بایه‌وان
عومه‌ر سه‌یده ـ كه‌ركوك
كاپیتانه‌كه قریشكاندنى:
كورِینه خێرابن چارۆكه‌كان داده‌نه‌وه، هه‌ورێكى توند و چرِى هێنا لاى باكوره‌وه،
ئه‌گه‌ر خۆمان ئاماده نه‌كه‌ین ده‌فه‌وتێین هه‌موومان.
جگه له كاپیتانه‌كه(12) كه‌سى دیكه له‌سه‌ر یه‌خته‌كه بوون، كه به‌نیازى
گواستنه‌وه‌ى برِێك كاڵاى قاچاخ، ده‌بوو چه‌ند شه‌وێك له ده‌ریادا بمێننه‌وه،
به‌ڵام ئه‌وان بۆ شاردنه‌وه‌ى نیازى راستیان، جگه له هه‌ڵواسینى تۆڕ و هه‌ندێك
كه‌ره‌سته‌ى دیكه‌ى ڕاو، بۆ خۆشیان پۆشاكى ڕاویان له‌به‌ر كردبوو، چونكه ده‌ترسان
له پۆلیسى گومركى ده‌ری، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌نێو كاڵا قاچاخه‌كاندا هه‌مه‌جۆر
ماده‌ى بێهۆشكه‌ریان شاردبوویه‌وه.
تۆ كه ئه‌ركى(بایه‌وان)ت له ئه‌ستۆ گرتبوو، خێرا راتكرد به‌ره‌و لاى پێشه‌وه‌ى
یه‌خته‌كه، بۆ ئه‌وه‌ى بڕوانیته هه‌وره‌كه و لاى خۆته‌وه مه‌زه‌نده‌ى ئه‌گه‌ره
ترسناكه‌كانى بكه‌یت، به‌ڵام به گه‌یشتنت دوو نه‌وره‌س كه له‌لێوارى یه‌خته‌كه
هه‌ڵنیشتبوون، دایان له‌باڵ و فڕین، تۆ به‌وه زۆر دڵگران بوویت، چركه‌یه‌ك و ..
هه‌ستێكى سه‌یر رۆحى له له‌شتدا هه‌ڵفڕاند و جه‌سته‌ت بووه نموونه‌ى په‌یكه‌رێكى
ماندوو، رۆحت خێراتر له نه‌وره‌سه‌كان فڕى و گه‌یشته ئه‌وان، چووه جه‌سته‌ى یه‌ك
له‌وانه‌وه، به‌ده‌م فڕینه‌وه ئاورِێكت له یه‌خته‌كه دایه‌وه هێدى .. هێدى
بچووك ده‌بوویه‌وه، به‌ڵام ئه‌و پیاوه چڵكنه‌ت لێوه دیار بوو كه ژووانه‌كه‌ى
لێتان تێكدا، له‌رِاستیدا ژووان نه‌بوو، ئێوه ویستان وه‌كو ویستگه‌یه‌كى پشوو
به‌كارى بهێنن، به‌ڵام ئه‌و پیاوه هێنده به په‌له و له‌ناكاودا هات، نه‌تانزانى
چۆن داتان له شه‌قه‌ى باڵ، سه‌ره‌تا واتانزانى بۆ راوى ئێوه هات، دواتر كه
له‌شوێن خۆى وه‌ستاو جوڵه‌ى نه‌ما ئێوه دوودڵ بوون له‌وه‌ى كه ئاخۆ چ نیازێكى
هه‌بوو، به هه‌رحاڵ وا ئێوه ده‌فڕن و ده‌فڕن و ده‌فڕن .. بۆ ویستگه‌یه‌كى دیكه
ده‌گه‌رِێن، نازانن له‌ناوه‌رِاستى ئه‌و ده‌ریایه‌دا روو له کوێ بكه‌ن ..!!،
ئاسمان تا بڵێى هه‌ر به‌رزه .. ده‌ریا بێ پشوو هه‌ر فراوان ده‌بێته‌وه، بۆ
پارچه‌یه‌ك وشكایى .. یاخود ته‌نێكى سه‌رئاوكه‌وتوو ده‌گه‌رِێن، تا وچانێكى لێ‌بگرن،
هه‌ناسه‌تان ته‌نگ بووه‌و خێرا .. خێرا باڵ به یه‌كدا ده‌ده‌ن، له‌پرِ(باز)ێكى
چاوتیژى برسى هێرشى بۆ هێنان و كه‌وته وێزه‌تان .. ئێوه‌ش به‌رِاست و چه‌پدا
جیابوونه‌وه و هه‌رچى هێزتان هه‌یه له‌پێناو رزگاربوون له‌و ئافاته ناوه‌خته‌دا
به‌كارتان ده‌برد، بێ سوود بوو، چونكه پێده‌چوو(باز)ه‌كه‌یش له ململانێى نێوان
ژیان و مردن‌دا، پێویستى به‌وه بێت كه یه‌كێك له ئێوه بخوات ..
