له ماڵه‌که‌تدا ، موریدێک و جه‌لادێک ده‌ژین ..
ڕێباز مه‌حمود
هۆڵه‌ندا
rebazmahmud@hotmail.com½
ژیانم وه‌کو ڕشێنه‌ی باران ،
به‌سه‌ر ڕێگا خۆڵاوییه‌کاندا و به دوای به‌هانه‌یه‌کدا
بۆ مانه‌وه‌م؛
په‌رش و بڵاو کرد و
وه‌لێ ئێستاش دڵنیا نیم کاتی خۆی هێناومه له‌گه‌ڵ خۆمدا ،
یان هه‌ر له جێ قه‌پاڵی یه‌که‌م سێودا ..
له شڵه‌ژاویمدا له بیرم چوو ؟
زه‌مانه‌کان شاهیدن له که‌یه‌وه له‌گه‌ڵ خۆمدا به‌ڕێوه‌م و
له‌گه‌ڵ خۆمدا له شه‌ڕدام و
که‌چی هێشتا فریای ئه‌وه‌ش نه‌که‌وتووم خۆم پاکنووس که‌م و
له‌سه‌ر گۆمی ئۆقره‌یه‌ک بمێنمه‌وه ..
بۆ چوونه ژوره‌وه‌م،
بۆ ته‌داوی برینه قووڵه‌کانی دڵ
ڕێم ده‌که‌وێته شاری هه‌ر حیکمه‌تێک ،
ڕه‌ونه‌قی هه‌موو گوڵی به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌کانیان
عه‌یبی له گرێژه‌نه چوونی ده‌رگاکانیان پێ داناپۆشرێ .
گه‌لێ جار به دزی حه‌زه خۆڕسکه‌کانمه‌وه
که وه‌ک لاولاو به ساده‌یی چنگیان به به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ،
ژوره‌کانی خه‌وی غه‌ریزه‌وه قایم کردووه
له ئاستانه‌ی به‌رده‌م مه‌له‌لێکه‌وه ده‌ڵێم :
له ناو نه‌ش ونومای ئه‌م سه‌رمایه‌دا ،
حه‌زم ده‌کرد بزانم گه‌رم وگوڕیم له چی ده‌گه‌ڕێ ؟
پێم خۆش بوو بزانم
ڕه‌نگه‌کان بۆچی جارێک خۆیان ناکه‌ن به ماڵی
بێ ڕه‌نگ و ڕوویی حه‌قیقه‌تدا ..؟
من هه‌ر به‌ڕێوه‌م و
هه‌ر به‌شێکی قه‌له‌نده‌ریشم
به سیاجی دڕکاوی ئه‌م بێ مه‌یلیه‌دا جێ ده‌مێنێ
که مه‌ره‌که‌ب به ده‌ستی قه‌ڵه‌مه‌وه ناهێڵێ و
نووزه له گۆرانی دوای گۆرانی ده‌بڕێ و
ته‌فسیره‌کانی ئێمه و عه‌لاگه‌ی دڕا‌و پێکه‌وه
ده‌خاته به‌ر خوێندنه‌وه‌ی نامه‌ئلوفی با ..
مه‌ینه‌ت سه‌رده‌م دوای سه‌رده‌م
به هه‌وای شان ئیشم تیا ده‌کات و
هه‌ندێ جاریش ژیان به ڕووخۆشیه‌وه
گزی له مناڵیم ده‌کات .
هه‌موو ساتێکیش جوانی
ته‌نیا جوانی دڵنه‌واییم ده‌کات و ده‌ڵێ :
من خاوه‌ن ماڵ بم یان تۆ
من میوان بم یان تۆ
هیچ جیاوازی نییه ..
دونیا ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه له مه‌یدانێکی وه‌همیدا
به‌ڵام به پێکه‌نینه‌کانی من نه‌بن بۆ تۆ ،
به ڕواندنی تۆ نه‌بێ له ناو ئه‌فسوونی مندا
ته‌حه‌مولت یه‌کسه‌ر هه‌ڵده‌وه‌رێ !
من لێره‌م له به‌ر تۆ نا ..
به‌ڵام تۆ لێره‌ی له به‌رده‌م نه‌عشی مندا .
ئه‌وه منم به‌رده‌وام له هاژه‌ی تاڤگه‌کانمدا ،
ڕۆ ڕۆی سه‌رگه‌ردانیت نغرۆ ده‌که‌م ..
ده‌زانی ساڵ هه‌موو ڕاهێڵه‌کانت ده‌دۆزێته‌وه
بێجگه له‌و موریده‌ت نه‌بێ له هێمنیه‌کی قووڵدا ڕاکشاوه و
له خه‌ڵوه‌تی ڕامان له خشپه خشپی پایزدایه و
سه‌ره ڕۆییت نایناسێته‌وه !
