ئاسن
سدیق عه‌لی
له پیاسه‌ی شه‌وه بڕۆنزییه‌کانی ئاسن
و هه‌ڵکورمان له ژێر کڕێوه‌ی دۆزه‌خێکی ئه‌به‌دییدا، له ژێر دیواری ماڵێکی پڕ
ئاوی تاڵ و پڕتر له په‌پووله مه‌سته‌کانی گوڵی خوێنه‌وه، زانیمان ئاسن له هه‌ردوولاوه
پڕیه‌تی له کوشتن، بمبووره ئه‌ی دۆست له دوا هه‌نسکی شیعرێکدا تێگه‌یشتم له
ئاسندا سه‌رباری ئه‌و هه‌موو باڵه وه‌رسانه پاره هه‌یه بۆ پاره‌بوونی دڵی کازیوه
و کڕینی گۆرانییه‌کانی تۆ و ئه‌و و پاره بۆ فرۆشتنی ده‌نووکی عاشقی بولبولێک.
بمبووره له دوای ته‌یکردنی ئاواییه‌کانی به‌رائه‌ته‌وه زانیم له‌م وشکه‌ڵۆکی ئاو
و سه‌رابی نه‌وته‌دا، ئاسن ته‌ژیه له به‌ردی که‌چه‌ڵ، پڕیه‌تی له (ئه‌لف و را و
نون و زا) پڕیه‌تی له حاشایی کردنی زارا له زریزه و بێ سه‌لیقه‌بوونی منداڵێک له
دیار کارتۆنی (رجل الحدیدی) سزام ده ئه‌ی دۆست، ئێستا ناچارم دان به‌وه‌دا بنێم
ئاسن پڕیه‌تی له هیچ، ئه‌و هیچه‌ی له کاتی هه‌ڕاج کردنیدا به‌سه‌ر مندا به جێ‌ما.
ده‌چمه‌وه سێبه‌ری پشت ماڵ و
به دیار هاتوچۆنه‌کردنی
تارمایی کاسه‌زه‌رده‌کانی چاخی عه‌شقه‌وه
پشت به دیواره برینداره‌کانه‌وه ده‌ده‌م
ده‌چمه‌وه زۆنگاوه‌کانی پشت ماڵ
بێزو به نه‌شئه و
بێزو به ترس و زلله و
راکردن به‌سه‌ر به‌رده داخبووه‌کاندا ده‌که‌م
ده‌چمه‌وه کوچه‌کانی هه‌نسک و
به‌دیار نه‌کرانه‌وه‌ی ده‌رگا زراویه‌کان و
هه‌ڵنه‌هاتنی خۆرێکی تیشک فرۆشه‌وه
قاچه‌کانم داده‌که‌نم
به دیار نه‌پشکوتنی نیگایه‌کی خوێن خۆره‌وه
چاوه‌کانم به جێ دێڵم
دوا جار منیش تۆم که ده‌ڕۆی
منیش ره‌شه‌بایه‌کم که زه‌وقی ئاوڕدانه‌وه‌ی نه‌ماوه
منیش بڵێسه‌یه‌کی دوکه‌ڵ هه‌ڵگرتووم
که خۆڵه‌مێش به دوای پێیه‌کانییه‌وه جێ دێڵێ
منیش ئێره‌یی به حه‌زی ده‌ریایه‌ک ده‌به‌م
له قرچه‌ی داگیرسانی ئه‌ستێره و
کڵپه‌ی گڕگرتنی مانگ و
ترپه‌ی هه‌ڵوه‌رینی چاوه به‌ڵه‌که‌کانی سپیدار
منیش تۆم
منیش ئه‌و بایه‌قوشه‌م که پێنج ساڵه ده‌فڕێ و
سه‌ر له حاشیه‌کانی نیشتنه‌وه ده‌رناکا
ده‌چمه‌وه سێبه‌ری پشت ماڵَ
پێم وایه ئێستا دێنه‌وه
ئه‌و رێبوارانه‌ی ته‌رمی سێبه‌ر و زۆنگا و و منیان
خسته توڕبێنه‌و نه‌یان بردین
که‌مێکی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه
ئه‌و گالیسکانه‌ی جه‌سته‌ی سێبه‌رو زۆنگاو و منیان
به دوای خۆیاندا راکێشاو جێیان هێشتین
ده‌چمه‌وه ده‌واری هه‌نسکه‌کانی پشت ماڵ و
ده‌بینم ئاواییه‌کانی ئاسنم جێ َنه‌هێشتوون
دڵم به دڵم ده‌سووتێ
ئێستاش هه‌روا له ناوه‌ڕاستی
(ئا.. س.. ن) دام
وه‌رن له‌م ده‌ربه‌نده جه‌نجاڵه‌دا بمکوژن
داڵغه‌م به‌و ده‌رگایه‌وه جێ بێڵن
که به‌روی پیریمدا کراوه‌ته‌وه
ئاسن هه‌میشه په‌نجه‌کانی سورن به‌خوێنی ئاگر
ئا..
