نامه‌یه‌ك له رۆمانى "نامه‌كانى نامۆ"
ئاوێزان نورى
awezan_n@yahoo.com
" شێته گیان..
ده‌ته‌وێ بزانى من كێم..؟ له رێگاى نامه‌یه‌كه‌وه هێنده تامه‌زرۆى ناسینمى،
ئه‌دى باسى چى خۆتم بۆ ده‌كه‌ى..؟ تا له ژێر سێبه‌رى وڵاتێكى ئاوها بین هه‌موومان
له‌یه‌ك ده‌چین.
باشه تۆ ده‌ڵێى من شێتم، كه وابێ شێتێكى عاقڵى.. ئه‌دى من چۆن باسى خۆمت بۆ بكه‌م..؟
چۆن خۆمت بۆ بگێرِمه‌وه.. له سیفرى كام مێژووى كاره‌ساته‌كاندا به رۆژێ له
رۆژان ده‌ست پێ بكه‌م..؟ نه رۆژێكه‌و نه دوو رۆژ نه ساڵێكه‌و نه دوو ساڵ،
ته‌مه‌ن بوو به بیست و پێنج ساڵ من ده‌ناڵم به ده‌ستى رۆژگاره‌وه، به‌رده‌وام له
په‌نجه‌ره‌یه‌كى تاریكه‌وه ده‌رِوانمه ئه‌ودیوى خۆم، نا په‌نجه‌ره‌كى لێڵ وه‌ك
لێڵى ده‌روونم، په‌نجه‌ره‌یه‌كى زه‌رد وه‌ك ره‌نگى روخسارم، په‌نجه‌ره‌یه‌كى
ده‌خراو وه‌ك داخستنى هه‌موو ده‌رگاكانى ئاسوده‌یى به روومدا، په‌نجه‌ره‌یه‌ك له
من ده‌چێ له نامۆیى رۆحم ده‌چێ به‌م جیهانه‌دا كامۆش ده‌ڵێ: "من نامۆم به ئاو‌و
هه‌واى ئه‌م نیشتمانه، نامۆم به هه‌موو كه‌سى ئه‌م نیشتمانه، هیچ شتێكم ناوێ
لێره‌دا مه‌مكه به خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته، من ده‌بێ شوێن پێیه‌كانم .. هه‌نگاوه‌كانم
قه‌رز بكه‌م بۆ رۆیشتن له‌سه‌ر بستێ رێى ئه‌م خاكه"
منیش وه‌ك كامۆ هه‌موو شته‌كانم لێوه دیارن هه‌موو مرۆڤه‌كانیش ده‌بینم چۆن
گه‌مه‌ى چاوشاركێ له‌گه‌ڵ رۆحى خۆیاندا ده‌كه‌ن، كه‌چى نه شته‌كان ئاورِم
لێده‌ده‌نه‌وه‌و نه مرۆڤه‌كانیش به چاوى مرۆڤه‌وه لێم ده‌رِوانن، كه‌س نایه‌وێ
له نامۆییم حاڵیى بێ به تۆشه‌وه هۆ كچه شه‌یداكه‌ى به ناسینم شێته گیان،
ته‌نها له رۆخسارو جل و به‌رگم ده‌رِوانن ته‌ماشاى باڵام ده‌كه‌ن چاوم، پرچم،
سینگم، سمتم، رۆیشتنم.
ئاااااا بمبه‌خشه بیرم چوو پێت بڵێم چۆن كچێكم، باڵا ناوه‌ندى، قه‌ڵه‌م رێك و
ناوقه‌د باریك، ئێسكێكى وردم هه‌یه پێم ده‌ڵێن زوو پیر نابى، به‌ڵێ وایه
هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نم بۆ بیست و پێنج ساڵ ده‌چێ و دایكى كچێكى ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵانم،
كه‌چى له هه‌ژده سالاَن ده‌چم ده‌ست و قاچم بچكۆله‌ن، په‌نجه‌كانم مۆزیكین
ده‌نگێكى به سۆزم هه‌یه پرچێكى ره‌شى لوول و ره‌نگى چاوم هه‌نگوینیه، زۆر جوانم،
خۆم واناڵێم ئاوێنه‌كه‌شم وا ناڵێت ئه‌وه ئه‌وانن وام پێده‌ڵێن ره‌نگه گه‌ر تۆش
بمبینى هه‌روام پێ بڵێى شێته گیان، ژیان له‌م وڵاته‌دا زه‌حمه‌ته ئێمه له
شوێنێك ده‌ژین پێى ده‌ڵێن وڵاتى قه‌زاو قه‌ده‌ر، تۆ هه‌وڵده خۆتت خۆشبوێ و گاڵته
به هه‌ڵوه‌رینى گه‌ڵاكانى ته‌مه‌ن بكه، فه‌لسه‌فه‌ى تایبه‌تى خۆت هه‌بێ، برِوات
به مه‌حاڵ نه‌بێ، چونكه هه‌وڵدان هیچ شتێك مه‌حاڵ ناكات، هیچ قفڵێك بێ كلیل دروست
نه‌بووه، دڵنیابه ده‌رگا داخرا كرانه‌وه‌ى ده‌بێ، گه‌ر هه‌ر بۆت نه‌كرایه‌وه
بیشكێنه، هه‌ر چه‌نده من له تۆ كڵۆڵترم به‌ڵام گه‌ر من وام بۆ نه‌كرێ ده‌مه‌وێ
به‌م نامه‌یه‌م تۆ‌و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى دیكه‌ى كه له من ده‌چن بیانگه‌یه‌نمه
ئه‌و شوێنه‌ى خۆم ده‌ستم نایانگاتێ. ئه‌و دادگایه به كه به‌رگرى
له‌شته‌جوانه‌كان ده‌كات و حوكم به‌سه‌ر شته ناشرینه‌كان ده‌دا، خه‌یاڵت فراوان بێ..
