هه‌ڵوێستی ئاو....
ده‌ق : مه‌هدی ساڵح مه‌جید
هه‌ولێر / ١٩٩٨
mahdisalih_06@hotmail.com
بۆ : ته‌یمور قادر
کاکه‌لی
پێشه‌کی .. خدری زینه دێت و چل سواره‌ی غه‌یبی له‌گه‌ڵایه .. باوکم پێی ده‌ڵێت :-
کانیاوێکمان بۆ لێ بدات میهره‌بانی لێ هه‌ڵبقوڵێ .. میهره‌بانییه‌ک له ماڵێکی ڕۆشن
بچێ ...
دیواره‌کانی هه‌رێز بێ و په‌نجه‌ره‌کانی گوڵه زه‌نبه‌ق .. ده‌رگایه‌کی دوولایی
سه‌خی بێ وه‌کو ئاو،
ئاشنایی هاتوچۆی تیا بکا .. ئاوماڵێک له دڵنیایی .. کۆڵانێک ناوی لێ بنێی
خۆشه‌ویستی .
له‌گه‌ڵ سێبه‌ری به‌یانیدا بچیته سه‌ردانیی ئاو و ..
له‌گه‌ڵ سێبه‌ری ئێواراندا له میوانی ڕه‌زێکی ئاووس
بێیته‌وه .....
-وه‌ستان له قه‌راغی ئاودا چ که‌یف و سه‌ڵته‌نه‌تێکه .
له سێبه‌ری گوڵه‌مه‌رجانا به دڵێکی ته‌ڕه‌وه گوێ له گۆرانی ( داریوش) بگری ...
به ده‌ستێکت ئاو بخۆیته‌وه و .. به ده‌سته‌که‌ی ترت شه‌ڕه ئاو بکه‌یت .
به ده‌ستێکت خۆشه‌ویسته‌که‌ت بگریت و به ده‌سته‌که‌ی ترت شتێکی له ئاوه‌که‌دا
پیشان بده‌یت ..
گه‌شتی ماسی له نێو ئاودا حیکمه‌تێکه نهێنییه‌که‌ی له نێو دڵی عاشقدایه ..
عیشق سه‌وڵی خه‌رامانه‌و له قه‌راخی ئاودا ده‌ڕوێ ...
بۆنی پونگه و شۆره‌کاتی ئاوی مه‌ند و ته‌ڕه‌شوعی مێینانه
چ که‌یفێک و چ سه‌فایه‌ک ده‌به‌خشێ به ته‌نیاییه‌کی داچۆڕاو ..
- له بیابانه‌وه دێین. شه‌جه‌ره‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تینوێتی، ڕه‌چه‌ڵه‌کمان
ده‌چێته‌وه سه‌ر
ئه‌و خه‌ڵفه نه‌مامانه‌ی بێ فایده له کۆته‌ره‌ی دره‌ختێکی ووشک هه‌ڵاتوودا سه‌وز
ده‌بن .. به‌یه‌ک پشت
ده‌چینه‌وه سه‌ر ئه‌و پیاوه -نیاندرتاڵه‌ی -به‌شوێن ئاسکێکدا هات و
له‌م بیابانه‌دا ون بوو / له ته‌نیاییدا ئێمه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌مه‌ته تاوێره
هه‌ڵکۆڵی ..
ڕه‌وه سه‌ربازێکی ڕاکردوی کفت و ماندووین، له نه‌شاره‌زایدا ملمان ناوه
به‌ئه‌سه‌فێکی قووڵه‌وه ..
-گه‌وره‌م ده‌بینی چیمان به‌سه‌ر هات .. چ ئاخرێکمان نه‌هاورد ..
وه‌ک قه‌وزه‌یه‌کی ڕه‌نگ په‌ڕیوو له چه‌مێکی ووشک کردوودا ڕه‌ق و ناشرین
هه‌ڵاتووین ..
پاشماوه‌ی گوندێكی خاپوور کراوی ئۆردووی عه‌جه‌م و مه‌غۆلین
کاروانییه‌کین له حوزن .. باره‌که‌مان نیشتمان بوو
ناوه‌ختانێک به عه‌ردی حه‌راما هاتین و که‌وتینه ده‌ستی تاڵانی
- قوربان ده‌زانیت ئه‌م هاتنه‌مان مه‌جالی گه‌ڕانه‌وه‌ی تێدا نه‌ما ..؟؟
تازه ڕه‌هه‌نه‌ی مه‌نجه‌نیقی بێ په‌ناو په‌سێوی بووین و ده‌نگمان به‌هیچ کوێیه‌ک
ناگات ..