س..
ن..
به‌ئاوازی په‌مه‌یی په‌پووله‌یه‌ک ده‌ست پێ ده‌کات و
به هوتافی زه‌نده‌قی نێرگزێک کۆتایی دێت
ئیتر به‌دیار
باخێکی دوودڵ له سه‌فه‌ر و سه‌ما
باڵه‌کانم لێ زه‌وت مه‌که ئه‌ی دۆست
که ده‌زانی به بێ تۆ
هیچ گۆرانیه‌ک ئێره پڕناکا له عه‌شق
هیچ شیبایه‌ک ناتوانێت
پێڵوی په‌مه‌یی کانیاوه‌کان هه‌ڵبڕێ
ئاسن به‌و هه‌موو نه‌رمییه‌وه
ژه‌مێک له‌ژێر ئه‌سرینی پێکێکی شیریندا وچان نادات
له‌ناو (ئا.. س.. ن) دا تا رۆژ ده‌بێته‌وه
من هه‌م و تۆ هه‌یت و ئه‌و هه‌یه
من بۆ داگیرسان و
تۆ بۆنسرمی و
ئه‌و بۆ چه‌مینه‌وه له حزور باڵای گڕدا
ئاسن نامه‌یه‌که که ده‌زانم ناگات
نهێنیه‌که دڵنیام
ئه‌و ئێواره‌یه له درزی په‌نجه‌کانمه‌وه ده‌ڕژێ
ئیدی سه‌رت له‌م ته‌مه ده‌رکه
بزانه له‌ودیو کوچه‌کانی منداڵییته‌وه
تاڤگه‌ی ته‌مه‌نی کێ ده‌ڕژێ
ده‌ستت له‌م کڕێوه‌یه قوتارکه
بزانه له به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی عازه‌بیته‌وه
ته‌رمی کام تۆقه‌یه ده‌نێژرێ
تۆ ئه‌ی نیگه‌رانترین سێبه‌ر
ئه‌ی سه‌رسه‌ختترین گه‌ڵا
ئه‌و رۆژه‌ی به‌فر باری لێره نه‌بووی
ئه‌و ده‌می وه‌لی به‌و هه‌موو هه‌ورامی بوونه‌ی خۆیه‌وه
له ژێر قدومی شه‌مێکدا
ده‌سته‌کانی سپارده ره‌شه‌با له‌وێ نه‌بووم
ئیدی به‌سه‌ر بازاڕی زه‌وقتدا
قه‌رسیل به لێزمه ده‌بارێ ئه‌ی دۆست
که هێنده‌ی من ده‌زانی
له‌م کانگای (کوک)ه دا
بارگیرێک نییه سۆزمان نه‌خاته
سه‌ودای ساغ کردنه‌وه
له‌و بازاڕه پڕ ئه‌شکه‌دا
من مه‌یزه‌ده‌ی تۆزی شه‌ققه‌ی
پێکدادانی دوو باڵی مه‌نزڵ دوورم
داخ له تۆ
که هه‌رده‌م خه‌ریکی راکێشانی
قه‌ڕاسه پچڕاوه‌کانی هه‌وری
که به‌فر (شێخه)1 ی تا هه‌تایه مه‌ست کرد له‌وێ نه‌بووم
