به‌ختیار که‌ریم
ده‌یان هاوار به گوێی كه‌ڕماندا ڕۆده‌چێت، با ئێستێك بكه‌ین و گوێ بۆ هاواره‌کانی ئه‌م سۆزانیه‌ی ڕۆحی 'من' ڕابگرین!!
گوێم له هاواری سۆزانیه‌که، ئه‌ی ئێوه گوێتان لێ نییه؟ که ده‌ڵێت ژووری نووستنی ماڵه خانه‌دانێکی ئه‌م وڵاته نه‌ماوه من تیایدا نه‌ڕشابێتمه‌وه ناو گه‌نجینه‌ی به‌هاکانیانه‌وه!
ئه‌م سۆزانیه به‌دبه‌خته هه‌ر هه‌مان سۆزانی كۆڵانه‌كانی مناڵیمه كه ئێواران به‌رله‌وه‌ی یه‌خه به بازاڕ بگرێت شه‌كه‌ت شه‌كه‌ت ماچێكی گۆنای چه‌پی ده‌كردم و سووراوی تابلۆ شێواوه‌كه‌ی لێوانی له‌سه‌ر جێده‌هێشت و ده‌یگووت خودایه ئه‌مه‌یان چه‌ند به‌تامه؟ یان ئه‌ویان كوشت و پێنج دیناری كاغه‌زیان ترنجانده عه‌وره‌تیه‌وه؟
ئه‌م سۆزانیه هێند گرانجانه له حه‌زره‌تی ژیان ده‌چێت، بۆی پرته‌قاڵی باخچه‌كانی زینده‌گی له سینه‌ی دێت و لیمۆی خه‌زان ده‌فرۆشێت، به‌م دراوه عه‌نتیكانه‌ی زوڵمه‌ت سه‌ودای شه‌و ده‌كات و وێڵی دوای ژیانێكه له خۆی كه‌مێك میهره‌بانتر. ده‌یه‌وێت به له‌نجه چێژ و به چێژ هه‌ناسه و به هانكه هانكی ناوگه‌ڵی زه‌مه‌ن به‌خته‌وه‌ریی بكڕێت. شه‌وانه قومارێكی دڵڕه‌ق له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆی ده‌كات و هه‌میشه براوه‌یه، پیاوه‌كان دۆڕان پاش دۆڕان تۆمارده‌كه‌ن و په‌نا بۆ سه‌ر مێزی قوماری ده‌به‌وه.
كه مه‌ست ده‌بێت هاوار ده‌كات منم ئیمپراتۆری شه‌و، پێخه‌ڤ و مه‌مله‌كه‌تی نهێنیه‌كانی پیاو. من گه‌رچی شوناسی شه‌ره‌فم نییه بۆ په‌ڕینه‌وه له به‌رده‌بازه‌كانی هه‌وه‌سی ئه‌شكه‌نجه‌ی خواوه بۆ ئه‌وبه‌ری ئیمان، وه‌لێ سه‌رۆك نییه نامه‌م ڕه‌ت بكاته‌وه و پێغه‌مبه‌رێكی پڕ جادوو نییه تاسه‌ی هانكه هانكی ئۆرگازمم نه‌كات. من ئه‌گه‌رچی بۆ په‌ڕینه‌وه له‌مبه‌ری چه‌مه‌وه بۆ ئه‌و به‌ری ده‌بێت به‌رتیل به ماسی بده‌م و ده‌نووكی نه‌وره‌س چه‌ور بكه‌م، به‌ڵام ئاوێك نییه له چاوی خواوه هه‌ڵقوڵێت و به كه‌نداوی گریاندا تێپه‌ڕبێت و بڕژێته‌وه چاوی فیرده‌وس خۆی له جه‌سته‌م هه‌ڵنه‌سوبێت و بۆ مه‌له‌یه‌ك نه‌پاڕابێته‌وه.
