باناراس
بۆ "ته‌لعه‌ت تاهیر".. به‌یادی ڕِۆژه‌خۆڵاوییه‌كانی
هه‌ولێر
ڕِابون مه‌عروف
2006 r.maeroof@yahoo.co.uk
كه گورگێك لووت ده‌ژه‌نێته
نیوه‌شه‌و و له
خودا ده‌ڵا‌ڕێته‌وه..
سه‌رسام ده‌بم
كه قو‌ڵینگ بووك ده‌گوازنه‌وه
و زماوه‌ندێك به‌رپا
ده‌كه‌ن، له‌حه‌وشه
و باخاتى
خودا.. له‌ئاسمان
دار گوێز دایكم په‌نا ده‌داو
..په‌ڕِه‌سێلكه‌بۆی ده‌خوێنن
دار مێوه‌كان به‌شێواندا شۆڕِ ده‌بنه‌وه‌و بێده‌نگ ده‌بن
كه‌باز باڵ لێكده‌كه‌نه‌وه و ناز به‌سه‌ر دونیادا ده‌كه‌ن
لاولاوێكی شه‌نگ و عه‌یار به سوبحه‌یناندا
هه‌ڵده‌زنێ
و گوڵ ده‌ڵشكون.. سه‌رسام ده‌بم
سه‌رسام ده‌بم.. كه شۆڕِه‌بی خۆی به
شه‌وا هه‌ڵده‌واسێت و مات ده‌بێت
كه جووتیك کۆترى دڵته‌ڕ
هه‌ڵده‌نیشن.. چاوبازى و د‌ڵدارى ده‌كه‌ن
توتكه‌سه‌گێك له‌به‌ر ده‌مم هه‌ڵده‌توكێ و فرمێسك له
چاوانی دێت
من سه‌رسامم به خه‌ونی پێش
سپێده‌ی خۆم
گشت خه‌ونێكم له‌گونده‌كه‌مانه‌وه ده‌ست
پێده‌كات و له سۆفیا
كۆتایى پێدێت
له‌به‌رده‌م ما‌ڵی ئه‌و ژنه‌ى كه سا‌ڵانیك به‌ر له
ئێستا
وه‌ك سێبه‌ریكى به‌ویقار به به‌رده‌ممدا
تێپه‌ڕى
ده‌چمه سۆفیا و شۆخترین ژنی
سه‌ر زه‌وی ده‌بینم و ده‌سكێك گو‌ڵى
پێشکه‌ش ده‌كه‌م
سه‌رسام ده‌بم، كه خودای دواى نیوه‌شه‌وان به‌دوو
چاوى پڕ فرمێسكه‌وه
دێته‌لام
ده‌رده‌دڵی بۆیه‌ك ده‌كه‌ین..
ده‌ردى غه‌ریبى.. ده‌ردى ته‌نیایی،.. واى ته‌نیایی
كه ئێواران، به‌سه‌ر كێوى ئه‌رجیسه‌وه
خۆر ده‌بینم
پڕ بووه به
جوانى و مه‌ست بووه به‌خوڕه‌ى ڕووبار و سه‌نگینى
ده‌ریا.. سه‌رسام ده‌بم
چه‌ند له‌چاوى خودا ده‌چێت، ئه‌م خۆره، به‌سه‌ر خۆشى
چه‌ند جوانه خودا، كه
خه‌وا‌ڵووه
چه‌ند دلۆڤانه ئه‌م ئاسمانه، كه‌باوه‌ش بۆ ئه‌ستێره‌كان
ده‌كاته‌وه
سه‌رسام ده‌بم، كه هاوینان قامیشه‌ڵان ڕاده‌كشێت و
ڕه‌نگ ده‌ڕژێنێته دونیاوه،.. ڕه‌نگی خودا
ژیان له‌گونده‌كه‌ماندا، وه‌ك حه‌وانه‌وه وایه
له‌ما‌ڵه‌كه‌ی د‌ڵمدا
ما‌ڵێك هه‌یه له د‌ڵما،
چه‌ند میوان نه‌وازه، مه‌عبه‌دى خودایه
خودا ناچێته شارى بێ
مه‌عبه‌ده‌وه
چ به‌سته‌ڵانێكه ئه‌م شاره
بێ په‌رستگایه، سارده
وه‌ك د‌ڵى هاوڕێكانم
هاوڕێكانم وه‌كو شارى بێ خودا سارد بوونه‌ته‌وه
كه له‌ته‌نیایی خودا و جوانى
لاگیجان ورد ده‌بمه‌وه، سه‌رسام ده‌بم
له‌سه‌فه‌رى بێهوده‌ى خۆم به‌سه‌ر ئه‌م سیراته‌ى عومردا
به‌ناو ته‌متوومانى دوود‌ڵى و حه‌سره‌تى جێهێشتنى دایكم
بزر بوونم به‌م هه‌ڵه‌ته‌وه كه
ژیانه،.. سه‌رسامم ده‌كات
بزربوونى من له‌خودا یان خودا له خۆم
من سه‌رسامم به‌خوشنودیت خوداى نیوه‌شه‌و
كه‌دێیته لام و باسى
لاگیجانم بۆ ده‌كه‌یت
به‌خودا لاگیجان وامده‌زانى من تۆم له‌بیر ده‌چێته‌وه
سه‌یرمكه..خه‌ریكه ڕه‌نگ و
بۆنی تۆ ده‌گرم
سه‌یركه چۆن وه‌كو نه‌یزه‌ك به‌ته‌مه‌نمدا ده‌كشێیت و
ناكوژێیته‌وه
به‌سه‌ر پشتی هه‌ورێكه‌وه.. ڕۆژه‌كان، مانگه‌كان و
سا‌ڵه‌كانی ته‌مه‌نم ده‌ژمێریت
لاگیجان كچێكى هیندى بوو..
