یاسه‌مینه‌کانی مردن
ماردین ئیبراهیم
پێشکه‌شه به هاوڕێم: گلێنه تۆفیق
مردن له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه دێت
مۆڵه‌تمان نادا له باڵکۆنه‌کانی ئێواره‌وه
سه‌یری په‌شیمانی سه‌ناریاکان بکه‌ین
مۆڵه‌تمان نادا له‌سه‌ر پرده سیراتییه‌کانی ئه‌ویندا
وێنه‌یه‌ک بۆ ئه‌لبومه‌کانی دۆزه‌خ بگرین
* * *
که مردن وه‌ک پلوکه به‌رده‌کانی یه‌ئس
په‌نجه‌ره‌کانی ئومێد بشکێنێت و بێته ژووره‌وه
کێ گوێ له سکاڵای یاسه‌مینه‌کان ده‌گرێت
کێ ده‌توانێت دڵۆپه شه‌ونمێک په‌شیمان کاته‌وه
که نه‌بێت به هه‌ڵم
چڵه نێرگزێک ژیر کاته‌وه
که‌له گۆڕستانه‌کانی به‌هاردا
به‌سه‌ر ته‌مه‌نی کورتی خۆیدا ده‌گری!
دڵی دایکه پیره‌کانمان بداته‌وه
که له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌کان، به‌رامبه‌ر لۆچه‌کانی ڕوومه‌تیان
به‌سه‌ر ناکامیه‌کانی عومردا ده‌گرین!
که که‌س گوێ له سکاڵای یاسه‌مینه‌کان ناگرێت،
بۆ بیر له چیمه‌نه‌کانی حه‌شر بکه‌ینه‌وه
بۆ له‌ناو هه‌ناره‌کاندا چاوه‌ڕوانی قیامه‌ت بین؟
چاوه‌ڕوانی که‌شتیه‌کانی قه‌ده‌ر
ئێمه‌ی دۆزه‌خنشین ته‌رمۆمه‌ترمان بۆ چی‌یه!؟
با ده‌ستوره‌کانی کالیپتۆز پێشێل نه‌که‌ین
وه‌ک ئه‌و عابیده به‌سته‌زمانانه‌ی سه‌عاته‌کانیان
هه‌میشه فریویان ئه‌ده‌ن،
که‌ڵه‌شێره‌کان به‌ری‌به‌یان خه‌به‌ریان ده‌که‌نه‌وه
(ئه‌و کاتانه‌ی که نوێژ نامێنێت)
وه‌ک بێ مه‌ئواکانی ژیان
کاتێک به دارشه‌قه‌کانیا‌نه‌وه
به کۆڵانه‌کانی مردن‌دا تێده‌په‌ڕن و
که‌س وه‌ڵامی سڵاوه‌کانیان ناداته‌وه!
* * *
سه‌ر له موعجیزه‌کانی ژیان ده‌رناکه‌ین
ئیتر حیکمه‌ته‌کانی مردنی چی؟!
