کۆتا وه‌سیه‌تی بکوژێک
ژوان ئاواره
حه‌ڤده ساڵ و شتێکه ئه‌م عه‌زابه به‌شانمه‌وه‌یه، هاتوومه‌ته ژێر باری
ئه‌م قیامه‌ته پڕوکێنه‌ره‌وه، ئه‌م سه‌قه‌ره داڵده‌ی داوم، ئه‌م ئاه‌شگه
نه‌فه‌س درێژه باوه‌شه گڕگرتووه‌کانی خۆی بۆ کردومه‌ته‌وه و نیشته‌جێی ئه‌م
شاری هه‌ڵقرچانه‌وه، په‌ناهه‌نده‌ی ئه‌م هه‌مووه وه‌همه قوڵانه‌ی ناخی خۆم
بوم، حه‌ڤده ساڵ و شتێکه من ئه‌وێم به‌جێهێشتووه و ته‌مه‌نی خۆم به ته‌نافی
ئه‌م نائومێدییه‌دا هه‌ڵخستووه، حه‌ڤده ساڵ و شتێکه هه‌میشه ئه‌مه‌وێت
هه‌ڵبێم له خودێک، له‌م زاته بۆگه‌نه‌ی پێیان ده‌ووت (شێرۆ)، هه‌میشه
ئه‌مه‌وێت نه‌فره‌ت بکه‌مه‌وه له سینه‌ی ئه‌و ئاوێنانه‌ی که بۆ چرکه‌ساتێکیش
بووبێت ئاشنایان کردوومه‌ته‌وه به ئه‌دگاری خۆم، نه‌فره‌ت له‌م دووچاوه
ده‌رپۆقیوانه‌ی که هه‌ر ده‌ڵێی گلێنه‌ی ماسیه‌کی مردوون، ئه‌و ڕووخساره‌ی که
هه‌ست ده‌که‌م تا زیاتر بکشێت نه‌خشی هیتله‌رێکی دیکه‌ی لێهه‌ڵده‌گریته‌وه،
(شێرررۆ)، هێنده به‌هه‌ره‌که‌ت نێویان ده‌هێنام خۆم ده‌مووت که‌ون ده‌له‌رێته‌وه
و عه‌رش به یه‌کجاری هاڕه ده‌کات، پاڵه‌وانه‌کان ده‌تۆقێن له نه‌عره‌ته‌م،
خودای گه‌وره هاوار، خۆ ده‌ڵێن ده‌ست و مه‌چه‌کی پیاوکوژان جودایه له ده‌ست
و مه‌چه‌کی که‌سانی دیکه، ده‌ڵێن نه‌عره‌ته و جه‌زبه و زه‌بری بکوژان زمانی
پاڕانه‌وه و لێبووردن نازانێت، به‌ڵام ئه‌ی من، وااااای له ده‌سته‌کانی من،
هه‌ر ده‌ڵێی نێوقه‌دی په‌ڕه‌سیگارێکی به‌فرینن، هه‌ر ده‌ڵێی کۆمایه‌ک په‌مووی
شیکراوه‌ن، به‌ئه‌ستم ته‌نها ڕه‌گێکیان تیا ده‌بینیته‌وه، منی نۆبه‌ره و
براگه‌وره، منی جێ ئومێدی باب، نووری دیده چکۆله‌ی دایک...
حه‌ڤده ساڵ و شتێکه ده‌مانچه‌که‌م له‌نێو که‌نووی ئارده‌که‌دا حه‌شارداوه و
به گێنوویه‌کی سپی تاقه‌ت ڕه‌تێنه‌وه، گێنوویه‌ک که هه‌ر ده‌تگووت دنیا به
چوارمشقی له‌نێویدا دانیشتووه، له‌نێو ده‌سته‌کانمدا ڕاگرتوو و وه‌ک وه‌فایه‌ک
بۆ وه‌سیه‌تێکی پچڕپچڕ له زاری ده‌ریایه‌کی قوڵدا به‌جێم هێشت....
