رافائیل
ماردین ئیبراهیم
ئه‌و زه‌مانه وابوو
بابم به ده‌نگی به‌رز دوعای ده‌خوێند
بۆ ئه‌وه‌ی گوێ‌ی له ناڵه‌ی ئیبلیسێکی زامدار نه‌بێت له سه‌ریا
بابم به ده‌نگی نزم کوفری ده‌کرد
ده‌ترسا موحه‌مه‌دێکی غه‌مناک
له سینه‌یدا بێ‌دار بێته‌وه
* * * *
بابم ناوی رافائێل بوو
له ناو ڕه‌شه‌بادا ده‌ستم له ده‌ستی ئه‌و ترازاو ونبووم
هێند ساوا بووم، له هێلانه‌ی له‌قله‌قه‌کاندا ده‌خه‌وتم
له‌گه‌ڵ شه‌مشه‌مه کوێره‌کاندا
خۆم به بنمیچی ئه‌شکه‌وته‌کانه‌وه هه‌ڵده‌واسی
له کونی قرژاڵه‌کاندا خۆم ده‌شارده‌وه
فیشه‌کدانه‌کانم له خۆم به‌ست و به ناو ته‌مومژدا رۆیشتم
هێند منداڵ بووم،
تیماری ئه و زامانه م بۆ نه ده كرا که گولله‌کانم له‌سه‌ر سنگی خاك به‌جێی ده‌هێشت
نیشتیمانی چی؟؟ نیشتیمانی چی؟؟
من تاریک و ڕوونی ئه‌و سپێده‌یه‌شم بۆ نه‌ده‌لاوایه‌وه،
ده‌ستمان له ده‌ستی یه‌ک ترازا و
من له‌ناو ڕه‌شه‌باوه هاوارم ده‌کرد:
بۆ ده‌ڕۆی ڕافائیلی من بۆ ده‌ڕۆی؟؟؟
***** ****** ****
هێند منداڵ بووم
پاڵم بۆ به جۆلانه‌یه‌که‌وه نه‌ده‌نرا
هێلکه‌ی قازێکم بۆ نه‌ده‌خرایه زه‌میله‌یه‌که‌وه
ده‌ستم نه‌ده‌گه‌یشته عه‌ینه‌که‌که‌ی بابم
بێشکه‌ی (ئۆفیلیا)م بۆ ڕانه‌ده‌ژه‌نرا،
هێند گچکه بووم
ڕێشمه‌ی جاڵجاڵۆکه‌یه‌کم بۆ نه‌ده‌گیرا
سیسرکێکی چه‌مووشم بۆ زین نه‌ده‌کرا،
که‌روێشکێکی ته‌پلۆسم بۆ نه‌ده‌به‌سترایه‌وه
ده‌سرازه‌ی خاڵخاڵۆکه‌یه‌کم بۆ توند نه‌ده‌کرا
مارمێلکه‌یه‌کم بۆ ئاو نه‌ده‌درا
وه‌ک کرمێک سه‌رم به ماڵی دوژمنیشدا ده‌کرد
وه‌ک به‌چکه تیمساحێک خۆڵم ده‌خوارد
له ناو ئه‌و بیره تاریکه‌وه هاوارم ده‌کرد
بۆ ده‌ڕۆی رافائیلی من بۆ ده‌ڕۆی؟؟؟
* * * *
به هه‌ر باخێکدا ڕه‌تبووبا
هه‌رمێکان له ترسا ده‌وه‌رین
ڕۆیشتبا بۆ هه‌ر مه‌یخانه‌یه‌ک
کووپه شه‌رابه‌کان له ترسا ڕایانده‌کرده‌وه بۆ ناو ڕه‌ز
له ناو ده‌ماری مێوه کاندا خۆیان ده‌شارده‌وه
به هه‌ر مێرگێکدا ڕه‌تبووبا
ساڵێکی ڕه‌به‌ق ئه‌سپه‌کان نه‌یانده‌حیلاند
سه‌ری به هه‌ر کووچه‌یه‌کدا کردبا
ساڵێکی ته‌واو سیحربازه‌کان ئاگریان له ده‌م نه‌ده‌هاته ده‌ر،
کۆتر له گیرفانه‌کانیانه‌وه نه‌ده‌فڕی
به هه‌ر شارێکدا ڕه‌تبووبا
ئه‌و بۆنه‌ی له بێئیمانی ئه‌وه‌وه هه‌ڵده‌ستا قه‌دیسه‌کانی لاڵ ده‌کرد
ئاگری په‌رستگاکانی ده‌کوژانده‌وه
ڕاهیبه‌کانی له دین وه‌رده‌گێڕا
* * * *
ئه‌و زه‌مانه وابوو
برینداره‌کان به هێواشی ده‌یانناڵاند
ده‌ترسان ئه‌وینێکی ناموراد له دڵیان‌دا بێداربێته‌وه
بابم به ده‌نگی به‌رز کوفری ده‌کرد
ده‌ترسا ناڵه‌ی خودایه‌کی زامدار ببیستێت.