له‌رِاستیدا من بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆكه جگه له خۆم خه‌یاڵاتى راستى كاره‌كته‌ر
دروست بكه‌م، كه‌سى دووه‌م، كه له برى بایه‌وان له ده‌ره‌وه‌ى چیرۆكه‌كه وه‌ڵام
ده‌داته‌وه، وه‌ڵامى پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
من چه‌ند مه‌ترێك له‌ولاى تۆوه دانیشتووم و ئه‌م چیرۆكه ده‌نووسم.
من: ئه‌و(باز)ه به‌لاى تۆدا وه‌رگه‌رِێت، یان مه‌عشوقه‌كه‌ت؟
كه‌سى دووه‌م: به لاى مندا
من : بۆچى بۆ لاى تۆوه بێت؟
كه‌سى دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نامه‌وىَ مه‌رگى خۆشه‌ویسته‌كه‌م ببینم
من: ئه‌گه‌ر ئه‌و(باز)ه‌مان له چیرۆكه‌كه ده‌رهێناو بووه خه‌یاڵێكى ناته‌واوى
ئێوه، كه وا هاته به‌رچاوتان(باز)تان بینیوه هێرشى بۆ هێناون؟
كه‌سى دووه‌م: ئه‌و كاته له خۆشیاندا ده‌توانین ماوه‌یه‌كى زیاتر بفڕین بۆ
گه‌یشتن به‌شوێنى پشوودان.
من: باشه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناكرێت(باز)ێك هێنده گه‌مژه بێت به‌ره‌و ئاقارێكى
ترسناك مل بنێت، چونكه سروشتى(باز) وایه كه زیاتر له‌ناوچه‌ى شاخاویى ژیان
به‌سه‌ر ده‌بات، من(باز)ه‌كه ده‌رده‌كه‌م له چیرۆكه‌كه‌دا، به‌ڵام بۆ دوو
نه‌وره‌س ده‌شىَ ده‌ورو خولى یه‌ختێك بده‌ن تا ئه‌و جێیه‌ى مه‌به‌ستیانه، ئێستا
ئاماده بۆ روبه‌رِوبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه ..
كاپیتانه‌كه وه‌كو ئه‌وه‌ى چاوى ته‌نها بایه‌وان ببینێت، هاوارى كرد: بایه‌وان چیه؟
خۆ فیلمى تایتانیك نیه له‌و پێشه‌وه وه‌ستاوى، بجوڵىَ خێراتر تا هه‌موومان تیا
نه‌چووینه .. ده‌ى سه‌گباب.
تۆ راچڵه‌كیت له‌ده‌نگی كاپیتان و نه‌وره‌سه‌كانت بیرچوویه‌وه، ووتت: باشه .. باش
خۆ به‌س منی تیانیم ئه‌م یه‌خته‌نه!!؟ كاپیتان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیشه‌ی زیاتر
له (15) ساڵی ده‌بوو، به‌و جۆره مامه‌ڵه‌كردنه راهاتبوو، به‌بێ دوودڵی پێی وت:"
ده‌مت داخه بانه‌یه‌م به‌شه‌ق ده‌مت بشكێنم، قۆنده‌ره، تۆ كرێكاریت له‌لای من، من
فه‌رمانت به‌سه‌ر داده‌كه‌م و تۆش ته‌نها جێ به‌جێی ده‌كه‌یت، تێگه‌یشتی؟!!
ئه‌گه‌ر به‌دڵیشت نییه فه‌رموو دابه‌زه خواره‌وه .. پێشتر چه‌ند كه‌سێكمان له‌م
ناوچه‌یه‌دا داگرتووه، كه گه‌شته‌كه‌یان به‌دڵ نه‌بووه.