هه‌رده‌و هه‌ڵه‌تی بیابان ڕه‌نگ و ڕووی پێوه نه‌هێشتووین
تازه پیر بووین پیر .. ئه‌م تووله نه‌مامانه پێمان ڕائه‌بوێرن ..
تازه ئیتر گۆڕ غه‌ریب بووین و دیدارمان که‌وته قیامه‌ت ...
وه‌ک پۆله ماسییه‌کی سه‌رلێ شێواو له گۆمێکی ڕاوه‌ستاودا ده‌ست خه‌ڕۆ بووین
- بوونمان چ بێ مه‌عناییه‌ک ده‌به‌خشێ گه‌وره‌م ..؟؟
-هاتنمان چ په‌شیمانییه‌کی لێ كه‌وته‌وه ..
ڕێزه‌مان چه‌ند قوورس و تاڵه ئه‌ڵێی داری قووزه‌ڵقوردین
ته‌ماشای من بکه ڕووخسارم چۆن بووه به‌په‌ڵاس
تۆ ده‌ڵێی سوێندی نه‌حه‌قه‌ت خواردووه .. ڕه‌ش و چڵکن داگه‌ڕاوی
-سێبه‌ره‌که‌مان چ خوارو خێچه .. ئه‌ڵێی - ئینکیڕ و مونکیڕین -....
- ده‌زانیت من وه‌ختێك پێ ئه‌که‌نم عه‌ینه‌ن ( له عه‌پسی) ده‌چم
تۆ ئه‌وه‌نده درێژ و ناقۆڵای ئه‌ڵێی پیاڵه‌ت قووت داوه ..
وه‌ک ڕیزه دانی پیاوێکی بیزار له خۆیی و له هه‌موو دونیا .. زه‌ردوو ناشرین له
جیڕه‌وه چووین ..
- بێ فایده‌یه وه‌ک مناڵه‌کانی سه‌ر شۆسته هاوار بکه‌ین .. ئه‌م ڕوحه -پاره
پاره - بووه‌مان
بۆ بکه‌ن به‌کاغه‌ز ...
بێ سووده له‌سه‌ر ئه‌م لمه شت بنووسین و وورده گله‌یی بۆ یه‌کتری هه‌ڵبڕێژین ..
هاتین به نێو ئه‌م گه‌رماییه‌دا هاتین هه‌تا گه‌یشتینه دۆزه‌خ
ڕۆیشتین به نێو ئه‌م بیابانه‌دا ڕۆیشتین تا سه‌راپا بووین به‌لم
دواتر باو تۆزێکی ئێسک تاڵ لوولی داین و له سوقاقێکی فه‌رامۆشیدا ئیهمالی کردین ..
- قافڵه‌یه‌کی سه‌ر هه‌ڵگرتووی ده‌ستی جه‌نگ و غه‌درو تێكشکانین
- عاره‌قی هه‌موو میحنه‌تێکمان لێ ده‌چۆڕێ / تۆزی هه‌موو هه‌ره‌س و غه‌ریبییه‌کمان
لێ
هه‌ڵده‌ستێ ، بیابانێکین له وه‌حشه‌ت .. چۆڵه‌وانییه‌کین له فیراق ...
- سه‌رقافڵه‌چییه‌که‌مان پیاوێکی ڕه‌شید و ئیمان قایم بوو
ناوی منی له‌بیر چووبووه‌و هه‌ر - به هین - بانگی ده‌کردم
- لێی پرسیم (هین) که هاتین چه‌ند که‌س بووین ؟؟
- که هاتین من تازه خه‌تم دابوو ، تۆ ژنی دووه‌مت ئاووس بوو ..
( سه‌میعه ) له‌به‌ر ماڵا ته‌شی ده‌ڕست ، ئاسمان شینێکی تێر بوو ....
- که هاتین ئێواره له به‌رده‌م ئاوه‌دانیا به‌فیزه‌وه قه‌له‌نه‌ی ده‌کێشا ...