* * * *
ڕووی کردبا هه‌ر بیابانێک، کارمامزه‌کانی کوێر ده‌بوون
ماره‌کان وه‌ک گه‌واڵه‌هه‌ورێک له پێشیه‌وه ده‌ڕۆیشتن
سه‌ری به هه‌ر ماڵێکدا کردبا
ژنه‌کانیان نه‌زۆک ده‌بوون
پیاوه‌کانیان که له شه‌ڕ ده‌هاتنه‌وه
ئه‌سپه‌کانیان له‌به‌ر باران جێده‌هێشت و
سه‌ریان به قورعانێک ده‌کرد و ده‌خه‌وتن
منداڵه‌کانیان به‌سک ئێشه ده‌مردن
کچه‌کانیان ده‌ردێکیان ده‌گرت، حه‌کیمه‌کانی سه‌رسام ده‌کرد،
کوڕه‌کانیان وه‌ک دووپشکه ده‌که‌وتنه خواردنی دایکیان
به هه‌ر خاكێکدا ڕه‌تبووبا،
سالێكی ڕه به ق باران نه‌ده‌باری
به‌ڵام هه‌ر که ناوی ئۆفیلیا یان ده‌هێنا، ئه‌و مات ده‌بوو
سه‌ری له‌به‌ر خۆی ده‌ناو ده‌یگوت:
عه‌زابم مه‌ده ئۆفیلیا
خۆ من کۆیله‌ی تۆم ئۆفیلیا
* * * *
ئه‌و ڕۆژگاره وابوو
به ده‌نگی به‌رز کوفرمان ده‌کرد
نه‌بادا چکه‌ی خوێنێک له‌سه‌ر خاچێکه‌وه ببیستین
به‌ده‌نگی نزم دوعامان ده‌خوێند
نه‌بادا یه‌هودایه‌کی خه‌وتو له ناو سه‌رماندا بێدارکه‌ینه‌وه
* * * *
ته‌قه‌ی له‌و دوعایانه‌ش ده‌کرد
که بۆ ئاسمان به‌رز ده‌بوونه‌وه
گڕی به‌رده‌دایه نوشته‌ی گه‌چڵاوی سه‌رشانی منداڵه‌کان
مه‌لای مزگه‌وته‌کانی به دار تووه‌کانه‌وه ده‌به‌سته‌وه
گه‌وڕی ئێستره‌کانی به قه‌شه‌کان پاکده‌کرده‌وه
نه‌یده‌هێشت قورعان ببرێت بۆ ماڵی ژنه زه‌یستانه‌کان
خێڵه به‌جێماوه‌کانی تیرباران ده‌کرد
زێوانه‌کانی ده‌کرد به زوڕناژه‌ن
مه‌یته‌ره كانی ده‌کرد به‌گزیز
ده‌هۆڵی به شیوه‌نگێره‌کان ده‌کوتا
به‌ڵام که ده‌گه‌یشته به‌رده‌رگای ئۆفیلیا
له ئه‌سپه‌که‌ی ده‌هاته خوار،
شمشێره‌که‌ی فڕێ ده‌دا و هاواری ده‌کرد:
جا چۆن وا ده‌بێت ئۆفیلیا
ده‌ردم گرانه ئۆفیلیا
خوێنم حه‌ڵاڵه ئۆفیلیا
* * * *
که ئه‌و له ناو گێژه‌ڵووکه‌دا جێ‌ی هێشتم