بیرت نه‌چێت ،
قه‌یاغێک تۆی هێنا و
به‌سه‌ر پشتی سه‌رسامی و به‌سه‌ر پێڵووی ده‌ریاوه
خه‌ریک بوو له قاوغی ته‌نهایی خۆت ده‌هاتیته ده‌ر ..
تا ده‌ریات تووشی فێ کرد و
دڵی ده‌ریات ڕه‌نجان و
ده‌ستی ده‌ریات پڕ کرد له به‌هانه و
ده‌ریا تۆی توڕ هه‌ڵدایه ناو ناکۆتایی بیابان..
ئێستاش نه‌وڕه‌سی غه‌ریبیت له ئاسمانی ده‌ریادا
هه‌ورێکی ئاوس به‌بێ وه‌ڵامی ،
ئه‌م پرسیاری هاتنه‌ی تۆیان کردۆته نیشتمان.
به‌ڵام من له‌م بیابانه‌دا ڕاستیت پێ بڵێم ته‌نها سکێچی هه‌ندێ تارماییم
که‌چی سه‌رگه‌ردانی تۆ ته‌نها له وه‌همه شیرینه‌کانی مندا ،
دا ئه‌ساکرێ ..!
ئاسمان ڕوانینی منه ،
به‌ڵام هۆگری تۆ ته‌نیا ڕێگایه‌کی چکۆله‌یه بۆ سوکنایی.
هه‌ر بستێک له‌ملای سه‌خافه‌ته‌کانی خۆته‌وه
هه‌ناسه‌یه‌ک له ته‌نیشت ،
موماره‌سه‌ی خنکاندنه‌کانی تۆوه
یه‌ک کۆڵان له‌ملا بێ په‌نجه‌ره‌یی ماڵی کچه قه‌یره‌کانته‌وه
که پڕاو پڕن له ئه‌شیای په‌ژمورده ...
ئه‌وه منم ،
خۆم بۆ هه‌ڵڕشتووی ..
به درێژایی جۆگه‌له درێژه‌کانی ئه‌و هه‌موو هه‌نیسکانه‌ی تۆ
من که‌نارێکم بڵاو بوومه‌ته‌وه ،
مێرگێکم ئه‌گه‌ر بمبینی.
ڕاسته دڵشکانی تۆ به من نۆژه‌ن ناکرێته‌وه ،
به‌ڵام گه‌ڕیده‌ییی تۆ به‌ینه‌کانی منی بۆ واڵایه ..
حه‌ماقه‌تی تۆ له جه‌به‌رووتی منیش ده‌خشێ ،
غوباری شه‌ڕانگێزی تۆ ؛
ئاڵ و واڵایم ته‌نگه نه‌فه‌س ده‌کات ..
من بۆم ده‌کرێ شنه شن بێم و بگه‌مه وێرانه‌ییت و
بۆم ده‌کرێ باخ و باخاتێکی جاوید
له تۆدا بڕازێنمه‌وه
به‌ڵام حه‌یف که تۆ فێر نابیت ،
پڕ به مشتی کانییه‌ک من بخۆیته‌وه .
که‌متر هه‌وڵ ده‌ده‌ی له ئاوی من بکه‌ی به‌سه‌ر
کڵپه‌ی بێ ئامانی ئافاتێکدا ،
که له تۆدا نێڵه نێڵی دێ .
ئیمپراتۆره‌کانی تۆ گه‌ردونێکن باخچه‌کانی خۆیان
به خوێنی حه‌لاج ئاو ده‌ده‌ن .. با دۆیستۆفیسکیشت هه‌ر خه‌ریکی
ده‌رهێنانی دڕکه تیژه‌کانی ناو له‌پی مه‌غدوریت بێ !
ده‌زانم په‌رۆشیت بۆ من ، له‌م کێبڕکێیه‌دا ؛
له‌و ژنه سوێسکه‌ییانه ده‌چن به ده‌نگی گولله‌ی شه‌رافه‌تی تۆ
له خه‌وی یاخییان ڕاده‌چڵه‌کێن و
که‌وی نابن.
هه‌موو ساتێکیش ته‌نها بسته ڕێیه‌ک نزیکیت له من ،
موبته‌لات ده‌کات به ماخۆلانێکی شیرین .
وه‌لێ چاوه‌ڕوانی هیچ مه‌به
ئه‌ی ناکۆکترین پێکه‌وه‌یی ،
هۆ ناته‌با ترین ئاماده‌یی ..
به‌و په‌ریانه‌شت بڵێ که نیوه‌یان ماسی و
نیوه‌یان ده‌م و چاوی ئه‌و کچانه‌ن
ته‌نها له‌خه‌وی شه‌وانی هه‌رزه‌کاریتدا
ده‌یانوێرا بێنه حزوری ئاوێنه‌کانی شکۆت
پێیان بڵێ به ته‌مای چین ؟
دوای ئه‌وه‌ی قه‌ده‌رێک ئێمه‌ی ته‌ڵاق دا و
ڕیا دڵمانی له خۆی ماره کرده‌وه .
