زمانى شیعریى، زمانى سینەمایى
لە (قەسیدە/فیلم)ى (لە دەروازەى قەبرستانى مەعمەل قیڕدا) ى ئیسماعیل بەرزنجى
 

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
 

(لە دەروازەى قەبرستانى مەعمەل قیڕدا)
دیسان منم
لە من زیاتر
کێ حەنین دەیکوژێت و
رۆحى گەرمى دەخاتە بەر بایەکى سارد
منم
بە ئەسپایى دێم
زێوانەکە بە خەبەر دێنم
بە زمانى گوڵ پێى دەڵێم:
(دێمکە ئاوەکە بێنە با بچین گوڵە ماتەکانى سەر سینگى جوانەمەرگ ئاو بدەین، با تۆز و خۆڵى سەر دەموچاوى یەنگى دنیا بشۆینەوە).
وا دێم
بە شەقاوى لەرزۆکاوى
رووەو چێورەمەکەت هەنگاو دەنێم
نە خۆڵ
نە بەرد
نە پنجە گیاى سەر دڵت
هیچیان وەئاگا ناهێنم
بە ماتى دەست لە کێلەکان وەردێنم
بە ناڵەیەکى حەزین دەچرپێنمە گوێت:
-کوا مەقاماتى راکشان؟
-کوا جگەر کێشانى پێش چوونە نێو جیگا؟
-کوا رۆمانى (مرحبا ایها الحزن)
-کوا لەعابەکانى زیلان؟
-کوا فاتورەى ئاو و کارەبا؟
-کوا کاسێتى (القلب یعشق کل الجمیل)؟
-کوا پاکەتى سۆمەرى بولگارى؟
-کوا بالیفە گەورەکەمان؟
-کوا بەتانییە دوو نەفەرییەکەمان؟
-کوا شەرابى سینزانۆ؟
****
وا دێم
نازانم دەمناسیتەوە یان نا؟
ئێستا سەرم کوێستانى بەمۆیە و
تێى ئاڵاوە تەم
ئێستا تەبەشم
تژییە لە قۆرت و چاڵ
ئێستا دوو چاوە قاوەییەکەم
کز و کەم حوکمن
ئێستا سیخەسیخى سینگم
رۆژەرێیەک دەڕوا
بەڵام
هەمان سەرخۆش و حەشاشەکەى جارانم
دەگوێم لێبگرە
تا بەو پەڕى حوزنەوە پێت بڵێم:
-رەشنووسى رۆمانەکەم چى بە سەر هات؟
-پانتۆڵە قەدیفە زەیتونییەکەم چى بە سەر هات؟
-چەرخە ئیتاڵییه‌ ستیلەکەم چى بە سەر هات؟
-رانکوچۆخە مەرەزییەکەم چى بە سەر هات؟
-ئەو رەسمەى لەگەڵ جەلیل قەیسیدا گرتبووم چى بە سەر هات؟
-ئەلبوومى رۆژى شەکراو چى بە سەر هات؟
-بەدلەکەى عید میلادى کاڵێ چى بە سەر هات؟
-رادیۆ هەشت مۆجەکەم چى بە سەر هات؟
***
هەست دەکەم
کۆترە باریکەیەک
لە سەر شانى راستەم دەنیشێتەوە
دەزانم
ئەمە رۆحانیەتە شەکەتەکەى تۆیە
بە گمەیەکى پڕ لە بێزارى پێم دەڵێ:
-یەکەم چرپەى عاشقەکەت لە کوێە؟
-ژمارەى یەکەم تەلفۆنت لە کوێیە؟
-یەکەم نامەى کە بۆت نووسیم لە کوێیە؟
-یەکەم ئوتێل کە روومان تێکرد لە کوێیە؟
-یەکەم جێ ژوانمان لە کوێیە؟
لە پڕ دەفڕى و دەروازەى قەبرستانم بە باڵە شکاوەکانت لێ دەگرى و
بە تووڕەییەوە پێم دەڵێ:
-ئەى پیاو ئەى دڕندەى تێرنەخۆر
-ئەى دەعباى مشەخۆر
-ئەى گەورەترین درۆزنى مێژوو
ئەى ساختەچى ئەى کارخانەچى
-تۆ کە ئێستا لە باوەشى ژنێکى دیکە داى
تۆ کە ئێستا بۆنى هەناسەیەکى دیکە دەکەى
بۆ لێم ناگەڕێى بە ئاسوودەیى بنووم
-بۆ لێم ناگەڕێى چێژ لە مردن ببینم، هەى تف لە ژیان.
 

****
زمان هەر تەنها کۆمەڵێک دەستەواژە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پەیوەندییە، هەر تەنها خوێندەواران و فەرهەنگسازان بە بونیادنان و دروستکردنى خەریک نیین، بەڵکو بۆخۆى قەوارەیەکى زیندووى گەشەکردووە لە ناوکۆییەکانى ژیان و سەردەم و کار و بیرکردنەوە و ژینگە و شەقام و پێداویستییەکانى کۆمەڵگەوە هەڵدەقوڵێ، پەیوەندى بە سەرنج و بەدواداچوون و مەرگەسات و خەونەکانەوە هەیە، بەو مانایەش شەڕى زمان شەڕى خودەکان نییە، بەڵکو وەک (بارت) دەڵێت: شەڕى ناوکۆییەکانى زمانە. واتە ئەوەى کە رووبەرووى یەکتر دەبنەوە ناوکۆییەکانى زمانە، تاکەکان نین، زاراوەى کۆمەڵایەتییە، نەک تاک.
لێرەوە زمان وەک هەر بوونەوەرێکى دیکە گەشە دەکات و دەمرێت، بەرەوپێشەوە دەچێت و لە گۆڕانى بەردەوامدایە، لە پەیوەندییەکى دینامیکیدا خۆى هەڵدەگرێتەوە، هەروەها لە زماندا وشە دنیایەکى ئاڵۆز و بە تام و گۆڕاو دەنوێنێ، مان و ئیقاع لە زماندا بە پێى زەمەن و شوێن، بە پێى رووناکى و تاریکى دەگۆڕێن، لە نێوان زمانى فەرهەنگ و زمانى شەقام، زمانى گوزارەکەر و زمانى دژ بە گوزارەکردن، زمانى واقیع و زمانى شیعر و زمانى سینەما .... دنیایەک بۆشایى و جولەى هاڕمۆنى شیاو و نەشیاو هەیە، کۆمەڵێک ئەزموون و فەزاى رەنگاورەنگ دەبینرێت.
 

