(ئه‌و پیاوه‌ی بوو به‌ به‌رد )

چیرۆک ئارام کاکه‌ی فه‌لاح

 

نازانم ده‌مناسنه‌وه‌ یان نا ، من غه‌ریبم ، غه‌ریب ڕیکۆرد. ئه‌و که‌سه‌ی په‌یمانم پئ دان چیرۆکی ئه‌و پیاوه‌ بنووسمه‌وه‌ که‌ بوو به‌ به‌رد. له‌ ڕاستیدا من هه‌ر زۆر زوو ده‌ستم کرد به‌ نووسینی ئه‌و چیرۆکه‌ ، به‌ڵام هه‌تا بڵێیت دره‌نگ ته‌واوم کرد ، نا وا مه‌زانن که‌ زوو ده‌ستت کرد به‌ چیرۆکێک ئیتر زوو ته‌واوی ده‌که‌یت ، زوو ده‌ست کردنی منیش به‌و چیرۆکه‌ زیاتر ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ، که‌ من نامه‌ و ئی_ مایلێکی زۆرم پئ گه‌یشت که‌ داوایان لئ ده‌کردم ئه‌و چیرۆکه‌ بنووسم .خوێنه‌رێکی زۆر چیرۆکی ئه‌وانی وه‌ک تێڕامانێک له‌ ته‌مه‌نی خۆیان سه‌یر ده‌کرد و حه‌زیان ده‌کرد دوای بکه‌ون ، ده‌یانوویست بزانن ئه‌و پیاوه‌ بۆ بوو به‌ به‌رد ، ئه‌و ژنه‌ له‌شی که‌ی بوو به‌ برین ، چۆن بوو به‌ برین، چی لئ هات ؟ له‌ کوئ ده‌ژی ؟ چۆن ده‌دوئ ؟ مردووه‌ یان ماوه‌ ؟ گه‌ر مردووه‌ له‌ کوێیه‌ تا گوڵێکی بۆ به‌رن، گوڵێک بۆنی گوڵی لێ بێت نه‌ک برینه‌کانی ئه‌و .ئه‌ی ئه‌گه‌ر چاک بووه‌ته‌وه‌ چۆن و له‌ کوێیه‌ ؟به‌ لێشاو پرسیارم بۆ ده‌هات، بۆیه‌ منیش بریاری نووسینی ئه‌و چیرۆکه‌م دا، به‌ڵام من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ بڵێم که‌ من دوای نووسینی ئه‌و چیرۆکه‌ نازانم و سه‌رم لئ شێواوه‌، نازانم ئه‌مه‌ی نووسیوومه‌ حیکایه‌تی ئه‌و پیاوه‌یه‌ که‌ بوو به‌ به‌رد ، یان سه‌رگوزشته‌ی ئه‌و ژنه‌یه‌ که‌ بوو به‌ برین، یان چیرۆکی خۆمه‌ که‌ له‌ نێوان به‌رد و بریندا جێگایه‌ک بۆ خۆم نادۆزمه‌وه‌ ناو درکه‌کان نه‌بێ،


بۆیان ده‌نووسیم ، ده‌یانووت بینووسه‌، ئه‌و چیرۆکه‌ بنووسه‌ تا ئه‌و پیاوه‌ی بوو به‌ به‌رد نه‌مرئ، چیرۆکه‌که‌ی تۆ زیندووی ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ بنووسه‌وه‌ که‌ بوو به‌ برین، چیرۆکه‌که‌ی تۆ نایه‌ڵی وا به‌ ئاسانی له‌م دونیایه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یانووسی له‌ دایک بوونی مرۆڤ هه‌روها ئاسان نییه‌ ده‌بئ لێده‌رچوونیشی هه‌روا ئاسان نه‌بێت، ئاخر نابێ ئێمه‌ به‌و زه‌حمه‌تییه‌ بێینه‌ ژیانه‌وه‌، به‌و هه‌موو گرێ یه‌وه‌ ببه‌سرێینه‌وه‌، لایه‌قی ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ بین، ئه‌و هه‌موو نووره‌ له‌ دڵماندا بێ، له‌ چاوماندا ئه‌و هه‌موو جوانییه‌، ئیشه‌کانمان، خه‌ونه‌کانمان نیوه‌ی زیاتری مابێت، که‌چی ده‌رچوونمان لێی وه‌ک بڵقی سه‌ر ئاو بێت.

 نا ئازیزان! درۆیه‌، پێم مه‌ڵێن چیرۆکه‌که‌ی تۆ ئه‌وان دێنێته‌وه‌ ناو ژیان ، نا ، من له‌ ناو دڕکه‌کاندا گه‌وره‌ بووم ده‌زانم وا نییه‌، تازه‌ ئه‌و پیاوه‌ی که‌ بوو به‌ به‌رد، بوو به‌ به‌رد، هیچ شتێ نایکاته‌وه‌ به‌ گۆشت و خوێن، ئه‌م ژنه‌ش که‌ هه‌موو له‌شی بوو به‌ پارکێک له‌ برین ، تازه‌ هیچ چیرۆکێک نایکاته‌وه‌ به‌و ژنه‌ی جاران که‌ من ڕۆژئ له‌ ڕۆژه‌ تارییکه‌کانی ژیانمدا وێنه‌که‌یم له‌ سه‌ر ڕادیۆیه‌کی شکاودا دۆزییه‌وه‌ .منیش غه‌ریب ، غه‌ریب ڕیکۆرد ، هێنده‌ دڕک به‌ خه‌یاڵمدا چه‌قیووه‌ قه‌د ناتوانم ببمه‌وه‌ به‌و غه‌ریبه‌ی جاران که‌ ڕۆژئ له‌ ڕۆژان ویستم ڕیکۆردێک بشکێنم و نه‌یانهێشت و چاره‌نووس دوای چه‌ند ساڵێک تووشی نووسینی چیرۆکێکی کردم که‌ قه‌ت ته‌واو نابێت. که‌ نازانم چۆن ده‌ستی پێ بکه‌م و له‌ کوێوه‌ بینووسم و له‌کوێدا کۆتایی پێ بهێنم.

