تۆ ..که ده‌ستم له خۆم پێ ده‌شۆی !!
ڕێباز مه‌حمود
هۆڵه‌ندا
ده‌مه‌وێت به شێنه‌یی خۆم له خۆم بدزمه‌وه و
به ناو ته‌مومژه‌کانی تۆدا بکه‌ومه ڕێ
که له دوره‌وه به‌سه‌ر دوورگه‌یه‌کی سیحراویدا په‌خش
بۆته‌وه ..
بۆ خۆ شاردنه‌وه‌شم له پیری ،
به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵمێکی ته‌ڕ له ڕووی ئاوێنه‌که‌م بنیشێ
بۆ دوا جار ئاراسته‌که‌ی ده‌گۆڕم
له ڕوو به‌ڕووی تاڵه سپیه‌کانی سه‌رمه‌وه
به‌ره‌و ڕووی بێ ئۆقره‌ییم ..
له ڕوو به‌ڕووی ماتییه‌کانی دڵمه‌وه ،
به‌ره‌و ڕووی سه‌رکێشیه‌کانی ڕۆحم ..
هیچ قسه‌یه‌کیشم نییه بۆ سه‌رسامییت
،
هێنده نه‌بێ ناونیشانێکی ئه‌ده‌مێ
بڕوات له ئاماری مردنه‌کانا
له ته‌نیشت خه‌ونه کوژراوه‌کانی خۆتا بمدۆزێته‌وه ...
حه‌ز ده‌که‌م بڕوات گیانه‌ڵای ته‌یرێکی باڵشکاو
له ناو گریانی فلوتێکا
بخوێنێته‌وه ..
به بێ مه‌یلی هه‌ورازێکه‌وه
له دوا زه‌رده‌خه‌نه‌ی فڕینێک بڕوانێت
که ده‌ست له سنگفراوانی ئاسمان ده‌شوا ..
نامه‌وێت هیچ شتێک بکه‌م به کۆڵ به‌سه‌ر خۆمه‌وه
ده‌ست له هه‌موو ڕژانێکی تا ئێستای خۆم ده‌شۆم و
به شێنه‌یی ده‌که‌ومه ڕێ
ته‌نانه‌ت به دزی جه‌سته‌شمه‌وه ..
حاشا له‌و پێکه‌نینانه‌ی بۆ ئه‌تک هاتن و
خۆیان له‌ودیو فاریزه‌کانی هه‌نیسکمه‌وه
قوت کرده‌وه ..
حاشا له‌و ڕۆژانه‌ی به زمانلوسیی خۆیانه‌وه
هاتنه بن کڵێشه‌ی خۆشخه‌یاڵیم و
له ماڵه دوو ژوور و یه‌ک هه‌یوانیه‌که‌ی خه‌مه‌وه
به ئاراسته‌ی خۆشبه‌ختیدا ،
بۆ ناو شوقه به‌رزه‌کانی کاره‌ساتیان هێنام ..
حاشا له‌و پێشوازیه گه‌رمه‌ی
له کۆڵانه پڕ یاریه‌کانی مناڵیما
کڵاوی ئومێدی له‌سه‌ر نام و
وتی گه‌نجینه‌که‌ی تۆم لا‌ی پاشه‌ڕۆژ دیوه !
ئیدی په‌لی گرتم و
بۆ ناو ئه‌م زه‌مانه ساردوسڕه‌ی هێنام ...
نا .. تازه من ده‌زانم
گه‌وره بوون ته‌نیا به ئه‌فسانه‌کردنی مناڵیی
بوو .. هیچی تر !
سه‌فه‌ر به ئه‌فسانه‌کردنی نیشتمان و
من به ئه‌فسانه‌کردنی ژیان و
تۆ به ئه‌فسانه‌کردنی من ..
بۆیه‌ش ته‌نیا به ڕوحێکی سوکه‌ڵه‌وه
له خۆم ئه‌ترازێم و
هه‌رگیز خۆم له قه‌ره‌ی خۆم ناده‌م ..
تۆ له‌وێیت و
شه‌رابه‌کانم به سکوتی کوشنده‌ی که‌ونا ده‌ڕێژی و
له بورکانی لێوه‌کانت پێکه‌کانی خه‌یامی میواندارێتیم
لێگا لێگا بۆ پڕ ده‌که‌ی له ماچی ئاگرین ،
به‌ڵام خۆت نه له ئێستا‌و نه له داهاتووی ئه‌م نزا وێڵه‌م
ئاشکرا ناکه‌ی ...
به‌ڵام من به له‌مسی په‌لکه‌زێڕینه‌کانتا دێمه خه‌یاڵته‌وه ..
هیچت لێ ناخوازم هێنده نه‌بێ سه‌رگه‌ردان سه‌رگه‌ردان له قوڵاییه‌کانتا
ڕوخسه‌تم بده بێم و بسوڕێمه‌وه ..
هیچت لێ نابه‌م هێنده نه‌بێ ده‌خوازم به ڕێگا دوره‌کانما بێیت و
له سه‌فه‌رێکی بێ کۆتاییدا بیت..
له دونیات ناشارمه‌وه ..
ئاکامی شه‌ڕه‌کانت هه‌رچی بن ،
ئۆباڵی مه‌خه‌ره ئه‌ستۆی دوودڵیت
به‌ڵام بتوانه له ناو ژووری قانگ دراوی مه‌ینه‌تباریدا
،
هه‌ناسه‌کانم هه‌ڵمژیت ..
بهێڵه جۆگه‌له‌ی چرپه‌کانت به لێوه‌کانتا
که شوێن نزرگه‌ی ئه‌هلی بزه و مه‌غزان
هه‌میشه به ڕێوه بێ ،
تا تینوێتیم له ناویا نوقوم بێ ..
هه‌موو سه‌فه‌ری درێژی منیش به تۆدا
که هێنده‌ی عومری نوحه
ئه‌و ساتانه‌یه
که تۆ تیایاندا دانیشتوی ، به پێوه‌ی ، به ڕێوه‌ی
یان ڕووت و قووت
له ناو شیعرێکا ڕاکشاوی ..
به‌ڵام خه‌یاڵت بۆ لایه‌کی تری چاره‌نوست ده‌ڕوا و
کلوو کلوو به‌فر به‌سه‌ریا ده‌بارێ !
له‌وێ هه‌ڵم ده‌گریته‌وه و
وێڵیم له ڕۆحتا ده‌شیعرێنی ...
هه‌ر جارێکیش که بێ ڕه‌نگیم ببینی
ڕه‌نگه ده‌ست بکه‌ی به ناو جانتاکه‌تدا و
به قه‌ڵه‌می ماکیاجه‌که‌ت ،
که هه‌میشه ڕوخساری وه‌رزه‌کانی پێ ئارایش ده‌که‌ی
بۆ یادگاری ،
فڵچه‌یه‌ک به ڕوومه‌تی گرینۆکیما بهێنی ..!!