گرژبوونى زمان، خاوبوونەوەى مانا
لە نێوان زمانى شیعرى و زمانى سینەمادا


وەک چۆن رۆمان و چیرۆک لەزمانى سینەما سوودیان وەرگرتووە. بەم شێوەیەش شیعر توانیویەتى سوود لەزمانى سینەما  وەربگرێت، بەڵام چۆن بە زمانى سینەم و شێوازى درامییەوە دەتوانین قسە لە شیعر بکەین؟ ئەگەر رۆمان بەشێوەیەکى خێر و دیار سوودى وەرگرتبێ، ئەوە بۆ سروشتى رۆمان دەگەڕێتەوە. لە بەرامبەر ئەوە سوود وەرگرتنى شیعر ئەو شێوە خێرایەى لە خۆ نەگرتووە، چونکە شیعر هەمیشە خەون بە ئامرازى نوێى کێشکردن و تەمومژییەوە دەبینێ تاکو بەشێوەیەکى نوێ لە دووتوێى خۆ ناسکردن و خۆ لادان، لە نێوان ئەزموونى ناوەکى و ئەزموونى دەرەکییەوە هەڵسوکەوت بکات. واتە درککردنتت بە دوو روو لە یەک کاتدا خۆى نومایش بکات، لە لایەک مانایەک ببەخشێ و لە لایەکى دیکە مانایەکى جیا لەماناى پێشوو لەخۆ بگرێت، یان شتێ بڵێ و ئێمەش لەوگوتنەدا درک بە شتێکى جیا بکەین. بێگومان ئەو یەکتر بڕینە لە ئەدەب دەکەوێـتە نێوان (بیستن و خەیاڵ) و سروشتى شیعرى لەخۆدا هەڵگرتووە و بە یەکەمین کەرەسەى خۆلادانى شیعرى لە قەڵەم دەدرێت. بەڵام لە سینەمادا ئەو یەکتر بڕینە دەکەوێتە نێوان (بینین و هەست)، بە یەکەمین کەرەسەى بونیادى دیمەنى سینەماى ناوزەد دەکرێت. بەو مانایە (بیستن/خەیاڵ) و (بینین/هەست) خاڵێکە زمانى شیعر و زمانى سینەما بە یەکەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر (بیستن/خەیاڵ) و (بینین/هەست) لە (وێنە/دیمەن) هەڵگرینەوە، دەبینین زمانى شیعرى و زمانى سینەمایى لە چۆنێتى کێشانى وێنەدا جیاواز دەکەونەوە، چونکە بونیادى وێنەى شیعرى لە سەر (خەیاڵ/پێشبینیکردن) دادەمەزرێ، لە سینەما لە سەر (هەست/جولە) دێتەوە. شیعر پێویستى بە ناوەندیارى تەکنیکى وەک (کامیرا، سرووشتى رووناکى، مامەڵەکردن، کیمیاگەرى، ئامێرەکانى دیکە..) نییە، لە بەرامبەر ئەوەدا (دەنگ، رەمز، نووسین، سپێتى) لە دروستبوونى بەشدارى دەکەن. ئەگەر ناوەندیارى تەکنیکى لە سینەما بکەوێتە دەرەوەى وێنە، لە شیعردا دەکەوێتە ناوەوە، نەک هەر هێندە بەڵکو ناوەندیار خودى وێنەیە.
کاتێک لە سینەما ئەزموونى ناوەکى لە رێگەى (بینین/هەست) دەگوازرێتەوە، بە هۆى (هەست/جولە) جۆرێک لە گشتێتى درۆینەى دەنوێنێ، بەڵام لە شیعردا چونکە دەکەوێتە سەر (بیستن/خەیاڵ) بۆیە بە گومان و ماناوە بەند دەبێت. لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ بڵێین زمان لە وێنەى سینەماییدا ئازادییەکانى بەندە بە ناوەندیارى تەکنیکییەوە و مانا بە ئاراستەیەکى دیاریکراو و مەبەستدار هەنگاو دەنێت، ئەوەش تەواو بە پێچەوانەى شیعر دەکەوێتەوە. لە لایەکى دیکە وەک دەزانین خەسڵەتى وێنەى شیعرى لە گوتن بەرجەستە دەبێت، بەڵام سینەما لە گرتە، یان دیمەندا دێتەوە، یەکەمیان لە رەوانبێژى خۆى دەبینێتەوە، دووەمیان لە پەیوەندییەکى تەجریدیدا دەردەکەوێت، هەر لەوێشەوە وێنەى شیعرى ئاماژە و جولەى جۆراوجۆر دەنوێنێ و بە داهێنانەوە بەند دەبێت، بەڵام وێنەى سینەمایى لە بنەڕەتدا جێگیرە و هەموو جولەکانى لە ناوەندیارى تەکنیکییەوەیە، کۆى ئەو جولانەش جگە لە خەڵەتاندنى چاو شتێکى دیکە نییە، بەو مانایەش سینەما درککردنتت وەهم وەک ئەلتەرناتیفى خەیاڵ بخاتە کار و چاوى بینەر لە رێگەى وەهمەوە لە سکونى رەهاوە بخاتە نێو جوڵەى هەمەرەنگەوە.
لێرە لە خوێندنەوەى (قەسیدە/فیلم)ى (لە دەروازەى قەبرستانى مەعمەل قیڕ)ى (شاعیر/کاراکتەر) (ئیسماعیل بەرزنجى)دا، هەوڵدەدەم کار لە سەر کۆى ئەو پەیوەندییانەى نێوان زمانى شیعر و زمانى سینەما بکەم، بەو مانایە ئاراستەى قسە کردن لە و هاوجووتکردنە دەکەوێتە سەر ماناى شیعرى و گرتەى کامیراییەوە. واتە ئەم خوێندنەوەیە بە قەد ئەوەى نزیک بوونەوەیە لە (هونەرى نواندن) ئەوەندە ناکەوێتە سەر تەرجەمەکردنى شیعرییەتەوە، دەمەوێت بە شێوەیەکى هونەرى دیالۆگێکى نوێ لە نێوان لادانى شیعرى و لادانى سینەما دابمەزرێنم، کۆى ئەو لادانانەش لە هاوجووتکردنى زمانى شیعر و زمانى سینەما لە رێگەى ئەزموونکردنى ناوەکى و ئەزموونکردنى دەرەکى درێژ بکەمەوە. ئەزموونى ناوەکى سڕى تاکایەتى دەنوێنێ، (بەڵام ئەوە هەرگیز بە ماناى ئەوە نایەت کە وەک پرۆسەیەکى رەسەن و یەکپارچە سەیرى بکەین چونکە هەر چەشنە سەریرکردنێکى لەو جۆرە جگە لە رەهاخوازى و دۆگما و دەمارگرژى هیچ ئەنجامێکى دیکە ناخاتەوە) بە دیوەکەى دیکە ئەزموونى دەرەکى بە گشتیکردنى ئەزموونى ناوەکى لێدەکەوێتەوە (بەڵام رەتکردنەوەى ئەزموونى دەرەکى ماناى پەیوەستبوون نییە بە خود و ئەزموونى ناوەکییەوە) دەشێ یەکەمیان خۆ دۆزینەوە و دووەمیان بە خۆنامۆبوون بگەیەنێت.
بەمجۆرە ئەگەر لادانى شیعرى لە سەر پەیوەندى وێنە و خزینى مانا بێتەوە و بە میکانیزمى خه‌یاڵ و پێشبینیکردن بەند بێت، ئەوە لادانى سینەمایى لە سەر پەیوەندى وێنە و جولەى وێنە دەوەست و بە میکانیزمى وەهم و تەجریدکردنەوە دەلکێ، فەزاى یەکەمیان بە فەزاى شیعرى ناو دەبرێت، دووەمیان بە فەزاى سینەمایى، یەکەمیان لە بەرفرەوانى ماوەى نێوان بیستن و خه‌یاڵ، گرژبوونى زمان و خاوبوونەوەى مانا خۆى دەنوێنێ، دووەمیان لە کورتى نێوان بینین و هەست، گرژبوونى مانا و خاوبوونەوەى زمان دەخاتەوە.
لێرەدا دەشێ پرسیارى (خوێنەر/وەرگر) ئەوە بێت کە چۆن ئاراستە سۆزئامێزەکانى ئەو شیعرەى (بەرزنجى) کە لە رووە دیارەکەى بە تەواوى دەکەوێتە سەر حاڵەتى دەروونییەوە بە وێنەى تەجریدییەوە دەلکێ کە سەر بە تەکنیکى سینەماییە، چۆن فەزاى شیعرى کە سەر بە مانا و گومانى جۆراو جۆرە بە فەزاى سینەماییەوە دەبەستینەوە کە سەر بە خەڵەتاندنى چاوە؟!
 

(لە دەروازەى قەبرستانى مەعمەل قیڕدا)