ئاه حه‌ڤده ساڵ و شێێکه من و ئه‌و وه‌ک دوو په‌ڵه پرسیاری کرۆک قورس به‌ر
شانه‌کانی ئۆخژنی یه‌کتری ئه‌که‌وین، یه‌کدی ده‌هاڕین و هه‌ڵده‌سینه‌وه...
دوای حه‌ڤده ساڵ خودایه هاوار چۆناهی بگه‌ڕێمه‌وه ؟ وه‌ک ئه‌و کوڕه‌ی ساڵانێکی
دێری به‌ر له ئه‌مڕۆ که پشتوێنه‌که‌ی کرده‌وه و ده‌می گێنوه‌که‌ی پێ به‌ست،
وه‌ک ئه‌و کوڕه‌ی به سه‌روقژێکی ئاڵوسکاو و دڵێکی گوشراوه‌وه ده‌مانچه‌که‌ی
فڕێ‌دا و هه‌ڵکه‌وت له ئاپۆڕه‌ی بازنه‌یی ئینجانه‌کان و نێو حه‌وزه‌که‌ی پڕ کرد
له قوڕ، یاخوود وه‌ک کوڕێکی مۆدێرن و هێدی و له‌سه‌رخۆ، کوڕێک به‌هێوری دڵ
ده‌نێت به‌دڵی چرکه‌کانه‌وه، نا....گرنگ نیه به‌چ ده‌مامکێکه‌وه ده‌ڕۆمه‌وه
، گرنگ نیه کێ دێته پێشوازیم و کێ نایه، گرنگ نیه به‌سه‌ر مافووری نازنازدا
ده‌مبه‌نه ژووره‌وه، له‌سه‌ر بالیفی ڕه‌یحانه ئه‌مخه‌وێنن یاخود ده‌مده‌نه
به‌ر به‌ردی کینه و شاربه‌ده‌ر ده‌کرێم، وه‌ک کورًِێکی ته‌ره و غه‌واره تا
هه‌تایه کۆڵ به‌کۆڵ وه‌ک هه‌گبه‌یه‌کی هه‌مه‌جێی ئه‌م وه‌رینه ئه‌گێڕم....
نا هیچ یه‌ک له‌م ئه‌گه‌رانه له فه‌رهه‌نگی بکوژێکدا گرنگ نین، که دوای
سالانێکی شکست بخوازێت شتێک له چه‌شنی ڕاسته‌قینه بگێڕێته‌وه، ڕاسته‌قینه
ئاااخ هه‌ندێ جار چه‌نده زه‌حمه‌ته، هه‌ندێ جار چه‌نده ئاسان دێت به ده‌سته‌وه،
نا .. نامه‌وێت ڕاستی بگێڕمه‌وه و هه‌ندێ کات ڕاستی له‌و شوێنه‌یه که مرۆڤی
لێ نییه، له هه‌ر جێیه‌ک مرۆڤ بوونی هه‌بوو ڕاستی بزره... وه‌ک وتم نامه‌وێت
ڕاستی بگێڕمه‌وه هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ به مه‌رگی خۆمدا بڕۆمه خوارێ،
بگه‌مه‌وه به کۆتا دێڕی هه‌لاهه‌لابوون، ده‌ستم به‌که‌مه‌ری شکانی خۆم ڕابگات،،
نا.. ئه‌مڕۆ که ده‌مه‌وێت به ده‌سته‌کانی خۆم ده‌رکی ئه‌و ژێرخانه نوته‌ک و
تاریکه بکه‌مه‌وه ، که وه‌ک شێک دڵم پێم ئه‌ڵێت له دوا ساته‌کانی گه‌ردوگوڵی
ئه‌و به‌یانیه‌وه که‌س نه‌یکردۆته‌وه، گه‌ردوگوڵی ئه‌و به‌یانییه‌ی که وه‌ک
