ئه‌و ده‌مه‌ى هه‌موو ته‌مه‌ن ده‌بێته دیمه‌نێک
پێشکه‌شه به دیمه‌ن که ده‌یه‌وێت پارچه‌کانم کۆکاته‌وه
سدیق عه‌لی
sdiqail@gmail.com
تێبینی ئه‌م شیعره یه‌که‌می فیستیڤاڵی فانیی بووه
پارچه‌ی یه‌که‌م
بلوێرمان لێداو ڕۆیشتین
به جانتاى پڕ له ئاو و
دێمکه‌ى پڕ وشه‌وه
به قوڕگى پڕ له ئاڵتون و
توره‌که‌ى پڕ گریانه‌وه
ئه‌و ده‌مه‌ى بیستمان گرێبه‌ستى نێوان
په‌رداخه‌کانى من و شه‌رابى بێ ئومێدى مۆر کرا
ڕێکه‌وتننامه‌ى نێوان به‌رائه‌ت و کچ
له گریانى ژوانى هاوڕێمدا هه‌ڵوه‌شایه‌وه
ئێمه به دوو کتێبى چرچ و
دوو ده‌ستى پڕ شیعره‌وه
بلوێرمان لێداو ڕۆیشتین
تا ترپه بێتاقه‌ته‌کانى فڕێدانى توێکڵى گوڵه‌به‌ڕۆژه بۆ
ئێوه بن
په‌ڕ په‌ڕ کتێبى کاپیتاڵ و
نوێژ نوێژ مزگه‌وته‌کانمان له کۆڵنان
تا حه‌زى دزینى شعورى باخچه بۆ ئێوه بێ
بلوێرمان لێداو ڕۆیشتین
ئه‌و ده‌مه‌ى بیستمان ته‌رمى درۆیه‌کى ئه‌به‌نووس
به به‌رده‌م مێژووى عه‌شقى گوڵدانێکدا ڕاکێشرا
ڕۆیشتین و نه‌مانپرسى
چۆن وێراتان شێتانه داببارن و
شێتانه‌تر ببنه دوکه‌ڵ
ئه‌و کاته ڕۆیشتین
که پێکه‌نینمان له سوچێکى به‌شى ناوخۆییدا لێ به‌جێما
بلوێرمان لێدا
ئه‌و کاته‌ى دیمه‌نى باخێکى به‌هه‌شتیمان
له‌سه‌ر تاقى تایه‌فه‌دا هه‌ڵکه‌ند و
ئه‌و ده‌مه‌ى قژى چۆله‌که‌یه‌کمان ئاگر دا
و
تاقه‌تمان نه‌ما گوێ له گۆرانییه ئیزعاجه‌کانى مێرووله
بگرین و
نه‌مانتوانى به‌سه‌ر سمێڵى خێڵدا
بچینه ئه‌وبه‌رى عیشق و
زاتمان نه‌کرد له یه‌که‌م کۆڵانى ئه‌وینماندا بمرین و
نه‌مانوێرا په‌نجه‌کانمان پیشانى شه‌و بده‌ین
بلوێرمان لێداو ڕۆیشتین
پیاڵه‌کانمان پڕ کردن له گڵ
ڕێگاکانمان پڕ کردن له شه‌راب
گۆرانیه‌کانمان پڕ کردن له به‌رد و
شاخه‌کان پڕتر له ئاواز
رۆیشتین
ئێواره و چاوه‌ڕوانیمان بیر نه‌چوون بردمانن
دڵته‌نگیمان له ناو ده‌ستماندا نوقاند
گه‌ڵاکانى به‌رائه‌تمان بێ مراز نه‌کردن و بردمانن
ده‌رگاکانى له مه‌ڕ ئێوه‌مان بێبه‌ش نه‌کردن و
به‌سه‌ر ڕوحى خۆماندا دامان خستنه‌وه
نه‌گبه‌تیمان به‌سه‌ر شانماندا دا
و ڕۆیشتین
که بیستمان جه‌ژن ژنێکه و
به‌ده‌ستى پیاوێکه‌وه بوو به کۆتر
تا ماچێک پڕ بوو له فیشه‌ک
سێبه‌رمان کچێک بوو به‌ده‌ستى شاعیرێکه‌وه بوو به مێلاقه
تا شه‌هوه‌تى قه‌ره‌جێک پڕبوو له چه‌قۆ
ڕۆیشتین
تیاترۆخانه‌کانی شیعرمان قفڵدان
تا کتێبخانه‌کانی عه‌شره‌ت بۆ ئێوه بن
کۆخته‌کانی ئه‌وینمان داخستن
تا باڵه‌خانه‌کانی رق بۆ ئێوه بن
کولانه‌کانی قه‌ڵه‌ممان پێوه‌دان
تا ساڵۆنه‌کانی خه‌نجه‌ر بۆ ئێوه بن
بلوێرمان لێداو...
