ڕه‌حمێك به ڕووت و ڕه‌جاڵی دونیا ..
ڕێباز مه‌حمود
2006 هۆڵه‌ندا
rebazmahmud@hotmail.com
له پاڵ دیواری یه‌قیندا،
به حورمه‌ته‌وه پێشوازی بکه له زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک
دێت و ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر بانیژه‌ی لێوته‌وه
بڕوانێته شانوشه‌وکه‌تی مێرووله‌یه‌ک،
له ژێر قورسایی ده‌نکێک گه‌نمدا ..!
هه‌ر کات ڕۆشناییت،
ڕێی که‌وته ناو تونێلی تاریکی،
به‌ر له‌وه‌ی خۆف داتبگرێ ..
وێستگه‌یه‌ک له که‌ئابه‌ی شه‌و ڕاچڵه‌کێنه،
که قه‌ده‌رێکی ڕاگوزه‌ر،
له ئه‌زه‌له‌وه له‌وێدا جێی هێشتووه ..
له خه‌ره‌ندێکی دووره‌ده‌ستا،
هه‌ناسه‌یه‌کت؛
خه‌ریکی له‌مسی دڵی هه‌ورازێکه
لۆفێکی تێدا نه‌بوو بۆ ئاوڕدانه‌وه ..
له ناو عه‌رشی ئه‌م گه‌مارۆیه‌دا،
بێهوده‌یت له ڕه‌نگی بزێوی فڕین هه‌ڵکێشه ..
تا شه‌ڵاڵ ده‌بیت له کڕوزانه‌وه
ئه‌به‌دیه‌که‌ی باران،
به شوێن ته‌جروبه‌ی ته‌ڕبوونا ..
له ژووره ته‌نگه‌به‌ره‌که‌ی فه‌رامۆشیدا،
گاگۆڵكێیه‌ک به له لاساری
بۆ شکاندنی پیاڵه نه‌شۆراوه‌کانی سه‌قاڵی و
بۆ به‌رده‌م تووڕه‌ییه جوانه‌که‌ی ئولفه‌ت.
که له قوژبنێکدا و بێ‌ئاگا له تۆ
خه‌ریکه کراسی دڕاوی،
خه‌ونێک ئه‌دورێته‌وه ..!
تا شێتیت بڕ ده‌کات
له‌گه‌ڵ بێ درێغی و سه‌خاوه‌تی باخێكدا،
به هه‌نگه‌شه‌لێ بڕۆ ...
جارێکی تریش،
خه‌یاڵت له ده‌زووی،
مزراحێکه‌وه بئاڵێنه ..
با ڕوونتر گوێت له تریقانه‌وه‌ی مناڵی بێت،
له‌سه‌ربانی به‌رزی یاده‌وه‌ریدا ...!
بۆ جاویدانیت ،
به‌دارگێلاسی داڵغه‌یه‌کدا هه‌ڵزنێ و
لێو بنێ به ڕوومه‌تی ئاسمانه‌وه ..
ده‌ستی عه‌جولیت
بکه به باخه‌ڵی هه‌ورێکدا و
کتێبێ حه‌رفی ته‌ڕی،
بۆ خۆت لێ بڕفێنه ..!
چاره‌یه‌کی تر نییه
ئه‌ی خۆم،
ئه‌وه نه‌بێ
له گڵ و خۆڵی مه‌خلوقاتی ناو ئه‌نفالت
له خوێنی ڕژاوی ده‌ستی شمشێری زه‌مانت،
ببیته گۆزه‌که‌رێکی نوورانی و
ئینجانه،
بخه‌یته بازاڕی دڵه‌وه ..!!
چاره‌یه‌کی تر نییه
ئه‌وه نه‌بێ،
ڕۆحت به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ی خۆی
به فه‌زای باڵنده و گه‌ڵاوه،
ببه‌ستێته‌وه .!
که له‌گه‌ڵ فڕینی یه‌که‌م ته‌یر،
باڵ .. خۆی له ئاشووبی مرۆڤ ته‌کان.
له‌گه‌ڵ فام کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م نه‌مام،
سه‌وزیی .. له که‌رنه‌ڤاڵی گه‌ڵاکاندا،
له داخی ته‌پوتۆزی حیقدی ئێمه؛
خۆی خستۆته به‌ر ڕه‌حمه‌تی باو باران ..!