ڕه‌شه ڕه‌یحانه‌ی خوێن گه‌رم له‌قه‌راغ حه‌وزی یه‌قینا بنجی دابوو ...
دایکم ته‌شتێک خه‌نه‌ی گرتبووه‌وه بۆ سه‌ری .....
- کاشکی نه‌ده‌هاتین ، کاشکی نه‌ده‌ڕۆیشتین ...
- هاوڕێکانم یه‌ک یه‌ک له‌دڵی منا مردن و له بیره‌وه‌رییه‌کانی دایکیشمدا به‌سه‌ر
چوون
خزمه‌کانم هه‌ندێکیان له‌ته‌نیایدا مردن و به‌عزێکیان له چاوه‌ڕوانیدا وه‌رهه‌میان
کرد
سه‌رقافڵه‌چییه‌که‌مان له تینواندا کوێرایی داهات / ده‌بوو هه‌شت ساڵ به نێو ئه‌م
بیابانه‌دا
به کوێری ده‌ستی ڕابکێشم ...
وه‌ک دارعاسایه‌کی خێر له‌خۆ نه‌دیوو به‌ر عه‌مرو چاوساغی بکه‌م ..
هه‌شت ساڵ وه‌ک - عیزرائیلێکی - پشوو درێژ به‌دیارییه‌وه ڕابووه‌ستم تا خوا ڕۆژی
ته‌واو بکا ..
هه‌شت ساڵ به‌دیار ( شو عه‌یبێکی ) زه‌لیل و بێ به‌هره‌وه جاری و سه‌قاو کێش و
شوان بووم
هه‌شت ساڵ دیل بووم له شه‌ڕی - ئێران و عێراقدا - هه‌شت ساڵ شه‌هیدی شه‌ڕی برا
کوژی بووم
- ته‌مه‌نی گه‌نجێتی هه‌شت ساڵه ...
- هه‌شت ساڵ گاڵته نییه برا گیان .. سێ هه‌شتی ئه‌کاته بیست و چوار و منی لێ
ده‌ربکه
ئه‌کاته‌وه ئه‌و ڕۆژه‌ی باوکم تازه ژنی هێنابوو .. هه‌شت ساڵ به‌ده‌م ئاسانه برا
گیان ..
- ته‌نها ( به‌دوو ) ده‌زانێت گۆڕه‌و شاری بیابان چه‌ند سه‌خته .. مه‌نجه‌نیقی
ته‌نیای چه‌ند گه‌رمه ..؟
- من ده‌زانم ده ئه‌ستۆگرتنی نه‌خۆشی باوک چ میراتییه‌کی تاڵه ..
نیشتمان ده‌زانێت جه‌نگ چه‌ند سه‌خیفه ..؟
هه‌شت ساڵ زۆر نییه .. شه‌ڕه گه‌ڕه‌کێکی بچووکی ووڵاته‌که‌ی من هه‌شت ساڵ
ده‌خایه‌نێت ،
شه‌ڕه عه‌شیره‌تێک هه‌ژده و شه‌ڕێکی ناوخۆیی عومری -نووحێکی - پێ ده‌وێت ..
هه‌شت ساڵ هیچ نییه نا، ته‌مه‌نی من و باوکم و هاوڕێکانم به‌شی سه‌فاو مه‌روایه‌کی
نێو بیابانی نه‌کرد.
کۆستکه‌وتنی دایکم و دراوسێکانم و میلله‌ته‌که‌م به‌شی ئاشت بوونه‌وه‌یه‌کی نه‌کرد
...
هه‌ر ئه‌هاتین و بیابان ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بوو، هه‌ر ئه‌ڕۆیشتین و جه‌نگیش -پا ،
پا- له دوامان ئه‌هات ..
نه بیابان سه‌ره‌تایه‌کی هه‌بوو ناوی لێ بنێین مه‌نزڵ و نه‌جه‌نگیش کۆتایی ئه‌هات
تا سه‌رژمێری ده‌رگا و-
-په‌نجه‌ره داڕوخاوه‌کانی دڵمان بکه‌ین ..
- سه‌رقافڵه‌چییه‌که‌مان پیاوێکی هه‌تیوو باز بوو ...