بە کورتى قەسیدەى (لە دەروازەى قەبرستانى مەعمەل قیڕدا) وەک لە ناونیشانەکە هاتووە، شاعیر سەردانى گۆڕى خێزانەکەى دەکات، لە گۆڕستان بە زێوانەکە دەڵێت: دێمکە ئاوەکە بێنە با بچین گوڵى سەر گۆڕى جوانەمەرگ ئاو بدەین، ئینجا لە هەنگاونان بەرەو گۆڕەکە دووچارى شپڕزەیى دەروونى و دەنگە دەنگ و ئازارى ویژدانى دەبێتەوە، ئیتر لە ونبوونى زێوانەکە دەست لە کێلان وەردێنێ و لە رێگەى بە یادهێنانەوە بە ئیقاعێکى هێمن و غەمگین لە دواندنى مەنەلۆگئامێزى (ئەو)ى جوانەمەرگەوە ژیانى لە دەستچوو بە سەر دەکاتەوە، دواجار (ئەو)ى جوانەمەرگ لە گۆڕدا بە تووڕەییەوە دێتە قسە و دەڵێ: ئەى پیاو ئەى دڕندەى تێر نەخۆر بۆ لێم ناگەڕێى بە ئاسوودەیى بنووم، بۆ لێم ناگەڕێى چێژ لە مردن ببینم، هەى تف لە ژیان!.
وەک دەزانین فەزاى قەسیدەکە فەزایەکى گێڕانەوەئامێزە و سەر بە گێڕەڕەوەى هەموو شت زانە، ئیقاعى قەسیدەکە نەرم و هێمن و غەمگینە، کات لە نێوان ئێستا و رابردووى نزیک و دوور دایە، شوێن لە گۆڕستانەوە بەرەو شوێنى بەیەکەوە ژیان (لەگەڵ ئەو) هەنگاو دەنێت.
بە گشتى دەتوانم بڵێم ئەو قەسیدەیە خۆدواندنێکى دەروونییە و بە زمانێک کە تەعبیر لە پاڕانەوە و لالانەوە دەکات ژیانى لە دەستچووى خێزانى دەگێڕێتەوە. لێرە لە ئاماژەکردن بە وشەى (خێزان) دوو مەبەست لە ئارادایە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەو قەسیدەیە هاوژیانى بە ماناى یەکسانى نێوان ژن و مێرد تەماشا ناکات. دووەمیان ئەوەیە کە چۆن ماف بە خۆى دەدات تایبەتمەندیى خێزانى، یان بە مانایەکى دیکە ئەزموونکردنى ناوەکى -خێزانى- ((دووبارە جەختکردن لە وشەى خێزان ئەوەیە خوێنەر ئەزموونى ناوەکى تاک و ئەزموونى ناوەکى خێزانى کە تەعبیر لە هاوپەیمانى نێوان دوو کەس دەکات لە یەک جیا بکاتەوە، خوێندنەوە و بەدواداچوونەکانى من لە سەر ئەوى دووەمیانە نەک یەکەم)) لە پێناو دەرکەوتنى (منى شیعرى، یان منى سینەمایى) بە گشتى بکات... هەر لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ دەسنیشانى دوو جۆر لە زمان بکەین: زمانێک کە بە شێوەیەکى دیار واقیعى دەکەوێـتەوە و سۆزئامێزە و هەڵگرى تەعبیرکردنە، هەروەها لە لایەن گشتەوە قبوڵە. زمانێک کە لێرە لە رێگەى بە فیلمکردنى قەسیدەى ناوبراو هەوڵى دۆزینەوەى دەدەین، زمانێکە تەعبیر ناکات و لە دەرەوەى گشتدایە و تووند وتیژییەکى تەعبیرنەکراو دەخاتەوە. شەڕى نێوان ئەو دوو زمانە وەک لەو لێکۆڵینەوەیە دەردەکەوێت، شەڕى دەرکەوتن و تەعبیرکردنە، بە مانایەکى دیکە (منى شیعرى) لە یەکەمیاندا هەوڵدەدات بە گشتى سۆزى (خوێنەر) بەلاى خۆیدا کێش بکات، بەڵام لە دووەمیان (منى سینەمایى- ئەگەر ئەو دەستەواژەیە گرفت نەنێتەوە و خۆى لە ماناکانى منى شیعرى نزیک بکاتەوە) لە بەر ئەوەى لە وێنەدا دەردەکەوێت، بۆیە ناتوانێت (بینەر) بخاتە نێو سۆزى ناوبراوەوە، بەڵکو بێنەر بۆ خۆى خودى دەرکەوتنەکان دەبینێت و هەر لەوێشەوە هەست بە جۆرێک لە کەڵەگایى و تووند وتیژى و خۆ فەرزکردنى (من) دەکات.
لێرە ئەگەرچى لە لایەن (شاعیر)ەوە ئەو قەسیدەیە هیچ جۆرە دابەشکردنێک لەخۆ ناگرێت، بەڵام من لەو خوێندنەوەیەدا بۆ ئەوەى روونتر قسە لە سەر دەلالەتە دیار و نادیارەکانى و وێنەگرتنى کامیرا بکەم، هەوڵدەدەم دابەشى حەوت دیمەنى دەکەم.
 

