه‌وه‌كانى سه‌رده‌مى خۆى شه‌ڕى جه‌رگبڕ ده‌روونى وێرانكردبوو.
به‌ده‌گمه‌ن ماڵێكى فه‌ره‌ناسیت ده‌دۆزییه‌وه كه كوژراو یان بێسه‌روشوێنێك یان بریندارێكیان نه‌بێت و ده‌کرێ بگوترێ بزوتنه‌وه‌ى سوریالی فه‌ره‌نسی كه (ئه‌ندرێی بریتۆن) رابه‌رایه‌تى ده‌كرد شتێك نه‌بوو جگه له كاردانه‌وه‌یه‌كى ئه‌و شه‌ڕه و مه‌رگه‌ساته‌كانى.
گه‌نجانى فه‌ره‌نسا ئه‌وكاته ده‌یانویست دڵنه‌وایی خۆیان بده‌نه‌وه، هه‌ناسه بده‌ن و مه‌رگه‌ساته‌كانى شه‌ڕ و ئه‌و كاره‌ساتانه له‌بیر بكه‌ن كه له گۆڕه‌پانه‌كانى شه‌ڕدا بینیبویان، بۆیه هیچ رێگایه‌كیان له‌به‌رده‌م خۆیاندا نه‌ده‌دۆزییه‌وه جگه له پڕژانه نێو بزوتنه‌وه‌یه‌كى هونه‌رى سوریالى ئازادیخواز.
سوریالیزم ئه‌و بواره‌ى بۆ هونه‌رمه‌ند ره‌خساند "شاعیر، یان ئه‌دیب، یان رۆماننوس..تاد" كه تۆزێك خۆی له‌بیر بچێته‌وه، نوقمى خه‌ون وخه‌یاڵات ببێت و له واقیعه‌وه به‌رزبێته‌وه بۆ سه‌رووى واقیع" كه ئه‌مه ماناى حه‌رفیى وشه‌ى سوریالیزمه" . سوریالیزم پێویستیه‌كى مێژوویی جێبه‌جێ كرد چونكه له‌كاتى گونجاو‌دا هات و یارمه‌تى داهێنه‌ره فه‌ره‌نساییه‌كانی دا له‌وه‌ى رزگاریان ببێت له‌و رق و كینه و توڕه‌هاتییه‌ى كه فشارى ده‌خستنه‌سه‌ر، له دۆزه‌خى ئه‌و واقیعه‌ى كه ره‌حم به‌كه‌س ناكات. به‌م جۆره رێگه‌یاندا به وزه‌و تواناكانیان كه بته‌قێته‌وه و به هه‌موو ئاراسته‌كان و چۆن حه‌ز ده‌كات ئاوا گوزه‌ربكات. هه‌روه‌ها رێگه‌یان به زمان دا كه له كۆت و زنجیره‌كانى ئازاد بێت، واته له مانا قاموسیی و شه‌رعیه‌كان، بۆئه‌وه‌ى ماناى دیكه وه‌ربگرێت و قۆزاخه‌كانى بشكێنێت. بواریان به‌زماندا كه سنورى خۆى ببڕێت و گوزارشت نه‌وه‌ك هه‌ر له‌مانا به‌ڵكو له بێمانایی و، پوچی و نامه‌عقوڵیش بكات. ئه‌وان بینیان واقیعیه‌تى راسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه ناواقیعى بیت! ئایا شه‌ڕ واقیعى یان ماقوڵ یان خاوه‌نى هیچ مانایه‌كه؟ ئایا ده‌کرێ به‌زمانێكى لۆژیكیانه‌ى، فه‌رهه‌نگیانه‌ى موحافیزكار گوزارشت له عه‌به‌سیه‌تى شه‌ڕ بكرێت؟ ئایا پێویست نییه له‌سه‌ر هونه‌ر گوزارشت له‌شێتێتى واقیع بكات به‌زمانێكى له‌خۆى شێت‌تر؟ هه‌ر لێره‌وه مه‌سه‌له‌ى ته‌قینه‌وه‌ى زمان سه‌رى هه‌ڵدا، كه له‌شه‌سته‌كاندا گواسترایه‌وه نێو پانتاییه‌كانى شیعرى عه‌ره‌بی هاوچه‌رخ.