چاره‌یه‌کی تر نییه
ئه‌ی خۆم،
ئه‌وه نه‌بێ :
شیعرت ڕه‌حم
به ڕووت و ڕه‌جاڵی دونیا بکا و
به جوانیه‌کی خاڵس،
پۆشته‌ی بکاته‌وه ..!!
چاره‌یه‌کی تر نییه
جگه له‌وه‌ی،
گیرخواردنت له قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌م سه‌رمایه‌دا
به خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌ست بهێنێ به‌سه‌ر
نازی سیحراوی،
پشکۆکانی ناو ئاگردانه‌که‌ت ..
که له ژێر لێوی هه‌ر جوڵه‌یه‌که‌وه،
ڕوخساریان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و
ده‌ڵێن : ئیتر ژیان ئه‌مه‌یه ...
چاره‌یه‌کی تر نییه
جگه له‌وه‌ی،
ده‌ستنوێژ له به‌رائه‌ت بگری و
کڕنۆش بۆ مناڵی ببه‌ی ..
هاوار بکه‌ی :
نه‌ختێکم له تۆ پێیه،
هێشتا نه‌مهێڵاوه و ناشهێڵم گه‌وره‌بوونم پێ بزانێ.
هه‌میشه‌ش ئه‌و نه‌خته موئامه‌ره ڕه‌زیلانه‌کانی گه‌وره‌بوون،
به‌سه‌ر ئیماره‌ته مۆسیقیه‌که‌ی تۆدا
که‌شف ده‌کات !
له نوێژه‌کانتا ،
له دڵی عه‌شقی خۆتا بڵێ:
ئه‌وه هه‌ر سه‌ر حه‌ساره فێنکه‌که‌ی ئێوارانی تۆیه
له‌گه‌ڵ هوروژمی هه‌زاران چۆله‌که‌دا،
لێیه‌وه باز ئه‌ده‌مه‌وه ناو
سنگ فراوانی،
شۆڕه‌بیه‌کانی ئاوایی ..
ئه‌وه ناو
سه‌وزه‌گیاکه‌ی تۆیه،
لێیه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌شئه‌م
ده‌چمه‌وه ناو جۆلانه‌کانی جارانی ( قه‌ڵازگه ) * و
له‌گه‌ڵ هه‌ر گوژمێکیشدا،
به قووڵایه هه‌ره فێنکه‌کانی شیعر ده‌گه‌م ..
ئه‌وه هه‌ر قاچه چکۆله‌و
ڕاوه‌ستاوه‌کانی ئه‌وسای تۆ بوون،
له‌سه‌ر نه‌رمایی عاتیفه‌ی ژیانێکی ژیکه‌ڵه
به ناوی پیاسه‌وه لێم وه‌ر ده‌گرتی و
جاده دوور‌و درێژه‌کانی،
قه‌هری سلێمانیم به ناو ناچاریدا پێ ته‌ی ده‌کرد .
بێ نازی باخی گشتیم پێ ده‌شێلا و
بێتاقه‌تی به‌رده‌م بێ کاره‌بایی
(هه‌واری تازه ) م پێ ده‌پێوا و
که‌مێک له‌ملا کولانه سه‌گه‌که‌ی ( به‌کر)*یشه‌وه
له به‌رده‌م ویژدانی تۆپیو و
ته‌ریق بوونه‌وه‌ی ئاواره‌ییدا،
کۆڵانی عه‌شقێکم پێ خوێنده‌وه
که سه‌رڕاوه‌ی بنبه‌ستی غه‌در و
فیرعه‌ونه‌کانی خه‌بات ده‌رچوو ....
ئه‌ی خۆم،
که ئێستاش نه‌ختێک له‌و مناڵییه‌ت پێیه و
به‌رده‌وام به دزییه‌وه له فڕیوه‌ی زوڵمه‌تا
له بن خۆیداو به لێواری زه‌مه‌نێکی دڵسافه‌وه
ده‌تشارێته‌وه و
هه‌موو جارێکیش حوزن یه‌کسه‌ر ده‌گاته سه‌ر دڵی تۆ !