وه‌ختێک ده‌ستیم ڕائه‌کێشا زیاتر خۆی پێوه ئه‌نووساندم ، هه‌ناسه‌ی له هه‌ناسه‌ی
بیابان گه‌رمتربوو-
-عاره‌قی به‌لمه‌که ده‌کرد ..
ده‌بووا وه‌ک و ( ئیسماعیل ) ملم له موو باریکتر بێ له حاست ئه‌جری باوکایه‌تی
- قوربان ئه‌م ڕۆیشتنه نامانگه‌یه‌نێته هیچ کوێیه‌ک
- ئه‌م ڕاوه‌ستانه هیچ ده‌روویه‌کمان لێ ناکاته‌وه ..
- دابنیشین لم بانمان ئه‌دات ...
هه‌ڵبستین له‌م قه‌راخی ته‌نیاییه‌دا بۆ کوێ بڕۆین !!!
ئه‌وه‌ستین ڕۆژمان لێ ئاوا ئه‌بێ ...
- که هاتین نیشتمانیان له هێسترێک بار کردبوو به‌ره‌و مه‌جهوولیان
ده‌برد ..
ئاسمان خوێنی هه‌ڵئه‌هاورد و .. زه‌مین پڕ مشتێکی لێ مابووه‌وه
- دایکم له تاریک و ڕۆشنی ئێواره‌دا گه‌نمی دائه‌کرده به‌ر مریشکه‌کانی .
- وه‌ختێک دامان کێشا گونده‌که‌مان چاره‌ی دا به‌یه‌کاو
ڕه‌زه‌کان به‌ره‌وه‌ن بوو بوون ..
ته‌نیایی له‌به‌رده‌م ماڵه‌کاندا سه‌ری داخستبووه خوار
و چوکڵی له عه‌ردی ده‌خشان
گه‌ڵاکانی میهره‌بانی هێشتا پایز دانه‌هاتبوو زه‌ردو زه‌عیف داگه‌ڕابوون ...
په‌له‌وه‌ره‌کانی ئاوه‌دانی هه‌ر ئێواره .. شامیان نه‌داوه بێچوه‌کانیان و بۆی
ده‌رچوون ...
- به‌ره‌که‌تی پیاوچاکانی سیاسی و پێ و قه‌ده‌می موباره‌کیان :-
ئاوه‌دانیان کرده بیابان و بیابانیشیان کرده جه‌نگ و جه‌نگیشیان دۆڕاند و /
ئێمه‌یان ئاواره‌ی یه‌ئسی
بێ که‌سی و په‌ڕه‌وازه‌ی ته‌نیایی کرد/ ئێمه‌یان تووشی ڕۆژڕه‌شی بیابان و ( شزوزی
جینسی قه‌ده‌ر کرد ).
- سه‌رقافڵه‌چییه‌که‌مان پێی وابوو دوایی ئه‌و هه‌موو عومره هێشتان ئه‌توانم گه‌نج
بم /
هێشتان هه‌ر به‌به‌رمه‌وه ئه‌مێنێ ...
- ده‌ینه‌ڕاند به‌سه‌رمدا :- هه‌ی زه‌ندیق بۆچی له کۆڵم ناگری ...
- هه‌ی کافر بۆچی ئاوم ناده‌یتێ ...
- گه‌وره‌م ئاخر لێره ئاو نییه ئاو بخۆینه‌وه .. تا چاو هه‌ته‌ر بکا ده‌شتێکی
کاکی به‌کاکی گه‌رمه
تا گوێ هه‌ڵخه‌ی ده‌نگی قیڕه‌ی بۆقیش نایه‌ت ....