 وه‌ک وتم چیرۆکه‌که‌م دره‌نگ ته‌واو کرد ، وا مه‌زانن دره‌نگ ته‌واو کردنی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ته‌ممه‌ڵی، به‌ڵکو ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و ژنه‌ ، که‌ هه‌فته‌ی جارێک یان دووان ده‌هات بۆ لای په‌یکه‌ری مێرده‌که‌ی له‌ پڕ دیار نه‌ما. ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکی زۆر به‌ به‌رده‌وام ده‌هات، به‌ به‌رده‌وام فرمێسکی ده‌ڕشت و له‌و په‌یکه‌ره‌ی ده‌ڕوانی، به‌ تۆپه‌ڵێک برینه‌وه‌ که‌ هه‌وڵێکی شێتانه‌ی ده‌دا دایانپۆشێ و نه‌بینرێن، به‌ڵام من ده‌مبینین. له‌و ژووره‌وه‌ ده‌مبینی که‌ له‌ ناو دڕکه‌کاندا دروستم کردبوو. له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا چه‌نده‌ها جار برینه‌کانی زیادیان ده‌کرد و به‌ قورسی هه‌نگاوی هه‌ڵده‌هێنا ، جاری واش هه‌بوو برینه‌کانی له‌ پڕ ووشک ده‌بوون و وه‌ک په‌پووله‌ هه‌ڵده‌فڕی نووقمی له‌نجه‌ولار. من له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا چه‌ند جارێکی که‌م قسه‌م له‌ گه‌ڵدا کردبوو ، هه‌ندئ جاریش شووشه‌یه‌کی چکۆلانه‌م له‌ شیری دڕکه‌کان بۆ ئاماده‌ ده‌کرد و له‌ به‌رپێی په‌یکه‌ره‌که‌دا بۆم داده‌نا. چیشی ده‌ووت لای خۆم دوایی تۆمارم ده‌کرد. ئه‌و منی باش ده‌ناسی، ده‌یزانی یه‌کێک هه‌یه‌ له‌ ناو دڕکه‌کانه‌وه‌ سه‌یری ده‌کات، یه‌کئ هه‌یه‌ ئاگای له‌ حیکایه‌تی به‌ردبوونی مێرده‌که‌یه‌تی. یه‌کێ هه‌یه‌ ئه‌و برینانه‌ی جه‌سته‌ی ده‌بینێ، که‌ هێنده‌ قایم حه‌شاری ده‌دان، هیچ چاوێک نه‌یده‌بینی، چاوی من نه‌بێ. که‌سێ هه‌یه‌ هه‌ندێ جار قسه‌ی بۆ ده‌کات، هه‌ندێ جار دڵی ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام دڵدانه‌وه‌ و قسه‌کانی بۆ ئه‌م وه‌ک ده‌زوویه‌کی باریک وان که‌ برینێکی قووڵی پێ ببه‌ستی که‌ مه‌حاڵه‌ ببه‌سترێ .

 من چیرۆکنووس نیم ، بۆیه‌ نازانم چیرۆک چۆن بینا ده‌کرێ ، حه‌زیشم زۆر به‌و چیرۆکانه‌ نه‌ماوه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خل ده‌بنه‌وه‌ بۆ کۆتایی . بۆیه‌ من داوای لێ بووردن له‌ خوێنه‌ر ده‌که‌م و دێم له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌م ، دوایی ده‌یبه‌مه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاکان ، ئینجا بۆ ناکۆتایی ، بۆیه‌ ده‌ڵێم ناکۆتایی چونکه‌ ئه‌م چیرۆکه‌ی من کۆتایی نییه‌، به‌هه‌ر حاڵ من هه‌ر ده‌بێ بینووسم چونکه‌ په‌یمانم داوه‌ و پێم جوانتره‌ بیبه‌مه‌ سه‌ر تا حه‌یام نه‌چێ .
 

ناوه‌ڕاسته‌کان
چه‌ند ساڵێکی زۆر تێپه‌ری و ڕۆژێک وه‌ک وتم ژنه‌که‌ له‌ پڕ دیار نه‌ما، زۆر چاوه‌ڕوان بووم بێته‌وه‌ و بیبینمه‌وه‌ ، به‌ڵام نه‌خێر نه‌هاته‌وه‌ ، ناچار بووم دوای بکه‌وم تا بیدۆزمه‌وه‌ . به‌ڵام بۆ کوێ ؟ من هیچ ئه‌درێسێکم لا نه‌بوو ته‌نانه‌ت دوای سێبه‌ره‌که‌شی بکه‌وم نه‌ک خۆی ، هیچ ناونیشانێکم نه‌بوو بمگه‌ێنێته‌ لای . له‌ ناو به‌یاز و نووسراوه‌کانمدا گه‌ڕام ، سه‌فه‌رێکم کرد هه‌وڵ ده‌ده‌م لێره‌دا بۆتان بگێڕمه‌وه‌ .

