ده‌قی شعریی
{مردن و من و خودا به‌سه‌ر پشتی ترسێكی تره‌وه}
ژوان ئاواره
بۆكچه‌كه‌م( ڕوئیا)، بۆ ئه‌كه‌سه‌ی له‌نێو
جه‌هه‌نده‌مه‌كانی مندا پیری خۆی ئه‌بینێت
من هه‌رده‌بوو مردن و ژیان له‌خۆمدا ئاشت كه‌مه‌وه،
هه‌رده‌بوو گوێ له‌دواتیری ده‌نگێك بگرم
كه وه‌ك ته‌نهایی خۆم ئه‌یپێكام،
من هه‌رده‌بوو ئاوڕ له شتێك بده‌مه‌وه
كه هاواری ئه‌كرد:
قسه‌یه‌كی تر بكه،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نت به‌شی ئه‌وه ناكات
سه‌ری ئه‌م پرسیاره‌ی له‌به‌را سپی كه‌یت!
من مردنم ،
من جه‌نگم له‌گه‌ڵ به‌یانیدا هه‌یه
من ئێوارێ به‌نێو تاریكی‌دا هه‌ڵه‌كه‌م و به‌یانی پێم ئه‌ڵێ:
به‌ڵام تۆ سبه‌ینێت تاپول كردووه!
من مردنم ،
به‌ڵام دوانوكته‌م نیه بۆ كه‌سێك كه بۆ خۆی دوانوكته‌ی نیه،
كۆتایم نیه بۆ كه‌سێك كه له‌وسه‌ری بێ كۆتاییه‌وه قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كۆتایدا
نیه!
كۆتایی من دره‌نگ دێ،
كۆتایی من ئه‌وه‌نده‌ی كۆتایی خۆمه بۆ كۆتاییه‌كی تر،
كۆتایی من كۆتایی به‌یانیه،
هه‌تا به‌یانی به‌ده‌م خۆییه‌وه پێبكه‌نێت
من به‌ده‌م ته‌نهایی خۆمه‌وه ئه‌گریم،
ئای كه‌ڕقم له به‌یانیه‌وه كه دۆستی به‌یانیم،
من مردنم ،
من ترسم له‌به‌یانی دا هه‌یه،
كه‌س ئه‌وه‌نده‌ی من له‌په‌نجه‌ی ئه‌و كه‌مانچه‌ژه‌نه ته‌نیایه
نه‌ترساوه كه فرسه‌ت له جه‌ربه‌زه‌یم وه‌رده‌گرێ و
به‌عومرێك له په‌نجه‌ی بادا
نۆته‌ی به‌یانی لێ ئه‌دات،
چاو له‌و كچه ئه‌سمه‌ره‌دا هه‌ڵه‌خه‌م،
ئه‌وكاتانه‌ی به ڕه‌نگی خۆی ته‌نهایی خۆی ئاو ئه‌دات و ئه‌ڵێ
: به‌ڵام من هێشتاكه دۆستی تۆ نیم،
هه‌رچه‌نده ئه‌شزانم به‌یانی دۆستی تۆیه
نه‌ك دۆستی من!
_به‌ڵام من دۆستی كه‌سێكم كه‌دۆستی من نیه
قه‌هرئه‌گرم به‌یانی به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی
كۆتانامه‌ی ژیانه‌وه ڕه‌نگه‌كانی خۆی دابه‌ش ئه‌كات ،
ڕه‌نگێك بۆ باخچه،
ڕه‌نگێك بۆ ده‌ریا،
ڕه‌نگێك بۆ به‌ختی ئه‌و پیاوه تاریكه‌ی كه به‌ده‌م دوا پرسیاری منه‌وه یاری
به ڕۆژه‌كانی خۆی ئه‌كات،
جه‌نگی من له‌گه‌ڵ به‌یانی دا هه‌یه
له‌به‌یانیه‌كدا كه من یاری به‌یانی نیم
ئه‌وه‌ی نایه‌ڵێت من و به‌یانی یاربین
تۆیت ئه‌ی ئینسان،
تۆیت ئه‌ی كه‌سێك ته‌مه‌نت به‌شی ئه‌وه ناكات
سه‌ری ئه‌م پرسیاره‌ی له‌به‌را سپی كه‌یت!
من مردنم
یه‌كه‌مین دۆستی به‌یانی
ئه‌و دۆسته‌ی كه له یه‌كه‌م شه‌وی په‌رده‌وه
ژیان لێی هه‌ڵگێڕامه‌وه!
تۆ لێت هه‌ڵگێڕامه‌وه ئه‌ی ئینسان!
خودا لێی هه‌ڵگێڕامه‌وه
ئه‌وكاتانه‌ی به‌دزییه‌وه ده‌ستی ده‌هێنا به سه‌رما و
به‌چپه پێی ده‌ووتم:
ئه‌وه‌نده نابات ده‌بێته‌وه به دۆستی تۆ
به‌یانی میراتی تۆیه نه‌ك ژیان !
به‌یانی میراتی تۆیه نه‌ك ئینسان!
ئه‌وه‌ی میراتی تۆ نیه منم!
ئه‌وه‌ی دۆستی من نیه ته‌نها تۆی!!