پارچه‌ی دووه‌م
به‌دوای گه‌یشتنی تۆدا
به‌خۆم نه‌گه‌یشتمه‌وه
پارچه‌ی سێیه‌م
شه‌و دڵی نایه عه‌باکه‌ی بفرۆشێت
ئه‌و ته‌نیا به‌شی تاریک کردنی پیره‌مه‌گرون تاریکی پێیه‌و
ناتوانێت بیداته ئه‌و هه‌ناسانه‌ی
دوای نیوه شه‌و
به‌قوڕگی دوو عاشق‌دا ره‌ت ده‌بن
ئه‌و ئیتر چاوه‌کانی تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی داستانه‌کانی ته‌نیاییان نه‌ماوه
منداڵه‌کانی جلی سه‌فه‌ریان بۆ ناکڕێت
شه‌و حه‌وسه‌له‌ی ئاگر کردنه‌وه و چاو لێنان
و
گۆڕ هه‌ڵکه‌ندن و باران ناشتن و
شیعر نووسین و په‌نجه ته‌قاندنی نه‌ماوه
شه‌و زه‌وقی گۆرانی کوشتن و موو هه‌ڵکه‌ندن
و
په‌نجه تاشین و قژ کورتکردنه‌وه‌ی نه‌ماوه
ئه‌و خولیای نێرگز کوشتن و نه‌وا فرۆشتن
و
مۆبایل داخستن و رق هه‌ڵخستنی نه‌ماوه
شه‌و ته‌نانه‌ت تاقه‌تی هاتنی نه‌ماوه
ئه‌و کاته‌ی من و تۆ قسه ده‌که‌ین
پارچه‌ی چواره‌م
وه‌ره له‌دامێنی په‌نجه‌کانی یه‌کتردا بۆ یه‌ک بمرین
که ده‌زانین ژیان ده‌مێکه جێی هێشتووین
پارچه‌ی پێنجه‌م
مه‌رگ هه‌میشه له‌وسه‌ری کۆڵان سه‌مون ده‌فرۆشێت
ئه‌و تف ده‌کاته چاره‌نووسی زێرابه‌وه
مه‌رگ قوماشی سپی ده‌فرۆشێت و
نه‌عله‌ت ده‌فرۆشێت
مه‌رگ تاقه‌تی سێ‌و رنین و زه‌مه‌ن کڕینی هه‌یه
حه‌زی له‌لێدانی نه‌غمه‌یه‌کی تاڵه به بلوێری ماڵئاوایی
مه‌رگ جانتای منداڵان ده‌دزێ
بێزوو به برژانی جه‌رگی دایکێکی به‌ریئ و
نزوله‌ی خوشکێکی پاکیزه‌وه ده‌کات
مه‌رگ هه‌میشه به‌دیار رێگاکانی ماڵئاواییه‌وه داده‌نێشێت
به‌دیار ئاواییه‌کانی لێکترازانه‌وه
په‌نجه له لوتی وه‌رده‌دات
به‌دیار سوتانی جریوه‌یه‌ک و
هه‌تیو بوونی رووبارێک و
جه‌نازه‌ی هه‌نارێک و
گۆڕی شیعرێکه‌وه
په‌نجه له گوێچکه‌ی وه‌رده‌دات
مه‌رگ به مه‌رگی من و تۆ سوێند ده‌خوات
ده‌چێته ئاهه‌نگی ماره‌بڕینه‌وه و شیرینی ده‌وێ
ده‌چێته مزگه‌وته‌وه و نوێژ ده‌کات
ده‌ستی ئه‌نفالچیه‌ک راده‌موسێت و
له مێرگی کتێبه پیرۆزه‌کاندا
ده‌بێته به‌رخێکی ساوا و
له باخچه‌ی ساوایاندا
ده‌بێته داری مامۆستایه‌کی مرچ‌ومۆن
و
له به‌شی ناوخۆییشدا
ده‌بێته یادگاری بۆنی چێشتێکی کۆنی دایک و
له مه‌یخانه‌دا ده‌بێته په‌رداخێکی شێت
مه‌رگ له‌گه‌ڵ منداڵاندا راوی چۆله‌که ده‌نێ و
پیت پیت ناوی سیانی هه‌موو کۆڵانه‌کان ده‌زانێ
پارچه‌ی شه‌شه‌م
رانیه هه‌موو رۆژێ قه‌ڵه‌مێکم بۆ ده‌کڕێت و
شیعرێکم لێ ده‌دڕێنێ
پارچه‌ی حه‌وته‌م
مێزێکی دڵته‌ڕو ته‌پڵه‌کێکی مێباز و
جگه‌ره‌یه‌کی چوختی و په‌رداخێک ئاوی سه‌رسه‌ری
په‌نجه‌ره‌یه‌کی کوێر و
ده‌رگایه‌کی شه‌ل و
په‌رده‌یه‌کی قاچ رووت
گڵۆپێکی نوکته‌بازو فه‌رشێکی بێ مێشک و
پانکه‌یه‌کی که‌مئه‌ندام
له که‌شوهه‌وایه‌کی شه‌هوه‌تبازیدا
گاڵته به‌گریانی شعرێک ده‌که‌ن
پارچه‌ی هه‌شته‌م
بۆ ئه‌وه‌ی ئاوێنه‌یه‌کت هه‌بێ
کۆکردنه‌وه‌ی پارچه‌کانی من به‌سه
دیمه‌نی کۆتایی
دنیا هه‌مووی دیمه‌نێکه