دیمەنى یەکەم


دیمەنى یەکەم دیمەنێکى شیعرییە و دەکەوێـتە دەرەوەى مەکان و زەمانەوە، گرتە و وێنەکان لە دوورەوە کێشراون و تەعبیر لە بۆچوونى منى شاعیر دەکەن و بە رستەى (دیسان منم، لە من زیاتر کێ حەنین دەیکوژێت و...) شاعیر خۆى دەناسێنێت، ئاستى شیعرى ئەو دیمەنە لە دەستەواژەى (دیسان منم) بە جەختکردن لە راناوى (منم) دوو رەهەند دەنوێنێ.
رەهەندى یەکەم: هەست و نەست و کۆى حەسرەت و دڵشکان و دۆڕانەکان لەخۆ دەگرێت، ئەوەش لە رێگەى نزیک بوونەوە لە کردەى شیعرییەوەیە و دەسەلمێنێ کە کردەى شیعرى وەک (موراد فەرهاد پور) دەڵێت بۆ خۆى جۆرێکە لە شکست، کردەى شیعرى بە حەتمى بە شکست دەگات .
رەهەندى دووەم تەواو پێچەوانەى رەهەندى یەکەمە، جۆرێک لە سەرکەوتن دەخاتە روو، لەوێشەوە راناوى (منم) وێنەى (من)ێکى باڵا بەرز دەکێشێت. کەواتە دیمەنى یەکەم لەو دوو رەهەندەوە دوالیزمییەتى خۆى بە (وەرگر) ئاشنا دەکات.
ئەگەر لە رەهەندى یەکەمى (دیمەنى یەکەم) وەک بینراو، گێڕەڕەوەى هەموو شت زان خۆى بە چاوەڕوانى گشتى و مەرگەساتى ئەزموونى ناوەکى یەکسان بکات و هونەرى ئەو خۆ تەماهیکردنە، دواجار لە کۆپیکردنێکى شاعیرانە کۆى حەسرەت و دڵشکان و دۆڕانەکان بنوێنێ، لە رووى زمانیشەوە تەعبیر لە خاوبوونەوەى مانا و گرژبوونى زمان بکات، ئەوە دەتوانین لە پشت گرژبوونى زمان و خاوبوونەوەى مانا ئاماژە بە مازۆخییەتى (من) بدەین. وەک چۆن دەشێ رەهەندى دووەمى دیمەنى یەکەم لە نێرگزییەتەوە بخەینە روو، بەشێکى زۆرى نێرگزییەتى نێو قەسیدەکەش بە (من) و راناوى لکاوى (م)ەوە بلکێنین. وەک چۆن وشەى (دیسان) تەواوى رەهەندەکانى زەمەن دەخاتە ژێر سێبەرى ئەو (من)ەوە. بەو مانایەش (دیسان منم لە من زیاتر....) تەعبیر لە رەشکردنەوە و رەتکردنەوەى تەواوى (من)ەکانى دیکە دەکات و خۆى لە پلەیەکى بەرزەوە بە سەر (وەرگر)دا دەسەپێنێ.
کەواتە ئەگەر رەهەندى یەکەمى (من) لە دیمەنى یەکەمدا هەڵگرى منێکى شیعرى و مازۆخى بێت، (من)ى دووەم منێکى باڵا بەرز و نێرگزییە، لە نێوان (من)ى مازۆخى و (من)ى نێرگزى (منى نێرگزى لاى سامى ئەدهەم ئەو منەیە، کە بە دواى ناسنامەى رۆشنبیریى ونبودا دەگەڕێت) دەشێ دوو جۆر لە تەعبیرکردن لە یەکتر جیا بکەینەوە، لە یەکەمیان هەست بە خۆناس کردنێک دەکەین کە (وەک خەیاڵدان) بە پێى چاوەڕوانى داب و نەریت دەکەوێـتەوە. لە دووەمیان هەست بە خۆ جیاکردنەوە لە ماناى پێشوو و گەڕان بە دواى ناسنامە رۆشنبیریى ونبوودا دەکەین. بە بڕواى من خۆ جیاکردنەوە لە رێگەى (من)ى نێرگییەوە بە تەکنیکى سینەماییەوە بەند دەبێت، وەک چۆن خۆناسکردنمان بە کۆپیکردنێکى شاعیرانە بەستەوە.
لە نێوان چاوەڕوانى باو (بەو مانایەى کە ئەزموونى ناوەکى و مەرگەسات وێنەکانى دەکێشێت) و جیاکردنەوە لە ماناکانى پێشوو (بەو مانایەى کە لە گەڕان بە دواى ناسنامەى رۆشنبیریى ونبوودا خۆى هەڵدەگرێتەوە) دوو زمان لە ئارادایە: زمانێک کە تەعبیر لە حاڵەتى دەروونى دەکات، بەشێکى زۆرى ئەزموونى کەسى (کە بابەت دەبێتە بەشێک لەو کەسە) لەخۆ هەڵگرتووە و هەر لەوێشەوە (شاعیر/کاراکتەر) بە مانا (گادامێریی)ەکەى کە دەڵێت (ئەو بوونەى کە دەکرێ تێیبگەین زمان خۆیەتى) تەعبیر لە (بە مانابوون)ى ژیانى خێزانى خۆى دەکات، وەک دیارە لەو (قەسیدە/فیلم)ە ئەو بە مانابوونە بە دوو لایەنى بیرەوەرى و چاوەڕوانى دوور و نزیک بەستراوەتەوە، لە دیمەنى چوارەم لە رێگەى مەنەلۆگەکانەوە هەر دوو لایەنى بیرەوەرى و چاوەڕوانى، زۆر بە جوانى ئاماژەى بۆ دەکرێت و بە ژیانى تاکە کەسى (بە ماناى بوونى زیندوو لە بەرامبەر بوونى مردووى "ئەو"ى خێزان گرێ دەدرێت. هەر لە سەر ئەو بنەمایە پەیوەندى شیعرییەت بە یارمەتى بیرەوەرى و خه‌یاڵ درووست دەبێت. ئەگەر هەتا ئێرە بە زمانى شیعرى قسە لە ئەزموونى ناوەکى و کەسى کرابێت، ئیتر لە پاش بە کامیرا ناساندنى ئەزموونى کەسى هیچ تایبەتمەندییەک لە ئارادا نامێنێ، زمانێکى دیکە دێتە ئاراوە کە زمانى سینەماییە، بەمجۆرە (بەرزنجى) کاتى لە دەستچوو بە چاوى کامیرا لە رێگەى وێنە، یان مەنەلۆگەوە زیندوو دەکاتەوە.
لێرە لە نێوان کردەى شیعرى و بە گشتیکردنى ئەزموونى ناوەکى (کەسى) دەشێ پێناسەکردنى کردەى شیعرى لە (موراد فەرهاد پور) بخوازین کە پێیوایە کردەى شیعرى ئاگایى مەعریفى و هێزى زمان و بوێرى ئەزموونکردن دەگەیەنێت. هەر ئەوەشە کردەى شیعرى لە سەربووردە، یان حاڵەتى دەروونى کە بە گشتى بۆ کۆمەڵێک (گرێ) (حەسرەت) دەگەڕێتەوە، جوێ دەکاتەوە.
بەڵام ئاستى دووەمى کە سینەماییە، لە دووبارە کردنەوەى (من)ى دەسپێکەوە بەرەو (ئەو)ى تووڕەى قەسیدەکە دەبێتەوە. لە پشت ئەو رستەیە پێکهاتەیەکى دوولایەنى و ئاڵۆز لە کاریگەرى، لە نێوان (من) و (ئەو) دەخرێتە روو. وەک شیعر (من) و (ئەو) بە دوو لایەنى بیرەوەرى و چاوەڕوانى دوور بەستراونەتەوە (هەڵبەتە لە زۆربەى کاتتدا بیرهێنانەوە غەمناک دەکەوێتەوە)، بەڵام وەک سینەما شاعیر دواتر دێت لە سەر مێزى مۆنتاژ گرتەکان هەڵدەبژێرێ و چارەسەرییان دەکات (مەبەست ئەوەیە کە مەرج نییە گرتەکان چ وەک شوێن چ وەک کات هاوپەیوەست بن). زمان لەو ئاستەدا تەعبیر لە وێنەى هەستى دەکات و سەر بە گشتێتى درۆینەى سینەمایى و میکانیزمى ناوەندیارى تەکنیکیە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا میکانیزمى ئەو خۆ جیاکردنەوەیە چۆن بە خەیاڵ و تەکنیکەوە گرێ دەدەین؟!
ئەگەر ئەو دوالیزمییەتە تەرجەمەى خوێندنەوەکەمان بکەین، دەبێ لە رستەى پرسى (لە من زیاتر کێ حەنین دەیکوژێت و...) هەنگاو بنێین، بەو مانایە کارى (دەیکوژێت) لەو سیاقە شیعرییەى (بەرزنجى) هەر تەنها پەیوەندى بە زەمەنەوە نییە، بەڵکو میکانیزمى جیابوونەوە لە واقیع وازى دەکات، واتە وەک چۆن جۆرێک لە مازۆخیەتى لەخۆدا هەڵگرتووە، بە دیوەکەى دیکەش راڕاى خود (ناجێگیر، ئیرۆتیکى، ویژدانیى، تاوگیرى) نیشان دەدات، هەر لەوێوە منێکى گەڕیدە، منێک کە لە بەرامبەر مردن ممارەسەى ژیان دەکات، بەرهەم دێنێـت. هەر لە سەر ئەو بنەمایە درککردنت لە رێگەى نووسینەوە لە پێشینە خودییەکان دەربکەوێت.
کەواتە کارى (دەیکوژێت) لە لایەک شتێ دەڵێ، بەڵام ئێمە لەو گوتنە درک بە شتێکى دیکە دەکەین. هەر لەو یەکتر بڕینەى نێوان ئەوەى دەیڵێ و ئەوەى ئێمە لەو خوێندنەوەیە درکى دەکەین سروشتى شیعرى دەکەوێتە سەر گوتن نەک درککردن، هەر لەوێشەوە درککرنى ئێمە درێژ دەبێتەوە، بە مانایەکى دیکە درککردنى ئێمە لە منى مازۆخییەوە بەرەو ئەزموونى ناوەکى و مەرگەسات و لە منى نێرگزییەوە بەرەو گشتێتى درۆینە و ژیان دەبێتەوە.
واتە ئەگەر شیعرییەتى دەسپێک سەر بە حاڵەتى دەروونى بێت و لە فەزاى شیعرى (دیسان منم، لە من زیاتر، کێ حەنین دەیکوژێت و رۆحى گەرمى دەخاتە بەر بایەکى سارد) کۆتایى بە منى مازۆخى بێنێت و لەوێوە جۆرێک لە (ئومێدى سینەمایى، کە دواتر لە وەهمى سینەماییدا دەردەکەوێت) بە منى نێرگزى ببەخشێت، بەوەى کە منێکە شانازى بەخۆى دەکات و دەجولێ و دەدوێ، لە بەرامبەر مردن کە نابزوێ و نادوێ. ئەوە بە دیوەکەى دیکە شتێ لە ترسیشى لەخۆدا هەڵگرتووە، ئەو ترسە ئەگەرچى بە گشتى ترسى هەموو مرۆڤێکە لە بە گشتیکردنى ئەزموونى ناوەکى، بەڵام لەو قەسیدەیە بە دیاریکراوى لە رستەى (دەروازەى قەبرستانم بە باڵە شکاوەکانت لێ دەگرى) ئەو ترسە لە بەرامبەر (ئەو)ى قەسیدە ترسە لە وەستانى ئەزموونى ناوەکى (لەوەى بەڕاستى دەروازەى قەبرستانى لە سەر دابخرێت و ئیتر وەک هەر مردووییەکى تر لە ژیان بوەستێت و ون بێت و نەنووسێت).
لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ سەردانیکردنى گۆڕى "ساماڵ-ى خێزان" کە بنەماى (قەسیدە/فیلم)ەکە، لە سەر مەرگى ئەو بونیاد نراوە، لە رووى سینەماییەوە بە مەرگى ئەزموونى ناوەکى لە قەڵەم بدەین. بەو مانایەش ئەگەر مەرگى (ساماڵ) مەرگى ئەزموونى ناوەکى بگەیەنێـت، ئەوە ژاوە ژاو، یان دەنگە دەنگى (بەرزنجى) بە گشتێتى درۆینەوە بەند دەبێـت. بۆیە لە دیالۆگى نێوان (بەرزنجى) و (ساماڵ)، یەکەمیان دەکەوێتە نێو سنور و دووەمیان تەواوى سنوورەکان دەبەزێنێ، یەکەمیان ملکەچى سنوورەکانى ژیان دەبێ و دووەمیان بە ئازادى لە شەقەى باڵ دەدات، یەکەمیان لە دوا بەشى ئەو (قەسیدە/فیلم)ە ون دەبێت و شوێنەوارى نامێنێ، دووەمیان شوێنى خۆى لە گۆڕدا بەرجەستە دەکات. لەو خاڵەوە هەست دەکەین، لە دەنگى (بەرزنجى) مانا دادەخرێ و زمان دەکرێتەوە. بەڵام لە دەنگى (ساماڵ) زمان دادەخرێ و مانا دەکرێتەوە. بەو مانایەش دەنگى (بەرزنجى) لە رووى ماناوە هەڵگرى جۆرێک لە گرژبوونەوەیە، بەڵام دەنگى (ساماڵ) لە رووى ماناوە بێ باک و کراوە و بێ پێچ و پەنایە، (هەى تف لە ژیان) .
ئەگەر سروشتى شیعرى لە سەرەتاى ئەو (قەسیدە/فیلم)ە پەیوەندى بە دیمەنێکى شیعرى سینەماییەوە هەبێت و دەسپێکێکى سیحرى بە سینەمایى بوونى ئەو (فیلم/قەسیدە)یە بەخشى بێت، ئەوە دەشێ ئەو فەزا (شیعرییە/سینەماییە) لە جێ پەنجەى دەرهێنەرى ئیتاڵى (بازولینى) یان سویدى (بیرگمان)ى نزیک بکەینەوە، نەک جێ پەنجەى دەرهێنەرێکى وەک (بەرزنجى). ئەوە وا دەکات لە سەرەتاى ئەو (قەسیدە/فیلم)ە (بەرزنجى) رۆڵى کاراکتەر بگێڕێ، نەک دەرهێنەر (وەرگر لە بەدواداچوونى ئەو لێکۆڵینەوەیەدا فەزا شاراوەکانى ئەو دوو رۆڵەى زێتر بۆ روون دەبێتەوە، کە چۆن دواتر کاراکتەر لە رێگەى منى گێڕەڕەوە بە کارى دەرهێنان هەڵدەسێت). لە لایەکى دیکە لە دواى ئەو سەرەتا شیعرییە ئیتر ئەزموونى ناوەکى دەکەوێت، کەوتنى ئەزموونى ناوەکى بە کەوتنى منى شیعرییەوە بەندە، نەک بە کەوتنى منى سینەماییەوە. ئیتر منى گێڕەوەى باڵا بەرز لە رێگەى گشتێتى درۆینە بەرەو دیمەنى دووەم کێشمان دەکات.
 