من له‌ ناو به‌یاز و نووسراوه‌کانمدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژنه‌که‌ سه‌ره‌ ده‌زوویه‌کم دۆزییه‌وه‌ که‌ هه‌ر له‌ خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌دا هه‌بوو، سه‌ره‌ده‌زوویه‌کی باریک خۆم دایه‌ ده‌ستی .من هه‌ر له‌ خۆمه‌وه‌ هه‌ندێ شوێنم تۆمار کردبوو که‌ خۆشم نازانم بۆچی یادداشتم کردبوون ، به‌ڵام له‌ ژنه‌که‌م بیستبوو . ئه‌وه‌ی نه‌ده‌هات به‌ خه‌یاڵمدا ئه‌وه‌ بوو که‌ ڕۆژێ بێ و ناچار بم به‌کاریان بهێنم و بیانکه‌مه‌ ڕێگایه‌ک بۆ گه‌ڕان به‌ شوێن ئه‌ودا . هه‌ندێ شوێن که‌ له‌ وێنه‌یه‌کی فۆتۆگرافی ده‌چێت به‌ کامیرایه‌کی خراپ گرتبێتت و بیرت چووبێته‌وه‌ که‌ هی تۆیه‌ ، یان ڕووت نه‌یه‌ت پێشانی که‌سی به‌یت، نه‌تزانیبێ و هه‌ر له‌ خۆته‌وه‌ ده‌ستت به‌ری که‌وتبێت و به‌ خوار و خێچی شوێنێک گیرابێت، شوێنه‌کانیش که‌ من تۆمارم کردبوون ، هه‌ر وا بوون . ڕێگایه‌کی ئاڵۆز بوو ، من له‌و کاته‌ که‌مانه‌دا که‌ قسه‌م له‌ گه‌ڵ ژنه‌که‌ ده‌کرد ، هه‌موو شتێکم لای خۆم ده‌نووسی ، به‌ تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌منووسی ، له‌ شوێنی جیاواز _ جیاواز دامده‌نان ، به‌ڵام دوای به‌ یه‌کتر به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌ زیاتر نه‌خشه‌یه‌کی سه‌یری بۆ وێنه‌ کردم. من قه‌ت بیرم له‌وه‌ نه‌کردبووه‌وه‌ که‌ ژنه‌که‌ ڕۆژێ دێ و دیار نامێنێت . بیرم له‌ ون بوونی خۆم کردبێته‌وه‌ ، هی ئه‌وم نه‌کردبووه‌وه‌ ، نازانم بۆ ؟ ڕه‌نگه‌ هی ئه‌وه‌ بێ که‌ حه‌زم کردبێ ڕۆژێ بێ و بیکه‌مه‌ چیرۆکێک . هه‌رچه‌نده‌ من هیچ پیلانێکی وام نه‌بوو، که‌ دیار نه‌ما وام زانی خه‌یاڵی چیرۆکێکم لێ دزراوه‌ ، که‌ دیار نه‌ما وه‌ک ئه‌وه‌ وا بوو نووسینێک هی تۆ بێ و یه‌کێکی تر ناوی خۆی له‌سه‌ر دانابێت. من به‌م شێوه‌یه‌ هاتنی ئه‌و ژنه‌م تۆمار کردبوو / به‌ پێ دووهه‌زار هه‌نگاو ده‌نێم و ده‌گه‌مه‌ لێژاییه‌ک ، به‌ردێک هه‌ر له‌وێدا ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ بۆ چاڵاییه‌ک که‌ له‌ دووره‌وه‌ له‌ شتێکی سه‌یر ده‌چێ . هه‌میشه‌ که‌ ده‌گه‌مه‌ ئه‌وێ به‌ردێک ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ .. سه‌یره‌ نازانم بۆ ؟ پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاو هه‌ڵبێنم ده‌نگی پێی ئه‌سپێک که‌ له‌ خووڕه‌ی باران ده‌چێ دێته‌ گوێم ، ئه‌و ناوه‌ به‌ دڵۆپێک فرمێسکه‌وه‌ جێ دێڵم و ده‌ڕۆم.