ئه‌م سۆزانیه (من) نه‌ماوه له‌و هه‌موو (من)ه لوتبه‌رزه‌ی ناو كۆشكه‌كانی شار و قه‌ڵای قایمی سه‌یرانگه‌كانی وڵات شه‌وێكی لێ نه‌كڕیبێت و به‌رامه‌ی ئاونگی ڕژاوی نێوان ڕانه‌كانی سه‌رمه‌ستی نه‌كردبێت. هه‌موو (من)ه پاكیزه‌كان ده‌ڵێن:
ئه‌ی سۆزانی عه‌وره‌ت بۆگه‌ن! تۆ كه له وه‌چه‌ی چناره گرگنه‌كانیت و من له نه‌وه‌ی سووره‌چناره باڵابه‌رزه‌كان، تۆ كه بۆچه‌كی ژووری نووستن و بۆساردی شه‌هوه‌ت له گه‌رووت دێت، هه‌ناسه‌ی منیش بۆنی گه‌رمی خوێن و گوڵاوی شه‌ڕگه، تۆ به بۆیه‌ی په‌ڵكه‌زێڕینه و ڕه‌نگی سه‌رباڵی ڕه‌نگاڵه ئارایشتی ڕووخسارت ده‌كه‌یت و من به شه‌رابی ڕژاوی مه‌یخانه تاڵانكراوه‌كان و خوێنی ئاڵی شه‌هیده نه‌ناسراوه‌کان. به‌ڵام ئه‌ی سۆزانی ناوگه‌ڵ برسی، شه‌وانی من به‌بێ به‌زمی حزوری تۆ مه‌ستبوونه به‌بێ شه‌راب، شكاندنی توونێتیه به‌بێ هه‌ڵكردنی سه‌راب.
سۆزانی و خودا
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆژگارێک
دراوسێی خۆر و دراوسێی به‌فر و
دراوسێی ته‌نهایی بوویت
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی له بڵندترین لوتکه‌ی گه‌ردوونه‌وه
یاریت به چاره‌نووسی زه‌ریا و به خه‌ونی نه‌وره‌س و
به ئاینده‌ی گوڵ ده‌کرد
له ده‌ستتدا عه‌رشی جاویدانی خۆتت له داستدا
له ده‌ستتدا به‌هره‌ی گه‌وره‌یی و
سه‌عاده‌تی ته‌نهاییت له‌ده‌ست دا
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆژگارێك باڵابه‌رزترین
وه‌هم بوویت له به‌رگی خالیقدا
ڕۆژگاری شکۆ و بڵندیت به‌سه‌رچوو
سوڵتان بوویت جاران
ئه‌مێستا پوشکه‌به‌قنه‌یه‌کی خوێڕی
ئه‌مێستا تۆ نه‌وی بوویت بۆ مه‌قامی ئێمه‌ی بسته‌باڵا
ئێمه که ئیره‌یی به لاولاو ده‌به‌ین و
به‌ژنمان له باڵای چیمه‌ن تێپه‌ڕناکات
بڕوانه چه‌ند کورتین له یه‌کسانیدا
ته‌ماشا چه‌ند یه‌کسانین له گرگنیدا
بڕوانه تۆ چۆن نزم بوویته‌وه بۆ ئاستی خودی نزمی
تۆ نیگارکێشی ده‌ستڕه‌نگینی باخچه‌کانی فیرده‌وس بوویت
ئه‌ندازیاری گه‌ردوونێک بوویت
سینه‌ی تژییه له ئه‌ستێره و مانگ
ئه‌مێستا له داوی جاڵجاڵۆکه ژه‌هراوییه‌کانی گه‌ردوون ئاڵاویت
ئه‌مێستا قولاپی ماسیگره به‌دبه‌خته‌کان له گه‌روت چه‌قیوه
ئیدی وه‌ختی سه‌رسامبوونه به ئازادی
ئازادی له تۆڕی ڕاوچییه زه‌نگینه‌کان
ئازادی له یه‌کسانی باڵامان
باڵای تۆی جه‌لاد و پێغه‌مبه‌ر و شاعیر و
به‌ژنی ئێمه‌ی خوێنه‌ری دیوانه دۆزه‌خییه‌کانت
ئیدی تۆ دیلیت و ئێمه ئازاد