شه‌و هێنده‌ی شه‌ونم مژی بوو به‌ته‌نیا بۆم هه‌ڵنه‌ده‌گیرا
ته‌مومژم کرده کۆڵم
تریفه‌ی ترساوی زستانم کرده قه‌ڵاندۆشکان
بوومه هاوه‌ڵی ئه‌و کیسه‌ڵانه‌ی له لیته‌دا گیریان خواردبوو
دڵی ئه‌و ژیشکانه‌م دایه‌وه که که‌وتبوونه به‌ر ده‌ستو پێ‌ی ئه‌سپه‌کان
شیوه‌نم بۆ ئه‌و کرمانه گێڕا که تاوه ته‌رزه کوشتبوونی
لای ئاگردانی به‌جێماوی چه‌ته‌کان خۆم گه‌رم ده‌کرده‌وه
له ترسی تاریکی گۆرانیم ده‌گووت،
ده‌مگووت: ئه‌مشه‌ویش ده ر‌به‌ده‌ری میوانمانه
که کازیوه‌ش له ده‌ستی شه‌و خۆی ڕاده‌پسکاند
که لووتی سپێده ده پژا، به‌رۆکی ئاسۆ ده بوو به خوێن
من له ناو ئه‌شکه‌وته كه‌وه ده‌مقیژاند:
بۆ ده‌ڕۆی ڕافائیله‌که‌م بۆ ده‌ڕۆی؟؟؟
* * * *
شه‌وێکیان له ناو گه‌رده‌لوولدا
بۆ هه‌ناسه خنکاوه‌کانی ئۆفیلیا ده‌گه‌ڕا
وه‌ک شوانێکی خه‌واڵوو، فه‌روه مه‌ڕێکی پۆشیبوو
له‌و ئه‌فسه‌رانه ده‌چوو که وه‌رزی ڕشانه‌وه گه‌وره‌کان
به ناو ده‌غڵه‌کاندا بڵاوده‌بوونه‌وه
گۆڕستانه‌کان به کوژراوه‌کانی ده‌ستی ئه‌و ئاوه‌دان ده‌بوونه‌وه
سه‌ف سه‌ف کاروانه‌کانی بۆ قیامه‌ت ده‌نارد
نه فیشکه‌ی مارێکی ته‌نیای ده‌بیست
نه گوێ‌ی له ئاهی ئه‌و بریندارانه بوو که با له بێشه‌ڵانه‌کانه‌وه ده‌یهێنا،
منیش به ئه‌سپایی ده‌ڕۆیشتم
ده‌ستێکم له‌سه‌ر دڵی مانگ دانا هێشتا زیندووبوو
ده‌ستێکم له ده‌ستی شه‌ودا بوو
تریفه دڵته‌نگه‌کانی زستان پێیان ده‌گوتم:
له‌و نزیکانه ئه‌ستێره‌یه‌کی نزم هه‌یه، خۆت نه‌وی‌که سه‌رتی لێنه‌ده‌یت
شه‌و گوتی خشه خش مه‌که، ئه‌و تاوێرانه خه‌ویان سووکه،
ده‌ستێکم له‌سه‌ر ناوچاوانی مانگ دانا، تای لێ‌بوو
ئیتر چاره‌نووسم وابوو، ده‌ستم له‌ده‌ستی ئه‌و به‌ربێت
ڕۆیشتم و له بنی ده‌ریادا له‌گه‌ڵ خنکاوه‌کاندا
شیری نه‌هه‌نگه‌کانم ده‌خوارده‌وه.
