نامه‌یه‌كى دیكه‌ى رۆمانى "نامه‌كانى نامۆ"
ئاوێزان نورى
Awezan_n@yahoo.com
ئه‌م نامانه له چیرۆكێكى دورو درێژدا حزووریان هه‌یه،
به‌ڵام من پێم خۆشه به‌ر له داگرتنى رۆمانه‌كه هه‌ندێ له نامه‌كانى نامۆ بڵاو
بكه‌مه‌وه كه نامۆ یه‌كه پاڵه‌وانى نێو چیرۆكه‌كه‌یه.
"بابه گیان..
چاوه‌كانت ماچ ده‌كه‌م، بابه زۆرت بیرده‌كه‌م، زۆر حه‌ز ده‌كه‌م بێمه‌وه خزمه‌تت،
ئاواته‌خوازم بگه‌رِێمه‌وه تا ئه‌و كاتانه‌ى دێیته‌وه به‌خێرهاتنه‌وه‌ت بكه‌م و
ئاوت بده‌مه ده‌ست و هیلاكیت برِه‌وێنمه‌وه، به‌ڵام ئه‌فسوس كچه‌كه‌ت مرد،
به‌ده‌ستى خۆت چاڵێكت بۆ هه‌ڵكه‌ند و زینه‌به‌چاڵت كرد، ئاخر بابه تاوانێكى نه‌بوو
نامۆ، بۆچى بێزار بووى لێى..؟ له پێناو ئه‌وه‌ى پێت بڵێن پیاوێكى چه‌ند باش و
به‌ره‌حمه كچه‌كه‌ى خۆى به‌كراسى به‌رى دا به برازاكه‌ى..؟ بابه گیان تازه
كۆتایى به ژیانى من هات، هه‌ر له‌و ساته‌ى خۆم كرده قوربانى برِیاره‌كانت، گه‌ر
ده‌زانى چه‌ند نه‌خۆشم، چه‌ند غه‌مبارم جگه له گریه و دوو دوعا له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌م،
كه ئه‌وانیش ناگه‌نه حزورى خودا، هیچى دیكه ناكه‌م بابه..
بابه گیان.. هه‌ست ده‌كه‌م توشى نه‌خۆشیه‌كى پیس بوومه، چارم نه‌ماوه.. بابه
گه‌ر منت فه‌وتان توخودا خوشكه‌كانى دیكه‌م مه‌فه‌وتێنه، تكا ده‌كه‌م بابه گیان
ئاگات لێیان بێ با به‌ویست و ئاره‌زووى خۆیان هاوسه‌رى خۆیان هه‌ڵبژێرن، زۆریان لێ
مه‌كه، چاوت له‌دایكیشم بێت، گه‌لێك ماندووه، به‌ڵام داخه‌كه‌م ناتوانم بێمه‌وه
یارمه‌تى بده‌م، ناتوانم وه‌ك جارى جارانیش خه‌ونى جوان ببینم، چونكه ره‌نگى
هه‌موو خه‌ونه جوانه‌كانى كچێنیم له‌گه‌ڵ له‌به‌ر كردنى كراسى بوكێنیم سپى بوونه‌وه
و هیچ شیكردنه‌وه‌كیان بۆ نه‌ما، پێكه‌نین و قسه خۆشه‌كانم وه‌كو ئه‌ڵقه‌كه‌ى
په‌نجه‌م سنووریان بۆ په‌یدا بوو، بابه گیان نامه‌وێ هیچى دیكه بڵێم چونكه تۆ
منت قبوڵ نییه بگه‌رِێمه‌وه نه‌بادا خه‌ڵك قسه‌ت پێ بكه‌ن، منیش قبوڵم نییه
بابم خه‌ڵكى له‌من خۆشتر بوێ، جا تكا ده‌كه‌م و ده‌یڵێمه‌وه خوشكه‌كانى دیكه‌م نه
بیانبه‌خشه و نه بیانفرۆشه، له كۆتاییدا هیوادارم هه‌ر له‌خۆشیدا بن و هه‌رده‌م
شادبن..
كچه به‌دبه‌خته‌كه‌ت
نامۆ "