سه‌یرکه ئه‌و هه‌موو مه‌کره‌ی ڕێواس
به‌سه‌ر به‌فردا
لووت‌به‌رزییه‌کانی تاووس
کاتێک به‌لای قاژووه‌کاندا راده‌بورێت
نازی قورسی دار گوێز به‌سه‌ر باخه‌وانه خه‌وتوه‌کاندا
گریانی پیاوه پیره‌کان به‌سه‌ر ئه‌لبومه‌کاندا
نا ئومێدی کوکوختیه‌کان (که له خه‌فه‌تی دۆسته بێوه‌فاکانیان واز له پیاسه‌ی
ناو سنه‌وبه‌ره‌کان دێنن)
سه‌یرکه
ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ی له ته‌وافه‌کاندا
چراکان له په‌روانه‌کانی ده‌که‌ن
(چراکانیش فێڵێکن له ژیان ده‌کرێن)
ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ی پاییز له دره‌خته‌کانی ده‌کات
وه‌رزه‌کان له په‌ڕه‌سێڵکه‌کان و
گه‌رده‌لوول له فانۆسه‌کانی ده‌کات
* * *
پیری له كڵاوڕۆژنه‌کانه‌وه دێت
به پیری مژینی لیمۆکانی نه‌دامه‌ت بێ که‌ڵکه
به پیری فێری ووتنه‌وه‌ی وێرده‌کان
خوێندنی ته راتیله‌کان نابین
تازه به پیری فێری نوێژه‌کانی وه‌فا نابین
فێر نابین فوو به شمشاڵه‌کانی
دۆستایه‌تیدا بکه‌ین
په‌نجه له‌سه‌ر پیانۆکانی ئه‌وین ببزێوین
چاومان (بالێ)کانی وه‌سڵ نابینێت
بۆنی بغورده‌کانی به‌رائه‌ت ناکه‌ین
ڕوو له ئیلحاده‌کانی ڕیا ده‌که‌ین
فێڕی که‌ڕناکانی درۆ
کلارنێته‌کانی مردن ده‌بین
له که‌نار جۆگاکانی سه‌فه‌ردا
وێنه‌یه‌ک بۆ ئه‌لبومه‌کانی دۆزه‌خ ناگرین
لای فاڵچیه‌کانی زستان
قاوه‌یه‌ک بۆ به‌ختی پاتۆنیاکان ناگرینه‌وه
* * *
مردن له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه هات
تۆش له ده‌رگاوه سه‌فه‌رت کرد !
سه‌فه‌ری تۆ
سه‌فه‌ری له‌قله‌قه‌کان نه‌بوو ( که جانتاکانیان پڕبوو له نیگه‌رانی)
له (ناسیره) ده‌ستی پێ نه‌کردو له
(ئۆرشه‌لیم) کۆتایی نه‌هات
له (خاک و خۆڵ) ده‌ستی پێنه‌کردو
له (شام) کۆتایی نه‌هات
سه‌فه‌ری تۆ:
شکانی عه‌ساکانی ئومێد بوو له ده‌ستی (مووسا)دا
دۆشدامانه‌کانی یه‌عقوب به‌رامبه‌ر کراسه خوێناوی‌یه‌کان
پیاسه‌کانی عاشقێکی نا‌ئومێد
له‌ژێر سێبه‌ری کالیپتۆزه ته‌نیاکاندا
گریانه‌کانی کلۆرۆفیل
له ده‌روازه‌کانی پایزدا
سه‌فه‌ری تۆ:
مردنی ماسی‌یه‌ک بوو
له ناو ئه‌و به‌ردانه‌دا که ده‌ریا جێ‌ی هێشتبوون
گریانی ژنه کڵۆڵه‌کان
به‌سه‌ر جه‌نازه‌ی کوڕه‌کانیاندا (که کوڕه ڕاسته‌قینه‌کانی خۆیان نه‌بوون)
....
که ملوانکه‌ی ئاسووده‌یی
له ملی گه‌وره کچه چاو بادامی‌یه‌که‌ی زه‌مه‌ندا ده‌پسێت
نوح گله‌یی له به‌ختی خۆی ده‌کات
(به‌و ته‌مه‌نه کورته‌وه فریای دۆزینه‌وه‌ی زه‌نگیانه په‌رتبووه‌کان ناکه‌وێت)
بۆ زه‌نگیانه‌کانی به‌ختیاری مه‌گه‌ڕێ
ژیان هێشووه ترێ‌یه‌که
له‌به‌رده‌م زه‌رده‌واڵه‌کانی عه‌ده‌مدا
به‌ختیاری
خه‌وتنی مارێکه له ناو قه‌رسیله‌کانی سپێده‌دا
په‌شیمانی زاهیدێکه له‌شه‌و نوێژه‌کانی
عاسی بوونی کلیله‌کانی عه‌شقی منه
له کێلۆنه‌کانی دوودڵی تۆدا
گوناهه‌کانی گوڵه گه‌نمه له کێڵگه‌کانی به‌هه‌شتدا
به‌ختیاری گره‌وێکه شه‌هێن و بازه‌کان ده‌یکه‌ن
له‌سه‌ر یه‌خسیرکردنی که‌روێشکه‌کان
کۆلاره‌یه‌کی پساوه
له نێوان ڕه‌شه‌باکانی به‌خت و
دارتێله‌کانی چاره‌نووسدا
بۆ زه‌نگیانه‌کانی به‌ختیاری مه‌گه‌ڕێ
ئێره ئه‌و ده‌ریایه‌یه
یان ده‌بێ بخنکێین ،
یان ده‌بێ فێری باسکه‌مه‌له‌کانی خیانه‌ت بین
ئه‌مه ئه‌و زیکره‌یه
یان ده‌بێ بلیته‌کانی جه‌هه‌ننه‌م ببڕین
یان ده‌بێ که‌شکۆڵه‌کانمان پڕکه‌ین له فێڵ و
فێری وه‌جده‌کانی ڕیا بین
به‌ڵام ئێمه وای چ دره‌نگ تێگه‌یشتین!!
