بەیادی ئاو
پیرەکان هێشتا مناڵن
 

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
 

(1)
رەنگە ئاو پێش ئێمە بیر لە تەمەن بکاتەوە
ئەوە عەقڵی کەسێکە کە دەڵێ
با ئاگر بگۆڕینەوە بە ئاو
ترس هەمیشە درێژ دەبێتەوە
بۆیە ناتوانین لە سیحری ئاو پەشیمان بینەوە.
(2)
باران دەبارێ
من لە بەرامبەر بەهەشت یان دۆزەخ
دڵم دەبێ بە ئاو
عەشق دەبارێ
بەڵام دڵم پرسیار ناکات
هەمیشە تەنیاتر دەبێ.
(3)
نیشانەکانم لە باران پێچا
بۆ ئەوەی ئاو لە دەریا بەدگومان نەبێ
ئەوەندەی ئاو لە دەریایە
خۆمان لە باران شاردەوە
بەڵام ئەوە تەنیا هەر قسەی من بوو
قسەی مناڵێک
مناڵێک لە ناوەوەم بێ چەتر
لە رابردوو دەهاتەوە
بەر باران.
(4)
ئەوە باران نییە درێژ دەبێتەوە
ریشی پیرێکە کە دەڵێ
حەقیقەت سپی بۆتەوە
چەشنی ئاشتی.
(5)
ئاو هەمیشە پڕە لە عەشق
ئاو هەمیشە دەدرەوشێتەوە
لە پشتەوەی ئاو هەمیشە ترسێک
مەنفاکانی ناوەوەمان رایی دەکا
تا لەو دیو ترپەی گومانەوە
نزیک بینەوە لە گومان.
(6)
باران گۆڕاوە بە ماتەم
دەریا بە تەنیایی
منیش خۆمم ونکردووە
بەڵام ئاو ببوو بە ئایەت
من ناسکی ئەو بارانەم دەخوێندەوە.
(7)
باران بێ ئەوەی لە ئێمە بپرسێ دەبارێ
پیری بۆ بەرجەستەکردنی خۆی لە ئاو دەپارێتەوە
باران بە ئەندازەی پیری
ئاسمان دەخاتەوە خەیاڵ
پیری بێ ئەوەی لە ئێمە بپرسێ
قسە دەکا.
(8)
ئاو مایەی ئازارە
دەریا مایەی سەرگەردانی
بارانیش هەروایە
بەڵام لەوە بێ هودەتر
قسە لە دابەشبوون بکەین
باران لە بیرکردنەوە دەکەوێ
لە پیری راست دەبێتەوە
بەڵام لەوەش بێ هودەتر
قسە لە دابەشبوون بکەین.
(9)
یەکەم باران بوو لە دوای ئاو
بە عەقڵی مرۆڤ بێتەوە
یەکەم دەریا بوو دوای باران
بزانێ ئاو
تەنیا مناڵێکە بەناز
قسە دەکا
قسە ناکا.
(10)
جەستەی ئاو وەک گومان نایەت
باران هێشتا باران بوو
دەریا هێشتا زیندوو
ئێمەش جگە لە پیری
سیحری ئاو دووبارە دەکەینەوە.
 

ئاداری 2001هەولێر