کۆڵان پڕ بووه له ته‌نهایی
سه‌حه‌ر ڕه‌سایی
یونی 2005
ئه‌وم له یه‌کێک له‌و جارانه‌دا ناسی که جله‌کانی
ئاغای ته همورسیم له جلشۆرخانه گشتییه‌که‌ى لاى ماڵه‌وه‌یاندا ئه‌شت، به
زمانێکى تێکه‌ڵ له سویدى و فارسى و ئه‌فغانى قسه‌ى له‌گه‌ڵ کردم و داواى یارمه‌تى
کرد. بۆى باسکردم که ماوه‌ى پێنج ساڵێک ئه‌بێت لێره‌یه‌و له‌گه‌ڵ کوڕه
تاقانه‌که‌یدا ئه‌ژى و هێشتاش نازانێ ئیش به ماشینى جلشۆرییه‌که بکات. هه‌موو
یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک سه‌عات ده به خۆیى و زه‌میله‌یه‌ک جله‌وه له‌به‌رده‌رگاکه‌دا
ئه‌وه‌ستێ تا من ده‌رئه‌که‌وم.
هه‌ر که له دووره‌وه ئه‌مبینێ چاویلکه ڕه‌شه‌که‌ى لا ئه‌بات، ده‌سته
میهره‌بانه‌کانى ئه‌کاته‌وه‌و وه‌ک ئه‌وه‌ى زۆرى بیرکردبێتم و بیه‌وێت باوه‌شم
پیابکات وایه، پاشان هه‌ر که ئه‌گه‌مه‌لاى په‌شیمان ئه‌بێته‌وه‌و پڕئه‌کات به
زه‌میله‌که‌یدا.
ڕۆژانێ من و هاوڕێ ئه‌فغانییه‌که‌م له جلشۆرخانه‌که‌دا به باسکردنى سه‌رماى ئێره
ده‌ست پێئه‌کات تا ئه‌گات به گڵه‌سه‌رى بۆنخۆشى ئه‌فغانستان و سه‌فه‌ره
سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کانى خۆى له سه‌ر پشتى فیله‌کان بۆ هیندستان. هه‌موو
یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک به تاسه‌وه ده‌ست به سه‌ر سکمدا دێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هێورو
له‌سه‌ر خۆ وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ پیرۆزترین شت به‌ریت وایه، ئه‌یه‌وێت بزانێت سکم
هه‌یه یان نا، پێئه‌که‌نم، سه‌رم به نیشانه‌ى نه‌ء ڕائه‌وه‌شێنم، ئه‌و توڕه
ئه‌بێت و دۆعام بۆ ئه‌کات و وه‌عدم لێوه‌رئه‌گرێت تا یه‌کشه‌ممه‌ى داهاتوو دڵى ئه‌و
که وه‌ک دڵى دایکم وایه بۆ من خۆشکه‌م. هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک هاوڕێکه‌م جلى
کوڕه خۆشه‌ویسته‌که‌ى خراپ ئه‌کات، گه‌ر له سه‌ر سى بێت له‌سه‌ر چل ئه‌یانشوات و
گه‌ر له‌سه‌ر چل بێت له سه‌ر شه‌ست ئه‌یانشوات.
ئه‌و پێیوایه ئه‌م ماشینى جلشتنانه خراپترین شتگه‌لێکن که ئینسان له ته‌مه‌ڵیا
دروستى کردوون. هه‌میشه ناڕازى و بۆڵه بۆڵکه‌ر زه‌میله‌که‌ى هه‌ڵ ئه‌گرێ و
به‌ره‌و ماڵ ئه‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ره‌و ته‌نهاییه درێژخایانه‌که‌ى و نامیهره‌بانى
کوڕه‌که‌ى. پێیوایه ڕۆژانى یه‌کشه‌ممه هه‌ره خۆشترین ڕۆژانى ئه‌ون جا با ماشێنى
جلشتنه‌کانیش باش کارنه‌که‌ن.