ئاخر شێخه ئه‌و هه‌موو شه‌ڕابه‌ی دونیا
هێنده‌ی پێکه هه‌ناسه‌یه‌کی به‌فر مه‌ستی نه‌کرد
ئیدی مه‌ستم به به‌فر ئه‌ی دۆست
تاوه‌کو تۆ قژه سپیه‌کانی
له ژێر سمی بازرگانێکدا ده‌توێنه‌وه
په‌ستم له ژێر ئه‌م دیواره ئه‌ی به‌فر
تۆ که‌ی ئه‌م حه‌یرانه ته‌واو ده‌که‌ی
وه‌رسم له به‌ر ئه‌م ده‌رگایه ئه‌ی مه‌ست
تۆ له کێوه فێری چڕینی ئه‌م هۆریه‌ی بووی
توره‌ِم له ژێر ئه‌م لوتکه‌یه ئه‌ی به‌رد
تۆ به چی شاخه‌کانی (ته‌وێڵه)ت ره‌نگ کرد‌و
به چی قژی دره‌خته‌کانی (بیاره)ت شانه کرد
ئێمه درۆمان کرد ئه‌ی دۆست
من له خه‌نده و
تۆ هه‌نسک و
من له ماچی ئاو و
تۆ له گسکدانی هه‌ور
ئای به درۆ ئه‌و رێگه‌یه‌مان بڕی
به درۆ پێڵومان
له ترسی شه‌ڕی برژانگه‌کان لێکنا
ئه‌ی ئاسنترین دۆست
ئه‌ی وه‌رزی داگیرسان و مه‌وسمی ره‌ق بوونه‌وه
ئاسن ئه‌ی چه‌قۆی جه‌للادێک و قفڵی ده‌رگای زیندانێک و
که له بچه‌ی مه‌چه‌کی عاشقێک
ئه‌ها له ئاسندا ئاسن هه‌یه
که‌چی چوار ساڵ بارانمان
له ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ری نه‌بووندا له بیرچوو
هه‌رگیز هه‌وریشمان له بیر ناچێ
ده‌به‌س له‌گه‌ڵ
سێبه‌ری ئه‌و دیواره‌دا هه‌ڕاجم که
به‌س له گه‌ڵ شه‌هوه‌تی که‌ڵه‌مته‌رێک گه‌رمه‌سێردا
بمگۆڕه‌وه
که ده‌زانی من لێره‌وه
گاڤی سه‌ودا سه‌ریم ده‌نێم
به‌دیار شیعرێکی
به‌گومان له نێرگز‌و نه‌غمه
له‌گه‌ڵ مێرگه‌کاندا به‌شه‌ڕم مه‌ده ئه‌ی دۆست
که‌ده‌زانی له‌دوای هه‌ڵفڕینی کڵوکه‌کانه‌وه
روحم بۆ ئاوازێکی مه‌ستتر هه‌ڵخستووه
ده‌چمه‌وه کۆڵانه گوناهه‌کانی پشت ماڵ
ده‌بینم ئاسن به‌ته‌نیا
ئه‌و کتێبه سوتاوه‌یه
رسته‌کانمان له په‌ره‌گرافێکی خۆڵه‌مێشیدا خڕ ده‌کاته‌وه
ده‌چمه‌وه..