تۆیش كه هیچ ئه‌زمونێكت له‌گه‌لڕ ده‌ریاوانیدا نه‌بوو، زۆر تورِه‌بوویت، ته‌ماشای
سیمای ئه‌وانی دیكه‌ت ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت هیچ هه‌ڵوێستێكیان هه‌یه .. یاخود
نا!!، هه‌موویان بێده‌نگ بوون.
یه‌كێكیان هه‌ڵیدایىَ و وتی:" گه‌وره‌م ئه‌م كورِه یه‌كه‌مجاره گه‌شتی ده‌ریایی
بكات، هیوادارم لێی ببوریت، چونكه یاسای ده‌ریاوانی نازانێت.
كاپیتانه‌كه وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی (مافیا) ده‌هاته به‌رچاو، قاقایه‌كی بۆكردوو
وتی:"ئه‌ی كێ به‌ناخێری گیانی كردوویه به‌بایه‌وان؟، هه‌مان كه‌س وتی: قوربان
وابزانم چیرۆكنووس دایناوه!!، كاپیتانه‌كه هێنده تورِه‌بوو وه‌كو گرِكانێك
بته‌قێته‌وه، ووتى: ئێمه وا خه‌ریكه سه‌رمان ده‌چێته‌وه ئه‌و شوێنه‌ى لێوه‌ى
هاتووه، ئێوه‌ش ده‌ڵێى له به‌شى ئه‌ده‌بیاتى زانكۆ دانیشتوون ..
هه‌ندێك وه‌ستایه‌وه له قسه‌كردن و ووتى: بۆچى چیرۆكنووسیشمان له‌گه‌ڵه؟!!
بایه‌وان گفتوگۆكه‌ى نێوان من و نه‌وره‌سه‌كه‌ى هاته‌وه یاد، كه ئه‌و ده‌مه رۆحى
ئه‌و له جه‌سته‌ى نه‌وره‌سه‌كه‌دا بوو، هاته وه‌ڵام: به‌ڵىَ من ئێستا له‌گه‌ڵ
ئه‌ودا قسه‌م ده‌كرد.
كاپیتانه‌كه هاته خواره‌وه به چه‌ند پلیكانه‌یه‌كدا و گه‌یشته ناو
سه‌رنشینه‌كان و پرسى: كوا له كوێیه؟
بایه‌وانه‌كه هه‌وڵیدا هێمنى بگه‌رِێنێته‌وه بۆ گفتوگۆكانى كاپیتان و
به‌له‌سه‌رخۆیى ووتى: ئه‌گه‌ر بتوانى رۆحت بسپێرى به‌شتێكى دیكه‌ى ئه‌م بوونه كه
تۆى تیادایت، ده‌توانى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ چیرۆكنووسدا گفتوگۆ بكه‌یت.
كاپیتان كه به‌م شێوازه قسه‌كردنه هیچ خۆشى نه‌ده‌هات، ووتى: ئێوه وه‌كو شاعیر
قسه ده‌كه‌ن، منیش ته‌نها شتێك كه زۆرم رق لێى ده‌بێته‌وه شیعر‌و خه‌یاڵاته،
ئه‌و چیرۆكنووسه‌ى ئێوه باسى ده‌كه‌ن، ئه‌ركى چیه له‌ناو ئه‌م یه‌خته‌دا؟
بایه‌وان هه‌وڵى دا كه هێمنتر قسه بكات و هه‌رچى تورِه‌یى و سوكایه‌تى پێكردنى
كاپیتانه‌كه هه‌یه له‌بیرى بكات، ووتى: كاپیتانى به‌رِێز ئه‌و ئه‌ركه‌كانى بۆ
ئێمه دیارى كردوه، قه‌ده‌رى هه‌موو شته‌كان له نووكى پێنووسه‌كه‌ى ئه‌ودایه.