دوای دووهه‌زار هه‌ناسه‌ ، دوو هه‌زار چاوترووکان ده‌گه‌مه‌ لا ڕێییه‌ک که‌ هێنده‌ باریکه‌ ئاگام له‌ خۆم نه‌بێ ده‌که‌ومه‌ خواره‌وه‌ و ده‌بم به‌ دووهه‌زار پارچه‌وه‌ . ماوه‌ی سه‌عاته‌ ڕێیه‌ک ده‌گه‌مه‌ شه‌قامێک ، چوار ئوتومبیل به‌لامدا تێده‌په‌ڕن ، چواره‌میان گه‌نجێکه‌ بۆڵه‌ بۆڵێک ده‌کات و هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستێکی ناڕه‌زایی به‌رزده‌کاته‌وه‌ له‌ به‌رده‌ممدا سووکی ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام ناوه‌ستێ ، چواره‌میان هه‌میشه‌ بۆڵه‌یه‌ک ده‌کات بۆ ؟ سه‌یره‌ .. نازانم . پێنجه‌م دانه‌ دێ دوای پێنج هه‌ناسه‌ بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێ ڕابگرم ده‌وه‌ستێ ، ده‌ڵێ فه‌رموو سوار به‌ بۆ شار ده‌چم ، له‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ ڕاتده‌گرم . منیش ده‌ڵێم به‌ڵێ .. به‌ڵێ هه‌ر بۆ ئه‌وێ ده‌چم . دوای سه‌عاتێک لێخوڕین ده‌گه‌ینه‌ چایخانه‌یه‌کی لاڕئ بۆ پشوو ، چایچییه‌کی غه‌مگین ، دیژله‌مه‌یه‌کی گه‌رمم بۆ دێنئ و ده‌ڵئ به‌ داخه‌وه‌ شه‌کری کڵۆمان نه‌ماوه‌ ، چاوه‌ڕێم کوڕه‌که‌م له‌ شاره‌وه‌ بۆم بێنئ ، به‌ڵام گه‌ر ده‌ته‌وئ هه‌نگوینمان هه‌یه‌ . منیش ده‌ڵێم ، نا ، سوپاس ، چایه‌که‌ به‌ تاڵی ده‌خۆمه‌وه‌ ، ئه‌ویش ده‌ڕوا ، تا چایه‌که‌ بێنئ ، له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ڵئ .. ئه‌ی ئه‌وه‌ کوڕه‌که‌م بۆ نه‌هاته‌وه‌؟
ده‌که‌وینه‌وه‌ ڕئ، دوای سئ سه‌عات له‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ داده‌به‌زم ، هه‌ر که‌ ده‌گه‌مه‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ باران ده‌بارێت ، هه‌میشه‌ که‌ ده‌گه‌مه‌ ئه‌وێ باران ده‌بارێت ، سه‌یره‌ .. نازانم بۆ ؟ نیو سه‌عاتئ به‌ پئ ده‌گه‌مه‌ ناو دڕکه‌کان له‌ به‌ر ده‌م په‌یکه‌ری به‌ردینی مێرده‌که‌مدا فرمێسک به‌رچاوانم ده‌گرئ و غه‌مێکی چڕیش به‌ر دڵان . ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ په‌یکه‌ره‌که‌دا ده‌دوێم ، به‌ردێک که‌ هه‌ست ده‌که‌م گوێی لێمه‌ . دوایی ده‌ڕۆمه‌وه‌ ، دوای نیو سه‌عات ده‌گه‌مه‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ ، هاوین بئ یان پایز ، زستان بئ یان به‌هار هه‌میشه‌ که‌ ده‌گه‌م باران ده‌بارئ .هه‌ر له‌وێدا چوار ئوتومبیل به‌لامدا تێده‌په‌ڕن دوای ئه‌وه‌ی چواره‌میان بۆڵه‌بۆڵێک ده‌کات که‌ تئ ناگه‌م ، هه‌ر له‌ دوای پێنجه‌م هه‌ناسه‌ ئوتومبیلێکی تر دێ ، بئ ئه‌وه‌ی ده‌ستی لئ ڕابگرم ده‌وه‌ستئ ، ده‌ڵئ فه‌رموو گه‌ر بۆ خه‌یاڵی ناو باخان ده‌چی سوار به‌ ، من به‌وێدا تێده‌په‌ڕم . به‌ڵێ .. به‌ڵێ پێش ئه‌وه‌ داده‌به‌زم .دوای سئ سه‌عات لێخوڕینی بێووچان ده‌گه‌ینه‌وه‌ چایخانه‌که‌ی لاڕئ ، چایچییه‌که‌ چایه‌کی تاڵم بۆ دێنئ .. ده‌ڵئ کوڕه‌که‌م له‌ شار نه‌هاتۆته‌وه‌ به‌ڵام هه‌نگوینمان هه‌یه‌ . – نا قه‌یناکا ، هێنده‌ دڵم پڕه‌ به‌ تاڵی ده‌یخۆمه‌وه‌ ، نه‌ شه‌کرم ده‌وئ ، نه‌ هه‌نگوین .


دوای پشوویه‌کی که‌م ده‌ڕۆین ، دوای سه‌عاتێک لێخوڕین من سوپاسی ده‌که‌م و داده‌به‌زم ، دیسانه‌وه‌ به‌ پێ سه‌عاتێک ده‌ڕۆم ، ده‌گه‌مه‌ لاڕێیه‌ک که‌ هێنده‌ باریکه‌ خه‌یاڵ بمباته‌وه‌ ده‌که‌وم و بڕوا ناکه‌م نه‌بم به‌ دوو هه‌زار پارچه‌وه‌، دوای دوو هه‌زار چاوترووکان ، دوو هه‌زار هه‌ناسه‌ ده‌نگی پێی ئه‌سپێک له‌ دووره‌وه‌ دێته‌ گوێم هه‌ر له‌ویا به‌ردێک ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ . هه‌میشه‌ له‌ویا .. له‌و به‌رزییه‌وه‌ که‌ منی لێم به‌ردێک ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌، بۆ ؟ سه‌یره‌ نازانم . به‌پئ له‌وێوه‌ دوو هه‌زار هه‌نگاوم ده‌وئ تا ده‌چمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ .. بۆ کاول بووه‌که‌ی خۆم .