جارجار ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆى بۆ ئه‌فغانستانم ئه‌بات بۆ لاى بۆنى به‌هارات و ملوانکه
سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کان و برسێتى و داماوى خزم و که‌سه‌کانى ئه‌وێى. هاوڕێکه‌م خۆشى
ئه‌وێم چونکه له‌گه‌ڵ باسکردنى جوانى و غه‌ریبى ملوانکه‌کانى ئه‌وێدا چاوه‌کانم
ئه‌دره‌وشێنه‌وه، به باسکردنى هه‌ژارى که‌سه‌کانیشى چاوم پڕئه‌بن له فرمێسک و
لێڵ ئه‌بن. هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک باسى شووکردنه‌که‌یم بۆ ئه‌کات، له‌گه‌ڵ
گێڕانه‌وه‌یدا خوڕخوڕ فرمێسک به چاوه جوانه‌کانیدا دێته‌خواره‌وه‌و بۆ چه‌ند
ساتێکى که‌م ئاگاى له جله به‌نرخه‌کانى کوڕه نازداره‌که‌ى نامێنێت، به‌شه‌رم و
ئازاره‌وه باسى یه‌که‌م زریکه‌یم بۆ ئه‌کات، باسى بووکه په‌ڕۆینه‌کانیم بۆ ئه‌کات
که له چیلکه‌و په‌ڕۆ دروستى کردبوون، ئه‌وه‌م بۆ ئه‌گێڕێته‌وه پاش پێنج ساڵ
کاتێک که یه‌که‌م جار خوێن به لاڕانیدا هاتۆته خواره‌وه گریاوه‌و له
مێرده‌که‌ى شاردۆته‌وه، پاشان ناچار بووه بۆ مێرده‌که‌ى باس بکات که ئه‌و به‌و
زووانه ئه‌مرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێنج ڕۆژى ڕه‌به‌ق به‌رده‌وام خوێنى له‌به‌ر
ئه‌ڕوات، من وه‌ک قوتابیه‌ک یان هاوڕێیه‌کى باش هه‌موو حه‌کایه‌ته‌کانیم له‌به‌ره،
کاتێک که بۆ شتێک دائه‌مێنێ من بیرى ئه‌خه‌مه‌وه. جار جار له قاپێکى گوڵسورخى دا
قوبڵیم بۆ ئه‌هێنێ، ئه‌مباته ده‌ره‌وه‌ى جلشۆرخانه‌که‌و له‌سه‌ر کورسیه‌ک
دامئه‌نیشێنێ و ده‌رخواردم ئه‌دات، ده‌سته دایکانه‌کانى به‌سه‌ر سه‌رمدائه‌هێنى و
به‌زه‌یى به لاوازى جه‌سته‌مدا دێته‌وه.
سۆزى داومه‌تێ چ فێرى که‌م بتوانێ سى له چل و چل له شه‌ست جیاکاته‌وه یان نا،
بریارى داوه گه‌ر سه‌فه‌رى ئه‌فغانستانى کرد یه‌کێک له هه‌ره جوانترین و
دره‌وشاوه‌ترین ملوانکه‌کانى ئه‌وێم بۆ بکڕێ و پڕ به کلدانێکیش کلى هاڕدراوى
قه‌نده‌هارم بۆ بێنێ، که له‌به‌ر مانگه شه‌ودا دانرابێت و تێکه‌ڵ به شیرى مه‌مکى
دایکێک کرابێت که مناڵه‌که‌ى کچ بێت.
ئه‌مڕۆ به‌ڵێنه من و هاوڕێکه‌م بڕۆین بۆ لاى دکتۆر و من ته‌رجومه‌ى بۆ بکه‌م، توشى
ئازارێکى سه‌یر بووه له منداڵدانیدا، کاتێک ئه‌گه‌ینه ئه‌وێ و ئه‌بینێ
دکتۆره‌که‌ى پیاوه، پا به که‌وشێکدا ئه‌کات و نایه‌وێت خۆى پیشانى کابرایه‌کى
نه‌ناسى سویدى بدات، گه‌ر زه‌وى له ئاسمان بدات و هه‌موو شته نه‌گۆڕه‌کانى دنیاش
بگۆڕێن ئه‌وا ئه‌و کاته‌ش هه‌ر ڕ‌ازى نابێت، ناهێڵێت ئه‌م دکتۆره بیانییه نه‌ک
ڕه‌حمى ته‌نانه‌ت گوێیشى ببینێ. ئه‌پاڕێمه‌وه‌و به‌ڵێنى ئه‌ده‌مێ که له دوو
ده‌قیقه زیاترى پێناچێت، شتى وا نه‌بووه‌و نابێت. ده‌مى ئه‌نێ به‌گوێمه‌وه به
چرپه ئه‌ڵێ که گوایه هه‌تا ئێستا ته‌نانه‌ت مێرده‌که‌شى له ڕووناکیدا
نه‌یبینیوه، چ بگات به کابرایه‌کى نه‌ناسى سویدى.