جه‌نگاوه‌رێکی ماندوو به ده‌ستوپلی خوێناوییه‌وه به هانکه‌هانک سه‌ربه‌ندی
گێنوه‌که‌م به پلیکانه‌کاندا سه‌رێ خست، باوکه له بن دارهه‌نجیره‌کاندا
کاسه‌ی سه‌ری خستبووه نێو مه‌مله‌که‌تی له‌په‌کانی، وه‌ک ته‌پکه
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی بێستانێک بۆ هه‌تا هه‌تایه هه‌تاوییان لێ شاردبێته‌وه لاره‌مل
و سیسه‌ڵه هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌کێشا... دایکم له دووتوێی کراسێکی نیللی،
له‌چکێکی خۆڵه‌مێشیدا هۆن هۆن ده‌گریا.. هه‌ریه‌که له خوشک برا چکۆله‌کانم
وه‌ک چه‌پکێک ڕێحانه‌ی چڵچڵکراو و هه‌ڵپڕوکێنراو به لێواری حه‌وشه‌که‌دا په‌خش
بووبوونه‌وه،
ده‌می گێنووه‌که‌م کرده‌وه و باوکم چاوه ڕیپۆقگرتووه‌کانی به که‌ونی
گێنووه‌که‌دا گێڕا و هه‌ستایه‌وه سه‌رپێی و ته‌وێڵمی ماچ کرد، دوو دڵۆپ فرمێسک
ئاوێزانی ڕیپۆقه وشکبووه‌کانی بوون ، خوشک و برا چکۆله‌کانم وه‌ک جه‌لادێکی
چکۆله و ناکامڵ ده‌یانڕوانییه من و نه‌یانده‌وێرا لێم نزیک ببنه‌وه.
دایکم چه‌پک چه‌پک ئه‌گریجه ئاڵۆسکاوه‌که‌ی ده‌ڕنییه‌وه و له‌قه‌ی له ده‌رکی
جامخانه و شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان ده‌دا و هۆقه تفی به‌نێو چاوانمدا ده‌کرده
خوارێ و به‌ده‌نگێکی تێکه‌ڵ له هه‌موو نائومێدیه‌ک پێمی ده‌گووت:
(به‌ر نه‌فره‌تی خودا و پێغه‌مبه‌ران که‌ویت، خودا هه‌قی چۆله‌که‌یه‌ک ون ناکات،
چ جای کچێک ،چ جای زایفه‌یه‌کی بێ تاوان )...
ئاااه به‌ر نه‌فره‌تی خودا و پێغه‌مبه‌ران که‌وتووم یان به‌ر نه‌فره‌تی خۆم،
مه‌زه‌نده ئه‌که‌م له بن په‌نجه‌ی هه‌ر هه‌ستێکمه‌وه کارێزێک له عه‌زاب
قوڵته قوڵتیه‌تی، ڕۆحم وه‌ک پاسارییه‌کی باڵ به‌ستراو سست ده‌بێت، خودایه
هاوار چه‌ند سه‌خته بکوژێک به فه‌رهه‌نگی خۆیدا بڕواته‌وه، ماری حه‌وت سه‌ری
هه‌ر ڕسته‌یه‌کی خۆی بیگه‌زێت، ژه‌هری هه‌ر یاده‌وه‌رییه‌کی تاڵ له زاری
وه‌ردات.