جه‌نگی تۆ له‌گه‌ڵ من دا هه‌یه نه‌وه‌ك به‌یان
من ده‌مووت:
به‌ڵام من تموحم له دواهه‌مین شه‌وه‌ی تۆدا هه‌یه،
له به‌یانیه‌كدا گه‌نجێتیم به‌یانی ڕاو ئه‌كات
ئه‌و وه‌خته‌ی ناتوانم به ژیان بڵێم:
ئه‌زانیت له‌منیشدا
به‌یانی هه‌یه ،باخچه هه‌یه، هه‌وا هه‌یه، ته‌نهایی هه‌یه،
شه‌و هه‌یه به‌ڵام بێ تاریكیی!
به‌یانیم هه‌یه بێ هه‌تاو!
ڕاهیبه‌م هه‌یه‌بێ خودا،
ترسم هه‌یه بێ ترس
به‌ڵام:
ترسی من و تۆ جیایه،
تۆ ته‌نها له په‌نجه‌ی من ئه‌ترسیت و
من ته‌نها له‌په‌نجه‌ی خۆم،
تۆ له ته‌نهای خۆت ڕائه‌كه‌یت و
من ته‌نهای خۆم ئاوه‌دان ئه‌كه‌مه‌وه،
خودا‌ش له‌ته‌نهایی هه‌ردووكمان سه‌ر دائه‌خات!
ته‌نهایی تۆ كه ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ناسه‌ی چۆله‌كه‌یه‌كه له‌ته‌نهایی من!
ته‌نهایی خودا كه ئه‌وه‌نده‌ی چه‌كه‌ره خه‌وی
كه‌روێشكێكه له ته‌نهایی من!
به‌ڵام من تموحم له دوابه‌یانی تۆدا هه‌یه
له‌كاتێكدا ڕه‌نگی تۆ له‌ژێرده‌ستمدا
وه‌ك ترسی من له دواهه‌مین شه‌وی خوادا فیچقه ئه‌كات!
تۆ به‌سه‌ر شانی عومرته‌وه شل كه‌وتوویت و
ترسی من وه‌ك پشیله نۆرۆ ئه‌كات
هاوار ئه‌كه‌یت:
من چی بووم ،
جگه له كاركرده‌یه‌كی پیر،
بێ له كه‌سێك ماندوویه‌تی له خواكان ئه‌دزیی و
له مه‌رگی خۆی هه‌ڵی هه‌گرت!
من چی بووم ،
بێ له باخه‌وانی ئه‌و باخچانه‌ی كه به مه‌رگی خۆم به‌یانیم پێ هه‌ڵه‌كرد،
من چی بووم ،
تۆ تموحت له‌كام شه‌وی مندا هه‌بوو ،
كه من ته‌نها شه‌وێكم نه‌بوو بۆ خۆم،
كه نه به‌یانی میراتی من و،
نه‌خودا میراتی من و،
نه‌باخچه میراتی من و،
نه خۆم بووم به‌میراتی خۆم،
من چی بووم؟
بێ له كه‌سێك شه‌وكووتی له شكۆی خوادا ئه‌كرد و
تۆ ترست له‌گه‌ڵ دابه‌ش كرد!
من چی بووم گاوانێك بووم ته‌نهایم ئه‌له‌وه‌ڕان و
ده‌نگی خۆم له‌سه‌ر ده‌نگی به‌یانی دائه‌به‌ست،
سۆزانیه‌كی بێ حیشمه‌ت بووم و
كۆشی خۆم له‌به‌رده‌م تۆ دا،
له‌به‌رده‌م ئێواره‌دا،
له‌به‌رامبه‌ر خودا هه‌ڵده‌داییه‌وه
هاوارم ئه‌كرد:
مه‌یه‌ڵه مردن دواهه‌مین زۆڵم بناسێت!
پاڵه‌وانێكی به‌سه‌ر شكستدا كه‌وتبووم
بازیبه‌ندوو گورزه‌كه‌م دائه‌ناو
پێم ئه‌ووتی:
داگیرم كه!!!!!
من چی بووم ؟
بێ له‌و دۆسته‌ی كوڕێنیم له‌گه‌ڵ ئه‌كردی و
بۆم ئه‌نووسیت :
له‌هه‌ر گوڵێكدا بۆ تۆ باخچه‌یه‌ك،
له‌هه‌ر به‌یانیه‌كدا بۆ تۆ وه‌رزێك،
ئه‌ی ئه‌وه‌ی به‌دیار دواهه‌مین
شه‌وی خواوه دانیشتووی
شه‌وی من بۆ تۆیه،
من چی بووم،
كچه هه‌رزه‌یه‌كی قاشقونجی بووم
هه‌ر به‌چاو داگرتنێكت
ته‌لبه‌ندم بۆت ئه‌ترازاند
و
گۆزه‌م ئه‌شكاند،
من چی بووم،
تۆ خوێنی كاممه شه‌وی من گرتبوویتی
له شه‌وێكدا هاواری تۆ یاری به شكۆی خوا ئه‌كرد،
كه به‌یانی دواهه‌مین میراتی من بێت،
كه ئینسان دواهه‌مین میراتی من بێت،
كه ژیان دواهه‌مین میراتی من بێت،
من گومانم هه‌یه كه تۆش دواهه‌می
میراتی من نه‌بیت!!،
له به‌یانیه‌كا كه به‌یانی كۆیله‌ی منه
كۆیله‌م نه‌بیت!!.
(2005ى3ى14)