ئیدى من لاى ئاغاى ته‌همورستى کارم نه‌ماوه، هه‌فته‌ى داهاتوو به‌بێ جل ئه‌ڕۆم بۆ
به‌رده‌مى جلشۆرخانه‌که‌و بۆ هاوڕێکه‌مى باس ئه‌که‌م که چى ڕویداوه، به ده‌نگى
به‌رز ئه‌گرى و نایه‌وێت تێبگات که ته‌واو سه‌رده‌مى سه‌فه‌ره خه‌یاڵییه‌کانمان
بۆ ئه‌فغانستان ئیدى به‌سه‌رچوو، باوه‌شى پیائه‌که‌م و سۆزى پێئه‌ده‌م که
به‌رده‌وام دێمه به‌رده‌مى جلشۆرخانه‌که و نه ئه‌هێڵم ئیتر جلى کوڕه
نازداره‌که‌ى خراپ بکات و نه به‌سه‌رهاته‌کانى ته‌نها و ناچار بۆ ماشینه
خراپه‌کانى ئه‌م سه‌رده‌مه بگێڕێته‌وه.
من که هاوڕێی باشى ئه‌و بووم ئیتر به سه‌رسۆزى خۆمدا زاڵ ئه‌بم و به‌بێ باسى
سه‌فه‌رو کلوکلچێوک و به‌هارات و ته‌نهاییه‌کانی به جێیدێڵم. من ، هاوڕێ
خۆشه‌ویسته‌که‌ى هاوڕێکه‌م، به‌جێیئه‌هێڵم تا هه‌ر خۆى به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ ماشینه
خراپه‌کانى ئه‌م جلشۆرخانه‌یه‌دا سه‌فه‌ربکات و نه‌گاته جێ.
ئه‌وه‌تا ئه‌وه خۆیه‌تى پاش دوو مانگ له‌یه‌کێک له‌هه‌ره سه‌ر سه‌وزترینی ئه‌م
کۆڵانانه‌دا ئه‌یبینم، باوه‌شى پیا ئه‌که‌م و هه‌واڵى کوڕه نازداره‌که‌ى ئه‌پرسم،
پاش چه‌ند ساتێک بێده‌نگى عه‌ینه‌که‌که‌ى لائه‌بات، چیبووه؟! به‌رپێڵووه‌کانى
مۆرهه‌ڵگه‌ڕاون، ئه‌ڵێ:
ـ شوهرم خواسته بیاد پیشم تصادف کرد و مرد. شوهرم مرد.*1*
ئه‌ڵێى من ڕه‌فته‌یه‌کى به‌ربووى ده‌م بام و تێکه‌ڵ به جله چڵکن و ئه‌ستوره‌کانى
کوڕه نازداره‌که‌ى هاوڕێکه‌م کراوم و ئه‌و دیسان به‌هه‌ڵه له‌برى ئه‌وه‌ى ده‌ست
به‌سه‌ر سیدا بنێ له‌سه‌ر شه‌ست شتونى.
عه‌لاگه‌یه‌ک حه‌ب و ده‌رمانى پێیه‌و به‌ته‌نیا به هێمنى به‌جێم دێڵێت و
هاوارئه‌کات:
ـ شوهرم مرد.*2*
تا به‌خۆمدا دێمه‌وه ئه‌و له‌ناوه‌ڕاستى کۆڵانه‌که‌دا به‌سوکى هه‌نگاو ئه‌نێت و
به‌ده‌نگى به‌رز مێرده دوور وڵاته‌که‌ى ئه‌لاوێنێته‌وه، "با" یارى به چمکى
سه‌رپۆشه ڕه‌شه‌که‌ى ئه‌کات. به‌خێرایى وه‌ک گه‌یشتنمان بۆ سه‌فه‌ره
خه‌یاڵییه‌کانمان بۆ ئه‌فغانستان ئه‌گه‌مه‌وه لاى و باوه‌شى پیائه‌که‌مه‌وه و
له‌گه‌ڵى ئه‌گریم، هاوڕێ حه‌فتاوحه‌وت ساڵه‌که‌م زۆر غه‌ریب، غه‌ریبتر له
زریکه‌کانى کاتى ڕوتبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا سه‌یرم ئه‌کات، وه‌ک له‌وه‌ى
بییه‌وێت پێمبڵێت تازه ته‌واو مێرده‌که‌م مرد.
کۆڵان پڕبووه له ته‌نهایى.
*1*مێرده‌که‌م ویستى بێت بۆلام وه‌رگه‌را و مرد.
*2*مێرده‌که‌م مرد.