حه‌ڤده ساڵ و شتێکه من ئه‌م کراسه قه‌د ده‌که‌م و تاوێک له سینه‌مدا و
تاوێک له‌نێو ژانتاکه‌مدا، تاوێکی دیکه ده‌یکه‌مه‌وه گه‌ردنم، ئه‌و کراسه
سپیه نیوقۆڵه‌ی بۆنی ئه‌و دڵۆپه خوێنانه‌ی لێده‌هات که په‌ڵه په‌ڵه وه‌ک
خوێنی چۆله‌که‌یه‌کی ڕووته‌ڵه ڕژابوونه سه‌ر بۆنی ته‌نهایی و شێداریی ئه‌و
شه‌وه‌ی هه‌ڵگرتبووه که بۆ دواجار لووله‌ی ده‌مانچه‌که‌می گرت و لێم
پاڕایه‌وه که (بیکوژم)، ئه‌گریجه کارییه خورماییه‌که‌ی وه‌ک شه‌به‌نگێک
تیشک ڕژابوونه سه‌ر به‌ری ده‌ستم، چاوه باده‌میه حۆله‌کانی بڕیبووه ئه‌و
گه‌نده‌مووانه‌ی که‌تازه‌کی له عه‌ردی ته‌مه‌نمدا خه‌مڵیبوون، سینه‌ی وه‌ک
ئه‌وه‌ی له ڕاوی تریفه گه‌ڕابێته‌وه تا ده‌هات له ژێر تیشکی گڵۆپه‌که‌دا
دره‌خشانتر ده‌بوو، جار جاره به شه‌رمه‌وه دایده‌پۆشی به‌خاتر ئه‌وه‌ی جێ
که‌ڵبه‌کانی ملازم و پاسه‌وانه‌کانی بشارێته‌وه، دووباره پشتوێنه‌که‌می گرته‌وه
و تکای لێکردمه‌وه که (بیکوژم)، به‌توندی پێم گووته‌وه (ناااااااااا)
به‌شێوه‌یه‌کی بێزارکه‌ر که تا ئه‌مڕۆکه‌ش ناااا یه‌کی تری له‌و چه‌شنه له
ڕۆژه هه‌ره زه‌به‌نده‌کانی مندا دووباره نه‌بوونه‌وه، ئه‌و چه‌نده تکای
لێده‌کردم من یاخییتر ده‌بووم، بازگه‌کانی وه‌ڕه‌سیم تا ده‌هات زیاتر ده‌کشا،
گۆمی دوو دڵییم چرکه‌ساتێکی مه‌نگی به خۆیه‌وه نه‌ده‌بینی ، تاو نا تاوه
هێڵنجی ده‌هات و ده‌ڕشایه‌وه، خراپترین جۆری ڕشانه‌وه.. ئه‌و شه‌وه داوای
زۆر شتم لێکرد، حه‌زێکی بێ ئه‌ندازه‌م بۆ لادانی ته‌واوی ڕووپۆشه‌کان هه‌بوو،
نازانم بۆ حه‌زم ده‌کرد بم باته ته‌واوی پنته تاریک و پێچاوپێچه‌کانی خۆیه‌وه
، بۆحه‌زم ئه‌کرد په‌نجه بخه‌مه سه‌ر ته‌واوی ئه‌و شه‌وانه‌ی ملازم که به
زۆر بردبوویه‌وه ماڵێ، واای له من و باوکه ئه‌و شه‌وه چه‌ند زه‌لیلانه
ده‌مانڕوانییه پۆستاڵه‌کانی ملازم، ده‌مانڕوانییه سمێڵه تیژ و قژه
ماشوبرنجییه‌که‌ی، چه‌ند سڵمان له نه‌جمه‌کانی سه‌ر شانی ئه‌کرده‌وه، ئه‌و
کاته‌ی په‌لی (سۆزانای) گرت وه‌ک په‌ری سه‌ر عه‌ردێکی سپی فڕێیدایه ماشێنه
نوێکه‌یه‌وه، (سۆزانا) نینۆکه‌کانی په‌نجه‌ی ڕاستی ده‌کرماند و له ژێره‌وه
ته‌ماشای ده‌کرد و ده‌گریا، من بێغیره‌تترو شه‌رمه‌زارتر ده‌بووم ..
ده‌مزانی چه‌نده عه‌زاب به پرسیاره بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌کانی منه‌وه ده‌چێژێت،
به‌ڵام هه‌ر ده‌مکردن، چه‌شنی مناڵێکی لاوازی گڕۆز تێیده‌ئاڵام و پێم ده‌وت:
-ئه‌و شه‌وه‌ی که بردیتیه‌وه چی لێکردی؟ له‌به‌ر چاوی پاسه‌وانه‌کاندا ڕووتی
کردیته‌وه؟ چی لێکردیت سۆزانا چی، ئه‌وشه‌وه ملازم چی لێکردیت پێم بڵێ؟
سۆزانا ئه‌گریا و به‌ئه‌سته‌م زاری بۆ هه‌ڵده‌هێنرایه‌وه و ده‌یگووت:
-هیییییییییچ....