ئه‌وانه هه‌ندێك له‌هۆو پاڵنه‌ره قوڵه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى بزوتنه‌وه‌ى سوریالیزم بوون، له‌سه‌ره‌تاكانى ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا "سه‌ده‌ى بیسته‌م". پاشانیش به شێوه‌یه‌كى فراوان بڵاوبووه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ببێته بزوتنه‌وه‌یه‌كى هونه‌رى به‌قه‌باره‌ى دوونیا، وه‌ك هه‌موو بزوتنه‌وه ره‌سه‌نه‌كانى دى كه له‌پایته‌ختى رووناكى و ئازادى :( پاریس) سه‌ریان هه‌ڵدا. به‌ڵام دواتر سوریالیزم له‌مامه‌ڵه‌و گوزارشتكردنیدا زیاده‌رۆیی كرد تاوه‌كو له‌سه‌ر ده‌ستى هه‌ندێك له شوێنه‌كه‌وتووه بچووكه‌كانى، ئه‌وانه‌ى هیچ داهێنانێكیان نه‌بوو گه‌یشته ئاستی ئابڕوچوون و وڕێنه‌بازى.
به‌هه‌رحال ،"گالا" دونیاى پۆل ئیلوارى داگیركردبوو، ئیلوار ئه‌م چه‌ند دێره‌ى له‌چامه‌یه‌كیدا به‌ناوى" گۆرانیه‌ك بۆ گالا" نوسیبوو:
له‌ژیانم كه‌سم خۆشنه‌ویستووه جگه له گالا .. و
ئه‌گه‌ر ئافره‌تانى دیكه هه‌موویان ره‌تكه‌مه‌وه،
ئه‌وا بۆتۆ دووپات ده‌كه‌مه‌وه كه له‌دونیا ئافره‌تێكم نه‌دۆزییه‌وه
جگه له‌گالا
كه مه‌یلێكى كه‌م بۆ ژیان و
مه‌یلێكى زۆر بۆ مردن ده‌دات..
به‌م شێوه‌یه ئیلیوار و گالا چوونه ناو بازنه‌ى سوریالیسته‌كان و چوونه ریزى ئه‌ندرێی بریتۆن و لویس ئاراگۆن و فیلیپ سوبول و رینێه شار و ئه‌وانى دى. ئیدى بزوتنه‌وه‌ى سوریالیزم، پێشه‌نگى داهێنانى رۆشنبیریی ئه‌وكاتى له فه‌ره‌نسا پێك هێنا، ئه‌و پێشه‌نگه‌ى ده‌یه‌وێت ژیان بگۆڕێت. ئه‌ندرێى بریتۆنیش وه‌كو سه‌رۆكى بزوتنه‌وه یان رابه‌رى عه‌سابه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتى ده‌كرد و گه‌ڕه‌كى "ئه‌لمۆنبارناسی" له‌پاریس به‌هه‌موو قاوه‌خانه‌كانیه‌وه كردبوو به پایته‌ختێك بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ى كه ده‌یه‌وێت جیهان ببڕێت.