چه‌ند خانم بوو، كه ڕاده‌ما
و سه‌یری نیوه‌شه‌وی ده‌كرد
كه‌ڤیداسه‌كانى ده‌خوێند.. داروبه‌رد شه‌رمى لێ
ده‌كرد
جه‌نگه‌ڵ و لێڕ.. شاخ و ڕووبار بێده‌نگ ده‌بوون
بێ لاگیجان، به‌ته‌نیا ده‌چمه باخچه‌كان
ته‌نیا ده‌چم بۆ مزگه‌وت، بۆ كلێسا و مه‌عبه‌ده‌كان
به‌ته‌نیا خه‌ون ده‌بینم سه‌فه‌ر ده‌كه‌م بۆ باناراس
چه‌ند میهره‌بانه، خودایه، ئه‌م ڕووباره
خوڕه‌ی باناراس له‌ده‌نگی خودا ده‌چێت له‌كاتی نه‌وازشدا
حیشمه‌تی باناراس له‌شه‌رمی خۆر ده‌چێت، به‌ره‌به‌یان،.. پێش
هه‌ڵاتن
به‌لێواری ئه‌و زێیه‌وه ده‌ستنوێژ ده‌شۆم
له‌سه‌ر تاتێك ڕوو له‌خوودا ئیعترافات ده‌نووسمه‌وه
باسی به‌دكرداری خۆم و ڵاكیزه‌یی لاگیجان بۆ خودا
ده‌كه‌م
له‌میحراب و ده‌رگای به‌هه‌شت مووباره‌كتر
بوو لاگیجان
له چاوى قرژاڵ ڕووناكتر، له‌ئاوى زه‌م زه‌م زوڵاڵتر،
له‌شنه‌ى با ده‌لالتر بوو
لاگیجان له‌تیشك ده‌چوو، پارچه‌هه‌تاو
له‌دڵی ته‌مدا
بزه وه‌ك ڕووناكی به
لێویه‌وه ده‌نیشته‌وه
چه‌ندم خۆشده‌ویست، كه‌بانگی ده‌كردم ئه‌رجیوانا
ئه‌رجیوانا،.. پاڵه‌وانی ڤێداسه‌كان
من شه‌رابم له‌گه‌ڵ خوێنى لۆسیفه‌را بۆ تێكه‌ڵ كرد
من ڕامهێنا چێژ له گومڕایی وه‌رگرێت
ئه‌وه‌تا ئیبلیس،.. له‌م كه‌له‌سه‌ره‌ی مندا
من دامهێنا، عورفى خیانه‌ت له هاوڕِێكان
عورفى سه‌ربڕینى وه‌فا و گوڵ له‌خاچدان
بێ لاگیجان.. به‌ته‌نیا زیكرى خوا ده‌كه‌م
كه سه‌ر ده‌نێمه سه‌ر سنگت،
ناتوانم نه‌گریم
كه ده‌ست ده‌خه‌یته سه‌ر
شانم، به‌دنمه‌كیم دێته‌وه بیر
دڵم خه‌ریكه گڕِ ده‌گرێ، به‌نورى عیشقت
یار غیره ده‌كات به بینینت،
له‌دڵما چه‌ند ئارامى
پێش فه‌جر وه‌ره بۆ ژووان،
كه یار خه‌وتووه.. خودایه
من حه‌ز ده‌كه‌م خودایه‌كم هه‌بێت له گوڵ
خودایه‌كم هه‌بێت له ئاو، یه‌كیش له
گیا
ئه‌م شاره من ناگرێته خۆی..