دیمەنى دووەم


دیمەنى دووەم لە دوورەوە گیراوە، بابەتەکان تەعبیر لە ئێستا دەکەن، شوێن گۆڕستانە، لە رستەى (منم... بە ئەسپایى دێم، زێوانەکە بە خەبەر دێنم، بە زمانى گوڵ پێى دەڵێم:(دێمکە ئاوەکە بێنە با بچین گوڵە ماتەکانى سەر سینگى جوانەمەرگ ئاو بدەین، با تۆز و خۆڵى سەر دەموچاوى یەنگى دنیا بشۆینەوە) دێتە ناوەوە .
ئەو دیمەنە لە سێ گرتە پێکهاتووە، گرتەى یەکەم: ئاماژە بە زەمەن دەکات، دیمەنەکە دوورە، بە گشتى زەمەنى ئەو دیمەنە دەشێ بە کاتى ئێستاى (قەسیدە/فیلم) بچوێنین، وەک چۆن دەکەوێتە دووتوێى شوێنێکى سەپێنراوەوە کە گۆڕستانە. لە لایەکى دیکە تەعبیر لە جولە دەکات، هەڵبەتە جولە بە بێ شوێن و کات مەیسەر نابێت. دەمەوێت بڵێم ئەو دیمەنە لە سێ خاڵى سەرەکى لە سینەما نزیک دەکەوێـتەوە کە زەمەن و شوێن و جولەیە، دواتر هەر سێ گرتە لە جولەیەکى شیاوى خەمئامێزدا لە بەرامبەر کامیرا بە دەلالەتى شیعرى: با تۆز و خۆڵى سەر دەموچاوى یەنگى دنیا بشۆینەوە. فەزاى سینەمایى تێکەڵ بە فەزاى شیعرى دەکاتەوە، شیعرییەت لەو تێکەڵ کردنە پەیوەندى بە (یەنگى دنیا)ەوە هەیە، لێرەدا ئاماژەى یەنگى دنیا تەعبیر لە پاراستنى سڕى تاکایەتى دەکات، (بۆ زێتر ئاشکراکردنى (یەنگى دنیا) بڕوانە قەسیدەى "رۆژباش"ى شاعیر کە دەڵێت: له‌وێ کە عەشق دەگاتە رادەى خۆڵەمێش، لە بولێڵێکدا، ژنێک یاغر یاغر دەچێتە سەر گۆڕستان، دواى ئاودانى زەیتوونەکان مەگیرانى بە یەنگى دنیا دەکات).
کۆتایى هێنانى ئەو سێ بڕگەیە بەو دەلالەتە شیعرییە، جگە لەوەى کرانەوەى مانا و داخرانى زمان دەگەیەنێت، بە دیوەکەى دیکە مازۆخییەتى (من)ى شاعیر بەرامبەر (ئەو)ى جوانەمەرگ دووبارە بەرجەستە دەکاتەوە. دەشێ وەرگر ئەو بەرجەستەکردنەوەیە لە کارى (بچین) بە ئاشکراتر ببینێ، چونکە کامیرا لە کارى (با بچین) وێنەى دوو کەس لە دوورەوە دەکێشێت، کەسى شاعیر و زێوان، بەڵام کەوتنى کەسى دووەم لە دیمەنى سێیەمدا ئەگەر لە لایەک خزینى وێنەى سینەمایى بێت، ئەوە لە لایەکى دیکە گەڕانەوەى کەسى یەکەمە بۆ ناوەوەى خۆى، یان بە مانایەکى دیکە دەشێ خۆ ئامادەکردنێکى مازۆخییانەى شاعیر بێ بەرامبەر هێرشى ویژدان و یادەوەرییەکان، لە نێوان هەژموونى بیرەوەرییەکان و نغرۆبوونى زێوان (کەسى هاوەڵ) ترسى شاعیر دەردەکەوێت، بەڵام ترسى شاعیر هەر تەنها ترس نییە لە بە بیرهێنانەوەى (ئەو)ى جوانەمەرگ، بەڵکو وەک دەبینین ترسە لە کۆى بێدەنگى و خامۆشى دەوروبەر.
 

دیمەنى سێیەم


دیمەنى سێیەم کە لە ونبوونى زێوان بە وشەى (وادێم) دەست پێدەکات، وەک شوێن و کات هەمان شوێن و کاتى دیمەنى دووەمە و بە درکاندنى کارى وادێم بەرە بەرە لە کامیرا نزیک دەکەوێتەوە، تا دواجار لە رستەى (بە ماتى دەست لە کێلان وەردێنم) شاشەى کامیرا داگیر دەکات.
لەو دیمەنەدا بینەر هەست بەوە دەکات کە (شاعیر/کاراکتەر) زۆرترین هەوڵ بۆ بە پیرۆز راگرتنى ئەو سەردانە خەرج دەکات، چونکە نەک هەر نایەوێت دەستکارى شتەکان بکات، بەڵکو نایەوێت لە خەوى قوڵیش بە ئاگایان بێنێت. ئەوەى لەو سەردانە کە بە تامەزرۆییەوە پێى هەڵدەسێت دەست لە کێل وەرهێنانە. کەواتە لە دواى دەسپێکى ئەو دیمەنە بە وا دێم ئیتر رستەى (بە شەقاوى لەرزۆکاوى) تەنها تەعبیر لە لەرزەى جەستە، بەرامبەر مەرگى (ئەو) ناکات، بەڵکو دەنگیش دەلەرزێ، ئەگەر لەرزینى جەستە وەک کامیرا دیمەنێکى راستەوخۆى حاڵەتى ناوەوە و ئازارى ویژدان و شپڕزەییمان پێبناسێنێ، ئەوە وەک دەلالەت تەعبیر لە تەنیایى (شاعیر/کاراکتەر) دەکات و هەر لەوێشەوە رابردوو دێتە ناوەوە، بەو مانایە دەنگى لەرزۆکى (بەرزنجى) وەک رابردوو بە جەستەى (ئەو)ەوە دەلکێ، هەر لەوێشەوە درککردنى تەنیایى خۆى بە رستەى دەست لە کێلان وەردێنم دەڕەوێنێتەوە. ئەگەر ماناى یەکەمى ئەو رستەیە رەواندنەوەى تەنیایى بێت، ماناى دووەم خۆى لە چێژى گێڕانەوەدا هەڵدەگرێتەوە. یەکەمیان: ترس لەخۆ دەرکردنە. دووەمیان: هەڵگرى جۆرێکە لە شەبەقییەت و بە فیکرەى جەستەوە بەندە. کەواتە (کێل) وەک چۆن دەلالەتى (باڵا) لەخۆ دەگرێت، پەیوەندیکردنى (ئەو)یش بە ژیان دەگەیەنێت. (بۆ بە دواداچوونى فیکرەى جەستە، دەشێ خوێنەر بۆ قەسیدەى "من هەمیشە لەوێوە دێم"ى شاعیر بگەڕێتەوە، کە دەڵێت: لە حەوشەکەدا، دوو جار کراسى سپى لە بەر کرد، جارێکیان بۆ من و ئەویتریش بۆ قەبر).
کەواتە دەنگى لەرزۆکى (بەرزنجى) لە دیمەنى سێیەمدا لە لایەک ترسە لە تەنیایى، لە لایەکى دیکە ممارەسە کردنى چێژى لەخۆدا هەڵگرتووە، وەک چۆن بە رووەکەى دیکەش ئەو هەنگاونانەى (بەرزنجى) رووەو چێورەمەى جوانەمەرگ تەعبیر لە جولەى سینەمایى دەکات. دەمەوێت بڵێم: ئەوەى وەرگر بە لەرزۆکاوى دەیبینێت، دەشێ فێڵێکى سینەمایى بێت بەرامبەر (بینین/هەست) و (بیستن/خه‌یاڵ)، ئەو قسەیەشمان بەوە پشت راست دەکەینەوە کە لەو دیمەنەدا هەست بە داخستنى مانا دەکەین. واتە لە پشت (نە خۆڵ، نە بەرد، نە پنجە گیا...) جگە لە مۆنتاژ کردنى گرتەکان و خزینى وێنە نەبێت، هیچ پەیوەندییەکى دیکەى شیعرى وجودى نییە، یان بە مانایەکى دیکە لە پشت ئەو وێنەیە بە قەد ئەوەى (بینین/هەست) دەخرۆشێ، ئەوەندە (بیستن/خه‌یاڵ) دادەخرێت، یان بە مانایەکى دیکە ئەو وێنەیە دواى کاتى ئێستا دەکەوا، دەبێتە قوربانى رەهەندى سێیەم تا بۆ وێنەى سروشتى بە کامیراگیراو بگۆڕدریًَت.
هەروەها دەشێ لە رێگەى ئیقاعى گرتەکانەوە جوانکارى جولە (وا دێم، بە شەقاوى لەرزۆکاوى، رووەو چێورەمەکەت هەنگاو دەنێم، نە خۆڵ ، نە بەرد، نە پنجە گیاى سەر دڵت، هیچیان وەئاگا ناهێنم، بە ماتى دەست لە کێلەکان وەردێنم) بەرجەستە بکەین، ئەو جوانکارییە بە قەد ئەوەى ئاسۆیەکى نوا بەرامبەر (بینین) دەکاتەوە و سەر بە زمانى سینەما و تەجریدە، ئەوەندە بە شیعرییەت و خەیاڵەوە بەند نییە. کەواتە جوانکارى جولە سەر بە یۆتۆپیاى مۆسیقاى سینەماییە، یۆتۆپیایەک کە هەستى جولەکردن دەوروژێنێت. هەر لە رێگەى مۆسیقاى ئەو دیمەنەشەوە زمانى سینەما بەرفرەوان دەبێت، وەک چۆن هەر لەوێشەوە دەشڵەژێ، شڵەژانى زمان، تەعبیر لە دەلالەتە جێبەجێ نەکراوەکان دەکات، بەو مانایەش ئەو (دەنگە دەنگ)ە بە پەرۆش و لەرزۆکاوییەى (بەرزنجى) زێتر داپۆشینى ئاماژەکان دەگەیەنێت. بۆیە لە مانا رادەکات و بە جولەیەکى نادیار دەکەوێتە نێو رووداوەوە، بەرجەستە کردنى رووداو تەعبیر لە گەیاندنى هەواڵ و کەوتنى شیعرییەت دەکات. ئەو خاڵە زمانى سینەمایى تۆختر و زمانى شیعرى کاڵتر نیشان دەدات.
دیمەنى سێیەم کە وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ دیمەنى چوارەم خۆى دەنوێنێ، دەشێ دوو کردەى دیکە لە نێو (ژیان/ئەزموونکردن) بخاتە روو، یەکەمیان: لە رووى دەلالییەوە دەکەوێتە نێو (خراپ ئەزموونکردن) و منى مازۆخى رابەرایەتى دەکات، لە رووى کامیراییەوە شەقاوى لەرزۆکاوى تەعبیرى لێ دەکات. دووەمیان: لە رووى دەلالییەوە دەکەوێتە نێو (باش ئەزموونکردن) و بە منى نێرگزییەوە دەلکێت، بەڵام لە رووى کامیراوە بە گرتەى هیچیان وەئاگا ناهێنم بەندە.
ئەگەر خراپ ئەزمونکردن بۆ ناوەندیارى شیعرى (دەنگ، رەمز، نووسین، سپێتى) بگەڕێتەوە، باش ئەزموونکردن بۆ ناوەندیارى سینەمایى(کامیرا، سرووشتى رووناکى، مامەڵەکردن، کیمیاگەرى، ئامێرەکانى دیکە..) دەگەڕێتەوە.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم درێژبوونەوەى رووە سۆزئامێز و بریقەدارەکەى ئەو (قەسیدە/فیلم)ە بە قەد ئەوەى پەیوەندى بە کردەى دووەمەوە هەیە، ئەوەندە بە کردەى یەکەمەوە بەند نییە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کردەى سینەمایى ماوەى نێوان بینەر و وێنە لە رێگەى جولەى خەڵەتێنەوە نامێنێت، لەوێشەوە بە یارمەتى مۆسیقا وا دەکات بینەر لە حاڵەتى گرتنى گۆشەى نیگاى دیمەنەکان تێکەڵ بە کامیرا بێت، نەک بە مانا و خەیاڵى زمان. بەمجۆرە وێنەى شیعرى دەبێتە قوربانى جولەى منى کامیرایى و بۆ وێنەى بە کامیرا گیراو دەگۆڕێت.
 