تۆ له زه‌ویت و ئێمه له ئاسمان
تۆ کۆیله‌ی ئێمه‌یت و ئێمه‌ش کۆیله‌ی خۆمان
وای چه‌ند قه‌شه‌نگین
کاتێک له کۆیله‌بووندا یه‌کسانین
تۆ ئه‌مێستا که یه‌کسانی به منی سۆزانی
بمبیسته هاواری ساڵانێکم ببیسته:
ئه‌ی خودای من تا له به‌ین نه‌چووین
سه‌ر له‌نوێ گه‌ردوون دروست بكه‌وه
به‌ته‌نها خۆت ئه‌ندازیاری ته‌لاری نوێی سروشت مه‌به
له گوڵ بپرسه كام ڕه‌نگ جوانتره بۆ ئاسمان
له‌م شینه كاڵه‌ی ئێستا
بۆ ڕه‌نگی ئاو بپرسه له نه‌وره‌س
ماسی بۆ تامی توونێتی
شه‌ماڵ بۆ واده‌ی توڕه‌بوون
نازناز بۆ كێشی عیشوه
خودایه له نوێ خه‌لقمان بكه‌وه
با جه‌سته‌مان جیوه‌یی بێت
دڵمان بۆ چیه؟ خه‌م له چنگماندا هه‌ڵده‌گرین
عه‌شقیش له په‌ڕه‌ی گوڵدا یان له بن باڵی په‌پوله‌دا
تۆش پێویسته ئاكاری خۆت بگۆڕیت خودای بانیسه‌ر
ئه‌و تاوێره له كۆڵی سیزیف دابگره
به‌سیه مه‌ستبوون به گه‌مه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دان!
شه‌رابێك بۆ خۆت دروست بكه
له ترێی ڕه‌زه‌كانی عه‌شقی ژن
پاش ئه‌وه‌ی جارێكی تر
به جه‌سته‌یه‌كی جیوه‌ییه‌وه دروستیان ده‌كه‌یته‌وه
كاسێك بۆ خۆت چێبكه
له شووشه‌ی ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی
داخستنیان له پیاو قه‌ده‌غه ده‌كه‌یت و
وردوخاشکردنیان له‌خۆت حه‌ڵاڵ
ئاده‌م و حه‌وا بگێڕه‌وه به‌هه‌شت
چما سێ‌و خواردن تاوانه؟
خودایه لۆمه‌ی ئاده‌م مه‌كه
به‌هه‌شتی ئه‌به‌دیه‌تی تۆی گۆڕیه‌وه
به شه‌وێكی كورتی ئامێزی ژن
له من بپرسه منی سۆزانی
چ میهرێكه ئامێزی ژن، چ قومارێكه ماچی سۆزانی؟
كه فێری بوویت نه‌ك به‌هه‌شتێك جێدێڵیت
تاجه ئه‌فسوناویه‌كه‌شت فڕێ ده‌ده‌یت و
له (من)ی سۆزانی ده‌ئاڵێیت
ببینه ئه‌مێستا چه‌ند قشتین له یه‌کسانیدا
چ گریمانه‌یه‌کی ئاڵۆزبوو خودا له ته‌نهاییدا
سۆزانی و یار
یاری كاكۆڵزێڕینم سه‌ده‌فی ده‌ریا دووره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای شوێنم بۆ هێنایت، تا بسكی قه‌ترانیم به‌سه‌ر هانكه هانكی ته‌ڕبوونه‌كانتا شۆڕكه‌مه‌وه، تا ئاهاتی تاریكیی شه‌و ببارێنمه گلێنه‌ی توونێتیته‌وه. شه‌رابی ترێی هێشتا نه‌گه‌ییوی ڕه‌زه‌كانی عه‌ده‌میه‌تی بوونم كرده پیاڵه‌ی مه‌ستبوونه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئاگاییت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمه‌ستی جه‌نگ بیت و ده‌ستت تفه‌نگ بگرێت.
یاری شاره‌زووریم له یادته پێتگووتم:
داری عه‌شق به شه‌هوه‌ت نه‌بێت ئاونادرێت.