هیچ چاره‌یه‌کی تر نییه
جگه له‌وه‌ی،
له‌به‌رده‌م قاپی جوانیدا بپاڕێیته‌وه و
شوکرانه بژێری بکه‌یت ..
بڵێی ئه‌ی مناڵی
ئه‌وه تۆ بووی هێزت پێ ده‌به‌خشیم
کاتێک وادار کرا بووم،
به ناو خێسه‌و بوغزه‌کانی ئه‌وێدا
هه‌موو ڕۆژێک به‌رده‌که‌ی سیزیف به‌کۆڵمدا بده‌م و
ئه‌و هه‌موو بێگارییه بۆ ژیان بکه‌م ..
نووری تۆ بوو،
کۆڵانه و كۆڵان به‌ناو شه‌وه‌زه‌نگی مه‌ینه‌تباریدا
ده‌سته‌و یه‌خه‌ی وه‌حشه‌تی ده‌کردم .
ئه‌ی خۆم،
ده‌ستی نه‌وازش به‌رز ڕابگره و بڵێ :
مناڵی گه‌ر ئه‌و هه‌مووه‌م له تۆ تیا نه‌بوایه،
کێ ووردوخاش بوونمی له ژێر پێله‌قه‌ی زوڵم و عه‌زێت،
کۆ ده‌کرده‌وه ؟!
کێ بلیتی سه‌فه‌ری له ژێر ده‌ستی
(تاران) ی چوار ساڵ عینادیدا،
بۆ ده‌ر ده‌هێنام ؟!
سه‌فه‌رێک که ئیتر دابه‌زین لێی مه‌حاڵه،
هێند غوربه‌تم به‌تیژی که‌وتۆته ڕێ به‌ره‌و مه‌جهول ..
سه‌فه‌رێک که دڵنیام،
ڕۆژێک دێت وه‌رده‌گه‌ڕێ و
مه‌یتی من به مناڵی ده‌که‌وێته‌وه ده‌ستی دونیا ..
به‌ر له‌و ڕوداوه‌ش،
ئه‌ی ئه‌و هه‌مووه له مناڵیم
به دزییه‌وه له مندا گرینۆک ..
له ئاشکرایمدا وڕکاوی ..
ئه‌وه فه‌زڵی تۆ بوو،
هه‌ر شینایی بوو له ئاسمان ده‌ڕژا و
فواره‌ی ده‌کرد و
چڵکنیمی ده‌شۆرده‌وه ..
ئه‌وه فه‌زڵی تۆیه،
سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌فری هه‌موو ساڵه‌کان،
به‌سه‌ر مێژوودا هه‌ره‌سیان هێنا و
چیرۆکه‌کان که‌وتنه ژێر،
لافاوی توانه‌وه‌ی عومره‌وه ..
که‌چی ئه‌و تۆپه‌ڵانه‌ی تۆ
بۆت دروست ده‌کردم و
به سۆعبه‌ته‌وه ده‌مگرتنه چاره‌نووسی شڕۆڵه‌ی خۆم،
هێشتا نه‌تواونه‌ته‌وه و
تا کۆتایی دونیا به ئینتیمای ئه‌وسای عه‌شقمدا،
سه‌ر نه‌رمه‌غاری ناوم !
..............
تێبینی:
* قه‌ڵازگه : قه‌دپاڵێکی ڕه‌نگین بوو له خوار گوندی ( گه‌نکێ) له ناوچه‌ی شارباژێر .
* به‌کر : مه‌به‌ست له (به‌کرعه‌لی) شاعیره که وه‌ک نوێنه‌ری ماڵه ئاواره‌کانی که‌رکوک له خانووه بێ تاپۆکانی حامیه له ڕێپێوانی هێمنانه‌ی ڕۆژی ٠١-٠٩-١٩٩٤ له سلێمانی به‌گولله‌ی ده‌سه‌ڵات شه‌هید کرا، به‌کر عه‌لی شاعیر خانووه‌کانی حامیه‌ی به کولانه سه‌گ ده‌شوبهان که مرۆڤه ئاواره‌کان له ناچاریدا چووبوونه ناوی بۆ ژیان و ده‌سه‌ڵاتیش هێشتا ئه‌وه‌شی پێیان ڕه‌وا نه‌ده‌بینی.