پێم ده‌گووته‌وه:
-ئه‌و شه‌وه‌ی که بردیتیان، بۆ به‌و چه‌شنه و به‌و نیگا زه‌بوونانه‌وه
ده‌تڕوانیه من ، چیت لێم ئه‌ویست؟!
ده‌یگووته‌وه:
-نازانم نااا نازانم ...
وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌وساری مه‌رگی خۆم گرتبێت پێم ده‌گووته‌وه :
-به ته‌نێ ملازم بوو یاخود پاسه‌وانه‌کانیشی ؟
که‌لله‌ی خۆیی ده‌کێشا به دیواری چڵکن و په‌ڵه په‌ڵاوی ژێرخانه‌که‌دا و به
چه‌پۆک ده‌یکێشا به‌سنگی خۆیدا و نینۆکه درێژه‌کانی له گۆنای ژاکاوی گیر ده‌کرد
و ده‌یگووت:
-هه‌موویاااااااان،
-کامیان زیاتر ده‌گه‌ڵت ده‌مایه‌وه؟
-نازانم، شێرۆ چووزانم ،
- ده‌گه‌ڕێنه‌وه، دڵنیای که ده‌گه‌ڕێنه‌وه ؟
-بێگومان... بێگومان!!!!!!!
دانه‌وییه‌وه پێڵاوه‌کانمی ماچ
ده‌کرد و ده‌گریا
و تاوناتاوه هێڵنجی ده‌هاتێ، ده‌ڕشایه‌وه ، جه‌سته‌ی تازه‌نه‌مامی تا ده‌هات لاوازتر و خامۆشتر، چاوه‌کانی بێئه‌ندازه به‌قوڵا
ده‌چوون ، مژۆڵه درێژ و پڕ و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی دوودوو سێ‌سێ چوون مناڵێکی
ترسا‌و جووت بووبوون ، دڵی په‌له‌په‌ل لێیده‌دا ، باسکه‌کانی ساردسارد و مۆرمۆر بووبوونه‌وه، په‌ڵه‌په‌ڵه وه‌ک ئه‌وه‌ی ملوله‌کانی خوێنی به یه‌کجاری
وه‌ستابن، سه‌ریم خستبووه سه‌ر ڕانه‌کانم و په‌نجه‌کانی به ئه‌سته‌م ده‌بزوا، به‌توندی ده‌مانچه‌که‌م فڕێدایه سه‌ر فه‌رده گه‌نمه‌کان و پێمگووت:
-که ناتوانم بتکوژم،
سۆزانا وه‌ک کۆترێکی باڵشکاو لاره لار هه‌ستایه‌وه و ده‌مانچه‌که‌ی
هێنایه‌وه و دایه‌وه ده‌ستم و پێمی گووت :
-شێرۆ به غیره‌ت به، باوکه چاوه‌ڕوانی تۆیه!
پێمگووته‌وه:
-سۆزانا تۆ شیاوی کوشتن نیت، که‌سانێک ده‌بێت بکوژرێن که به‌ها جوان و هه‌سته
ئینسانییه‌کان له‌که‌دار ده‌که‌ن، گه‌وره‌یی خۆیان له‌سه‌ر بچووککردنه‌وه‌ی
که‌سانی دیکه هه‌ڵده‌که‌ن، ده‌ست و مه‌چه‌که‌کانی من ناتوانن مرۆڤێک بکوژن
که‌پتر شیاوی ژیانه نه‌ک مردن..
سۆزانا وه‌ک په‌پووله‌یه‌کی نازه‌نین برۆ چڕ و په‌یوه‌سته‌که‌ی وێک
ده‌هێنایه‌وه و به ده‌نگێکی ئازاربه‌خشه‌وه ده‌یگووت:
-به‌ڵام پرسیاره بێکۆتاییه‌کانی تۆ ده‌مکوژێت، به دواداچوونه‌کانت ، نیگاکردنه‌کانی باوک، هێڵنجه بێ فاسیله‌کانی خۆم، هه‌ڵکورمانه‌کانی دایک له‌بن دار
هه‌ناره‌کاندا ، هه‌زارباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌وه سووره‌کانی ملازم و
پاسه‌وانه‌کانی، شێرۆۆۆۆ هه‌ریه‌که له‌م شتانه به‌سن بۆ کوشتن و هه‌لاهه‌لابوونی کچێک، شێرۆ تکا ده‌که‌م بمکوژه......بمکوژه .. تکا ده‌که‌م تکاااااااا
تکا ....