دۆرتكرد ئه‌ی یاری ڕیاكار. شه‌هوه‌تی ڕه‌نگ نه‌ما نه‌یڕێژم به‌سه‌ر تابلۆی عیشقمدا، زوخاوی پیاوێك نه‌ما نه‌یڕێژمه سه‌ر پێخه‌فی عه‌شقم، كه‌چی دره‌ختی عه‌شق هێشتا زڕه ده‌وه‌نێكی گرگنه و بۆ ئاونگی باڵاكردن له ئاسمان ده‌ڕوانێت.
تۆ بڕوانه یاری وه‌جاخزاده‌م
هه‌زاران جار ئه‌تکی جوانیت کردم و
ناشیرینیی قولانجێک له ناخت دوور نه‌که‌وته‌وه
شه‌وانێک تۆ به داوێنپیسیی من هێڵنجت ده‌هاتێ
به‌خۆت له پرژه‌ی ڕشانه‌وه‌ی خودا سه‌رخۆشه‌کانیت
ڕۆژگارێک به شه‌ستتیرێکه‌وه
پاسی کۆڵانه‌کانی شه‌ره‌فی منت ده‌کرد
خۆت به تاعونی بێشه‌رفیی داڕزایت
بۆ ئه‌وه‌ی له خۆت قوتاربیت یاری خانه‌دانم
بۆ ئه‌وه‌ی له ته‌ویله‌کانی شیعر ده‌ربازبیت
گوێ بنێ به ترپه‌ی باڵی فڕینه‌کانمه‌وه
تا فڕینه‌کانم ئه‌لفبای ئه‌وینت فێربکه‌ن
ئه‌وینی قه‌سیده ده‌مامکداره‌کانی تۆ نا
ئه‌وینی ساته‌وه‌ختی به فریشته‌بوونی منی سۆزانی
تۆ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک له فڕین نزیکتر بیته‌وه
پێویسته له ئه‌سپه پیره‌ساڵه‌که‌ت دابه‌زیت
مه‌حاڵه ئاشنابوون به سۆزانی
گه‌ر شه‌وێکت له ئامێزی فریشته‌دا ڕۆژنه‌کردبێته‌وه
هه‌روه‌کو چۆن بۆ تۆی شاعیر و جه‌نگاوه‌ر
مه‌حاڵه ئاشتیخواز بیت گه‌ر جه‌لادترین جه‌نگدۆست نه‌بیت
تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بیستێک له خوێن دوورکه‌ویته‌وه و
هه‌نگاوێک دووان نزیکتر له باخچه شه‌هیدبیت
ڕه‌وایه جه‌نگ بکه‌یت له دژی بوونت
که چیتر له فڕینا جه‌نگاوه‌ر نابیت
تۆ به‌رله‌وه‌ی به فریشته‌ی ناخی منی سۆزانی ئاشنابیت
پێویسته سۆزانی ناخی فریشته‌کان بکه‌یته هاوڕێت
ئه‌وجا به بزنه‌ڕێکانی به‌هه‌شتا به‌روه لام وه‌ره و
تووند ده‌ست بگره به قه‌ترانیترین تاڵی بوونمه‌وه
تا له‌گه‌ڵ خۆم به‌ره‌و ئه‌به‌دییه‌تت ببه‌م
ئه‌به‌دییه‌تی ئاو له ته‌ڕایی
ئه‌به‌دییه‌تی خودا له ته‌نهایی
ئه‌به‌دییه‌تی سۆزانی له فریشته‌بوون
ڕه‌دووم که‌وه یارێ
به‌ره‌و باغچه هه‌میشه شه‌رابییه‌کانی ئه‌به‌دییه‌ت
سۆزانی و شاعیر
که‌ستان شاعیر وه‌ک من ناناسن، ئه‌و مرۆڤه‌ی که ''ڕێگه به‌خۆی ده‌دات خه‌ون به‌و پانتاییه په‌نهانانه‌وه ببینێت که ده‌که‌ونه نێوان به‌هه‌شت و زه‌مینه‌وه''[3].
من و شاعیر گه‌ر ماڵمان هه‌بایه هه‌موو شه‌وێک مانگ به قامکی پڕ له بازنه‌وه له ده‌رگای ماڵه‌کانمانی ده‌دا. ئێمه له مانگ بوێرترین مانگ گه‌ر ئاسمانیشی نه‌بێت ئێمه به چنگی خوێناویه‌وه له ده‌رگای ماڵه‌که‌ی ده‌ده‌ین.