كاپیتان ده‌مانچه‌كه‌ى له قه‌دى كرده‌وه‌و فیشه‌كێكى به‌ره‌و ناو ده‌ریاكه
ته‌قاندو ووتى: ئه‌وه‌ى ئێوه باسى ده‌كه‌ن، چیرۆكنووس نیه .. ئێوه باسى خوا
ده‌كه‌ن .. خوا
بایه‌وان كه ترسێكى زۆرى لىَ نیشت ووتى: قوربان تورِه مه‌به .. تورِه مه‌به،
ئه‌وه له ده‌ستى ئێمه‌دا نیه، تۆ بۆچى ناته‌وىَ لێمان تێبگه‌یت؟
له‌و كاته‌دا هه‌وره‌كان له دووره‌وه گرماندیان و بروسكه‌یان دا، كاپیتان هه‌ندێك
بێده‌نگ بوو .. چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كى قوڵى هه‌ڵكێشا و ووتى: تۆ .. بایه‌وان .. وه‌ره
پێم بڵىَ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا قسه‌ت ده‌كرد؟! من تۆم بینى كه ته‌ماشاى ئاسمانت
ده‌كردو وه‌ستابوویت به ته‌نی، بایه‌وانه‌كه ووتى: به‌رِێز كاپیتان كات بۆ ئێمه
دره‌نگه وا هه‌وره‌كان ده‌گه‌نه سه‌رمان، با چارۆكه‌كان توندتر بكه‌ین.
كاپیتان به‌تورِه‌ییه‌وه ووتى: نه‌خێر پێم بڵىَ چۆن قسه‌ت له‌گه‌ڵ خودادا ده‌كرد؟!!
بایه‌وان هه‌ردوو ده‌ستى گرته ناو قه‌دییه‌وه‌و هه‌ناسه‌یه‌كى نائومێدانه‌ى
هه‌ڵكێشا .. كه‌وته گێرِانه‌وه‌ى چیرۆكى دوو نه‌وره‌سه‌كه‌و دواتر گفتوگۆى نێوان
خۆى له‌رۆحى نه‌وره‌سه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ چیرۆكنووسدا ..
كاپیتان هه‌ندێك بیرى كرده‌وه‌و ووتى: مادام وایه فه‌رموو به چیرۆكنووس بڵىَ با
ئه‌و هه‌ورانه لا ببات له‌چیرۆكه‌كه‌یدا، ئه‌گه‌رنا هه‌موومان تیا ده‌چین، یانیش
ته‌نها تۆ تیا ده‌چێت.
بایه‌وان ووتى: من بۆ؟ چیم كردوه؟
كاپیتانه‌كه ووتى: تۆ هاورِێى چیرۆكنووسیت، ئه‌و ده‌توانێت رزگارمان بكات، یان تۆ
ده‌كوژم، یانیش ده‌بىَ خێرا هه‌وره‌كانى لاببات.
هه‌وره‌كان گه‌یشتنه سه‌ریان و نمه .. نمه باران دایكرد.
كاپیتانه‌كه هات پێشه‌وه و یه‌خه‌ى بایه‌وانى گرت و ده‌مانچه‌كه‌ى ئارِاسته‌ى
سه‌رى كرد‌و ووتى: دیاره تۆ ناته‌وىَ رۆحت به هیچ شتێك بسپێرى، ئێستا من رۆحت
ده‌سپێرم به گولله‌یه‌ك.
بایه‌وانه‌كه كه‌وته پارِانه‌وه: نه‌كه‌ى توخوا .. مه‌مكوژه .. ئه‌گه‌ر هه‌ر
ده‌مكوژى به گولله مه‌مكوژه، چونكه چیرۆكنووسه‌كه ناتوانىَ له‌گه‌ڵ گولله‌دا
گفتوگۆ بكات، به‌شتێكى دیكه بمكوژه تا بتوانێت له‌گه‌ڵمدا قسه بكات.
كاپیتانه‌كه یه‌خه‌ى به‌رداو پاڵێكى توندى پێوه ناو ووتى: مادام وایه خۆت فڕێده
ده‌ریاكه‌وه.
بایه‌وان كه ترسى مردن تووشى په‌شۆكانێكى زۆرى كردبوو، قسه‌كانى به په‌له‌پروسكىَ
ده‌كرد، ووتى: ناوێرم .. چۆن خۆم فڕێده‌م؟!!
كاپیتانه‌كه تاویدا بیخاته ده‌ریاكه‌وه، بایه‌وان هه‌ڵهات له ده‌ستى و
كاپیتانه‌كه له یه‌خته‌كه كه‌وته خواره‌وه.
