کورته چیرۆک
سیروان عه‌بدول
پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه دوورودرێژه‌ی غوربه‌ت، گه‌یشته‌وه مه‌فته‌ن.
* * * * * * * * *
- ''چه‌ن جوان بوو که ئاوا هه‌ر که گه‌یشته‌وه مه‌فته‌نه‌که‌ی خۆی به‌تاسه‌وه په‌لاماری خاکوخۆڵه‌که‌ی دا ڕایمووسێت!''، خه‌ڵکه‌که ده‌یانووت.
شێتگیرانه کردی؛ دیاربوو غوربه‌ت زۆر جه‌زره‌به‌ی دابوو. هه‌ر له‌ڕێگاش بڕیاری دابوو هه‌ر که پێی خسته‌وه سه‌ر یه‌که‌م بسته‌خاکی، کارێک بکات پیشانی بدات چه‌ند شیرینه مه‌فته‌ن.
له‌خۆشیاندا هاواری ده‌کرد. تا توانی جانتاکه‌ی بۆ دوور توڕهه‌ڵدا. هه‌زاران جار به‌ده‌نگی به‌رز خۆی به‌قوربانی خاکی باووباپیران کرد به‌رله‌وه‌ی بنووشتێته‌وه تا به‌تاسه‌وه خاکوخۆڵه‌که ڕامووسێت.
- ''حه‌ق نه‌بوو ئاوا په‌له‌ی بکردایه و یه‌کسه‌ر له‌و خۆڵه نه‌رمه‌دا ده‌مووچاوی خۆی نوقمکات!''، هه‌ندێک خه‌ڵکی تر ده‌یانووت. ''ئه‌یتوانی چاوه‌ڕێکات تا له‌و خۆڵه‌په‌تانێیه تێئه‌په‌ڕی!''
چیبکات تاسه‌ی بوو. له‌حه‌سره‌تدا هاواری ده‌کرد. که‌وتبووه سه‌رچۆک و پڕبه‌ده‌نگ ناوی مه‌فته‌نی وێرد ده‌کرد. به‌ده‌م هاواره‌وه ده‌می برد بۆ ڕامووسینی خاکوخۆڵه‌که. هه‌ناسه‌ی خۆڵه‌که‌ی ورووژان و هه‌ندێک پرژایه قوڕگییه‌وه. ئه‌مه کۆخه‌یه‌کی توندی پێگرت و تا ده‌هاتیش زیادی ده‌کرد.
- ''وای ماڵم کاوله، کوڕه‌که‌م خنکا!''، دایکی هاواری ده‌کرد و له‌سه‌ریه‌که‌ش به چمکی که‌واکه‌ی چڵم و لیکی کوڕه‌ی تاینی ده‌سڕییه‌وه که له‌به‌ر کۆخه‌ی زۆر و هه‌ناسه‌سواریی له‌سه‌ر گازه‌رای پشت لێی که‌وتبو و نیوه‌گیان ببوو.
* * * * * * * * *
- ''ده‌ڵێن نه‌خۆشییه‌که‌ی لێی پیس کردووه و به‌ته‌مایه بچێت له‌ده‌ره‌وه چاره‌سه‌ر بکات!''، ده‌نگۆیه‌ک له‌ناو خه‌ڵکه‌که‌دا بڵاوبووه‌وه.
هه‌ر واش بوو. نه‌خۆشییه‌که‌ی سینگ و قوڕگی که له‌ئاکامی هه‌ڵمژینی ئه‌و خۆڵه زۆره‌وه تووشی بوو تا ده‌هات ته‌شه‌نه‌ی ده‌کرد و په‌کی ده‌خست.
ده‌مه‌وئێواره‌یه‌ک له‌سنوور په‌ڕییه‌وه و بۆ چاره‌سه‌ر له وڵاتێکی تر ملی ڕێگه‌ی گرته به‌ر. ئه‌گه‌رچی بێ ووزه و لاواز ببوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا جانتا تایه‌داره‌که‌ی به‌ده‌ستکه‌که‌ی به‌رزکردبووه‌وه و له‌ئه‌رز بڕیبوی نه‌با ئه‌و خۆڵه‌په‌تانێیه‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ره پیسی بکات.
* * * * * * * * *
- ''له‌وێش خۆت له‌خۆڵ و مۆڵ بپارێزه، نه‌با زیاتر لێت پیس بکات!''، خه‌ڵکه‌که هۆشدارییان دایێ.
- ''هاتیشیته‌وه خاکه‌که‌ی مه‌فته‌ن ڕامووسه، به‌س لای ئه‌و خۆڵه‌په‌تانییه‌وه نا!''، خه‌ڵکێکی تر به‌بزه‌یه‌که‌وه پێیانووت.
* * * * * * * * *
نه‌هاته‌وه.
* * * * * * * * *
پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه دوورودرێژه‌ی ته‌مه‌ن، له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌کی وڵاتێکی دووره‌مه‌فته‌ن بۆ یه‌کجاریی سه‌ری نایه‌وه.
* * * * * * * * *
نه‌رویج
04.2006