من و تۆ له مه‌ستبووندا دوو ناو‌کی هه‌مان سێوی حه‌رامین
دوو نوتفه‌ی هه‌مان شه‌هوه‌تی بێهوده ڕژاوی
ئاده‌مێکی گومڕاین
دوو تۆپه‌ڵ دووکه‌ڵی هه‌مان قلیانی لالێوی خوداین
دوو دڵۆپ شه‌رابی بێهوده ڕژوای مه‌رکانه‌کانی فیرده‌وسین
هه‌وردووکمان له ته‌نهاییدا پێغه‌مبه‌رین
من ئایه‌ته‌کانم له سه‌ر سینه‌ی جوانیم ده‌نووسمه‌وه
که ته‌نها پیاوانی نه‌خوێنده‌وار موتاڵای ده‌که‌ن
تۆش ئایه‌ته‌کانت له سینه‌ی ڕه‌شی شه‌ودا تۆمار ده‌که‌یت
که ته‌نها شه‌مشه‌کوێره بێداره‌کان ده‌نووک ئاژۆی ده‌که‌ن
من و تۆ له داوێنی پیسی هه‌مان مێژوو که‌وتینه‌خوار
وه‌ک دوو پێغه‌مبه‌ری که‌م ئه‌زموون
وه‌ک دوو مانگی بێباک تکاینه سه‌ر زه‌وی
تۆ ڕۆژانه (ڕۆحی شاعیر)ت ژێرپێ ده‌نرێت و
منیش شه‌وانه شوناسی (فریشته)م لێ زه‌وت ده‌کرێت
ڕۆحی شاعیر ڕۆحی جه‌لادێکی وه‌ڕسه له کوشتن
ڕۆحی باغه‌وانێکی ناموراده به سیس‌بوونی گوڵ
ڕۆحی فریشته ڕۆحی جادوگه‌رێکه له به‌رگی مه‌یگێڕدا
شه‌وێک شه‌رابێکی تاڵمان نۆش ده‌کات و
شه‌وێکیش ژه‌هرێکی ئاڵ
ڕۆحمان له ڕووتبوونه‌وه‌دا خاڵییه له جادو
لێوانلێوه له جریوه‌ی په‌رییه ئیلاهیه‌کان
گه‌ر ڕۆحی ڕووتی من و تۆ نه‌بێت
شه‌قام له ته‌نهاییدا ڕه‌قده‌بێته‌وه
گه‌ر تۆ و من نه‌بین شه‌وه وه‌نه‌وشه‌ییه بێکۆتاکان بێ هاوڕێ
گیانیان له‌گه‌ڵ سه‌گه به‌ره‌ڵاکانی قه‌راغ شاردا ده‌رده‌چێت
بێ ڕۆحی سۆزانی و شاعیر
که‌س شاکاری جه‌نگاوه‌ره دۆڕاوه‌کان نانوسێته‌وه
سیفلیسی شه‌ڕگه‌کان بۆ نه‌وه‌کانی دی به میرات جێنامێنێت
که‌س ڕوداوه‌کانی ده‌رباری پادشا پێنازانێت
گه‌ر ڕۆحی من و تۆ شه‌وگه‌ڕی شه‌قامه نووته‌که‌کان نه‌بێت
که‌س فلسێک له به‌زه‌یی
رۆناکاته نێو کلێته‌ی به‌تاڵی سواڵکه‌ره برسییه‌کانه‌وه
ببینه ڕۆحی من و تۆ چه‌ند که‌ڵکی بوون ده‌گرن
زیندو بێت ڕۆحی سۆزانی و شاعیر
که ڕۆحی ئه‌م زبڵدانی ڕۆژگاره هێشتا نه‌هاتووه‌کانه و
ڕۆحی ویش ته‌ویله‌ی مێگه‌لی پیاوان
سۆزانی و نیشتیمان
نیشتیمانێکم هه‌یه سینه‌ی بۆ چنگی دوژمن له سینه‌ی سۆزانییه مه‌مک به‌رزه‌کان بۆ چنگی مشته‌ریه به‌خشنده‌کان ئاوه‌ڵاتره، هه‌رچی دڵیه‌تی له پشت ئه‌و مه‌مکانه‌ی به‌ده‌ستی جه‌لاده‌کان ده‌گوشرێن وه‌ک به‌ردی دۆزه‌خ ڕه‌قه.