نیسبیه‌تی جوانی درۆیه‌ک بوو
ئه‌و فه‌یله‌سوفانه فێریان کردین
که شۆخه‌کان له شه‌قامه‌کان ڕوویان لێ وه‌رده‌گێڕان
دره‌نگ تێگه‌یشتین
ئیبلیس ڕادیکاڵترین فریشته بوو
ئێمه:
بێگوناهترین کوڕه‌کانی ئاده‌م
ڕێزمان له سه‌رپێچی‌یه پیرۆزه‌کانی نه‌گرت
ئه‌وانه‌ی
تقوسه‌کانیان بیر بردینه‌وه
ئه‌وانه بوون که دڵیان به بیره‌وه‌ری
باپیره داناکانمان نه‌ده‌سووتا
وه‌ره با له‌م گوڕستانه‌دا هه‌زاران بغورد پێبکه‌ین
به له‌شی نیوه ڕووته‌وه له‌ده‌وری ئاگرێکی گه‌وره سه‌ما بکه‌ین
سه‌مای تقوسێکی قه‌ره‌جی
دڵنیابه ئێمه بێ تقوس هه‌ڵناکه‌ین
(ژیان به تقوسه‌کانه‌وه جوانه)
به‌ڵام ئێمه وای چ دره‌نگ تێگه‌یشتین!
چ دره‌نگ!
ئه‌و گه‌دایانه‌ی له حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌کاندا
بۆ تاجی پادشاهی ده‌گریان
ئه‌و پیرانه‌ی بۆ وون بوونی کلیلی گه‌نجینه‌کانی جوانی ده‌گریان
ئه‌و ئینجانانه‌ی به تۆمه‌تی زه‌نده‌قه
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی زاهیده‌کان ده‌رکران
ئه‌و گریانانه‌ی بۆ پرسه‌کانی تر هه‌ڵمان گرتن
پاکترین دۆسته‌کانی ئێمه بوون
پێشبینیه‌کانی ژنه قاوه‌گره‌وه‌که درۆ ده‌رچوو
نامه‌یه‌کمان له کچه بێوه‌فاکانه‌وه پێ نه‌گه‌یشت
چاو فڕینه‌کانمان کوده‌تایه‌کی تر بوو له هۆش کرا
قاسید هه‌واڵی ئازیزێکی بۆ نه‌هێناین
خوێندنه‌وه‌ی بورجه‌کانمان دادی نه‌داین
زه‌نگی ته‌له‌فونێک ئێمه‌ی هۆشیار نه‌کرده‌وه
به‌ڵام ئێمه وای چ دره‌نگ تێگه‌یشتین!؟!
کاتێک تێگه‌یشتین
مردن له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه هاته ژووره‌وه
ئێمه‌ش فریای له‌پێ کردنی پيڵاوه‌کانمان
داخستنی قۆپچه‌ی کراسه‌کانمان نه‌که‌وتین
فریای میقاتکردنی کاتژمێره‌کانمان نه‌که‌وتین
(که سه‌ده‌یه‌ک دواکه‌وتبوون)
فریای خواردنه‌وه‌ی دڵۆپێک نوور نه‌که‌وتین
تا ده‌یجوره‌کانی دڵمانی پێ ڕووناک که‌ینه‌وه
وه‌ک ئه‌و سوارانه‌ی سه‌دجار ده‌گلێن و
نابن به سوار
ده‌مرن و فریای ماڵئاوایی له ئه‌سپه‌کانیان ناکه‌ون
ئۆف... مردن هه‌میشه له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه دێت!
1997