ئێستا ئه‌ی خوێنه‌ری ئازیز ! ئاگایه‌کی باشت له‌و شپرزه‌ییه‌ی من هه‌یه‌ له‌ پێکه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌مدا بۆ ئه‌و ڕێگایه‌ی که‌ هه‌تا بئ ، له‌ ئه‌فسوون زیاتر ده‌چئ وه‌ک له‌ ڕێگایه‌کی ئاسایی ، ژنێکی ئاسایی که‌ بئ بۆ لای مێردێکی ئاسایی . باش ده‌زانی که‌ دره‌نگ ته‌واو کردنی منیش بۆ چیرۆکه‌که‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌ممه‌ڵی ، به‌ڵکو وه‌ک وتم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ژنه‌که‌ له‌ پڕ دیار نه‌ما . ته‌نها ڕێگایه‌کیش بۆ من ئه‌وه‌ بوو که‌ دوای بکه‌وم و هه‌وڵ بده‌م بیدۆزمه‌وه‌ .منیش هه‌روام کرد ، هه‌مان ڕێگام گرته‌ به‌ر ، ڕۆژێکی گه‌رمی هاوین بوو ، گه‌یشتمه‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ ، له‌پڕ باران باری . سه‌رێکم به‌رزکرده‌وه‌ بۆ ئاسمان ، بڕوام به‌ چاوی خۆم نه‌کرد تا چه‌ند دڵۆپێک
پڕژانه‌ ناو چاومه‌وه‌ ، جا زانیم ئه‌و ڕێگایه‌ی گرتوومه‌ته‌ به‌ر ڕاسته‌ .من جاران چه‌نده‌ها جار گه‌یشتوومه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م سه‌ده‌یه‌و باران نه‌باریوه‌. که‌چی ئێستا چونکه‌ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌م له‌ گیرفاندایه‌ ، دونیای ئه‌و ون بووانه‌م له‌ مێشکدایه‌ ، باران ده‌بارئ .. سه‌یره‌. چوار ئۆتۆمبیل یه‌ک له‌ دوای یه‌ک هاتن که‌ چواره‌میان گه‌نجێک بوو هه‌رکه‌ ده‌ستی ناڕه‌زایی به‌رزکرده‌وه‌ و بۆڵه‌بۆڵێکی کرد من کۆڵێک دڵم کرایه‌وه‌ .پێنجه‌م دانه‌یان دوای پێنج هه‌ناسه‌به‌ بئ ئه‌وه‌ی ده‌ستی لئ ڕابگرم له‌ به‌رده‌ممدا وه‌ستاو تا چایخانه‌که‌ی لاڕئ نه‌وه‌ستاینه‌وه‌ ، چایچییه‌ غه‌مگینه‌که‌ که‌ من یه‌که‌مجاره‌ ده‌یبینم ، به‌ ده‌م و چاوێکی ترساوه‌وه‌ چایه‌کی تاڵی بۆ هێنام و پێش ئه‌وه‌ی ده‌م هه‌ڵبهێنێته‌وه‌ من هه‌واڵی کوڕه‌که‌یم لئ پرسی ، وتی نه‌خێر تا ئێستا نه‌هاتووه‌ته‌وه‌ ، ده‌بوایه‌ شه‌کر بکڕئ ، شه‌کری که‌لله‌، بۆ دیار نییه‌ نازانم ؟ به‌ڵام هه‌نگوینمان هه‌یه‌ ، هه‌نگه‌کان خۆم به‌خێویان ده‌که‌م ، وتم باشه‌ که‌وچکئ هه‌نگوین خراپ نییه‌ . دوای چایه‌که‌ ڕۆشتین ، دوای سه‌عاتئ لێخوڕین ، به‌ بیده‌نگی من دابه‌زیم ، دیسان به‌ پئ سه‌عاتێکی ترم ویست تا گه‌یشتمه‌ ئه‌و لاڕێیه‌ی که‌ هێنده‌ باریک بوو ئاگام له‌ خۆم نه‌بوایه‌ ده‌که‌وتمه‌ خواره‌وه‌ وه‌ک شووشه‌ ده‌بووم به‌ دووهه‌زار پارچه‌وه‌ .

 
دوای دوو هه‌زار چاوترووکان ، دوو هه‌زار هه‌ناسه‌ ، ده‌نگی پێی ئه‌سپێک هه‌رچه‌ند خۆم کپ کرد و گوێم شل کرد نه‌هاته‌ به‌ر گوێم .دڵم خورپه‌یه‌کی کرد ، هه‌رله‌ویا به‌ردێک که‌وته‌ چاڵاییه‌که‌وه‌ که‌ له‌ دووره‌وه‌ هه‌ر له‌ دێو ده‌چوو ، له‌وێوه‌ به‌ پئ دووهه‌زار هه‌نگاو ئاواییه‌کم دۆزییه‌وه‌ ، ئاوایی چی ؟ چه‌ند ماڵێکی به‌سه‌ریه‌کدا ڕووخاو به‌سه‌ریه‌کدا داڕماو، بئ خزمه‌ت .. به‌جێماو له‌ سه‌فه‌ری ڕۆژ ، ( له‌ سه‌فه‌ری شه‌و ) . ئه‌و ماڵه‌ ڕووخاوانه‌ .. سووتاوانه‌ وه‌ک چه‌ند ده‌سته‌ خوشکێک به‌ سه‌رغه‌می یه‌کترییه‌وه‌ تا ئه‌به‌د گریا بن و ژیر نه‌بووبنه‌وه‌ ، به‌ چه‌شنێک تێکه‌ڵاوی یه‌ک بوو بوون وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ به‌ر ئازار باوه‌شیان به‌ یه‌کدا کردبئ زه‌حمه‌ت بوو بزانی کامه‌ ماڵی کێ بووه‌ . له‌وێدا زۆر گه‌ڕام .. له‌به‌ر فرمێسک چاوم عه‌رزه‌که‌ی نه‌ده‌بینی ، ژوورێکم دۆزییه‌وه‌ ، بۆنی برینی لئ ده‌هات ، ژوورێکی نیوه‌ چۆڵ ، له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ دۆشه‌کێک ڕاخرابوو که‌ قه‌وزه‌و کرم تێی دابوو، هه‌رله‌وێدا وێنه‌یه‌کم له‌ سه‌ر ڕادیۆیه‌کی شکاوی بئ پیل دۆزییه‌وه‌ ، وێنه‌ی ژنه‌که‌ بوو له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا ، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ویان ببئ به‌ به‌رد و ئه‌میان به‌ برین . جا زانیم ئه‌م ژووره‌ ژووری ژنه‌که‌یه‌ ، لێره‌ بووه‌ و ژیاوه‌ ، ئه‌ی ئێستا له‌ کوێیه‌ ؟
 