حه‌ڤده ساڵ و شتێکه من ئه‌م حیکایه‌ته ئه‌گێڕم و له نوێنی حه‌سره‌تێکی قوڵدا خه‌ونی جه‌هه‌نده‌میانه ده‌بینم و به‌ده‌م هه‌ڵئاوسانی هه‌ستمه‌وه ڕۆژ ده‌که‌مه‌وه، کاشکیا ده‌متوانی به‌کوڵ بگریبامایه، چه‌نده به‌غیلیم به‌و
که‌سانه دێت که ده‌توانن به‌کوڵ بگرین، گریانێک ئه‌گه‌ر بۆ چرکه‌یه‌کیش بووه
ئارامم بکاته‌وه، ڕه‌هام بکاته‌وه له هه‌موو شتێک، ڕه‌هام بکات له خۆم،
ڕه‌هام بکات له بوون، ڕه‌هابم له‌و شته‌ی که پێی ده‌ووترێت (ژیان) و من له
کاسه‌ی په‌شیمانیه‌کی کوشنده‌دا ده‌یخۆمه‌وه..
نا هه‌رگیز نه‌متوانیوه به‌و چه‌شنه‌ی که بۆ خۆم ده‌مه‌وێت بگریم، ئه‌گه‌ر
توانیبام هێنده به‌دوای فه‌تاره‌ت و تیاچوونی خۆمدا غه‌واره نه‌ده‌بووم، هه‌ریه‌که له‌م شتانه به‌س بوون بۆ مردنی ئه‌و ، وه‌ک چۆن وازی کردن له هه‌ریه‌ک له‌م کایانه‌شدا کافیه بۆ مه‌رگی من ..
حه‌ڤده ساڵ و شتێکه ، هه‌ست ده‌که‌م دڵۆپه دڵۆپه‌ی خوێنی ئه‌و وه‌ک
جوگرافیایی نیشتمانێکی بریندار به ئه‌تڵه‌سی کراسه‌که‌مه‌وه‌یه، بۆنی ئه‌و
ڕژاوه‌ته لۆژیکی گیانی منه‌وه، ده‌نگی مردنی ئه‌و له ئه‌شکه‌وتی بوونی مندا
ده‌نگ ده‌داته‌وه، چه‌ند سه‌خته گه‌نجێکی تاک به هه‌مان بۆن و به‌هه‌مان
خوێن و به‌هه‌مان سه‌دا و به‌هه‌مان ده‌ست و پلی بکوژێکه‌وه تکای چرکه‌یه‌ک
ئارامی بکات ..
نا گه‌نگ نییه، چۆناهی ده‌گه‌ڕێمه‌وه گرنگ نیه دوای ساڵانێکی غه‌واره‌بوون،
شکست ده‌مه‌وێت چی بکه‌م ، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌خوازم له هه‌مان شوێنگا و
له هه‌مان پنتی تاریک و به ته‌نیشت که‌نووه ئارد و فه‌رده‌ی یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک
هه‌ڵچنراوی ژێرخانه‌وه، له هه‌مان گه‌ردوگوڵی به‌یانییه‌کدا ته‌رمه‌که‌ی منیش
به کوتکوتکراوی له‌گێنویه‌کی سپی‌دا به پشتوێنێکی چوارقه‌ف به‌ستراوه‌وه
فڕێبده‌نه‌وه ده‌ریا.
ئه‌مه کۆتا وه‌سیه‌تی کوژراوێکی حه‌ڤده‌ساڵ به‌ر له‌مڕۆ بوو، وه‌ک چۆن کۆتا
وه‌سیه‌تی بکوژێکیشه تکایه فڕێی بده‌نه‌وه ده‌ریا..........
-
25/08/2003
سلێمانی