کۆڵانێک له سه‌رو ره‌ق بوونه‌وه ده‌که‌مه‌وه
په‌نجه‌ره‌یه‌ک له دامێنی داگیرسانه‌وه داده‌خه‌م
په‌نجه‌ره‌یه‌ک که‌هه‌میشه باڵه ئاسنینه‌کانی
به تاقی ره‌شه‌بادا هه‌ڵواسیون
بایه‌ک که هه‌رگیز ئاره‌زوی پێچێک سه‌ما
له‌گه‌ڵ گه‌ڵا شێته‌کانی ئێره‌دا ناکات
له ئاسندا جوتێک کۆتر هه‌یه
سه‌یرکه
له هیلاکی هه‌ورازی جێهێشتنی ئه‌وو
پشوی سێبه‌ری گه‌یشتنی تۆدا
من خاسترین مه‌ردمم بۆ مه‌رگ
له قورسی هاوکێشه‌کانی نه‌هاتنی ئه‌وو
بارانی ئه‌رخه‌وانی تۆدا
من شێتترین گه‌ڵام بۆ وه‌رین
له چه‌قۆکانی ده‌ستی ئه‌و و
گوڵه‌کانی ده‌ستی تۆدا
له چاوه هه‌تره‌شیه‌کانی ئه‌و و
نه‌زمه مه‌سته‌کانی تۆدا
کێ ده‌مکاته‌وه به‌سته‌یه‌ک
که‌من شیعرێکی شه‌که‌تی به‌ر ده‌رگه بم
له گرمه‌گرمی ئۆغری ئه‌و و
چپه چپی قدومی تۆدا
کێ ده‌مکاته‌وه روبارێک
که‌من کانییه‌کی تینوی سه‌ر رێگه بم
ئاسن هه‌موو پیته‌کانی لێ سه‌ندم
هه‌موو چامه‌کانی کوژاندمه‌وه
ده‌چمه‌وه سێبه‌ره کزۆڵه‌کانی پشت ماڵ
به‌وه له خۆم جیا ده‌کرێمه‌وه
که ئێره‌یی به زه‌وقی مێروله‌یه‌ک ده‌به‌م
له کاتی گوێ گرتنی
له کۆرسی عه‌شق کۆکردنه‌وه‌دا
حه‌سودی به‌داڵغه‌ی گوندێک ده‌به‌م
له کاتی سه‌رنجدانی
له هه‌ره‌وه‌زی په‌لک وه‌راندندا
به‌وه له خۆم جیا ده‌کرێمه‌وه
که له‌ژێر فه‌رمایشتی نه‌غمه‌ی پێک هه‌ڵدانێکدا
(له دولا مه‌ست و حه‌یرانم)
مه‌ستتر له په‌رشبوونی پرچی زاهیدێکی ده‌لال
گه‌رمتر له قوڵپه‌ی
ئه‌ستێره‌یه‌کی شه‌و نه‌دیوو
ده‌ریاچه‌یه‌کی له تاریکی نه‌بان
سه‌یریم له‌وه دایه
له‌ناو چه‌پۆکی کوره گوناهه‌کانه‌وه
نه‌رمیه‌تی ئاسنم ده‌بینم
سه‌مه‌ره‌ییم له‌وه‌ڕا دێت
له تابووته دڵره‌قه‌کانی حوزنه‌وه
نیانی ئاسن ده‌بیستم
وه‌رن له‌ژێر ئه‌م دیواره‌دا بمکوژن
له‌ژێر ئه‌و سێبه‌ردا
به‌نه‌عشی کاروانێک داخه‌وه له‌گه‌ڵ شه‌به‌یخوندا پاڵم خه‌ن
تازه دیرۆکی ئه‌و حاشیه له‌رزۆکانه‌م
پڕی بووه له به‌سه‌رهاته ترسناکه‌کانی ئاسن
له‌و سێبه‌ره پشت کۆمه‌دا
گوێ له قرچه قرچی
داگیرسانی زوقم و
چرپه‌چرپی نوکته بازاڕیه‌کانی باران ده‌گرم
له‌وێ
له‌ژێر ئه‌م دیواره وه‌رسه‌دا
سه‌یری خوێندنه‌وه‌ی مانشێته گرگنه‌کانی پیری و
سه‌یری خه‌زه‌ڵوه‌ری
ده‌سته عاشقه‌کانی به‌رد ده‌که‌م