ئه‌ی تۆ ،
ئه‌ی خۆت به ته‌مای چیت؟
ده‌بێ بزانیت ،
پردی ئه‌و جه‌ده‌لانه زۆر کۆنترن له‌وه‌ی ،
به‌رگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی پڕ کێشمه‌کێشی زیاترت بگرن .
بۆنی بخوردی خۆشنوودی،
با بردی.
ده‌زانم خه‌یاڵی شه‌رابێک
له ترێی ناو ڕه‌زه‌کانی من ،
تۆی خستۆته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی عیرفان ..
وه‌لێ به په‌ککه‌وته‌ییت بڵێ :
چاو له ده‌م که‌لی ڕێگاکان هه‌ڵگره ،
بۆ پێشوازی گۆدۆیه‌ک .
تۆ ئیتر به موناجاتی خۆته‌وه ته‌فسیرێکی
تژی له گیانه‌ڵاو
هه‌موو جارێ به هه‌زار حاڵ له مردن په‌شیمان ده‌بیته‌وه و
به دیاریه‌ک له سه‌بووری له منه‌وه ،
ژیان وه‌ک په‌ناهنده‌یه‌ک قبووڵ ده‌که‌یت .
سه‌ر هه‌ڵبڕه ئه‌ها دوکه‌ڵی نزات ،
له ڕوانینی مندا بۆته چ نه‌خشێکی سه‌رمه‌دی !
عه‌شق سه‌مای ئه‌به‌دی منه
به خاتری فرمێسکه گه‌رمه‌کانی دایکت ،
پڕ لاڵانه‌وه‌ی شمشاڵێکم پێ به‌خشیت .
من لێره بم یان تۆ
هیچ له‌وه ناگۆڕێ ،
ئێمه له خۆ خافتانێکی ئه‌زه‌لیداین ..
به‌ڵام ئه‌وه چکۆله‌یی تۆ نیه ،
گه‌وره‌یی به من به‌خشیبێ ..
وه‌لێ ئه‌وه ئاماده‌یی تۆیه ،
ئه‌نواع بارانی مانای منی به‌سه‌ردا ده‌بارێ
سیحری من له ڕژانی پلوسکێکه‌وه ،
گوێچکه‌ی به‌ردی سمی ،
بۆ ئه‌ڵماسترین گواره پڕ ته‌لیسمه‌کانی پاکژی ..
ڕۆحی من ،
له هه‌ڵتۆقینی کارگێکه‌وه *ده‌م به‌یانێکی ساماڵی ،
له نییه‌تی هه‌وره بروسکه‌کان دڵنیا کرده‌وه ..
که‌چی ئه‌فسانه‌ی تۆ،
چه‌قۆی له ملی په‌له‌وه‌ره‌کا‌نمه‌وه گواسته‌وه بۆ
گه‌ردنی هاونه‌وعه‌کانت ..
بێحورمه‌تی تۆ ،
ڕه‌زاله‌تی تووشی ؛
نه‌زیفێکی ئه‌به‌دی کرد .
ئه‌وه منم
هه‌موو په‌نجه‌ره‌کانم به‌سه‌ر حه‌وشه‌ی دواوه‌دا
بۆ کردویته‌وه و
تۆ که‌متر فێر ده‌بیت ،
له دۆستایه‌تی شه‌وانم تێ بگه‌یت ؛
که دیوێکی کریستاڵی منت بۆ ئاشکرا ده‌کات .
ئه‌و هه‌موو خه‌تایه له ژێر پێستی تاریکی نیه‌تی خۆتدا
مه‌ڵاس ده‌ده‌یت و
له‌ولاوه سه‌رزه‌نشتی قووڵاییه پاکه‌کانی شه‌و ده‌که‌یت.
له‌وه‌ته‌ی هاتوویت ،
ده‌ستێکت هابیل ده‌کوژێ و
ده‌ستێکت ته‌رمه‌که‌ی پێ ده‌نێته سه‌ر شانت .
له ماڵه‌که‌تدا ،
موریدێک و جه‌لادێک ده‌ژین
که ئه‌ویان له ماڵ بێت ، ده‌ف ده‌که‌وێته گریان و
که ئه‌ویشیان ده‌چێته ده‌ر ؛
ژیان ده‌ست ده‌کاته واوه‌یلا .
هه‌موو جارێک به‌شی فڕینێکت ،
کۆتری باڵ نه‌خشینم ؛
له هێلانه‌کانتدا ماڵی ده‌که‌یت ..
به‌یانیانێکیش که هێڵنجی خوێن ده‌ده‌یت و
به‌ر له‌وه‌ی بگه‌یته کۆڵانی
هێشتا خه‌واڵووی نیازێکی مه‌نکووب ،
هه‌موویان ده‌فڕن و
بۆ تا هه‌تایه ته‌وه‌لا ده‌بن .
.........................................
* کارگ : له شێوه زاری شارباژێڕدا به (قارچک ) ده‌وترێت (کارگ)..