دیمەنى چوارەم


دیمەنى چوارەم بە گرتەى (بە ناڵەیەکى حەزین دەچرپێنمە گوێت) دەست پێدەکات، هەڵبەتە ئەو گرتەیە وەک شوێن گۆڕستان و وەک زەمەن دەکەوێتە ئێستاى (قەسیدە/فیلم)ەوە و گرتەکە تەواوى شاشەى داگیر کردووە، بەڵام دواتر لە جولەیەکى تەکنیکیدا لە توێى ئیقاعێکى پرسئامێز کامیرا ئاسۆى بینینى بۆ رابردوو (بەیەکەوە ژیان) دەگوازێتەوە، بەڵام وەک شوێن تەعبیر لە ماڵ (واتە ژیانى منى زیندوو و ئەوى جوانەمەرگ) دەکات.
کۆى گرتە پرسئامێزەکانى دیمەنى چوارەم دەکەوێتە نێو ئیقاعێکى نەرم و هێمن، ئیقاعى نەرم و هێمن فەزاى بیرخستنەوە دەکاتەوە و زێتر سەر بە لاواندنەوەیە، وەک چۆن لەو دیمەنە لاواندنەوەش دەکەوێتە نێو مەنەلۆگەوە. (بارستارکۆ)ى (ئیتاڵى) ئیقاع بە بەرهەمى جوانکارى جولە دادەنێت، ئەو پێیوایە ئیقاع ئاسۆیەکى نوێ بەرامبەر بینین دەکاتەوە و دەبێتە تایبەتمەندى زمانى سینەمایى و کۆدى گێڕانەوە لەخۆ دەگرێت. ئەگەر بەشێک لە پەیوەندى زمانى (فیلم/قەسیدە) بە زمانى سینەمایى ئەوە بێ کە لە ئیقاعدا خۆى دەنوێنێ، بەشێکى دیکەى لە مەنەلۆگەوە دەردەکەوێت. مەنەلۆگ لە هونەرى سینەماییدا سیستەمێکى تەعبیرییە و میکانیزمى بەرهەمهێنانى کۆى ئەو دەلالەتانەیە کە (دەرهێنەر/شاعیر) لە رێگەى (حاڵەتى دەروونى/تەکنیک) دەیخاتە روو، هەر لەوێشەوە بینەر دەخاتە گەمەیەکى سیحرئامێز، ئەگەر بە جۆرێک ئەو میکانیزمە لە هونەرى سینەمایى ناساندنى فەزا شاراوەکانى کاراکتەر لەخۆ بگرێت و نیازى تایبەتى لە پشتەوە بێت، بە دیوەکەى دیکە هونەرێکە لە هونەرەکانى کێشکردن و تێوەگلانى وەرگر.
بەڵام لە رووى دەلالییەوە خوێنەر لە خوێندنەوەى مەنەلۆگەکانەوە هەست دەکات ئەوەندەى بەرچاو خستنى دیمەنە هەڵبژاردەکان کارى لە سەر کراوە، ئەوەندە ئاماژەى شیعرى و شیعرییەت فەرامۆش کراوە. وەک گوتمان بەشێکى زۆرى پەیوەندییەکانى نێوان سینەما و شیعر دەکەوێتە سەر رەوانبێژى و رووناکییەوە، بەو مانایە (بەرزنجى) دەیەوێت زۆرترین رووناکى بخاتە سەر هەڵبژاردەیەک لە پێکەوە ژیان و ئەزموونى ناوەکى، رووناکى خستنە سەر ئەزموونى ناوەکى بە هەموو مانایەک تەعبیر لە بە گشتیکردن دەکات، هەر لەو هەڵبژاردەیەشەوە گەمە لەگەڵ هەستى سۆزئامێزى (بینەر/خوێنەر) دەکات و لە نێو ئەزموونى ناوەکى خۆى دەیتوێنێتەوە. لێرەدا لەو بەر چاو خستنە سیستەمى سینەمایى رۆڵى گرنگى بینیووە، چونکە (( لە فیلمدا "بینەر" خۆى بە کاراکتەرى هاوێنە بەراورد دەکات و لەوێشەوە خۆى تێکەڵ بە "چیرۆکبێژ" دەکات)) . هەر لەوێشەوە هەستێکى جولەئامێز بەرەو ژانوژووارى دیمەنە هەڵبژاردەکانى بە یەکەوە ژیان (من و ئەو)مان دەکاتەوە، بڕوانە: (-کوا مەقاماتى راکشان؟-کوا جگەر کێشانى پێش چوونە نێو جیگا؟-کوا لەعابەکانى زیلان؟-کوا فاتورەى ئاو و کارەبا؟-کوا کاسێتى (القلب یعشق کل الجمیل)؟-کوا پاکەتى سۆمەرى بولگارى؟-کوا بالیفە گەورەکەمان؟-کوا بەتانییە دوو نەفەرییەکەمان...)
هەڵبەتە گوتنى مەقامات و کردەى راکشان نەک هەر تەنها لە بنەڕەتدا وێنەیەکى بە کامیرا گیراومان پێدەبەخشێت، بەڵکو هەستى وەرگریش بەو جولەیە دەخرۆشێنێ (بەکار هێنانى وشەى "خرۆشاندن" بە مانا سێکسییەکەى پەیوەندى بە وشەى "راکشان" دەکات). بە گشتى هەر لە سەرەتاوە ئەو سەربردەیەى (بەرزنجى) زەمەن بە مەکان، ئێستا بە رابردوو گرێ دەدات، کۆى ئەو گرێدانەش بە جولەى سەردانى گۆڕستانەوە دەلکێ. بەڵام ئەگەر لە هەر سێ دیمەنى سەرەتا، کامیرا ئەسڵى یەکەم بگەیەنێت، ئەوە لەم دیمەنە کامیرا کۆمەڵێک گرتە دەگرێ، کە لە حاڵەتى دووەم و کۆپیکراوى ئەسڵن. بەڵام (بەرزنجى) بە وشەى پرسى (کوا) درککردنت لە رێگەى وڕوژانى هەستى وەرگر هەمان جولەى ئەسڵی و یەکەمیان تێدا دووبارە بکاتەوە. وشەى (کوا) لەو مەنەلۆگانەدا کارێکى گرنگ لە ئەستۆ دەگرێ، ئەویش لە لایەک خستنە جولەى وێنەکانە لە لایەکى دیکە ئاسانکارى بۆ کامیرامان دەکات، بۆ ئەوەى کامیرا لە شوێنێکى دیاریکراو جێگیر بکات.
-کوا مەقاماتى راکشان؟ -کوا جگەر کێشانى پێش چوونە نێو جیگا؟ -کوا رۆمانى (مرحبا ایها الحزن) -کوا لەعابەکانى زیلان؟....هتد. لە کۆى ئەو گرتانەدا راستەوخۆ بەشێکى زۆر لە وەهمى کامیرا دەکەوێتە سەر مۆنتاژ بەو مانایەش وەک (کارکۆفسکى) پێیوایە رۆڵى مۆنتاژ بە شێوەیەکى گونجاو رۆڵى تەوزیفکردنى جولەیە، هەر لەوێشەوە ئەساڵەت و قوڵایى ناوەڕۆک (کە لێرەدا سەردانیکردنى گۆڕى جوانەمەرگە) دەگەیەنێت. بەو مانایە ئەوە (دەرهێنەر/شاعیر)ە، لە هەڵبژاردنى گرتە و وێنەکاندا بیروڕاى خۆى دەسەپێنێت، هەر لەوێشەوە منى نێرگزى بە پێى یاساى بینین دەردەکەوێتەوە، یاساى (بینین/هەست) لە سینەمادا لە قەڵەمباز دێتە بەرهەم و نابەردەوامى حوکمى بە سەردا دەکات، بەردەوامبوونى هونەریش لە سینەمادا لە سەر تەجاوزکردنى ئەو نابەردەوامیە رادەبێتەوە، هەر لەوێشەوە بە دیمەنى پێنجەم ئاشنامان دەکات.
 