چ موعجیزه‌یه‌که نیشتیمانه‌که‌م توورتترین جووته مه‌مکی هه‌یه و ڕه‌قترین دڵ؟
نیشتیمانه‌که‌م هه‌موو ساڵێک وه‌ک مشکی شفته‌زێ کردوو
هه‌زاران جار سکه‌زا ده‌کات
نیشتیمانه‌که‌م ملیۆنه‌ها کوڕی هه‌یه و تاقه یه‌ک کچ نا
من
من قێزه‌ونترین سۆزانی کوچه‌کانی شار
ئه‌و سۆزانییه‌ی که پیاوانی شار
گه‌ر شه‌هوه‌تیان نه‌ڕژێننه سه‌ر جه‌سته‌م
تفی زاره پڕ له پاڕانه‌وه‌کانیان له ڕووخسارم ده‌که‌ن
منی سۆزانی که هه‌موو پیاوێک له‌م نیشتیمانه
به جه‌سته‌م ئاشنایه
هه‌ن به ماچ، هه‌ن به ڕامووسان
هه‌زارانی دیش به شه‌ق تێهه‌ڵدان
ئه‌وانی تریش وه‌ک ئه‌وه‌ی میزه‌چرکێیان بێت و
هه‌ر به‌ڕێی مزگه‌وته‌وه‌ن، به تڤ و نه‌عله‌ت
من
منی سۆزانی که له‌شپیسیم به ئاوی
ده‌ریاچه و کانییه‌کانی به‌هه‌شتیش ده‌رناچێت
ده‌مه‌وێت یه‌که‌مین کچی نیشتیمانه نوێژپاکه‌که‌م بم
یه‌که‌مین لێوی مێینه بم، مه‌مکی قنجی نیشتیمانه‌که‌م
له‌ده‌ستی جه‌لاده‌کان وه‌ربگرمه‌وه و بیمژم
گه‌ره‌کمه یه‌که‌مین کچی نیشتیمانه‌که‌م بم
گه‌رچی نیشتیمانه‌که‌م به کڵاشینکۆڤێکی قۆناغداره‌وه
ڕاوه سۆزانی ده‌کات
لێم ڕوونه به‌ره‌به‌یانێك وه‌ک چه‌قه‌ڵ ده‌ستڕێژم لێده‌کات
به‌بێ گوله‌ی ڕه‌حمه‌ت له خوێنی پیسی خۆمم وه‌رده‌دات
نیشتیمانه‌که‌م که مه‌وتینی هه‌موو تراژیدیا گه‌روه‌کانه
منیش موسیبه‌تترین سۆزانی
ده‌خوازم کچی بم
سۆزانی و باغه‌وان
باغه‌وان خۆ من غه‌ریبم!