له‌گه‌ڵ کوژراوه‌کاندا له شه‌ڕگه‌کاندا
نامه‌ی ژنه‌مه‌کربازه‌کانم ده‌خوێنده‌وه
مانگه‌شه‌و منی دایه به‌ر ده‌ستڕێژی تریفه‌کانی و
منیش ده‌مگووت
تۆ له کوێ‌ی، رافائیلی بێئیمان، تۆ له کوێ‌ی؟؟؟
* * * *
ساڵی دڵئێشه گه‌وره‌کان
بۆ ساتێکی که‌م خافڵ بووم و له ناو دوکه‌ڵدا رافائیلم وونکرد
ئیتر کاتێکم زانی من له ووڵاتی تیمساحه‌کاندا بووم
تیمساحه‌کانیش وه‌ک من خه‌مبار ده‌بوون،
نیوه‌ڕۆیانی زستان له‌به‌ر خۆره‌تاو خۆیان هه‌ڵده‌خست و
به بێتاقه‌تی‌یه‌وه جگه‌ره‌یان ده‌کێشا
ئه‌وانیش وه‌ک من گه‌ر ته‌ریق کرابانه‌وه
ڕوومه‌تیان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕاو به کلکیان باوه‌شێنی خۆیان ده‌کرد
تیمساحه‌کانیش که عاشق ده‌بوون دڵیان ناسک‌تر ده‌بوو،
ڕوویان له دیوار ده‌کرد و ده‌خه‌وتن
که قسه‌یه‌کی ڕه‌قیان پێ ووترابا
سێ ڕۆژ له زه‌لکاوێکدا له‌سه‌ر ده‌م ده‌که‌وتن
که ده‌بوومه میوانیان زمانیان تێکده‌ئاڵا
له په‌له‌په‌لدا چایان لێده‌ڕژا، په‌رداخیان له‌ده‌ست به‌رده‌بۆوه
که شه‌وانی هاوین به گه‌ره‌که‌کانیاندا ڕه‌ت ده‌بووم
ئه‌وانیش له سه‌ربان ده‌خه‌وتن و به‌چکه‌کانیان له بنباڵی دایکیانه‌وه
سه‌یری ڕێبواره‌کانیان ده‌کرد
تیمساحه‌کانیش وه‌کو من که خه‌واڵوو ده‌بوون خۆیان به پێوه ڕانه‌ده‌گرت
هه‌رزه‌کاره‌کانیان به خه‌وه‌وه ده‌رۆیشتن
هه‌ندێکیان ده‌چوونه شه‌ڕ، ئێواره‌یان به دیل ده‌گرت و ده‌یانکوشت
ته‌رمی زه‌رده‌په‌ڕیان ده‌شێواند،
کاتژمێری وه‌ستاویان له ده‌ستی نیوه‌شه‌و داده‌ماڵی و ده‌یانبرد بۆ خۆیان
هه‌ندێکیان تاریکیان ئاو ده‌دا، شه‌پۆله‌کانیان ده‌به‌سته وه
ساڵانی نه‌هاتیان زین ده‌کرد، نائومێدیان لغاو ده‌کرد
ڕکێفیان له ته‌نیایی ده‌دا
هه‌ندێکیان قاچی شکاوی بۆقه‌کانیان تیمار ده‌کرد
دانی کلۆری قرژاڵه‌کانیان پڕ ده‌کرده‌وه
قه‌وزه‌ی ته‌ڕیان له‌سه‌ر ناوچاوانی کیسه‌ڵه تا لێهاتووه‌کان داده‌نا
په‌لی زامداری ئه‌خته‌بووته‌کانیان ده‌پێچا
که ئازیزێکیان ده‌مرد
خۆیان له لیته‌ی که‌ناره‌کان وه‌رده‌دا
به‌رۆکی کراسه‌کانیان داده‌دڕی
به‌چنگی گه‌وره سه‌ده‌فیان ده‌کرد به سه‌ری خۆیاندا
ئه‌وانیش هه‌ندێکیان وه‌کو من ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌کێڵا
مه‌رگی ناواده‌ی براکانیان ده‌دووریه‌وه
له وه‌رزی قات و قریدا،
به فرمێسکی خۆیان کێڵگه به‌یاره‌کانیان ئاو ده‌دا