دیمەنى پێنجەم


دیمەنى پێنجەم لە دووبارەکردنەوەى دەستەواژەى (وا دێم) یادەوەرییەکان بە جێ دەهێڵێ و دێتە نێو گۆڕستانەوە، ئەو هاتنەوەیە، لە رووى دەلالییەوە دەست گرتنى خوێنەر و گەڕاندنەوەیەتى بۆ گۆڕستان، وەک چۆن لە رووى سینەماییەوە وەجولەخستنى کامیرایە، لە نێوان وریاکردنەوەى خوێنەر و وەجولەخستنى کامیرا فەزایەکى دیکە لە پرس دێتە بەرهەم. جیاوازى نێوان رستەى پرسى دیمەنى چوارەم و دیمەنى پێنجەم لەوەدایە کە یەکەمیان هاوژیانى دەکێشێ و دووەمیان تاکایەتى دەنوێنێ، بەوەش لە دروستکردنى وێنەدا تواناى کامیرا دەردەکەوێت لەوەى کە کامیرامان بە ئارەزووى دەرهێنەر یارى بە وێنەکان دەکات و رووەکانیان دەگۆڕێت، هەروەها گێڕەڕەوەش لە رێگەى رستەکانى پرسەوە ئەو کارە ئەنجام دەدات، بەو مانایە دیمەنى پێنجەم لە رستەى پرسى (نازانم دەمناسیتەوە یان نا) دەنگە دەنگى خۆى لە میانى وەرگرەوە درێژ دەکاتەوە.
ئەگەر لە رووى دەلالییەوە بشێ بتوانین ئەو وێنەگرتنە بە دیمەنى یەکەم و رستەى (لە من زیاتر، کێ حەنین دەیکوژێت و رۆحى گەرمى دەخاتە بەر بایەکى سارد) گرێ بدەین، هەروەها بە دیاریکراوى (رۆح دانە بەر باى سارد) وەرگرین، دەبینین هەر ئەو بایە ساردەیە، کە دەبێتە بنەما بۆ کۆى وێنە غەگینەکانى دیمەنى پێنجەم. بەڵام ئایا (باى سارد) تەعبیر لە بەدگوزەرانى دەکات، یان رۆح دانە بەر باى سارد هەنگاونانە بەرەو لوتکەى با و باش گوزەرانى؟!
لە نێوان بەدگوزەرانى و هەنگاونان بەرەو لوتکەى باى سارد (ئەگەر ئەو دەستەواژەیە گرفت نەنێتەوە) دەشێ دوو مانا هەڵگرینەوە، یەکەمیان پەیوەندى بە شیعرییەت و تەعبیرى شاعیرانەو مازۆخیەتەوە هەیە، دووەمیان گەیشتن بە لوتکەى باى سارد تەمەنێک دەگەیەنێت. ئەگەر لەو خاڵەوە بگەینە بەراوردکردنى بەدگوزەرانى و باشگوزەرانییەوە ئەوە (بەرزنجى) دەکەوێتە دووەمیانەوە بەوەى کە تەمەنێکە دەژى، بەرامبەر (ئەو) کە کەم ژیا، هەر لەوێشەوە سەرکەوتنەکانى خۆى لە بووندا روون دەکاتەوە، روونکردنەوەى زێندووێتى بەرامبەر مەرگ، بەرجەستەکردنى (من)ى باڵایە لە بەرامبەر (ئەو)ى کێل، ئەوەش تەعبیر لە جیاوازى منى مازۆخى و منى نێرگزى دەکات.
بەڵام لە رووى سینەماییەوە با بزانین (بەرزنجى) چۆن وێنە هەڵبژاردەکان بە ئارەزووى خۆى دەخاتە بەردەم شاشە (ئێستا سەرم کوێستانى بەمۆیە و تێى ئاڵاوە تەم، ئێستا تەبەشم، تژییە لە قۆرت و چاڵ، ئێستا دوو چاوە قاوەییەکەم کز و کەم حوکمن، ئێستا سیخە سیخى سینگم، رۆژە رێیەک دەڕوا) پرسیار ئەوە نییە، ئایا ئەو وێنانە بە بێ لایەنى نیشان دەدرێن یان نا، پرسیار لە داگیرکردنى شاشەدایە. کەواتە ئایا (بەرزنجى) لە پارچە پارچەکردنى جەستە (سەر، تەبەش، چاو، سینگ) دەیەوێت چ بڵێت، ترسى تەمەن بگەیەنێت، یان بەدگوزەرانى؟!
هەڵبەتە لە پشت داگیرکردنى شاشە دەشێ دوو هۆى سەرەکى دەسنیشان بکەین، یەکەمیان لە نێرگزیەتەوە نزیک دەبێتەوە، دووەمیان بەرجەستەکردنى نیازێکى دیاریکراو دەگەیەنێت، واتە دەیەوێت بڵێ بزانە من لە دواى تۆ چیم لێهاتووە، هەر لەوێشەوە هونەرى سینەمایى بەو مانایەى کە ماوەى نێوان بینین و هەستکردن کورت دەکاتەوە وێنەکان جوانتر نیشان دەدات.
لە نێوان پرسى بەدگوزەرانى و باش گوزەرانى، مرۆڤ هەڵگرى پرسێکى دیکەشە ئەویش پرسى بوونگەراییە، پرسى بوونگەرایى لەو دیمەنەدا بە بڕگەى نادیار و وێنە نەگیراوى (بەڵام، هەمان سەرخۆش و حەشاشەکەى جارانم) دەلکێ، کۆتایى هێنانى دیمەنى پێنجەم بەو رستە شیعرییە نەرم و نەگیراوە، ئەگەر لە لایەک بەبیرهێنانەوەى ئەو پەیوەندییە بوونگەراییە بێت، کە لە نێوان (ئەو)ى جوانەمەرگ و (من)ى زیندوو دایە، ئەوە لە ونبوونى (ئەو)، پەیوەندى ناوبراو دەلالەت لە ئەزموونکردنى درۆینە و پشتگوێ خستنى دیاردەکان و پشتگوێ خستنى هەڵوێست و ئازادى و هوشیارى دەکات. کەواتە ئەو رستە شیعرییە ململانێیەک دەگەیەنێت، ململانێیەک کە دەکەوێتە نێوان خۆناسکردن و خۆنەناسکردن، ململانێیەک کە بە درێژایى ژیان، رۆح و جەستەى (من)ى زیندوو پێیەوە دەتلێتەوە.
لە رستەى ناوبراو کامیرا هەناسەیەک دەدات، لە نێوان گواستنەوەى ئاسۆى بینین و ماناکانى ئەو رستەیە ماوەیەک بۆ بەدواداچوون و خەیاڵ هەیە، شیعرییەتى مانا لەو ماوەیەدا خۆى هەڵدەگرێتەوە، دواجار ئەو ماوەیە بە دەستەواژەى (دە گوێم لێبگرە) دووبارە کامیرا دەخاتەوە جولە و دیمەنى شەشەم رادەگەیەنێت.
 