به‌ڵام گالا له گۆڕان وهه‌ڵچوون و داچوون و شێتییه سوریالییه‌كه‌ى ئیلیوار ماندوو ببوو، له‌وه‌ش گرنگتر ، خۆشه‌ویستى بۆ خۆى ماندوو ببوو، مه‌له‌ل گرتى، چونكه خۆشه‌ویستى له‌سه‌ره‌تاوه وه‌كو گه‌رده‌لول به‌هێز ده‌ست پێده‌كات، پاشان به‌تێپه‌ربوونى رۆژ و ساڵه‌كان هێدى هێدى هێور دبێته‌وه و به‌ره‌و لاوازى ده‌چێت، هه‌ر خۆشه‌ویستیه‌ك بگاته ئه‌نجامێكى پۆزه‌تیڤ حوكمى به‌ره‌و نه‌مانچوون بۆ خۆى ده‌ر ده‌كات. ئه‌مه سوننه‌تى ژیان و سروشتى شته‌كانه. به‌ته‌نها دوورى و بێبه‌شی وا ده‌كات خۆشه‌ویستى پته‌و و به‌هێز بێت و "ركابه‌رێتى" زه‌مه‌ن بكات. به‌ڵام به‌یه‌ك گه‌یشتن، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ یه‌كتر ژیانى هاوبه‌شی به‌رده‌وام، ده‌بێته هۆى دامركانه‌وه‌ى كڵپه‌ى خۆشه‌ویستى و كوژانه‌وه‌ى خۆشه‌ویستى، یان بڵێین هه‌ڵوه‌رینى خۆشه‌ویستى. به‌داخه‌وه كه ده‌کرێ بڵێین خۆشه‌ویستى وه‌كو گوڵه جوانه‌كان وایه، وه‌ك چۆن گوڵه‌كان ده‌وه‌رن ئه‌ویش هه‌ڵده‌وه‌رێ.
به‌م جۆره دواى چه‌ندین ساڵ خۆشه‌ویستى و لێكنزیكى و دواتر تۆران، په‌یوه‌ندى نێوان گالا و ئیلوار كۆتایی هات. ئیدى كچه نه‌شمیلى رووسیایی له‌ناخیدا به‌دواى په‌یوه‌ندییه‌كى تازه‌دا ده‌گه‌ڕا، یان بڵێین بلیمه‌تێكى تازه، ئه‌وه‌بوو كه‌سێكى دیكه‌ى كه شێتى و بلیمه‌تیكه‌ى ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت كه‌متر نه‌بوو له هى ئیلیوار دۆزییه‌وه، ئه‌ویش سیلڤادۆر دالى بوو. به‌ڵام ئه‌وكات دالى ، ئه‌و دالیه ناوداره نه‌بوو كه ئێمه ده‌یناسین، به‌ڵكو گه‌نجێكى خه‌یاڵاوى بوو كه ته‌مه‌نى له 25 ساڵ زیاتر نه‌بوو، ئه‌و هاتبووه پاریس بۆ گه‌ڕان به‌دواى ئیلهام و ناوبانگ و ده‌وڵه‌مه‌ندى. چونكه كوڕێكى هه‌ژاربوو، وه‌ك هاورێكانى ده‌یانگوت له‌دوورى سه‌دان كیلۆ مه‌تر بۆنى هه‌ژارى لێده‌هات. گه‌نجێكى ئیسپانى بوو به‌درێژایی وپانى شه‌قامه‌كانى پاریس ده‌سوڕایه‌وه و شتێك له‌گیرفانه‌كانیدا نه‌بوو، جگه له‌بلیمه‌تیه كپ بووه‌كه‌ى.. گالا هات بۆئه‌وه‌ى بیله‌رزێنێ و بروسكه‌ى بلیمه‌تى تێدا ده‌ربخات.