- لێی پرسیم چه‌ند که‌سمان لێ ماوه‌ته‌وه .. وه‌ک قوتابییه‌کی شڵه‌ژاو له
قۆپییه‌کردندا بیگرن
ناشیانه هه‌ر ده په‌نجه‌کانم نوقاند/ ده‌سته‌کانم دان به‌یه‌کا... :-
- خوشکه‌کانم شویان کرده بیابانی عه‌ره‌بستان و / من بووم به‌خاڵۆی ئه‌نفال/
گونده‌که‌مان کاره‌سات ( ئیغتیسابی) کرد‌و / ووڵاته‌که‌م سیاسه‌ت دڵی ڕه‌ش کردووه /
دایکم به‌سه‌ر گه‌ڵامێوێکه‌وه ئاو بردی / به‌رماڵه‌که‌ی به‌سه‌ر تووتڕکه‌وه جێ
مابوو /
به درێژایی فیراقی من له قه‌راغی ئاوه‌که‌دا بۆنی خه‌نه‌و سمڵ و ڕه‌یحانه‌ی لێ
ڕژابوو /
خۆشه‌ویستی دایکم هه‌تا منیش مابووم هه‌ر به‌سه‌ر ئاوه‌که‌وه که‌فی ده‌کرد /
له بن ده‌وه‌ن و نه‌رمایی سێبه‌ری ئاوه‌که / دایکم دونیایه‌ک یادی خۆی به‌میراتی
بۆ به‌جێ هێشتبووم /
پۆله ماسی ووردو درشت تا سنووری عوزله‌تی من ته‌رمه‌که‌یان به‌ڕێ ده‌خست ...
- به درێژایی ئاوه‌که دایکم وه‌سێتی کردبوو :- که‌پرێک بۆ داڵده‌ی بێ نازی (بالولی)
کوڕی دروست
بکه‌ن / شایه‌کان ئه‌گه‌ر هاته‌وه ....
- دوایی دایکم ماینه‌وه من و زاواکه‌م / ماینه‌وه هابیل و قابیلێکی فاشیل /
موسا‌و شوعه‌یبێکی هیچ له‌بارا نه‌بووی به‌دبه‌خت / نه‌ئه‌متوانی بیکوژم و نه دڵیشم
ئه‌هات جێی بهێڵم
- قه‌ده‌ر چ بوختانێکی بۆ کردین .. جه‌نگ چ درۆیه‌کی بۆ هه‌ڵواسین ..
سه‌رقافڵه‌چییه‌که باوکم بوو !!
ده‌بووا هه‌شت ساڵ عه‌لی ته‌بار به‌دیار پیرێتی ئه‌وه‌وه گه‌نجێتی خۆم سیس و
په‌ژموورده بکه‌م .
هه‌شت ساڵ من و باوکم هه‌موو عاتیفه‌یه‌کمان ژاکا / دانی هه‌موو نامه‌حره‌مییه‌کمان
له یه‌کتری سپی
بوونه‌وه / هه‌شت ساڵ وه‌ک دوو جه‌نگاوه‌ری نه‌یار .. دوو میلیشیا سه‌نگه‌رمان
له‌یه‌ک گرتبوو
نه جه‌نگمان ده‌کرد و نه ئاشتی ...
خودایه تێنه‌گه‌یشتم حیکمه‌ت له‌م سه‌فاو مه‌روایه چییه .. ئه‌م هاتن و
ڕۆیشتنه‌ی ئێمه ناوی چ
غه‌زایه‌کی لێ ده‌نێی / ده‌ته‌وێ چ مه‌وجیزاتێکمان پیشان بده‌ی / تۆڵه‌ی چ
خه‌تایه‌کمان لێ ده‌ستێنیته‌وه ...
-خوایه گیان ئێمه به‌رگه‌ی غه‌زه‌بی ته‌نیایی ناگرین / یه‌ک که‌م له‌نووری خۆتمان
پێ ببه‌خشه
ئێمه به‌رگه‌ی تاریکایی ناگرین ...!!!
- هه‌شت ساڵ من و باوکم به‌به‌ر چاوی ئه‌و هه‌موو ته‌نیاییه‌وه ئه‌هاتین و
ئه‌چووین ...
ئه‌و هه‌موو غه‌دره زه‌ق زه‌ق ته‌ماشای ده‌کردین / ئه‌و هه‌موو شه‌وو ڕۆژه وه‌ک
نه‌دیوو نه‌ناس
لامانا تێ ئه‌په‌ڕین / مانگێک هه‌ڵنه‌ئه‌هات لێی بپرسین سه‌عات چه‌نده ..؟؟..
هه‌شت ساڵ باوکم و جه‌نگ له‌سه‌ر جێگا که‌وتن و بۆنیان خسته کلوری هه‌موو دڵێکی من
و دونیاوه ..!!
- هه‌شت ساڵ خه‌ومان نه‌بینی هه‌رچی ڕویدا ڕاست بوو ....