خێرا هه‌موو كه‌وتنه‌خۆ بۆ رزگاركردنى، پاش هه‌وڵێكى زۆر توانیان له ده‌ریاكه
ده‌ریبهێننه‌وه، به‌ڵام رۆحى سپاردبوو.
كه‌سى سێیه‌م، كه له‌رۆحى ده‌ریاوه قسه ده‌كات و له برى كاپیتان له ده‌ره‌وه‌ى
چیرۆكه‌كه وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
من چه‌ند مه‌ترێك له‌ولاى تۆوه دانیشتووم و ئه‌م چیرۆكه ده‌نووسم.
من: ئه‌و هه‌ورانه ره‌شه‌بایه‌كى توندى له‌گه‌ڵدا بێت زریان دروست بكات له تۆدا؟
یان لێزمه‌یه‌ك باران ببارێت و هیچى دیكه؟
كه‌سى سێیه‌م: من ده‌مه‌وىَ له‌گه‌ڵ باراندا هه‌ندێك سه‌ما بكه‌م و هیچى دیكه.
من: بۆچى حه‌ز به زریان ناكه‌یت و بۆچى هێنده شاعیرانه قسه ده‌كه‌یت؟
كه‌سى سێیه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌خته‌كه نوقم ده‌بێت و ماسى و گیانله‌به‌ره‌كانى
ده‌ریا بێزار ده‌كات، من تاوه‌كو نه‌گه‌یشتمه لاى تۆ باوه‌رِم به‌وه نه‌بوو كه
خه‌یاڵاتى شاعیرانه ده‌شىَ شتێك ببه‌خشن به مرۆڤ، به‌ڵام ئێستا تێده‌گه‌م كه
بایه‌وان و هاورِێكه‌ى بۆچى شاعیرانه قسه ده‌كه‌ن.
من: ئه‌ى ئه‌گه‌ر هه‌وره‌كه له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌ربهێنم؟
كه‌سى سێیه‌م: ئه‌وه زۆر باشتره، چونكه له‌رِاستیدا ده‌ریا پێویستى نه بارانه
و نه زریان، چونكه بۆ خۆى ئه‌وه‌نده‌ى مه‌ترسى هه‌یه، كه مرۆڤ پێویستى به‌وه
نه‌بێت ئافاتى له‌وه گه‌وره‌ترى به‌سه‌ردا بێت له‌ناو ئه‌و ده‌ریا پان و
به‌رینه‌دا.
من: به‌ڵام تۆ زۆر دڵرِه‌قى، هه‌ر خۆت ئافات و كاره‌ساتى بۆ سه‌رنشینه‌كانى ناو
یه‌خته‌كه.
كه‌سى سێیه‌م: ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و هه‌ورانه لا ببه‌یت، منیش به‌ڵێنیت ده‌ده‌مىَ كه
ئیدى باشبم له‌گه‌ڵ سه‌رنشینه‌كانى ناو یه‌خته‌كه‌م.
من: یه‌خته‌كه هى تۆ نیه، من پێم داوى، مه‌ڵىَ یه‌خته‌كه‌م.
كه‌سى سێیه‌م: به‌ڵىَ باشه، یه‌خته‌كه.
بایه‌وانه‌كه به هه‌ردوو ده‌ستى گوشارى ده‌خسته سه‌ر سنگى كاپیتان و ده‌یویست
ئه‌و برِه ئاوه ده‌ربهێته‌وه كه چوو بووه ناو سنگیه‌وه.
كاپیتان كۆخه‌یه‌كى بۆ كرد‌و رۆحى هاته‌وه به‌ر، هێواش .. هێواش زیاتر هۆشى
ده‌هاته‌وه به‌ر، چاوى كرده‌وه هه‌موو سه‌رنشینه‌كانى ناو یه‌خته‌كه
بازنه‌یه‌كیان كێشابوو به ده‌وریدا، ده‌ستیان كرد به پێكه‌نین و هاواریان كرد،
هه‌ر یه‌كه‌و له‌لاى خۆیه‌وه سوپاسگوزارى خودا بوون.
له‌رِاستیدا خودا له‌م چیرۆكه‌دا بوونى ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه، كه من هه‌ندێك
له‌وێنه سروشتییه‌كانى ئه‌وم به‌كارهێناوه، ئه‌گه‌رنا روداوه‌كان لێره‌وه .. له
نووكى ئه‌م پێنووسه‌وه برِیاریان له‌سه‌ر ده‌درێت.