سه‌ره‌تاکان
کوڕی خۆم ! ئه‌م مێرده‌ به‌ردینه‌ی من ئێستا وای مه‌بینه‌ بووه‌ به‌م په‌یکه‌ره‌و ناجوڵئ ، وای مه‌بینه‌ که‌ هیچ ناڵێ هی ئه‌وه‌یه‌ عاشقێکی سارد و سڕه‌و کوڕی به‌فرو نه‌وه‌ی سه‌هۆڵه‌. ئێمه‌ هێنده‌ عاشقی یه‌ک بووین هه‌ر مه‌پرسه . ‌ئه‌م نه‌گبه‌ته‌ی من ده‌بوایه‌ گره‌و له‌نۆزده‌ که‌س بباته‌وه‌ که‌ له‌ یه‌ک کاتدا هاتبوون بۆ داخوازی من. به‌ خۆیه‌وه‌ بیست ، باوکم که‌گه‌وره‌ترین زه‌وی و زاری باخچه‌ی گوڵی هه‌بوو ، ناسراو بوو هه‌ر له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ تا سه‌ر سنوور . پێی وتن بچنه‌ باخچه‌کانمه‌وه‌ ، کێ گوڵی زیاتر بچنێ بۆ کچه‌که‌م به‌وی ده‌ده‌م . به‌وه‌ی ده‌ده‌م که‌ له‌ هه‌موو که‌س زیاتری خۆش ده‌وێ ، ڕێزی زیاتر ده‌گرێ . ئێوه‌ وا ده‌زانن کچ خۆڕاییه‌ مردووتان نه‌مرێ ، به‌ ده‌ست ماچ کردنێک و تۆزێ ئاڵتوونی حیز ده‌تانه‌وی بیبه‌ن ، گه‌ر ده‌زانن کچ چه‌ند شیرینه‌ ، قه‌ت کفری وا ناکه‌ن له‌ باوکی داواکه‌ن .

که‌وتنه‌ ناو باخچه‌کانه‌وه‌ ، له‌ ناو گوڵه‌کاندا ون بوون ، پاش سه‌عاتێک دوو سه‌عات به‌ ده‌ست و پلی خوێناوییه‌وه‌ ، به‌ خۆیان و چه‌پکێکی گه‌وره‌وه‌ ، دلێرانه‌ هاتنه‌ به‌ر ده‌می باوکم . باوکم هه‌موویانی ژمارد ،نۆزده‌ که‌س به‌ نۆزده‌ چه‌پکی گه‌وره‌و قه‌شه‌نگه‌وه‌ ، به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌و شه‌رمێکی زاوایانه‌وه‌ .ماوه‌یه‌کی زۆر چاوه‌ڕوانی بیسته‌میان کرد که‌ نه‌گبه‌ته‌که‌ی من بوو ، دوو ڕۆژ له‌ چه‌پک کردنی گوڵ نه‌وه‌ستا . بێ خه‌و و بێ خۆراک ، ده‌تووت به‌ڕۆژووه‌ له‌ هه‌موو دونیا . من ترسام ئه‌و ئیدی نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و بووبێ به‌ یه‌کێ له‌و گوڵانه‌ ، ترسام له‌ شوێنێکدا چه‌قی بێ و ئیتر نه‌یبینمه‌وه‌ ، گوڵیکی سووری چاو عه‌یار هه‌ڵی خه‌ڵه‌تاندبێ و لای خۆی هێشتبێتییه‌وه‌ . تا باوکم به‌زۆر هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ ، وتی وا بڕوا گوڵ نایه‌ڵی له‌م ناوه‌ ، وه‌ره‌ کچه‌که‌مت به‌مێ هه‌ر بۆ تۆ باشه‌.

ئه‌م مێرده‌ به‌ردینه‌ی من پیاوێک بوو له‌ خه‌ونیدا شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌باکان ده‌کرد ، تاقه‌ که‌سێک بوو که‌ هیچ خه‌ونێکی نه‌بینیووه‌ ڕه‌شه‌بای تیا نه‌بێ . جارێکیان له‌ خه‌ونیدا گه‌رده‌لوولێکی به‌ند کردبوو ، ده‌نگێ له‌ناو گه‌رده‌لووله‌که‌وه‌ پێی وتبوو ، به‌ره‌ڵام که‌ ، نهێنییه‌کت پێ ده‌ڵێم . ئه‌ویش به‌ره‌ڵای کردبوو . ده‌نگه‌که‌ پێی وتبوو ، بڕۆ خێرا ، فریای ژنه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ت بکه‌وه‌ تا نه‌مردووه‌ .من ئه‌وسا بۆ سه‌ردانی خزمان ، چووبووم بۆ کانی عاشقان ، ڕه‌نگی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕابوو که‌ گه‌یشته‌ لام .که‌ منی له‌و ناوه‌ دوورخسته‌وه‌ ، یه‌که‌م برین له‌ سه‌ر له‌شم دروست بوو ، وتی .. ئه‌وه‌ چییه‌ ؟ ئه‌و برینه‌ له‌ گوڵ ده‌چێ .