- چاره‌نووس چ جه‌للادێکی واسواسه باوکه / جارێک ده‌مانکاته باوک و کوڕ‌و / جارێک
هابیل و قابیل و /
جارێک ده‌مانکاته‌وه کتک و مشک /باوکم برازای بێ ده‌نگی بوو / وه‌ک ئاوماڵێکی
فزووڵی
حه‌زی ده‌کرد بزانێ دڵی من چی تێدایه / - لێی پرسیم (( مه‌کته‌ب )) چیت ته‌واو
کردووه .؟؟..
- لێم پرسی شانزه‌ڕسکان ده‌زانیت ..؟؟!! - ووتی ئاخر من چاوم نابینێ !!..
- ووتم ئاخر منیش عاره‌بی نازانم ..، - ناوم ((سه‌مه‌ده )) دڵم لادێییه ...
- دێیه‌که‌مان چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک ده‌که‌وێته ئه‌م دیوی مێژووه‌وه !! .. ده‌رچووی
کۆلێجی
- (( بنه‌ی خه‌په کوێرم )) .. یه‌که‌می ساڵی هه‌زارو - ((
١٩٩٨،١٩٧٩،١٩٧١،١٩٩١،١٩٩٨ )) م
- هه‌زارو هه‌زار ئه‌کاته سفر / هیچ وهیچ ئه‌کاته من و تۆ / ئه‌توانم ناوی خۆم به
حینجه بخوێنمه‌وه /
به ده‌نگی به‌رز له‌م چۆڵه‌وانییه‌دا ناوی خۆشه‌ویسته‌که‌م بهێنم / یه‌که‌م حه‌رفی
(( به ئینگلیزی ))
له سه‌ر لمه‌که بنووسم / ده‌توانم ڕه‌سمی دڵیک و تیرێکیش له‌سه‌ر ده‌ستم بکوتم
...
- دواتر تاقه‌تی قسه کردنمان چوو / که پێخۆریشمان پێ نه‌ما ئیتر به‌خه‌یاڵ
ئه‌ژیاین/
-سه‌رمان که‌چه‌ڵ بوو/ ده‌م و چاومان بالوکه‌ی ده‌رکرد / عه‌وره‌تمان توێژی
هه‌ڵدابوو /
لممان ده‌خسته سه‌ر بڵقی برینه‌کانمان .. قافڵه‌یه‌کین له موعانات ...
- هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆمان ته‌یی کرد‌و / چه‌ند جارێک سه‌رمان سپی کرد‌و هه‌ر
نه‌گه‌یشتین/
- هه‌موو ئه‌ستێره‌کانمان ژماردو ، هاموو دانه‌کانیشمان هه‌ڵکێشان !
چه‌ند جه‌وله‌یه‌کی شه‌ڕی تازه‌یش ده‌ستی پێ کرده‌وه ، هه‌ر نه‌گه‌یشتین و
نه‌گه‌یشتین ..
- (( ماڵ ها له کوێ .. ێ ؟؟ )) ها له دوور (( ماڵ ها له کوێ .. !! )) ها له
دوور
- (( تۆ ده‌سڕه‌که‌ت هه‌ڵکه بزانم (با‌ی) دێ ..؟.. نه‌ء
- دیقه‌ت بده بزانم کێوی (( توور )) دیاره ..؟؟ .. نه‌ء
- سه‌رێ بکێشه بزانم هه‌ور هه‌یه به ئاسمانه‌وه .. ؟؟ ..نه‌ء)) نه‌ءء
- نه با‌ی دێت و نه باران ..!! نه ((عیسا)) دێت و نه (( مووسا)) ..!! نه جه‌نگ
ئه‌ڕوات و نه ئاشتی
- ته‌نها مه‌گه‌ر ((عیزرائیل)) بتوانێت بماندۆزێته‌وه باوکه ..!! باوکم له که‌لی
عینادی نه‌ئه‌هاته خواره‌وه
- ده‌یگووت :- ئه‌ی چۆن ؟ (( خدری زینه ماوه )) ...
- خدری زینه دێت و چل سواره‌ی غه‌یبی له‌گه‌ڵایه ..!!!
باوکم بێ خه‌به‌ر له هه‌موو ژیان چاوه‌ڕوانی موعجیزه‌یه‌کی ده‌کرد !!!!!