بۆ مانه‌وه‌ت له ژیان هه‌موو كه‌لتورێكت قبوڵ بێ و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێغه‌مبه‌رو
مه‌سیح و یه‌هودو ئیسلامیشت خۆش بوێ و له زه‌ریاى خۆتیان هه‌ڵبكێشه چونكه دواجار
ده‌بێ بزانى هه‌موو ئه‌وانه یه‌ك خودایه‌كیان هه‌یه، له هه‌موو پانتایه‌كى
جوگرافى هه‌وڵده برِیاره جوانه‌كانت فه‌رز بكه‌یت، هه‌وڵده شتێك بگه‌یێنێ و
خه‌ون به شتێكى دیكه‌وه ببینى، په‌یامێكت پێبێ بیگه‌یه‌نه به هه‌موو جیهان به‌ر
له‌وه‌ى بمرى، په‌رده هه‌ڵده‌وه له‌سه‌ر ده‌مامكه‌كانى ژیان، بگه‌رِێ به‌دوى
جوانى قێز بكه‌ره‌وه له جه‌نگ، پرسیارێك بكه خه‌ڵك به‌دوى وه‌ڵامیدا بگه‌رِێ،
ئه‌وینێك پێبێ نیشانى دڵه‌كانى بده، راستیه‌ك بڵێ و گوریسى هه‌موو درۆزنه‌كان
هه‌ڵوه‌شێنه‌وه، كانیاوى قسه‌ى نه‌سته‌قت له‌لابێ تا تینوێتى رێبوارانى پێ بشكێنى،
خۆت له درۆ‌و خوێن و رق و ریایى به‌دور بگره، تا جوانى و پیرۆزى خۆت بپارێزى.
شێته گیان.. ژیان زۆر له‌وه سه‌خیفتره ده‌ره‌قه‌تى نه‌یه‌ى، هه‌وڵبده
به‌رده‌وام براوه بیت ده‌بێ به جورئه‌ته‌وه به‌ره‌نگارى هه‌موو ده‌ردو
مه‌ینه‌تیه‌كان ببیته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانج و به‌دیهێنانى خه‌ونه‌كانت، من
دۆرِام مه‌دالیاى سه‌ركه‌وتنم دایه ده‌ستى ئه‌و كورِه‌ى كه نازانێ ئایه‌ته‌كانى
ئه‌وینم ته‌فسیر بكات ئه‌و كورِه‌ى رۆژى هه‌زار جار خۆم ده‌كه‌مه قوربانى كه‌چى
بیرم چوو له‌م وڵاته‌دا قوربانیدان گه‌مژه‌ییه، عیشق شوره‌ییه، خۆشه‌ویستى
به‌رژه‌وه‌ندیه، هه‌رچه‌نده ئه‌م ئاكارانه لاى كامۆ نیه، به‌ڵام به‌من چى !! كه
"ئه‌و" عه‌وداڵى سه‌رابێكه له مندا وون ده‌بێ، شێتى رۆحێكه له جه‌سته‌ى مندا
ده‌مرێ، رۆخسارێك ده‌بینێ له ره‌نگى من ناچێ.. ملى رێگایه‌ك ده‌گرێ نایه‌ته‌وه
سه‌ر ماڵى من، سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ش هه‌ر ئازیزه‌و هه‌ر ئه‌و رۆحه‌یه كه رۆحى من پێى
ئاشنا‌و ئاسوده‌یه.
شێته گیان.. بمخوێنه‌وه خۆت له مندا ده‌بینیه‌وه.