كاپیتان چاوى هه‌ڵهێنا و هه‌ستایه سه‌رپىَ، ته‌ماشاى كرد هیچ هه‌ورێك نه‌ماوه
له‌ئاسمان و ساماڵێكى خۆشه، ته‌ماشایه‌كى بایه‌وانى كرد‌و ووتى: تۆ هه‌ر به
ترسنۆكى ده‌مریت، ئه‌وه رۆیشتم بۆ لاى چیرۆكنووس و گه‌رِامه‌وه، خۆ نه‌مردم ..
بایه‌وان وه‌ڵامى دایه‌وه: من هه‌میشه به‌دبه‌ختانه هه‌موو رووداوه‌كانم بینیوه،
سه‌ره‌تا من نه‌ده‌بوو له‌م یه‌خته‌ى تۆدا سه‌ربكه‌وم، پاشان كه سه‌ركه‌وتم،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كه‌مجارمه گه‌شتى ده‌ریایى بكه‌م، نه‌ده‌بوو بكرێم
به(بایه‌وان)، سێیه‌م شت كاتىَ له‌رۆحى نه‌وره‌سێكدا توانیم له‌گه‌ڵ ئه‌فرێنه‌ر
گفتوگۆ بكه‌م له‌نزیك مردنى سێیه‌مدا بووم، كاتىَ(باز)ێكى برسى خه‌ریك بوو بمخوات.
كاپیتانه‌كه لێى پرسى: خه‌ڵكى كوێیت؟
ووتى: من خه‌ڵكى سه‌رزه‌مینێكم یه درێژایى مێژوو ته‌نها روویه‌كى شه‌رِو دره‌ختى
دووبه‌ره‌كى تیادا ده‌رِوىَ.
كاپیتان به په‌له وه‌ڵامى دایه‌وه: كه‌واته تۆ خه‌ڵكى نیشتمانى عه‌ره‌به‌كانى؟!!
بایه‌وان به‌بىَ دوودڵى ووتى: نه‌خێر من خه‌ڵكى كوردستان‌م.
كاپیتانه‌كه ماوه‌یه‌كى كورت بیرى كرده‌وه‌و هیچ قسه‌یه‌كى نه‌كرد، پاشان ووتى:
كوردستان وڵاته؟
بایه‌وان هه‌ناسه‌یه‌كى قوڵى حه‌سره‌تاوى هه‌ڵكێشاو ووتى: نا خاكێكى ئه‌تككراوه،
دابه‌شى چوار كراوه‌و كه‌رِه‌تى نه‌زانین كراوه‌و فه‌رمانرِه‌وایى خۆماڵى لىَ
ده‌ركراوه، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و تورك و فارس‌دا كۆكراوه‌ته‌وه.
كاپیتان ته‌ماشاى شێوازى ئاخاوتنى كورِه‌ى بایه‌وانى كرد، بینى به تورِه‌ییه‌وه
قسه‌كانى ده‌كات، ووتى: تۆ چى گه‌یاندتى به ئێره؟
ووتى: من هه‌ڵدێم .. ده‌رِۆم بۆ شوێنێك وه‌كو مرۆڤ ته‌ماشام بكرێت.
كاپیتان فێڵبازانه كه‌وته قسه‌كردن و ده‌یووت: له‌گه‌ڵ من كار بكه، ده‌بیته
خاوه‌نى سه‌رمایه‌یه‌كى زۆر.
بایه‌وان ده‌ستى كرد به پێكه‌نین و وه‌ڵامى دایه‌وه: سه‌رمایه‌م ناوىَ .. رێزم
ده‌وىَ .. رێز، ده‌مه‌وىَ وه‌كو مرۆڤ بژیم.
كاپیتان ووتى: تا له‌م یه‌خته‌دا بیت ده‌بىَ له فه‌رمانى من ده‌رنه‌چیت، ئه‌گه‌رنا
زه‌ره‌ر ده‌كه‌یت.
بایه‌وان زۆر تورِه بوو، برِیاریدا خۆى بكوژێت، رایكرد خۆى بخاته ده‌ریاكه‌وه..
كاپیتان هاوارى كرد: بوه‌سته . رووى كرده سه‌رنشینه‌كان و ووتى: بیگرن مه‌هێڵن
خۆى بكوژێت.