- ده‌یگووت:- خدری زینه دێت و پێی ئێژم کانییه‌کمان بۆ لێ بدات (( ئاوی حه‌یاتی لێ
هه‌ڵبقوڵێ))
- ئه‌م ناوه هه‌مووی ئه‌که‌مه به‌راوو .. / ئێژم (( ژنێک )) بۆ کوڕه‌که‌م بخوازه
.
- ئێژم دۆعایه‌ک بۆ چاوم بکه ، ئێژم و ئێژم ... هه‌ر ئه‌یووت و ئه‌یووته‌وه ....
- (( کوڕی قۆڕه ئه‌تبینمه‌وه بزان قسه‌ی کێمان ڕاسته ... !! )) ..
- منیش بینا وه‌خاتری دڵی ئه‌و ده‌مگووت ئه‌گه‌ر (( سۆشیالیزم )) به‌رپا ببێت ((
ده‌توانین چای ڕه‌ش بخۆینه‌وه )) ....
- من ...
- من ئێژم خدری زینه دێت ... (( توو چی ئێژیت)) ؟؟
- من ئێژم دیموکراسی باشه .. !!
- حه‌زره‌تی ((مو‌سا)) دێته سه‌ر کێوی توور و دوای هه‌زارو یه‌ک که‌لیمه قسه پێی
ده‌ڵێم به‌شکو شتێکمان بۆ بکات ...
- هیچی پێ نه‌ڵێین باشتره باوکه ... هه‌ر ئه‌یووت و ئه‌یووته‌وه .. هه‌شت ساڵ به
حافزی ده‌ستیم گرت و
به نێو ئه‌م بیابانه‌دا هاتین و چووین / عاقیبه‌ت و ئه‌نجام نه‌گه‌یشتینه هیچ
کوێیه‌ک ...!!!
- ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی که ده‌یکرده دوایین ئێواره‌ی هه‌موو شته‌کان، دوایین
ئێواره‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی
من و حیکایه‌تی مردنی سه‌رقافڵه‌چییه‌کی مه‌زن، نه ئاوم هه‌بوو بیده‌مێ ..
نه ئه‌متوانی په‌ڕه‌یه‌ک (( یاسینی)) بخوێنم ..!! ڕووه‌و مه‌جهوول
ڕامکشاند و
ده‌سته‌کانیم درێژ کردن ..به‌ناشتنێکی سارد‌و سڕ ته‌داروکی جه‌نازه‌که‌یم کێشا ....
ئاسمان په‌مه‌یی ده‌چووه‌وه .. بیابان وه‌ک ڕوخساری باوکم ماش و برنج بوو
وه‌ک هێڵێکی خۆڵه‌مێشی له‌سه‌ر لمه گه‌رمه‌که درێژا بوو .. چاوه‌کانی که‌م که‌م
نیشتن
هێواش هێواش ده‌نگی که‌رخ بوو..
- گووتم :- چ وه‌سێتێکت هه‌یه بیکه‌یت ..!!
- ووتی : ئاو .... چاوم شۆڕ کرد ...
- ووتی : ده‌سڕه‌که هه‌ڵکه بزانم با‌ی دێ ؟؟ ... سه‌رم داخست .
- خدری زینه نه‌هات ..؟؟ ووتم نه‌هات ...
- ووتی : کێوی توور دیار نییه ؟؟ .هه‌ناسه‌یه‌کی گه‌رمم هه‌ڵکێشا
و هیچم نه‌وت !!..
- گووتی : کوڕم ده‌توانیت (( سویره‌تێک یاسینم بخوێنیت )) ..؟؟؟..
- (( سه‌حه‌ر کڵاوڕۆژنه‌یه‌ک نییه بۆ تاریکی .. له‌م ئاوێنه‌یه‌دا بۆ خۆت مه‌گه‌ڕێ
...
- ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ش به بۆشایی جێ بهێڵه .. لێره له‌سه‌ر ئه‌م لمه هیچ مه‌نووسه
یان هه‌ر چیت نووسی
بیکوژێنه‌وه ....
- له‌سه‌ر عاقیبه‌تی ئه‌م دڵئێشاوییه ڕامه‌وه‌سته ، یان ئه‌گه‌ر ڕاوه‌ستای ئاوڕێک
مه‌ده‌ره دوواوه ..
