شه‌ڕ به سوێندێکمان بفرۆشه ئه‌ی حه‌قیقه‌ت
ئه‌حمه‌د عه‌لی
ahmadali525@hotmail.com
ئازاری2006
حه‌قیقه‌ت .....
سه‌دایه‌ک کپتر له پیاسه‌ی ئێوارانی ده‌ریا
به که‌ناری جه‌سته‌ی خۆ‌یا!
جه‌نجاڵێک له میزاج و ته‌نهایی و خه‌ڵوه‌تمان!
ئاسه‌وارت له کام زه‌ما‌ن و زه‌مینا جێهشتووه ؟
بێ تۆ ڕه نگه‌کانی دونیا چ ته‌ڵخه
بێ تۆ سیلسیله‌ی ڕۆژه‌کانی ته‌مه‌ن چه‌ن شێواوه ...
من له‌مدیو شیرین‌ترین حه‌سره‌ت و
خامۆشترین ئارامیمه‌وه بۆت ئه‌گه‌ڕێم و
تۆش له‌ودیو وه‌همه‌کانمه‌وه ئه‌باری ،
من ئێستام مونته‌زیری شیفایه‌که و
تۆش به‌لای برینما تێئه‌په‌ڕی و سه‌لام ناکه‌ی ،
من له‌م نیهایه‌ته‌وه سه‌ره‌تایه‌کم پێنادۆزرێته‌وه
خاڵێک بێت بۆ تێفکرین له‌م گه‌ڕانه و
ڕوئیایه‌ک بۆ حینجه‌کردنی دونیای تۆ
سه‌ره‌تایه‌ک ،
وه‌ک تیشکێک له گلێنه‌ما له گه‌ڵ داگیرسانما نه‌کوژێته‌وه
چه‌شنی چرایه‌ک که دیه‌یی
شاره‌زای ڕێی دووری موسافیرێک بێ
چرایه‌ک ، شه‌ق له تاریکیمان هه‌ڵبداو
له ته‌نهایمان خۆشنه‌بێ
شه‌وقێک له پشتمانه‌وه هه‌ڵنه‌یه و له ئێمه‌یا ئاوا ببێ ....
زه‌مانێ که ئێمه به غروره‌وه بانگت ئه‌که‌ین و
به ترسه‌وه بۆت ئه‌گه‌ڕێین
بۆ نایه‌ی یه‌خه‌ی به‌ڵێنێکمان پێبگری ؟
شه‌ڕ به سوێندێکمان بفرۆشی،
ببینه ئێمه چی یاریه‌ک به تۆ ئه‌که‌ین
تۆش به مه‌کرێکه‌وه بزه‌یه‌ک
به سیمای شپرزه‌ی ئێمه‌یا ئه‌ده‌یته‌وه
بڕوانه..
که‌ونمان پڕ کردوه له عه‌تری تۆ و ماڵه‌کانی خۆمان نه‌بێ ...
حه‌قیقه‌ت، له‌م بازاڕه گه‌رمه‌یا چه‌ن هه‌رزان ئه‌تفرۆشینه‌وه
سه‌رنجده چ جامبازێکی بێ ته‌ماحین
وای له ئێمه
ده‌ستمان به خه‌نجه‌ره‌وه به هه‌موو شوێنه‌کانی جه‌سته‌مان ئه‌گا
به‌ڵام جورئه‌تی به‌خشینی ده‌وایه‌ک شک نابه‌ین،
چ فایده حه‌قیقه‌ت
که ئه‌شکی مناڵێکت پی نه‌سڕایه‌وه
شه‌وێ خۆت نه‌کرد به ژێر لێفه شڕی کچێکا
لێوانلێوه له ته‌نهایی وتاسه و نزا
له هه‌نیسکی قاچاخی شه‌و
بۆ جارێکیش به‌ری ئه‌م ڕوباری خوێنه‌ت پێ نه‌گیرا ...
تۆ ده‌رکه‌وه
مه‌علومیش نییه وه‌ختێ دێیت چی کاریسه‌یه‌ک ڕوو ئه‌دا
وه‌ختێ دێیت کێ ئه‌ڵێ
ئه‌به‌دی بوون مانایه‌کی بۆ ئه‌مێنێته‌وه
کێ ناڵێ ئه‌م ئاوێنه‌یه له قه‌هری ڕه‌سمی ئێمه‌یا
وورد وورد نابێ
کێش ناڵێ ئه‌م فه‌وزایه به ئارامی ناسپێری .....
ئه‌ی حه‌قیقه‌ت
کاتێ نم نم به سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یا دائه‌که‌ی
بستێ زه‌مین نامێنێته‌وه، جێگه‌یه‌ک نابێ
به ڕوتی له ژێر دڵۆپه‌کانتدا خه‌یاڵ بمانباته‌وه
که ناوه‌ختێ له سوچێکی وجودمانه‌وه سێبه‌رت به دیار ئه‌که‌وێ
ئێمه له ته‌فسیره‌کانمان په‌شیمان ئه‌بینه‌وه
له‌عنه‌ت له سۆراخمان ئه‌که‌ین
که تۆ هه‌ڵئه‌که‌ی ئێمه په‌نجه‌ره‌کانمان پێوه ئه‌ده‌ین
که تۆ هه‌ڵئه‌که‌ی
ڕه‌گی وه‌عده له‌رزۆکه‌کانی ئێمه به ئاینده
چنگیان له دوێنێ گیر ئه‌که‌ن ،
گومانم هه‌یه که ئه‌ڵێن
ئێواران له نێو عیشقمانا پیاسه ئه‌که‌ی
باخچه ڕه‌نگی تۆ بگرێت و کۆڵان سفره‌ت بۆ رابخا
ڕسته‌کانمان پێکهاته‌یه‌کبن له حه‌رفه‌کانی تۆ و
گۆرانیه‌کانمان به ده‌م ژانی تۆوه نه‌زیفیان کردبێ و
مێژوومان به ده‌ماره‌کانی تۆیا تێپه‌ڕیبێ
مه‌شکوکم
له نێو جه‌نگه‌کانه‌وه هه‌میشه به برینداری بێیته‌وه،
تۆ که نیت چی به‌دبه‌خت و به‌خته‌وه‌رین ئێمه .