بایه‌وانه‌كه خۆى خسته ده‌ریاكه‌وه، دیسان سه‌رنشینه‌كانى ناو یه‌خته‌كه
كه‌تنه‌وه‌خۆ بۆ رزگاركردنى بایه‌وانه‌كه له ده‌ریاكه‌دا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بایه‌وان ویستى مردنى هه‌بوو، به زه‌حمه‌ت چنگیان لێى گیر بوو تا
ده‌ریبهێننه‌وه، به هه‌موویان هه‌وڵیان ده‌دا خێراتر بیگه‌یه‌ننه سه‌ر یه‌خته‌كه
بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هێڵن گیان بسپێرێت، ئه‌مه‌یش فه‌رمانى كاپیتانه‌كه بوو، چونكه
ده‌یزانى ئه‌گه‌ر بگاته لاى چیرۆكنووسه‌كه له‌وانه‌یه سكاڵا له ده‌ستى دڵره‌قى
كاپیتان بكات و ئه‌وكات چاره‌نووسى كاپیتان و یه‌خته‌كه‌ى روو له خراپى بكات.
زۆر هه‌وڵیاندا بۆ ئه‌وه‌ى ژیان بگه‌رِێنه‌وه بۆ كورِه‌ى بایه‌وان، به‌ڵام هیچ
سودێكى نه‌بوو، به‌رده‌وامبوون له‌هه‌وڵدان و خێرا .. خێرا هه‌ناسه‌یان ده‌كرده
سنگیه‌وه‌و گوشاریان ده‌خسته سه‌ر سنگى ..
دیسان كه‌سى دووه‌م له برى بایه‌وان له ده‌ره‌وه‌ى چیرۆكه‌كه وه‌ڵام ده‌داته‌وه،
به‌ڵام ئه‌مجاره له‌رۆحى ده‌ریاوه به هاژه و شه‌پۆله‌وه قسه ده‌كات.
من: تۆ ئه‌مجاره به ویستى خۆت هاتووى بۆ لاى من، ده‌پرسم چیت ده‌وێت؟
كه‌سى دووه‌م: ده‌مه‌وىَ بمرم و نه‌گه‌رِێمه‌وه بۆ ناو ئه‌و یه‌خته، تكام وایه
داواكارییه‌كه‌م ره‌ت نه‌كه‌یته‌وه.
من: باشه به‌ڵام كه هاتیه لاى من ئیدى شتێك نیه ناوى مردن بێت، چونكه تۆ ئیدى
ده‌بێ له‌گه‌ڵ مندا بژیت.
كه‌سى دووه‌م: گرنگ نیه به‌لامه‌وه، به‌ڵام نامه‌وىَ بگه‌رِێمه‌وه.
من: به مه‌رجێك ده‌بىَ ره‌زامه‌ندى نیشان بده‌یت كه ده‌بىَ له‌گه‌ڵمدا بێیت.
كه‌سى دووه‌م: بۆ کوێ؟
من: هه‌ڵدێم
كه‌سى دووه‌م: بۆ کوێ؟
من: وه‌كو تۆ بۆ سه‌رزه‌مینێك ده‌گه‌رِێم كه رێزم لێ‌بگرن وه‌كو مرۆڤ، ده‌رِۆم بۆ
مه‌مله‌كه‌تێك وه‌كو خۆم بمخوێننه‌وه، نه‌وه‌كو ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ده‌یه‌وێت.
كه‌سى دووه‌م: كه‌واته تۆش هه‌مان كێشه‌ى منت هه‌یه.
من: من ده‌بىَ له‌پێناو تۆدا قوربانى به‌م چیرۆكه بده‌م، چونكه تۆ كه له
چیرۆكه‌كه‌م ده‌ربچیت ده‌بیته به‌شێكى گه‌وره‌ى من و پاڵه‌وانى سه‌ره‌كى
چیرۆكه‌كه‌م له‌ده‌ست ده‌ده‌م، هه‌ر بۆیه ده‌بىَ له‌پێناو ئاسووده‌یى تۆدا، من
ئه‌م وڵاته به‌جێبهێلم و برِۆم بۆ شوێنێك رێز له هه‌ردووكمان بگرن و .. ئه‌م
چیرۆكه‌یش به ناته‌واویى كۆتایى پێ بهێنم.
ئه‌یلولى 2006