- تارمایی هیچ ئێواره‌یه‌ک سۆراخی ئه‌م نه‌هاتنه‌وه‌یه ناکات ..
- شه‌وقی چرای هیچ ئاوماڵێک له‌م بزربوونه ناگه‌ڕێ ...
- بێ نازیی په‌نجه‌ره‌یه‌کی تاریکه، هه‌موو ئێواره‌یه‌ک
له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆیشتنه‌وه‌یه ده‌که‌وێته سه‌ر پشت ..
هه‌موو به‌یانیانێک به‌ر له هاتنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ته‌نیاییه دائه‌خرێ ..
- سه‌حه‌ر کڵاوڕۆژنه‌یه‌ک نییه بۆ ته‌نیایی .. مه‌لێکی نێو کونجی قه‌فه‌س ئه‌و
پرسیاره له‌که‌س ناکات :-
- دونیا شه‌وه یان ڕۆژه ..؟.. فه‌سڵ پایزه یان به‌هار ...؟.... - سه‌حه‌ر هیچ
نییه هیچ )) ..
- که‌م که‌م گیانی ته‌سلیم ئه‌کرد .. هێدی هێدی لمه‌که دایئه‌پۆشی ..
- دڵم پڕ بوو، گریان له ئه‌وکمدا په‌نگی خوارده‌وه به‌ڵام نه‌گریام .!!
شه‌قاو شه‌قاو ڕووی خۆم داخست و ئه‌و ده‌شتاییه‌م داوه به‌ر !!!
له دووری هه‌شت ساڵ ڕۆژه‌ڕێوه لایه‌کم کرده‌وه .. ده‌مبینی هێشتان لمه‌که
دایئه‌پۆشێ !
- باوکه قه‌ده‌ر چ بوختانێکی بۆ کردین ..؟.. جه‌نگ چ درۆیه‌کی بۆ هه‌ڵواسین ..؟؟
چاره‌نووس چ جه‌للادێکی واسواس بوو.. جارێک ده‌یکردینه باوک و کوڕ‌و ، جارێک هابیل
و قابیل و
جارێک ده‌یکردینه‌وه کتک و مشک .. !!!
- له بیابانه‌وه دێم شه‌جه‌ره‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تینوێتی ..
- ڕه‌چه‌ڵه‌کم ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و قه‌بیله‌یه‌ی بۆ به‌هاره‌هه‌وار هاتبوونه
ئه‌م ده‌شتاییه و
منیان له‌گه‌ڵ دووکه‌ڵی کوانووه‌که‌یانا لێ به جێ‌ما ...
به یه‌ک پشت ده‌چمه‌وه سه‌ر ئه‌و پیاوه نیاندرتاڵه‌ی به‌شوێن ئاسکێکدا هاته
ئه‌م بیابانه و
منی له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌مه‌ته تاوێره هه‌ڵکۆڵی ...!!
- هاوڕێکانم یه‌ک یه‌ک له دڵی منا مردن و له بیره‌وه‌رییه‌کانی دایکیشمدا به‌سه‌ر
چوون ...
- خوشکه‌کانم شوویان کرده بیابانی عه‌ره‌بستان و
- دایکم به‌سه‌ر گه‌ڵامێوێکه‌وه ئاو بردی و .. بردی ...
به درێژایی ڕووباره‌که دایکم وه‌سێتی کردبوو :-(( که‌پرێک بۆ داڵده‌ی بێ نازی
-بالوولی- کوڕم
دروست بکه‌ن شایه‌کان ئه‌گه‌ر هاته‌وه ))..
- دایکم مرد و ... دوای دایکم ماینه‌وه من و
ته‌نیاییه‌کی نه‌خۆش ، ته‌نیاییه‌کی فێ گرتووی ئیفلیج !
ته‌نیاییه‌کی وشک و سادیی ،نیوه‌شه‌وان به‌سه‌ر خۆشی ده‌هاته‌وه ..!!
- خوایه گیان چیم لێ ئه‌که‌ی ...؟؟؟
- من به‌ته‌نها به‌رگه‌ی ئه‌م عوزله‌ته ناگرم ..!!
- به‌ته‌نها من به‌رگه‌ی ئه‌م غوربه‌ته ناگرم ...!!!.