كاتێك ده‌رباره‌ى هۆى هه‌ڵبژاردنى گه‌نجێكى هه‌ژار پرسیاریان له گالاى نه‌شمیل كرد، له‌وه‌ڵامدا وتى:" چونكه یه‌كسه‌ر دركى ئه‌وه‌م كرد كه دالى بلیمه‌ته" گالا وه‌كو كچانى دیكه‌ى رووسی كچێكى به‌ته‌ماح بوو، به دوای ناوبانگ و بلیمه‌تى ده‌گه‌ڕا، ئه‌و به‌ته‌نها له‌ترسی شه‌ڕى ناوخۆ و شۆرشی به‌لشه‌فیك وڵات و خێزانى خۆى جێنه‌هێشتبوو، به‌ڵكو بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ى خودێتى خۆى و كردنى شتێكى گه‌وره‌ى وه‌هابوو كه قه‌ره‌بووى له‌ده‌ستدانى وڵات و كه‌سوكار و خۆشه‌ویستیان بكاته‌وه. به‌م جۆره گالا به درێژایی ساڵانى پڕ له زه‌حمه‌تى یاوه‌رى دالى كرد، ساڵانى بێبه‌شی و هه‌وڵى گه‌یشتن، گالا كارى بۆ ئه‌وه كرد دالى بخاته نێو كۆمه‌ڵه‌ى سوریالییه‌كان و هه‌موو هه‌وڵێكى به‌خشی بۆ رازیكردنى بریتۆن. به‌م شێوه‌یه چووه ریزى سوریالییه‌كان و شاكاره یه‌كه‌مینه‌كانى خۆى پێشكه‌شكرد، شان به‌شانى ده‌رهێنه‌رێكى سینه‌مایی به‌ناوبانگى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیسپانى كه ئه‌ویش "بۆنوێل" بوو.
هێدى هێدى دالى له‌ترسی درێژخایه‌نى له‌هه‌ژارى ده‌هاته ده‌ره‌وه و تا دواتر ناوبانگى ده‌ركرد و هێشتا ته‌مه‌نى له 35ساڵى ره‌تى نه‌كردبوو، بوو به‌یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین هونه‌رمه‌ندانى دونیا . كه‌ڤاڵه‌كانی دالى به سه‌دان هه‌زار له پاره، له پاریس و نیۆیۆرك و پایته‌خته‌كانى دیكه‌ى دونیا ده‌فرۆشان. به‌ڵام كاتێك دالى گه‌یشته ئه‌وه‌ى ده‌یه‌ویست ئیدى زیاده‌رۆیی له شێتى خۆی كرد و گه‌یشته ئاستێك كه ستایشى هیتله‌ر و فرانكۆ بكات. له‌و كاته‌شدا له‌لایه‌ن (بریتۆن)ه‌وه به‌خراپترین شێوه له نێو ریزه‌كانى سوریالیسته‌كان ده‌ركرا.
ئاراگۆن له‌چاوانى (ئیلیزا)دا
كه‌ى یه‌كه‌م جار ئاراگۆن ئیلیزاى بینى؟ یان چاكتره بڵێین كه‌ى ئیلیزا ئاراگۆنى بینى؟ چونكه ئیلیزا به‌دواى ئه‌ودا ده‌گه‌ڕا، ده‌یه‌ویست و شوێن پێى هه‌ڵده‌گرت.