دیمەنى شەشەم


دیمەنى شەشەم لە دەستەواژەى (دە گوێم لێبگرە) هەوڵدەدات درککردن لە دیمەنى پێنجەم نەترازێ، ئەوەش (کارکۆفسکى) و مۆنتاژ کردنى دیمەنەکانمان بیر دەخاتەوە، کە تەوزیفکردنى جولەیە بە شێوەیەکى گونجاو، بەو مانایە هەر سێ دیمەنى چوارەم و پێنجەم و شەشەمیش ئەساڵەت و قوڵایى خۆیان لە مۆنتاژ کردنەوە هەڵدەگرنەوە، بەو مانایەش گێڕەڕەوە لە برى کارى سەرەکى خۆى پشت بە مۆنتاژکردن دەبەستێت و زێتر لە کردەى دەرهێنان نزیک دەبێتەوە. ئەگەر بەشێک لەو ئەساڵەتە پەیوەندى بە هەڵبژاردنى ئیقاع و دیمەنەکانەوە هەبێت و لەوێشەوە تەکنیکى سینەمایى ئەرکى رێکخستن ببینێت، ئەوە بەشێکى پەیوەندى بە بابەت و گێڕەرەوە دەکات، گێڕەڕەوەش لە رێگەى هەڵبژاردنى مەنەلۆگى ناوەوە ئاراستەى بۆگێڕەوە و وەرگر دیارى دەکات، لەوێشەوە پەرچەکرداریان تێدا دەوروژێنێ.
چیرۆک هەمیشە لە مەنەلۆگەکانى ناوەوە دەمانخاتە نێو حاڵەتێکى دیار و نادیار، بەڵام سینەما لە رێگەى جولەى وێنە و مۆسیقاوە بە شاشەمان گرێ دەدات، هەر لەوێشەوە بینەر تەماهى هاوێنە دەبێت، نەک دەنگى گێڕەڕەوە، ئەو تەماهى بوونە راستەوخۆ پەیوەندى بە تەکنیکەوە هەیە، وەک چۆن پەیوەندى بە دەرکەوتنى شوێنەوە دەکات.
دیمەنى شەشەم لە رووى دەلالییەوە جارێکى دیکە لە ناچارکردنى (ئەو)ى جوانەمەرگ، بۆگێڕەوەش ناچارى گوێ گرتن و نواندنى هاوخەمى دەکات. ئەوەش زۆر بە جوانى لە کارى داخوازى (دە گوێم لێبگرە) دەردەکەوێت، فرمانى داخوازى (دە گوێم لێبگرە) سەرەڕاى ئەوەى کە هیچ ئەرزشێک بۆ نائامادەیى (ئەو) دانانێت، پێشێلکردنى ئازادیشى لەخۆدا هەڵگرتووە، واتە سەرەڕاى ئەوەى کە سنوور بەزاندنە، بچووککردنەوەش دەگەیەنێت.
لە رووى سینەماییەوە بە دەستەواژەى (دەگوێم لێبگرە، تا بەو پەڕى حوزنەوە پێت بڵێم) شاشەى کامیرا بە روخسارى خۆى پڕ دەکاتەوە، بەڵام وەک شوێن درێژ کراوەى هەمان شوێنى سەپێنراوە، پاشان ئاراستەکردنى کامیرا دەباتەوە رابردوو (لەگەڵ ئەو) ژیان دەخاتەوە بیر، واتە هەر وەک دیمەنى چوارەم کامیرا روو لە رابردووە، هەر لەوێشەوە بڕوانە چۆن دیمەنى شەشەم لەو رستە پرسیارئامێزانەوە ئۆپۆرتیۆنیستیەتى خۆى دەخاتە روو (-رەشنووسى رۆمانەکەم چى بە سەر هات؟-پانتۆڵە قەدیفە زەیتونییەکەم چى بە سەر هات؟-چەرخە ئیتاڵیە ستیلەکەم چى بە سەر هات؟-رانکو چۆخە مەرەزییەکەم چى بە سەر هات؟-ئەو رەسمەى لەگەڵ جەلیل قەیسیدا گرتبووم چى بە سەر هات؟ -رادیۆ هەشت مۆجەکەم چى بە سەر هات؟)، سەیرکەن لە وێنەکێشانى ئەو شتە تایبەتیانەدا چۆن سیما نێرگزییەکانى خۆى بە (ئەو)ى جوانەمەرگ و بۆگێڕەوە و وەرگر دەفرۆشێتەوە. دەشێ وێنەگرتنى شتە خودییەکانى دیمەنى شەشەم پەیوەندى بە کۆى وێنە هەڵبژاردەکانى دیمەنى پێنجەمەوە بکەن، بەو مانایەش رەشنووسى رۆمان لە رێگەى دیمەنى پێنجەمەوە دەبێـتە تەم، پانتۆل و رانکو چۆخە کون کون دەبێت، چەرخە ئیتاڵییەکە تواناى سووتانى نامێنێ، رادیۆکە، خشە خشى رۆژەرێیەک دەڕوا، ئەو رەسمەى لەگەڵ جەلیل قەیسى تاکو ئێستا جگەرەى تێدا نەکوژاوەتەوە، (بۆ ئەو یەکتر تەواوکردنە بڕوانە رستە پرسئامێزەکانى دیمەنى پێنجەم).
ئەگەر بە جوانى سەیرى دیمەنى شەشەم بکەین دەبینین لە کۆى وێنە گرتنى (هەشت) گرتەدا تەنها لە دوو گرتەدا، کامیرا روو لە شتە خودییەکان لادەدات، یەکێکیان (ئەلبوومى رۆژى شەکراو چى بە سەر هات؟) کە پەیوەندى بە (ئەو)ى مردوو هەیە، ئەویدیکەیان (بەدلەکەى عید میلادى کاڵێ چى بە سەر هات؟) کە پەیوەندى بە (کاڵێ)ى منداڵەوە دەکات. بەو مانایە کۆى وێنەکانى دیکە دەلالەت لە بەرجەستەکردنى منى نێرگزى و پێشێلکردنى مافەکانى (ئەو) دەگەیەنێت. ئەگەر هەڵبژاردنى ئەو رستانە وەک گێڕانەوە جۆرێک بێت لە رێخۆشکردن و دروستکردنى فەزایەکى گونجاوى بۆ ئەوەى بۆگێڕەوە و وەرگر خۆیان بۆ پرسیارە جەرگبڕەکانى (ئەو)ى جوانەمەرگ ئامادە بکات، ئەوە لە رووى سینەماییەوە گەمەیەکە لە میانییەوە دەیەوێت هەستى بیستن و بینین لە دیمەنى حەوتەم دووچارى شۆک بکاتەوە!.
 

دیمەنى حەوتەم


لە دیمەنى حەوتەمدا کامیرا لە نێو گۆڕستان بە دواى کۆترە باریکەیەکدا دەڕوا، پاشان ئەو کۆترە باریکەیە دێ و لە سەر شانى راستى گێڕەڕەوە دەنیشێتەوە (هەست دەکەم، کۆترە باریکەیەک، لە سەر شانى راستەم دەنیشێتەوە) ئیتر لەوێوە گێڕەڕەوە پێمان دەڵێت دەزانن ئەو کۆترە باریکەیە رۆحانییەتى کێیە؟ ئەوە رۆحانییەتى شەکەتى (ئەو)ە (دەزانم، ئەمە رۆحانیەتە شەکەتەکەى تۆیە) لێرەدا گێڕەڕەوە وەسفى کۆترە باریکەى گۆڕستان دەکات، ئەو وەسفە لە رووى رەمزەوە پاکێتى رۆح دەنوێنێ. کەواتە دەسپێکى دیمەنى حەوتەم لە روویەک پاکێتى (ئەو) دەگەیەنێت، لە روویەکى دیکە مژدەى سەرکەوتنى گێڕەڕەوە رادەگەیەنێ