ڕێگه‌ی باغچه‌كه‌تم پێبڵێ
پێمبڵێ له ژاكانی مناڵیه‌وه به‌چه‌ند فرسه‌خ
ده‌گه‌مه لێواری چرۆكردنی گوڵه به‌یبوون؟
له چه‌ند چه‌م بپه‌ڕمه‌وه و له چه‌ند ده‌ریادا بخنكێم
بۆ گه‌یشتن به لاله‌یه‌كی هه‌میشه‌سه‌وز؟
پێمبڵێ باغه‌كه‌ت چه‌ند ڕۆژه‌ڕێ له وه‌رینی گه‌ڵاوه دووره؟
گوڵه‌كانت زیویه‌كی پاییزیین یان وه‌نه‌وشه‌ییه‌کی زستانیین؟
پاچه‌كۆڵه‌كه‌ت به خوێنی سه‌وزی چه‌ند هه‌رێز سووره؟
ئای كه غه‌ریبم باغه‌وان
ته‌ڵه نێرگزێكی ملشكاو بده له سینه‌م
تا له بازگه‌كانی سنوور مۆڵه‌تی په‌رینه‌وه‌م بده‌نێ
لێره لێناگه‌ڕێن غه‌ریب سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێت
هه‌ڵاڵه‌یه‌كی بابردووت بكه چاوساغم
تا له شه‌قامه‌کانی وونبوونی ته‌ماشا،
كووچه‌كانی هه‌ڵخلیسكانی نیگا و
ئاسمانه‌کانی به‌لاداهاتنی ڕوانیندا ده‌ستمبگرێت
ده‌ستمبگره باغه‌وان ده‌رسی ژاكانم دابه و
شه‌ریعه‌تی باغ بكه ده‌ستووری كه‌ینونه‌م
فێرمكه باغه‌وانی زانا چۆن له‌گه‌ڵ هه‌نجیردا بخه‌وم
بێئه‌وه‌ی دڵی دڵداره‌كه‌ی لێبڕه‌نجێت
منیش فێرتده‌كه‌م كه هه‌ڵووه‌رینی گووڵ
ترسی نازكیی غونچه نیه له زبری سه‌رما
خۆشاردنه‌وه‌ی جوانیی گوڵ نیه
له وه‌رچه‌رخانی ناواده‌ی وه‌رزه‌کان
نااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااا
سیس‌بوونی گوڵ لچ كردنیه‌تی له سه‌نگدڵی شه‌ونم
هه‌ڵوه‌رینی گوڵ بێهوده‌یی گوڵه له ڕه‌نگكوێری باغدۆست
شه‌ریعه‌تی باغ به‌س نیه بۆ هه‌ڵنه‌وه‌رینی گوڵ
ته‌ماشای ڕاگوزه‌رانه‌ی باغدۆست كه‌مه بۆ سیس نه‌بوونی گوڵ
وریابه باغه‌وان گوڵه ده‌ستكرده‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا
حیكمه‌تی جوانی له باغچه‌كانت نه‌دزن
وریابه باغه‌وان گوڵه‌كانت نه‌ژاكێن
باغدۆسته‌كان وه‌ك پیاوی كاڵفامی كۆڵانه‌كانی شه‌ره‌ف
فریوی گوڵه نایلۆنه‌كانیان له عیشوه‌ی نازناز بۆ جیاناكرێته‌وه
باغدۆسته‌كان وه‌ک پیاوه گیرفانپڕه‌کانی
وێڵی دوای شه‌وانی سۆزانی
هه‌نسكی به‌ر له ژاكانی گوڵه مێلاقیان بۆ جیاناكرێته‌وه
له هانكه‌هانكی گوڵه‌باغه ده‌ستكرده‌كان
باخه‌وان خۆ من غه‌ریبم
پێمبڵیێ بۆنی غوربه‌ت له بۆنی گوڵ ناچێت له وه‌ختی هه‌ڵوه‌رینا؟
تامی مه‌رگی چواله هه‌مان چێژی بێبه‌ریکردنی نیشتمان نادات؟
لێمگه‌ڕێ باغه‌وان با له باخچه‌که‌تدا بمرم
وه‌ک یه‌که‌م غه‌ریب ده‌ستکه‌مه ملی ژاڵه‌یه‌ک و
تاڵ تاڵ بمرم
مردن له باخچه‌دا به‌تامترین جۆری مردنه
به‌تامتره له ڕشانه‌وه له ئامێزی سه‌رکرده‌کاندا
به‌چێژتره له بورانه‌وه له حوزوری خوادا
مردن له باغچه‌دا شیرینتره له مه‌رگ له ئامێزی نیشتیمان‌دا
2004-2005 ئۆکسفۆرد، ئینگلاند
[1] تابلۆی (هاوار)ی ئێدڤارد مۆنک
[2] تابلۆی (ئاده‌م)ی مایکڵئه‌نجیلۆ
[3] فریدریک نیچه، وه‌های گووت زاراده‌شت. ده‌قی ئنگلیزیی، لاپه‌ڕه 150.
[4] تابلۆی (سۆزانییه‌کان له مه‌یخانه‌دا)ی پابلۆ پیکاسۆ