کوڕی خۆم ! ئه‌م برینانه‌ وازیان له‌ من نه‌هێنا ، هه‌موو ڕۆژێ زیادیان ده‌کرد . ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ئه‌و پیاوه‌ به‌ردینه‌ی من سه‌ده‌ها دوکتۆری بردم ، به‌ هه‌زاره‌ها مه‌ڵحه‌م و ڕۆنی بۆ په‌یدا کردم . هه‌ر له‌ په‌یدا کردنی ڕۆنی زه‌یتوونی باخچه‌کانی ئه‌ده‌نه‌وه‌ ، تا ئاوی پیڕۆزی مه‌رکانه‌کانی تیبێت . سوودی نه‌بوو کوڕم .. سوودی نه‌بوو. ئه‌و گوڵانه‌ چه‌شنی خه‌م و خه‌فه‌تی دونیا ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زیادبووندا بوون . تا جارێکیان له‌ نیوه‌ شه‌ودا له‌ خه‌و ڕاپه‌ری وه‌ک هه‌میشه‌ خه‌ونی به‌ ڕه‌شه‌باکانه‌وه‌ بینیبوو ، ئه‌م جاره‌ ده‌نگه‌که‌ باسی دڕکه‌کانی کردبوو ، دڕکه‌کانی سیحربازێکی شار که‌ هه‌ر نیو سه‌عات له‌ سه‌ده‌که‌وه‌ دووره‌ ، باسی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و دڕکانه‌ ده‌گمه‌نن ، جۆره‌ شیرێکیان تیایه‌ که‌ برینه‌کانی له‌شی ژنه‌که‌ت تیمار ده‌که‌ن ، خۆی گۆڕی و باوه‌شێکی گه‌رمی پێدا کردم و وتی زوو دێمه‌وه‌ ، به‌ڵام ئیتر من نه‌مبینییه‌وه‌ .
 

نا کۆتاییه‌کان
وێنه‌که‌ی سه‌ر ڕادیۆکه‌م هه‌ڵگرت و گه‌ڕامه‌وه‌ . وێنه‌یه‌کی جوانی پیاو و ژنه‌که‌ بوو له‌ کاتی گه‌نجییاندا ، له‌و کاته‌ که‌مانه‌دا که‌ ژیان که‌مێک بۆت پێده‌که‌نێ و ئیتر ته‌واو نایبینیته‌وه‌ ، ده‌ستیان خستبووه‌ سه‌ر شانی یه‌کترو ئاوڕێکی سه‌یریان له‌ یه‌کتر دابووه‌وه‌ . که‌ وێنه‌که‌م خسته‌ گیرفانمه‌وه‌ ، هه‌ستم به‌ دڵه‌ له‌رزه‌یه‌ک کرد ، ترسێکی له‌ ناکاو هه‌موو گیانمی گرته‌وه‌ ، ترسام ژنه‌که‌ مردبێت و من فریای نه‌که‌وتبم . دوای دوو هه‌زار هه‌نگاوگه‌یشتمه‌ هه‌مان ئه‌و لێژاییه‌ی که‌ لێوه‌ی به‌ردێک هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ تا چاڵاییه‌کی زه‌به‌لاح ناوه‌ستێته‌وه‌ . له‌وه‌ ده‌چێ هه‌میشه‌ به‌ردێک له‌وێ وه‌ک سرووشت فه‌رمانی پێ دابێ بکه‌وێته‌ خواره‌وه‌ تا وه‌ک ناونیشانێکی گه‌ردوونی به‌کاری بێنێت .ئیدی دوای ماوه‌یه‌ک گه‌یشتمه‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ . پێنجه‌م ئۆتۆمبیل منی هێنایه‌ چایخانه‌که‌ . که‌ چایچییه‌که‌م بینی یه‌کسه‌ر وتم هیوادارم به‌م زوانه‌ کوڕه‌که‌ت بێته‌وه‌ . وتی.. وه‌ی به‌ساقه‌ی ده‌مت بم ، تووخوا ئه‌وه‌ بۆ نه‌هاته‌وه‌ ؟ زۆری بیر ده‌که‌م .با چایه‌کت بۆ بێنم به‌ هه‌نگوینه‌وه‌ ! نا تووخوا دڵم هێنده‌ پڕه‌ ، به‌تاڵی ده‌یخۆمه‌وه‌ . دوای سێ سه‌عات لێخوڕین به‌ بێده‌نگی ، گه‌یشتینه‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ . هه‌ر که‌ دابه‌زیم و خواحافیزیم کرد ، ئه‌و ڕۆشت و باران نمه‌ نمه‌ باری. نیو سه‌عاتم ویست تا گه‌یشتمه‌ ناو دڕکه‌کان . چوومه‌ ئه‌و ژووره‌ی که‌ من کاتی خۆی له‌ ناو دڕکه‌کاندا دروستم کردبوو ، ئه‌و شوێنه‌ی که‌ هه‌میشه‌ به‌ منداڵی بۆ چاوشارکێ خۆم لێ ده‌شارده‌وه‌ ، ئه‌و جێگایه‌ی که‌ هه‌موو که‌سێک و هه‌موو شتێکم لێوه‌ ده‌بینی و که‌سیش منی نه‌ده‌بینی . به‌ چیچکانه‌وه‌ دانیشتم و وه‌ک ئه‌سپێک هه‌ناسه‌ی سواربووبێت ، ئاوها دامه‌ پڕمه‌ی گریان .