ئاسن پڕیه‌تی له نه‌غمه
له‌من ئاسن ته‌ژیه له گوڵ
چ ده‌بێ ئه‌ی دۆست
مه‌ته‌ڵی هه‌ڵفڕینی دڕک و نیشتنه‌وه‌ی گوڵ
بۆ خه‌رده‌له‌کانی کۆڵان راڤه بکه‌ین
ئه‌وه شیعره به‌و هه‌موو پێ و پانیه‌وه
به‌س به ده‌رگایه‌ک ده‌زانێ
ئه‌وه عه‌شقه نایه‌وێ
له‌سه‌ر ئه‌و جۆگه‌یه‌وه بفڕێ
وه‌رن له‌م بیابانی به هه‌ڵم بوونه‌دا ده‌سکه‌نه‌م که‌ن
له ژێر چارۆکی ئه‌و شه‌وه‌دا
بمکوژن
که سیمای فیرده‌وسیانه‌ی
هه‌موو سه‌حه‌ره‌کانمی شارده‌وه
له‌ناو چه‌پۆکی ئه‌و ئێواره‌یه‌دا ده‌فنم که‌ن
که‌توڕی دامه‌وه سێبه‌ری پشت ماڵ
به‌وه له خۆم ده‌چم
لوتم پڕیه‌تی له ژه‌نگی په‌مه‌یی ئاسن
چاوم پڕیه‌تی له بۆنی به‌هاریانه‌ی ئاسن
له‌وێ به‌به‌رچاوی خه‌رده‌له‌کانی کۆڵانه‌وه
به بێزوی تام کردنی به‌رده داخبووه‌کانه‌وه
قاچه‌کانم له پێ ده‌که‌م
به له‌زه‌تی هه‌ڵمژینی دوکه‌ڵی که‌رسه‌که‌وه
سه‌رم ده‌خه‌مه‌وه سه‌رم
ده‌چمه‌وه..
ده‌بینم هێشتا ره‌شبه‌ڵه‌کی هه‌پڕوون بوون و
سه‌مای دوکه‌ڵی جگه‌ره دڵ سوتاوه‌کان ده‌گه‌ڕێ
ئاسن ده‌سته‌ونه‌زه‌ر کڕنوشی بۆ رێگه بردوه و
ئاسن له خوێندن دێته‌وه
ئاسن به پیریه‌وه ده‌چێ
وه‌رن له‌م بازاڕه پڕ مه‌گه‌زه‌دا بمکوژن
ئه‌و ده‌سته زاهیدانه‌م بقرتێنن
که هه‌رده‌م زاخاوی
نزا سه‌رمه‌دیه‌کانیان لێ ده‌چۆڕێ
عه‌شق نوایه‌کی نییه
بۆ گۆمۆڵه بوون له‌حه‌ژمه‌تی به‌رقه هه‌تره‌شیه‌کانی فیراق
په‌رستگایه‌کی نییه
بۆ کڕنوشی له‌زه‌تێکی ئه‌به‌دی
ئیدی ئاسن
سێ بڕگه‌ی ئاوێزانه و هیچی تر
چوار پیتی په‌ژمورده‌ی
به‌ر په‌نجه‌ره‌کانی کۆچه و هیچی تر
گوێگرتنه له حیکایه‌ته قۆڕه‌کانی بوون و
به‌سه‌رهاته ئێسکسووکه‌کانی مردن
گریانێکی په‌پوولانه‌ی غاباته لێخنه‌کان و
قاقایه‌کی سه‌رشێتانه‌ی پارکی نیگا رێژه‌کانه
نوکته‌یه‌کی شه‌رمنی ناو پاسه‌کانی به‌رائه‌ت و
نانخواردنێکی سێ سه‌عاتییه له‌سه‌ر مێزه‌کانی وه‌هم
به‌وه له خۆم جیا ده‌کرێمه‌وه
به دوو ده‌ستی سووتماکه‌وه
هه‌ر خه‌ریکی هه‌ڵدانه‌وه‌ی
لاپه‌ڕه پیرۆزه‌کانی ئاسنم
له ئاسندا عه‌شق هه‌یه
ئه‌و عه‌شقه‌ی هه‌موو ساتێ
ده‌مباته‌وه سێبه‌ری پشت ماڵ
* شێخه پیاوێکی سه‌رخۆش بوو، له باخی گشتیی سلێمانی ده‌خه‌وت، له‌گه‌ڵ بارینی به‌فرێکی زۆردا، شه‌وێک له سه‌رمادا ڕه‌ق بووه‌وه،