ئه‌راگۆن ئه‌وكات له هه‌ره‌تى لاوی و لوتكه‌ى شاعیریه‌تیدا بوو، ئه‌و شاى شاعیران بوو، كوڕێكى درێژ و جوان، ئافره‌تان له‌هه‌موو جۆر و ده‌نگێك به‌سه‌ریدا ده‌بارین و بۆ ئه‌و كچه نه‌شمیله روسیاییه‌ش ئاسان نه‌بوو ئه‌و هه‌موو ریزانه ببڕێت و بگاته ئاراگۆن و دڵى داگیر بكات. جگه له‌مه ئه‌راگۆن تازه له‌چیرۆكێكى گه‌وره‌ى خۆشه‌ویستى هاتبووه ده‌رێ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ خانمێكى ئه‌مریكیدا كه‌ناوى: نانسی كۆنار بوو. خۆشه‌ویستى پێشووش به ئاسانى له دڵ ده‌رناچێت، ماوه‌ى دواى خۆشه‌ویستیش له‌وانه‌یه درێژخایه‌ن بێت یان كورت خایه‌ن، زۆرجاریش له‌دواى خۆى نه‌شته‌ر و برینى وا جێده‌هێڵێت كه سارێژبوونى ئاسان نییه. خۆشه‌ویستى مه‌زن ده‌گمه‌نه و باجه‌كه‌شی گرانه. خۆشه‌ویستى به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى زۆربه‌مان لێی تێگه‌یشتووین مه‌سه‌له‌یه‌كى ترسناكه، راسته له سه‌ره‌تا تامى هه‌نگوینى هه‌یه، به‌ڵام له‌وانه‌یه دواتر یه‌كجار تاڵ بێت. زۆر له شاعیر و هونه‌رمه‌ندان له‌سایه‌ى چیرۆكێكى خۆشه‌ویستیدا خۆیان كوشتووه. به‌ڵام ئه‌راگۆنى ناسراو به جوانى و گه‌نجى و بلیمه‌تیه‌كه‌ى ناکرێ ئاوا به‌ئاسانى له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م لێداندا بكه‌وێت، دوارۆژى له‌به‌رده‌م دایه و هه‌وڵیشى له‌به‌رده‌مدا زۆرن و كێش ده‌زانێ؟ له‌وانه‌شه خۆشه‌ویستى له‌شوێنێكه‌وه بێت كه پێى بزانین یان پێى نه‌زانین، له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كانیشدا پێی نازانین.
خۆشه‌ویستى ئه‌و كاته نایه‌ت كه‌ئێمه ده‌مانه‌وێت و ده‌یخوازین، خۆشه‌ویستى ئه‌و كاته دێت كه‌خۆى ده‌یه‌وێ و به‌نائاگایی شوێن و زه‌مه‌ن و ره‌نگه له‌شوێنێكه‌وبێت ئێمه نه‌مانه‌وێ، یان هه‌رگیز باوه‌ڕ نه‌كه‌ین. به‌ڵام كاتێك دێت وه‌كو شایه‌كى شه‌پۆلدار خۆى ده‌سه‌پێنێ و قابیل به ده‌مه‌ته‌قێ و گه‌ڕانه‌وه نییه.
له‌و ئێواره جوانه‌دا و، له‌یه‌كێك له‌جوانترین قاوه‌خانه‌كانى پاریس‌دا كه ده‌كه‌وێته ناوه‌راستى رێگاى نێوان (ئه‌لمونبارناس) و(ئه‌لبۆر رۆیال) لویس ئا‌رگۆن له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستیدا له‌ژووان بوو، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین چیرۆكى خۆشه‌ویستى له‌ژیانیدا. كاتێك له قاوه‌خانه‌كه‌ى "لاكلوزرى دى لیلا" چووه ژووره‌وه ئیلیزا تریۆلێ دانیشتبوو وه‌ك ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى ئه‌و بكات. به‌یه‌كگه‌یشتنێك بوو له‌رێگه‌ى رێكه‌وت، به‌بێ رێكخستن و ژووان، به‌ڵام به جۆرێك ده‌ستى پێكرد وه‌ك ئه‌وه‌ى چه‌ندین ساڵه ئاماده‌باشی بۆ ده‌كرێت. هه‌ندێك ژووان هه‌ن نهێنین، نایزانین و پێیان نازانین، له‌ده‌ره‌وه‌ى ویستى ئێمه ده‌به‌سترێن و وا پێده‌چێت كه‌زیاتر له‌ژووانه راسته‌قینه‌ییه‌كان رێكخراو و ئاماده‌باشیان بۆكراوه‌بێت. به‌جۆرێك ده‌ستى قه‌ده‌ر بمانه‌وێ یان نا بۆ ئه‌وێمان په‌لكێش ده‌كا. له‌م جۆره ژووانانه‌ش ئه‌م به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌ى نێوان ئه‌راگۆن وئیلیزایه.