که‌نیشکه‌کانیان له‌گه‌ڵ سروه‌ی ده‌شته‌کاندا،
ده‌ڕۆیشتن و هه‌وره‌کانیان ده‌دۆشی
هه‌ندێکیان به لۆکه ئاویان ده‌کرده ده‌می دۆلفینه ده‌رده‌داره‌کانه‌وه
هه‌ندێکیان له شه‌ونمی سارد مه‌رهه‌میان ساز ده‌کردو
ده‌یانخسته سه‌ر برینی شه‌پۆله‌کان
هه‌ندێکیان ده‌بوونه فاڵچی و ده‌ستی که شتیه‌وانه خنکاوه‌کانیان ده‌گرته‌وه
ده‌بوونه جادووگه‌ر و دوعای مۆریان له کچه ڕه‌شه‌کان ده‌خوێند
منیش وه‌ک ئه‌و ماسیانه‌ی ته‌نیایی ده‌یانکات به که‌فی سه‌ر شه‌پۆله‌کان
وه‌ک ئه‌و ژنانه‌ی نامورادی ده‌یانکات به تۆزی سه‌ر ئینجانه‌کان
ده‌مناڵاند و ده‌مگووت:
ده‌ستت بێنه رافائیلی من ده‌ستت بێنه
* * * *
ئه‌و بزه‌یه‌کی تاڵ هاته سه‌ر لێوانی و
من گۆڕه‌که‌ی رافائیلم هاته به‌رچاو
ئه‌ویان به خه‌مساردی کوشت و
من زه‌رده‌خه‌نه‌ی خۆڵاوی رافائیلم بیرکه‌وته‌وه
* * * *
بۆ تۆ بوو ئۆفیلیا بۆ تۆ بوو
بۆ تۆ بوو بابی من شه‌ڕی له‌گه‌ڵ تاتاره‌کاندا هه‌ڵگیرساند
له‌به‌ر تۆ ئاگری به‌ردایه ڕۆما
به هه ڵمی ده ریا سوێند ده‌خۆم،
له‌به‌ر چاوی تۆ سێ جار ده‌ست ده‌ده‌م به هه‌تاوی زستاندا
بۆ تۆ بوو بابی من ئایه‌ته‌کانی خسته سه‌ر نووکی شمشێره‌که‌ی،
نه‌ک له‌به‌ر کراسه‌که‌ی (عوسمان)
بۆ خاتری تۆ کتێبه‌کانی به‌غدای فڕێدانه دیجله‌وه
به قسه‌ی تۆ ژه‌هری کرده شه‌ربه‌تی خه‌لیفه‌کانه‌وه،
نه‌ک به قسه‌ی حه‌شاشه‌کان
تۆ نه‌بای ئۆفیلیا
بابم سه‌ری یوحه‌ننای نه‌ده‌خسته سه‌ر سینی‌یه‌کی زێڕ
ده‌ستنووسه‌کانی ئه‌نده‌لووسی تاڵان نه‌ده‌کرد
که‌چی ئۆفیلیا ده‌سڕێکی ده‌خسته سه‌ر ده‌می و
من کفنه‌که‌ی رافائیلم هاته به‌رچاو
ئه‌و به هێواشی ده‌مرد و
من زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆزاوی رافائیلم بیرکه‌وته‌وه
* * * *
تا نه‌مناشت نه‌مزانی له گۆرانییه‌کانی ئه‌ودا
چه‌قۆیه‌ک شکاوه
تا نه‌مناشت نه‌مزانی له یاده‌وه‌ریه‌کانی ئه‌ودا
گولله‌یه‌ک جێماوه
دڕکێک له پاژنه‌ی ئه‌ودا بوو
که‌چی من ده‌بێت تا ده‌مرم بشه‌لم
بزمارێک له تابوته‌که‌یدا بوو
له هه‌ر شوێنێک بم ناهێڵێت بخه‌وم
به‌و ده‌ستانه‌ی خۆم رافائیلم ناشت
قه‌برێکم له‌سه‌ر ڕێگای ماڵی ئۆفیلیا بۆ لێدا
له ناو ئاوڕدانه‌وه غه‌مباره‌کانی خۆیدا پاڵم خست
ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه دڵم له زه‌رده‌په‌ڕ ئێشا
بۆ هه‌تاهه‌تایه دڵم له نه‌سیمی به‌یانی شکا
2006