 
ئێستا ئه‌ی خوێنه‌ری ئازیز ! مافی خۆته‌ بپرسیت ، باشه‌ تۆ بۆ زوو یارمه‌تیت نه‌دا ، پێش ون بوونه‌که‌ی بۆ فریای نه‌که‌وتی، بۆ به‌که‌سێکت نه‌وت ، به‌لایه‌ک ..لێپرسراوێک .. ده‌ست ڕۆشتوویه‌ک . به‌کێم بووتایه‌ ، ها ، پێم بڵێن ..به‌ کێ ، ڕاست بن له‌گه‌ڵمدا ، کێ ئاگای له‌ خه‌می کێیه‌ ؟ جاران مرۆڤی کورد ده‌ستی له‌ سه‌ر دڵی بوو، ئێستا ده‌ستی له‌ سه‌ر گیرفانێتی، به‌کێم بوتایه‌ .. ها ؟ به‌ڵام خۆم له‌ لای خۆمه‌وه‌ پیلانی زۆرم هه‌بوو بۆ یارمه‌تیدانی، به‌ڵام قه‌ت بیرم بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو که‌ ڕۆژێ دێ و به‌و شێوه‌ کت و پڕه‌ دیارنامێنێت . ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ ، هه‌فته‌ی جارێک ، یان دوو جار ده‌هات بۆ لای مێرده‌ به‌ردینه‌که‌ی. نه‌ده‌بووایه‌ نه‌یه‌ت ، نه‌ده‌بووایه‌ ون بێت .که‌ ون بوو ، من به‌ هۆی ڕۆمانی پاریسی هاوڕێمه‌وه‌ ئه‌و دوکتۆره‌م دۆزییه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی ڕۆمانی چاک کردبووه‌وه‌، بیرتانه‌ ؟ ئه‌و دوکتۆره‌ی هه‌موو شتێکی به‌ خۆڕایی بۆ پاریس ده‌کرد.چوومه‌ لای و چیرۆکی (نووسینه‌وه‌ی دڕک ) م پێ داو وتم ئه‌مه‌ بخوێنه‌وه‌، به‌یانی دێمه‌وه‌ بۆ لات ئیشم پێته‌. که‌ به‌یانی چوومه‌وه‌ ،هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ به‌ره‌و ڕووم هات و باوه‌شی پیا کردم و وتی فه‌رموو چیت هه‌یه‌ بیڵێ. که‌ قسه‌ی ده‌کرد ده‌نگی له‌ دوو پارچه‌ ئاسن ده‌چوون له‌ یه‌کتری بخشێنیت .منیش چیرۆکی ئه‌و ژنه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ . ئه‌ویش په‌یمانی پێ دام که‌ یارمه‌تی بدات . وتی بچۆ بزانه‌ له‌ کوێیه‌ ، بیدۆزه‌ره‌وه‌ ، یان بیهێنه‌ بۆ ئێره‌ ، یان پێکه‌وه‌ ده‌چینه‌ لای و من ده‌زانم چۆن تیماری ده‌که‌م .

به‌ڵام من نه‌مدۆزییه‌وه‌ . له‌ ناو به‌یاز و نووسراوه‌کانمدا گه‌ڕام ، ئه‌وه‌ به‌ڵکو خوایه‌ شوێنێکم تۆمار کردبێ و بێ ئاگا نه‌مبینیبێ ، زۆر به‌ وردی گه‌ڕام ، چه‌ند جارێکیش چووم بۆ کانی عاشقان و پیره‌ محمد، سه‌یره‌ له‌وێش که‌س چیرۆکی ئه‌وی نه‌بیستبوو ، که‌س نه‌یده‌ناسی ، وێنه‌که‌یم له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌برد و پێشانم ده‌دان ، ده‌یان وت که‌سی وا ناناسین ، ئه‌مه‌ کێیه‌ خوایه‌ ؟ تۆ بڵێیت ئه‌مه‌ حه‌لیم بێ، تۆ بڵێی ئاسکه‌ خان بێ ، نه‌زیر بێ ، گوڵزار بێ ، ئه‌مه‌ کێیه‌ ؟ باسی زه‌وی هه‌زار به‌ هه‌زاره‌که‌ی پڕ گوڵی باوکی ژنه‌که‌م ده‌کرد که‌ ناسراوبوو ، ده‌یانووت له‌م ناوه‌ زه‌وی و زاری وا نه‌بووه‌ . ڕه‌نگه‌ هه‌بووبێ و سووتابێ .. که‌س نازانێ ، ئه‌م ناوه‌ی لای ئێمه‌وه‌ شتی زۆر به‌سه‌ر هاتووه‌ ، به‌ڵام ئه‌و برینانه‌ی سه‌ر جه‌سته‌ی که‌ تۆ باسی ده‌که‌یت به‌ ئێمه‌ زۆر ئاشنایه‌ . برینه‌کانی ئێمه‌ش که‌س نه‌یبینی . چه‌ند جارێکی تریش گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ژووره‌که‌ی ، ئه‌و ژووره‌ی بۆنی برینی لێ ده‌هات ، له‌وێ نه‌بوو . کوڕی چایچییه‌که‌ش ماڵی ئاوا بێ هه‌ر نه‌هاتبووه‌وه‌ شه‌کر بێنێ .
 

ئه‌وا ئیتر من ئێستا وا خه‌ریکه‌ ئه‌م چیرۆکه‌ ، که‌ ته‌واو بوونی بۆ نییه‌ ، ته‌واو ده‌که‌م . هه‌رچه‌نده‌ نازانم و سه‌رم لێ شێواوه‌ . نازانم ئه‌مه‌ به‌سه‌رهاتی ئه‌و پیاوه‌یه‌ که‌ بوو به‌ به‌رد ، یان سه‌رگووزشته‌ی ئه‌و ژنه‌یه‌ که‌ به‌ تۆپه‌ڵێ یادگار و چاوه‌ڕوانی و برینه‌وه‌ دیار نه‌ماو جێی هێشتین ، یان چیرۆکی ون بوونی خۆمه‌ له‌ نێو دۆزینه‌وه‌ی ماناکاندا بۆ نووسین ، یاخود له‌ یه‌ک کاتدا چیرۆکی هه‌رسێکمانه‌ ، سێ که‌س که‌ هه‌ر یه‌که‌مان قاشێکی گه‌وره‌تری به‌رده‌که‌وێ له‌ کێکێک که‌ سه‌ره‌که‌ی پڕێتی له‌ بایه‌می تاڵ.
 

حوزه‌یران2006