با شار بۆ تۆ بێت هاوڕِێكه‌م،.. حوجره‌ى مزگه‌وته‌كان بۆ من
ئه‌م شه‌قامانه بۆ تۆ بن، منیش نوێژى خۆم ده‌خوێنم
له‌ناو مه‌عبه‌دى مشكه‌كان
له خۆیم ناگرێت ئه‌م شاره..
دڵم ده‌شكێنێت و ته‌ریقم ده‌كاته‌وه،
وه‌ك ته‌ریقكردنه‌وه‌ی ئیبلیس له‌به‌رده‌م ڕه‌یاندا
كه له‌م شاره توڕه
ده‌بم، ده‌چمه‌وه بۆ ماڵى دایكم
بۆ ئه‌و ماڵه‌ی له بنارى شاخێكدایه
و به ته‌نیشتیا ڕووبارێكى مات
و خه‌مبار تێده‌په‌ڕێت
ماڵى دایكم له‌ته‌نیشت كێوێكه‌وه‌یه
و له بناریا لێڕێك هه‌یه
وا له‌كه‌نارى مێرگێكدا، كانییه‌ك له ناویدایه
چه‌ند ڕوخۆش و میوان دۆست و دڵڕفێنه
ئه‌و كانییه
ئه‌شكه‌وتێكى به‌سالاچوو له‌ته‌نیشت ماڵى دایكمه
به‌ڕۆژ شه‌رم ده‌كا بدوێ و..
به‌شه‌و له‌سه‌ر لا ده‌كه‌وێ و، به‌سه‌ر دونیادا ده‌قۆخێ
تازیه‌بار و كۆستكه‌وتووه، ماڵى دایكم
خه‌مباره بۆ له‌قله‌قه‌كان، كۆچیان كرد
و نه‌هاتنه‌وه
دوو له‌قله‌قی سه‌لار و خانم بوون
بۆ دایكم ده‌تریقانه‌وه و ئارامییان خستبووه
ماڵه‌كه‌وه
ئێواران، دواى نوێژى شێوان، ده‌هاتنه سه‌ردانى دایكم
پێیان ده‌وت، شه‌وباش خانم.. خه‌وێكی خۆش
سه‌یركه، چه‌نده خه‌مبارم.. چه‌نده
یادی دایكم ده‌كه‌م
ئه‌وه‌نده به‌ریئه دایكم،
ژاڵه و دار بی، چواله‌و قه‌یسی..
پێ له‌یه‌ك جیا ناكرێته‌وه
زۆر جار ناوی منیشی بیر ده‌چێته‌وه
دایكم بانگ ده‌كه‌م، ئاراتینا
ئاراتینا ناوى جۆرێك په‌پوله‌ى
به‌رازیلیه
كه‌دایكم نیگه‌ران ده‌بێت، له په‌پوله‌ى شێوان ده‌چێت
دایكم، كه ده‌گری، له‌قومری ده‌چێت له‌كاتى شیوه‌ندا
له‌و ماڵه‌ی دایكم تیا ده‌ژی..قومری نا‌خوێنێت بێ دایكم ..
دایكم ناگری بێ قومری
دایكم با‌نگم ده‌كات، ژیلاڤا
ژیلاڤا ناوی گوڵێكی ئوستورالییه
دایكم ده‌ڵێت.. من له‌گوڵی شه‌وان ده‌چم كه بۆنی
ته‌نیایی لێ دێت
ما‌ڵی دایكم له‌ته‌نیشت چه‌مێكه‌وه‌یه، به‌سه‌ر زێیه‌كدا ده‌ڕوانێت
چه‌مێكی به‌خشنده و ئارام.. سێبه‌ر له‌و خانووه
ده‌كات، كه دایكم ته‌نیا تیا ده‌ژیت
خانوویه‌كی مات و ڕه‌شپۆش..
تازییه‌بار و كۆستكه‌وتووه
ما‌ڵی دایكم
خه‌مباره بۆ له‌قله‌قه‌كان.. كۆچیان كرد
و نه‌هاتنه‌وه
دوو له‌قله‌قی سه‌لار و خانم بوون
ئێواران، دوای نوێژی شێوان، ده‌هاتنه سه‌ردانی دایكم
پێیان ده‌وت، شه‌و باش خانم.. خه‌وێكی خۆش