ئه‌راگۆن كه له‌گه‌ڵ دوو هاورێى سوریالیستى له‌و گه‌ره‌كه خه‌ریكى پیاسه‌كردن بوون، گوتى: بۆ نه‌چینه ژووره‌وه و شتێك بخۆینه‌وه؟ ئیلیزاش كه به مانه‌وه‌ى له‌پاریس بێزار ببوو، هه‌ستى به بێ ئومێدى و بێتواناییه‌كى زۆرده‌كرد و بگره خه‌ریك بوو بگه‌رێته‌وه بۆ مۆسكۆ، ئه‌میشیان له‌ژووره‌كه‌ى خۆى له‌یه‌كێك له‌هوتێله‌كانى ئه‌لمۆنبارناس هه‌ڵسایه سه‌ر پێ و هه‌نگاوه‌كانى به‌بێى ئاگایی خۆى گه‌یاندیانه ئه‌و قاوه‌خانه جوان و به‌ناوبانگه. ده‌یه‌ویست له‌وێ دڵى خۆى بداته‌وه و خۆى به‌تاڵ بكاته‌وه و بیر له‌چاره و دوارۆژى خۆى بكاته‌وه.
گوتمان ئه‌و قاوه‌خانه‌یه به‌ناوبانگه، چونكه كاتێك تۆ له‌سه‌ر كورسیه‌كانى داده‌نیشیت و سه‌یرى مێزه‌كه‌ى پێش خۆتده‌كه‌یت ده‌بینیت ناوى گه‌وره شاعیر و هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نسا له‌سه‌ر داره‌كه هه‌ڵكۆڵراوه. لێره ڤێلین و بۆدلێر دانیشتوون و، له‌وێش جیرار و دۆنرڤال و ڤیكتۆر هۆگۆ دانیشتوون. له‌شوێنێكى دیكه‌شدا ئه‌ندرێی بریتۆن و لویس ئه‌راگۆن و پۆل ئیلیوار، ئیدى ئه‌م قاوه‌خانه‌یه تائێستاش هه‌یه‌و ده‌کرێ ئه‌گه‌ر بۆتكرا سه‌ردانى بكه‌یت و ئه‌و كون و قوژبنانه بناسیته‌وه كه گه‌وره شاعیر‌و نوسه‌رانى فه‌ره‌نساى تێدا دانیشتوون.
ئه‌راگۆن له‌پارچه شیعرێكیدا ده‌رباره‌ى ئیلیزا ده‌نوسێت:
نهێنیه‌كى گه‌وره‌ت پێده‌ڵێم: زه‌مه‌ن تۆیت
زه‌مه‌ن ژنێكه پێویستى به‌پیاوێكه پیاى هه‌ڵبڵى و
گه‌وره‌ى بكا.
زه‌مه‌ن وه‌ك شیعرێكى چڕى شه‌پۆڵدار
بێكۆتاییه
نهێنیه‌كى گه‌وره‌ت پێده‌ڵێم: من لێت ده‌ترسم
له‌و شته ده‌ترسم كه ئێواران به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌كانت ده‌با
ده‌ترسم له‌بزاوته‌كانت
له‌ئاماژه‌كانت
له‌و وشانه‌ى كه ناگوترێن.
له‌زه‌مه‌نى خێرا‌و له‌سه‌رخۆ ده‌ترسم.
له‌تۆ ده‌ترسم
نهێنیه‌كى گه‌وره‌م بۆ ئاشكرا كردیت
ئیدى ده‌رگاكان داخه
ئاسانتره بۆ مرۆڤ بمرێت له‌وه‌ى خۆشه‌ویستى بكات.
هه‌ربۆیه‌ش وا من ئه‌سته‌م ده‌ژیم
ئه‌ى خۆشه‌ویستى من.
سه‌رچاوه:
قراءة فی الفكر الاوربی الحدیث، هاشم صالح، 1994، لا 55